لیڤی شتراوس؛ بەربەریەت، لێکبوردن و پێشکەوتن

و. ڕێبین هەردی

(لە نەژاد و مێژوو، بەرهەمی لیڤی شتراوس)

کلۆد لیڤی- شتراوس  بە جەختکردن لەوەی ژیانی مرۆڤ بەشێوازی کلتووری بێ ئەندازە جۆراوجۆر گەشە دەکات، دژی ئەو بۆچونەیە کە نایەکسانی کلتوورەکان زیاترە لە جۆراوجۆرییان. بێگومان تەنیا ڕاگەیاندنی یەکسانی سروشتی لە نێوان مرۆڤەکاندا و هەستی برایەتی ، کە دەبێت بێ جیاوازی نەژادی وکلتووری یەکیان بخات، جیاوازیەکی واقعی ڕەچاو نەکردووە: ڕاگەیاندنەکانی مافی مرۆڤ “ئەو هێز و لاوازیەی هەیە کە دەربڕی ئایدیایەکە کە هیچ گرنگی بەو ڕاستیە نادات کە مرۆڤ ماهیەتی خۆی نەک لەناو مرۆڤایەتیەکی زیهنی، بەڵکو لە کلتوورێکی نەریتیدا بەدی دێنێت..”. ئەوکات دەیانەوێت فرەی و جۆراوجۆری کلتورەکان بە پیشاندانی ناسینی تەواویان لەناو ببەن، چونکە ئەو فرەییە بە قۆناغێک لە پرۆسەیەکی ڕوو لە پەرەسەندن دەزانن، بیر لە مرۆڤایەتی وەک یەکەیەکی بێ وێنە دەکەنەوە کە پلە بە پلە دێتە دی: فرەیی و جۆراوجۆری کلتوورەکان ڕوناکی بەشێک لە ساتەوەختی ئەو پرۆسەیەیە کە ڕاستیەکی تاکانە و قوڵتر دەشارێتەوە. بە بڕوای لیڤی شتراوس ئەم تێڕوانینە بە کۆمەڵێک تیورە لەبارەی گۆڕانی کلتووریەوە دەگات کە ڕاستیە بایۆلۆجی و ڕاستیە کلتووریەکان تێکەڵ دەکات، و لەبەر قەبوڵنەکردنی جۆراوجۆری کلتوورەکان، ئەوەی پێ باشە کە هەرچیەک لەگەڵ ڕێورەسمی ژیانکردنی ئەمڕۆدا ناگونجێت، لە کلتوور دەر بکات. مرۆڤ گەر کلتووری خۆی بە دەرکەوتنی کامڵی کلتووری مرۆڤایەتی بزانێت، بەو مانایەیە کە شێوە کلتورەیکانی دی بە نامرۆیی و بەربەری دەناسێت: “زۆرجار ڕێک لەو شوێنەدا کە مرۆڤ بانگەشەی جیاوازی کلتوور و داب و نەریتەکان دەکات، خۆی بە ئەندازەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو شتەدا چونیەک دەکات کە ڕەدی کردۆتەوە(…) بەربەری کەسێکە کە بڕوای بە بەربەریەت هەبێت”. . دژیەکی لەنێوان سەلماندنی فرەیی کلتووری و چەمکی یەک ڕەهەندی پێشکەوتنی مێژوو لێرەدایە.

لە ڕاستیدا لەجێگەی خۆیدایە چەمکی پێشکەوتن لە فرەیی و بەردەوام نەبوندا بزانین. بە بڕوای لیڤی شتراوس پێشکەوتن تەواو بەستراوەتەوە بە هاوکاری کلتوورەکان و تەنیا لەیەک کلتوری جیادا نایەتە دی. شێوە کلتوورەکان کە هاوزەمەن بوونیان هەیە، ڕەهەندەکانی واقعیەتێکی دینامیکی و ئاڵۆزن کە هاوکاری کلتوورەکان ئەگەری بیناکردنی مێژوویەکی چەند ڕەهەندی، و لە ئەنجامدا ئەگەری قسەکردن لە پێشکەوتن دەهێنێتە پێشێ. مێژووی فرە ڕەهەند پیشاندەری شێوەیەک لە بوونی کلتوورەکانە کە پێکەوە بوونی هەمووانە. بەکورتی ئەوەی “بەشداری واقعی کلتوورەکان لیستی داهێنانە تایبەتیەکانیان نیە، بەڵکو ماوەی جیاکاری نێوانیانە”. بەڵام گەر هەموو پێشکەوتنەکان دەرئەنجامی هاوکاری کلتوورەکانە و ئەگەر کلتورەکان هەمەجۆرتر بن، پێشکەوتن دەوڵەمەندتر دەبێت، کەوابوو دژیەکیەک لە چەمکی پێشکەوتندا هەیە. واتە پێشکەوتن بە چونیەککردنی کلتوورەکان کۆتای بە جۆراوجۆری یەکەم دەهێنێت کە مەرجی بەدیهاتنی بووە. ئەو دەقەی لە لیفی شتراوس دەیهێنینەوە باسی دوو پرۆسە دەکات کە کارایی دیالکتیکیان هەیە: یەکێکیان پرۆسەی یەکێتی کلتوورەکان و ئەوی تریان جیاوازی کردنی کلتوورەکانە، کە پێگەی هەر کلتوورێک تیایدا بەستراوەبە  نەفی کردنی پرۆسەکەی خۆی. لەم حاڵەتەدادەبێت چی بکرێت بۆ پێکەوە ژیانی ئەم دوو بونیادە؟. گومانی تیا نیە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان دەبێت لەم بوارەدا هاوکاری مرۆڤایەتی بکەن و کارێک بکەن کە” توانەوە و لەناوچوونی ئەم جیاوازیە کلتووریە مردووە، تا ئەو شوێنەی دەشێت، ئازار و مەترسی کەمتری لەگەڵدا بێت”. بەڵام هەروەها دەبێت  ئەو ئەگەرە بڕەخسێنن کە شێوە تازە کلتوورەیەکان و نەریتە لۆکاڵیەکان بپارێزن، بە بێ ئەوەی یەکێکیان بەسەر ئەوی دیدا زاڵ بکەن. دەبێت خودی گۆڕانگاری، و خودی جیاوازیەکان وەک مەرجی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بپارێزرێن. ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لەم پێناوەدا دەبێت لێکبووردنێکی دینامیکی لە خۆیان پیشان بدەن: ئەمجۆرە لێکبووردنە چیدی بە مانا کۆنەکەی، واتە چاوپۆشی لە بارەی بەها یان شێوەی تایبەتی کلتووری نیە (کە هەمیشە لێبوردە پێگەیەکی باڵاتری هەیە)، بەڵکو “بەهادانانە بۆ شتێک کە خۆی دەیەوێت هەبێت”، دەستەبەرکردنی جیاوازیە کلتوریەکانە، و بەمشێوەیە لێبکبوردن پەیوەست دەبێت بە فەزیڵەتێکی تایبەتەوە: بە بەخشینەوە.

دەق:

مرۆڤ هەمیشە دەرگیری دوو پرۆسەی ناکۆک بەیەکە، کە یەکێک لەم دوانە بۆ درووستکردنی یەکێتیە ، لەکاتێکدا ئامانجی دوهەمیان پاراستن  یان سەقامگیری جیاوازیە. بارودۆخ و ئەحواڵی هەر سەردەمێک یان هەر کلتورێک لە دەزگا یان ڕەوتێکدا کە مرۆڤ دەیپێوێت، بەجۆرێکە کە هەرجارە یەکێک لەم دوو پرۆسەیە مانای بۆی هەیە و وا دەردەکەوێت کە پرۆسەکەی دی، نەفیکردنی ئەمیانە. بەڵام ڕەنگە بەو شێوەیە حەزبکەین بڵێین دەربرینی ئەو بابەتە کە مرۆڤ لەهەمانکاتدا خۆی لەناو دەبات و درووست دەکاتەوە، دەرئەنجامی دیدێکی کورت بینە. چونکە لە دوو ئاراستە و دوو ئاستی دژبەیەکدا، دوو شێوەی جیاوازی خۆدرووستکردن هەیە. بێگومان زەرورەتی پاراستنی جیاوازی کلتورەکان لە جیهانێکدا کە لەژێر مەترسی چونیەکی و هاوئاهەنگ بووندایە، لە تێروانینی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان وون نەبووە. ئەم ڕێکخراوەانەش تێدەگەن کە بۆ گەیشتن بەم ئامانجە هەرئەوەندە بەس نیە، ڕێز لە کلتوورە لۆکاڵیەکان بگرین و کەمێکیش ماوە بۆ بەخشیەنکان بهێڵینەوە. دەبێت خودی جیاوازی ڕزگار بکرێت، نەک ئەو ناوەڕۆکە مێژوویەی هەر سەردەمێک پێی بەخشیووە، هیچکامیان زیاتر لە سەردەمی خۆی بەردەوام نەبووە. کەوابوو دەبێت گوێت لە سەدای ئەو گەنمە بێت کە دەڕوێت، توانا شاراوەکان هان بدرێت، سەرجەم خواستەکانی مرۆڤ بۆ ژیانێکی کۆمەڵایەتی کە مێژوو کەڵەکەی کردووە، بەخەبەر بهێنرێتەوە: هەروەها دەبێت ئامادەیی ئەوە هەبێت بێ غافڵگیربوون و بێ بێزاری و بێ ووروژان، ئەو شتە ناباوانە تاوتوێ بکرێت کە دەشێت هەموو ئەم شێوە تازانەی دەربرینی کۆمەڵایەتی پێشکەشی بکەن. لێکبوردن تەماشاکردن نیە تاکوو مرۆڤ لە هەڵکردن لەگەڵ ئەوەی بووە و هەیە ببورێت، بەڵکو حاڵەتێکی دینامیکیە لە پێشبینی کردن، وەرگرتن و بەهادانان بۆ هەر شتێک کە دەیەوێت ببێت. کلتورە جیاوازەکانی مرۆڤ بەدوامانەوە و لە دەروبەرمان و ە لەپێشمانەوەن. تەنیا خواستێکی پڕ بەها کە دەشێت لەم بوارەدا هەمانبێت (کە ئەرک دەخاتە سەر شانی هەر یەکێک لەم بوارەدا) ئەوەیە ئەم جیاوازیانە بەجۆرێک بەدی بێن کە هەریەکێک بەشداریەکی زۆرتری لە بەخشیندا لەلایەن ئەوانی دیەوە هەبێت.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: