گەنجینەی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهانی

گەنجینەی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهانی

ڕانانی: ئیدریس عەلی

لەم ڕۆژگار و سەردەمەدا، پرۆسەی وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبیی جیهانی، بە یەکێک لە ئەنگێزە بنچینییەکان دادەنرێت، بۆ ئاشنابوونی زمان و کولتوورەکان بە ئەزموون و شاکار و ئەدەبیاتی میللەتانی دی، ئەو ڕۆڵەی هونەری وەرگێڕان دەیبینێت لە نزیکبوونەوەی زمان و تێکەڵبوون و ئاشنابوون بەوانی دی، ڕەنگە هیچ کام لە هونەرەکانی تر نەتوانن بەو شێوە ڕاستەوخۆیە، ئەو ڕۆڵە گرنگ و کاریگەرییە بەرچاوەیان هەبێت، هەر بۆیە جێی خۆشحاڵییە کە ئێمەش بە هۆی کۆمەڵێک وەرگێڕی بەسەلیقە و شارەزاوە، وردە وردە خەریکە ئاشنا دەبین بە ئەدەبیان و کولتوور و شارەستانییەتی دونیای پێشکەوتوو و هاوشانی دونیا، بەرهەمەیلی هونەری باڵا بە زمانی پاراو و پوختەکراوی خۆمان دەخوێنینەوە، بێ شک و گومان، مامۆستا (حەمەکەریم عارف) یەکێکە لەو وەرگێڕکارە ورد و شارازەیانەی، بە زمانی تایبەت و شێوازی سەردەمیان، دەیان کتێبی گرنگی پێشکەش بە خوێنەر و کتێبخانەی کوردی کوردی کردووە، زیادەڕۆییە نییە گەر بڵێین ئەو کتێبانەی مامۆستا حەمەکەریم لە کتێبخانەی کوردی دەربهێنرێت، بۆشاییەکی گەورە لەسەر ڕەفەکان دروست دەبێت.

کتێبی (گەنجینەی ئەدەبیاتی کلاسیکی جیهانی) نوێترین کاری وەرگێڕانی ئەم وەرگێڕە ناودارەی کوردە و یەکێکی دیکەیە لە کتێبە تازە و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ئەم کتێبە قەبارەیەکی گەورەی هەیە، بەڵام زیاتر لە قەبارە و ڕێژەی لاپەرەکان، سوود و زانیاری تیایدا کەڵەکەبووە کە خوێنەر مەگەر تەنیا لە ساتی خوێدنەوەیدا هەستیان پێ بکات چەند پێویست و گرنگ و بەبەهان بۆ فراوانکردنی ئاسۆی بینین و ڕوانینمان بۆ گەنجینە دەوڵەمەندەکەی ئەدەبیاتی جیهانی.

ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک بابەتی جیاجیای ئەدەبی پێکهاتووە، بەڵام خاڵی سەرەکی و هێڵی هاوبەشی سەرجەم بابەتەکان، بریتییە لەوەی کە سەرجەمیان قسەکردن و خوێندنەوە و بابەتگەلی پڕ لە زانیاری و بەسوودن لەسەر کتێب، بەتایبەت ئەو کتێبانەی کە مێژوو و ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی شانازییان پێوە دەکات و بە پێی بڕینی ڕەوتی ڕۆژگاریش، بەها و زێندوێتی خۆیان دەبەنە نێو قۆناغ و سەردەم نادیارەکانی داهاتووەوە، بابەتەکانیش بریتین لە:

(ئیلیادە هۆمیرۆس، ئۆدیسە هۆمیرۆس، نامۆ ئەلبێر کامۆ، کوختەکەی هاپۆ تۆم هێریت پیچەر ستۆو، مەدام بۆڤاری گۆساڤ فلۆبێر، ماڵئاوایی لە چەک ئێرنیست هەمینگوای، دەیڤید کۆپەر فیڵد چارلز دیکنز، تاوان و سزا فیۆدۆر میخائیلۆفیچ دۆستۆیڤسکی، سۆراخی ڕۆژگاری لەدەستچوو مارسێل پرۆست، گیانە مردووەکان نیکۆڵای ڤاسیلۆڤیچ گۆگۆڵ، هەڕاجەبازاڕ ویلیام تاکری، قارەمانێکی ئەم سەردەمە میخائیل یوری یۆڤیچ لیرمانتۆڤ، کێوی جادوو تۆماس مان، باوکان و کوران ئیڤان سێرگیۆڤیچ تۆرگینیڤ، یولیوس قەیسەر، ویلیام شکسپیر.)

لە بابەتی ئیلیادە و هۆمیرۆسدا، تیشک خراوەتە سەر ئەو راستییەی کە لە ڕوانگەی ڕۆژئاواییەکانەوە، گەورەترین هونەری داستانە لە مێژوودا، لە ڕوانگەی ڕۆژئاواییەکانەوە، ئیلیادە، بە هەموو مەزنایەتییەکی خۆیەوە، بریتییە لە ڕووداو و  بەسەرهاتەکانی دوا چل ڕۆژ، واتە دوا ڕۆژەکانی جەنگی دەساڵەی یۆنانییەکان کە دژی شاری تەەڕوادە ئەنجام دراوە “بێگومان ئیلیادە و ئۆدیسە، ڕۆڵێکی حاشاهەڵنەگریان هەبووە لە پەروەردەی بەهرە و سەلیقەی هونەرمەندانی یۆنانی شاعیران و شانۆنامەنووسان و نووسەرانی دیکەی جیهان، خەڵکی یۆنان بە درێژایی سەدان ساڵ ئەم داستانە شیعرییەیان ئەزبەر بووە.”

بابەتێکی دیکەی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، سەبارەت بە ڕۆمانی (نامۆ)ی ئەلبێرت کامۆیە، ئەوەی خوێنەر لەم بابەتەدا پێی دەگات، ئەوەیە کە دنیای کامۆ دنیایەکی خەیاڵبزوێن و پڕ لە ترسولەرزە کە پتر لە نیو سەدە بوو سەرنجی هزرڤانانی وەک فرانز کافکا، ژان پۆڵ سارتەر و ئالدۆس هەکسلی بە جۆرێکی دیکە بۆ خۆی ڕاکێشابوو، پرسیاری نێو هزری کامۆ، پرسیارگەلی گەردوونین و ڕەەهەندی قووڵ و فرەمەودایان هەیە و بە نیو دەهلیزەکانی سەردەمە جیاجیاکاندا دەڕۆن و دەگەن بە نەوەکانی داهاتوو و کۆمەڵگە جیاجیاکان: ئایا لەم جیهانەدا کە ئێمەمانان تا دواساتی ژیان پێی نامۆین و دەزانین مەرگ و فەنا لەگینە لە هەر ساتێکدا ڕێگەمان پێ بگرێت، دەتوانین دڵی پێ خۆش بکەین و لە ڕێگەی خۆفریودانەوە ئەم چەند ڕۆژەی ژیان بۆ خۆمان خۆش بکەین؟ ئایا بەشەر، بە هەموو هەوڵ و کۆشش و یاخیبوونێکەوە دەتوانێ بگاتە ئازادیی فەردیی، دەتوانێ پابەندی پرەنسیپەکانی ئەخلاق بێت، دەتوانێ لە تەنیایی و بێکەسی هەڵێت و دۆست و خەمخۆرێک بۆ خی هەڵبژێرێت، دەتوانێ لە کۆتایی ئەم سەفەرە کورتەی تەمەندا، بە خۆی بنازێت؟ بێگومان لەم بەشەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە بۆ ناسینی ڕاستەقینە و کەشفکردنی ڕوونی بیرەکانی، پێویستە کتێبی (نامۆ) بخوێنرێتەوە.

یەکێکی دیکە لە بابەتەکانی ئەم کتێبە، بریتییە شۆڕبوونەوەیەکی ورد و قووڵ بە دنیای یەکێک لە شاکارە گەورەکانی جیهاندا، ئەویش ڕۆمانی (تاوان و سزا)ی دۆستۆیڤسکیی ڕووسییە، لە بەشێکی ئەم بابەتەدا پرسیاری ئەوە وروژێنراوە کە تاوان و سازا بۆچی نووسرا و نووسەر دەیویست لەم ڕۆمانەدا چ پەیامێک بگەیەنێت؟ ئەم بابەتە، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە پێمان دەڵێت: بۆ پەیبردن بە هۆی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانە، پێویستە یەکەمجار ڕۆماننووسەکە بناسین، لە نێو بلیمەتانی ئەدەبی ڕووسیدا، ڕەنگە هیچ کەسێک بە ئەندازەی دۆستۆیڤسکی ئازاری ژیان و مەینەتیی دنیای نەکێشابێ، عەزابی ناخ و دەروون بۆ ساتێک ڕەهای نەدەکرد، هەڵبەتە هەر ئەم عەزاب ومەینەتە کردییە کارێک پەی بە ڕۆحی تاریک و بێئۆقرەی بەشەر بەرێت.

“ڕۆمانی تاوان و سزا و ڕۆمانە گەورەکانی دیکەی ئەم نووسەرە، لایەن و توانایەکی دەروونبینینی ئەوتۆیان تێدایە کە لە بەرهەمە هاوشێوەکانی، وێنەی نییە، ئەم گەشت و گەڕانەی کە بە دەوری قارەمانەکانیدا دەیکات، ئەم لێکۆڵینەوە و قووڵبوونەوە و ڕۆچوونە بەردەوامەی بە دەروونی ئەو ئینسانانەدا دەکرێت کە ئەو دروستی کردوون، ئەویان گەیاندۆتە ئاستی پسپۆڕێکی دەرونناسیی ئەوتۆ، کە بەردەوام لە هەوڵی لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی حاڵەتە نائاسایی و دەروونی و ئەخلاقییەکانی بەشەردا بێت.

بێگومان ڕووداوەکانی ڕۆمانی تاوان و سزا، بە دەوری بیرکردنەوە و کردارەکانی خوێندکارێکی گەنجدا دەسوڕینەوە بە ناوی (ڕاسکۆلنیکۆڤ) کە لە زانستگەی سان پێترسبۆرگدا، بەشی ماف دەخوێنیت، ئەم کوڕە وتارێکی دەربارەی تاوان نووسیوە و بیروباوەڕی خۆی دەربارەی سەرچاوە و هۆیەکانی تاوانکردن دەربڕیوە، بەڵام ئەم وتارە کە بڕیاربوو لە بڵاوکراوەیەکدا بڵاوبکرێتەوە پاداستیکی لەسەر وەربگرێت، لە لایەن سەرنووسەری بڵاوکراوەکەوە قەبووڵ ناکرێت و دواجار بە تەور پیرەژنێکی سووخۆر و چاوچنۆک دەکۆژێت و پارە و خشڵەکانی دەبات.

بە گشتی دەتوانم بڵێم ئەم کتێبە، نەک بۆ خوێنەر، بەڵکو بۆ نووسەر و ڕۆشنبیرەکانیش گرنگ و بە بەهایە، چونکە بە دیوێکی دیکەدا، ئاشنمان دەکات بە بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەو گەورە نووسەرانەی دنیا کە ئێمە پێشتر هەر لە ڕێی وەرگێرانەوە، بەشێکی زۆر لەو کتێبانەمان خوێندۆتەوە و تا ئەندازەیەک ئاشناین بە بەرهەمەکانیان، بەڵام لە ڕێی ئەم کتێبەوە، دەچینە نێو پانتایی و مەودای وردتری ئەو نووسەرانە و شاکارەکانیان پتر دەناسین، چونکە هەر یەک لەو بابەتانە، دەرگاگەلێکی بێشووماریان بە ڕوودا کردووینەتەوە بۆ چوونە نێو نهێنی و ڕەهەندە جیاجیاکانی ئەو گەورە تێکستانەی دنیاوە.

ناردن: