هلۆتیوس؛ لە بارەی ئازادیی چاپەمەنییەوە

(لە: لەبارەی مرۆڤەوە، بەشی نۆهەم، فەسڵی دوانزەهەم، بەهەرمی هلوتێۆس)

و. ڕێبین هەردی

هلۆتیوس وەک ڕۆسۆ و لۆک بەرگری لەو تیورەیە دەکات کە بڕوای وایە ژمارەیەک فەزیڵەت هەیە کە بۆ کاردکردنی دروستی کۆمەڵگای مەدەنی گرنگ و بنەڕەتیە. بەڵام ئەم فەزیڵەتانە دەرئەنجامی بیروڕای دینی هاوڵاتیان و یان حوکمە دۆگماکان نیە کە دەشێت لە بونیادە عەلمانی و کەنیسەیەکانەوە بەسەریاندا بسەپێت.  ئەگەر چێژخوازی و ڕاکردن لە ئازار پاڵنەرە سەرەکیەکانی کارەکانی ئێمە بێت، کەوابوو دەبێت لە فەزیڵەتەکاندا چێژێک بدۆزینەوە. لەوڕوەوە کە دڵبەستن و پێداویستی، دوو بنەما و بناغەی کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤە، کەوابوو ژنان و دارایی و شانازیەکان، ئامرازی هاندانی مرۆڤەکانن بۆ فەزیڵەتەکان، چونکە هەریەک لەم سێانە سەرچاوەی چێژن بۆ مرۆڤ. چێژ کەموکوڕی ئەخلاقیە فەردیەکان دەگۆڕێت بۆ فەزیڵەتی هەستپێکراوی سیاسی. لێرەوە ئەو فەزیڵەتانەی هۆکاری پاراستنی یەکێتی کۆمەڵایەتیە، دەرئەنجامی دۆگم و ڕێسا ئەخلاقیەکانی مەسیحیەت نیە کە نا کۆمەڵایەتین. (ئەم ئەرگۆمێنتە تازە نیە، ماکیاڤیلیش پێش ئەم وای گوتبوو). بەڵام مەبەستیانە کە دەبێت پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بە گونجاندنی لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیە تایبەتیە هەستپێکراوەکاندا بەهێز بکات. لێرەدا دیسانەوە دەگەینەوە بە مەسەلەی خوانەناسی پاک.

بەمشێوەیە هلۆتیوس لەلایەکەوە هاوڵاتی لەبەرامبەر باوەڕداری دەمارگیردا دادەنێت، و لە لایەکی ترەوە دین یان مەزهەبە مەسیحیەکان لەبەرامبەر فەیلەسوفاندا. ئەخلاقی پاک کە سەربەخۆیە لە پاکی دۆگماکان، بەڵام بەتەواوی گرێدراوە بە یاساکانەوە، دەتوانێت مرۆڤەکان وا لێبکات لەبەرامبەر جیاوازی ڕێبازەکاندا بێ لایەن بن، و لە ئەنجامدا کۆمەڵایەتی تریان بکات. نەک تەنیا بڕوابونی بە خودایەتی و کارکردن بە ڕێبازەکان بۆ ڕزگاری هەمووان پێویست نیە، بەڵکو تەنانەت ڕۆحی دینی، “ڕۆحی یاسایی بوون” کەتەنیا زامنی پراکتیکی ئەخلاق و پاکژی گەلە، لەناو دەبات. هلوتیوس بەو دەرئەنجانە دەگات کە کاتێک دەزگای دین لەگەڵ دەزگای ڕەخسانی خۆشبەختی نەتەوەییدا تێکەڵ دەبێت، واتە کاتێک دین و مەزهەبەکان لەخزمەتی بەختەوەری گشتیدا بن، ئەوکاتە مرۆڤەکان ڕوانینێکی دروستیان بۆ پاکژی دەبێت. دینێک کە لەبنەڕەتدا لێبوردە نەبێت، زیانبەخشە. تەنیا ئەو دینانەی خاوەن لێبوردنن، دینە دێرینەکان سەردەمی کۆنن، چونکە ئەم دینانە حوکمی دۆگمایان نیە و لەبەرئەوە نابنە سەرچاوەی ململانێ و پێکدادانی مرۆڤەکان. ئەم دینانە بە پلەی یەکەم دینی نەتەوەیین کە ووزەی خزمەتکردن بە نیشتیمان زیندوو دەکەنەوە. دینی فەیلەسوفانیش “کە جگە لە ئەخلاقی تەندورست و بەرز” هیچی تر نیە، هەر بەم ئاراستەیەیە. هلۆتیوس بەمشێوەیە ڕێبازێک لە جۆرێکی تر لەبەرامبەر مەزهەبە مەسیحیەکاندا دادەنێت، مرۆڤ بە پەروەردەکردنی عەقڵی خۆی ئاشنا دەبێت بە مەبەستە ئەخلاقیەکانی خودا، واتە ئەرکی مرۆڤ لەبەرامبەر کۆمەڵگا و ئامزاەکانی پاراستنی و باشترین یاسا مومکیەنکان. “ئەمەش تەنیا ڕێبازێکە کە من دەمەوێت مرۆڤ بەهۆیەوە بڵند بێتەوە، تەنیا ڕێبازێک کە دەتوانێت سەرتاپایی و گەردوونی بێت”. لێرەوە تێدەگەین تۆمەتی لادانی دینی، بەتەواوی مانای خۆی لەدەست دەدات. لەڕاستیدا ئەمە تۆمەتێکە کە هیج پەیوەندی بە حوکمە دۆگمە هەمەکیەکانەوە نیە، لادانی دینی کە هیچ نیە جگەلە جۆرێک بیروڕا “ناوێکە کە دەسەڵاتداران بە بیروڕای هەقیقی، بەڵام ناکۆک بە بیروڕای خۆیانی دەدەن، لادانی دینی وەک ڕاست دینی (یان ئەرسۆزۆکسی) لۆکاڵیە. لادەری دین مرۆڤێکە پەیڕەوی لە گروپە باڵادەستەکانی ناو گەلێک ناکات کە لەناویدا دەژی”. بەپێچەوانەوە تەنیا کۆمەڵگایەکی ئازاد کە تیایدا عەشق بۆ ئەنجامدانی ئەرک و سودمەندی بەر لە هەموو شتێکی تر بێت، دەتوانێت بۆ دینێکی گەردوونی سوودمەند بێت.  هلۆتیوس لەم بابەتەوە دەرئەنجامێکی پراکتیکی و سیاسی وەردەگرێت: دەسەڵاتی دینی و دەسەڵاتی شەرعی دەبێت لەیەک شوێندا کۆببنەوە، واتە مافی شتی پیرۆز دەبێت لەدەست حوکمڕاندا بێت.

هلۆتیوس بەردەوام ئەو خراپیانەی دەرئەنجامی نەزانینی هەقیقەت بێت، دوبارە دەکاتەوە. ئەگەر گەلێکی ڕۆشنبیر بتوانێت یاسا باشەکان هەڵبژێرێت، ناسینی هەقیقەت تەنیا  بۆ دەسەڵاتە نادادپەروەرەکان زیان بەخش دەبێت، نەک بۆ خەڵک. ئەم ناسینە دەتوانێت بۆ حوکمڕانی ستەمکاریش سودمەند بێت، ئەگەر بتوانێت “نادادپەروەریەکانی خۆی قەرەبوو بکاتەوە و لەگەڵ گەلەکەی خۆی ئاشت بێتەوە”. ئازادی چاپەمەنی بەپێچەوانەی شاردنەوەی سیاسیە، و پێگەیەکی گرنگی لە ووڵاتدا هەیە، دەرگای ووتوێژی گشتی دەکاتەوە و ڕاستیە قەبوڵکراوەکان تاوتوێ دەکات، ئامرازێکە بۆ تاوتوێکردنی بەهای بیروڕاکان: کێبڕکێ و ململانێ، عەقڵی مرۆڤ دەخاتە کار و دەبێتە هۆی کامڵبوونی ناسین. ئازادی چاپەمەنی، نەزانی و خورافات و دەمارگیری پاشەکشێ پێدەکات و گەل ئازاد دەکات. بەڵام هلۆتیوس دەڵێت گومانی تیا نیە حوکمڕان دەبێت ئەم ئازدیە بدات: ترس لە دەسەڵاتی سیاسی، زمانەکان بێدەنگ دەکات.

دانانی بیروڕا لەبەرامبەر هەموواندا، مەترسی واقعیان نیە. گریمانەی هلۆتیۆس ئەوەیە کە عەقڵ و لۆژیک، بیروڕاکان یەکسەر لەناو دەبات، بێ ئەوەی ئاشتی وڵات هیچ زیانێکی پێبگات. ئەم دیدەی هلۆتیۆس خۆشبینانەیە ولەسەر ئەو بەڵگەنەوستە دامەزراوە کە هەمیشە لە کۆتایدا هەق بەسەر هەڵەدا سەردەکەوێت، وئەمەش بۆچونێکە هاوشێوەی بیرۆکەی ڕەوتی ڕوو لەپەرەسەندنی مێژوو (هەقیقەت “جوڵەیەکی بەردەوام و هاوئاهەنگ”ی هەیە). ئەم گریمانەیە لەلایەکی دیەوە پاساو بۆ بڵاوکردنەوە و فێرکردنی بیروڕاکان دەهێنێتەوە ، تەنانەت ئەو بیروڕایانە کە زیانیان بۆ ئازادی مەدەنی هەیە. هلۆتیوس وەک سپینۆزا ئەو دۆخانەی کە تیایدا بیروڕاکان دەبن بە پراکتیک تاوتوێ ناکات، لەبەرئەوە لەوە تێناگات هەندێک لە بیروڕاکان کاتێک بۆ هەمووان دەردەبڕێن، دەتوانن بەشێوەی پرۆسەیەکی شۆرشگێڕانەیان لێبێت. دواجار ئەو گریمانەیەی ئەگەر حوکمڕان ڕێگە بە ووتوێژی گشتی بدات، هەمیشە ڕاستی بەسەر هەڵەدا سەردەکەوێت، پێویستی بەوەیە قەبوڵی بکەین کە تەنیا دەسەڵاتی حوکمڕانی ستەمکار ئەم ئازادیە سنووردار دەکات. بەڵام ئەمەش پێویستی بە پیاچونەوە بە سنوورەکانی لێکبوردن و نالێکبوردندا هەیە: ئایا لێکبوردنی بێ سنوور ، ئایا ئازادی فێربوون و قەبوڵکردنی هەندێک بیروڕا کە زیانیان بۆ ئازادی هەیە، ئەو مەترسیەی نیە کە سەرجەم لێکبوردن لەناو بەرێت.

دەق:

کەوابوو پەرەسەندنی زانستە سروشتیەکان  قەرزاری ئەو وتوێژانەیە کە دەرئەنجامی ئازادی چاپەمەنیە. ئەم ئازادیە زەوت بکەن، ئەوکات دەبینن چ هەڵەگەلێکی سەقامگیر کە وەک بنەمای بەدیهی و بێ چەندوچون قسەیان لەبارەوە دەکرێت (ڕویداوە)، ئەوەی من لەبارەی سروشتەوە دەیڵێم لەبارەی ئەخلاق و سیاسەتیشەوە ڕاستە. ئایا دەمانەوێت لەبارەی هەقیقەتی بیروراکانەوە دڵنیا بین؟ لەم حاڵەتەدا دەبێت بڵاویان بکەینەوە، بیروڕاکان تەنیا بە لە مەحەکدانیان بە وتوێژ، دەتوانین بیروڕاکان هەڵسەنگێنین. کەوابوو دەبێت چامەنی ئازاد بێت. ئەو حوکمڕانەی کێشە بۆ ئازادی چاپەمەنی درووست دەکات، لەگەڵ کەماڵی ئەخلاقی و سیاسیدا دەستەویەخە بووە: ئەو حوکمڕانە گوناهی لەگەلەکەی خۆی کردووە و بیروڕا شادبەخشەکانی کە ئەم ئازادیە دەستەبەردی دەکات لە بنەماوە دەکوژێنێتەوە. کێیە کە بیەوێت ئەم کەموکڕیە ستاش بکات؟ ئەوەی لێرەدا دەکرێت بگوترێت ئەوەیە گەلێکی ئازاد، گەلێک کە بیر دەکاتەوە، هەمیشە بەسەر ئەو گەلەدا زاڵە کە بیر ناکاتەوە. کەوابوو میر دەبێت هەقیقەت وەک شتێکی سوودمەند و ئازادی چاپەمەنی وەک ئامرازێک بۆ دۆزینەوەی هەقیقەت بە خەڵکی بدات. نادانی وەک شەوەزەنگێیک سەرجەم دەروونەکان دەگرێتەوە و ئەوکاتە کەسانێک کە بەدوای هەقیقەتەوەن، لە دۆزینەوەی دەترسن و ئەو هەستەیان دەبێت کە گەر هەقیقەت بدۆزنەوە، دەبێت دەم داخەن، یان ترسنۆک بن و هەڵیگەرێننەوە یان تەحەمولی سەرکوتکردن بکەن. هەمووان لە هەقیقەت دەترسن، گەرچی بەرژەوەندی هەمووان لە ناسینی هەقیقەتدایە، بەڵام هەمیشە بە قازانجی تاکەکان نیە کە بیڵین.

 زوربەی حکومەتەکان تا ئێستاش هاوڵاتیان بۆ کاری لێکۆڵینەوە هان دەدەن، بەڵام لێکۆڵیاران لەبەر دۆزینەوەکانیان سزا دەدەن. لەبەر ئەوە کەمن ئەو کەسانەی کە لەمەدای دووردا لەڕووی عەشقی پەتیەوە بۆ مرۆڤایەتی و هەقیقەت، ئامادە بن ڕقەبەرایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی حوکمڕاندا بکەن. لە ئەنجامدا مامۆستایانێکی کەم دەبن کە هەقیقەت بۆ خوێندکارانی خۆیان بە ئاشکرا باس بکەن. هەروەها ئەو تێز و فێرکاریانەی ئەمڕۆ لە قوتابخانەکان و هەروەها لە مەرجەعە دینیەکاندا دەخوێنرێت، تەنیا خوێندنی چەند ئەفسانەیەک و فێرکردنی چەندان سەفسەتەی خورافاتی و گومڕاهکردنی زیهنەکان و نامرۆڤانەکردنی دڵەکانە. دەبێت فێرکاری تازە بە مرۆڤەکان بدرێت. کاتی ئەوە هاتووە فێرکاری تازەتر جێگەی شێوازە سوک و بێهودەکان بگرێتەوە. دەبێت هاوڵاتیان فێر بکرێن ئەرکەکانیان بەرامبەرئ بە خۆیان، بە نزیکەکانیان و بە نیشتیمان چیە. دەبێت کارێک بکرێت خۆیان هەست بە گاڵتەجاڕی دەمەقاڵی دینیەکان و ئەو بەرژەوەندیانەی کەماڵی ئەخلاقیان تێدایە بکەن ، و لە ئەنجامدا بڕوا بە ئازادی بیرکردنەوە و نووسین بکەن. بەڵام بیروڕای نائاسایی و سەرسوڕهێنەر هەرگیز ئەم ئازادیە درووست ناکات. گرنگ نیە. عەقڵ و لۆژیک ئەمجۆرە بیروڕایانە هەر کە درووست بوون لەناو دەبات، لەبەرئەوە زیانێک بە ئاشتی وئارامی وڵات ناگەیەنێت.

هیچ بیانویەک لەوانە، ڕیاکاری و ستەمکاریش ناتوانێت سەرپۆشێک بێت بۆ سەپاندنی بێدەنگی رۆشنبیران و هیچ هاوڵاتیەکی پاکژیش، ئەمجۆرە بەهانانە بە پاڵنەرێکی ڕەوا نازانێت بۆ خنکاندن.

ئاشکرا بوونی هەقیقەت جگە بۆ دەستبڕەکان کە زۆرجار میرەکان گوێگری ئەوانن، ناخۆش نیە، چونکە ئەم دەستبڕانەوە خەڵکی ڕۆشنبیر وەک ئاژاوەگێر  و خەڵکی دەبەنگ و وەک خەڵکی گوێڕایەڵ  بە میر دەناسێنن.

ئەزموون لەم حاڵەتەدا چیمان فێردەکات؟ ئەوەی هیچ گەلێکی رۆشنبیر گوێ بە قسەی پڕوپوچ و دەمارگیر نادات و نادادپەروەری دەیوروژێنێت.

کاتێک دارایی ، ژیان و ئازادی من بگرن، توڕە دەبم، لەمکاتەدایە کۆیلەکان دژی ئاغاکانیان دەست بۆ چەک دەبەن. هەقیقەت دوژمنێکی نیە، جگە لە دوژمنانی بەرژەوەندی گشتی. گوناهکارانن کە دژی بڵاوکردنەوەی هەقیقەتن.

 پیشاندانی سوودمەندی هەقیقەت، پیشاندانی ئەوەی مرۆڤ قەرزاری مرۆڤە بۆ هەقیقەت، و پیشاندانی پێویستی ئازادی چاپەمەنی، شتگەلێکی کەمن. دەبێت سەرەڕای ئەمە خراپیەکانی بێهودەیی بەرامبەر بە هەقیقەتیش پیشان بدەین.

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: