ئەم کتێبە (وەهمەکانی دەستەبژێر یان ڕەخنەگرتن لە ڕووناکبیر) لە کۆمەڵێک بابەت و لێکۆڵینەوە و وتاری فیکری پێکهاتووە، بابەتە فیکرییەکان بە دەوری بازنەی سیاسەت و ڕووناکبیر، ڕەخنە و کاریگەرییەکانی ڕەخنە، هاوکات وەهمەکانی ڕووناکبیر و ڕۆڵی ڕووناکبیردا دەسوڕێتەوە.

ئەم کتێبە یەکێکی ترە لە کتێبە دانسقە و کاریگەرەکانی نووسەر و ڕووناکبیری ناوداری عەرەب (عەلی حەرب) لە لایەن نووسەر و وەرگێڕ (هەڵکەوت عەبدوڵڵا) بە شێوەیەکی جوان  و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێرانی بۆ کراوە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: (ڕووە و سیاسەتێکی فیکری نوێ، کاریگەرییەکانی ڕەخنە، ڕەخنەگرتن ل ڕووناکبیر، ئەفسانەی مرۆڤی پێشکەوتوخواز، ڕۆڵی ڕووناکبیر، فیکر وەک پیشە و ڕۆڵ، فیرک لە نیوان لۆژیک و پۆڵێنکردنەکانی خۆیدا.)

لە بابەتی (ڕووەو سیاسەتێکی فیکری نوێ)د، عەلی حەرب ددان بەوە دەنێت لە تەقەی لە ڕووناکبیر کردووە، بە ئەندازەی ئەوەی هەنگاوی ناوە بۆ کردنەوەی فایلی ڕووناکبیران بە ڕووی ڕەخنە و لێپێچینەوەدا، بەم مانایە کاری بۆ لەقاندنی بڕوا ڕەگداکوتاوەکان کردووە، بە ئەندازەی ئەوەی هەوڵی داوە جێ بە کێشەکە لێژ بکات و سەرلەنوێ پرسیارەکان دابڕێژێتەوە و ڕۆشنایی بخاتە سەر ئەو ناوچانەی کرابوونە دەرەوەی چوارچێوەی بیرکردنەوەوە، بە ئەندازەی باسکردنی پەیوەندییە نادیموکراتییەکان و هەڵسوکەوتە تاریکخوازەکانی ناو کەرتی ڕووناکبیری و نێوان دەستەبژێرەکان، عەلی حەربی گەورە ڕووناکبیری لوبنانی پێی وایە بەو پێیەی بیرۆکەکان ئەو دروشمانە نین، کە دەبێت داکۆکییان لێ بکرێت، یان ئەو گوتە ڕاستانە نین، کە دەبێت کاریان پێ بکرێت: بەڵکو چەند ئامڕازێکن بۆ تێگەیشتن لە ڕووداو و دەسنیشانکردنی واقیع، ئەوانە بیانووەکانی ئێمەن بۆ عاقڵبوون و بیرکردنەوە، ژیان و بوون، بە هۆی دۆزینەوەی ئەو توانستانەی یاریدەدەرن بۆ گۆڕینی باری خۆمان، لە ڕێگەی گۆڕینی پەیوەندیمان لەگەڵ شتەکاندا، یان دروستکردنی چەند پەیوەندییەکی جیاواز لگەڵ حەقیقەتدا.

عەلی حەرب هەر لەم بەشەدا جەخت دەکاتەوە و پێی وایە لێرەشدا بە ئەندازەی سەرکەوتنمان لە گۆڕینی خۆمان و واقیعەکەماندا، خودی بیرۆکەکانمان گۆڕانیان بەسەردا دێت، چونکە ئەوەی چاومان تێبڕیوە، یان دەمانەوێت پێی بگەین، بە ئەندازەی گۆڕانی خودی خۆمان، گۆڕانی بەسەردا دێت، واتە ئەو ئامانجەی کۆششی بۆ دەکەین، لە بۆتەی خودی کۆششەکەدا، گۆڕانی بەسەردا دێت، لەبەرئەوەی کۆششکردنەکە کارکردنە لەسەر خود و بیرۆکەکە.

لە بابەتێکی دیکەدا سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ڕەخنەگرتن، عەلی حەرب ڕوونی دەکاتەوە لە سەرجەمی ڕەخنەگرتنەکەی لە ڕووناکبیر، دەربارەی ئەو ئاستەنگە بنچینەییانەیە، کە دەستیان ناوەتە بینەقاقای ڕووناکبیران و ڕێگرن لەوەی بیریارەکان جیهانی چەمک بە یەکێک لە ئامڕازە کاراکانی، یان لەسەر یرکێک لە ئاستە ئاوێتەکانی، یاخود ل یەکێک لە ڕەهەندە زۆرەکانیدا نوێ بکەنەوە: ئاستەنگەکنیش وەک لێم کۆڵیونەتەوە، لە پێنج وەهمدا بەرجەستە دەبن، هەر وەهمێکیشیان پەیوەندیی بە یەکێک لەو چەمکانەوە هەیە، کە ل گوتارەکانی ڕووناکبیرانی عەرەبدا، بە تایبەتی تاوتوێ دەکرێن.

ئەم ڕووناکبیرە ناودارەی عەرەب پێشی وایە، ڕەخنەگرتن لەو ڕۆڵە ئایدۆلۆژییەی هەتاکو ئێستا ڕووناکبیران گێڕاویانە، مانای “مردنی ئایدۆلۆژیا” نییە، وەک خاوەنەکانی ئەقڵی ئایدۆلۆژییانە دەریدەبڕن، مەبەست ئەوانەیە کە هەمیشە سەرقاڵی پاراستنی شوناس و بیرۆکەکانیانن لە تووڕەیی پێشهاتەکان، چونکە بیرۆکەکان تەنیا لە جیهانی عەرەبدا دووچاری ئیشکالییەتەکانی خۆیان نەبوون، بەڵکو لە جیهانی خۆرئاواشدا، کە دیموکراسی لاواز بووە و ڕۆشنگەری لە پاشەکشەدایە و ئەقڵانییەت درزی تێ بووە، ئەم بارودۆخە، ڕەخنەگرتن لە گوتاری ئایدۆلۆژی دەربارەی ئازادی، ڕۆشنگەری، شوناس و دەستەبژێر دەسەپێنیت: بەوەی ئەو گوتانە، لەبەر ڕۆشنایی گەشەکردن و گۆڕانکارییەکانی بیرۆکەکان و واقیعدا، بخرێنە بەر دەستڕێژی پرسیارەکان.

ئەوانەی پێیان وایە ڕەخنەی ئاڕاستەکراو بۆ ڕووناکبیر، تەنیا مانای “کۆتاییهاتنی ئایدۆلۆژیا”یە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکەی هەڵدێن و ئەو پرسیارانە سەرکوت دەکەن، کە پێشهاتە کتوپڕيەکان و ڕاستییە درەوشاوەکان دەیانوروژێنن، وەک دەیان ساڵە ڕەخنەگرتنی بێسوود لە گوتاری باو و هەڵوەشانەوەی گوتە بەکارهێنراوەکانیش دەری دەخاتم کێشەی ڕووناکبیر بە پلەی یەکەم لەم بیرۆکانەدایە.

ڕەخنەگرتن لە ڕووناکبیر، یەکێکی دیکەیە لە وتارە قووڵ و سەرنجڕاکێشەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبەی عەلی حەرب، ئەوەی لەم وتارەدا نووسەر دەیەوێت، ڕەخنەگرتنە لە ڕووناکبیر و مەبەست لێی ڕازاندنەوەی وێنەکەی، یان نوێکردنەوەی ڕۆڵەکەی، یاخود دووپاتکردنەوەی ڕەوایەتییەکەی نییە، وەک زۆربەی ڕووناکبیران دەیکەن، هەروەها مەبەستی فەلاقەکردنی ڕووناکبیر، یان شکاندنی وێنەکەی نییە، وەک هەندێک پێیان وایە، بەڵکو هەوڵ دەدات پەردە لە ڕووی ئەو پێشینانە هەڵماڵێت، کە ئاڕاستەی تێڕوانینی بۆ خۆی و ئەوی تر و کۆمەڵگە دەکەن، یان ڕیسواکردنی ئەو بەڵگەنەویستانەیە کە لە پشت تێز و بایەخپێدانەکانیەوە خۆیان حەشارداوە.

عەلی حەرب پێی وایە بەو پێیەی ڕووناکبیر دەسەڵاتی ئاخاوتن، یان نووسین بەکار دەهێنێت و لە کایەی بەرهەمهێنانی سیمبوڵدا کار دەکات، واتە ئەو کاڵا سیمبوڵیانە بەرهەم دەهێنێت و بەکار دەهێنیت، کە بریتین لە بڕواکان و زانینەکان، یان دەقەکان و گوتارەکان، یاخود بەرهەمە ڕووناکبیرییەکانی تر: بۆیە وەک خاوەن پایە و بەبژێری ڕەفتار دەکات، واتە وەک پێشڕەوێک، کە سەر بە دەستەبژێری نایاب، یان پاڵاوتەیەکی هەڵبژاردەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە تاکێک لە خەڵکی ئاسایی، یان جەماوەری هەرە فراوان، کە لە کایەکانی بەرهەمهێنانی ڕووناکبیری، یان بوارەکانی کاری فیکریدا کار ناکات، لە خەسڵەتی ڕووناکبیری دادەماڵرێت، چونکە ڕووناکبیری بە مانا هەرە هەمەلایەنەکەی، دروستکردنی ژیان و کارکردنە لەسەر سروشت، یەکێک لە شێوەکانی پێکگەیشتن و ئاڵوگۆڕکردنیشە، بەم مانایە هیچ مرۆڤێکی بێ ڕووناکبیری بوونی نییە، جال ە ئەهلی کاری فیکری بێت، یان خاوەن کاری دەستەکی بێت، لەبەرئەوەی لە بنەڕەتدا مرۆڤی بێ فیکر بوونی  نییە.

بە بۆچوونی عەلی حەرب، ڕووناکبیر بوونەوەرێکە لەناو قەیراندا دەژی، لەبەر ئەوەی بایەخ بە کاروبارەکانی حەقیقەت، ئازادی، دادپەروەری و بەها گشتییەکانی تر دەدات: بە وروژاندنی ئابڕووچوون و کێشەکان دەبوژێتەوە و لەسەر ئاخاوتن سەبارەت بەو پێشێلکاریانە دەژی، ک دووچاری مرۆڤ و ئازادییەکانی دەبن.

ئەمە کۆششی ئەو بووە لەو کاتەوەی شێوازەکەی پێکهاتووە و چەمکەکەی دروست بووە، لە ڤۆڵتێرەوە کە دەیگوت: بیروڕام جیاوازە لەگەڵتدا، بەڵام دەجەنگم لەپێناو داکۆکیکردن لە ئازادی دەربڕینی بیروڕای خۆتدا. تا سارتەر، کە وەک شایەتی ڕووداوەکانی سەردەمەکەی، یان قسەکەر بە ناوی خەمەکانی کۆمەڵگەوە ڕەفتاری دەکرد، یان لە محەمەد عەبدە و بانگخوازانی تری چاکسازی و نوێکردنەوە لە سەردەمی ڕێنسانسەوە، تا حەسەن حەنەفی، کە وەک تێگەیشتووی نەتەوە، پاسەوانی سار، پارێزەری ئازادی و شوناس ڕەفتاری دەکرد، بەڵام مەسەلەکان وەک خۆیان نەماون، چونک ئەو ڕووناکبیرەی شارەزای دروستکردنی قەیرانەکان و خستنەوەی کێشەکان بوو، بۆ خۆی لە قەیراندایە، ئەوەش پاش ئەوەی پرنسیپ و تیۆرەکان لە بەرامبەر ئەو هەرەسهێنان و گۆڕانکاریانەدا ڕیسوا بوون، کە جیهان بە خۆوەی بینیون و لەسەر ئاستێک زیاتر، لە ڕووداو و بیرۆکەکان، یان سیستەم و دامەزراوەکاندا و بووە هۆی ئەوەی ڕووناکبیر ڕاستبێژیی خۆی لەدەست بدات و لە چەکەکانی دامڵرێت، ئەمەش ئەوەیە کە ئێستا ڕوودەدات، چونکە ئەو بەهایانەی ڕووناکبیران داکۆکییان لێ دەکردن، لەژێر چەکووشت تووڕەی ڕووداوەکاندا، بە ساویلکەیی دروشم و پڕۆژەکان دەهات و دەستەپاچەیی پڕۆگرامەکان و دەستەوسانیی تیۆرەکان ڕابووبوو، هەرەسیان هێنا.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینە، هەوڵێکی بچکۆلانەیە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی کتێبی (وەهمەکانی دەستەبژێر یان ڕەخنەگرتن لە ڕووناکبیر)ی، گەورە ڕووناکبیری عەرەب (عەلی حەرب) نووسینەکە تەنیا وەک هاندانێکە بۆ ئەوەی خوێنەر خۆی کتێبەکە بەدەست بهێنیت و بیخوێنێتەوە، چونکە ئەم جۆرە کتێبانە، بە تایبەت کە گەورە نووسەر و ڕووناکبێرێکی وەک عەلی حەرب نووسیبێتی، بەها و گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە و بۆشاییەکی گەورە لە کتێبخانە و فیکر و ئەندێشەی ئێمە پڕ دەکاتەوە، جێی خۆیەتی ئاماژە بە وەرگێڕانە جوانەکەی هەڵکەوت عەبدوڵڵاش بکەین، کە زۆر سەرکەوتوانە بەسەر وەرگێرانی چەمک و دەستەواژە فیکری و فەلسەفییەکاندا زاڵبووە و خوێنەر لە زۆر شوێن و بەشی کتێبەکەدا، وا دەزانێت کتێبەکە لە بنەڕەتدا بە کوردی نووسراوە.

ڕانانی: سەردەم

ناردن: