ڤالترز؛ لێبوردن و فرەکلتووری

(لە وتارێک لەبارەی لێکبوردنەوە، بەرهەمی ڤاڵترز)

و. ڕێبین هەردی

بە بڕوای مایکل ڤاڵترز فەیلەسوفی ئەمەریکی و سیمای دیاری سوشیالیزمی لیبڕاڵانەی ئەمەریکی، سیاسەتی دیموکراتی ئەمرۆ هاوڕێی دوو جۆر لێکبوردنە: چونیەککردنی تاکانە یان ناسینی بەکومەڵ. ئەم دۆجۆرە لێکبوردنە بە جیاواز لەیەک ناسراون. هەندێکجار لێبوردوو دەبین بەرامبەر بە گروپەکان(واتە: واز لە سەرکوتکردن دێنن و گروپەکەش لەڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و یاساییەوە قەبوڵ دەکەن)، و هەندێکجار لەگەڵ ئەو کەسانە لێبوردە دەبن کە لە گروپ جیابۆتەوە. شۆڕشگێڕانی فەڕەنسی بەمشێوەیە بەناوی چونیەککردنی تاکەکەس لەگەڵ کلتوری هاوبەش لە دەوڵەتی نەتەوەییدا، زۆرتر تاکەکەسیان وەک بابەتێک بۆ ئەرک و ماف دەناسی، تا وەک ئەندامی فڵان یان فیسار گروپ. ئەگەرچی دوایی لیبڕاڵەکان و دیموکراتەکانی پاش شۆڕش هەوڵیاندا  بە ئاراستەی دۆزینەوەی بونیادگەلێک بۆ قەبوڵکردنی کەمایەتیە نەتەوەییەکان هەنگاو بنێین، بۆ ئەوەی بتوانن کلتوری خۆیان پەرە پێبدەن، بەڵام پابەند بوون بە کۆمار، بەرگری کلتووری باڵادەست بەرامبەر بە چونیەککردن کە ئەوان دەستەبەریان کردبوو، ئەو هەنگاوانەی سنووردار دەکرد.  بە کورتی کەمایەتیەکان ڕێکخراوی بەرگری بەهێزیان درووست کرد، بەڵام تاکەکان وەک تاکەکەس پەیوەست بوون بە دەوڵەتی نەتەوەییەوە. لێکبوردن لەم دیدەوە بۆ ئەو تاکەکەسانە بوو کە وازیان لە گروپی خۆیان دەهێنا، و لەگەڵ کلتووری نەتەوەیدا هاوشێوە دەبوون. بەڵام شێوەی دوهەمی لێکبوردن پەیوەندی بە چونیەککردنی تاکەکانەوە نیە، بەڵکو سەبارەت بە جیاکردنەوەی گروپەکانە بەو مەبەستەی هەر یەکێکیان وەک شوناسی گروپی خۆیان، دەنگ و شوێن و ئامرازی جێبەجێکردنی سیاسەتی خۆیان هەبێت، بۆ گەیشتن بەم مەبەستەش وا مەزەنە دەکرێت کە تاکەکەس تەنیا لە پابەندبوون بە گروپێکی کلتووری تایبەتەوە، درووست دەبێت و بوونی دێتە دی. بە بڕوای مایکل ڤاڵترز لێکبوردن بەم پێناسەیە (کە چیدی تاکەکان ناگرێتەوە) لە پرۆسەی داماڵینی سەنتەریزم و دەستگەیشتن بە سەربەخۆی و حوکمڕانی گروپە تایبەتیەکان (کە بە زاراوە نەتەوەیی و دینیەکان دیاری دەکرێت) درووست دەبێت.

بەڵام جۆرێکی سێهەمی لێکبوردنیش هەیە کە ئەمجارە پۆستمۆدیرنانەیە.  ئەگەر دەشێت دوو جۆرەکەی لێکبوردن هەندێکجار بەیەکەوە بونیان هەبێت. ئەوا “پێکەوە ژیانی گروپە بەهێز و تاکە ئازادەکان، چەند ئەستەم بێت، هەمیشە یەکێکە لە خەسڵەتەکانی تازەگەری”. لە ڕاستیدا کاتێک جیاوازیەکان بەمشێوەیە لەهەموو شوێنێکدا پەرش و بڵاو بوبێتەوە کە چیدی هیچ هێڵێکی جیاکەرەوە لەنێوان گروپە دیاریکراوەکاندا نەمێنێتەوە، بەڵکو لەنێوان تاکەکان تێپەڕێت، ئەو کاتە بە بڕوای ڤاڵترز شایەتی جۆرێک “فرە کلتووری بەرفراوان دەبین، ئەم فرە کلتوریەش نەک هەر پێویستی بە لێکبوردن لەنێوان گروپەکان، بەڵکو لەنێوان تاکەکانیشدا هەیە، کە چەند شوناسێکیان دەبێت و لەیەککاتدا پابەند دەبن بە چەند گروپێکەوە”. ئەم شێوە تازەیەی فرە کلتووری کە لەتاک بە تاکی کەسەکاندا درووست دەبێت، مەترسی فەندمەینتالیزمی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، کە دەرئەنجامی حەسرەت و ئارەزووی گروپە چونیەک و (ویژدانە یەکگرتووە) لە دەستچووەکانە، و لانیکەم ئەو مەترسیەی دەبێت کە سەقامگیری و هاوسەنگی تاکەکان بلەرزێنێت کە شوناس و پابەندبوونی جۆراجۆریان هەیە.

دەرئەنجامی ئەمجۆرە سێهەمەی لێکبوردن چی دەبێت؟ ڤاڵترز دەڵێت ئەگەر هەقیقەت بڵێین، هیچ دڵنیایەک نیە چیدی بتوانین باسی لێکبوردن بکەین. ئەو ئەنجومەنە ناسەقامگیرانەی لە تاکەکان درووست بوون، لەڕاستیدا کۆمەڵێک ئەنجومەنی ناسەقامگیر دەبن کە دڵبەستن و زویروبونە فەردیەکان ڕێبەرایەتیان دەکات و لەبەرامبەر فرەییدا  بەگریمانەی زۆر تەسلیمبوون و ڕەزامەندی، بێ هودەیی و رەواقیگەری دەگرنە بەر. هەرکەسێک شوناسی دیاری خۆی نەناسێت، ئەوی دی بوونیش ناناسێت. بەکورتی ئەوەی پەیدا بوونی مرۆڤە ئازادەکان لە کۆمەڵگا دیموکراتیەکاندا، نیشانەی (کۆتایی ئەو سیاسەتانەیە کە پەیوەندی بە جیاوازیەکان و گفتوگۆکانی هەنوکەوە هەیە سەبارەت بە پەیوەندی دەسەتەجەمعی و مافە فەردیەکان). بزوێنەری ڕێگە چارەی ئەمە : “دەبێت شێوازەکانی لێکبوردن درووست بکرێن کە گروپە جیاوازەکان بەهێز بکات و ببێتە هۆی ئەوەی تاکەکان خۆیان  لەگەڵ گروپێک یان چەند گروپێک چونیەک بزانن”. پۆستمۆدێرنە تەنگژەی (نێوان هاوڵاتیان و ئەندامانی گروپەکان  لەلایەک و کەسە بێگانە کلتوریەکان لە لایەکی دیەوە) ئاشکرا دەکات. لەبەرئەمە دەبێت جیاوازی لە دوو ئاستدا تاوتوێ بکرێت: لێبوردن و پشتیوانی کردن لە جیاوازی لە ئاستی تاکەکەسیدا بەو ناوەی کە تاکەکان، هاوڵاتیانی یەک وڵاتن و لەبەرامبەر هەرجۆرە پابەندبوون بە گروپێکەوە ڕادەوەستن، و لە ئاستی سیاسیشدا لەو ڕوەوە کە تاکەکان خۆیان بڕیار دەدەن ببنە لایەنگری نەریتێکی کلتوری یان دینی هاوبەش. دەکرێت جێگۆڕکێ و جوڵەی تاکەکان، بە وەستاوی گروپەکان هاوسەنگ بکرێتەوە، و مەترسی ئەوەی گروپەکان بەم وەستاویە، دەرگا لە خۆیان دابخەن، بە پابەندبوونی تاکەکان بە چەند گروپێکەوە، سنووردار دەبێت. بەمشێوەیە تێکەڵبوونی تاکەکان بە شوناسی جیاوازەوە کە کۆمەڵگای پۆستمۆدێرن درووست دەکەن، نوێنەری فرە کلتورری تازەیە کە لە تەنگژەی نێوان تاکگەری و فرە گروپیدا، جۆرێک لێبوردنی تایبەتی خۆی پێویستە.

دەق:

دوا جۆری لێکبوردن کە دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە، شێوەیەکی تری لێکبوردن و ڕەنگە نەخشەیەکی پۆستمۆدێرنانە بێت. لەو کۆمەڵگایانەدا کە کۆچبەران قەبوڵدەکەن (وەک دەوڵەتە نەتەوەییەکان\ دەوڵەت نەتەوەکان کە لێرە بە دواوە لەژێر فشاری هێرشی کۆچبەراندان) خەڵکی دەستیان بە ئەزمونکردنی ڕاستیەک کردووە، بێ هیچ سنوورێکی دیاریکراو، بێ هیچ شوناسێکی سەقامگیر کە بەڕوونی جیاوازە. پرۆسەی جیاوازی بەجۆرێک پەرەدەسێنێت، کە دواجار لە هەموو شوێنێک و لەهەموو کاتێکدا بەجۆرێک لە جۆرەکان بەرچاو دەکەوێت. تاکەکان لە ئەڵقەکانی داوی گروپی کەمایەتی خۆیان ڕادەکەن و بە ئازادانە لەناو زۆرینەدا دەتوێنەوە، بێ ئەوەی بە ناچار لەگەڵ شوناسی هاوبەشی هەموواندا چونیەک بن. چاودێری گروپەکان بەسەر تاکەکانی خۆیانەوە ئەمڕۆ لە هەموو کات کەمتر بووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەناو نەچووە. دەرئەنجامی ئەمەش ئاوێتەبوونی بەردەوامی تاکەکانە لە شوناسێکی تازەدا کە ماهیەتەکەی بەتەواوی ڕوون نیە.   تاکەکان لەگەڵ یەکدا هاوسەرگیری تێکئاڵاو دەکەن و لەبەرئەمە فرە کلتورریەکی توند و پانتاییەک، نەک تەنیا لە ئاستی کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی گشتی، بەڵکو لەنێوان ژمارەیەکی ڕوو لە زیادی خێزانەکان و تەنانەت ڕوو لە زیادی تاکەکاندا درووست دەبێت.(….) ئەمرۆ لێکبوردن لەناو خانەکاندا دەست پێدەکات کە دەبێت ئاشتی نەتەوەیی، دینی یان کلتووری زۆرتر لەگەڵ هاوسەران، خێزانەکانی هاوسەران و نەوەکانیاندا، تەنانەت لەگەڵ کەسایەتی دولایەنە یان دابڕواوی  خویاندا درووست بکەن.

ئەمجۆرە لێکبووردنە کاتێک هەر دوو لای هاوکێشەکە هێشتا یادەوەری گروپەکەی خۆیان و ویژدانە یەکگرتوەکانی ئەندامان ئەو گروپەیان پاراستووە، تەنانەت نوستالیجیایان بۆی هەیە، بەتایبەتی بۆ نەوەی یەکەمی خێزانە تێکەڵاوەکان و ئەو کەسایەتیانەی لەناوەوە دوو کەرت بوون، کێشە ئامێزە. فەندەمینتالزیم دەرکەوتی ئەمجۆرە نۆستالیجیایە. وەک پێشانم دا ئەمجۆرە فەندەمینتالیزمە لەبەرامبەر جۆرەکانی تری ڕاست دینی، لێکنەبووردنی کەمتر پێشان دەدات تا لەبەرامبەر بە نا دینی بوون. ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆی جیاوازی دەتوانێت تەنانەت لەو کەسانەشدا کە هیچ ئارەزوویەکی فەندەمینتالیامیان تێدا نیە، ببێتە هۆی ناهاوسەنگییان. لە ڕاستیدا زوربەی مرۆڤەکان وەفادار دەمێننەوە بۆ گروپەکەی خۆیان (یان لانیکەم حەسرەت دەخۆن بۆ جیابوونەوە لێی کە خۆیان یان دایک و باوک و باپیرە و داپیرەیان پەیوەندی مێژوویان پێوەی هەیە).

بۆ چرکەیەک نەوەکانی دوایی سەردەمی پۆستمۆدێرنە بهێنینە پێشچاو کە لەو ژن و پیاوانە پێکهاتووە کە لەو پەیوەندیە پچڕاوون؟ کە (من)ی خۆیان درووست دەکەن. بە بێ ئەوەی پشت بە پاشماوە پەرش و بڵاوەکانی کلتورەکان و دینە دێریەنەکان ببەستن یان پشت بە شتێکی دی ببەستن کە بتوانێت وەک مەرجەعێک وابێت بۆیان. ئەم تاکانەکە لەهیچەوە دەست پێدەکەن و تەنیا کوڕی کاری خۆیانن، ئەنجومەنگەلێکیان درووست کردووە کە بێگومان ئەنجومەن گەلێکی ناسەقامگیر دەبن، و هەر ئەوەندەی بە پێگەی جێی سەرنجتر بگەن، لێک هەڵدەوەشێنەوە. ئایا لەم هەلومەرجانەدا لێکبوردن و لێکنەبوردن جێگەی خۆی بەو جوڵانە نادات کە دەرئەنجامی دڵبەستن و زویربوونی شەخسیە؟ ئایا وتوێژی گشتی و ململانێی سیاسی لەو بارەیەوە کە چ شتێک -و تا چ ئەندازەیەک- شایەنی لێبووردنە، جێگەی خۆی بە سۆز و هەژانە تاکەکەسیەکان نادات؟ لەم ڕوانگەیەوە ئەستەمە بتوانرێت ئومێد هەبێت بۆ ئایندەیەکی بچوکیش بۆ لێکبوردن. هەستدەکەم کاردانەوەکانی ئێمە سنووردار دەبێت بە تەسلیمبوون و بێ هودەیی، ڕەواقیگەری، سۆز و هەژان لەبەرامبەر داب ونەریت و بیروڕای ناباوی هاوڕەگەزە پۆستمۆدێرنەکانمان. بەڵام لەبەرئەوەی ئەمان لە دیدی ئێمەوە بەشێک نین لە هیچ ووتەزایەکی دیاریکراو، ئەوا کاردانەوەکانی ئێمەش ناتوانێت ملکەچی هیچ نمونەیەکی ناسراو بێت.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: