لێکبووردن و هەقیقەتی کتێبی پیرۆز

لێکبووردن و هەقیقەتی کتێبی پیرۆز

و. ڕێبین هەردی

ئەو هەقیقەتەی کتێبی پیرۆز ئاشکرای کردووە، خۆی دەبێتە بابەتی ئەو وتووێژانەی لەبارەی لێکبووردنەوە دەکرێن. ئیساک لاپییر، ئۆربیل داکۆستا، یان هۆبز بەر لە سپینۆزا ئنجیلیان خستە ژێر لێکۆڵینەوەی ڕەخنەییەوە. میتۆدی مێژوویی تەفسیری سپینۆز بۆ کتێبی پیرۆز، دەریدەخات ئەم کتێبە هیچ حوکمێکی تیوری دۆگمای لە خۆیدا هەڵنەگرتووە، بەڵکو تەنیا تێزی ئەخلاقی گشتی و فەرمانکردنە بە دادپەورەری و چاکەخوازی (وتارێکی مەزهەبی-فەلسەفی). رێسای تەفسیری کتێب بە یارمەتی خودی کتێب و گەڕان بەدوای مانا، نەک هەقیقەتەکەی، ئەو ئەگەر دەڕەخسێنێت کەیاسای بەڵگەنەویستی کتێبی پیرۆز لەڕێگەی سەلماندنی بونیادە مێژوویەکەیەوە بسڕینەوە. ئەوکاتە ئیدی فیرکاری هەقیقەت دەبێتە ئەرکی پاوانخوازانەی عەقڵ. بەمشێوەیە سپینۆزا بە سڕینەوەی ئەو دۆگمانەی لێکۆڵیارانی دین دەیگەڕێنەوە بۆ کتێبی پیرۆز، نەک تەنیا دین ڕزگار دەکات، بەڵکو فەلسەفەش ئازاد دەکات. چونکە دەریدەخات کە لە کتێبی پیرۆزدا هیچ شتێک نیە کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئازادی بیرکردنەوەدا.

(پی یرییل)یش دەیەوێت (تەفسیرێکی نوێ) بکات و پشت بەو (بنەما هەمەکی و بێ کەمکوڕانە ببەستێت کە هەموو ئەو لێکۆڵینەوە زمانەوانی، ڕەخنەگرانە، و بیروڕا باوەکان دەتوانن بیخەنە بەردەست مرۆڤ). بەمشێوەیە (هەر مانایەکی زمانەوانی کە هەڵگری ناچارکردن بێت بە ئەنجامدانی تاوانێک، ناڕاستە). بیل بەتوندی هێرش دەکات سەرتەفیسری ئۆگۆستین بۆ نمایشی میوانداری مەسیح (ئنجیلی لۆقا، چواردەهەم، ٢٣) کە بۆ پاساو هێنانەوە بۆ بەکارهێنانی زۆر دژی لادەرانی دین دەیهێنتەوە، و سەرجەم ئەو نەریتە دینیانەی بە پشت بەستن بە نمایشی دانە و تاڵکە (کە ئاماژەیە بۆ جیاکردنەوەی باشە و خراپە. و.ف) فەرمان بە سزادانی دنیایی دەکەن، بە هەڵە دادەنێت. سن تۆماس، سن ئەگوستین و تەنانەت لۆسەر دەیانەوێت تاڵکە لە بێژەنگ بدەن، واتە لادەرانی دین _ئەگەر بشێت لە باوەڕداران جیا بکرێنەوە_ لە کۆمەڵگای مەدەنی بکەنە دەرەوە و چاوەڕێی داوەریکردنی رۆژی سزا نەکەن و تا ئەوکاتە لێبوردوو نەبن لەگەڵیاندا (بۆ نموونە وەک ئاراسم و گرۆتیوس تەفسیری دەکەن). فەرمانبەرانی باوەرپێهێنانی خەڵک بە پشت بەستن بە مانای ڕووکەشی ئەم نمایشە، پاساو بۆ تاوانەکانی خۆیان دەهێننەوە. بیل دەیانگەڕێنێتەوە بۆ مانای کارەکەی خۆیان، بۆ مانای دیاری سەرکوتکردنەکانیان. ناچارکردن بە نیشتەجێکردن و پێشوازیکردن لە سوپاکان، دەستبەسەراگرتنی داراییەکان، سەرتاشین و سڕینەوەی مەرجەعە یاساییەکان، دوورخستنەوە لە وڵات، ئابروبەری و باوەڕپێهێنانی ناچاریانە، تاوانگەلێکن تەنانەت دژی دین و بەرلە گەندەڵکردنی لادەرانی دین لە ڕێوڕەسمی کەنیسە، زیان بە دین دەگەیەنێت. ئیلهامەکان دەبێت لەگەڵ ڕووناکی عەفەویەتی سروشتیدا بگونجێت، چونکە ئەم  ڕووناکیە خودایی و لێرەوە پێوەرێکی بێ خەوشە کە دەبێت مانای دیاری کتێبی پیرۆز لەگەڵیدا چونیەک بێت. بیل دوگماکان و بایەخیان ڕەد دەکاتەوە و ئەرگۆمێنتی ڕەوای باوەرپێهێنەران ڕەد دەکاتەوە و ئەخلاقی بوونی کردار بە پێوەری ڕەوایەتی دەزانێت. بەڵام (تەفسیر بەشێوەیەکی تازە) بەتەنیا وەڵامێکە بۆ دیدی کەنیسەی باڵادەست. بیل شێوەی فەلسەفی تایبەتی خۆی پێشکەش دەکات کە بیرکردنەوەیە بە جۆرێکی تر جێگەی مەنهەجیەتی فکری دەگرێتەوە. بیل بە ئاماژەکردن بۆ دەزگای کاسۆلیکی لەو وڵاتانەدا کە ئەم دەزگایە لە کەمایەتیدایە، داوای گۆڕانکاری لە تێڕوانینەکاندا دەکات. دەزگای کاسۆلیکی تەنیا لەو جێگەیەدا بەناوی هەقیقەتەوە بەرگری لە سەرکوتکردن دەکات کە باڵادەست بێت. لۆک سەرنج لە گۆڕانی تێڕوانین بۆ دەسەڵاتی هەقیقەت دەکات و دەیسەلمێنێت: (هەر کەنیسەیەک بە بڕوای خۆی مەسیحەتی پەتیە و لەدیدی کەسانی دیەوە هەڵە و لادانە لە دین. هەموو کەسێک بڕوای وایە ئەوە هەقیقەتە کە خۆی بڕوای پێیەتی، و هەرچیکەیش لەگەڵیدا جیاواز بێت وەکو هەڵە مەحکومی دەکات). تۆمەتی لادانی دینی هەمیشە دوولایەنەیە، و لەبەرئەوەش کە ناتوانرێت بە دڵنیایەکی تەواو و کامڵەوە مەسیحیەی پەتی دیاری بکەین، کەوابوو گەر مافی سەرکوتکردن بە کەنیسەیەک بدرێت، دەبێت بۆ کەنیسەکانی دیش هەمان ماف هەبێت. جیاوازی ئەرگۆمێنتی لۆک لەگەڵ ئەرگۆمێنتی بیل لەوەدایە کە بناغەکەی نەزانی و لەهەمانکاتدا ڕەخنەگرتنی خۆڕسکی هوشیاریە. ئێمە هیچ بیرکردنەوەیەکی خۆڕسکمان نیە کە بتوانێت ببێتە هۆی ئەوە هەموان خودی خوداوەند بناسن، و کتێبی پیرۆز کەمێک حوکمی تیوری فێردەکات و لە ئەنجامدا سەلماندنی ئەو شتانەی پەیوەندیان بە باوەڕەوە هەیە مومکین نیە. ئەرگومێنتی لۆک بۆ نایەقینی مەزهەبەکان لە شوێنکی دیدا نمایشی سێ ئەنگوستیلە بە بیر دێنێتەوە کە لیسنگ ڕوونی کردۆتەوە: تەنانەت گەر قەبوڵی بکەین یەکێک لە سێ دینە یەکتاپەرستیەکە ڕاستە، مومکین نیە بە یەقینی تەواو بزانین کام یەک لەو سیانەیە. کەوابوو تەنیا پێوەری هەقیقەت لێکبووردنی پەیڕەوانی ئەو دینەیە. ڤۆلتێر ئەم ئەرگومێنتە بەشێوەی خۆی دەڵێتەوە، و لە وتاری (لێبکووردن)دا لە ئەنسکلۆپیدیای فەلسەفیدا (١٧٤٤) دەیسەلمێنێت کە (ئێمە هەموومان سەرتاپا بێ توانا و هەڵەین) و داوامان لێدەکات بەشێوەیەکی دوولایەنە (بێ عەقڵی و نەزانی) یەکدی ببورین. لێکبوورن لێرەدا بەرلەوەی لەسەر بناغەی سەرجەم ئەرکەکان بێت کە ویژدانی مرۆڤ وەک ئەخلاقی سروشتی فەرمانی پێدەکات، دەرئەنجامی بەدەستهێنانی ناهوشیاری مرۆڤە، کە زەروەرتی مافی بیرکردنەوە بە جۆرێکی تری لێ دەکەوێتەوە. لێکبووردن ئازادی دەباتە سەرو هەقیقەت و بەهای ئەخلاقی پراکتیکی دەباتە سەرو دۆگمەکانەوە.

هەروەها دەکرێت وەک لایننیتز ڕیتم و ڕێکخستنێک بە هونەری ووتوێژ بدرێت، یان لە دیدی ستاتیکیەوە سەیر بکرێت. بیل فرەڕەنگی هەقیقەت بە دەربڕینێکی سۆزدارانە دەردەبڕێت: جوانی هاودەنگی دەنگە جیاوازەکان هیچ کەمتر نیە لە جوانی یەک دەنگ. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەو باسی جیاوازی و فرەیی لە وڵاتدا دەکات، ئەرگۆمێنتی پەیوەست بە نەزانیش جێگەیەکی لای ئەو هەیە. لەو شوێنەدا کە باسکاڵ ئەم ئەرگۆمێنەتەی بە قازانجی ئەرکی گوێڕایەڵی مرۆڤ دەبینی، خودای نادیاری باسناژ دۆ بۆڤاڵ پاساوی بۆ ووتوێژی گشتی دەهێنایەوە: ئاڵۆزیەکانی کتێبی پیرۆز بە خواستی خودایە، بە قازانجی فرەی حوکم و ڕێبازەکان و هەرەوەها بە قازانجی بەرکەوتنی ئازادانەی بیروڕاکانە. لێرەوە دەکرێت ئەوە قەبوڵ بکرێت کە هەموو وتوێژێک بەرهەمهێنە: لادانە دینیەکان (پاڵنەرێکی سوودبەخشە) کە دەبێتە هۆی هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ئەرگۆمێنت، بۆ لێکۆڵینەوەی قوڵ و تەفسیرکردنی کتێبی پیرۆز. ڕووبەڕوبوونەوەی دۆگمەکانی دینە جیاوازەکان، دەبێتە هۆی کێبڕکێی لایەنگرانی دینەکان لەگەڵ یەکدیدا. بە کورتی (وتوێژی زانایان کە قازانجی زۆری بۆ خەڵکی هەیە و سودمەندە)، دەبێتە ئامرازێکی پێشکەوتنی هەقیقەت لەبەرامبەر خورافاتدا، و ئەخلاقی پەیڕەوانیش دەباتە سەرەوە. ئەم ئەرگۆمێنتە لە جێگەیەکی دیدا لەلای هلۆتیوس و جۆن ستیوارت میلیش ڕەنگ دەداتەوە. بەکورتی بیرکردنەوە بە جۆرێکی تر چیدی مەحکوم بە لەناوچوون نیە و لە تاوانێکەوە دەگۆڕێت بۆ شتێکی سودبەخش و دەبێتە مەرجی بەدەستهێنانی هەقیقەت.

بەمشێوەیە زنجیرەیەک ئەرگۆمێنت کە دەوری قەبوڵکردنی بیروڕا جیاوازەکان و سەلماندنی سودبەخشیان، تەنانەت لەپێناوی خودی هەقیقەتیان لە ئەستۆیە، دەبێتە جێگرەوەی بە تاوان زانینی نەزانی و بە کفردانانی بیرکردنەوە بە جۆرێکی تر. ئامانجی ئەرگۆمێنتەکانی بۆ سەلماندنی لێکبووردن کە چیدی بەمانای هەڵکردن نیە لەگەڵ هەڵەیەکی دزێودا، بەڵکو مافی جیاوازیە لە بواری بڕوای دینیدا، ڕزگاربوونە لە ووتەزاکانی مەزهەبی پەتی و لادانی دینی. هەنوکە دەبێت تۆمەتی لادانی دینی بۆ ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە ئەوانی دی سەرکوت دەکەن، نەک ئەوانەی کە دۆگماکان دەگۆرن. چیدی جیاوازی باوەڕ تاوان نیە، بەڵکو کردارێکە پێچەوانەی ئەو فەرمانە ئەخلاقیانەی بە ڕوونی لە کتێبی پیرۆزدا هاتووە، یان ویژدانی مرۆڤ خۆی ئەم فەرمانانە بە ئیلهام وەردەگرێت. کەوابوو ڕاست دینی (ئەرسۆزۆکسی) مانایەکی ئەخلاقی بنەڕەتی پەیدا دەکات کە عەقڵی پراکتیکی دەورێکی باڵاتری تیا دەبینێت. ئەمەش ڕاست دینی یان دینی پەتیە. ئایا کاستیلۆن، لۆک یان بیل نەیانسەلماندووە کە سنووری نێوان لادانی دینی و ڕاست دینی بەپێی دیدی ئەو کەسەی دیاری دەکات، بەتەواوی ڕێژەییە؟ بەمشێوەیە وێنای (دینی هەقیقی) بە قەبوڵکردنی رێژەگەری ڕێباز و باوەڕەکان دەگۆڕێت. ئەزموونکردنی ئازادیە مەزهەبیەکان دەبێتە جێگرەوەی مەسەلەی هەقیقەتی دۆگماکان .

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: