پڵۆت لە چیرۆکی کوردیدا

بابەتی ئەم کتێبە بریتییە لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەدەبی نووسەر و مامۆستای زانکۆ (بوشرا کەسنەزانی)و بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە پێکهاتووە لە (سەرەتایەک سەبارەت بە پڵۆت، زاراوە و چەمکی پڵۆت، پڵۆت لە چەند تێڕوانینێکەوە، پڵۆت بە دیدی باو، چیرۆکی بەپڵۆت، چیرۆکی بێپڵۆت، پڵۆت بە دیدی نوێ، بونیادگەرەکان، حیکایەتسازان: ڤلادیمێر پرۆپ و لیڤی شتراوس، فۆڕمالیستە ڕووسەکان: جیاکردنەوەی پڵۆت لە چیرۆک، وەچەکانی پرۆپ: گریماس، کلۆد بیرمۆن، تۆدۆرۆف، پڵۆت لە نیوان دیدی باو و نوێدا، سەرەتا، ناوەڕاست، کۆتایی، بونیادی چیرۆک پەیوەست بە پڵۆتەوە، توخمە بونیادییەکانی چیرۆک، ڕووداو، کەسێتی، کات و شوێن، جۆرەکانی پڵۆت لە چیرۆکی کوردیدا، چەند دابەشکردنێکی پڵۆت، پڵۆت لەسەر ئاستی کات، کاتی مێژوویی، کاتی دەروونی، مۆنۆلۆگی ناوەکی، مۆنۆلۆگی شانۆیی، خۆنواندن، کاتی گەڕانەوە، کاتی پێشخستن، ئیستاتیکای پڵۆتی چیرۆکی کوردی، گۆشەنیگای گێڕانەوە، گۆشەنیگای کەسی یەکەم، گۆشەنیگای وەگێڕی کەسی یەکەم یان هەمووشتزان، گۆشەنیگای چەند لایەنە، بونیادی گشتیی چیرۆک، ئەنجام، سەرچاوەکان، پوختەی باسەکە بە زمای عەرەبی، پوختەی باسەکە بە زمانی ئینگلیزی.)

سەرەتا پێویستە ئەوە بڵێین کە نووسەری ئەم لێکۆڵینەوەیە، بەشبەحاڵی خۆی یەکێکە لەو خانمە نووسەرانەی کە بە ئاگایی و باگراوندێکی قووڵی ڕۆشنبیری و مەعریفییەوە، پشتئەستوور بە کۆمەڵێک سەرچاوەی گرنگ دەستی بە نووسینی لێکۆڵینەوەکەی کردووە، بوشرا کەسنەزانی، لەنێو کایەی ئەدەبی ئێمەدا ناوێکی دیارە و خاوەنی کۆمەڵێک کتێب و لێکۆڵینەوەی ئەدەبییە لەسەر شیعر و چیرۆک، هاوکات ئامادەییەکی بەرچاوی هەیە لە کۆڕ و چالاکییە ئەدەبییەکاندا، بۆیە هیچ زیادەگۆییەک نییە گەر بڵێین خوێندنەوەی ئەم کتێبە، چ بۆ نووسەر و چ بۆ خوێنەر، بەها و گرنگیی تایبەت بە خۆی هەیە، چونکە لەسەر کۆمەڵێک چەمک و بابەت دەدوێت، ڕەنگە هێشتا بۆ زۆربەمان نوێ بێت، هەر ئەم گرنگییەشە وای کردووە بۆ جاری دووەم چاپبکرێتەوە و بکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

بوشرا کەسنەزانیی نووسەری کتێبی (پڵۆت لە چیرۆکی کوردیدا) لە کورتەپێشەکییەکی پڕ لە زانیاری و وردەکاریدا، ئاماژ بۆ ئەوە دەکات کە چیرۆک وەک ژانرێکی ئەدەبی دەتوانرێت لە چەندان ڕووەوە لێی بکۆڵرێتەوە و کار لەسەر ناوەڕۆک و ڕواڵەتی بکرێت، بە بۆچوونی ئەو، ئەو ڕوانەش دەشێت هەر یەکەیان بە تەنها ببنە کەرەستەی باسێک و توێژەر کاریان لەسەر بکات و بۆ ئاستی بچووکتر پۆڵێنیان بکات تا دەگاتە بچووکترین یەکەی بونیادی چیرۆک: لەناو ئەو روانەی چیرۆکی کوردیدا ئێمە لایەن یان توخمی پڵۆتمان لەناو چیرۆکی کوردیدا بۆ کەرەستەی باسەکەمان هەڵبژاردووە بە ناونیشانی (پڵۆت لە چیرۆکی کوردیدا) بە گوتەی بوشرا کەسنەزانی، سنووری کارەکەیان بۆ ماوەی دە ساڵی چیرۆکی کوردی دیاری کردووە، کە ساڵی ١٩٩٥ تا ٢٠٠٥ ە.

سەبارەت بە هۆی هەڵبژاردنی بابەتەکە، مامۆستا بوشرا دەڵێت: دیارە هۆی هەڵبژاردنی وەها بابەتێک بە لای ئێمەوە، لەو دیدەوە سەرچاوە دەگرێت ک چیرۆک لەناو ئەدەبی کوردیدا، بە گەلێک کەرەستە و لە زۆر ڕووەوەلێی کۆڵراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا لەنێو کارە ئەکادیمی و زانستییەکاندا توخمێکی گرنگ و خاوەن تایبەتمەندیی چیرۆک کە پڵۆتە، باسی لێوە نەکراوە، بە مانایەکی تر وەک کاریکی تایبەتمەند ل ئارادا نییە، بۆیە بە شیاومان زانی ئێمە ئەو توخمە وەربگرین لەناو چیرۆکی کوردیدا لێی بکۆڵینەوە و بە ڕوانین لە پڵۆت ماوەیەکی چیرۆکی کوردی شی بکەینەوە.

بە بۆچوونی مامۆستا بوشرا، هەر توێژەرێک لە دەمی کارکردنیدا ڕووبەڕووی گیروگرفت دەبێتەوە، دەبێت لێبوردوانە و لێبڕاوانە درێژە بە کارەکەی بدات و بە ئامانجی دەستکەوتنی وەڵام، شوێن کارەکەی بکەوێت و پشتسارد نەبێتەوە.

هەر بۆیە سەبارەت بە گیروگرفتەکانی لێکۆڵینەوەکەی دەڵێت: لە دەمی نووسینی ئەم توێژینەوەیەدا یەکێک لەو گرفتانەی هاتە ڕێمان، پاش بە ئەرکی دەستخستنی سەرچاوە، یەکنەبوونی ئەو زاراوانە بوون کە بەرانبەر پڵۆت بەکارهێنراون، دیارە لەو ڕووەوەی ئێمە وەک لایەنی دیمانەکی پشتمان بە سەرچاوە جیهانییەکان بەستووە، زۆرینری ئەو سەرچاوانەشمانبە وەرگێڕدراوی زمانی فارسی دەست کەوتوون، گرفتەکە بە ڕێژەی یەکەم لەناو زمانی فارسیدا بوو کە هەر سەرچاوە و بە زاراوەیەک وەریگێڕابوو، ئەمە کاتێکی زۆری ویستتا زاراوەکان ساغ بکەینەوە، لە لایەکی ترەوە هەر ئەو گرفتە لەناو زمانی کوردیشدا هاتە ڕێمان، چ لە سەرچاوە وەرگێراوەکاند و چ لەو سەرچاوە کردییانەدا کە بەرهەمی بیری نووسەری کردن.

نووسەری کتێبی (پڵۆت لە چیرۆکی کوردیدا) بڕوای وایە کەرەستەی هەر لێکۆڵینەوەیەک لەگەڵ ڕێبازێکد یەک دێتەوە و توێژر دەتوانێت پەیڕەوی بکات: لەم لێکۆڵینەوەیەدا ئێمە جگە لەوەی ڕێبازی شیکاری کارمان کردووە، هاوتاسوودمان لە ڕێبازی فۆرمالیستیی بونیادگەری وەرگرتووە و لە دەق نەترازاوین و تەنها کارمان لە چوارچێوەی چیرۆکەکاندا کردووە.

نووسەر لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا دێتە سەر پێناسەکردنی زاراوە و چەمکی پڵۆت و پێی وایە: زاراوەی پڵۆت بۆ ڕەگەزێک لە ڕەگەزە بنەڕەتییەکانی بونیادی چیرۆک چەسپاوە، خودی زاراوەکە چەمکێک دەگەیەنێت بریتییە لە نەخشە و هێڵکاریی ئامادەکراوی نووسەر بۆ بونیادنانی چیرۆکێک لەسەر بنەمای ئەو بیرە گەڵاڵەبووەی لایەتی.

ئەو خانمە نووسەرە وای بۆ دەچێت چیرۆکنووس بەر لە دەستپێکردن بە نووسینی دەقەکەی، کەرەستەیەکی خاوی لە شێوەی بیرێکی تۆپەڵبوو و کەڵەکەبوو لەبەردەستدایە: دەشێت ئەو کەرەستەیە ڕووداوێکی ڕۆژانە یان بابەتێکی واقیعی یان وێنایەکی ئەندێشەکاریی خۆی بێت، ئەو بیرە بۆ بەچیرۆکبوون پێویستی بە بونیادنان هەیە، بونیادەکەش ئەو نەخشەیە لە چیرۆکنووس لە ڕێگەی توخمە پێکهێنەرەکانی چیرۆکەوە دەیکێشێت.

لە بەشێکی دیکەدا بە ناوی پڵۆت بە چەند دیدێک، مامۆستا بوشراکەسنەزانی نووسەر، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ک دیمانەسازانی ئەدەب تا سەدەی بیست لەو دیدەوە بایەخیان بە پڵۆت دەدا، کە بریتییە لە زنجیرەبەندی ڕووداوەکان و لاسایی کردەیەکە کە دەبێ سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی هەبێت، ناوبراو لە درێژەی هەمان بەشدا دەڵێت: پڵۆت وەک ڕێکخستنی ڕووداوەکان بەو سییانە دەبێت و لەگەڵیشیدا دروستبوونی ڕووداوەکان یەک لە ئەنجامی ئەوی دیکەوە خواستنێکە ئەرستۆ بۆ هونەری تراژیدیای هەبووە، ئەم خواستنە زۆرێک لە نووسەران بۆ چیرۆک و ڕۆمانیش پەیڕەویان کردووە.

لە پێناسەی چیرۆکی پڵۆتیشدا دەڵێت: ئەو جۆرە چیرۆکەیە پێشینەیەکی مێژووی هەیە، چیرۆکێکە لەسەر بنەمای جوڵێنەری ڕووداو و بەسەرهاتەکان بونیاد نرابێت و پەیوەندیی هۆ و ئەنجام لە نێوان ڕووداو و بەسەرهاتەکانی چیرۆکەکەدا هەبێت، نموونەی دیاری ئەم جۆرە چیرۆکە بەرهەمەکانی ئەدگار ئالان پۆیە، لەم چیرۆکانەدا ڕووداو بەپێی ڕەوتی ڕێکخراوی کات دێت و بایەخ بە پێنج بنەماکەی پێشوو دەدات.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەشیدا، بوشرا کەسنەزانی، دەگات بەو بڕوایەی کە کە پڵۆت توخمێکی بنەڕەتیی چیرۆکە و سەرەتاکانی سەرنجدان و لێکۆڵینەوە لێی بۆ ئەرستۆ لە کتێبی هونەری شیعردا دەگەڕێتەوە، هاوکات لەناو لێکۆڵینەوەی چیرۆکی کوردیدا بە شێوەیەکی گشتی، پڵۆت بەهای تەواوەتی پێ نەدراوە و بە ئاڵۆزی و نادیاری ماوەتەوە، هەوروەها پێشی وایە بە شێوەیەکی گشتی پڵۆت لە چیرۆکی کوردیی ئەم ماوەیەدا لەچاو ماوەکانی پێشوودا جۆراوجۆر خۆدەنوێنێت و چیرۆکنووسان سوودیان لە ئەزموونی چیرۆکی نوێی جیهانی وەرگرتووە، هاوکات بەو هۆیەوە چیرۆک پەیوەندیی بەهێزی بە ژیانی مرۆڤەوە هەیە لەگەڵ گۆڕانی ڕەوتی کۆمەڵ و ژیانی تاکی کورد دا لە ماوەی ساڵانی پاش ڕاپەڕیندا.

بە گشتی دەتوانین بڵێین کە کتێبی پڵۆت لە چیرۆکی کوردیدا، یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکان بۆ ئاشنابوونی نووسەران، بە تایبەت ئەو نووسەرانەی لە بواری گێرانەوەدا کار دەکەن، چونکە بە هۆی خوێندنەوەی ئەم کتێبەوە ئاشنا دەبن بە کۆمەڵێک چەمک و پێناسە و تێڕوانینی نوێی ئەدەبی، هاوکات یارمەتیدەر دەبێت لە فراوانکردنی ئاسۆی دونیابینیمان بۆ ژانری چیرۆک، چونکە ئەم لێکۆڵینەوەیە، پشتی بە کۆمەڵێک سەرچاوەی جیهانی بەستووە و توێژەر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ چەمک و دەستەواژە و سەرچاوەکانیشدا کردووە، هاوکات کۆمەڵێک نموونەی لە چیرۆک و چیرۆکنووسی دوای ڕاپەڕین هێناوەتەوە و شیکاریی وردیان بۆ دەکات.

ڕانانی: سەردەم

ناردن: