قەسابخانەی ژمارە ٥

قەسابخانەی ژمارە ٥

ڕۆمانێک لە بارەی جەنگ و ماڵوێرانییەوە

ڕانانی: ئیدریس عەلی

باوەڕ ناکەم هیچ نووسەرێک هێندە گەمژە بێت، پێی وا بێت بە نووسینی کتێبێک سەبارەت بە جەنگ، دەتوانێت سنوورێک بۆ ملهوڕی و بەربەرییەت دابنێ، نووسەرەکان لەوە بە ئاگاترن تووشی وەها وەهم و خەیاڵپڵاوییەک ببن و ؤڵی ئەو پزیشکە شیکپۆشە ببینن کە دەتوانێت بە دەرزییەک و دوو سێ حەپ، ئازار لە بەیەنی نەخۆشدا نەهێڵێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: نووسەرەکان لەو کتێبانەدا بە شوێن چییەوەن و گەرەکیان چ شتێک بگۆڕن؟ ئایا وشە و ڕستەکان دەتوانن تفەنگەکان بێدەنگ بکەن؟ ئایا کتێب و فیکری نووسەر تا چ ئەندازەیەک دەتوانێت بەر پۆخڵەواتیی شەڕ بگرێت؟ بڕوا ناکەم هیچ بوونەورێکی دی هێندەی نووسەران یەقینیان هەبێت کە لە دونیایەکدا بۆنی خوێن و دووکەڵ و بارووت هەبێت، وشەکان جگە لەوەی وەک کرم بەردەبنە گیانی یەکدی و یەکدی دەخۆن، هیچ ڕۆڵێکی دیکەیان نابێت، بەڵام دەبێت ددان بەو ڕاستییەشدا بنێین: نووسینی کتێبێک لەبارەی جەنگ و نابووتی جەنگ، کارێکی ئاسان و ئەرکی هەر نووسەرێک نییە، لە ڕاستیدا دەبێت نووسەرێک دڵڕەقمان هەبێت تا پێمان بڵێت جەنگ چییە مرۆڤ لە بارودۆخی جەنگدا چۆن دەژی… دەبێت بڕۆین ڕۆمانی قەسابخانەی ژمارەی ٥ بخوێنیەوە، تا بزانین بە فیکر و زیهن و دونیابینی چ نووسەرێک ئاشنا دەبین.

ڕۆمانی (قەسابخانەی ژمارە ٥) بە یەکێک لەو ڕۆمانە دژە جەنگانە هەژمار دەکرێت، کە زۆرترین لایەنەکانی جەنگ و هۆکار و ئاکامەکانی بە قووڵی و وردی دیاری کردووە، بێ ئەوەی بە ڕوونی ئاماژە بە هۆکار و ساتەوەختەکەی، یاخود لایەنی هەڵگیرسێنەری جەنگەکە بکات، کوورت ڤۆنێ، گەورە نووسەر و ڕۆماننووس و سایتیرنووسی ئەمریکایی ئەم ڕۆمانەی نووسیوە و لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (عەتا نەهایی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

ڕۆمانی قەسابخانەی ژمارە ٥، سەبارەت بە جەنگ و دزێوییەکانی جەنگ دەدوێت و ئاوڕی لەو لایەنە پەنهایانە داوەتە کە وەک ڕوودا و بەرەنجام، جەنگ بەدوای خۆیدا دەیهێنێت و چارەنووسی مرۆڤەکان، لە نادیارترین و تاریکترین گۆشە و پانتاییەکانی ژیان دیاری دەکات، لە ڕاستیدا لە ساتەوەختی پەرپاکردنی جەنگدا، قووربانییە ڕۆحییەکان ئاشکرا دەبینرێت و ئەژمار دەکرێن، لێ کەس ئاگای لە قوربانییەکانی دوای جەنگ نییە کە لە بێدەنگیدا دەکەون، کەس ئاماری ئەو قوربانیانەی لە لا نییە کە لە دونیای دوای جەنگ و خوێنڕشتندا دروست دەبن، ڕەنگە زۆربەمان پێمان وا بێت، ئەو ساتەی جەنگ تەواو دەبێت و تفەنگەکان بێدەنگ دەبن و چاوی بەرژەوەندییەکان دادەخرێن، ئیدی دونیا ئارامیی بۆ دەگەڕێتەوە و مرۆڤەکان دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان دەکەنەوە، لێ ئەم ڕۆمانە، کە نووسەرەکەی پشتی بە کۆمەڵێک گۆشەنیگای جیاواز بەستووە بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان و بە قووڵی ڕۆچوونە نێو ناخی کاراکتەر و پۆخڵەواتییەکانی جەنگ، فێرمان دەکات کە هەر کاتێک تفەنگەکان بێدەنگ بوون، مانای ئەوە نییە کە ئیدی هەموو جەنگەکان وەستاون و ئاسایش باڵی بەسەر کۆمەڵگا و ژیانی مرۆڤەکاندا کێشاوە، بە پێچەوانەوە، قوربانییە گەورەکان بەردەوامن، ئاکامەکانی جەنگ دەبێتە گۆڕەپانی بەلادا کەوتتنی لاشەی دەیان خەون و ئومێد و شکۆی ئینسان، ئەستەمە پێمان وا بێت جەنگەکان خاڵی دەستپێک و کۆتاییان هەیە و سنوورێکیان بۆ دیاری کراوە، لە ڕاستیدا تەنها خاڵی دەستپێکیان هەیە و ئیدی بێ سنوور جەنگ لە بەرگ و فۆڕم و شێوازی جۆراوجۆر، لە کونوکەلەوەری چاوەڕواننەکراوەوە، دزە دەکات نێو ژیان و ڕۆحمان دادەتەپێنێت و پەردەیەکی ڕەشی ئەستوور دەدات بە ڕووی بیناییماندا، ئەم ڕۆمانە بێ پەردە و ڕیا، ماسک لە ڕووی جەنگ ناهێڵێت و ڕووی ڕاستەقینەی دزێوییمان پیشان دەدات و وریامان دەکاتەوە لە ئاکامە زیانبەخشەکانی، جەنەراڵەکان هەمیشە ڕەچەتەیەکیان هەیە و بە درۆوە دڵنیاییمان پێدەدەن و بە بەڵێنی گەورە فریومان دەدەن کە ئیدی جەنگ تەواو، لێ نا، ڕۆمانی قەسابخانەی ژمارە ٥ هۆشداریمان دەداتێ کە جەنگ هێشتا بەردەوامە و تێر نەبووە لە هەڵلوشینی مرۆڤ و تاریککردنی ژیان و ڕەشکردنەوەی ئومێد و هیوا لە دڵەکاندا.

هاوڕای عەتا نەهایی وەرگێڕ و نووسەر، پێم وایە نووسەر لەم ڕۆمانەدا پێچەوانەی چاوەڕوانیی ئێمە، لەبری ئەوەی داڵغەی داڕشتنی کەسایەتی و ڕۆچوون بە ناخ و دەروونی بیلی و پێرسۆناژەکانی تری ڕۆمانەکە بێت، لەبری ئەوەی کە هەوڵبدات باری سایکۆلۆجی بیلی و کەسەکانی تر شیبکاتەوە، گرنگی زیاتر بە بەرجەستەکردنەوەی بارودۆخەکان دەدات، هەر لە بارودۆخی مێژوویی و کۆمەڵایەتی وەک شەڕ و دیلییەتی و کۆمەڵکوژییەوە، بگرە، تا بارودۆخی ژیانی شەخسی و ئاسایی پاش شەڕ و باودۆخی خەیاڵی و ئەوپەڕی واقیعی سەفەر بۆ هەسارەی ترالفامادۆر بە دەوری باڵندە و ژیان لەو هەسارەیە.

ئێمەی خوێنەر بەر لە ڕۆمانی قەسابخانەی ژمارە ٥ و پاشتریش، بەر زۆر چیرۆک و ڕۆمان و شانۆنامە و فیلمی سینەمایی کەوتووین کە لەبارەی جەنگ و دزێوییەکانی جەنگەوە دواون و تێمای سەرەکی تێکستەکانیان جەنگ بووە، بەڵام دەبێت درک بەو جیاوازییە بکەین کە لەنێوان ئەم ڕۆمانە و ڕۆمان و چیرۆکەکای دیکەدا هەیە، ئەویش برتیییە لە فیکر و جیهانبینی و تێڕوانینی نووسەرەکەی، کە دواجار ئەم تێهزرین و فکرە قووڵانەی نووسەر، دەمانگەیەنێت بەو دەرەنجامەی بڵێین: قەسابخانەی ژمارە پێنج (شەڕی خاچپەرستی منداڵان، سەمای زۆرەملە لەگەڵ مەرگ) تەنها ڕۆمانێک نییە لەبارەی شەڕێکی تایبەت و دیاریکراوەوە لە قۆناغێکی مێژوویی دیاریکراودا، بەڵکو ڕۆمانێکە دەقاودەق لەبارەی شەڕ و بارودۆخی شەڕ.

عەتا نەهایی نووسەر و وەرگێڕ، لە بەشی کۆتایی ڕۆمانەکەدا، بابەتیکی تێروتەسەل و گرنگی سەبارەی بە ڕەهەند و لایەنەکانی ڕۆمانەکە نوویسوە و بە بڕوای من ئەو نووسینەی عەتا نەهایی، یارمەتیدەرێکی زۆر باش دەبێت بۆ خوێنەر، بۆ ئەوەی قووڵتر لە ڕۆمانەکە و پەیامی نووسەرەکی تێبگات، نەهایی لەو نووسینەدا پێی وایە: نووسەری ڕۆمانی قەسابخانەی ژمارە ٥، دەزانێت نووسینی کتێبێک لەبارەی شەڕ، کارێکی بێسوودە و هەیچ یارمەتییەکی قورربانییەکانی شەڕ نادات و هیچ ڕۆڵێکی لە دووبارەنەبوونەوەی شەڕ نابێت، بەڵام وێرای ئەوەش خۆی وەک یەکێک لە شاهیدەکانی شەڕ و کارەساتەکان، توانای فەرامۆشکردنی ئەو بارودۆخەی نییە، چونکە وەک چۆن چەمەکان ڕاوەسانیانیان بۆ نییە، شەڕیش ڕاوستانی بۆ نییە.

ئەوەی لەم ڕۆمانەدا زۆر گرنگە و جێی بایەخە و فۆنێ گات لەوانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە: نووسەر لەم ڕۆمانەدا هیچ گرنگییەکی بەوە نەداوە کە ئەم شەڕە بۆچی لەسەرچی و لەنێوان کام وڵات یان کۆمەڵە وڵاتێکدا ڕوودەدات، لە هیچ بەشێکی چیرۆکەکەدا تەنانەت سووکە ئاماژەیەکیش بە زەمینەی ڕوودانی شەڕەکە و هۆکارە سیاسی و ئابوورییەکانی نەکراوە،

عەتا مەهایی، هەر لەو نووسینەیدا سەبارەت بە ڕۆمانی قەسابخانیە ژمارە ٥، باس لەوەش دەکات کە بەشێکی زۆری تەوساوی بوونی ئەم ڕۆمانە بەهۆی بەکارهێنانی زمانی ڕووتی ئاخاووتەیی دوور لە سەناعەتی ئەدەبییە، زمانێک کە بە هیچ بەهایەکی ئەخلاقی، ئیدۆلۆژی، هزری و هەستیی نووسەر بارگاوی نەکراوە و هیچ هەولێک بۆ جوانکردن و جوان نواندنەوەی نەداوە: زمانێکی سادە، بە وشە و چنینی ڕستەی سادە و بە ڕواڵەت عەوامانە، کە هەندێ جار خوێنەرەکانی عەسەبی و تووڕە دوکات.

کوورت ڤۆنێ گات، ڕۆماننووس و ساتیریستێکی ئەمەریکاییە و لە 11ی نۆڤەمبەری 1922 لە ئیندیاناپۆلیسی ویلایەتی ئیندیانا لەدایک بووە، بە درێژایی 50 ساڵ نووسین 14 ڕۆمان، 3 کۆمەڵە چیرۆک، 5 شانۆنامە و 5 کتێبی دیکەی بڵاوکردووەتەوە. ڤۆنێ گات بە ڕۆمانی “قەسابخانەی ژمارە 5” و دیوی تاریکی تەنزئامێز لە نووسینەکانیدا دەناسرێتەوە. 11ی ئەپرڵی 2007 لە تەمەنی 84 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەم کورتە نووسینە هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی ئەم ڕۆمانە و جۆرە هاندانێکە بۆ ئەوەی خوێنەر بیخوێنێتەوە، ڕۆمانی قەسابخانەی ژمارەی ٥، لە جۆری ئەو ڕۆمانانەیە کە تەنها چێژی خوێندنەوەمان ناداتێ و خەیاڵمان بۆ دوور نابات، بەڵکو لە لە ناوەوەماندا تووشی ڕاچلەکین و جۆرە بەئاگاهێنانەوەیەکمان دەکات و بە بارودۆخ و هەلومەرجێک ئاشنامان دەکات، کە ڕەنگە ئێمەی کورد، بە هۆی جەنگە زۆروزەوەندەکانەوە، زیاتر لە هەر میللەت و کۆمەڵگایەکی دیکە، پێی ئاشنابین و یەکێک بین لە قوربانییە گەورەکانی جەنگ.

ناردن: