خۆشەویستی مەرجە بۆ خوێندنەوەی شیعر

نووسینی: فازل ئەلسوڵتانی

لە عەرەبییەوە: باوکی ڕەهەند

شیعر مەتەڵ نییە. ئەگەر مەتەڵ بێت، ئەوا ئینتیمای بۆ کایەیەکی دیکە دەبێت: کایەی کیمیا یان فیزیا یان وەرزش، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئینتیمای بۆ کایەی شیعر نابێت. بەڵام شیعر، لە هەمان کاتدا، خاڵی نییە لە هاوکێشە ناوەکییەکانی تایبەت بەخۆی. هاوکێشەیەک پێویست ناکات خوێنەر، توانایەکی زۆر بخاتەگەڕ تا کۆدەکانی بکاتەوە و بیخوێنێتەوە. بگرە تەنها پێویستی بەوەیە، ئێمەی خوێنەر، جۆرێک لە (میهرەبانی خودی/ الکرم الذاتی) مان هەبێت. واتە بە عەقڵ و ویژدانمانەوە، بڕۆینە نێو جیهانی قەسیدەکەوە و خۆمان “ببەخشین” بەم جیهانە، تاکو ببین بە بەشێک لێی، یان با بڵێن ببین بە هاوڕێی ئەو جیهانە.

ئەگەر ئەوە بەدیهات، ئیدی پرۆسەی خوێندنەوەکە- تا زیاتر ڕۆبچینە نێو تێکستەکەوە- دەگۆڕێت بۆ پرۆسەیەکی ناوەکی، نەک دەرەکی کە تەنها لە میانەی چاوەوە ئەنجامدەدرێت. بەڵام ئەم کەرەمە خودییە، بەدینایەت، مەگەر لە میانەی بڕێکی تایبەت لە خۆئامادەکردن و ئامادەسازیی و لە میانەی، جۆرێک لە مەشق و ڕاهێنانی دەروونی بۆ خوێندنەوەوە نەبێت. بەڵام لەوانەیە ئەم مەشق و ڕاهێنانە، وەک هەر پرۆسەیەکی دیکەی مەشق و ڕاهێنان، سەخت بێت. لێ پێش هەمو شتێک، پێویستە لەوە تێبگەین کە چی بخوێنینەوە. واتە هاوکێشەکەی ئەبو تەمام هەڵگێڕینەوە: (بۆچی لەوە تێناگەن کە دەیخوێننەوە).

لە کلتوری خۆرئاوادا، کتێبگەلێکی زۆر هەیە، یارمەتیمان دەدەن لە شیعر تێبگەین، لەوێشەوە چێژی لێببینین. بەڵام بە داخەوە، لە کلتوری عەرەبیماندا، ئەم جۆرە لە کتێب، لە خانەی نیمچە نەبوودایە. ڕاستە هەندێک کتێبی تایبەتی کەلەپوریمان هەیە، پڕە لە شیکردنەوە، تەفسیرکردنی ماناکان و شەرحکردنی زاراوە و ئەو بۆنەیەی ئەم شیعرە یان ئەو شیعرەی تێدا وتراوە و ئامانجی شیعرەکە خراوەتەڕوو. بەڵام دەستمان ناگرێت و هەنگاو بە هەنگاو، نامانباتە نێو جیهانی ناوەکی خودی قەسیدەکە. ئەو کتێبانە کۆمەڵێ ئامرازمان پێدەدات کە لە دەرەوەی قەسیدەکەیە و یارمەتیمان دەدات بگەینە بەر دەرگای شیعرەکە، نەک چوونە ژوورەوە بۆ ناو شیعرەکە. ناوەوە کە تێدا سێبەری درەوشاوە یان کز، هارمۆنیەت یان ناهارمۆنییەتی وشەکان دەبینین. لەوێدا دەبینین وشەکان چۆن لەم بابەتە یان لەوی دیکەیاندا بەکارهاتوون، چۆنیەتی وتنی وشەکان، دەلالەتی هەستی و هزری وشەکان دەبینین. تەنها هەر ئەمە نا، بگرە ئەوەی لە هەمو ئەوانە گرنگترە، ئەوەیە ئەم ڕەگەزانە، چۆن بەیەکەوە یەکیانگرتووە و بوونەوەرێکی نوێیان بۆ دروست کردووین. بوونەوەرێک بە تەنها سەر بە هیچ ڕەگەزێکیان نییە، بەڵکو هەمو ڕەگەزەکان لەو بونەوەرەدا تواونەتەوە. بەمەش ئەو دەگمەنییە بە شیعر دەبەخشێت کە هەمو کارێکی ڕەسەنی پێجیادەکرێتەوە.

دۆزینەوە و کەشفکردنی ئەم دەگمەنییە، مەرجدارە بە پرۆسەیەک کە لە یەککاتدا هەم سوکە و هەمو قورسە: خۆشەویستی. بە خۆشەویستییەوە بخوێنینەوە. بە دڵنیاییەوە ئەم خۆشەویستییە، خۆشەویستییەکی یەک لایەنە نییە، بەڵکو قەسیدەکەش هەمان خۆشەویستی لەگەڵ ئێمە ئاڵوگۆڕ دەکات و خۆیمان پێدەبەخشێت. لەوانەیە دوای هەندێک لە وردبوونەوە و پێچوپەنا و ئاڵۆزی و ئاماژە کە پێدەچێت بۆ تێگەشتن قورسبن. بەڵام هەمو ئەوانە پێویستیان بە کەمەکێک سەبر و دانبەخۆداگرتن و ناڕەحەتی هەیە، وەک ئەوەی هەمیشە لەگەڵ خۆشەویستیدا ڕوودەدات.

سەروەختێک ئێمە کە گەنج بووین، بەختمان هەبوو، بەوەی کتێبی لە نموونەی: “شیعر… چۆن لێیتێبگەین و چێژی لێوەرگرن” نووسینی ئەلیزابێس درو، وەرگێڕانی بۆ عەرەبی ئیبراهیم ئەلشوش، کتێبی “شیعر ئەزموونە” نوسینی ئارشیباڵد مکلیش و وەرگێڕانی بۆ عەرەبی سەلما ئەلخەزرا ئەلجیوسی، دەگەشتە دەسمان. ئێمە زیاتر لەو کتێبانەوە فێربووین، تا لە خوێندنگا و زاکۆکان. لەوانەوە فێری چۆنیەتی چوونە ژوورەوە بۆ جیهانی قەسیدە بووین، فێربوون چۆن چۆنی نهێنییەکانی و جیهانە ناوەکییەکەی بدۆزینەوە. نەک ئەوەی مانای وشەکان و لەبەرکردنی دێڕەکان وەک توتی، ئەو جیهانەمان لێبزر بکات، وەک ئەوەی لە قوتابخانەکانمان و زانکۆکانمان دەیانوویست، تەنانەت لەو زانکۆیانەش کە تایبەتمەندبوون بە ئەدەب و هونەر.

دەزگاکانی پەخش و بڵاوکردنەوە لە خۆرئاوا، بۆ یەک ڕۆژ چییە، دەستبەرداری بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە کتێبە نەبوون. بەتایبەت لە بەریتانیا کە تێیدا خوێندنەوەی شیعر و پێگە گەورەکەی شیعر لە نێو کۆمەڵگا، پاشەکشەی نەکردووە. تەنانەت ئەگەر بەریتانیا بەراوردی بکەیت لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەی ئەوروپا، تێیدا شیعر پاشەکشەی نەکردووە. بۆ نمونە لەو کتێبانە “چۆن قەسیدە بخوێنینەوە” لە نووسینی بیرمەند و توێژەری بەریتانی “تێری ئیگڵتۆن”. ئەمە سەرەڕای ئەو شێوازی فێرکردنە کە لە قوتابخانە ناوەندیی و ئامادەییەکاندا پەیڕەودەکرێت. لەوێدا خوێندکار لەگەڵ شیعردا دەکەوێتە گفتوگۆ، گفتوگۆیەکی هزری و ڕۆحی لە میانەی وانەکە و گەڕان و توێژینەوەوە. ئەمەش لەپێناو ئەوەی خوێندکار بگات بە چونەژوورەوە بۆ نێو جیهانە پان و فراوانەکەی شیعر. شیعر تەنها بەم ڕێگایە خۆی پێشکەش دەکات و دەچینە ناوییەوە… ئەویش بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ دێتە ناومانەوە.

سەرچاوە

الشرق الاوسط، 3 مایس، 2021

ناردن: