تەنها مردن دەتوانێ بموەستێنێت؛ چاپی دووەمی ڕۆمانی کۆڵۆنێل

ڕانانی: سەردەم

(وەختێ ئاشووب و بەربەڵایی دەبنە ڕێسا و بنەمای ژیان، چیتر شتێک نامێنێت جێگەی سەرسوڕمان بێت… ئەگەر بتەوێت عەقڵت لەدەست نەدەیت، تاکە کارێک بیکەیت ئەوەیە بێ ئەوەی بیر بکەیتەوە، سەیری شتەکان بکە! مەحموودی دەوڵەت ئابادی.)

ڕەنگە نووسەرانی کەم وڵاتی دەرودراوسێی ئێمە هەبن، هێندەی گەورە نووسەری ناوداری فارس (مەحموودی دەوڵەت ئابادی) نزیک و ناسراوبن لە خوێنەری کوردەوە، نزیکییەکەی بۆ ئەو تێما و بابەتی چیرۆک و ڕۆمانانەی دەگەڕێتەوە، کە باس لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتووری و فەرهەنگییەکان دەکەن و ئێمەش وەک کورد، لە ئاوێنەی ئەو ڕۆمان و چیرۆکانەوە، ڕابردوو، ئێستا و ئازار و کێشە و کێشمەکێشەکانمان دەبینینەوە، ناسراویەکەشی ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بوونی کتێبەکانی ئەوەوە هەیە، لەنێو کتێبخانەی کوردیدا، بە تایبەت شاکارەکانی وەک (جێگای بەتاڵی سلوچ و کەلیدەر) کە دوو لە ڕۆمانە جوان و سەرنجڕاکێش و پڕ لە ئاریشەی چینایەتی و کاراکتەری سەرکێش و ڕووداو و بەسەرهاتی جۆراوجۆرن.

لە ڕاستیدا خوێنەری کورد، تا کەلیدەریش، ئەم ڕۆمانووسە گەورەمان وەک نووسەری کێشەکانی گوند و ململانێی چینایەتی قۆناغی فیوداڵی و کێشمانکێشی نێوان ئاغا و جووتیار، خاک و بەرهەمە کوشتوکاڵییەکان دەناسی، بەڵام لەپڕ بە ڕۆمانی (کۆڵۆنێڵ) سەرجەم ئەم بۆچوونانە پوچەڵ کرانەوە و پێی گوتین کە ئاغای دەوڵەت ئابادی، دونیابینی و فیکر و زمان و تەکنیک و شێوازی نووسینی، تەنها سەر بە دونیای گوند و دەشت نییە، پاڵەوان و کاراکتەرەکانی تەنیا بەو شاخ و کێو و بن زنار و دەشت و ژێر دەوار و شوان و گاوان نین، بەڵکو نووسەری شار و کێشەکانی شاریشە، ڕۆمانی کۆڵۆنێل، ڕۆمانی ڕووداوەگەلێکە کە کۆی بەسەرهات و کاراکتەر و زمان و تەکینک و شێوازەکەی، مۆدێرنانەن و لە هەناوی ململانێکانی شاردا لەدایکبوون، ئەویش ئەگەر بە کورتی بیڵێم، دونیای سیاسەت و شۆڕش و جەنگ و ململانێی هێز و بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ڕەوتە مۆدێرنە دەسەڵاتخوازە سەر بە دید و بۆچوونە جیاکانی نێو شارستانیەتێکی نوێن و کۆی ڕەگەز و بونیادەکانی شاریین، دەکرێ بگوترێت ڕۆمانی کۆڵۆنێل، ڕۆمانێکی تا ئەندازەیەک سیاسییە و تیایدا سیاسەتچییەکان بە ناو و دروشمی جیاوازەوە، خەریکی لەناوبرنی مرۆڤ و بەها پیرۆزەکانی مرۆڤایەتین، لەوێدا جەنگ بە ناوی نیشتمانپەروەری و شۆڕش و گۆڕانکارییەوە، لە ئامڕازێکی ئینسانییەوە، دەگۆڕێت بۆ فابریقەیەکی ئایدۆلۆژی زەبەلاح و تیایدا خوێن و لەناوبردن و بێبەهاکردن و کوشتنی متمانە و ئارامی بەرهەمدەهێنێت، لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا، خوێنەر بەو دەرەنجامە ڕەشبینییە دەگات کە چۆن خەونی شۆڕش و گۆڕانکاری دەبن بە زیندەخەون و ئومێد و ژیان و ئارامی و متمانە لەناودەچێت، بێگومان  ئاغای دەوڵەت ئابادی سنوری ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی فراوانە و لە سەردەمی دەسەڵات و حوکمڕانیی محەمەد ڕەزا شاوە دەست پێدەکات و شۆڕدەبێتەوە بۆ دونیای دوای شۆڕش و هاتنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کورسیی دەسەڵات و جێبەجێکردنی نەزم و یاسا ئاینییەکان… مەحموودی دەوڵەت ئابادی، لە ڕۆمانی کۆڵۆنێلدا، وێنەی کۆمەڵگای ئێرانی، بە کێشە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکانیەوە، بە ململانێ و بەرکەوتنی هێز و هزرە دژبەر و جیاجیاکانەوە، لە خێزانێکدا خڕکردووەتەوە، کە بە ناوی جەنگ و شۆڕش و سیاسەت و دروشمەکانەوە، نەوە لە دوای نەوە دەفەوتێن و هیچیش ناگۆڕێت، ئاخر لەو خێزانەدا، هەم کۆڵۆنێلی باوک و هەم نەوەکانیشی دەبن بە قوربانیی سیاسەت و شۆڕش و دروشمەکان، دووبەرە و دوو نەوەی جودا، لە دوو قۆناغ و سەردەمی جیاوازدا، بەڵام ئەوەی لە یەکدییان نزیک دەکاتەوە، خودی قوربانیدان و فریوخواردنیانە لە لایەن سیاسەتچییە ئایینی و ئایدۆلۆژییەکانەوە.

ڕۆمانی کۆڵۆنێل، لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی پڕ بەرهەم و ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی)یەوە، وەک تەواوی کارەکانی دیکەی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، ڕۆمانەکە لەبەر جوانی و سەرنجڕاکێشی، هەر زوو چاپی یەکەمی لە کتێبفرۆشییەکاندا نەما و ئێستا چاپی دووەمی بەردەستە و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

هەر وەک لە پێشەکییەکی چڕوپڕ و پڕ لە زانیاری و وردەکاریدا، ئازاد بەرزنجی وەرگێڕ ئاماژەی پێ داوە: ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە بەسەر دوو زەمەندا دابەش دەبن؛ زەمەنێکیان ڕابردووە، کە لە ڕێی مۆنۆلۆگ و فلاشباک و هەندێ لە سیمبوڵەکانی ڕۆمانەکەوە پێی ئاشنا دەبینەوە و سەر بە ڕۆژگاری محەمەدڕەزا شا و بگرە ڕەزا شای باوکیشیەتی. زەمەنی دووەم، کە ئێستای ڕووەداوەکانی ڕۆمانەکەیە، سەرەتای هەشتاکان و ساڵانی جەنگی عێراق و ئێرانه و سەردەمی کۆماری ئیسلامییە. کەواتە زەمینەی ڕۆمانەکە، مێژووی هاوچەرخی ئێران، هەروەها شۆڕشی ئیسلامی و ساڵانی دواتریەتی. لەم سەروبەندەدا، هەندێ لە سیمبوڵەکانی ئەو مێژووە لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا دەردەکەون، لەوانە، چەند کەسێتییەکی وەکو کۆڵۆنیل محەمەد تەقی پەسیان و ئەمیر کەبیر و محەمەد موسەددیق و هتد.

کۆڵۆنێل باوک و گەورەی خێزانێکیە و خاوەنی سێ کوڕ و دوو کچە، هەر یەک لە کوڕ و کچەکانی کۆڵۆنێل، وەک خۆی دەبنە قوربانی جەنگ و سیاسەت، بێگومان هەر یەک لەو کوڕ و کچانەش نوێنەرایەتی ڕەوتێک، یان تەوژمێکی ئایینی و سیاسی کۆن و نوێ دەکەن و هەر یەکەیان سەر بە لایەنێکی دیاریکراوی ئێرانە: ئەمیری کوڕە گەورەی -کە ناوی لە ئەمیر کەبیرەوە وەرگیراوە – لەناو حیزبی توودەدا چالاکی دەنوێنێت، تا دەسگیر دەکرێت و لە زینداندا ئەشکەنجە دەدرێت. فەرزانەی کچەگەورەی کۆڵۆنێل شووی بە کابرایەک کردووه، کە ناوی قوربانی حەجاجه و سیمبوڵی دووڕوویی و هەلپەرستی و هەڵپەکردنە- ناوی ئەمیش لە حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفییەوە وەرگیراوه -مەسعوود کوڕی دووەمی کۆڵۆنێلە و لە لایەنگرانی ئیمام خومەینییە، دەچێت بۆ شەڕی عێراق و ئێران و چارەنووسێکی شووم چاوەڕێی دەکات.

محەمەد تەقییش کوڕێکی تری کۆڵۆنێله و باوکی لە خۆشەویستییەوە بۆ کۆڵۆنێل محەمەد تەقی پەسیان، ئەو ناوەی لێ ناوە. ئەمیش لایەنگری فیدائییانی خەلقە. بچووکترینیشیان پەروانەی کچیەتی، کە هێشتا چواردە ساڵانی تەواو نەکردووە و هەواداری موجاهیدینی خەلقە، یان بەوە تاوانبار دەکرێ.

مەحموودی دەوڵەت ئابادی، نووسەرێکی گەورە و دیاری دونیای ئەمڕۆی ئێرانە، لێ ناوبانگی ئەو و داهێنانەکانی، لە سنووری وڵاتەکەیدا نەوەستاوە و توخوبی چەندین وڵات و زمان و کولتووری بڕیوە، دەوڵەت ئابادی، ساڵی ١٩٤٠ لە دەوڵەت ئاباد لەدایکبووە، وەک دەگوترێت لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا بیری خۆکوشتن دەیدا لە کەللەی، بەڵام دواتر کە ناوچەکەی خۆیان جێ دەهێڵێت و ڕوودەکاتە تارانی پایتەخت، گۆڕانکاریی بەسەر کۆی بونیادی بیرکردنەوە و ژیانیدا دێت، لە یەکەم هەنگاوی دونیا نوێیەکەی پایتەختدا، وەک ئەکتەر لە شانۆگەرییەکاندا دەردەکەوێت و پاشان دەکەوێتە نووسینی تێکستی شانۆیی، هێشتا تەمەنی نەگەیشتۆتە بیست ساڵان، دەست دەکات بە نووسین، وێرای ئەوەی کە جگە لە زمانی دایک، شارەزایی لە هیچ زمانێکی دیکەدا نەبووە، بەڵام وەک دەگوترێت بە هۆی وەرگێڕانەوە بە ئەدەبی جیهانی ئاشنا دەبێت و ئەم خوێندەوە چڕوپڕ و وردە هۆکارێک دەبن بۆ ئاشنابوونی ئەم نووسەرە مەزنە، بە شێوازەکانی نووسین و لە کۆمەڵێک بواری دیکەشدا شارەزایی پەیدا دەکات… دەوڵەت ئابادی خۆی گوتوویەتی: من تەنیا دەمەوێت بژیم و ئیش بکەم، ئەمەیە عەشقی مەزنی من، ئیشی من تەنها مردن دەتوانێ بیوەستێنێت… هەر ئەم عەشق و بەردەوامییە دەبنە وزەیەک لە گیان و هزری ئەم نووسەرە مەزنەدا، کە لە ماوی کەمتر لە بیستوپێنج ساڵی نووسیندا، سیی کتێب لە بواری جیاجیادا بنووسێت.

زۆر جار مەحموودی دەوڵەت ئابادی بەوە تۆمەتبار کراوە کە ڕۆمانووسێکی سیاسییەوە و بە دید و دونیابینییەکی سیاسی و چیبنایەتییەوە، بۆ چینێکی دیاریکراو، کە مەبەست لێی چینی کرێکار و چەوساوەکانە، دەنووسێت، لێ ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا کاتێ لێی دەپرسن: ئایا تۆ بۆ چینێکی تایبەت دەنووسیت؟ لە وەڵامدا دەڵێت: نەخێر.. ئەگەر من خۆم بەوەوە پابەند بکەم کە بۆ چینێکی دیاریکراو بنووسم، ئەو کاتە کامڵ نابم، بەڵام ئەوەی کە چینێکی دیاریکراو لە ناخی مندا بەرجەستەترە، ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە، بە وردی ئەمەیە جیاوازی مامەڵەکردنی من سەبارەت بە مەسەلەی چینایەتی، واتە دید و مامەڵەکردنم لەگەڵ هەندێ کەسی تردا جیاوازە کە ئەو کارە دەکەن.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینە هەوڵێکی گچکەیە بۆ ناساندنی لایەنێکی گچکە و گۆشەیەکی کەمی ئەم شاکارە مەزنەی نووسەری ناوداری ئێران (مەحموودی دەوڵەتئابادی) بۆ ئەوەی خوێنەر خۆی لە چێژی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە بێبەش نەکات، چونکە ڕۆمانی کۆڵۆنێل، لە جۆری ئەو ڕۆمانانەیە جگە لە ئاستی چێژ، ڕۆمانێکی پڕ لە ڕووداو و زانیاریی نێوان دوو قۆناغ و دوو حکومڕانیی جیاوازە، گومانخستنە سەر ئەو دروشم و مەیلە ئایینی و سیاسی و ئایدۆلۆژییە پەڕگیرانەیە، کە بوونەتە کورەیەکی بەجۆش و تیایدا خەون و ئومێد و هیوای مرۆڤەکان دەستووتێنن.

ناردن: