ڕانانی: ئیدریس عەلی

ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵە شیعرێکی شاعیری دیاری کورد (جەلالی میرزا کەریم) و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، ئەم کۆمەڵە شیعرە بریتین لەو دەقانەی کە لە ئەرشیفی نووسەر و شاعیر (سەباح ڕەنجدەر)دا پارێزراون کە بە گوتەی خۆی لە ماوەی چل ساڵدا هەر شیعرێکی ئەم شاعیرەی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بینیبێت، لای خۆی ئەرشیفی کردوون و پاراستوونی، ئەم کۆمەڵەشیعرە ساڵی ١٩٩٢، واتە لە سەروەختی ڕۆژگاری پاش ڕاپەڕیندا، بە شێوەی لەبەرگرتنەوە (کۆپی) چەند دانەیەکی لەبەرگرتووەتەوە و بەسەر دۆست و خوێنەر و برادەرە نزیکەکانیدا دابەشی کردووە، بەڵام ئێستا وەک دەبینرێت، لە لایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، بە شێوەیەکی جوان و دیزاینێکی نوێ، چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ناونیشانی تێکستەشیعرییەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە، بریتین لە: (پێناسە، تەمەن، نەخشەی خەونەکان، لە کوێم، پێشکەشە بەو شۆڕشگێڕانەی هێشتا نەمدیون، ئاوێنەی هیوایەکی سەرهەڵگرتوو، ڕێگا دوورەکانی چاومان، تێگەیشتنی یادگارییەکان، دووری، زەماوەندی باوەش پیاکردنەوە، ڕۆژگارە سەرگەردانەکان، وەرام، هەنگاوی زام، هەڵوێست، نەورۆزی خۆزگە، گەشتەهەڵوێست، ناونیشانی یادێکی زکۆچکردوو، حەزنامەیەکی ئاوارە، چرپەی ژانێکی نوقمبوو، سەرەتای حەیرانی تەمەنمان، گرییەشیعر، هاوڕێ، لە خەمی هەڵەبجەی ژارا، پەیامەژێ، دوو چاوی.)

ئەم شاعیرە لە سەروەختی خۆیدا دەنگێکی جیاواز و هەناسەیەکی درێژی شیعری بووە و ئەوەی بەسەر پانتایی و فەزای شیعرەکانیدا دەبینرێت، بریتییە لە ڕیتمێکی نەرم و شێوە دەربڕینێکی داستانئامێز بە زمان و ڕوانین و دونیابینییەکی شاعیرانە، لەو شیعرانەدا خوێنەر بەر ناخی شاعیرێک دەکەوێت کە بێ هیچ فشاربۆخۆهێنانێک دەنووسێت و دونیایەکی هێمن و پڕ لە پرسیار و کنە و پشکنین دەخولقێنێت.

جەلالی میرزا کەریم، ساڵی ١٩٣٥ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، هاوکات قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە زێدی خۆی تەواو کردووە، ساڵی ١٩٥٥، وەک هەر گەنجێکی کورد خولیای سیاسەت و چالاکی شۆڕشگێڕانەی بۆ دروست دەبیت، لە هەمان ساڵدا دەبێتە ئەندامی یەکێتیی گشتیی قوتابیان و ھەر لەو قۆناغەدا دەستی داوەتە شیعرنووسین، ئەگەرچی لە دەستپێکی هەوڵە شیعرییەکانیدام کەوتبووە ژێر کاریگەریی فەزای شیعری گۆرانی مەزن، بەڵام دواتر پەرە بە بەهرەی خۆی و لایەنی ڕۆشنبیری و مەعریفی خۆی دەدات و ئەزموونی نووسینی خۆی، بە شێواز و دەنگ و بۆنی تایبەت دەناسرێتەوە، دیارە ئەمەش هەر وا سانا وە دەست نایەت و پێویستی بە خوێندنەوە و تێڕامان و خۆ ڕۆشنبیرکردن هەیە، خۆشبەختانە لەو لایەنەوە، ئەم شاعیرەمان زوو دەگات بە شوناسی شیعری تایبەت بە خۆی، ئەم شاعیرە لە ژیانی سیاسی خۆیدا و بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٩٥٦ دا لەسەر چالاکی سیاسی دەستگیر دەکرێت و لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨، ئازاد دەبێت، لە سەرەتای ١٩٦٦دا تا ساڵی ١٩٧٠ بێژەر و وەرگێڕ بووە لە ڕادیۆی کوردی بەغداد، پاسان دەبێت بە رۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی(هاوکاری) کە حوكوومەتی عێراق، لە بەغداد دەریدەکرد،جەلالی میرزا کەریم، لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا، گۆڤارێکی بە ناوی ھیوای کوردستان، وەک ئۆرگانی یەکێتیی گشتیی قوتابیانی عێراق – لقی سلێمانی دەرکردووە، هاوکات یەکێکیش بووە  یەکێک بووە لە ھەڵسوڕاوان و دەنگە جدییەکانی ناو بزووتنەوەی ڕوانگە، ئەم شاعیرە، لە پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، تا دوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١، لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ژیانی بەسەردەبرد، ساڵی ١٩٩٣، بە نەخۆشی دڵ، لە شاری ھەولێر کۆچی دوایی دەکات و لە ماوەی ژیانی ٥٨ ساڵیدا ئەم بەرهەمانە دەنووسێت: کۆمەڵە شیعرێک بە زمانی عەرەبی، بە ناوی (الولادە) لە ساڵی ١٩٨٢دا لە ئەمریکا چاپکراوە، شانۆنامەی سەنگەر لە ھەمان ساڵدا و ھەر لە ئەمریکا چاپکراوە، نامیلکەی چرپەی ژانێکی نقووم بوو، ھەر لە ئەمریکا ساڵی ١٩٩١ چاپکراوە، دیوانی ڕێگا دوورەکانی چاومان، دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان، لە ساڵی ١٩٩٢دا چاپکراوە.

لە لێکۆڵینەوەیەکی چڕوپڕدا، نووسەر و ڕەخنەگر، عەتا قەرەداغی، سەبارەی بە ئەزموونی ئەم شاعیرە، ئاماژەی بەوە داوە کە (جەلالی میرزا كەریم) یەكێكە لە دەنگە دیارەكانی شیعری كوردی دوای گۆران و یەكێكە لەو ژمارە كەمەی كە ئەلقەی روانگەیان لە ئەدەب و رۆشنبیری كوردیدا دامەزراند. جەلال لە پێش درووستبوونی روانگەشدا دەنگێكی ناسراوبووەو ئەو بەو شێوازە شیعری نووسیووە كە دواتر روانگە پشتگیری لێكردووە، یان باشتر بڵێین ئەو شێوازەی روانگە بانگەشەی بۆ كردووە. لە راستیدا شێوازی شیعری روانگە یان شیعری دوای گۆران تا ئەندازەیەكی ئاشكرا جیاوازە لە شێوازی شیعری گۆران، چی لە رووی بنیادی شیعرییەوە، چی لە رووی مۆسیقاوە كە ئەمەی دووەمیان زیاتر وەكو بنەما یان خاسێتی پەخشانە شیعر باسی لێوەدەكرێت. هەرچەندە جیاوازی ئاشكرا هەیە لە نێوان شیعری ئازادو پەخشانە شیعرداو سەرباری بوونی هەندێ خاسێتی پەخشانە شیعر لە ئەزموونی شیعری جەلالی میرزا كەریم و بەشێكی دیار لە شیعری دوای گۆراندا، بەڵام ئەم شێوازە بە شیعری نوێ پۆلێن دەكرێت. ئەویش لە رووی بنیادی زمانی و كۆی خاسێتەكانی شێوەو ناوەرۆكەوەیان باشتر بڵێین لە رووی بەرهەمهێنانی شیعریەت و رەگەزو توخمەكانی بنیادنانی دەق و بەرهەمهێنانی شیعریەتەوە. شیعری نوێ جۆرێك لە كێش و سەروای تێدا پەیڕەو دەكرێت كە ئەمەیان لە پەخشانە شیعردا نیە. وێنەی شیعری و لێكچوون و دوانەی بەرامبەرو خوازەو میتافۆر و.. لە خاسێـتەكانی شیعری نوێن و پێكهاتەیەكی چڕە لە وێنەی شیعری. لە كاتێكدا خاسێتی دیاری پەخشانە شیعر گێڕانەوەیە شان بەشانی بنیادی زمانی و مۆسیقاو.. واتە رەگەزی گێڕانەوە كە یەكێكە لە بنەما سەرەكیەكانی چیرۆك، لە پەخشانە شیعریشدا رووبەرێكی ئاشكرا دیاری دەكات و لە شیعری نوێی كوردیدا بە ئاشكرا دەبینرێت. هەرچەندە ئاشكرایە پەخشانە شیعر ئەو شێوازە هونەرییەیە كە یاساو رێساكانی پێوانە شیعریەكانی تێكشكاندووە، چ پێوانەو كێشەكانی شكسپیری و پێرتراركی، چی كێشی عروزی عەرەبی و مەسنەوی فارسی. واتە لە پەیوەستبوون بە یاساو رێسا باوەكانی شیعری كێشدارو سەروادارو تەنانەت جیهانبینی كلاسیكی لایداوەو شێوەیەكە لە شیعرو گێڕانەوە بەڵام هێشتا خاوەنی ئیقاع و مۆسیقای ناوەوەیە.

شیعری جەلالی میرزا كەریم تا ئەندازەیەك پەیوەستە بە هەندێ پێوانەوەو هەندێجار بەكارهێنانی كێش و سەرواوەیەكی سرووشتی و بێ گرێ و ئەوانەش جوانیەكی دیار بە دەقەكانی دەبەخشن. بەڵام دەقەكان ئەم شاعیرە سنووری رێساكانی شیعری كێش و سەرواداریان بە پێوانەی كلاسیك یان كۆن تێپەڕاندووەو زیاتر بایەخ بە وێنەو مۆسیقای ناوەوەو لێكچوون و دووانەی بەرامبەر دەدەن و گێڕانەوەش خاسێتێكی سەرەكیە لە بنیادی شیعری ئەم شاعیرەدا. كەواتە شیعری ئەم شاعیرە لە چوارچێوەی شیعری نوێدا پۆلێن دەكرێت نەك لە چوارچێوەی پەخشانە شیعردا. هەرچەندە تێكەڵاوبوونی خاسێتـەكانی شیعری نوێ و پەخشانە شیعر لە شیعری كوردی دوای گۆراندا جۆرێك لە تەمومژی لەسەر سنوورەكانی جیاكردنەوەی پەخشانە شیعرو شیعری نوێی كوردی درووستكردووە.

ڕەنگە لێرەدا پێویست نەکات نموونەی تێکستەکانی بخەینە بەرچاوی خوێنەر، تەنها ئەم کورتە شیعرە، ڕونگە سەروزیاد بێت بۆ تێگەیشتن لە شێواز و تەکنیکی نووسینی ئەم شاعیرەمان و ئیدی وا پێویست بکات، خوێنەری تامەزرۆی شیعری جوان، بەتایبەت شاعیرانی قۆناغەکانی ڕابردوو بخوێننەوە و خۆیان بڕیار لە ئاست و چێژ ە جوانییان بدەن.

 ئەی گۆرانی ژاكێنراوی،

سەر لێوی خەم!

 یادگاری بێ هەتاوی،

مێژووی ماتەم!

 ئەی سروەی بای كشوماتی، بەهاری زیز..

 ئەی فرمێسكی بێ ئاواتی، چاوی پایز.

نە شەو، نە خەو.

 نە دەریای بەرینی بێ بن

 نە كێوی بەرزی كەش گەردن

 یەك تۆز چییە نەیانتوانی

 ژیلەی كپی ئاگردانی،

 نهێنی بوونتان بماڵن

بە ئاگر بێ، بە بەفر بێ، راتان ماڵن.

ناردن: