شتراوس؛ لێکبوردن لە بەرامبەر هەقدا

Loading

(لە: مافی سروشی و مێژوو، بەرهەمی لیو شتراوس)

و. ڕێبین هەردی

بە بڕوای لیو شتراوس لێکبوردن لەناوخۆیدا هەڵگری دژیەکیە: بەهایەکە کە سەرجەم بەهاکان و لەوانەش لێکنەبوردن بە ڕێگەپێدراو دەزانێت. لەبەرئەوەی لێکبوردن خۆبەخۆ سنوورێکی نیە کە بە هۆیەوە لە لێکنەبوردن جیا بکرێتەوە، کەوابوو خۆی دەبێتە هۆی لەناچوونی خۆی. بە بڕوای شتراوس ئەم ئالۆزیە لە بیرۆکەی لێکبوردندا دەرئەنجامی وازهێنانە لە مافی سروشتی کە مرۆڤ بێ ئەو مافە مەحکومە بە ڕێژەگەریەکی بێ قەید و شەرت. بەڵام پێویستی بۆ مافی سروشتی مەسەلەیەکی بەدیهیە: ڕەدکردنەوەی مافی سروشتی بەو مانایەیە کە بڵێین هەموو مافەکانی لەگەڵ دۆخێکی تایبەتی مێژوویدا دەگونجێن، مافی پۆزەتیڤن و ناکرێت هیچ بەکارهێنان یان بەهایەکی گەردوونی بۆ دابنرێت.  بەڵام ئەگەر وابێت، چۆن دەکرێت یاسایەک یان حوکمێکی یاسایی بە نادادپەروەرانە بزانرێت؟ ئەگەری ڕەخنەی یاساکان یان سەندنەوەی ڕەوایەتی لێیان، لەسەر ئەو گریمانیە دامەزراوە کە پێوەرێکی پێشوەخت و باڵاتر لە مافی پۆزەتیڤ هەبێت کە ببێتە رێسا و پێوەر بۆ ڕەوایەتی ئەو یاسایانە. بەپێچەوانەوە ئەگەر مافێک بە پۆزەتیڤ بزانین، دەرئەنجامی ئەوە دەبێت کە ماف ببەستینەوە بە ڕێژەگەری مێژوویی یان تەنانەت کلتووری، و ئەگەری ڕەخنەکردنی بەتەواوی لەناو ببەین. نامومکین بوونی دەستنیشانکردنی ڕەوایەتی یاسایی بوون، ناچار بە پەیڕەویکردن لە یاساکان تەنانەت یاسا نادادپەورەرەکانمان دەکات. چونکە لەم گریمایەدا دادپەروەریەک جگە لە دادپەرەوەری یاسا دانراوەکان بوونی نابێت. لیو شتراوس دەڵێت لەم حاڵەتەدا “بنەماکانی مرۆڤخۆرێک  بەهەمان ئەندازەی  بنەماکانی مرۆڤێکی مۆدێرن قابیلی بەرگری لێکردنە”. دانانی مافی سروشتی بە ئایدیالێک لەناو ئایدیالەکاندا (دەرئەنجامی کارەساتاوی) دەبێت، و دەبێتە هۆی  گومانکاری و  نکوڵیکردن کە بە (تاریکبیری دەمارگیرانە) دەناسرێت.

لیو شتراوس بەمشێوەیە ڕەخنە لە (بەخشەندەیی لیبڕاڵانە) دەگرێت: ئەم لیبڕاڵە سەخیانە بەناوی بەهادانان بۆ جیاوازی و تاکایەتی تاکەکەس، توانای ئەوەیان نیە کە بەها ڕاست و ناڕاستەکان یان باشە و خراپە بەجۆرێک وەسف بکەن کە ڕێژەگەری یان هەڵسەنەگاندی سەرپێیانە برینداری نەکردبێت، مێژوو  سنووری لێکبوردن و لێکنەبوردن بە حوکمی هەلومەرج و بارودۆخێکی تایبەت دیاری دەکات، و لێکبوردن کە بەشێک ڕێژەگەری تێدایە، بەهایەکە وەک بەهاکانی تر، نەک بنەمایەک بۆ هەڵسەنگاندنی بەهاکان، واتە رێسایەک بۆ قەبوڵکردن یان ڕەدکردنەوەی هەندێک لە چەمکەکان. بەکورتی لێکبووردن بەهایەکە کەسەرجەم بەهاکان لەوانەش بەهای خۆی نەفی دەکات. بەبڕوای لیو شتراوس تەنیا چەمکی مافی سروشتی کە مێژوو درووستی نەکردووە، ئەگەری ئەوە دەرەخسێنێت لە ڕێژەگەری (و لێرەوە لە لێکنەبوردن) ڕزگارمان بکات. لیبڕاڵەکان تیورەی مێژوویی ماف لەبەرامبەر مافی سروشتیدا دادەنێن: بڕوایان وایە مافی سروشتی لەبەردەست عەقڵی مرۆڤدایە و هەمووان قەبوڵیان کردووە، بەڵام مێژوو و ئەتنۆلۆجیا بەپێچەوانەوە چەمکگەلێکی بێ ئەندازە جۆراوجۆر بۆ ماف و دادپەروەری درووست دەکەن، چونکە لیبڕاڵەکان بڕوایان وایە دادپەروەری نەک تەنیا لە مافەکاندا، بەڵکو لە هیچ شتێکدا بنەمایەکی نەگۆڕ و سەرتاپاگیری دیاریکراوی نیە، لەبەرئەوە مومکین نیە بتوانین پێناسی مافی سروشتی بکەین. ئەنجامگیری مافی سروشتی لە مێژووگەریەوە کە لیبڕالەکان پابەندیان کردووە پێوەی، دەگەڕێتەوە بۆ پێناسی رێسایەکی نامێژووی کە لە حوکمی مەرجەع یان پێوەری دیاریکردنی مێژووی ماف و بەهاکانە. بە بڕوای لیو شتراوس ئەگەری ئەوە هەیە بەناوی مافی سروشتیەوە، جۆرێک نایەکسانی بیروڕا یان بەهاکان قەبوڵ بکرێت، چونکە ئەم نایەکسانیانە بنەمای جیاکاری نێوان ڕاست و ناڕاست، ڕەوا و ناڕەوا، قابیلی لێکبوردن و قابیلی لێکنەبوردن دەستەبەر دەکات. بە کورتی ئەوەی بەناوی مافەوە و لەبەرامبەر چەمکی لیبڕاڵانەی لێکبووردندا، دەبێت ئەوە پێناس بکرێت کە قابیلی لێبوردن نیە، و هەندێک لە شێوەکانی لێنەبوردن دابڕێژرێت.

بەڵام بنەما بەدیهیەکەی پێناسەکەی شتراوس جێگەی ڕەخنەیە: (لێکبوردنی ڕەها) بۆ لایەنگرانی لیبڕالیزم بە چ مانایەک (لەگەڵ عەقڵدا گونجاوە)؟ هیچ کەس نەیگووتوە سنوورێک بە پێی عەقڵ بۆ لێکبوردن دانراوە، و ئەوەی قابیلی لێبوردن نیە دیاری نەکراوە. بەپێچەوانەوە زۆر عەقڵانیترە کە چەمکی لێکبوردن بەپێی سنوورێک کە دەبێت بۆی دیاری بکرێت، دەستنیشان بکەین. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە تەنیا لێکبووردنی سنوردار بە عەقڵ گونجاوە: ئەم بنەما بەدیهیە، پێچەوانەی بنەمای بەدیهی تێڕوانینی لیو شتراوسە و دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ دیاریکردنی چەمکی لێکبووردن. ئەوەی کە مێژوو سنووری لێکبوردنی دیاریکردووە و دیاری دەکات، ڕێگر نیە لە ناسینی بەهاکەی. ئایا دەبێت لێبکبووردن لە پێناسە مێژوویەکانیەوە دەرئەنجامگیری بکەین، و لە ململانێی ئەو دەسەڵاتانەی لێکبوردنیان هێناوەتە پێشێ ڕزگار بکرێت، بۆ ئەوەی بە چەمکێکی نامێژووی لێکبووردن بگەین، کە لەبەرئەوەی سەرتاپاگیر و گەردوونیە، قازانجی دەبێت؟ ئایا ئەم پلەیە لە ڕزگارکردن بە جیاکردنەوەی لێکبووردن لە هەلومەرجە مێژووی و سیاسیەکان و لەو پەیوەندی دەسەڵاتانەی کە دەتوانن تەنیا دەرخەری بن، دینمایکیەتی لێکبووردن لەناو نابات؟ . لە ساتەوەختەکانی مێژوودا کە مرۆڤ بیری لێکردۆتەوە، لەڕاستیدا ویستوێتی پەیوەندنی دەسەڵاتە ناسەقامگیرەکان، پێکدادانانی نێوان هاوڵاتیانی وڵات و دەسەڵاتی میرەکان، یان هاوڵاتیان لەگەڵ یەکدیدا، یان گروپێک لە هاوڵاتیان لەگەڵ دەسەڵاتی دەزگاکانی کەنیسەدا بەشێوەیەکی یاسایی سزا بدات. خواستی بەرپاکردنی لێکبووردن (ئەگەر چاوپۆشی لێ نەکرێت) لەسەر بناغەی ڕێسای باڵاتر و پێشینەتر لە مافێکی پۆزەتیڤ کە مێژوو دیاری دەکات، هەرجۆرە ئەگەرێکی دینامیکی بوون لە لێکوبردن دەسێنێت. لێکبوردن تەنیا بە مەرجی بوونی پێشینەیەکی بونیادی دینامیکی دەبێت کە بتوانێت زامنی ڕەچاوکردنی مافەکان و ئەو ئازادیانە بکات کە لەلایەن مەرجەعە جیاوازەکانی دەسەڵاتەوە بە تاک و گروپەکان دراوە. بەکورتی لیو شتراوس تەنیا بەمەرجێک لێکبووردن قەبوڵ دەکات کە بە بەهایەکی ئەخلاقی نامێژووی بناسرێت، و هەر لەبەرئەمەش ئەگەر جێبەجێکردنی کاریگارانە و پراکتیکیانە لەناو دەبات.

دەق:

ئەگەر ئەو بنەمایانەی (بڕوامان پێیەتی) هیچ بنەمایەکیان جگە لە ئارەزووە کوێرەکانی ئێمە نەبێت، هیچ شتێک ڕێگر نابێت لەوەی هەرکارێک ئەنجامبدەین کە دەوێرین ئەنجامی بدەین. وازهێنانی ئەمرۆیی لە مافە سروشتیەکان، ڕوو لە نکوڵیگەری یان لەمیش خراپتر لەگەڵ نکوڵیگەریدا هاوتا دەبێت. ئەمە ڕێگر نیە لەوەی لیبڕاڵە لێبوردوەکانی ئێمە ، وازهێنان لە مافی سروشتی نەک بە ئارامی تەواو، بەڵکو بە خەیاڵێکی ئاسودەوە قەبوڵ بکەن، ئەوان بڕوایان وایە بێتوانای مرۆڤ لەوەی بگات بەوەی بزانێت چ شتێک خۆ بە خۆ باش و ڕاستە، ناچاری دەکات لێبوردوو بێت بەرامبەر بە بیروڕای جیاواز سەبارەت بەوەی باش و ڕاستە، و بەهای یەکسان بۆ هەموو ئاراستە و(شارستانیەکان) دابنێت. تەنیا لێکبوردنی ڕەها لەگەڵ عەقڵدا دەگونجێت. بەڵام ئێمە هەر لەبەرئەمە هەر ئارەزوویەک بۆ لێبوردن لەوانی دی بە مافی سروشتی و عەقڵانی دەزانین، یان گەر بمانەوێت بەشێوەیەکی نیگەتیڤ دەریبڕین، ڕەدکردنەوە یان مەحکومکردنی تێڕوانینە نالێبوردەکان، یان (ڕەهاکان) بەمافی سروشتی و عەقڵانی دەزانین: ئەم مەحکومکردنە دەگەڕێتەوە بۆ پشت بەستن بەو پێشگریمانانەی کە دەکرێت ناڕاستیان بسەلمێنرێت، واتە ئەو ڕاستیەی مرۆڤ توانای ناسینی شتە باشەکانی هەیە.

لە سێبەری ڕەدکردنەوەی (ڕەهاکاندا) ناسینی مافی سروشتی، یان ڕونتر بڵێین تەفسیرێکی تایبەتی چەمکی مافی سروشتی دەبینین کە بەپێی ئەوە تاکە شتێکی پێویست، ڕێزدانانە بۆ جیاوازی و تاکێتی تاکەکان. بەڵام دژیەکیەک لەنێوان ئەم ڕێزگرتنە و ناسینی مافی سروشتیدا هەیە. کاتێک لیبڕاڵەکان دواجار بە زەحمەت سنووردارێتی ڕەهای جیاوازیەکان یان تاکێتی تاکەکەسیان قەبوڵکرد، کە تەنانەت لیبڕاڵترین تەفسیرکەرانی مافی سروشتی دەیانسەلماند، ناچاربوون لەنێوان مافی سروشتی و گەشەکردنی بێ ڕێگرانەی تاکەکەس، یەکێک هەڵبژێرن، و ئەوانیش دوهەمیان هەڵبژارد. ئەو کاتە لێکبوردن وەک بەها یان ئایدیالێک لەناو هەزاران بەها و ئایدیالدا دەردەکەوت، نەک شتێکی باڵاتر لە دژەکەی (واتە لێکنەبوردن). بە دەربڕینێکی تر لێنکنەبوردن بوو بە بەهایەک هاوتا و یەکسان بە فەزیڵەتی لێکبوردن. بەڵام لەڕووی پراکتیکیەوە مومکین نیە مرۆڤ بتوانێت یەکسان بوونی هەموو ئاراستە و بەهاکان قەبوڵ بکات. ئەگەر نایەکسانی بژاردەکان پەیوەندی بە نایەکسانی ئامانجەکانەوە نەبێت، کەوابوو دەبێت پەیوەندی بە نایەکسانی کارەکانی پەیوەست بە بژاردەکانەوە هەبێت. واتە لەڕاستیدا بژاردەی ڕەسەن بەپێچەوانەی بژاردەی گوماناویەوە، دەبێت بەشتێکی زۆر جدی. لەگەڵ ئەمەشدا کارێکی لەمچەشنە زۆرتر لە لێکنەبووردن نزیکە تا لێکبوردن. ڕێژەگەری لیبڕاڵانە ڕەگی لەناو نەریتی لێکبوردنی مافی سروشتی یان ئەو وێنایەدا هەیە کە گەڕان بۆ خۆشبەختی بەو مانایەی هەرکەس تێیدەگات، مافی سروشتی هەر مرۆڤێکە. بەڵام گەر سەرنج بدەین لەڕاستیدا ئەم ڕێژەگەریە تۆویی لێکنەبوردنە، کاتێک تێگەیشتین کە بنەماکانی کاری ئێمە، بناغەیەکی جیاواز لە ئارەزووە کوێرەکانی ئێمەی نیە، ئیدی چیدی بڕوامان پێ نابێت، چیدی ناتوانین بە خەیاڵێکی ئاسودەوە کار بکەین، چیدی ناتوانین وەک مرۆڤی بەرپرسیار بژین. دەبێت بۆ ئەوەی بژین -کارێکی سادەیە- دەنگی عەقڵ خامۆش بکەین. عەقڵێک کە دەڵێت بنەماکانی ئێمە بەهەمان ئەندازە باش یان خراپن کە بنەماکانی کەسانی دی. هەرچی زیاتر عەقڵی خۆمان بەکار بهێنین، زیاتر هانی نکولێگەریمان داوە و لە ئەنجامدا شایستەیەکی کەمترمان دەبێت بۆ ئەوەی وەفادار بین بۆ کۆمەڵگای خۆمان. لە ئەنجامدا دەربازنەبوون لە نکوڵیگەری، تاریکبینی دەمارگیرانەیە. دەرئەنجامی ئەم ئەزموونە ئەوەیە کە دڵبەستنی هەموانی بۆ مافی سروشتی سەرلەنوێ زیندوو کردۆتەوە. بەڵام هەر ئەمە ناچارمان دەکات دورتر بڕوانین، توڕەیی ڕاوێژکارێکی خراپە، نیشانەی نیەتی باشمانە، بەڵام بەڵگەی ئەوە نیە کە ئێمە ڕاست دەکەین. ڕقی ئێمە لە تاریک بینی دەمارگیرانەش نابێت ئێمە ناچار بکات بە تاریکبینیەکی دەمارگیرانە قەبوڵی مافی سروشتی بکەین. هوشیار بین بەوەی پەیڕەویکردن لە ئامانجی سوقرات بە خو و ڕەوشتی تراسیماخۆش مەترسی هەیە. ئەوەی ئێمە بە جیا پێویستمان بە مافی سروشتی هەیە، بەڵگەی ئەوە نیە ئەم پێداویستیە بێگومان تێر بکرێت. ئارەزوو بۆ شتێک، هەقیقەتی هەبوونی ئەو شتە نیە، تەنانەت گەر بتوانین بیسەلمێنین کە هەرکەس دەیەوێت بژی، ناچارە هەندێک ڕەفتار بکات، تەنیا ئەوەمان سەلماندووە ئەو ڕەفتارانە ئەفسانەی ڕزگارین: هەقیقەتی بوونی ئەومان نەسەلماندووە. سوودمەند بوون و هەقیقەت بوون دوو شتی تەواو جیاوازن، ئەو ڕاستیەی عەقڵ ناچارمان دەکات بەرزتر لە ئایدیالی کۆمەڵگای خۆمان بڕۆین، زەمانەتی ئەوە ناکات گەر وا بوو ئێمە ڕووبەڕووی بەتاڵی یان ژمارەیەکی زۆری بنەمای نەگونجاو نابینەوە کە هەمویان بەشێوەیەکی یەکسان لەڕوانگەی مافی سروشتیەوە پاساویان هەیە. لە بەرامبەر کێشەیەکی وا ئەستەمدا مرۆڤ دەبێت بێ تیورەیی و بێ دیدی و بێلایەنی وتوێژ بەرێتە پێشەوە.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: