هۆڵده‌رلین؛ شاعیرێك تا سنووری دێوانه‌یی
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
فه‌ره‌نسییه‌كان كه‌ی به هۆڵده‌رلین ئاشنا بوون؟ ئه‌وه پرسیارێكه به شێوه‌یه‌كی خراپ خراوه‌ته‌ڕوو، له ڕاستیدا ده‌بوایه پرسیاره‌كه ئاوا بووایه: ئه‌ڵمانه‌كان كه‌ی به هۆڵده‌رلین ئاشنابوون؟ چونكه هۆڵده‌رلین له‌سه‌ر زه‌مینی خۆی و له زادگا ئه‌سڵییه‌كه‌ی خۆی، تا سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كه‌سێكی ون و نادیار بوو. واته زیاد له نیو سه‌ده دوای مردنی (1770-1843). سه‌روه‌ختێك ئه‌ڵمانه‌كان، دوای ستیڤان جۆرج و ڕیلكه و تراكڵ، كاره‌كانی هۆڵده‌رلین-یان بۆ ئاشكرا ده‌بێت، شیت و هار ده‌بن و له خۆیان ده‌پرسن: چۆن شاعیرێكی گه‌وره، به‌م قه‌باره‌یه و به‌م ئاسته، تا ئه‌م ڕاده‌یه، پشتگوێخراوه؟ هاوسه‌رده‌مه‌كانی چۆن پشتگوێ‌یان خستووه؟ ئیدی له‌و چركه‌ساته‌وه، هۆڵده‌رلین ده‌بێته مه‌رجه‌عیه‌تی شیعری‌یان، به بۆنه و بێ بۆنه، قسه‌وباسی له‌باره‌وه ده‌كه‌ن. له‌و ساته‌وه‌خته‌وه، ناوی زۆر به‌رز ده‌كه‌نه‌وه و وه‌ك نه‌مرێك لێیده‌ڕوانن.
ته‌نانه‌ت نیتچه-ش، به‌و په‌ڕی سه‌رسوڕمانه‌وه باسی ده‌كات. ئێ ئاخر كێ ده‌توانێت ببێته شوێنی سه‌رسوڕمانی نیتچه، ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه هه‌ڵه‌یه‌ك له هه‌ڵه‌كانی ڕۆژگار نه‌بێت؟ كاتێك نیتچه توڕه‌ده‌بێت، جیهان ده‌هه‌ژێت. ئه‌مه با هایدگه‌ر له‌ولاوه بووه‌ستێت كه به دریژایی ژیانی، سه‌رسامبووه به هۆڵده‌رلین و چه‌ندین لاپه‌ڕی بۆ ته‌رخانكردووه: نه‌شیده‌كانی هۆڵده‌رلین، ئه‌ڵمانیا و ڕوباری ڕاین، به‌راوردكارییه‌كانی/ مقاربات هۆڵده‌رلین… هتد. بگره هایدگه‌ر، سه‌باره‌ت به هۆڵده‌رلین، ئه‌م قسه‌ی خواره‌وه‌ی كردووه: “هۆڵده‌رلین ئاینده‌مان بۆ ڕووناك ده‌كاته‌وه، چونكه شیعره‌كانی ئه‌و، نیشانه‌كانی چاره‌نووسی جیهانیی مرۆڤی مۆدرێن نیشان ده‌دات”. كاتێك فه‌ره‌نسییه‌كان كه دراوسێی ئه‌ڵمانه‌كان بوون، گوێیان له ناوی هۆڵده‌رلین ده‌بێت، ئه‌وانیش به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن و شیعره‌كانی وه‌رده‌گێڕن. ته‌نانه‌ت كار گه‌یشت به‌وه‌ی مۆریس بلانشۆ، تا ئه‌م سنووره ده‌ڕوات و ده‌ڵێت: “قسه پیرۆزه‌كانی هۆڵده‌رلین!”.
هۆڵده‌رلین له شیعره‌كانیدا، جه‌وهه‌ری شیعر و ڕادیكاڵییه زیندووه‌كه‌ی شیعری، به‌رجه‌سته كردووه، به‌رائه‌تی ڕه‌های شیعری به‌رجه‌سته كردووه. شیعر چییه، بێ یه‌كه‌مین به‌رائه‌ته‌كانی كه وه‌ك بروسكه و ڕوبار و تاقگه‌كان ده‌ته‌قێته‌وه؟ شیعر چ مانایه‌كی هه‌یه، ئه‌گه‌ر وه‌ك ده‌ركه‌وتنی به‌ره‌به‌یان نه‌بێت؟ شیعر مه‌حاڵه‌كان ده‌بڕێت، تاریكی و زوڵمه‌ته‌كان ده‌ڕه‌وێنێته‌وه. شیعر دوای داخستنه‌كان، كرانه‌وه‌كان به‌دیده‌هێنێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، هه‌ر كه شیعرێك ده‌خوێنینه‌وه مانای هه‌بێت، هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده هه‌ڵده‌مژین، تاكو هه‌ست به خۆشی و كامه‌رانی بكه‌ین. ڕه‌نگه له خۆشی‌دا ده‌ست به سه‌ما بكه‌ین یان له پێستی خۆمان بێینه‌ده‌رێ. له‌وانه‌یه هه‌ست بكه‌ین جیهان گۆڕاوه، گه‌ردوون فراوانتر بووه…
ئه‌گه‌ر شاعیرێك هه‌بێت و له شیعره‌كانیدا فڕوفیڵ و غه‌شی نه‌كردبێت، ئه‌وا ئه‌و شاعیره هۆڵده‌رلین-ه. ئه‌و وه‌ك پرسیارێكی كراوه له شیعری ده‌ڕوانی، شیعر بۆ هۆڵده‌رلین په‌ناگایه‌ك بوو، كاتێك دونیا به ڕوویدا تاریك ده‌بوو، هانای بۆ ئه‌و په‌ناگا شیعرییه ده‌برد. ئه‌و له ژیانیدا تاریكی زۆری بینی، تا له دواجاردا و له ته‌مه‌نی سی و حه‌وت ساڵیدا، عه‌قڵی له‌ده‌ستدا. ئاشكرایه هۆڵده‌رلین، نیوه‌ی ژیانی به ئاگاییه‌وه ژیاوه و نیوه‌كه‌ی دیكه‌ی له پێچاوپێچه‌كانی بێئاگاییدا به‌سه‌ر بردووه. به‌ڵام ته‌نانه‌ت شیعره‌كانی “بێئاگایی” كه له قۆناغێكی ناجێگیری نێوان دوو قۆناغه‌كه‌دا نووسیویه‌تی، گاڵته‌ی پێناكرێت و به سووك ته‌ماشای مه‌كه‌ن. ئه‌وانه تابڵێی شیعری جوان و دانسقه‌ن. با گوێ له یه‌كێكیان بگرین، ڕه‌نگه دواهه‌مین شیعر بێت نووسیبێتی، پێش ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی بكوژێته‌وه و ڕۆبچیته نێو دونیای دێوانه‌یی:
هه‌مو خۆشی ئه‌م ژیانه‌م چه‌شتووه
گه‌نجی چیتر ڕوبارێك نییه به‌سه‌ر ئاسۆوه
نیسان و مایس دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه
ته‌نانه‌ت هاوین، ئه‌ویش دوور كه‌وتووه‌ته‌وه
منیش چیتر هیچ نیم
چیتر حه‌زم به ژیان نه‌ماوه
هۆڵده‌رلین گه‌نجێكی زۆر قۆز بووه، ده‌ڵێن كاتێك ڕۆشتووه‌ته ژوره‌وه، ڕوناكی كردووه‌ته‌وه. رۆشنبیریكی ئاست به‌رز بووه. ژان ژاك رۆسۆ، مامۆستا و خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و نمونه‌ی باڵای بووه. به شیعرێك یان زیاد له شیعریك رۆسۆی لاواندووته‌وه. هه‌موان سه‌رسامبوون به ڕۆسۆ، هیگڵ و پیشتریش كانت، سه‌رسامبوون به ڕۆسۆ. بلیمه‌ته‌كان یه‌كتر ده‌ناسن. هۆكاری دێوانه‌بوونی هۆڵده‌رلین، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه‌وته داوی خۆشه‌ویستی ئافره‌تێكی خاوه‌ن هاوسه‌ر، دوای ئاشكرابوونی په‌یوه‌ندی نێوانیان و به‌هۆی رۆشتنی هۆڵده‌رلین، ئافره‌ته‌كه به‌رگه ناگرێت و له داخا كۆچی دوایی ده‌كات. كاتێك هۆڵده‌رلین هه‌واڵی مردنه‌كه‌ی ده‌بیسێت- له‌و كاته‌دا له شاری پۆرتۆی فه‌ره‌نسا ده‌بێت- هاوسه‌نگی عه‌قڵی له‌ده‌ست ده‌دات و به‌پێ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌ڵمانیا. هۆڵده‌رلین ئه‌وی “كوشت”، ئه‌ویش هۆڵده‌رلین-ی شێتكرد. گه‌ڕاینه‌وه بۆ له‌یلێ و مه‌جنون و خۆشه‌ویستی دوا سنور.
هه‌ندێك هۆڵده‌رلین به شاعیری ڕه‌ها وه‌سف ده‌كه‌ن. ئه‌و زوڵاڵترین یان پاكژترین شاعیره له مێژووی ئه‌ڵمانیا. ببوره ریلكه، هه‌روه‌ها نیتچه ببوره، هایدگه‌ر تۆش ببوره! كه‌س جه‌وهه‌ری شیعر، به‌رائه‌تی شیعر، خه‌م و ئازاره‌كانی شیعری به‌رجه‌سته نه‌كردووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی هۆڵده‌رلین كردوویه‌تی. هۆڵده‌رلین له یه‌كێك له جوانترین ناوچه‌كانی ئه‌ڵمانیا كه پره له دێر و كڵێسا و به‌نێو دارستانه‌كان و ڕووباره‌كان و ده‌ریاچه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه، له خێزانێكی شه‌ریف و ده‌ستكورت و خاكی له‌دایك بووه، منداڵییه‌كی هه‌ژار و نه‌بوو ژیاوه. دواتر هه‌ر له منداڵی‌دا، باوكی له‌ده‌ست ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی دایك و باپیری ڕازی بكات كه خه‌ونیان به ئاینده‌یه‌كی پرشنداره‌وه بۆ ده‌بینی، ده‌ڕواته قوتابخانه‌یه‌كی ئاینی. دایك و باپیری ده‌یانویست وه‌ك پیاوێكی ئاینی له گونده‌كان، ده‌ستبه‌كاربێت! كه‌چی خۆی، خه‌ونی به دواڕۆژێكی ته‌واو پێچه‌وانه‌وه ده‌بینی. ئه‌و ده‌یویست ته‌نها ببێت به ڕۆشنبیرێكی مۆدرێنی رۆشنگه‌ر و به‌س. ده‌یوسیت ته‌پوتۆزی زه‌مه‌ن و سه‌ده‌كان و فێنده‌مێنیتاڵیزم، له‌خۆی بكاته‌وه. له زانكۆی تۆبنگن، ئاشنا ده‌بێت به ئه‌ده‌ب و ئه‌فسانه گریكییه‌كان. هه‌ر له‌و زانكۆیه، دوو گه‌نجی له نه‌وه‌كه‌ی خۆی ناسی، كه دواتر ئاینده‌یه‌كی مه‌زنیان ده‌بێت، ئه‌وانیش بریتین له: هیگڵ و شیلینگ. ئه‌وانه ئه‌و سێ هاوڕێیه بوون پێكه‌وه له‌سه‌ر كورسییه‌كانی خوێندن داده‌نیشتن، بگره هه‌رسێكیان له یه‌ك ژووردا بوون.
بیهێننه به‌رچاوی خۆتان، سێ بلیمه‌ت له‌یه‌ك ژووردا! هۆڵده‌رلین ده‌گاته لوتكه‌ی شیعر، دوانه‌كه‌ی دیكه ده‌گه‌نه لوتكه‌ی فیكر. پاشان ئه‌م دوو لوتكه‌یه: لوتكه‌ی شیعر و لوتكه‌ی فیكر، له كه‌سێتی هۆڵده‌رلین دا، یه‌كتر له‌ئامێز ده‌گرن. چونكه ئه‌و فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندێكی قووڵ-یش بوو. ته‌ماشای رۆمانه شیعرییه فه‌لسه‌فییه نایابه‌كه‌ی بكه‌ن: هیبریۆن. به‌ڵام خودی خۆی هه‌لا هه‌لا ببوو، چونكه خودی ئه‌ڵمانیاش له نێوان ئاین و فه‌لسه‌فه یان له نێوان ئیمان و عه‌قڵ، هه‌لا هه‌لا ببوو. ده‌وترێت ئه‌و گفتوگۆ پڕ هاتوهاوارانه‌ی، ده‌رباره‌ی بێباوه‌ڕی/ ئیلحاد ده‌كران، رۆحی هۆڵده‌رلین-زۆر شپرزه كردووه. ئه‌و ڕۆژگاره، سه‌رده‌می شڵه‌قاندنه/ الزعزعات گه‌وره‌كان بوو، سه‌رده‌مێك یه‌ك ده‌سته‌واژه گوزارشتی لێده‌كات : رۆح چۆن ده‌توانێت له‌ناكاو له سه‌رده‌می ئاینه‌وه، بگوازێته‌وه بۆ سه‌رده‌می فه‌لسه‌فه؟ چۆن چۆنی ده‌توانین، له‌و فێنده‌مێنیتاڵیزمه جیاببینه‌وه كه رۆچووه‌ته نێو قوڵایی ناخمان و ڕه‌گوڕیشه‌مان؟ چۆن ده‌توانین به‌سه‌ر خودی خۆماندا سه‌ركه‌وین؟ تاقه چاره‌سه‌ر، ئه‌وه‌یه نێوانی ئاین و فه‌لسه‌فه ئاشتبكرێنه‌وه. ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌كی راست و دروست له ئاین بگه‌ین، ئه‌وا هیچ كێشه‌یه‌ك نابێت. كێشه‌كه بریتییه له تێگه‌شتنی هه‌ڵه و تاریكبین بۆ ئاین، نه‌ك خودی ئاین، ئاین فره ڕه‌هه‌ند و فره ڕوخساره.
هۆڵده‌رلین له زانكۆ، بۆ یه‌كه‌مجار ئاشنابوو به فیكری ڕزگاریخوازیی یان ڕۆشنگه‌ریی: واته فیكری لایبنتز و ڤۆڵتێر و كانت و فیخته و ژان ژاك ڕۆسۆ… هتد. ئه‌وان به دزییه‌وه كتێبه‌كانی فه‌یله‌سوفانی ڕۆشنگه‌رییان ده‌خوێنده‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر له ناكاو سه‌رپه‌رشتیاریی ئاین، خۆی بكردایه به ژووره‌كه‌دا، ئه‌وان ده‌موده‌ست كتێبه‌كانیان له‌ژێر به‌تانییه‌كاندا ده‌شارده‌وه! ده‌ی مه‌سه‌له‌كه هه‌رچۆنێك بێت، له‌و ڕۆژگاره‌دا، ئه‌و پرسیاره گه‌وره‌یه‌ی ئاراسته‌ی ڕۆشنبیرانی ئه‌ڵمانیا كرابوو، ئه‌مه‌ی خواره‌وه بوو: چۆن ده‌كرێ له‌و دیدگا كۆنه بۆ جیهان بێینه ده‌ره‌وه و دیدگایه‌كی زانستی و فه‌له‌سفی بۆ جیهان وه‌ربگرین؟ هۆڵده‌رلین زۆر به سه‌ختی باجی ئه‌و هاتنه ده‌ره‌وه‌یه و ئه‌و په‌ڕینه‌وه قورسه‌ی دا. ئه‌و هاتنه ده‌ره‌وه‌یه، هۆڵده‌رلین-ی دووچاری خوێنبه‌ربوونێكی توند ده‌كات. ئه‌وه هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌یه كه له ئێستادا له رۆشنبیرانی عه‌ره‌ب ده‌كرێت. له‌م لایه‌نه‌وه، جیاوازی میژوویی نێوان ئه‌وروپا و جیهانی عه‌ره‌بی یان كۆی جیهانی ئیسلامی، نزیكه‌ی دوو سه‌د ساڵه. ده‌توانین ئه‌مه‌شی سه‌ربار بخه‌ین، له‌و رۆژگاره‌دا، ململانێی نێوان كاسۆلیكه‌كان و پرۆتستانته‌كان، هێشتا له‌وپه‌ڕی به‌هێزی و گڕگرتنیدا بوو. ئه‌ڵمانیا به‌ده‌ستییه‌وه ده‌یناڵاند و ئازاری پێده‌گه‌یشت. وه‌لێ هه‌نووكه، ئه‌و ململانێیه بوونی نه‌ماوه، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی ڕوناكبوونه‌وه‌ی عه‌قڵی و پێشكه‌وتنه زۆره‌كان و ئه‌و جه‌نگه بێئامانه‌ی فه‌یله‌سوفان و ئه‌دیبه‌كان و شاعیره‌كان له ئه‌وروپا، به‌دریژایی سێ سه‌ده و به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، به‌رپایان كردبوو. له‌م باره‌یه‌وه، سه‌یری (یه‌كه‌م مانیفێست بۆ فه‌لسه‌فه‌ی ئایدیالیزمی ئه‌ڵمانی) بكه‌ن، ئه‌مه مه‌زنترین فه‌لسه‌فه بوو له سه‌ده‌كانی مۆدێرنه‌دا ده‌ركه‌وت. ئه‌ی كێ ئه‌و مانیفێسته‌ی نووسی بوو؟ ئایا هۆڵده‌رلین بوو یان هیگڵ یاخود شیلینگ؟ گرنگ نییه، هه‌ر سێكیان ده‌وروبه‌ری ساڵی 1796 مانیفێسته‌كه‌یان نووسی. ئه‌ی مانیفێسته‌كه چی ده‌ڵێت؟ زۆر به كورتی ئه‌مه‌ی خواره‌وه ده‌ڵێت: “ئه‌ڵمانیا ناتوانێت به دروستی هه‌ستێته‌وه، ته‌نها دوای گه‌ڵاڵه‌كردنی تێگه‌شتنێكی نوێ، بۆ كۆی ئاینی مه‌سیحی، نه‌بێت. پێویسته به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بووه، له تێگه‌شتنه كۆن و چه‌قبه‌ستووه‌كه بێته‌ده‌رێ. پێویسته به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت، ڕزگاربین له تێگه‌شتنی ته‌سكبینانه و ده‌مارگیریانه‌ی تائیفی، كه وه‌ك جێگیریی شاخه‌كان، له عه‌قڵی ده‌سته‌جه‌معیدا جێگیر بووه. ئه‌گه‌ر نا، ئه‌وه ڕزگاربوونه گه‌وره‌كه ڕوونادات و هه‌ستانه‌وه و بوژانه‌وه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئه‌ڵمانیاش نایه‌ته ئاراوه”. به‌م مانایه و به كه‌مه‌كێك ده‌ستكاریكردنه‌وه، هه‌نووكه به خودا سوێندتان ده‌ده‌م و لێتان ده‌پرسم: ئه‌م تێكسته مێژوییه به دیاریكراوی باسی چی ده‌كات: باسی ئومه‌ی ئه‌ڵمانیا ده‌كات له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، یان باسی ئومه‌ی عه‌ره‌بی ده‌كات له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك؟ ئازادی وه‌ڵامدانه‌وه بۆ ئێوه به‌جێده‌هێڵم.
به‌ڵام ئاخۆ ده‌رباره‌ی شیعری هۆڵده‌رلین چی هه‌یه؟ ئه‌و ڕۆمانسییه‌كی شه‌یدای سروشت بوو: واته چاودێری وه‌رزه‌كان و ساڵه‌كانی ده‌كرد، به وه‌رزی دروێنه و لێكردنه‌وه‌وه، به گه‌شه و سیسبوونه‌وه، به ژیان و مردنه‌وه، به خۆشی و ناخۆشییه‌وه، به بروسكه و هه‌وره گرمه‌وه، به گوڵ و دره‌خته‌كانه‌وه، به هه‌مو شتێكه‌وه. با گوێ له‌م كۆپله بچوكه بگرین كه ڕه‌نگه ته‌جاوزی هه‌مو شیعرێكی كردبێت:
ئاه
چه‌ند جوانن
هه‌ڵهاتنی خۆر و گوڵی گونده‌كان!
دێن و پڕن له گوڵ، ڕۆژه‌كان
نه‌رم و ناسك و قه‌شه‌نگن، ڕۆژه‌كان
ئێواره‌ش گوڵی خۆی هه‌یه
له ئاسمانه‌وه دێنه خوارێ، ڕۆژه ڕووناكه‌كان
له‌وێ، له ئاسمان
له‌دایك ده‌بن رۆژه‌كان
با گوێ له‌م كۆپله‌یه‌ی دیكه‌ش بگرین له شیعرێك به ناونیشانی: “به ته‌واوه‌تی، وه‌ك له ڕۆژی پشوودا/ تماما، كما فی یوم الراحة”
دوای شه‌وێكی تاریكی ئه‌نگوسته‌چاو
شه‌وێك به ڕووناكی بروسه‌كه داگیرساو
بروسكه به دریژایی ئه‌و شه‌وه ده‌كه‌وته خوار
تا ئێستاش له دووره‌وه
ده‌نگی هه‌وره گرمه هه‌ر ده‌بیسرێ
جوتیاره‌كه دوای ئه‌و شه‌وه
ده‌مه‌و به‌یان
دێته ده‌رێ
كێڵگه‌كه‌ی ده‌پشكنێ
ڕووباره‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌ناره‌كه‌ی
زه‌ویه ته‌ڕه‌كه سه‌وز سه‌وز داگه‌ڕاوه
له‌ژێر بارانی به‌خوڕی ئاسماندا
هێشوه ترێكان
تێر ئاو بوون
دره‌خته‌كانی بێستانه‌كه
له‌ژیر تیشكی خۆرێكی هێمندا
ده‌بریسكێنه‌وه.
ئا ئه‌مه‌یه هۆڵده‌رلین كه دڵخۆشمان ده‌كات و ڕێگاكه‌ی بۆ ڕووناك كردینه‌وه. خه‌ریكه ده‌ڵێم له جیاتی ئێمه شێتبوو، به‌و گریمانه‌یه‌ی ئێمه شێت نین! هۆڵده‌رلین ئه‌ده‌بی ئه‌ڵمانی به شیعر و په‌خشانییه‌وه، گه‌یانده لوتكه‌ی لوتكه‌كان. به‌ڵام خۆی به‌ده‌ست ئیش و ئازارێكی ده‌روونی گه‌وره‌وه ده‌یناڵاند و تا دواساته‌كانی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ژدیهایه‌كدا بجه‌نگێت، له‌گه‌ڵی جه‌نگا. دواتر ته‌سلیم ده‌بیت و ورده ورده ڕۆده‌چێته نێو ده‌ریای دێوانه‌یی.
تێبینی: شیعره‌كه‌م به كه‌مه‌كێك ده‌ستكارییه‌وه وه‌رگێڕاوه
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، 14 حوزه‌یران، 2021