عیشق و غەریبی؛ ڕۆمانێک لە بارەی عیشق و تاراوگە و دڵشکانەوە

ڕانانی: ئیدریس عەلی

کێ پەناهەندە و تاراوگەنشینە؟ کێشە و ئاریشەکانی مرۆڤی پەناهەندە چین و جیهان چۆن مامەڵە لەگەڵ مرۆڤی سەرهەڵگرتوودا دەکات؟ ڕەنگە پرسیاری لەمانە جەوهەریتر ئەوە بێت: مرۆڤ بۆچی زێد و خێزان و نیشتمان و یادەوەریی و منداڵی خۆی جێ دەهێڵێت و ڕوو لە دونیایەکی نامۆ و سەرزەمینێکی دیکە دەکات؟ ئەو دۆخە ئاوارتانە کامانەن کە دەبنە فاکتەر و پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێن تا دوور دوور بڕۆن و لە شوێنێک بگیرسێنەوە کە هی ئەوان نییە؟ ئایا ئەو قسەیە ڕاستە کە دەڵێت: مرۆڤی پەناهەندە دوو جار لەدایک دەبێت، جارێک لە نیشتمان و زێدی خۆی، جارێکی دی لە تاراوگە؟ ئەدی جاری دووەم کە لەدایک دەبێتەوە، هەمان ئەو ژیانە دەژێتەوە کە لە نیشتمان هەیبوو؟ ڕەنگە یەکێک لە خەسڵەت و تایبەتمەندییە غەریزییەکانی مرۆڤ ئەوە بێت، کە بە سروشتی خۆی حەز بە سەفەر و گەڕان و دۆزینەوەی دونیا و شوێن و کولتوور و شارستانییەتی نوێ بکات، بەڵام ئەگەر سەفەر لە خواستێکی ئارەزوومەندانەوە بگوڕێت بۆ کۆچی زۆرەملێ، ئاکامەکەی چی دەبێت؟ ئەمانە و دەیان پرسیار و گومان و دڵەڕاوکێی دیکەمان هەیە، ڕەنگە لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی (تیۆدۆر کالیفاتیدێس) بەتایبەت ڕۆمانی (عیشق و غەریبی)دا، هەندێک وەڵاممان دەست بکەوێت، چونکە ئەو نووسەرە یۆنانییە، کە خۆی چەندین ساڵە وەک پەناهەندە لە سوید دەژی، بە پڕۆژە لەسەر مرۆڤی پەناهەندە و خودی چەمکی پەناهەندە دەنووسێت.

ڕۆمانی (عیشق و غەریبی) یەکێکی دیکەیە لە شاکارە جوانەکانی نووسەری یۆنانی نێشتەجێی وڵاتی سوید (تیۆدۆر کالیفاتیدێس) ئەم ڕۆمانە لە لایەن شاعیر و وەرگێڕی ناوداری کورد، دلاوەر قەرەداغی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.

ڕەنگە ئەوەی وا دەکات خوێنەری هەر زمان و کولتورێکی دونیا، بە توندی پابەندی ڕۆمانەکانی ئەم نووسەر یۆنانییە بێت و لەگەڵ خوێندنەوەی یەکەمین بەرهەمیدا، ئارەزووی دەستخستن و خوێندەوەی کۆی بەرهەم و کتێب و ڕۆمانەکانی دیکەی لا دروست ببێت، جگە لە ڕەهەندە قووڵ و لایەنە جوانەکانی زمان و تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە، خودی تێمای ئیشکردن و سروشتی کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکانی بێت، ئێمە پێشتر هەر بەهۆی وەرگێڕانی چەند ڕۆمانێکی دیکەی (تیۆدۆر) لە لایەن کاک دلاوەرەوە، تا ئەندازەیەک ئاشنا بووین بە دونیابینی و فکر و پەیامی نێو ڕۆمانەکانی، بەتایبەت ڕۆمانی (بە فێنکایی لێوەکانیەوە) کە یەکێکە لە شاکارە فرە ڕەهەند و فرە تێماکانی ئەم نووسەرە و هەمان وەرگێڕ بە وردبینی و سەلیقەی شاعیرانەی خۆیەوە وەریگێڕاوە، تێگەیشتوون کە نووسەر سوودی لە ئەزموون و ژیانی پەناهەندەیی خۆی بینیوە و تاراوگە و کێشە و ئاریشەکانی مرۆڤی تاراوگەنشینی کردووە بە سەرهێڵی ئیشکردن، چیرۆک و حیکایەتە غەمگینەکانی پەناهەندەیی لای ئەم نووسەرە و وەک ئەوەی لە ڕۆمانەکانیدا ڕەنگیداوەتەوە، بەشێکی گرنگ و سەرکەوتنەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بوونەوەرەکانی نێو ڕۆمانەکانی، وێڕای کەشی غەمگینی و کێشە زۆرەکان لە ڕووی جیاوازیی کولتوور و زمان و جۆری ژیان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هێشتا بوونەوەرەگەلێکی تێکنەشکاون شەڕ لەگەڵ دنیای تازەی چواردەوری خۆیاندا دەکەن، بازاڕ و پەیوەندیی کار و جۆری مامەڵە کەسێتی پەنابەر، لە کاتێکدا هەموو شتەکانی وڵاتە تازەکە نوێیە بۆیان، حاڵەتێکی عەوامانەی وەرنەگرتووە، بەڵکو بە ئیرادەوە، جەنگی باشتربوونی دۆخ و جێپێ قایمکردنی خۆیان دەکەن.

نیشتمان و تاراوگە و مرۆڤ، سێ بابەتی سەرەکیی نێو ڕۆمانەکانی تیۆدۆرن و لە (عیشق و غەریبیشدا) قووڵ ڕەنگیان داوەتەوە، ڕەنگە سەبارەت بەم بابەتانە زۆر ڕۆمان و فیلم و چیرۆک هەبن، لێ ئەوەی ئەم جیا دەکاتەوە لەوانی دی، ڕۆچوونیەتی بەنێو قوڵایی ناخ و ڕۆحی برینداری کاراکتەرە تاراوگەنشینەکانیدا، بە شێوازێکی ڕوون و زمانێکی سادە و شیعری گوزارشت لە دۆخی ئەوان دەکات، خستنەڕووی هۆکارەکانی جێهێشتنی نیشتمان و ئاشنابوون بە زمان و کولتوور و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیستەمی ڕۆژانەی ژیانی مرۆڤەکان، بەشێکی زۆر لە پێکهاتەی ڕووداوەکانی ڕوومانەکانی ئەم نووسەرە پێکدەهێنن، هاوکات دەبێت ددان بەوەشدا بنێین کە لە هەر ڕۆمانێکیدا، بە شێواز و تەکنیکێکی جیاواز، خەمی تاراوگە و جێهێشتنی نیشتمان  و کێشەکانی مرۆڤی تاراوگەنشینی نووسیوەتەوە، ئەوەی لە نوێترین کتێبی وەرگێڕداوی (تیۆدۆر کالیاتیدێس) بە ناوی ڕۆمانی (عیشق و غەریبی) دەیبینین، جیاوازییەکی دیکەیەتی لە پەیوەند بە خەمی تاراوگەبوونەوە وەک تێمای سەرەکی، لەم ڕۆمانەدا شاپاڵەوان گەنجێکی کۆمۆنیستی یۆنانییە و لە تەمەنی بیستوسێ ساڵیدا زێد و خێزان و منداڵی و یادەوەری و هاوڕێ و نیشتمانی خۆی جێ هێشتووە و ڕووی کردۆتە وڵاتی سوید، هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا خوێنەر دەرک بە دۆخ و حاڵەتی ئاوارتەیی ئەم کاراکتەرە دەکات، پێش ئەوەی خوێنەر بە وردی بیناسێت و ئاشنابێت بە خەم و کێشەکانی، تێدەگات کە لە بەردەم پاڵەوانێکی غەریب و عاشقێکی ڕاڕادایە، پاڵەوانێک کە تا تەمەنی بیستوسێ ساڵی و ئەوکاتەی وڵات جێ دەهێڵێت، دوو جار عاشق دەبێت، سەیر لەوەدایە هەر دوو جارەکە، تاکلایەنە ئەم عاشقی کچەکان دەبێت، بەڵام کاتێک دەچێتە وڵاتی سوید، بەدەم ئیشکردن و خوێندنی زانکۆ و فێربوونی زمان و ئاشنابوون بە کولتوور و جۆری ژیانکردن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە، مرۆڤی سروشت و بیرکردنەوە جیاواز دەناسێت، عاشقی ژنێکی مێرددار دەبێت و چەند جارێک لەگەڵیدا دەڕازێت و سەرجێی لەگەڵ دەکات، ئەم عەشقە ئەگەرچی لای کریستۆی شاپاڵەوانی غەریب و تەنیا، قووڵ و ڕۆحییە، لێ لای ژنەی سیودی، زیاتر وەک گەمەیەک دێتە پێش چاو، چەندین جار جێهێشتن و دوورکەوتنەوە و دابڕانی تێدەکەوێت، ژنێک بە هەموو دنیا و پەیوەندیی و کولتوورە ساردەکەی خۆیەوە، لە نێوان دوو پیاودا دابەش دەبێت، مێردە فەرمییەکەی و عاشقە لاوەکییە پەنابەرەکەی، ڕەنگە ئەو ژنە لەم ڕۆمانەدا خاڵی جیاکەرەوەی چەمکی عەشق بێت، لە گەرموگوڕیی گەنجێکی پەناهەندەوە، بۆ ساردوسڕیی ژنێکی سویدی.

ئێمە لەم ڕۆمانەدا و بەهۆی کریستۆوە، تەواو بە دۆخی سایکۆلۆجی و ڕۆحیی و ژیانی ڕۆژانەی کەسێتیی پەنابەر ئاشنا دەبین، لەوێدا کەس کاتی نییە بۆ کەس، بەردەوام کار و قاپشتن و دیتنی دیمەنی نامۆی ئازاردەر، خوێندن و ڕاکەڕاک بە دوای ژیان و گوزەران و فێربوونی زماندا، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، تیۆدۆر کاراکتەرەکانی بچووک ناکاتەوە و ڕەهەندی سۆز و عاتیفییان پیشان نادات، لەوێ نیشتمانیش لە جوگرافیایەکی واقیعی و بەرجەستە بە هەموو یادەووری و ژیانەوە، لای کاراکتەرەکانی ناکات بە پنتێکی نۆستالژی، بەڵکو وێڕای تاراوگەییبوون و کێشە زۆرەکانیان، ڕووبەڕووی ژیان و ئاریشەکان دەیانوەستێنێتەوە و ناهێڵێت بکەون… برینەکانیان پیشان دەدات، لێ بێ خوێن، ئازارەکانیان دەردەخات، لێ هاوار ناکەن، ئەم ڕۆمانە نەچووە بە لای دروستکردنی دۆزەخ و بەهەشتدا، فریشتە و شەیتانیشی نەخولقاندووە، بەڵکو دۆخێکی گشتی خولقاندووە و ڕێگەی داوە کەسەکان خۆیان بە زمان و خەیاڵ و بڕوای خۆیانەوە بدوێن، خۆیان بڕیار لە چارەنووس و ئێستای خۆیان بدەن، ڕەنگە کاراکتەرێکی وەک ساناسیس لەم ڕۆمانەدا، کە ئەویش وەک کریستۆ خەڵکی یۆنانە و لە وڵاتی سوید پەنابەرە و لە بواری ئابووریدا دەخوێنێت، باشترین نموونە بێت بۆ ڕاستی  ودروستی ئەو بۆچوونەی سەروەمان، ساناسیس پاش ئەوەی لەگەڵ ئافرەتێکی سویدیدا پەیوەندی خۆشەویستی دروست دەکات، لە کاتێکدا خۆشەویستەکەی دووگیانە بەم، ئەو دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان و لەوێ چاوەڕێی مەعشوقەکەی و منداڵەکەی دەکات تا بە شێوەیەکی یاسایی هاوسەرگیڕی بکەن، ساناسیس چیدی نایەوێت لە سوید بمێنێتەوە و وێرای هەموو ئەو باشییانەی ئەو وڵاتە پێی بەخشیوە، بەڵام بە وڵاتی خۆی نازانێت و دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان، لێ پاش ماوەیەک پەشیمان دەبێتەوە و تێدەگات نیشتمان چیدی شوێنێک نییە بۆ ژیان، لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا بە کریستۆ ڕادەگەیەنێت کە چیدی تەلەفۆنی بۆ نەکات، چونکە ئەنجوومەنی سەربازیی وڵات، ڕێگە نادەن لە گەڵ کۆمۆنیستێکی وەک کریستۆدا قسە بکات.

ئەم ڕۆماننووسە (تیۆدۆر کالیفاتیدێس) خەڵکی یۆنانە و ماوەی چەند ساڵێکە وەک پەنابەر، لە وڵاتی سوید دەژی، ئێستا یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی نەک سوید، بەڵکو هەموو دونیا، چونکە ئەو دەستی بۆ کێشەیەکی گەورە و هەستیاری گەردوونی بردووە، کە ئەویش مەسەلەی کۆچ و تاراوگەیی ئینسانە لە دونیای نوێدا، تیۆدۆر بە شێوەیەکی گشتی لە ڕۆمانەکانیدا ژیانی پەناھەندەیی و مرۆڤی پەناهەندە دەگێڕێتەوە و جیهان لە مەترسییەکانی ئەم کێشە ئینسانییە ئاگادار دەکاتەوە، ئەم نووسەرە لە سەرەتادا شیعر دەنووسێت، دواتر هەنگاو بەرەو دنیای نووسینی ڕۆمان دەنێت و لەو بوارەدا سەرکەوتنی گەورە وەدەست دێنێت، هاوکات    دەبێت بە یەکێک لە نووسەرە دیار و خۆشەویستەکانی سوید، ئەوەی لە ڕۆمانە وەرگێڕدراوەکانی پێشووتری ئەم نووسەرەدا بینیومانە و جێی سەرنجمان بووە، شێوازی سادەنووسینیەتی، سادەییەک نا کاری لە ئاستی داهێنان و ئیستاتیکی و فەنتازیا کردبێت، بەڵکو سادەییەک کە لە ناوەوەڕا خوێنەر ڕادەوەشێنێت و وەئاگای دەهێنێتەوە، ڕەنگە ئەمەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە نووسەر لە ڕۆمانەکانیدا، پەیامیکی ئینسانی و قووڵی هەیە و دەیەوێت ڕوون و سادە بیگەیەنێت بە مرۆڤایەتی.

ئەم نووسینە هەوڵێکی سادەیە بۆ ناساندی لایەنێکی کەم و گچکەی ڕۆمانە پڕ لە ڕووداو و بەسەرهاتەکەی (عیشق و غەریبی) هاوکات هاندانێکە بۆ ئەوەی خوێنەری کورد، خۆی لە جوانی و چێژی خوێندنەوەی بێبەش نەکات، بەتایبەت کە زمانە شیرین و شیعرییەکەی یەکێک لە باشترین و متمانەپێکراوترین وەرگێڕەکانی ئێمە (دلاوەر قەرەداغی) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

ناردن: