کۆچی دوایی بیرمەندی سویسری هانز کۆنگ

نەیاری سەرسەختی تیۆرەی پێکدادانی شارستانیەت و ڕۆشنبیرییەکان

نووسینی: هاشم ساڵح

لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

دواجار، یەکێک لە گرنگترین بیرمەندەکانی جیهان کە کاریگەریی و ئامادەبوونێکی زۆری هەبوو، کۆچی دوایی کرد و ئەم دونیایەی بەجێهێشت. ئەویش فەیلەسوفە گەورەکەی تیۆلۆژیا “هانز کۆنگ”ە، ساڵی 1928 لە سویسرا لەدایک بووە و پێش یەک مانگ لەمەوبەر،(بەرواری 6 نیسانی 2021)، لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی دەکات. کۆنگ لە زانکۆی توبنجین و لە کۆلێژی تیۆلۆژیا/ کلیة اللاهوت، بۆ ماوەی 36 ساڵ و تا کاتی خانەنشینبوونی لە ساڵی 1996، مامۆستای زانستی ئاین بووە. سێ لە بلیمەتە گەورەکانی سەدەی نۆزدەهەم: هیگڵ، هۆڵدەرلین، شیلینگ، دەرچووی ئەم کۆلیژەن.

هانز کۆنگ بە پلەی یەکەم، پیاوێکی ئاینی بوو. بەڵام بە شێوەیەک پیاوێکی ئاینی بوو کە نموونەی نییە، ئەو ئاگاداری مێژووی فەلسەفە بووە، لە سەرەتاکەیەوە بۆ کۆتاییەکەی. کاتێک بەرهەمەکانی دەخوێنیتەوە، هەست ناکەیت پیاوێکی ئاینییە، بەڵکو هەست دەکەیت فەیلەسوفە. بەڕاستی و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر، ئاگادارییەکی بەرفراوانی لە زانستە فیزیایی و بایەلۆژی و ئەبستمۆلۆژییەکاندا هەبوو. لەو بڕوایەدا نیم، لە تەواوی جیهاندا، پیاوێکی ئاینی بەم قەبارەیە هەبێت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوە بوو، بەسەر ئەوانی دیکەدا کراوە بوو. ئەو خۆی سەر بە مەزهەبی کاسۆلیک بوو، کەچی مەزهەبە نەیارەکەی خۆی خۆشدەویست: واتە مەزهەبی پرۆتستانت. بەو پەڕی ڕێز وخۆشەویستییەوە، لەسەر ڕابەری چاکسازیی مارتن لۆسەر کە دامەزرێنەری مەزهەبی پرۆتستانتە، دەینووسی. ئەمەش شتێکی زۆر دەگمەنە، لە کەسایەتییەکی کاسۆلیکییەوە دەربچێت. ئەو بەشێکی گەورەی کاتی خۆی، بۆ هەوڵدان لە پێناو نزیکبوونەوەی نێوان مەزهەبەکانی مەسیحییەت، تەرخان کردبوو. بە تایبەت نێوان کاسۆلیکەکان و پرۆتستانتەکان، بگرە لەوەش زیاتر: زۆر کراوەبوو بەسەر ئیسلامدا و دەیویست بە هەر جۆرێک بووە، لە ئیسلام نزیک ببێتەوە. هەروەها بەو پەڕی ڕێز و سەرسوڕمانەوە، لەسەر ئیسلام و موسڵمانانی دەنووسی.

هانز کۆنگ، دوژمنێکی زۆر سەرسەختی تیۆرەی بەریەککەوتنی شارستانییەتەکان و رِؤشنبيرييه‌کان و ئاینەکان بوو. لەو بڕوایەدا بوو، خەڵکانی باش و خەڵکانی خراپ، لە هەمو لایەنەکانەوە هەیە. ئەوەی بەلایەوە گرنگ بوو، لابردنی خراپ تێگەشتنی نێوان خەڵکانی باشی مەسیحی و موسڵمان و جوولەکە بوو. وا لەو خەڵکە باشانە بکرێت، لەگەڵ یەک بکەونە گفتوگۆ و لێکتر نزیکبوونەوە و ڕوخاندنی دیوارە دەرونییە ترسناکەی نێوانیان، کە وا دەکات لەیەکتر دووربکەونەوە. هەروەها داوای نزیکبونەوەی نێوان ئاینی بوزی و هیندۆسی و ئاینەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی دووری دەکرد. تا دوا سنور، گفتوگۆیەکی ئاینی و فەلسەفی قووڵی، لەگەڵ ئەو ئاینەنادا کردەوە. تەماشای کتێبەکەی: مەسیحییەت و ئاینەکانی جیهان، هەروەها تەماشای یاداشتەکانی بە ناونیشانی: شەڕکردنم لەپێناو ئازادی، بکە. ئەو داوای برایەتییەکی گەردونی دەکرد لە نێوان ئاین و کەلتورە جیاوازەکاندا. نەیاری سەرسەختی تیۆرەی پێکدادانی شارستانییەتەکان و ئاینەکان و ڕۆشنبیرییەکان بوو.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بوو، ساڵی 1993 لە شاری شیکاگۆ، بەشداری لە سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پەرلەمانی جیهانی بۆ ئاینەکان کرد. ئەمە ئەو پەرلەمانە بوو، کە نوێنەرانی سەرجەم ئاینە گەورەکانی مرۆڤایەتی، لە پێش هەمویانەوە ئیسلام، داوایان کرد دابمەزرێت. دوای ئەوە، دەزگایەکی گەورەی بە ناونیشانی: دەزگای ئاکاری گەردونی/ موسسة لاخلاق الکونیە دامەزرند. ئامانجی ئەم دەزگایە، بەهێزکردنی هاریکاری نێوان ئاینە گەورەکانە، کە باوەڕیان بە هەمان پرنسیپە ئەخلاقییەکان هەیە، هەرچەندە ئەو ئاینانە لە ڕووی عەقیدە و سروت و ڕێوڕەسمەکانیانەوە جیاوازن. وەلێ کاکڵەیەکی ئەخلاقی بچوککراوی هاوبەش، لە نێوان سەرجەم ئاینە گەورەکانی مرۆڤایەتیدا هەیە، ئەوەی لە ئیسلامدا بە مەکارم ئەخلاق ناویدەبەین.

ساڵی 1996، دیبەیتێکی قووڵ لە نێوان هانز کۆنگ-ی کاسۆلیک و فەیلەسوفی گەورەی پرۆتستانت پۆل ریکۆر، ڕوویدا. دیبەیتەکە سەبارەت بە “یاداشتێک لە پێناو ئەخلاقێکی گەردونی بۆ جیهان” بوو. ئەمە ئەو یاداشتە بوو کە هانز کۆنگ نووسی و لە جیهاندا بڵاویکردەوە. نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە هانز كۆنگ، نووسەری ئەو سێ کتێبە بەناوبانگەیە کە دەربارەی سێ ئاینە یەکتاپەرستییە گەورەکەیە: واتە جوولەکە (1980)، مەسیحییەت (1994)، ئیسلام (2010)، هەر یەکێک لەو کتێبانە، نزیکەی هەزار لاپەڕە یان زیاتره‌. ئەو شتێکی ئاوا دەربارەی ئیسلام دەڵێت: ئێمە سەبارەت بەوەی تایبەتە بە پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەکان، لە وەرچەرخانێکی مەترسیدار و یەکلاییکەرەوەدا دەژین، بە تایبەت لە پەیوەندی نێوان خۆرئاوا و ئیسلام. هەروەها ئەم پەیوەندییە، پەیوەندی نێوان سێ ئاینە ئیبراهیمییەکەش لەخۆدەگرێت: جوولەکە، مەسیحی، ئیسلام. ئێمە لەم بوارەدا، خۆمان لەبەردەم دوو بژاردەدا دەبینینەوە کە سێیەمی نییە: یا ململانێ و کێبڕکێ لە نێوان ئاینەکان و بەریەککەوتنی شارستانییەتەکان و کەلتوورەکان، یاخود گفتوگۆ لە نێوان کەلتوورەکان و بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامی نێوان ئاینەکان. ئەمە مەرجێکی سەرەکییە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان گەلاندا، هەر لەبەر ئەوەشە، ئەم دروشمەی خوارەوەم بەرزکردووەتەوە: بێ ئاشتی نێون ئاینەکان، ئاشتی لە جیهاندا نابێت.

دواتر پرۆفیسۆر هانز کۆنگ، لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت:  بۆ ئەوەی لەم مەترسییە کوشندەیە بەدووربین کە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکات، ئەوا پێویستە بە زووترین کات ئەو دیوارە بڕوخێنین کە نێوان گەلانی لەیەکتر جیاکردووەتەوە. پێویستە هەمو ئەو ئەحکامە پێشوەختانە لێکهەڵوەشێنینەوە کە لای هەر ئاینێک، دژ بە ئاینەکانی دیکە هەیە و بەربڵاوە. بۆ نمونە، مەسیحییه‌كان لە دانیشتنە تایبەتەکانی خۆیان، چی بە موسڵمانان دەڵێن؟ یان بە پێچەوانەوە، موسڵمانان لە دانیشتنە تایبەتەکانی خۆیاندا، چی بە مەسیحییه‌كان دەڵێن؟ ئەی جوولەکە چی بە هەردوکیان دەڵێت؟ لە هەمو حاڵەتەکاندا، شتێکی ترسناک بە یەکتر دەڵێن! ئەوە دیدگایەکی دوژمنکارانەی ڕەشە، لەنێوان هەمو لایەنەکاندا هەیە و وەک میرات بە درێژایی سەدەکان ماوەتەوە. ئەوە کڵێشەگەلێکی تائیفی ژەهراوییە، لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە ماوەتەوە.

زۆر بە کورتی، پێویستە هەمو ئەوانە تێپەڕێنین و لاپەڕەی پڕ ئازاری ڕابردوو بپێچینەوە. پێویستە پردی گفتوگۆ و لێکتێگەشتن، لە نێوان ئاینەکاندا دروست بکەین، بۆ ئەوەی بزانین چی کۆماندەکاتەوە و چی لەیەکترمان دادەبڕێت. پێویستە لە عەقڵییەت و هزری تەکفیرکردن و نەفرەتکردن، بێینە دەرەوە کە لە تەواوی سەدەکانی ناوەڕاستدا،  بەربڵاو و باڵادەست بووە. (لە نێوان دوو کەوانەدا: ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، ئەم پرۆگرامە شارستانییە ئایندەییەی بە تەواوەتی جێبەجێ کردووە، ئەویش ئەو کاتە بوو کە بەڵگەنامەی برایەتی مرۆڤایەتی دەرکرد، هەروەها ئەو کاتەش بوو کە ماڵی خێزانی ئیبراهیمی لە ئەبو زەبی دامەزراند).

هانز کۆنگ ساڵی 1989، کتێبێکی گرنگی بەم ناونیشانە بڵاوکردەوە: “لەپێناو تیۆلۆژیایەکی نوێ کە شایەنی سەدەی بیست و یەک بێت”، لەوێدا ئەم پرسیارە دەخاتە ڕوو: تیۆلۆژیای ئاینی بەرەو کوێ دەڕوات؟ زانستی ئاین لە جەوهەر و ناوەرۆکی دا، بەرەو کوێ دەڕوات؟ لەوێدا دەڵێت: پێویستە زانستی تیۆلۆژیا، سێ ئالانگاریی چارەسەر بکات: ئالانگاریی یەکەم، خۆی لە نزیککردنەوەی سێ مەزهەبەکەی مەسیحییەتدا دەبینێتەوە: ئەردەدۆکسی، کاسۆلیک، پرۆتستانت. ئاشکرایە بە درێژایی چەندین سەدە، جەنگ و دوژمنایەتی و تەکفیرکردن، لەنێوان ئەو سێ مەزهەبەدا لەئارادا بوو، هەنوکە کۆتایی پێهاتووە. پێویستە ئەو مەزهەبانە لە قەپێلکە مەزهەبەییە تەسکەکەی خۆیان بێنەدەرێ، تاکو لەسەر پانتاییەکی فراوانتر و گرنگتر بەیەک بگەن: واتە پانتایی پرنسیپە گەورەکانی ئینجیل. لە ڕاستیدا هەر ئەمەش بوو لەسەر ئەرزی واقیع ڕوویدا، دوای ئەوەی ئەوروپا ڕووناکبوەوە و گەشەی کرد و بە تەواوەتی قۆناغی تائیفییەتی تێپەڕاند.

هەرچی ئالانگاریی دووەمە، بریتییە لە نزیککردنەوەی نێوان سێ ئاینە ئیبراهیمییەکە: واتە جولەکە و مەسیحی و ئیسلام. لێرەدا دەبینین ئەرکەکە، قورستر و سەخترە، بەڵام مەحاڵ نییە، ئەگەر نییەتەکان ڕاستگۆبن و کارەکان ڕاست و دروستبن. ئالانگاریی سێیەم، ئەمەی خوارەوە دەگرێتەوە: پێویستە لەسەر زانستی تیۆلۆژیای ئاینی، سەرلەنوێ مۆدێلەکانی شیکردنەوەی یان نموونە مەعریفییەکانی یاخود ئەوەی زانایانی ئەبستمۆلۆژیا و فەلسەفەی زانست دەڵێن پارادیمەکانی، تازەبکاتەوە. زانستی فیزیایی و سروشتی ئەمەی کردووه‌، ئیدی بۆچی زانستی ئاینیش ئەمە ناکات؟

پاشان ئەم فەیلەسوفە تیۆلۆژییە ناودارە، ئەم ئامۆژگارییەی خوارەوە دەخاتەڕوو: پێویستە زانستی تیۆلۆژیا، تێگەشتنە کۆن و داخراو و دەمارگیرییەکەی بۆ ئاین تازەبکاتەوە، چونکە چیدی بەکەڵکی ئەم سەردەمە نایەت. (لە نێوان دوو کەوانەدا: ئەم ئامۆژگارییە، وەک ئەوە وایە، بەشەخسی ئاراستەی گروپی ئیخوان موسلمین کرابێت). چونکە ئێمە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین، نەک لە سەدە تاریکەکانی ناوەڕاست. ئێمە لە جیهانی زانستە فیزیایی و بایەلۆژیی و تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتووەکاندا دەژین. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین، تێیدا عەقڵی ڕەخنەیی ڕۆشنگەر و گەشەکردنێکی گەورەی فەلسەفی و کرانەوەی جیهان بەڕووی یەکدا، بەرقەرار و بەربڵاوە. هەر بۆیە لەسەر زانستی ئاینی پێویستە، هاوشانی هەمو ئەوانە ڕێبکات و هەزمیان بکات. دەبێت بە ئاراستەی بزاوتی مێژوو، هەنگاو بنێت، نەک بە پێچەوانەکەی. (دیسانەوە لە نێوان دوو کەوانەدا: ئا ئەمەیە وەلی عەهد و سەرکردە ڕۆشنگەرەکە محەمەد بن سەلمان، زۆرباش لێیتێگەیشتووە و دەرکی پێکردووە. سەیری لێدوانە پڕ عەقڵ و حیکمەتەکەی بکە کە بەم دواییانە لە تەلەفزیۆنی سعودییەوە پەخشکرا).

دواتر پرۆفیسۆر هانز کۆنگ، بەردەوام دەبێت و دەڵێت: ئێمە لەسەر هەمو ئاستەکان، لە جیهانی مۆدێرنەدا دەژین. بەڵام هەروەها لە جیهانی پاش مۆدێرنەش دەژین کە ناتەواوییەکانی جیهانی مۆدێرنەی ئاشکرا کردووە. زۆر زۆر بە کورتی: ئێمە پێویستمان بە فیکرێکی ئاینی زۆر نەرم و زۆر ڕۆشنگەر هەیە. مۆدێرنە لە سەرەتای سەدەی هەژدەهەمەوە، تاکو سەدەی بیستەم، ڕۆشنگەریی ئاینی بەدیهێنا، بەمەش کارێکی باشی کرد. بەڵام بە تەواوی لە ئاین چووەدەرەوە و کەوتە نێو توندڕەویی پێچەوانەوە. لەبەر ئەوە، پێویستە ڕەخنە لە لادانەکانی مۆدێرنە بگرین. چونکە لە دواجاردا، ئێمە پێویستمان بە ئیمانداریی پاش ڕۆشنگەریی و پاش مۆدێرنە هه‌یە!

سەرچاوە

الشرق الاوسط، یەک شەممە، 9 مایس، 2021

ناردن: