بازرگانیی سامان و بازگارنیی بیروڕا

و. ڕێبین هەردی

بیروراکان دەشێت کاتێک چوونە ناو بواری تایبەتیەوە، لەوکاتەدا کە ئاڵوگۆر دەکرێن، لە شێوەی بیروڕای گشتیدا دەرکەون. لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت ئازادی بازرگانی لەگەڵ ئاڵوگۆڕی بیرو و مافی بڵاوکردنەوەی بیروڕا بەیەکەوە گرێداراو بزانرێت. ئەم ئەرگومێنتە تا دواپلە لیبڕاڵانەیە. لێکبووردن بەم مانایە دەبێتە سیستەمێکی ئاڵوگۆڕ: ڤۆڵتێر لە وتاری (ویژدان) لە ئەنسکلۆپیدای فەلسەفیدا سوودی بازرگانی دەکاتە جێگرەوەی مەسەلەی ئازادی بیروڕا و باوەڕ و هەروەها دەیکاتە جێگرەوەی مەسەلەی مافی پاشا بۆ یاسادانان لەبارەی بیروڕاکانەوە. سوودی بازرگانی هاوکاری ئازادی بیروڕا دەکات، چونکە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتدا هاوئاهەنگە. لەهەمانکاتدا ئازادی بیروڕا و باوەر لەڕووی بەرژەوەندی گشتیەو، دەگۆڕێت بە مەسەلەیەکی بێلایەن. هلۆتیوسیش ئازادی دەربڕین لەسەربناغەی بەرژەوەندی گشتی دادەمەزرێنێت، بە بڕوای هلۆتیوس ئازادی دەربڕین هۆکاری پروپاگەندەکردنی هەقیقەتە، هاوکاری ڕوون کردنەوەی تاکەکان دەکات و پێشکەوتنی مرۆڤ دەڕەخسێنێت. جۆن ستیوارت میلیش پشت بە سودە زانینناسیەکانی لێکبووردن دەبەستێت و دەڵێت قەدەغەکردنی هەر بیروڕایەک بە مەحرومکردنی مرۆڤایەتی لە هەقیقەتێک یان (گەر ئەو بیروڕایە ناڕاست بێت) بە مەحرومکردنی مرۆڤ لە (تێگەیشتنی ڕوونتر و کاریگەری زیاتری هەقیقەت کە بەهۆی بەرکەوتنی بە هەڵەوە دەستدەکەوێت) لەڕاستیدا شتێک لە مرۆڤایەتی دەدزێت. بیروڕای گشتی کاتێک شکڵی وەرگرت، پێگەی داوەر وەردەگرێت، چ کێشەی وەک ڕوودای کالاس لە ئارادا بێت، چ هەر کێشەیەکی دی کە ململانێی لێکبووردن و دەمارگیری دەوری تیا بینیووە.

لێکبووردن لە کێشەیەکی مەزهەبیەوە دەگۆڕێت بۆ کێشەیەکی ئابووری، و لێرەوە مەسەلەی هەقیقەت دەبێتە لقێکی مەسەلەی ئابووری و سودبەخشی، هەرلەبەرئەمەش ئازادی بازرگانی لەگەڵ ئازادی بیروڕا و باوەڕ و مەزهەبدا تێک دەئاڵێن. لەمڕوەوە شاری ئەمستردام نموونەیەکی بەرجەستەیە، ئەو ستایشەی سپینۆزا لە وتاری مەزهەبی-سیاسیدا لەم شارەی دەکات، چەمکێکی لیبڕاڵانە وێنا دەکات کە لەسەر بناغەی ئەوە ئاڵوگری ئازاد، دڵنیاترین  ڕێگرە لە دەستوەردانە نابەجێکانی دەوڵەت و دەزگاکان (چ زەمینی و چ شەرعی) لە مەسەلە تایبەتیەکان و لە بیروڕای هاوڵاتیاندا. ئایا ماکس ڤیبەر بازرگانی سودخوازانەی بە هۆکاری لێکبووردن لەبەرامبەر ئاراسەتی توندی پاکژی گروپی کالڤینی و گروپە باپتیستەکان، بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیەکانی دەوڵەت نەدەزانی؟ ئەوەی کە بازرگانی سامان بە سودی بازرگانی بیرەکانە، بابەتێکی کۆن و جێگیرە، بەڵام ئەم بابەتە لە دیدی ڤۆڵتێرەوە مانایەکی تایبەتی هەیە، ڤۆڵتێر چیدی بیروڕا و باوەڕە دینیەکان بە مەسەلەی تایبەتی نازانێت، بەڵکو لە بواری شتە بێ لایەنەکاندا (نە گشتی و نە تایبەتی) دایدەنێت.

لەگەڵ ئەمەشدا بەرگری کردن لە ئازادی گوتار و بیرکردنەوە تەنیا بە پشتبەستن بە بەرژەوەندیە تایبەتیەکان دەستەبەر ناکرێت. سپینۆزا پیشانی دەدات بەرژەوەندی تاک ناکۆک نیە بە بەرژەوەندی گشتی. تاکەکان لەپەیمانی کۆمەڵایەتیدا لەمافە سروشتیەکانی خۆیان خۆش دەبن بە قازانجی حوکمڕانێک کە دەسەڵاتی هەمووانی بەیەکەوە لایە. بەڵام دەسەڵاتی ڕەهای ئەم حوکمڕانە ناکۆک نیە بە مافی دەربڕین و بیرکردنەوەی تاکەکان. لەڕاستیدا ئەم مافە قابیلی سپاردن نیە بە هیچ کەسێک، چونکە بەشێکە لە سروشتی تاکەکان، واتە لە هەستەکانیانەوە هەڵقوڵاوە و ناکرێت وازی لێبهێنرێت و هەروا بە مرۆڤ بمێنیتەوە. کەوابوو هیچ حوکمڕانێک توانای حوکمڕانی دەروون و زمانی پەیڕەوەکانی خۆی نیە. سپینۆزا لەنێوان گوتار و کرداردا لەمڕووە جیاوازی دەکات. ئەو ئازادی تەواو بە گوتار دەدات تا ئەو جێگەیەی یاخیبوون نەورژێنێت، بەڵام بۆ کردار چەند سنوورێک دادەنێت: ڕەخنە لە یاساکان دەتوانێت تەنانەت بۆ خودی یاساکانش باش بێت، بەڵام تا ئەو کاتەی حوکمڕان یاساکەی نەگۆڕیوە هەمووان دەبێت پەیڕەوی لێبکەن. بەمشێوەیە ئازادی بیرورا بۆ دەوڵەت و وڵات مەترسی تێدا نیە، بەڵکو مەرجی ئاسایش و ئارامیە.

تا ئێرە لە چەمکی مافی مرۆڤەوە دوورین کە بنەمای ئازادی دەربڕین بە مافێک دەزانێت کە قابیلی سپاردن نیە و بەدەرئەنجامی مافە سروشتیەکانی دەزانێت. بەڵام ئەم مافە بەهیچ شێوەیەک هاوشانی دەسەڵاتی تاکەکان نیە، بەڵکو مافێکی عەقڵانیە کە بناغەی ماف و ئەرکگەلێکی بەڵگەنەویستە و لەحاڵەتێکدا کە حوکمڕان سەرپێچی لێبکات، تاکەکان مافی ئەوەیان هەیە، سەرپێچی لێ بکەن. ئەو ڕێگرانەی ساڵی ١٧٨٩ (شۆڕشی فەڕەنسا) لەڕێگەی شکلبەندی ئەم مافەدا ڕاوەستاوە، بێ پەیوەندی نیە بە مەسەلەی لێکبووردنەوە. لەوانە ڕابۆ سن ئاتین لێکبووردن مەحکوم دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت باشتر بەرگری لە یەکسانی خەڵکی لەبەرامبەر یاسادا بکات: لێکبووردن وەک گووتمان زۆرتر جۆرێک چاوپۆشی لە هەڵە یان خراپیەکانە و ناکرێت بە یەکسانی مافەکانی هاوڵاتیانی بزانین. لێکبووردن بەرلەوەی سەلماندنی یەکسانی مافی هەمووان بێت، سەلمێنەری نەبوونی مافێکە.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: