ناپلیۆن دوای دوو سەدە؛ بۆچی هیگڵ چەپڵەی بۆ لێدا؟

نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

فەرەنسا لەم ساڵدا، یادی تێپەڕبوونی دوو سەد ساڵ بەسەر مردنی ئیمپراتۆرە داگیرکەرە بەناوبانگەکەی: ناپلیۆن پۆناپارت، دەکاتەوە. ئاشکرایە ناپلیۆن وەک ئیمپراتۆر، حوکمی فەرەنسای کرد، تا ئەو کاتەی لە ساڵی 1815 و لە جەنگی بەناوبانگی “واترلۆ” شکستیهێنا. پاشان خانەوادەی ناپلیۆن لە گۆڕەپانەکەدا دیارنەمان و چیتر حوکمی فەرەنسایان نەکرد، تا ئەو کاتەی لە ساڵی 1850 ناپلیۆنی سێیەم دەرکەوت. ئەمەی دواییان- ناپلیۆنی سێیەم- بۆ ماوەی بیست ساڵ حوکمی فەرەنسای کرد،  واتە تا ئەو کاتەی سوپای فەرەنسا، لە ساڵی 1870 لەبەردەم سوپای ئەڵمانیا دۆڕا. دوای ئەوە، هیچ کەسێک لە ڕەچەڵەکی/ سولالەی ناپلیۆن حوکمی فەرەنسای نەکرد. بەڵام ڕەچەڵەکیان لە باو باپیرانیانەوە و لە میانەی شازادەکانەوە، بۆ چەندین نەوە بەردەوام بوون لە ژیان. بەم دواییانە بیستمان نەوەی ناپلیۆن، هاوسەریگری لەگەڵ خانمێکی بەڕێزی جەزائیر کە ناوی “یاسەمین بریکی”یە کردووە. دەکرێت بڵێن خانەوادەی ناپلیۆن پۆناپارت، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر مێژووی فەرەنسا هەبوو، جێپەنجەی خۆیان بەسەر ئەو مێژووەدا جێهێشتووە.

ئەم خێزانە بە ئەسڵ فەرەنسی نین، بەڵکو ئیتاڵین و خەڵکی دورگەی “کورسیکا”ن. ناپلیۆن دوای تەنها یەک ساڵ، لە موڵکایەتی فەرەنسا بۆ ئەم دورگەیە، لەدایک بووە. لێرەوە ئەگەر ناپلیۆن پێش ساڵێک لەوەوبەر لەدایک بوایە، ئەوا نەدەبوو بە فەرەنسی! کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، فەرەنسا شانازی پێوە دەکات، بەوەی یەکێکە لە نەمرە مەزنەکانی، لەنمونەی لویسی چواردەم یان جەنەڕاڵ دیگۆڵ یا تەنانەت جان دارک. ناپلیۆن خۆی و ژمارەیەکی زۆر لە خوشک و براکانی، لە دورگەی کورسیکا لەدایکبوون. ناپلیۆن ساڵی 1769 هاتووەتە دونیاوە، هەرچی مردنەکەیەتی، لە دورگەی سانت هێلین ڕوویدا. ئەمە دوای ئەوە ئینگلیزەکان گرتیان و سوکایەتییەکی زۆریان پێکرد و ڕەوانەی ئەو دورگەیەیان کرد. ئەو بازێکی سەرکەش بوو، نە سوکایەتی پێدەکرا و نە ڕیسوایی. مردنەکەی ساڵی 1821 و لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا بوو، واتە هێشتا گەنج بوو.

ناپلیۆن لە سەرەتادا، گەنجێکی هەژار بوو، بەدوای ئیشدا دەگەڕا. لە دورگەی کۆرسیکا کە تێیدا هاتبووە دونیاوە و گەورە ببوو، ئەوەی دەیویست و بەدوایدا دەگەڕا، نەیدەدۆزییەوە. لەبەر ئەوە باوکی ناردی بۆ فەرەنسا، تاکو بڕواتە کۆلێژی سەربازیی. بەم جۆرە ساڵی 1787 وەک ئەفسەر خوێندنی کۆلێژی سەربازیی تەواو کرد. کاتێک تەنها دوای دوو ساڵ، واتە ساڵی 1789 شۆڕشی فەرەنسی هەڵگیرسا، ناپلیۆن تێیدا بەشداربوو. بگرە لە سەروەختی گەمارۆدانی تۆلۆن کە لە لایەن ئینگلیزەکانەوە داگیر کرابوو، سەرنجەکان کەوتنە سەر ناپلیۆن و توانی شارەکە لە چنگی ئینگلیزەکان ڕزگار بکات. بەوەش سەلماندی خاوەنی کارامەییەکی سەربازی سەرسوڕهێن و نا پێشبینی کراوە. ئەمە ساڵی 1793 ڕوویدا.

بەڵام هاوسۆزی ناپلیۆن بۆ بەرەی یەعقوبییەکان، بەتایبەت دوای لە سێدارەدانی ڕابەرەکەیان ڕۆبسپێر، بووە هۆی ئەوەی زیندانی بکرێت. پاشان لە زیندان هاتەدەرەوە، لەو کاتەدا وڵات لەژێر فەرمانڕەوایی سەرۆکی سوپای ناوخۆ “پۆل باراس” بوو. ساڵی 1795سوپا تەکلیفیان لە ناپلیۆن کرد، یاخیبوونی هەوادارانی پاشایەتی سەرکوت بکات کە دژ بەشۆڕشی فەرەنسی بوون، لەمەشدا سەرکەوتنێکی بێوێنەی تۆمارکرد.

سەرکەوتنێکی خێرا

پێدەچێت شارەزایی ناپلیۆن لە ستراتیجیەتی سەربازیی و کارامەییەکانی لە گۆڕەپانی جەنگ و ئازایەتییەکەی، هەمو ئەوانە وایانکرد زۆر بەخێرایی پۆستە باڵاکانی سەربازیی وەربگرێت. پاشان کردیان بە سەرۆکی سوپای ئیتالیا کە سوپاکە لە حاڵەتێکی زۆر خراپدا بوو، دڵت پێیدەسوتا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ناپلیۆن توانی سوپاکە رێکیبخات و چەندین جەنگی سەرکەوتووی دژ بە نەمسا پێئەنجام دا، لەو کاتەدا نەمسا یەکێک بوو لە هێزە مەزنەکان. هەر ئەمەش بووە شوێنی سەرسوڕمانی هەمو بەرپرسانی پاریس. ئیدی لەو چرکە ساتەوە، ئەستێرەی دەرکەوتنی لە درەوشانەوەدا بوو، تادەهات ناوی لە سەرجەم ناوەندە سیاسی و سەربازییەکاندا، بەناوبانگتر دەبوو، بگرە لە ناوەندە میللەکانیشدا ناوبانگێکی زۆری پەیدا کرد.

سەروەختێک ناپلیۆن لە ئیتالیاوە گەڕایەوە بۆ پاریس، خەرمانەی نەمریی دەورەی دابوو. بەمەش سەرکردایەتی سیاسی، لەخۆیان ترسان و لەو جەماوەرە زەبەلاحەش ترسان کە لە نێو گەلی فەرەنسادا هەیبوو. هەر بۆیە سەرکردایەتی سیاسی، بڕیاریان دا بۆ ئەوەی لێی ڕزگاربن، لە وڵات دووری بخەنەوە. بەم شێوەیە، داوایان لێکرد پەلاماری میسر بدات، ئەوان پێیانوابوو لەم پەلاماردانەدا، بە سەلامەتی ناگەڕێتەوە. کەواتە چیتر ناگەڕێتەوە تاکو لەسەر حوکمڕانی فەرەنسا کێبڕکێیان لەگەڵدا بکات. ناپلیۆن لەگەڵ خۆیدا، تیمێکی گەورەی لە زانا و ئەندازیار و پزیشک و بیرمەند برد. ئەوە ئەوانە بوون کە دواتر، ڕێنیسانسی میسر و جیهانی عەرەبی دێننە ئاراوە، لە ڕێگەی گواستنەوەی شارستانییەتی ئەوروپی بۆ خۆرهەڵات کە لە سایەی حوکمڕانی سەڵتەنەتی عوسمانی، لە خەوێکی قووڵدا بوو. ناپلیۆن میسری لە خەوە قووڵە دوور و درێژەکەی خەبەرکردەوە، چاوی میسری بەسەر زانست و تەکنەلۆژیا و شارستانییەتدا کردەوە.

ناپلیۆن دوای ئەوەی دوو ساڵ لە میسر مایەوە، بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ پاریس، ئەمەش دوای ئەوەی بیستی، لە فەرەنسا کێشەی حوکمڕانی و ململانێ لەسەر گرتنە دەستی دەسەڵات و قەڵەمڕەوی و وەرگرتنی پلە و پۆست،  هەیە. ئەو گەڕایەوە بۆ ئەوەی وڵات، لە پەشێوی و فەوزا و لە ململانێی باڵە جۆراو جۆرەکان بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، ڕزگار بکات. ڕەنگە هەستی بەوە کردبێت، ئیدی کاتی ئەوە هاتووە دەسەڵات بگرێتە دەست و هەمو نەیارەکانی ڕاماڵێت. هەر ئەمەش بوو لە ساڵی 1800 بە تەواوەتی ئەنجامی دا. ناپلیۆن دوای ئەوەی دەسەڵاتی گرتە دەست، خۆی وەک کونسوڵی یەکەمی فەرەنسا دانا، لە ڕاستیدا ئەوەی لە ڕێگەی کودەتایەکی سەربازییەوە ئەنجامدا. پاشان پەرلەمانتاران یان نوێنەرانی گەلی ناچار کرد، پشت بە دەستورێکی نوێ ببەستن بۆ وڵات، ئەوە ئەو دەستورە بوو کە شەرعییەتی دەبەخشی بە وەرگرتنی دەسەڵات لەلایەن ناپلیۆن-ەوە. بەم کارە، ناپلیۆن قۆناغی شۆڕشی فەرەنسی و هەمو ئەو پەشێوییەی بەدوایدا هات داخست. لاپەڕەیەکی تازەی لە مێژووی وڵاتدا کردەوە: کە بریتییە لە کردنەوەی لاپەڕەی خێزانە ئیمپراتۆریەتەکەی.

ناپلیۆن بلیمەتی خۆی، لە بواری حوکمڕانی و ڕێخستنی کاروباری دەوڵەت سەلماند. وەک چۆن پێشتر سەلماندی سەرکردەیەکی سەربازی بلیمەتە و لە گۆڕەپانی جەنگەکاندا، دەجەنگێت و تێیدا سەرکەوتوو دەبێت. ئەو کاروباری ئیدارەدانی دەوڵەتی ڕێکخست و فەرەنسای کرد بە چەندین پارێزگای جیاوازەوە، سیستمی یاسادانان یان دادوەریی دامەزراند، هەروەها سیستمی بانکی و کەرتی پەروەردە و فێرکردنی دامەزراند، تەنانەت قوتابخانەی ناوەندی کردەوە و بڕوانامەی بەکەلۆریاش لە داهێنانی ئەوە. فەرەنسا تا حاڵی حازر، لە هەندێ لە یاسا دانانەکانیدا، لەسەر یاساکانی ناپلیۆن دەژی. ئەوەش ئەو یاسا مەدەنییە بوو کە ساڵی 1809 دایمەزراند. هەر ئەویش بوو ساڵی 1801 بانکی فەرەنسای دامەزراند. هەر ناپلیۆن بوو “کەوانی سەرکەوتن/ قوس النصر”ی لە بەرزایی شەقامی بەناوبانگی شانزئەلیزێ دروست کرد کە ساڵانە مەلاین گەشتیار سەردانی دەکەن، دروست وەک بورجی ئیڤل. هەر ناپلیۆن بوو چەندین دەزگای دیکەی دامەزراند و سەردەمی مۆدێرنەی فەرەنسای دەستپێکرد.

لێرەوە پیاوەکە لە هەمو شتێکدا بلیمەت بوو، لە هەمو ئەو شتانە سەرکەوتوو بوو کە دەستی دەدایە، ئەمەش لە مەسەلە سەیر و سەمەرەکانە. یان بڵێ لەو ڕۆژگارەدا دونیا، دەرگاکانی خۆی لە بەردەمدا کردبوەوە و هیچ شتێکی بەلاوە زەحمەت و قورس نەبوو. دونیا ئەگەر ویستی بەدەمەتەوە بێت ئەوا دێت، خۆ ئەگەر ویستی پشتت تێکات، ئەوا دەیکات. سەرکەوتن سەرکەوتنی دیکە بەدوای خۆیدا دێنێت، هەروەها شکستیش شکستی دیکەی لێدەکەوێتەوە.

بەڵام ناپلیۆن بە ئاسانی نەگەشتە دەسەڵات و ڕێگاکەی بە گوڵ و ڕیحانە نەچێنرابوو. لە ڕاستیدا ئەوان زیاد لە جارێک، هەوڵیاندا تیرۆری بکەن. لە یەکێک لەو جارانەدا هێندەی نەمابوو سەرکەوتووبن، ئەگەر ڕەحمەتی خودا نەبوایە کە لە کۆتا چرکەدا ڕزگاری کرد. هەوڵی تیرۆرکردنەکەی لە یەکێک لە شەقامە تەنگ و تروسکەکانی پاریس بوو کە جمەی دەهات لە خەڵک. لەو هەوڵەدا لانی کەم دە ڕێبوار بوونە قوربانی. دەسەڵاتداران تۆمەتەکەیان خستە پاڵ لایەنگرانی سیستمی پاشایەتی هەڵوەشاوە. لەبەر ئەوە ناپلیۆن بڕیاریدا زۆر بە تووندی، سەرکوتی لایەنگرانی پاشایەتی بکەن. پاشان هێزەکانی خۆی نارد، تاکو میراتگری خێزانی پاشایەتی کە لە ئەڵمانیا دانیشتبوو، دەستگیر بکەن و دەمودەست لەسێدارەی دا.

بەم شێوەیە، هیچ ئومێدێکی نەهێشت بەوەی خێزانی پاشایەتی پێشو، بگەڕێنەوە بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و ئەوەشی ڕاگەیاند هەر کەسێک هەوڵی تیرۆرکردنی بدات، ئەم تیرۆری دەکات، بگرە منداڵەکانیان و نەوەکانیشیان تیرۆر دەکات، ئەمەش شتێکی ترسناک بوو. ئیدی لەو کات و ساتەدا، نەیارەکانی لە خۆیان ترسان و چیتر هیچ هەوڵێکیان بۆ تیرۆرکردن و لەناوبردنی ڕێکنەخست. مرۆڤ زیاتر ترسی لە منداڵەکانی هەیە تا لە خۆی. دوای ئەو هەوڵی تیرۆرکردنە کە خەریک بوو کۆتایی بە ژیانی بهێنێت، ڕاوێژکارەکانی ئامۆژگارییان کرد، ڕەچەڵەکی پاشایەتی بۆ میراتی فەرمانڕەوایی دوای خۆی دامەزرێنێت، نەباد لەناکاو شتێکی نەخوازراو ڕووبدات. ڕاوێژکارەکانی پێیان وت ئەمە تاقە ڕێگایە بۆ هەتاهەتایی کردنی حکومڕانییەکەی و پاراستنی دەزگاکانی کۆماری فەرەنسای تازە لەدایک بوو. هەروەها تاقە چارەسەرە، بۆ لەناوبردنی تەواوەتی ئەو هەوڵانەی بەنیازی گەڕانەوەی سیستمی پاشایەتی پێشوو بوون کە سەدان ساڵە لە عەقڵیەتی دەستەجەمی خەڵکدا ڕەگی داکوتاو بوو. مەبەستمان گەڕانەوەی بنەچەی لویسی چواردەهەم و پانزەهەمە… هتد.

لەبەر ئەم هۆکارە، ناپلیۆن دەستوری هەموار کردەوە، تاکو بگوجێت لەگەڵ هەڵبژاردنی وەک ئیمپراتۆر بۆ هەمو فەرەنسییەکان و بە تەواوەتی جێگای بنەچەی پاشایەتی پێشو بگرێتەوە. ئیدی بەم جۆرە و بە ئامادە بوونی خودی پاپا، بوو بە ئیمپراتۆری فەرەنسا و بوو بە ناپلیۆن ئیمپراتۆری یەکەم. ئا بەم شێوەیە، ڕەچەڵەکێکی میراتگری بۆ وەرگرتنی دەسەڵات دامەزراند. دواتر چەندین جەنگی دژ بە پاشا کۆنەپەرستەکانی ئەوروپا بەرپاکرد کە ددانیان بە فەرمانڕەواییەکەی و وەلانانی خێزانی پاشایەتی فەرەنسا نەنابوو. ناپلیۆن ساڵی 1810 گەشتە ترۆپکی نەمریی و دەستی گرت بەسەر ناوچەیەکی فراوانی ئەوروپا و خستییە سەر فەرەنسا.

-هەڵەی ناپلیۆن

گەورەترین هەڵە کە ناپلیۆن ئەنجامی دا، ئەوەیە نەیزانی کەی سنورێک بۆ داگیرکارییەکانی دابنێت. لەبەر ئەم هۆکارە بوو، تەختی پاشایەتی ئەوروپا، گەلەکۆمەیان لێکرد و توانییان بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1813 شکستی پێبێنن. پاشاکانی ئەوروپا دەیانویست پارێزگاریی لە ئیمتیاز و بەرژەوەندییەکانیان بکەن و دژ بە سەرکردەی شۆڕشی فەرەنسی ڕاوەستن کە دەیویست بیرۆکە تازەکان، دەربارەی ئازدی و یەکسانی و برایەتی، بگوێزێتەوە بۆ وڵاتەکانیان و کۆتایی بە مەزهەبییەت و تائیفییەت بێنێت. ئەوان سیستمێکی دەرەبەگایەتی کۆنەپەرستی ئوسوڵیان هەبوو، میللەتیان وەک ڕەعیەت  یان وەک موڵکی خۆیان تەماشا دەکرد. بەڵام ناپلیۆن، ئاڵای ڕۆشنگەریی و بیروڕاکانی ڤۆڵتێر و جان جاک ڕۆسۆ و مۆنتسیکیۆ و … هتد هەڵگرتبوو.

ئا لەبەر ئەم هۆکارەیە هیگڵ چەپڵەی بۆ لێدا، ئەگەرچی ناپلیۆن وڵاتەکەی هیگڵی داگیر دەکرد، لەم بارەیەوە هیگڵ وتەیەکی بەناوبانگی هەیە و دەڵێت: “ئیمپراتۆرم بینی، ڕۆحی جیهان، بە سواری ئەسپەکەیەوە”. هیگڵ لە ناپلیۆن دا گەورەترین “سیخوڕ/ العمیل”ی مێژوو و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بینی، بە مانای جوامێریی و مەزنی بۆ وشەی سیخوڕ. چاودێریی ئیلاهی ناردوویەتی، تاکو قەڵاکانی ئیخوانە ئوسوڵییەکان بکوتێ و بزاوتی مێژوو خێراتر بکات. ناردی بۆ ئەوەی قۆناغی تازەی ڕوناکی مرۆڤایەتی دەستپێبکات. وەلێ لە دواجاردا ڕۆژگار پێچەوانەی ئەو جووڵایەوە. دوای ئەو هەمو سەرکەوتن و داگیرکردنانەی، لە  جەنگی بەناوبانگی “واترلۆ” لە ساڵی 1815 لە مەیدانەکە وەدەریان نا. پاشان وەک ئەفسانەیەکی زیندوو چووە مێژووەوە و تا ئێستاش هەر بەو شێوەیەیە. جگە لە ئەسکەندەری مەقدۆنی و هەندێک لە سەرکردەکانی دیکە، ناپلیۆن-یش یەکێکە لە داگیرکەرەکان. بەم دواییانە ڕاپرسییەکانی ڕای گشتی، ئەوەیان دەرخستووە کە ناپلیۆن گەورەترین کەسایەتییە لە مێژووی فەرەنسا دا، هاوشێوەی لویسی چواردەهەم دروستکەریی کۆشکی ڤێرسای مەزن و شارل دیگۆل ڕزگارکەریی فەرەنسا لە دەست داگیرکاریی نازی، بگرە ڕاپرسییەکان ئەوەیان خستووەتە ڕوو ئەو مەزنترینی ئەو سێ کەسەیە، ئەمەش خوا دەیزانێ.

-هەندێک لە وتەکانی ناپلیۆن

سەربازەکان، لە بەرزایی ئەم هەرەمانەوە، چوار سەدە لە مێژوو، سەیری ئێوە دەکات!

پیاوە بلیمەتەکان، وەک نەیزەک وان، دەسووتێن بۆ ئەوەی سەدەکەیان ڕووناک بکەنەوە!

ئەوە سەرکەوتنە کە دواتر پیاوە مەزنەکان دروست دەکات!

لێگەڕێن چین ئێستا بخەوێت… لەبەر ئەوەی کاتێ خەبەریدەبێتەوە، ئەوا جیهان دەهەژێنێت!

بەڵام دەڵێن ئەم وتەی کۆتایی ساختەیە و هی ئەو نییە، خوا دەزانێ.

سەرچاوە

الشرق الاوسط، 8 نیسان، 2021

ناردن: