گرامشی؛ لێکبوردن، سازشنەکردن/ لێکنەبوردن، سازشکردن

(لە: ڵێکبوردن سازشکردن، لێکنەبوردن سازشنەکردن، بەرگی یەکەم، لە کۆمەڵە نوسینە سیاسیەکانەوە: بەرهەمی گرامشی)

و. ڕێبین هەردی

لێکبووردن نەهەڵوێستێکی تەواو تیوری و نە فەزیڵەتێکی ئەخلاقی یان نوێنەری ئەرکی ڕێزگرتن لەوی دیە. لێبوردن ڕێژەگەری یان ڕێژەگەری هەقیقەتیش نیە. ئانتۆنێۆ گرامشی بەپێچەوانەوە لێکبوردن دەبەستێتەوە بە پراکتیکەوە، بەو مانایەی بەمەرجی بەرپرسیارێتی گروپی کۆمەڵایەتی و کرداری سیاسی و خاڵی بەرامبەر بێ هودەیی دەزانێت. چونکە لەبنەڕەتدا بێ هوەیی چیە؟ بێ هودەیی “تەنێکی بێ خەسڵەتی زۆر”، “وننبوونی ئاپۆرایەکی گەورەیە” کە کردارە دەستەجەمعیەکان ئیفلیج دەکات: ” ئاپۆرای ئەو مرۆڤانەیە کە ئیرادەی ئەنجامدانی هەر کارێکیان لەدەستداوە، هەموو شتێکیان بۆ خۆی ڕەها کردووە (…) ڕێگە دەدەن کەسانێک بە دەسەڵات بگەن کە پاشان تەنیا بە شۆرش دەکرێت بڕوخێنرێن”. ئەگەر وادەردەکەوێت کە مێژوو جێگەی چارەنووسە، بەڵام لە ڕاستیدا دەرئەنجامی بێ هودەییەکانە کە چارەنووس دەرکەوتەی خەیاڵاویتی. لێکبوردن لەبەرامبەر هەڵوێستی بێ هودەیی، کە لە ئێمە “بێگانەگەلێک لە شار و وڵات”و نەک خەباتگێرێک لە پێناویدا، واتە هاوڵاتی دروست دەکات، ڕێک هەمان شتە کە کاتێک کاری دەستەجەمعی دیاریکرا، پێداویستیەکانی جێبەجێکردنی دەستەبەر دەکات.

 لەبەرئەوە لێکبوردن سەردەمێکی تایبەتی هەیە: دەبێت لەو وتوێژە ئازادانەوە کە پێش دەست بەکار بوون ڕوودەدات، دەوری خۆی ببینێت و بڕیاردانی عەقڵانیانەی دەستەجەمعی دەستەبەر دەکات. گرامشی ئەوە قەبوڵ دەکات کە بڕیاردانی یەک کەس ئاسانتر و خێراترە. بەڵام بڕیاردان لەبارەی پرۆسەگەلێک کە هەموو دەبێت ئەنجامی بدەن، لە ئەستۆی یەکێک یان یەک کەس دانان، مەترسی ستەمکاری لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، و ئەگەر هەڵبژاردنەکانی ئەو قەبوڵ نەکرێت، کردار نامومکین دەبێت. کرداری هاوبەش و یەکگرتوو پێویستی بە دیسپلینی (ئازادانەو خۆبە خۆ) هەیە، وەک چۆن وتوێژی بیروڕا جیاوازەکان بۆ دەستگەیشتن بە هەقیقەتی هاوبەش  و سازشکردنی ئیرادەکانیش پێویستی پێیەتی. مرۆڤ ناتوانێت لە کرداردا سازشکەر نەبێت، مەگەر ئەوەی لە گفتوگۆکانی پێش کرداردا ڕەچاوی لێبوردنی کردبێت. لەم حاڵەتەدا لێکبووردن چ مانایەکی دەبێت؟ لێکبووردن لەم حاڵەتەدا “شێوازی گفتوگۆ لەنێوان ئەو مرۆڤانەدایە کە لەبنەڕەتدا پێکەوە ڕێک کەوتوون و هەوڵدەدەن هاوئاهەنگی درووست بکەن لە نێوان بنەما هاوبەشەکانی کاری خۆیان و کارێک کە دەبێت بە هاوبەشی ئەنجامی بدەن”. لەبەرئەوە بابەتەکە ئەوە نیە لە هەڵەیەک ببورێت (کارێک کەوەک نامومکین بوونی کارە، چونکە جێبەجێکردنی دەرئەنجامەکانی وتوێژی لێبوردوانە چیدی مومکین نابێت): لەو کاتەوەی هەقیقەت بەشێوەیەکی دەستەجەمعی و بەشێوەیەکی عەقڵانی دەرکەوت، دەتوانێت دوور بێت لە لێکبوردنەوە. لێکبوردنێک کە هەموو هەقیقەتەکان لە خۆ بگرێت، هەڵوێستی بێ هودەیی پەیدا دەکات، و ئەوکاتە تەنانەت ئەگەری دۆزینەوەی هەقیقەتیش لەناو دەچێت، و چیدی مەسەلەی لێکبوردن یان سازشکردن لەکاتی کاردا مومکین نابێت. بەڵکو لێکبوردن دەبێت بە ڕێگرێک لەبەردەم گەیشتن بە رێکەوتنی سەقامگیر و ڕێسای پراکتیکی پێویست بۆ ئەنجامدانی کار. لێرەوە لێنەبووردن لەگەڵ سازشکردن لەکاتی کاردا هاوڕێیە، لەکاتێکدا کە کردار دەبێت هاوکات بێت لەگەڵ سازشنەکردن لەبواری ئەو بڕیارانەی دراون، بەو مەرجەی بڕیارەکان لەلایەن هەموانەوە درابێت، واتە بەشێوەیەکی لێبوردوانە وەرگیرا بێت.

دەق:

ئەو بڕیارانە بەدەستەجەمعی دەدرێن، دەبێت لەگەڵ عەقڵدا بگونجێن. ئایا گروپێکی کۆمەڵایەتی دەتوانێت وەرگێڕی عەقڵ بێت؟ گومانی تیان نیە یەک کەس خێراتر لە گروپێک بڕیار دەدات (ئەو شتەی عەقڵانی و هەقیقەتە زووتر دەدۆزێتەوە). لەبەرئەوە دەکرێت یەک کەس کەسێک لە نێوان شایستەترین و لەنێوان بە تواناترین کەسەکان بۆ تێگەیشتن لەوەی لۆژیکی ترە هەڵبژێرێت، لەکاتێکدا گروپی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە پێک دێت کە ئامادەییان بۆ تێگەیشتن لە هەقیقەت، بۆ بڵاوکردنەوەی لۆژیکانەی ئامانج، بۆ دیاریکردنی قۆناعەکانی گەیشتن بە هەقیقەت، پلەی جیاوازی هەیە. ئەمانە هەمووی ڕاستە، بەڵام ئەوەش ڕاستە کە یەک کەس دەتوانێت ستەمکار بێت، یان بەوجۆرە بناسرێت و ئەو دیسپلینەی دروستی دەکات، ، لەبەر نەچونە ژێر باری گرووپ، یان دەستنیشانکردنی سوودمەندیەکەی، لەیەکی هەڵوەشێنێتەوە. بەڵام ئەو دیسپلینەی گروپی کۆمەڵایەتی خۆی بۆ ئەندامەکانی دادەنێت، تەنانەت گەر درەنگیش جێبەجێبکرێت، بەگشتی لە قۆناغی جێبەجێکردندا کەمتر توشی شکست دەبێت. ئەندامانی گروپی کۆمەڵایەتی دەبێت پێکەوە بە ڕێکەوتن بگەن، لەگەڵ یەکدا گفتوگۆ بکەن، دەبێت ڕۆح و ئیرادەیان بە گفتوگۆ لێک بئاڵێن. ڕەگەزە پەرشوڵاوەکانی هەقیقەت کە هەریەکێکیان دەتوانێت پێشەکەشی بکات، دەبێت ببێتە بەشێک لە  سەرجەم هەقیقەت، و دەرخەری کامڵی عەقڵ بێت. بۆ گەیشتن بەم مەبەستە، بۆ بە ئامانج گەیشتنی گفتوگۆ، لایەنی زۆری ڵێکبوردن ناچاریە. هەموو دەبێت قانع بن هەقیقەت هەمانە و لەبەرئەوەی وایە، کەوابوو دەبێت پراکتیکی بکەن. کاتی ئەنجامدانی کار دەبێت لەگەڵ یەکدا ڕێک بکەون و هاوهەنگاو بن، چونکە بەهۆی گفتوگۆوە کەمکەم ئەم ڕێکەوتنە ڕوویداوە، کە لەکاتی سەرنەکەوتنیدا هەمووان بەرپرسیار دەبن. لەکاتی کرداردا ناتوانرێت سازشنەکەر بیت، مەگەر ئەوەی لەکاتی وتوێژدا هەموو ڕەچاوی لێکبوردن بکەن، شایستەترین تاکەکان هاوکاری  ئەو کەسانە دەکەن کە شایستەیی کەمتریان بۆ هەقیقەت هەیە، ئەزموونە تاکەکەسیەکان لەبەردەست هەموواندا بێت، هەموو ڕەهەندەکانی باسەکە تاوتوێ کرا بێت و هیچ وەهمێک نەمابێتەوە. بێگومان لێکبوردنێکی وا – شێوازی گفتوگۆ لەنێوان ئەو مرۆڤانەدا کە لەبنەڕەتدا لەگەڵ یەک ڕێک کەوتون، و هەوڵدەدەن لەنێوان ئەو بنەما هاوبەشانەی کە دەبێت پێکەوە جێبەجێی بکەن هاوئاهەنگی دروستبکەن- هیچ پەیوەندی بە لێبوردنەوە بە مانا باوەکەی نیە. هیچ لێکبوردنێک ناتوانێت  لەبارەی هەڵەوە بوونی هەبێت. ئەگەر قەبوڵی بکەین یەکێک هەڵەی کردووە – و کاتێک ئەو کەسە مل بۆ گفتوگۆ نادات و ئامادەی وتوێژ و بەڵگەهێنانەوە تێدا نیە، بەو بیانوەی هەرکەس مافێتی چۆن دەیەوێت ئاوا بیر بکاتەوە- ناتوانین لەگەڵ کەسێکی وادا لێبوردوو بین.

ئازادی بیرکردنەوە، ئازادی هەڵەکردن و لە هەڵەدا مانەوە نیە. ئێمە تەنیا دژی ئەو لێکبووردنەین کە بەرهەمی دەسەڵاتگەری و بت سازیە، چونکە ئەم لێکبووردنە ڕێگری لە گونجانێکی سەقامگیر دەکات، ڕێگری لەوە دەکات ڕێسای ئەخلاقی کە دەبێت جێبەجێ بکرێت دابنێین، دەبێت جێبەجێ بکرێت، لەو ڕوانگەیەوە کە هەمووان ئازادانە لە دانانیدا بەشداریان کردووە. چونکە ئەمجۆرە لێکبوردنە بەناچار بەرەو سازشکردن، بە ڕادیکاڵ نەبوون، و بە ڵێکهەڵوەشاندنی بونیادە کۆمەڵایەتیەکان دەگات: هەر لەبەر ئەمە ئێمە ئەم زاراوانە بەمجۆرە لەپاڵ یەکەوە دادەنێین: سازش نەکردن و ڵێکبوردن، سازشکردن و لێکنەبوردن.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: