نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شیعری نوێی کوردیدا

نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شیعری نوێی کوردیدا

ڕانانی: ئیدریس عەلی

بابەتی ئەم کتێبە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی دوورودرێژ وقووڵ و فرە ڕەهەندی ئەکادیمی، سەبارەت بە نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شیعری نوێی کوردیدا، ڕەنگە ئەم بابەتە یەکەم سەرچاوە بێت بە کوردی لە کتێبخانەی کوردیدا، کە خۆی لە خۆیدا پشتی بە چەندین سەرچاوەی جۆراوجۆر بەستووە و بەرهەمی جگە لە سەرچاوە جۆراوجۆرەکان، چەندین گەڕان و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی مەیدانی و هزری و تیۆریشە، کە بێ ئەملاولا دەتوانین بە یەکێک لە کتێبە گرنگ و باشەکانی نێو ئەدەبی کوردی بیناسێنین و شایانی ئەوەیە چەندین کتێب و لێکۆڵینەوەی دیکەی بەدواد بێت و لەسەر بنووسرێت، ئەم کتێبە لە لایەن (سالار کەریم حسێن) نووسراوە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

ناوەڕۆکی کتێبەکە پێکهاتووە لە (هۆکاری هەڵبژاردنی بابەتەکە، بەشەکانی نامەکە، میتۆدی زانستیی نامەکە، سنووری نامەکە، ڕێبازی سوریالیزم و سوریالیزم لە ئەدەبی کوریدا، سەرەتایەک لەبارەی سوریالیزمەوە، سوریالیزم و ڕێبازە ئەدەبییەکانی تر، سوریالیزم و کلاسیزم، سوریالیزم و ڕۆمانتیک، سوریالیزم و داداییزم، ڕەنگدانەوەی سوریالیزم لە ئەدەبی کوریدا، ئەدەبی کۆنی کوردی و سوریالیزم، ئەدەبی نوێی کوردی و سوریالیزم، نووسینی ئۆتۆماتیکی و شیعر، نووسینی ئۆتۆماتیکی چەمک و پێناسە، پەیوەندیی ناخ و دەروون، هەژموونی فرۆید لە نووسینی ئۆتۆماتیکدا، لۆژیک و نالۆژیک ماقووڵ و ناماقووڵ، نووسینی ئۆتۆماتیکی و سۆفیگەری، میکانیزمەکانی نووسینی ئۆتۆماتیکی، میکانیزمی ڕێککەوت، خەون و کاتەکانی نێوان خەون و ئاگایی، میکانیزمی خەواندنی موگناتیسی، میکانیزمی لاشەی بەتام و هەڵاوێرکردنەوەی پرسیار، میکانزیمی گاڵتەجاڕی، میکانیزمی کۆنووسی شیعری، میکانیزمی گەمە دەنگییەکان، خەوشەکانی نووسینی ئۆتۆماتیکی،  پراکتیزەکردنی نووسینی ئۆتۆماتیکی، ئاماژەکانی گوزارەی ئۆتۆماتیکی، نووسینی ئۆتۆماتیکی لە قۆناغی حەفتاکان، نووسینی ئۆتۆماتیکی لە قۆناغی نەوەدەکان.)

لە پێشەکیی لێکۆڵینەوەکەیدا، سیروان کەریم، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە نووسینی ئۆتۆماتیکی وەک سەرەکیترین میکانیزمی هونەری نووسین لای سوریالیستەکان، دیاردەیەکی گرنگ و جێی بایەخە، کە هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕێبازی سوریالیزمدا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە، شانبەشانی ئەو ڕێبازە گەشەی کردووە و پەیڕەو کراوە، هاوکات باس لەوەش دەکات کە شیعری کوردی درەنگ پێی ئاشنا بووە و تا ئێستاش لە ناوەندی ڕۆشنبیریی ئێمەدا بەرچاوڕوونی و ئاشنائەتییەکی ئەوتۆ لەبارەیەوە نییە: ئەمەش تا ڕادەیەک شتێکی نامۆ نییە، چونکە لە هەموو دنیادا هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەری و هەژموونی خۆی بەسەر کاییە ئەدەبییەوە هەیە.

نووسەر سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی بابەتی لێکۆڵینەوەکەی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەند هۆکارێکی زانستی لە پشت هەڵبژاردنی ئەم بابەتەوە بوون، لەوانە: هەستکردنمان بوو بە گرنگی و بایەخی زانستی بابەتەکە، هەروەها نەبوونی هیچ توێژینەوەیەکی ئەکادیمی پێش ئەم نامەیە لەبارەی بابەتەکەوە بە شێوەی نامەی ماستەر و تێزی دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستاندا، تەنانەت لە کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامە بڵاوکراوەکانیشدا بە دەگمەن و ڕاگوزەریی نەبێت، هیچ توێژەرێک بە لای ئەم بابەتەدا نەچووە.

لە بەشێکدا بە ناوی (سەرەتایەک لەبارەی سوریالیزمەوە) پێناسەی ئەو ڕێبازە دەکات کە سوریالیزم ڕێبازێکی ئەدەبی- هونەری بوو لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا لە فەڕەنسا سەری هەڵدا و گەشەکردن و پەلهاوێشتنیشی کەوتووەتە نێوان هەردوو جەنگی جیهانییەوە، ئەویش لەسەر دەستی چەند نووسەر و هونەرمەندێک بوو، ئەم ڕێبازەش دوابەدوای ڕێبازی دادییزم پەیدا بووە و لە سەرچاوەی کانیاوی ئەوەوە هەڵقوڵاوە: بەڵام بە گۆڕانکاریی تەواو و سیما و جیهانبینی و تێروانینی تایبەت بە خۆیان، کە پێچەوانەی داداییزم بوون، بۆیە بۆ تێگەیشتن و باسکردنی سوریالیزم، بە باشی دەزانین ئاماژەیەکی خێرا و کورت بۆ داداییزم بکەین، چونکە ئەم دوو ڕێبازە لە زۆر ڕووەوە لە یەکترەوە نزیک بوون.

نووسەر بەم جۆرە پێناسەی داداییزم دەکات: داداییزم لە ساڵی ١٩١٦ دا لە شاری زیوریخی ئەڵمانیا لەسەر دەستی چەند شاعیر و هونەرمەندێک ڕاگەیەنرا، پاشان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا بڵاوبووەوە، جەوهەری بنەڕەتی و فاکتەری دروستبوونیشی دەرئەنجامی هەموو ئەو کوشتار و کارەسات و ماڵوێرانی و ئاوارەییە بوو کە مرۆڤایەتی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا تووشی بوو، هەستکردنهی نووسەران و دەستەبژێر و ڕۆشنبیران بوو بە ئازار و موعاناتی مرۆڤ لە خوێنڕشتن.

بە گشتی ئەم ڕێبازە لەسەر زۆربەی ئاستەکان هەڵگەڕانەوە بوو بەسەر کۆی بەها ئەدەبی و هونەری و ئیستاتیکییەکاندا، هەروەها پێیان وا بوو کە هیچ شتێک شایستەی جدییەت نییە و ڕەفزی سەرجەم ڕێباز و قوتابخانە و بزووتنەوە ئەدەبی هونەرییەکانی پێش خۆیانیان کرد و دژی هەموو دابونەریت و عورفێکی باو وەستانەوە، وەک دوگوترێت لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە سوریالیزم بە میراتگری دادایی دادەنرێت، ئەویش لەبەر نزیک و لێکچوون و هاوشێوەیی زۆر لە نێوانیاندا، بەڵام بە جیهانبینی و تێڕوانینی جیاواز و ئایدیای سەربەخۆ و خاوەن بنەمای پتەوی ئەوتۆ کە هەڵگری جۆرێک لە بەردەوامی و نەمری و زیندویتی بێت: ئامانجی سەرەکیی سوریالزیم گۆڕانکاریی بنەڕەتی بوول ە ڕێگەی بزووتنەوەیەکی جیهانیی شۆڕشئاساوە لە بواری ئاگایی و هۆشیاری لە داهێنان و یەفراندنی ئەدەبی و هونەریدا.

لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەیدا بە ناوی (نووسینی ئۆتۆماتیکی و شیعر) نووسەری لێکۆڵینەوەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە نووسینی ئۆتۆماتیکی بە یەکێک لە لە میکانیزمە سەرەکی و ڕێگە بنچینەییەکانی نووین لای سوریالیستەکان دادەنرێت، کە بەو هۆیەوە هەوڵی گەیشتنیان دەدا بە جیهانێکی تر کە تەواو جیاوازە لەو جیهانە باوەی کە هەموان پێی ئاشناین: بۆ ناسین و ڕاڤەکردنی ئەم زاراوەیە و لێکدانەوەی واتا و مەدلوولە ئەدەبییەکانی، پێویستمان بە دوو خاڵی سەرەکی هەیە، یەکەمیان بریتییە لە ناسینی زاراوەکە و ئاشنابوون و تێگەیشتن لە چەمکە گشتییەکەی لەسەر چەندین ئاست، دووەمیشیان ڕوونکردنەوە و تیشکخستنە سەر ئەو لایەنانەیە کە دەیسەلمێنن چۆن ئۆتۆماتیکییەت سەرەرای جیاوازی لەگەڵ شیعری ئاساییدا لەسەر زۆربەی ئاستەکان، بەڵام دەتوانێت لەناو گوزارەی شیعردا جێگەی بێتەوە.

لە هەمان بەشدا نووسەر باس لەوە دەکات کە لە گۆشەنیگای زمانەوانییەوە، دەکرێت وال ە نووسینی ئۆتۆماتیکی بڕوانین، کە دەروازەیەکە بۆ ڕووتکردنەوەی زمان لە فلتەری کۆمەڵایەتی، ئەویش لەبەر ئەوەی کە پێیان وابوو دەلالەتی زمانی بە هۆی دابونەریتەوە سڕ بووە و چەقی بەستووە: لێرەوە بابەتی زمان گرێدراوی بابەتی کۆمەڵایەتی و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی دەبێت، ئەو مەفهومەی کە لە پراکتیزەکردنی زماندا بەدەست دێت، واتاگەلێک لەخۆ دەگرێت کە پێویستە شیکاری و ڕاڤەی وردی کۆمەڵایەتیی بۆ بکرێت، لەم جۆرە نووسینەدا سوریالیستەکان دەیانویست عەڵی ڕەخنەگرانی خۆیان بخەنەگەڕ و بۆ ئەم مەبەستەش ئامڕازە زمانییەکانیان دەقۆستەوە بۆ مەرامەکانیان.

لەم کتێبەدا ئاماژە گەلێک خراوەتە ڕوو کە ئۆتۆماتیکە کردنی شیعر بە واتای نەفیکردن و ڕەتکردنەوەی زۆرێک لەو بنەما و ستانداردانەیە کە بۆ شیعر دانراون، سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بنەمای نوێ و نەخشەی تەواو جیاوازە بۆ شیعر: هەڵبەتە ئەگەر بە سادەیی و سەرپێیانە و ڕووکەشی بەپێی میتۆدی ڕێبازی سوریالی و ڕابەرانی بە ئۆتۆماتیککردنی شیعر پێوەر و گۆشەنیگاکانیان لە شیعر بڕوانین، وا هەست دەکەین کە دژیەکییەک خۆی حەشار داوە لە چۆنێتی تێگەیشتن و مامەڵەکردن لە هەردوو جۆرەکەی شیعر.

بەشێکی دیکەی ئەم کتێبە تەرخانکراوە بۆ خەوشەکانی نووسینی ئۆتۆماتیکی و بۆچوونە دژەکان، توێژەر لەم بەشەدا گومان نییە کە لە جیهاندا هیچ ڕێچکە و ڕێباز و ئاڕاستەیەک نییە بێ خەوش و کەموکورتی بێت و بتوانێ سەرنجی هەموان بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و پێشوازی تەواوی لێ بکرێت، سوریالیزمیش وەک هەر دیاردەیەکی تر هەردوو لایەنی وەرگرتن و ڕەتکردنەوەی هەبووە: هەر لە بڵاوکردنەوەی یەکەم بەیاننامەی سوریالیزمەوە کە تێیدا باسی میکانیزمی نووسینی ئۆتۆماتیکی کرابوو، ئەم میکانیزمە ڕووبەڕووی جۆرێک گومان و خراپ تێگەیشتن و سوکایەتیپێکردن بووەوە، ک هەندێکیان بابەتیانە و میتۆدی بوون، بەڵام هەندێکی تریان کاردانەوەی نەیارانە بوون و جۆرێک لە دژایەتیکردن و پەلپەلیان پێوە دەبینرا، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و ڕۆژگاریشدا کێشەکانی نووسینی ئۆتۆماتیکی زیاتر بەرەو ئاڵۆزی چوون و ئەو سەرنجڕاکێشییەی لەدەست دا کە لە سەردەمی نەوەی یەکەمی سوریالیزمدا هەیبوو، بگرە چەند کەسانێک لە ڕابەر و نەوەی یەکەمیش دواتر خۆیان بوون بە نەیاری نووسینی ئۆتۆماتیکی.

نووسەر ئاماژە بۆ ئەو ڕەخنانە دەکات کە لێیان گیراوە و نموونەی جان پۆل سارتەر دەهێنێتەوە کە هێرشی توندی کردووەتە سەریان و بە تێکدەری بنەماکانی زمان و بابەتیبوون تۆمەتباری کردوون، باس لە عەباس مەحمود ئەلعەقادیش دەکات کە پێی وا بوو چێژ و سەلیقەی دروستیان تێکداوە و لە جێگەی ئەو چێژی نەخۆشیان کردووە بە بنەما و شێتی دەکەن بە بلیمەتی و لۆژیک: خاڵێکی تری ڕەخنەیی گرنگ لە نووسینی ئۆتۆماتیکی ئەوەیە کە لە کاتێکدا بەشی هەرە زۆری بنەما و پایەکانی ئەم بۆچوونە لەسەر تیۆر و بیردۆزەکانی فرۆید داڕێژراوە سەبارەت بە لایەنی نەست و نائاگایی و جیهانی کپکراو و شاراوەکانی قوولایی ناخ و دەروونشیکاریی مرۆڤ و لایەنی خەون و هتد… ئەو ڕەخنانەی کە لە نووسینی ئۆتۆماتیکی گیراون، ئەو بنەما تیۆریانەی لێ بەدەر کراوە کە فەلسەفەی نووسینی ئۆتۆماتیکین، بەڵکژو ڕەخنە لە جۆر و چۆنیەتی پراکتیزەکردنی ئەو بنەما تیۆریانەیە: چونکە مەرج نییە سوریالییەکان توانیبێتیان خاڵەکانی مانیفێستەکەیان بە باشی پراکتیک بکەن و بەتاوەتی بگەنە ئەو ئاستەی کە شیعر بەدەر لە چاودێریی عەقڵی ئاگا و هەستەکان بووون.

لە ڕاستیدا نووسین لەسەر ئەم کتێبە زۆر هەڵدەگرێت و ڕەنگە ئێمە لێرەدا تەنها بەم ناساندنە بە خوێنەر بووەستین، بەڵام بێگومانم لەوەی گرنگیی کتێبەکە لەم ناساندنە زیاترە و تەنها بە خوێندنەوەی درک بەو ڕاستییە دەکرێت، بە تایبەت بۆ نووسەران و شاعیران بایەخی کتێبەکە پترە، چونکە بەرچاوڕوونی ئێجگار زۆری تێدایە و کاریگەری لەسەر ئاستی بیرکردنەوە و دونیابینی نووسەران دروست دەکات و ئاستی ڕۆشنبیرییان هەڵدەکشێنێت.

ناردن: