نیگل؛ فرەگەری، بێلایەنی

(لە: یەکسانی و لایەنگری، بەرهەمی نیگل)

و. ڕێبین هەردی

دەزگا سیاسیەکان دەبێت ناکۆکی نێوان بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی تاکەکان و هەروەها کێشەی چەمکی خێر و بەرژەوەندی یان ئەوەی بە خواستی گشتی ناو دەبرێت، چارە بکەن. کێشەیەک کە ڕووبەڕووی هەموو رژێمە سیاسیەکان دەبێتەوە، بەرلەوەی پەیوەندی بە ناکۆکی بەرژەوەندیەکانەوە هەبێت، پەیوەندی بە دیاریکردنی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانەوە هەیە. لەبەرئەوە بەبڕوای تۆماس نیگڵ قەبوڵکردنی بنەمای بێلایەنی لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ سازشکردنی تاکەکان کە شتێکی پێویستە، بەس نیە. لەڕاستیدا بێلایەنی ڕێگر نیە لەوە چەمکێکی تایبەت بۆ خێر و بەرژەوەندی گشتی، خۆی بسەپێنێت. بێلایەن بوون پێویستی بە قەبوڵکردنی هەندێک بەها و هەروەها پێویستی بە ئێرادەی سەپاندنی ئەو بەهایانە بەوانی دی و سوودوەرگرتن لە ئامرازەکانی ناچاکردنی و فشاری دەسەڵاتی حکومەت هەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. لەم حاڵەتەدا ڕەوایەتی دەسەڵاتی حکومەت لە لایەن کەسانێکەوە کە بەهای دیان قەبوڵکردووە مومکین نیە: ئازادی تاکەکەس ناتوانێت بەو بەهایانە سنووردار بێت کە لە دیدی تاکەکانەوە قەبوڵکراو نیە.

بە بڕوای نیگڵ لێکبوردنی لیبڕاڵانە بە درووستکردنی جۆرێک بێلایەنی ئاست بەرز، ڕێگە چارەی ئەم ناکۆکیەیە. ئەم بێلایەنیە پشتی بەهیچ چەمکێکی تایبەت خێر و بەرژەوەندی نەبەستووە، و “ئێمە بەوێ دەگەیەنێت کە هەموو شێوازەکانی ژیانکردن بە بەهادار بزانین”. کەوابوو بە تەنیا لێبووردن بە مانای  قەبوڵکردنی کاتی تیورەی ئەوی دی، ئەویش بۆ تێگەیشتن لێی لە ئارادا نیە، چونکە لەم حاڵەتەدا چەمکێکی تایبەت بۆ خێر وبەرژەوەندی ناخرێتە لاوە، بەڵکو تەنیا بە لێکۆڵینەەی چەمکەکانی دی واز دەهێنرێت. ئەمجۆرە تێگەیشتنە بۆ لێکبوردن، بەتەواوی حاڵەتی ئامرازێک بە لێکبووردن دەدات و ئامانجی ئەوەیە خێر و بەرژەوەندی گشتی، لەسەر بناغەی بەها تایبەتیەکان دیاری و ڕێک بخات. جگە لەمە بێ لایەنی وەک زۆر حاڵەتی تر لە تیورە لیبڕاڵیەکانی لێکبووردندا بەمانای خۆلادان نیە لە بابەتی بیروڕا ئەخلاقی یان مەزهەبیەکان، کە سنووردارە بە بواری تایبەتی.. جیاکاری نێوان بواری گشتی و تایبەتی بۆ بناغەدانان بۆ لێبوردنی واقعی بەو مانایەی ڕێز لە ئازادی تاکەکەسی بگرێت و سنوورێک بۆ دەستوەردانی دەوڵەت دابنێت، بەس نیە: ئەمە خۆی هەڵبژاردنێکی لایەندارانەیە. “لێرەوە بە بڕوای جان راوڵز ئەگەر لیبڕالیزم بەسترابێتەوە بە ئایدیا ئەخلاقیەکانی سەربەخۆیی و تاکگەری، ئەوا جگە لەدەمارگیریەکی گروپیانە وەک دەمارگیریەکانی دی نابێت”. هەر لەبەرئەمە نیگڵ دەیەوێت چەمکێکی تری لێکبوردن بخاتە بری چەمکی لیبڕاڵانەی لێکبووردن: دەوڵەت دەبێت قەبوڵی بکات کە هەر کەس شێوەی ژیانکردنی خۆی هەبێت، بەو مەرجەی ئەم شێوەیە ناکۆک نەبێت بە ئازادی ئەوانی دی.  لێبوردن دەبێت سازش لە نێوان بێلایەنی دەوڵەت و فرەییدا درووست بکات. بێلایەنی دەوڵەت لە هەڵبژاردنی تاکەکەس و گروپەکاندا، بیرۆکەیەکی تازە نیە. جۆن ستیوارت میل ڕەگی ئەم بێلایەنیە دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕەخنەگرتن لە بەرژەوەندیخوازی ئینگلیزی لەسەردەمی مەلیکە ڤیکتۆریادا، بەرگری لە ئازادی تاکەکەس دەکات لەبەر جیاوازی تاکەکان. حوکمڕانی تاکەکەس دەبێت لەسەر بنەمای سەربەخۆیی قەبوڵ بکرێت. بە دەربڕینێکی تر کاتێک شێوەیەکی ژیانکردنی ئایدیالی بەدی دێت، کە دەوڵەت یان ڕای گشتی نەیسەپاندبێت. چونکە تاکەکان دەبێت بتوانن خۆیان شێوەی ژیان گونجاوی خۆیان هەڵبژێرن. کەوابوو بەرگری لە لێکبووردن بەناوی سەربەخۆی تاکەکانەوە، لەسەر بناعەی تێگەیشتنێک بۆ کۆمەڵگا ڕاوەستاوە، کە پیشاندەری بەهای فرەیی و بێلایەنی دەوڵەت بێت: ئەگەر دەوڵەت دەبێت سەربەخۆی تاکەکەس و گروپەکان بەپشتیوانیکردنیان لەبەرامبەر ئەو زیانەی دەکرێت دولایەنە بەیەکی بگەیەنن بپارێزێت، ئەوا دەبێت خۆی لە قەبوڵکردنی چەمکێکی تایبەت بۆ خێر و بەرژەوەندی بپارێزێت. بەڵام پێویستی بێلایەنی دەوڵەت هەندێک کێشەش دەهێنێتە پێشێ. ئایا دەوڵەت دەبێت لە هەڵبژاردنە تایبەتیەکان خۆی دوور بخاتەوە، و تاک و گروپەکان ئازاد بکات بۆ ئەوەی ئەو شێوە ژیانەی بە باشترینی دەزانن بگرنە بەر، یان بە پێچەوانەوە هاوڕێیەتی تاک و گروپەکان بکات لەبەردەوام بوون بەو ژیانەی خۆیان هەڵیان بژاردووە؟ لێرەدایە کە مەسەلەی بەڕێوبەرایەتی هاوبەش دێتە پێشێ. ئەگەر دەوڵەت شێوازێکی بێلایەنە واتە شێوازی بێلایەنی و بێ گرنگی پێدان بگرێتە بەر، ئەوا گروپە کەمایەتیەکان یان ڕێکخراوەکان دەبێت چاوەڕێ بکەن کە هەندێکیان لەناوبچن، یان هەندێک لە خواستەکانیان فەرامۆش بکرێت. لەوانە ژمارەیەک زمانی کەمایەتی کە پێویستیان بەهاوکاری بەهێزی دەسەڵاتە گشتیەکان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن بمێننەوە. بەڵام ئایا هاوکاری وا، لەگەڵ بێلایەنی دەوڵەتدا دەگونجێت؟ دەستوەردانی دەوڵەت بۆ بەرگریکردن لە کەمایەتیەک ڕەنگە وەک وازهێنان لە بێلایەنی تەماشا بکرێت: دەوڵەت بەپشتوانیکردنی گروپێک، دەبێتە لایەنگری ئەو گروپە و چیدی بێلایەن نابێت. لەگەڵ ئەمەشدا ئایا بێلایەنی واقعی ئەوە نیە دەوڵەت بە بەخشینی توانا بە کەمایەتیەکان بۆ ئەوەی لەبەردەم زۆرینەدا دۆخێکی نالەباریان نەبێت، بەرگری لە فرەیی بکات؟ دەوڵەت بە دەستوەردان لە کاری گروپەکان، بەشێوەیەکی ناکۆکی ئامێز، هەم بێلایەنی خۆی و هەم فرەیی دەپارێزێت، دەوری دەوڵەت ئەوە دەبێت کە هەمیشە هاوسەنگی لەنێوان ئەو گروپانەدا درووست بکات کە کۆمەڵگا پێکدەهێنن.

دەکرێت کێشەی پەیوەندیدار چەمکی لیبڕاڵانەی لێکبوردنەوە، سەرلەنوێ پێناس و فۆرمەلە بکرێتەوە: دەوڵەت لە هەندێک دۆخدا ناتوانێت بە قازانجی گروپێک و بە زیانگەیاندن بە گروپێکی دی یان بە قازانجی هەندێک لە گروپەکان و بە زیانگەیاندن بە گروپەکانی دی، و یان بەقازانجی شێوەیەک ژیانی تایبەت بە زیانگەیاندن بە شێوەکانی تر، هەنگاو نەنێت. بۆ نموونە سیاسەتی دەوڵەت لەبەرامبەر ئازادی پەیوەندی جنسی. ئەگەر لێکبوردن بەرامبەر بێ پەردەی جنسی لەگەڵ کۆمەڵگای لیبڕاڵدا دەگونجێت، بەو مانایەی قەدەغەکردنی خوێندنەوەی بەرهەمە بێ پەردەکان، بە دەستدرێژی بۆ سەربەخۆیی تاکەکان دابنرێت، ئەوا دەکرێت بەهەمان بەهانەوە قەدەغە بکرێت. لەم گریمانەیەدا بڕواکە ئەوەیە بڵاوبوونەوەی بەرهەمە بێ پەردەکان، ڕێگری لە ژنان دەکات لەوەی هەمان سەربەخۆییان هەبێت، چونکە (ئەم جۆرە کارانە) پێگەی ژنان دێنێتە خوارێ یان دەیانکات بە ئامرازێکی جنسی. بەمشێوەیە لێکوبردنێک کە لەسەر بناغەی بێلایەنی دەوڵەت دامەزرابێت، بەر ڕێگری فرەیی دەکەوێت. هەر بەمشێوەیە دانانی رۆژی یەک شەمە بە پشوو کە پێشاندەری لایەنگری دەوڵەتە بۆ بیروڕا و یان ڕێبازێکی دینی دیارکراو، یان بە پێچەوانەوە نەکردنی یەکشەمان بە پشوو، پیشاندەری لایەنگری دەوڵەتە بۆ نادینیەکان. دەولەت کام لەم دوو ڕێگە چارەیە هەڵبژێرێت، بێلایەنی خۆی لەدەستدەدات. فرەیی هەمیشە لەگەڵ بێ هودەییدا ناگونجێت، چونکە بەهاگەلێک بە ڕێگەپێداراو دەزانیت کە تەنانەت گەر دەربڕینی بۆ تاک یان گروپەکان بەردەست بخات، لەگەڵ یەکدا ناگونجێن. فرەیی هەم ناچاریە و هەم نامومکینە. ناچاریە چونکە قەبوڵی دەکەین کە تەنیا یەکشێوەی ژیانی ئایدیالی بوونی نیە، نامومکینە چونکە بەهاکانی مرۆڤ نەک فرە و هەمەڕەنگن، بەڵکو ناکۆک بەیەکیشن.

دەق:

ئەوەی من بە قەبوڵکردنی چەمکی ئەمەریکی ووشەی لیبڕالی، بە لێکبوردنی لیبڕاڵانە ناو دەنێم، لەسەر بناغەی بێلایەنیەکی باڵاتر ڕاوەستاوە کە ناچارمان دەکات بەها یەکسانەکانی جۆرە جیاوازەکانی ژیان بناسین. بێ لایەنی لە نێوان کەسەکاندا ڕەگی لە چەمکێکی دیاریکراوی خێر وبەرژوەندیدا هەیە کە چەمکەکانی دی نیانە. بەڵام بێلایەنی باڵاتر کە لە من بیری لێدەکەمەوە، ڕێک پەیوەندی بە ناکۆکیەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکانی سەرەتاوە هەیە کە پشتی بە چەمکە ناکۆکەکانی خێر و بەرژەوەندی بەستووە. ئەم ناکۆکیەی تیورە جیاوازەکان لەبارەی خێر و بەرژەوەندیەوە و لە ئەنجامدا لەنێوان تیورە جیاوازەکانی پەیوەندی بە خواستی گشتیەوە هەیە- نەک تەنیا بە بەرژوەندیە تایبەتیەکانەوە- لەو جۆرە ناکۆکیانەیە کە هەر دەزگایەکی سیاسی یاسایی دەبێت چارەسەری بکات، و پیشانی بدات کە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ڕەفتارێکی دادگەرانەی هەیە. لە ڕوویەکی پێچەوانەوە بڕوا لەسەر ئەوەیە لەڕووی رێنوێنی(توجیە) سیاسیەوە دەبێت ئەوەی بە خێر و بەرژەوەندی هەمووان دادەنرێت، تەنانەت گەر جگە لە تێرکردنی خواستە فەردیەکان نەبێت، پشت ببەسترێت، و ئەمەش بە تەنیا بۆ دڵنیابوونە لەوەی کە دەزگای سیاسی لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیدا، بەسەرنجدان لە تێروانینێکی دیاریکراو بۆ خێر و بەرژەوەندی، ڕەفتارێکی بێلایەنی دەبێت.

بەڵام دەکرێت  چ مانایەکی  لۆژیکی یان ئەخلاقی بەم بێلایەنیە لە ئاستی باڵاتر دا بدرێت، کە ئێمە گریمانەمان کردووە؟ ئەمە کێشەیەکی عەقڵی و فکریە. پێدەچێت دەبێت سەرقاڵی خۆمان بۆ خێر و بەرژەوەندی مرۆڤەکان، بکەینە پەیڕەوی شتێکی دی بە بێ ئەوەی بە ڕوونی بزانین ئەو شتە چیە و بۆچی ئەم ئیمتیازەی پێ دەدرێت. ئایا لە کاتێکدا بڕوامان بە ڕەگەزی بێلایەنی لە دیدی ئەخلاقی خۆماندا هەیە، بە قەبوڵکردنی ڕوانینی ئەوانی دی تا ئەو شوێنەی پێویست بووە (ڕەنگیشە تا ئەو شوێنەی مومکینە) نەچوینەتە پێشێ؟ پاڵنەری بێلایەنی لە ئاستێکی باڵاتردا زیاد لەو پاڵنەرەی کە ئێمە وا ڵێدەکات ئارەزووی ژیانێکی شایستە بۆ هەمووان بکەین، ئاڵۆزە.

ئەم پاڵنەرە تەنانەت ئەوەندە ئاڵۆزە کە نەیارانی تیورەی لیبڕاڵانەی لێکبوردن، زۆرجار گومان دەخەنە سەر نیەت باشی ئەمانە بۆ ڕاگەیاندنی بێلایەنی خۆیان.

ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لیبڕاڵەکان لە هەمووان داوا دەکەن پشت بەستن بە هێزە گشتیەکان(دەوڵەتی) بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەخلاقی و مەزهەبیەکان کە جێگەی جیاوازین، کەم بکەنەوە. پێدەچێت بە وردی و بەشێوەیەکی تەواو گوماناوی ئەم سنووردارێتیانە بە قازانجی چەمکە ئەخلاقیەکان کار بکات، کە جێگەی بۆچونی جیاوازن و لیبڕاڵەکان ستایشیان دەکەن.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: