تاوان دژی دەروونی مرۆڤەکان، یان تاوانی زەمینی

و. ڕێبین هەردی

لێکبوردن هەمیشە بەشێکە لە کۆمەڵەیەک کە ناتوانرێت لێی جیا بکرێتەوە. کاتێک لێکۆڵیارانی دینی سەدەی سیانزە و دادگا ڕەواکانی ئەو سەردەمە ئەو پرسیارەیان هێنایە پێشێ کە ئایا دەبێت لێبووردە بین بەرامبەر لادەرانی دین، کاتێک داوای ئازادی دەربڕین وەک مافی مرۆڤ دەکرا، کاتێک سەرنج لە خەسلەتەکانی لێکبووردن لە بواری بازرگانی و ئاڵوگۆڕی ئابوریدا دەدرا، هەمیشە لێکبوردن یەک مانای نەدەبەخشی. بێگومان دەکرێت مەسەلەی لێکبووردن بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمانی دێرنی دوور: ئایا لەوکاتەوەی کۆمەڵگا درووست بوو، پێویست نەبوو باوەڕ و بیروڕاکان و تیورەکان لەگەڵ یەکدا بگونجێن، بۆ ئەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەیەک نەترازێت، بێ ئەوەی لەهەمان دۆخدا دانانی رێسایەک بۆ لێکبووردن و سنورەکانی پێویست بێت؟ لەبەرئەوەش کە چونیەکی و یەک بڕوای بوونی نەبوو، ، بەڵکو بیروڕاکان جیاواز بوون، ئایا لێکبورددن کێشەیەک نەبوو کە دەبێت چارەسەر بکرێت؟ ئەگەرچی ڤۆڵتێر دەیسەلماند کە یۆنانی و رۆمیەکان لایەنگری لێکبووردن بوون، بەڵام دەبێت سەرنج لەوە بدەین کە ئەوان وێنایەکی ڕاستیان لەسەر لێکبووردن نەبوو: لێکبووردن بیرۆکەیەکی تازەیە کە لە فەزای دینی ئەوروپای سەردەمی ڕینسانسدا سەریهەڵدا.

بەکورتی ئەوە بڵێین کە مەسیحیەتی سەدەکانی ناوەڕاست، پاش کۆنستانتین و بەهۆی باوەڕهێنانی ئیمپڕاتۆترەکانەوە، بوو بە دینی دەوڵەت. کەنیسە و دەوڵەت دوالیزمێکیان پێکهێنا کە لەناو کۆمەڵگایەکی یەکڕەنگدا جێگەیان دەگرت و ئەم کۆمەڵگایە لە سەدەی نۆهەمی میلادیەوە بە کۆمەڵگا ناو دەبرا، و ئەم دوو دەزگایەش بەڕێوەبردنی یەک سەرزەمینی خودایان لە ئەستۆ بوو. هەرچەندە لەسەرەتای سەدەی سیانزەوە، نەتەوەکان هێواش هواش خەبەریان دەبۆوە و حکومەتی سەربەخۆ لە دەسەڵاتدارێتی حوکمرانی پاپیان دادەمەزراند، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بناغەی دەوڵەت و وڵات لەسەر یەکێتی دینی هاوڵاتیان دامەزرابوو. بەڵام لەگەڵ ڕیفۆرمی لۆسەر و کالڤیندا سەرجەم مەسیحیەتی رۆمی (کاسۆلیکوکی) توشی پەشێویەکی بێ وێنە دەبێت: بۆ یەکەمجار لادانی دینی یان هەڵگەڕانەوە درووست دەبێت، کە بەردەوام دەبێت و دەمێنێتەوە، و سەرجەم سەرزەمینەکان دەگرێتەوە (ئاماژە بۆ ئەو وڵاتانەی کە سەرتاپا بوون بە لایەنگرانی ریفۆرم و بوون بە پرۆتستانتی.و.ف) بێگومان پێشتریش لادانی دینی ڕوویدابوو (گروپ یان لقەکانی وەک ئاریانیسم، دوناتیسم، ئالبیژوایی) کە بە توندی سەرکوت دەکرا (و دواتر بەهۆی پشکنینی بیروڕاوە “ئەنکیزیسیون” سەرکوت کرا) و دابەشبوونی کەنیسەی باشوری (ئەرسۆزکسی) مەسیحیەتی بەشێوەیەکی بڕاوە دابەشکرد بەسەر دوو لقدا. لەسەدەی شانزەدا زۆرێک لە کەنیسە لۆسەری، زوینگلینی، کالڤینی و ئەنگلیکیەکان بەشێوەی ئاشکرا دەکەونە دژایەتیکردنی کەنیسای رۆم (کاسۆلیکی) و هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لە دەستە و بزوتنەوە دینیەکان بە حەماسەت و هەوڵێکی زۆرەوە بەپێی خۆیان هەڕەشەیان لە ڕیفورمخوازی دەکرد. جیهانێک لە کەنیسە، دەستە، و بزوتنەوە دینی و دنیایەکان بۆ بەدەستهێنانی مافی ژیان، هەوڵ دەدەن. مەسەلەی تەفرەقەی دینی لەسەرتاسەری ئەوروپادا دێتە پێشێ و دوا بەدوای ئەمەش مەسەلەی لێکبووردن دێتە پێشێ.

هەمەڕەنگی دینی چیدی لەدەرەوەی جیهانی مەسیحیەت نیە، و تەنیا پەیوەندی بە نا مەسیحیەکانەوە نیە، بەڵکو لەناو کۆمەڵگای مەسیحی خۆیدا ڕوودەدات. ئەمەش دوو دۆخی جیاواز پیشان دەدات: لەکاتێکدا بێ بڕوای (بە مەسیحیەت) کە لە دیدی کاسۆلیکەکانەوە شتێکە لە دەرەوەت بڕوای دینیان، مەترسی بۆ هاوسەنگی ناوەکی مەسیحیەت درووست ناکات. لادانی دینی لە چاو ئەوانەوە گەندەڵیە لە مەسیحیەتدا وبناغەکانی دەلەرزێنێت. لە کۆمەڵگایەکدا کە بناغەی یەکێتی دنیایی بریتیە لە چونیەکی باوەڕی دینی (ئەو ڕستە باوەی لە فەرەنسادا هەیە هەر ئەم مانایە دەبەخشێت: ” یەک باوەڕ، یەک یاسا، یەک پاشا”، بە باشی پیشانی دەدات کە یەکێتی باوەڕی دینی بناغەی یاسا و یەکتای دەسەڵاتی سەڵتەنەتە). هەر جیابووبوونەوەیەکی دینی، وەک تەفرەقەیەکی دنیای دەناسرێت و بە یاخیبوون دادەنرێت: لادەرانی دین تاوانکارن بۆ کەنیسە و هەم بۆ کۆمەڵگای مەدەنی بە مەترسی دادەنرێن. مەسەلەی جیاوازی مەزهەبی و دینی دوو ڕەهەندی هەیە: لەلایەکەوە لادانی دینی (کە دیارە تۆمەتی دولایەنەی کاسۆلیک و پرۆتستانەکانە دژی یەک، پرۆتستانتەکان کاسۆلیکیەکان تۆمەتبار دەکەن بە گەندەڵکردنی کەنسیەی سەرەتای مەسیحیەت و ناوەڕۆکی کتێبی پیرۆز) تاوانێکە دژی کەنیسەیەکان و هەروەها دژی سیاسەتمەداران، تەوەرەی سەرەکی یاساکانی سزای دنیایی و دینی، بناغەیەکی یاسایی- سیاسی کامڵ دروستی دەکات. لە لایەکی دیەوە بەپێیی ئەرگۆمێنتێکی دینی، یەکێتی باوەڕی دینی مەرجی ڕزگاری دەروونی مرۆڤەکانە: تەنیا ڕزگاری تاکەکەس لە ئارادا نیە، بەڵکو ڕزگاری سەرجەم کۆمەڵگا لە ئارادایە. لێرەوە لە دیدی بەرژەوەندی ڕزگاری هەموانەوەیە کە دەبێت سەیری مەترسیەکانی ئەگەری لادانی دینی بکرێت. بڕواکە لەسەر ئەوەیە کە دەبێت لادەرانی دینی سزای دنیای بدرێن بۆ ئەوەی لەهەمانکاتدا کە دەرونیان ڕزگار دەبێت، ئەرکی چاکەکاریش پراکتیک کرا بێت، کە هاوکاری رزگاری ئەوانی دی بە ئامانجی زامنکردنی ڕزگارکردنی خود، پێویستی دەکات. هەروەها بەمشێوەیە ئەرکی کۆمەڵایەتی پەیوەندیدرا بە بەرژەوەندی دنیایی تاکەکانی کۆمەڵگاشەوە ئەنجام دەدرێت. لەم حاڵەتەدا بەکارهێنانی مافە دنیایەکان بۆ سزادانی تاوانە مەعنەویەکان، و بەکارهێنانی دەسەڵاتی میرەکان لەم پێناوەدا، بە پێویست و ڕەوا دەزانرێت.

 ئەوە بە بیر بهێنینەوە کە پرۆتستانتەکانیش هەر بەمشێوەیە بیریان دەکردەوە: لۆسەر سەرەتا هاوڕای ئازادی دینی و دژی درووستبوونی کەنیسەی دەوڵەتی بوو. بەڵام دواتر ئەڵمانیا دابەش بوو بۆ شازادەنشینە کاسۆلیکی و پرۆتستانیەکان، بە ڕێسای (Cujus regio , ejus religiaa) (لە دەوڵەت یان شازادەنشینێکدا تەنیا یەک دین دەتوانێت هەبێت، دینی میر). سیاسەتی وتوێژ کە زۆرتر لەلایەن بزوتنەوەی هیومانیزمەوە دەبرێتە پێشێ، ناتوانێت کەنیسە جیاوازەکان ئاشت بکاتەوە. لە فەڕەنسا ئەو دۆخی ئاشتیەی بەهۆی فەرمانی نانتەوە (١٥٩٧) درووست بوو، کاریگەریەکی ڕوو لە کەمی هەیە، وڕێگری ناکات لە سیاستە تازەکانی ئازار و ئەشکەنجەی لادەرانی دین، پشتبەستن بە زۆر، و ناچارکردن بە بڕواهێنان، دوورخستنەوە و ناچ[ارکردن بە پێشوازیکردن لە سوپاکان. بەمشێوەیە پاش ڕیفۆرمی دینی بۆ یەکەمجار  بە دوای جیاوازیە چارەسەنەکراوەکانی کاسۆلیک و پرۆتستانتەکان، مەسەلەی لێکبوردن بەمانا ڕاستەقینەکەی بەشێوەیەکی توندوتیژئامێز دەردەبڕێت: نە سیاسەتی وتوێژ (کە لەبنەڕەتدا لە ساڵەکانی ١٥٣٠ و ١٥٥٥دا پەرەدەسێنێت) بە ئامانجی لانیکەمی ڕێکەوتنی تیوری، ڕودانی رێکەوتنی ڕەوا لەنێوان هەردوولادا دەستەبەر دەکات، و نە ئازار و ئەشکەنجە و بەکارهێنانی توندی لە کرداردا.

لەبەرامبەر لێکنەبووردنی دینیدا کە دەڵێت هەرکەسێک هەندێک لە حوکمەکانی شەرع قەبوڵ نەکات، دەرکراو و نەفرەتلێکراوە (لە دەرەەی کەنیسە ڕزگاری نیە)، لێکنەبوردن نەریتێکە کە ئەگەری پێکەوەژیانی مەزهەبە جیاوازەکان لە وڵاتێکدا قەبوڵ ناکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لێکنەبووردن وەک کردارێکی چاکخوازانە و پاکژانە دەردەکەوێت: تا ماوەیەکی زۆر بۆ ساڵیادی شەوی سن بارتلمی، ڕێ و ڕەسمێک بەڕێوە دەچوو. هەڵە نەکرێت لە سەدەی شەشدا لایەنگرانی لێکبوردن نە لایەنگری حکومەتی عەلمانی بوون و نە دژی کەنیسەیییەکان. هێشتا زۆری ماوە بۆ سەردەمی رۆشنگەری. وتوێژەکان لەنێوان خودی مەسیحیەکاندایە، ئەگەرچی چیدی یەکگرتوو نین. لێکبوردن سەرەتا مەسەلەیەکی دینیە، کە تەفسیرکەرانی کتێبی پیرۆز، دەوری سەرەکی تیا دەبینن. ماوەیەکی زۆری بەسەردا دەڕوات تا ئەم مەسەلەیە لە سنووری دین زیاتر دەڕوات و لەگەڵ بزوتنەوەی عەلمانیکردنی دوڵەتدا پێ بە پێ دەڕوات. دەبێت ئەرگومێتەکانی لەگەڵ و دژ بە لێکنەبووردن بە سەرنجدان لەم دۆخە تاوتوێ بکرێت.

دەوڵەت چۆن دەتوانێت جیاوازی بیروڕا دینیەکان ڕێگە پێبدات؟ ئایا ئەم جیاوازیانە دین و مەزهەب لەڕەگەوە دەرناهێنێت؟ بەمشێوەیە مەسەلەی لێکبووردن بۆ یەکەمجار لە داڕشتنی ئەو یاسایانەی پەیوەندیان بە تاوانی دینی، واتە بە تێکەڵکردنی مافی زەمینی و کەنیسەییەوە هەیە، ئەنجام دەدرێت. لێکبوردن لەم دیدەوە مەسەلەی هەقیقەت، یان ڕوونتر بڵێین مەسەلەی مەرجەعیەتیێک دەگرێتەوە کە بەشێوەیەکی ڕەوا، شیاوە بۆ دیاریکردنی هەقیقەت، مەرجەعێک کە هەقیقەت لای ئەوە و خەلکی پێ فێردەکات. ئەو گۆڕانکاریانەی کە دواتر لە بیرۆکەی لێکبوردندا ڕوویدا ، دەرئەنجامی بژاردەیەک بوو کە بۆ دیاریکردنی مەرجەعی هەقیقەت و داوەریکردن ڕووی دەدا: ئایا ئەم مەرجەعە کەنیسەیە یان کتێبی پیرۆز، ویژدانی تاکەکەسە یان فەرمانی حوکمڕانانی زەمینی؟

——————————

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: