جه‌نه‌ڕاڵه‌كان و براكان
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
ئه‌ندێرا گاندی ده‌یگوت: “ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی جه‌نه‌ڕاڵه‌كانی هندستان، براكانیان له سوپای پاكستان‌دا جه‌ناڕاڵن”. هیندییه‌كان پێكه‌وه جه‌نگی سه‌ربه‌خۆییان ئه‌نجامدا، پاشان جیابوونه‌وه و بوون به دوژمنی یه‌كتر. دواتر بۆ جاری سێیه‌م به‌نگلادیش له پاكستان جیابوه‌وه.
سه‌ده‌ی ڕابردوو، له هه‌مو سه‌ده‌كانی دیكه دڕنده‌تر بوو. جه‌نگه‌كانی نێوان براكان یان نێوان ئه‌ندامانی یه‌ك خێزان، ترسناك و دڕندانه بوو. برا له پێناو بیرۆكه‌یه‌ك یان ئایدۆلۆژیایه‌ك، براكه‌ی دیكه‌ی كه‌له‌پاچه ده‌كرد. ملیۆنان كه‌س له كۆریای باشور و باكور، له پێناو كارل ماركس، كوژران. پاشان ملیۆنان مرۆڤی دیكه له ڤێتنام به باكور و باشورییه‌وه، له پێناو هه‌مان كه‌س كوژران. ماركس ده‌ستی وه‌ردایه وڵاته‌كه‌ی خۆشی ئه‌ڵمانیا و كردی به دوو به‌شه‌وه: ئه‌ڵمانیای خۆرهه‌ڵات و ئه‌ڵمانیای خۆرئاوا. هه‌روه‌ها چینی كرد به دوو چین. زۆری نه‌مابوو ئیسپانیا به ناخی زه‌ویدا بباته خواره‌وه، وه‌ك چۆن له شه‌ڕدا بردی به ناخی زه‌ویدا.
هه‌میشه جه‌نگی براكان، توند‌و و بێئامانه: جه‌زائیر و لوبنان و یه‌مه‌ن، ئیرله‌نده‌ی باكور و باشور، جه‌نگی ناوخۆی ئه‌مریكا له نێوان باكور و باشور، جه‌نگی ئه‌نده‌نوسیا له نێوان كۆمۆنیسته‌كان و ئه‌وانی دیكه، ملیۆنێك كوژراو له ڕووهندا به قه‌مه و خه‌نجه‌ر و كێرد له ئه‌نجامی ململانێی نێوان دوو هۆزدا. (له ناو دوو كه‌وانه‌دا، شه‌ڕی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، له نێوان پارتی و یه‌كێتی كه نزیكه‌ی 4 ساڵی خایاند و زیاد له 5 هه‌زار پێشمه‌رگه كوژران).
دڕنده‌كه‌ی ناو ناخی مرۆڤ، له چركه‌ساتێكی شێتانه‌دا، به‌ده‌م داوای كوشتن و ڕق و كینه‌وه ده‌چێت، ئه‌مه له هه‌مو شوێنێك و له هه‌مو كاتێكدا ڕووده‌دات. له سه‌رده‌می جاهیلییه‌ته‌وه، عهنترهی جوامێر وتوویه‌تی: ئه‌وه‌ی پۆستی گه‌وره‌ی هه‌بێت، ڕق و كینه هه‌ڵناگرێت. به‌ڵام ڕق و كینه ناوخۆییه‌كان، جیهانی پڕ پڕ كردووه و هه‌میشه خه‌ڵكانی خۆی هه‌یه، خه‌ڵكانێك هه‌یه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن و خه‌ڵكانێكی دیكه‌ش ده‌هۆڵی بۆ ده‌كوتن و خه‌ڵكانێكی دیكه بازرگانی پێوه ده‌كه‌ن. مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی خۆپه‌رسته (ئه‌نانییه) و هه‌مو شتێكی بۆ خۆی ده‌وێت. له‌به‌ر ئه‌وه، لابردنی ڕكابه‌ره‌كانی له براكه‌یه‌وه ده‌ست پێده‌كات. دواتر جار جاره به ئاگا دێته‌وه و سه‌یرێكی خۆی ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌وه من چیم كردووه، به‌ڵام تازه ئه‌وه‌ی كردوویه‌تی ئه‌نجامیداوه.
دوای چه‌ندین ده‌یه له بێهوده‌یی و دوژمنایه‌تی، ئه‌ڵمانیا له رۆژێكدا یه‌كی گرت، خانمێك له خۆرهه‌ڵاته‌وه و له پشتی دیواره‌كانه‌وه هات و بووه سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ته یه‌كگرتووه‌كه. خۆرهه‌ڵاتییه‌كان كارل ماركس-ی هاوڵاتییان بیرچووه‌وه كه نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك، ته‌واوی جیهانی سه‌روژێر كردبوو. ئه‌و، واته ماركس، دواتر به هه‌ژاری و داماوی له له‌نده‌ن كۆچی دوایی ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی نه‌مریی كۆمۆنیزم و هه‌ره‌سهێنانی ببینێت.
مرۆڤ گڕكانه، هه‌ڵده‌چیت و داده‌مركێته‌وه. دوای كوژرانی ملیۆنان كه‌س، ڤێتنامییه‌كان گه‌ڕانه‌وه و بوونه‌وه به یه‌ك وڵات و ئه‌مریكییه‌كان و ڕوسه‌كان و چینییه‌كان لێی هاتنه ده‌ره‌وه. زۆر كه‌من ئه‌وانه‌ی له هانۆی، كارل ماركس ده‌ناسن و بیریان ده‌كه‌وێته‌وه، چونكه هه‌نووكه ئه‌وان، سه‌رقاڵی پێشوازیكردنن له گه‌شتیاره ئه‌مریكییه‌كان. فه‌ره‌نسییه‌كان له شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ ڤێتنامییه‌كان، هه‌ڵه‌یان كرد. دوای ئه‌وان ئه‌مریكییه‌كانیش هه‌ڵه‌یان كرد. كه‌چی له‌مڕۆدا ئه‌و دووانه، وڵاتانی یه‌كتریان پڕ كردووه.
مرۆڤ فیرنهبووه له پێناو گه‌یشتن به ئاشتی، ده‌كرێت بگه‌ین به سازان، بێ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ. ئاره‌زوومه‌ندانی خوێن و ته‌رمی كوژراو، سوكایه‌تی به گاندی و ماندێلا ده‌كه‌ن. ماشێنی جه‌نگ، پاره و مه‌دالیا و شكۆ ده‌به‌خشێته‌وه و مه‌لاین كه‌سیش به‌ره‌و فه‌رامۆشی ده‌ڕۆن. له ئه‌زه‌له‌وه ڕه‌فتاری مرۆڤ هه‌ر وا بووه.
كاروانی گه‌مژه‌یی (مسیرة الحماقة) وه‌ك ئه‌وه‌ی خانم “برباره تاكمان” له كتێبه به‌ناوبانگه‌كه‌یدا باسی ده‌كات، له جه‌نگی ته‌رواده‌وه بۆ جه‌نگی ڤێتنام به‌رده‌وام بووه. جه‌نگ ئاو ده‌كات به ئاشی كارگه‌كانی دروستكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و بازرگانانی گه‌نم و دراو و بازرگانانی پۆستاڵی سه‌ربازی، هه‌مو ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ژار ده‌كات.
سه‌رچاوه
سمیر عطاالله، الشرق الاوسط، هه‌ینی، 4-6- 2021