ڕاپۆرتی پەپووسلێمانکە؛ یان وێرانکردن و بونیادنانەوەی دونیا

ڕانانی: ئیدریس عەلی

هەندێک کتێب هەن، ناونیشانەکەی خوێنەر پەلکێش دەکەن، هەشن نووسەرەکەی و ئەو ناوبانگ ڕابردوو و ئەزموونەی لە بواری ئەدەبیاتدا هەیەتی، لێ بۆ من هەندێ جار پێچەوانەیە، پێش ناونیشان و ناوبانگی نووسەرەکە، ناوی وەرگێڕ کەمەندکێشی خوێندەوەیم دەکات.

جەلیل کاکەوەیس، یەکێکە لەو وەرگێڕکارانەی نێو دونیای ئەدەبیاتی ئێمە، کە تەنها بەوەوە ناوەستێ کتێبی باشمان بۆ هەڵبژێرێت، بەڵکو باشترین زمان و جۆری دڕشتنەوەمان پێشکەش دەکات، لەسەر دەستی ئەم پیری وەرگێڕانە و چەند دانەیەکی هاوشێوە، زمانی کوردی گەشە دەکات و وشەکان لەسەر زاری خوێنەر تام و چێژێکی جودا دەدەنەوە، بێگومان ئەمەش هەر وا لە خۆڕا نەهاتووە، بەڵکو بەرەنجامی ئەزموونێکی دوورودرێژ و خوێندەوە و شەونخونی و تێڕامانە، بە دیار کتێب و دونیا و مانەوەیە لە گۆشەگیری و خەڵوەتێکی هەمیشەییدا.

ڕۆمانی (ڕاپۆرتی پەپووسلێمانکە) نوێترین ڕۆمانی وەرگێڕدراوی ئەم پیری وەرگێران و خەڵوەتنشینەی نێو دونیای ئەدەبیاتی ئێمەیە، ئەم ڕۆمانە لە لایەن نووسەری یەمەنی (حەبیب عەبدولڕەب سرووری) نووسراوە و بە زمانە جوان و پاراو و شیرینەکەی (جەلیل کاکەوەیس) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

 هەر لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدا، خوێنەر بەر کەش و زمان و تەکنیکێکی جیاواز دەکەوێت لەچاو ئەو ڕۆمانانەی کە پێشتر خوێندونیەتییەوە، بۆیە وا پێویست دەکات، خوێنەر لە گەشتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا، بڕێک چاوکراوەتر و بە هۆش و گۆشتر بێت، چونکە گەشتەکە دوورودرێژە و لە میانەی ژیانی (ئەبوعەلای مەعەڕی)یەوە، شۆڕدەبێتەوە بۆ نێو مێژوویەکی دێرین و سەرەتای دروستبوونی مرۆڤ و گەردوون و گەشەسەندنی کۆمەڵگا و پەرەسەندنی هزری مرۆیی، کە بە پێی قۆناغەکان و ئەو ململانێیەی لەو ڕۆژگار و سەردەمانەدا لە نێوان خورافە و ئاوەزدا دروستبووە، لە میانەی چەند دەنگێکی جیاجیاوە، خوێنەر بەر زەمەنی جیا و ڕوودا و گێڕانەوەی جیاواز دەکەوێت، نووسەر لەم ڕۆمانەدا، ورد و قووڵ و فرە ڕەهەند ڕۆچووەتە نێو بونیادی فیکری و سایکۆلۆجی و دونیابینی و ئەو قۆناغە هەستیارەی کە بیرمەندێکی بە ئاوەز و شاعیرێکی فەیلەسووفی وەک ئەبوعەلای مەعەڕی تێیدا ژیاوە، فییگۆری کەسایەتییەکی لەو شێوە، کە چەندین قەڕن پێش فەیلەسووفانی یۆنان و خۆرئاوا، ئاوەزی خستۆتەگەڕ و بە پڕۆژەیەکی گەورەی فیکری و ڕۆشنبیرییەوە کاری لەسەر گۆڕینی عەقڵ و دونیای دواکەوتووی عەرەب کردووە، خۆی لە خۆیدا پێویستیی بە باگراوندێکی قووڵی ڕۆشنبیری هەیە، کە بە هۆیەوە وێنای ئەو ڕۆژگارەمان بۆ بکێشێت و بەو تەکنیک و شێوازە بەرز و سەردەمیانەوە، ڕۆمانێکی مەزنی وەک ڕاپۆرتی پەپووسلێمانکەی پێ بنووسێتەوە.

پێدەچێت ئەم نووسەرە یەمەنیە، ناوێکی نوێ بێت لە کتێبخانەی کوردیدا و خوێنەری کوردیزان پێشتر بەر هیچ تێکستێک و ئەزموون و شارەزاییەکی نەکەوتبێت، لێ بە هۆی ئەم ڕۆمانەوە تێدەگەین کە ئەم نووسەرە (حەبیب عەبدولڕەب سرووری) چ شارەزاییەکی فرەی هەیە لە بوارە جیاجیاکانی مێژوو و فیکر و فەلسەفە و میتافیزیکا و میتۆلۆجیا و دروستبوونی گەردوون و شیعر و ئەدەبیات و کولتوور و شارستانییەتە کۆن و نوێکان، هەر لەبەر ئەمەیە کە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ڕۆمانی (ڕاپۆرتی پەپووسلێمانکە)دا، تەنها چێژ لە زمان و گەڕان و عەشق و گێڕانەوە و کاراکتەرە سەیروسەمەرەکان نابیبنێت، بەڵکو دنیایەک زانیاری بەدەست دێنێت سەبارەت بە شوێن و دیاردە گەردوونیەکان و دروستبوونی دونیا و قۆناغەکانی گەشەکردنی مرۆڤ و ئەو کێشە ئاڵۆز و ململانێیانەی کە بە هۆی بیروباوەڕی کۆنخوازانەی مرۆڤەوە دروست بوون، لەسەر خودا و چارەنووس و ئایینە جیاجیاکان، بە تایبەت ڕووی دەمی ڕەخنە بڕەندەکانی نووسەر، لەسەر وڵاتانی کۆمەڵی عەرەبییە، کە لە ڕووی ئاوەز و هزری پێشکەوتوو و زانست و تەکنەلۆجیا و ژیانی سەردەمیانە و دیموکراتیانەوە، زۆر لە دوای وڵاتانی خۆرئاواوەن و لە میانەی ڕەوتی پێشکەوتنی دونیادا، هیچ ئینجاز و بەرهەمێکی عەقڵی و ماددی و زانستی و ڕۆشنبیری ئەوتۆیان نییە، بێگومان بۆ نووسینی ئەو ڕاپۆرتە، نووسەر کەشێکی فەنتازیی خولقاندووە و تێکەڵی کۆمەڵێک کاراکتەر و ڕوودا و شوێن و کاتی واقیعی کردووە، بۆ نموونە بوونی کافتتریایەک لە ئاسمانی حەفتاوحەوتەمین کە ڕۆژانە شەش گەورە داهێنەر و بلیمەتی دونیای سەر زەوی، دوای مردنیان لەوێ کۆدەبنەوە (داروین، ئەنیشتاین، مارکس فرۆید، بیکاسۆ، ئەبوعەلای مەعەڕی) کە بێگومان ئەبوعەلای مەعەڕی هەشتسەدساڵ پێش ئەوان ژیاوە و لە ڕێی دێڕە شیعرییەکانیەوە، بووەتە خاوەنی پڕۆژەیەکی گەورەی ڕۆشنگەری و فەلسەفی و فیکریی جیاواز، لەوانە بڕوای وا بووە کە تاوانێک باوکی ئەنجامی داوە، ئەم نایەوێت دوبارەی بکاتەوە، ئەم شاعیرە فەیلەسووفە، نابینایە و نابیناییەکەی نەبۆتە ڕێگر لەبەردەم چاوەکانی ئاوەزیدا، لە ڕۆژگاری خۆیدا، کە عەرەب نوقمی جەهل و خورافات بوونە، ئەم خاوەنی دونیابینییەکی جیاواز بووە، بەڵام هاوسەردەمەکانی خۆی لێی تێنەگەیشتوون، هاوکات ئەویندارێکی سووتاویش بووە و لەبەردەم جوانیی و ناسکی (هند)دا، کە دواجار ددور لە خۆی کچێکی بە ناوی (نوور) لێ دەبێت، خۆی ڕانەگرتووە و عاشقێنی لەگەڵدا کردووە.

 ئەم ڕۆمانە بە شێوەی چەند هێڵی ئاسۆیی ئیشی کردووە و زەمەن و کاراکتەر و شوێنکاتەکانی بە جۆرێک تێکەڵ کردووە، کە دواجار هەموویان بچنەوە خزمەت هێڵە سەرەکییەکەی ڕۆمانەکە کە ئەویش لە فیکری نووسەرەکەدا بەرجەستە بووە، لە هەر قۆناغێکیشدا دەنگێک کە تەواوکەری دەنگێکی دیکەیە لە قۆناغێکی پێش خۆیدا، ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، دەنگێک لە ساڵی ٢٠١٠ دا و دەنگێک لە سەرەتای دروستبوونی گەردوونەوە، دەنگێک لەو دونیا و دەنگێک لەم دونیا، دیمەنگەلێکی تێکەڵوپێکەڵی هونەریانە و کاراکتەرگەلێکی سەردەمیانە و کەونارا، تا دەگاتە پاڵەوانانی نێو ئەفسانە و حیکایەتە دێرینەکانی بەر لە مێژووی سەرهەڵدانی زمان و نووسین، سەرجەمیان دەبنە ستراکچەر و پێکهاتەیەکی بەهێزی ڕۆمانەکە، بە تایبەت ئەو دیمەنانەی پیری شاعیر و فەیلەسووف، لە کافتریای ئاسمانی حەفتاوحەوتەمینەوە، لە لایەن فریشتەی باوەڕپێکراوی باری تەعالاوە، ڕەوانەی سەزەمین دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سەرزەمین و دونیای وڵاتانی عەرەب، کە سیخناخە لە کێشە و خورافات و نەزانین و جەنگ بە ناوی خوداوە، بنووسێت، خوێنەر لە میانەی گەشتەکەی ئەبوعەلای مەعەڕییەوە بۆ سەر زەوی، بە کۆمەڵێک زانیاریی و ڕۆشنبیری و ئەفسانە و ئایین و سەرزەمین و گۆڕانکارییە گەردوونییەکان و کێشە هەنووکەییەکان ئاشنا دەبێت، بە تایبەت کە ململانێکە لەسەر دوو ئاست چڕ دەبێتەوە (ئاوەز و ئایین) وەک دوو برای دووژمن بەیەک دەکەونە ململانێیەکی چڕ و خوێناوییە، هاوکات چەمکی لۆژیک و خورافە، کە هەر لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤ و پەرەسەندنی ئاوەزەوە سەریانهەڵداوە، لە بەرەبەیانی ژیانی مرۆڤایەتییەوە داخڵی ناو مێژوو دەبن و تا هەنووکەش درێژ دەبنەوە، ئەمانە کۆمەڵێک ئاریشەی بەشەرین و وەک لە ڕۆمانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە، لە سەروەختی خۆیدا ئەبوعەلای مەعەڕی، لایەنگری ئاوەز و لۆژیک و زانست و رۆشنبیری بووە و بڕوای وا بووە هەر بە ئاوەز دونیا پێشدەکەوێت، هاوکات بە شێوازی تایبەتی خۆی، دوور لەو سرووت و تەقسانەی قەشە و کەشیش و مەلاکان دروستیان کردووە، خودای ناسیوە و بە چاوی کراوەی ئاوەز، لە خودای ڕوانیوە، هەندێ جاریش کەوتۆتە گومان و ئەو پرسیارە قووڵ و لە مێژینە و فەلسەفییەی وروژاندووە: مرۆڤ دروستکراوی خودایە، یان خودا دروستکراوی ئاوەز و خەیاڵی مرۆڤە؟

بە گشتی ئەم ڕۆمانە، لەسەر کۆمەڵێک ئاستی فیکری و فەلسەفی و مێژوویی، قابیلی قسە لەسەر کردن و توێژینەوەیە، چونکە لە کۆمەڵێک ڕەهەندەوە ڕەخنەی لەو دید و فیکر و بیروباوەڕە کۆنخوازانە گرتووە، کە بوونەتە هۆی چەقبەستنی هزری کۆمەڵی عەرەبی و لە کۆمەڵێک چەمکی پیرۆزکراوی داوە، کە ڕەنگە بە دەیان کتێبی فیکری و فەلسەفی و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسانە، دەرەقەتی ئەو شیکارییە ورد و قووڵە نەیەن، کە لەم ڕۆمانەدا بۆ دونیای عەرەب و دواکەوتوویی و کێشەکانیان کراوە… هاوکات لە چەند شوێنێکیشدا باسی کورد و چیاکان و ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دەکات.

 نووسەری ئەم ڕۆمانە خەڵکی وڵاتی یەمەنە و ئێستا لە فەڕەنسا دەژی و وەک پرۆفیسۆر لە بواری زانستەکانی کۆمپویتەردا کار دەکات، هەر بۆیە بەشێک لە ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەی، کەوتوونەتە وڵاتی فەڕەنسا… هیوادارم نووسەر و خوێنەری کورد، خۆیان لە چێژ و جوانیی ئەم ڕۆمانە بێبەش نەکەن و بیخوێننەوە.

ناردن: