پەرییەکانی چیا

ڕانانی: سەردەم

ئەم ڕۆمانە لە لایەن نووسەری عێراقی (وارد بەدر ئەلسالم) نووسراوە و نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجراکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی، دیارە ئەمە سێهەم ڕۆمانی ئەم نووسەرە عێراقییەیە لەسەر کارەساتی شەنگال و ژنەقوربانییەکانی ئەو کارەساتە، پێشتریش ڕۆمانی پاکیزەکەی شەنگال و ڕۆمانێکی دیکەی نووسیوە و هەمان وەرگێڕ، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.

 نووسەری ئەم ڕۆمانە، لە بنەچەدا خەڵکی شاری بەسڕەیە و لە بەغدای پایتەخت دەژی، خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبییە لە بوارەکانی ڕەخنە و شیعر و گێڕانەوەدا، هاوکات لەپای نووسینەکانی، کۆمەڵێک خەڵاتی گرنگی پێ دراوە.

ڕۆمانی پەرییەکانی چییا، چیرۆکی تراژیدیا و غەمگینی ئەو کچە ئێزیدیانە دەگێڕێتەوە، کە پاش داگیرکردنی شەنگال، لە لایەن هێزە کۆنخواز و پەڕگیرەکانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە، لە لایەن چەکدارە ڕیشدرێژەکانەوە، دەستدرێژی کرایە سەریان و پاکیزەییان خوێناوی کران و سکیان پڕ کردن لە پیسی و بۆگەناوی شەهوەتی خۆیان.

لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدا، خوێنەر ئاشنا دەبێت بە کۆمەڵێک کچی ئیزدی و ئیدی لەوێوە، وردە وردە ڕووداوەکان بە شێوەی گێرانەوەیەکی ڕیتم خاو پەرە دەسێنن و خوێنەر پەلکێشی نێو تراژیدیاکەی ئەو کۆمەڵە کچە دەبێت، کە چۆن لە کاتی پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگە و داگیرکاریی شەنگالەوە، لە لایەن داعش، کچەکان وەک کەنیزەک و کاڵای سێکسی، کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە و بە تۆپزی سێکسیان لەگەڵدا کردوون و سکیان پڕ کردوون.

لە کاتێکدا ڕۆمانەکە ڕۆدەچێتە نێو قوڵایی کارە توندڕەو و وەحشیانەکانی ئەو هێزە توندڕەو و جەلادەوە و دیوە نائینسانی و تاریکپەرستییەکەی ژیانمانمان پیشان دەدات، لەم لاوە نموونەی مرۆڤدۆستی و چاکەخوازیی مرۆڤیشمان پێ دەناسێنیت، کە لە کەسایەتیی (دکتۆر باران) دا، بەرجەستەی کردووە، دەتوانین بڵێین دکتۆر باران، شاپاڵەوان و بەرجەستەترین کاراکتەری نێو ڕۆمانەکەیە و ڕۆڵێکی ئینسانیی گەورە و ژیاندۆستانە و ئاشتیخوازانە دەبینێت لە پێناو ژیانبەخشینەوە بە کچە لاقەکراوەکان، باران خۆیشی کچێکی ئێزیدییە و خەڵکی شەنگالە، بە ڕیکەوت لەگەڵ کەسوکارەکەیدا، لە کارەساتەکە ڕزگاریان بووە و وەک یاریدەدەری پزیشک، لە نەخۆشخانەی چاردگەی ئاوارە ئێزیدییەکان کار دەکات و بەهۆی دڵگەرمیی بۆ هاوکاریکردنی ئێزیدییە لێقەوماوەکانەوە، ئەزموونێکی باش لە پزیشکی منداڵبوون دەبینێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شارەزاتر دەبێت لە بەتەنگەوەچوونی ئەو ژنانەی پێوسیتییان بە چارەسەری پزیشکی هەیە.

کاتێک کچە پاکیزەکان لە شەنگال دەکرێن بە ژن و سکیان پڕ دەبێت، لە لایەن ئەمیری داعشەوە بڕیار دەدەن کە ئەوانەی لە سەروەختی منداڵبووندان ئازاد بکرێن و لە ڕێی شوانێکی ئێزیدییەوە، کە بە درۆوە خۆی کردووە بە موسڵمان و متمانەی داعشەکانی بەدەستهێناوە، لە ماوەی نۆ ڕۆژدا دەگەیەنرێنەوە بە سنووری پارێزگای دهۆک و ڕادەستی چادرگەی ئاوارەکان دەکرێنەوە… ئەوەی لەو گەشتە پڕ مەترسییەدا ڕودەدات، ڕەنگە تراژیدیترین و غەمگینترین بەشی کارەساتەکە بێت، کاتێ کۆمەڵێک ئافرەتی دووگیان و سک پەنماو، بە ڕێوانی شوانەی ئێزیدی و کۆمەڵێک چەکداری داعش، بە شاخە عاسی و پڕ مەترسییەکەی شەنگالدا، بە برسێتی و بێ هێزی ڕێ دەبڕن و بڕستیان لێ بڕاوە، لەو کاتەدا دوو لە کچە دووگیانەکان، بە غەمگینترین شێوە گیان لە دەست دەدەن، ئەم گیان لە دەستدانە، وەک تارماییەک شوێن کچەکانی دی دەکەوێت و دۆخی دەروونی و جەستەییان هێندەی دیکە وێران دەکات، یەکێک لە کچەکان کە چیدی بەهۆی منداڵبوونەوە توانای ڕێکردنی نامێنێت، جیی دەهێڵن و کەمتیاری ئەو شاخە دەیخوات، کچەکەی دیکەش کە جوانییەکی تایبەتی هەیە، دەبێتە جێی سەرنجی سەرگەورەی داعشەکان و دەیەوێت لە دواین ساتدا شەهوەتی خۆی بەسەردا بەتاڵ بکاتەوە و لەو شاخە عاسییەدا، لاقەی بکات، دواجار کچەکە خۆی نادات بە دەستەوە و لە شاخەکەوە خۆی هەڵدەداتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی پڕ مەرگەساتی خۆی دەهێنێت.

ئەو ئافرەتانەی بە دووگیانی دەگەنەوە نەخۆشخانەی چادرگەکە، لە لایەکەوە پێویستییان بە دڵدانەوە هەیە، لە لایەکی دیکەوە دەبێت دەستوبرد منداڵەکانی سکیان دەربهێنن، کێشەی ئەو ئافرەتانە، کاریگەری بەسەر دۆخی دەروونییشیانەوە دەبێت، هەندێکیان نایانەوێت منداڵەکان هەڵگرنەوە، چونکە تیایاندایە لە یەک کاتدا داعشی عێراقی و ئێرانی و پاکستانی و ئوردونی و چیچانی و ئەفغانی، تۆوی خۆیان تێدا ڕشتووە، تیاشیاندایە پێشتر دەستگیراندار بووە، هەشتیانە لە ترسی فتوای شێخە ئاینییەکەیان و کۆت وبەندی نەریت، دەیانەوێت سەری خۆیان هەڵگرن بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان.

هەوڵی دکتۆر باران و هاوکارەکانی، بۆ هێورکردنەوەیان بەردەوام دەبێت و هەر یەک لەو کچانە، چیرۆکی غەمگینی گرتن و لاقەکردن و گەڕانەوەیان لە شاخی شەنگالەوە دەگێڕنەوە، چیرۆکەکان زۆر لە یەک دەچن و تا ئەندازەیەک ئازار و چارەنووسیان نزیکە لە یەکدییەوە، بەڵام هەموان لە خراپترین دۆخی جەستەیی و دەروونیدان،

ئەوەی لەم ڕۆمانەدا بە خوێنەر دەگات، بەشێکی ئەوەیە کە داعشەکان جگە لە حەزە شێتانەکانیان، دەیانەوێت تۆوی خۆیان لەنێو ئێزیدیاندا بچێنن و نەوەی ڕەشپێستیان لێ بخەنەوە، هاوکات باس لەو کێشانە دەکات کە بەهۆی ناکۆکیی ئاینییەوە، بۆ ئافرەت دروست دەبێت، نموونەی ئەوەی کە ئەگەر دوو کەس ئاینیان جیاواز بێت، ڕێگە نادرێت پێکەوە خێزان دروست بکەن، لە ڕوویەکی دیکەوە، لە زاری کاراکتەرەکانەوە، خوێنەر بە مێژوو و ئایینی ئێزیدیان ئاشنا دەبێت.

بێگومان ڕۆمانەکە بە زمان و شێوازێکی سادە نووسراوە و هیچ ئاڵۆزییەک لە تەکنیک و گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا نییە، ئەمەش ڕەنگە نووسەرە عێراقییەکە، بە مەبەست ئەم سادەییەی لە گێڕانەوە و سروشتی کەسێتییەکاندا بەرجەستە کردبێت و نیازی بووبێت ئەو پەیامە ئینسانییەی خۆی بگەیەنێت، کە ئێزیدییەکان وەک ئایین دەکات بە قوربانی ئاینێکی دیکە… بێگومان خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا، بەر ڕووداو و بەسەرهاتی دیکە دەکەوێت، هاوکات ئەم ڕۆمانە، جگە لە ڕەهەندە ئیستاتیکی و ئینسانییەکەی، ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگەی بەشەریشە لە ئەگەری چەندباربوونەوەی تراژیدیای لەو شێوە کە ژن تیاید دەبێت بە قوربانی، بێگومان لەم نێوەندەدا، ناکۆکیی ئایینەکان، کاریگەرییان دەبێت بەسەر نەهامەتیی مرۆڤ بە گشتی و ئافرەت بەتایبەتی

لە ڕاستیدا ئەم کورتە نووسینە، تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی گۆشەیەکی کەمی ئەو ڕۆمانە، بۆ ئەوەی خوێنەر هان بدەین تا خۆیان لە جوانی و چێژی ڕۆمانەکە بێبەش نەکەن.

ناردن: