ئەحمەد ئەلخەمیسی: ڕێزلێنانی ڕاستەقینە، ئەوەیە شتێک بنووسم شایەنی مانەوە بێت

چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕی میسری، ئەحمەد ئەلخەمیسی

سازدانی چاوپێکەوتنەکە: ڕەشا ئەحمەد

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

دواجار یەکێتی نووسەرانی ڕوسیا، ئەندامی شەرەفیان بەخشی بە نووسەر و وەرگێڕ ئەحمەد ئەلخەمیسی. ئەمەش لە پای هەوڵ و ماندووبوونەکانی بوو لە وەرگێڕانە جۆراو جۆرەکانی بۆ ئەدەبی ڕوسی. بەمەش پەنجەرەیەکی بۆ خوێنەری عەرەب کردەوە، تاکو لێیەوە بڕوانن بەسەر ئەدیبەکانی ڕوسیا، لەوانە ئەو ئەدیبانەی لە زەمەنە جیاوزەکاندا، بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانیان قەدەغە و ڕێگە پێنەدراو بوو.

لێرەدا ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوەی لەگەڵدا سازدەکەین، چاوپێکەوتنەکە دەربارەی جیهانەکەی و پەیوەندی لەگەڵ باوکی کە شاعیر و نووسەر “عبدالرحمان ئەلخەمیسی”یە، هەروەها بوون بە ئەندامی یەکێتی نووسەرانی ڕوسیا، بۆ ئەم چی دەگەیەنێت.

– چۆن سەیری ڕێزلێنانەکەی یەکێتی نووسەرانی ڕوسیا بۆ تۆ دەکەیت، ئەم ڕێزلێنانە لە کۆی سیاقی وەرگێڕانەکانتدا، لە کوێدا دایدەنێیت؟

* هەمو ڕێزلێنانێک ئاوڕدانەوەیەکی باشە، لەو کەمە ئاوە دەچێت کە بەسەر گەڕیدەیەکدا دەبارێت، کاتێک لەژێر گەرمای خۆرەتاودا بەردەوامە لە ڕۆیشتن. بەم مانایە، من دڵخۆشم بەوەی یەکێتی نووسەرانی ڕوسیا، ئاوڕیان لە وەرگێڕانەکانی من و ئەوەی لەسەر ڕۆشنبیریی ڕوسی نووسیومە، داوەتەوە. بەتایبەت من کاتێ بەو کارانە هەستاوم، مەبەستم هیچ شتێک نەبووە، تەنها قووڵبوونەوەی هاوپەیوەستەگی نێوان مرۆڤی عەرەبی و ڕوسی نەبێت. ئەمەش هاوپەیوەستییەکی ڕەسەن و کۆنە و ئاوەکەی لە چەندین ڕووبارەوە هەڵقوڵاوە. ڕەنگە هەندێک کەس نەزانن، ناردنی یەکەم شاندی میسر بۆ ڕوسیا، لە ساڵی 1883 دا بوو، کاتێک محەمەد عەلی ژمارەیەک خوێندکاری، بۆ خوێندنی چۆنیەتی دەرهێنانی کانزاکان، نارد بۆ ڕوسیا، تاکو بتوانن لە کانەکانی “فازولی” سودان، زێڕ دەربهێنن. من وایدەبینم ڕێزلێنان، چرکەساتێکە بۆ هەڵمژینی هەناسەیەک لە میانەی کاروانی ژیاندا.

– مادام ئەم خاڵەت وروژاند، بە بۆچوونی تۆ، لەبەرچی ڕۆشنبیریی عەرەبی، لە میانەی وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەوە، ماوەیەکی درێژە پەیوەست بووە بە ئەدەبی ڕوسییەوە؟ تۆ بۆچی بایەخێکی تایبەتت بە وەرگێڕانی ئەو ئەدیبە ڕوسیانە داوە کە لە سەردەمانی پێشودا، بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانیان قەدەغە بوو؟

*دەکرێ بە ئاسانی لە پەیوەستبوونی ڕۆشنبیریی عەرەبی بە ڕۆشنبیریی ڕوسییەوە تێبگەین. چونکە ڕوسیا تاقە وڵاتی گەورەی ئەوروپییە، ڕۆشنبیرییەکەی، لە ئەنجامی تێکەڵبوونی ڕۆشنبیریی ئاسیایی و ڕۆشنبیریی ئەوروپی پێکهاتووە و کرانەوەی بەخۆیەوە بینیوە. لەبەر ئەوە لە ئەدەبی ڕوسیدا، لایەنێکی ڕوون و ئاشکرای خۆرهەڵات دەبینرێت کە لە ئێمەوە نزیکە، جا ئەوە لە مۆسیقادا بێت یان لە ئەدەب دا. هەروەها ئەدەبی ڕوسی کاریگەر بووە بە ڕۆشنبیریی عەرەبی، بۆ نمونە پۆشکین کە بە ئەمیری شاعیرانی ڕوسیا ناسراوە، چامەیەکی دوور و درێژی بە ناونیشانی “من قبس القران” هەیە. جگە لەوە تۆڵستۆی خاوەنی ڕۆمانی جەنگ و ئاشتی، کۆمەڵێ لەو فەرمودانەی پێغەمبەری کردووە بە ڕوسی کە خۆی پێیان سەرسام بووە و لە کتێبێکی تایبەتدا قسە و باسی لەبارەیانەوە کردووە. هەروەها بایەخدانی خودی ڕووسەکان بە خۆرهەڵاتی کۆن و بایەخدانی ئێمەش بە ڕوس و بە ئەدەبەکەیان و بە ڕۆشنبیرییەکەیان.

وەلێ سەبارەت بەوەی من، بایەخم بە وەرگێڕانی بەرهەمی ئەو ئەدیبە ڕوسانە داوە کە بڵاوبوونەوەی بەرهەمەکانیان قەدەغە بوو. من بۆیە ئەوەم کرد، تاکو دیوەکەی دیکەی ئەدەبی ڕوسی بناسین، نەک دیوە ڕیکلامییەکەی کە دەوڵەتی ئەو سەردەمە، لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا، هەوڵیدەدا گشتاندنی/ تعمیم بۆ بکات. بۆ من زۆر ناخۆش و پڕ ئازار بوو، بەرهەمی هەندێک لە ئەدیبە مەزنەکانی وەک “یۆری کازاکۆڤ” بخوێنمەوە و هیچ بەرهەمێکی نەکرابێت بە عەرەبی. لەبەر ئەوە، بەو پەڕی رێز و خۆشەویستییەوە، ئەو ئەدیبانەم هەڵبژارد و هەوڵمدا دادپەروەرانە باسیان بکەم، ئەگەرچی هەوڵێکی سادە و ساکارە.

– بەڵام، ئایا تۆ واینابینیت کاتی ئەوە هاتووە، ئەدەبی عەرەبی جگە لە ئەدەبە سێنتراڵەکان، بەسەر ئەدەبەکانی دیکەدا بکرێتەوە و لە ئەدەبی ڕوسیا و ئینگلتەرە و فەرەنسا و ئەمریکای لاتین دوورکەوێتەوە، بەرە ئەو ئەدەب و ڕۆشنبیرییە بڕوات کە کەمتر بەناوبانگن، بەڵام پڕن لە ئەزمونی سەرنجڕاکێش؟

* بەڵێ، ئەو پرسیارە تەواو لە جێگای خۆیدایە. بۆ نمونە ئێمە زۆر کەم لەسەر ئەدەبی وڵاتانی ئەفریقا یان ئەندەنوسیا، تەنانەت ئەدەبی وڵاتێکی وەک چین دەزانین کە دانیشتوانەکەی ملیارێک کەسە. بە بڕوای من هۆکاری ئەمەش بۆ نەبوونی پلانێکی مەرکەزی بۆ کاروباری ڕۆشنبیریی و نەبوونی پلانێکی مەرکەزی بۆ ناردنی شاندە زانستییەکان، دەگەڕێتەوە. چونکە بێ ناردنی شاند بۆ خوێندنی زمانی ئەو دەوڵەتانەی ئاماژەمان پێدا، ئەوا وەرگێڕانی ئەدەبی ئەو نەتەوانە مەیسەر نابێت.

– ئایا تا ئێستاش هەندێک لە ئەدیبە گەورەکانی جیهان، بە لوتبەرزییەوە سەیری ئەدەبی عەرەبی دەکەن، وەک ئەوەی لەگەڵ نووسەری ڕوسی “جەنگیز ئیتماتۆڤ” ڕوویدا، تۆ چاوپێکەوتنێکت لەگەڵیدا ئەنجامدا، بەڵام بڵاوتنەکردەوە، چونکە بە زمانێکی خۆبەزلزان قسەی کردبوو؟

*بەڵێ، چاوپێکەوتنێکی دوور و درێژم لەگەڵ ئیتماتۆڤ سازکرد، کاتێک پرسیاری ئەوەم لێکرد، ئایا هیچ شتێکی لە ئەدەبی عەرەبی خوێندووەتەوە، پێی وتم: “کاتێک نووسەرێکی وەک گابریل گارسیا مارکیز-تان دەبێت، ئەوسا ئەدەبی عەرەبی دەخوێنینەوە”. من چاوپێکەوتنەکەم دڕاند و بڵاومنەکردەوە. ساڵێک دوای ئەو چاوپێکەوتنەم لەگەڵ ئیتماتۆڤ، نەجیب مەحفوز خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت. خەریک بوو لە خۆشیدا شێت ببم. ئیدی کۆی ئەو نووسینانەی بە ڕوسی لەسەر نەجیب مەخفوز نووسرابوون، هەر هەمویم لە کتێبێکدا بە ناونیشانی: “نەجیب مەحفوز لە ئاوێنەی خۆرهەڵاتناسی سۆڤیەتی دا”کۆکردەوە. بەشی هەرە زۆری هۆکاری ئامادەکردنی ئەو کتێبە، وەک وەڵامێک وابوو بۆ ئەو لوتبەرزییە بێ پاساوە.

بەشێوەیەکی گشتی، ئەو جۆرە ئاواز و قسەکردنە، لای ئەدیبە ئەوروپییەکان هەیە. ئەوان تا ڕادەیەک حەقیانە، چونکە هیچ وەرگێڕانێکی ئەدەبی عەرەبی-یان لەبەردەستدا نییە، تاکو بیخوێننەوە و بیناسن. هەمو ئەوەی لای ئەوان هەیە و دەستدەکەوێت، دوو کتێبی سەنتراڵە کە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ئەوروپادا هەبووە، ئەو دوو کتێبەش بریتین لە: “قورئانی پیرۆز” و “هەزار شەو و شەوێک”.

– لە کۆتایی شەستەکاندا، بەهۆی بەشداریکردنت لە خۆپیشاندانی خوێندکاران کە بەرگرییان لە کرێکارانی کارگەکانی حەلوان دەکرد، دەستگیر کرایت. چی لەو ئەزمونە ماوەتەوە و تا چەند “سیاسی” و “ڕۆشنبیر” لە ئەزموونی نووسەردا، بەیەکدەگەن یان لەیەکتر دادەبڕێن؟

*ئەزمونی زیندان ئەزمونێکی سەیرە، ئەزمونێکە هاوشێوەی ئەزمونە مرۆییەکانی دیکەیە، وەک ئەزمونی خۆشەویستی یان ڕاوەستان لەسەر لێواری مەرگ یاخود سەرلەنوێ لەدایکبونەوەیەکی تازە. ئەزمونی زیندان ئەزمونێکی تایبەتە، خەریکە دەڵێم هەمو نووسەرێک دەبێت بەو ئەزمونەدا تێپەڕێت. بە دڵنیاییەوە مرۆڤ کە لە زیندان هاتە دەرەوە، هەرگیز وەک ئەو مرۆڤە نابێت کە لە ناوەوەی زیندانەکەدا بووە. شتێک هەیە یا ئەوەتا دەشکێت، یان ئەوەتا زۆر توندتر و پتەوتر دەبێت. لە هەردوو حاڵەتەکەدا، ئەو زیندان بەجێدەهێڵێت و لە ڕۆحیدا، وێنەیەکی ئەو دیوارە هەیە کە لە ناویدا گیریخواردبوو. وێنەی ناچارکردنی بەوەی پێ بە تەمەنی خۆیدا بنێت و لە دەرگای زیندانەکەوە، بڕوات بۆ لای دیواری بەرامبەر و بگەڕێتەوە و بە پێچەوانەشەوە. گرتن یان زیندانیکرن، ئەو ڕێگایەیە کە تێیدا ناچارت دەکەن، خۆت بە دەستی خۆت، ساڵەکانی تەمەنت وردوخاکش بکەیت و ببینیت تەمەنت، وەک دڵۆپێک ئاوی سەر قیرێکی سارد بە هەدەر دەڕوات. ئەزموونی زیندان بە تەواوی وردەکارییەکانی و مەغزاکەیەوە، وا دەکات لە نووسیندا، گۆرانی بۆ ژیانێکی نوێ بچڕیت.

هەرچی مەسەلەی بەیەکگەیشتن یان جیابوونەوەی ڕۆشنبیر لە سیاسی-یە، لە ئەزمونی نووسەر یان ئەدیبدا، ئەوا ئەو دوو لایەنە بە شێوەیەکی زۆر تۆکمە بەیەکەوە بەستراون. هیچ نووسەرێک نییە بەبێ دنیابینییەکی سیاسی، ئەمە مەحاڵە. گرنگ ئەوەیە دنیابینییە سیاسییەکەی، باڵنەکێشێت بەسەر کارە ئەدەبییەکەیدا و بیگۆڕێت بۆ وتارێکی ڕاستەوخۆی دوور لە هونەر. نەجیب مەحفوز دنیابینییەکی سیاسی لیبرالی هەبوو، تۆڵستۆی دیدێکی سیاسی هەبوو کە لە میانەی ئاینەوە ڕێگای خۆی کردبوەوە. نووسەرێک نییە بە بێ سیاسەت. تەنانەت ئەوانەشی هاوار دەکەن “بێلایەنن”، ئەوانیش خاوەنی هەڵوێستی سیاسین و خۆیان لە ململانێکان بەدوور دەگرن.

– تۆ ئەزمونێکی کۆنی نووسینی سیناریۆی فیلمت هەیە، وەک ئەوەی لەگەڵ فیلمی “خێزانە بەڕێزەکان”ی ئەحمەد مەزهەر و فیلمی”گوڵی وەنەوشە”ی عادل ئیمام هەتبوو. بۆچی ئەم ئەزمونەت تەواو نەکرد و بەردەوام نەبوویت؟

*من ئەو کات و ئێستاش عاشقی سینەمام، بەڵام بۆمدەرکەوت نووسینی سیناریۆ، ڕەنگە سێ مانگ بخایەنێت. وەلێ ڕیکلام بۆکردنی و چاوپێکەوتنەکانی، دوو ساڵی دەوێت. هەروەها پەیوەندییەکانی ناوەندی هونەریی، پێویستی بە سەبری ئەیوب هەیە. جگە لەوە فیلم پەیوەستە بە مەسەلەی داراییەوە، چونکە دروستکردنی فیلم لەسەر وەبەرهێنانێکی دارایی گەورە ڕادەوەستێت کە ئەمەش بۆ بازاڕی فیلم زەحمەتە. دواتر سینەما ناتوانێت گوێ بە داواکارییەکانی جەماوەر نەدات. ئیدی من هەستم کرد نە کات یارمەتیم دەدات بەوەی بەردەوامبم، نە دەتوانم بەو بالۆرەیەش ڕازیبم کە دەڵێت: “جەماوەر ئەمەی دەوێت/ الجمهور یرید هذا”.

– لە کورتە چیرۆکەکانتدا، لەسەر ژێی هەست و سۆزی مرۆیی گەمە دەکەیت، وەک ئەوەی ئەو هەست و سۆزانە، ئەو هێڵە ئاشکراو و ڕوونەبن کە مرۆڤ بە خودی خۆی و بە بوونییەوە دەبەستێتەوە. کەچی زۆرجار خۆت لە قەرەی شەڕکردن لەگەڵ کێشە زەقەکانی واقیع و ئاوازە سیاسییە ڕاستەوخۆکانی، نادەیت. بۆ نمونە وەک ئەوەی لە کۆمەڵە چیرۆکی “ورد الجلید” هاتووە. قسەی تۆ لەسەر ئەم تێڕوانینە چییە؟

*بەڵێ، ئەوە تێبینییەکی زۆر ڕاست و دروستە. بە بڕوای من، سەرچاوەی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هونەر، نەخشەی ڕۆحە. تیشک/ ئەشیعە هەیە بۆ گرتنی وێنەی سنگ، هەیە بۆ گرتنی وێنەی مێشک. بەڵام هیچ تیشکێک نییە بۆ گرتنی وێنەی ڕۆح، تەنها نووسینی ئەدەبی نەبێت، ئەوە تاقە ئەشیعەیەکە. لەبەر ئەوە، پێموایە نووسین، بە پلەی یەکەم وێناکردنی ڕۆحە. بەڵام گومانی تێدا نییە، ڕۆحی مرۆڤایەتی، دابڕاو نییە لە کێشەکانی کۆمەڵگا و بەدوور نییە لە هەراوزەنای خەمەکان یان لە هێمنی و ئارامی خەمەکان. بەڵام گرنگ ئەوەیە، کاتێک ئێمە ڕۆح لەگەڵ واقیعدا بەشەڕ دەدەین، ئەوا دەبێت بردنەوە بۆ دەروونی مرۆڤایەتی بێت، بۆ هەڵچوونەکانی و نائومێدییەکانی و هیواکانی و کەوتن و هەستانەوەکانی بێت. هەر چیرۆکێک دووربێت لە هەست و سۆزی مرۆڤایەتی، تەنها بریتییە لە ڕاپۆرتێک لەسەر واقیع و هیچی دی. وەلێ چیرۆک بە بوونی کەسایەتییەکی مرۆڤدۆست، واقیع دەگۆڕت بۆ هونەر.

– تۆ یەکێکیت لە وەفادارانی هونەری کورتە چیرۆک، لە زەمەنێکدا بەوە وەسف دەکرێت کە “زەمەنی ڕۆمانە”، ئایا کورتە چیرۆک وەک هەتیوی لێهاتووە لەسەر خوانی نامەردەکان.

*لە ڕاستیدا دەستەواژەی “زەمەنی ڕۆمان” دەستەواژەیەکی سەیرە، یەکەم لەبەر ئەوەی من نازانم پشت بە چ شتێک دەبەستێت؟ ئایا پشت بە پێودانگەکانی بازاڕ دەبەستێت کە باس لەوە دەکات فرۆشی ڕۆمانەکان بەرزە؟ یان پشت بە پێودانگی دیکە دەبەستێت؟ ئایا ئاماری ڕاست و دروستمان هەیە بیسەلمێنێت ئێمە لە زەمەنی ڕۆمانین؟ بە پێودانگەکانی بازڕبێت “فەلافل” بەربڵاوترین ژەمە خواردنە. بەڵام ئەو بەربڵاوییە، مانای ئەوە نییە کە باشترینە، یان تەنانەت مانای ئەوە نییە کە پەسەندە.

کورتە چیرۆک، سەدەیەک دوای دەرکەوتنی ڕۆمان، هاتەئاراوە. ئەگەر ڕۆمان ئەو پێداویستیانەی پڕکردایەتەوە کە کورتە چیرۆک پڕیدەکاتەوە، ئەوا کورتە چیرۆک دەرنەدەکەوت و نەدەهاتە ئاراوە. هونەری کورتە چیرۆک بۆ ئەوە هاتووە کە بمێنێتەوە. بگرە بۆ ئەوەیە لەسەر فراوانترین ئاست گەشە بکات. هەندێک کورتە چیرۆک هەیە، زیاد لە سەد ساڵ ژیاوە، وەک کورتە چیرۆکی “مردنی فەرمانبەر” لە نووسینی چیخۆف و کورتە چیرۆکی “هەرزانترین شەو” لە نووسینی یوسف ئیدریس. کەچی زەمەن سەدان ڕۆمانی بەخاک سپاردووە.

– بۆ تۆ چی دەگەیەنێت کە کوڕی شاعیر و نووسەر عبدالرحمان ئەلخەمیسی-ت، دۆزەرەوەی ئەستێرەکانی وەک سەندرێلا و سوعاد حوسنی، ئایا ئەم مەسەلەیە، هەندێکجار جۆرێک لە بارگرانی دروست ناکات؟

* پەیوەندی من بە باوکمەوە، پەیوەندی سەیرکردنی ئەستێرەیەکی بەناوبانگ نەبوو. بەڵکو پەیوەندییەکی تابڵێی تایبەت بوو. چونکە ئەو خاوەنی کەسایەتییەکی دەگمەن بوو، لەو سندوقە دەچوو کە دەسماڵی خۆشی و ئومێد و هونەری لێدێتە دەرەوە. ئێمە زۆرجار زیاتر لە هاوڕێی/ صدیق یەکتر دەچووین، هەندێجاری دیکەش لە هاوەڵی/ زمیل یەکتر دەچووین. لە زۆر کاتدا بە سیفەتی ئەوەی ئەو باوکە و منیش کوڕی ئەوم، پێکەوە بووین. بوونی ئەو بۆ ساتێک لە ستەکان، بارگرانی نەبووە بۆ من. تەنها ئەو کاتە نەبێت کە منداڵ و لە قوتابخانە بووم. من لە قوتابخانە ئەگەر لە بابەتی داڕشتن سەرکەوتوو بوومایە، هەندێک لە قوتابییەکان پێیان دەوتم: “بەڵام بە ڕاشکاوی… ئەم داڕشتنە جوانە، ئایا باوکت بۆی نووسیویت؟”. جگە لەم بەسەرهاتانەی منداڵی، بوونی باوکم هەرگیز بارگرانی نەبووە. من باوکمم دەبینی بە خەندەیەکی فراوان و گەشبینییەوە، دەڕۆشتە نێو ئەزموونە سەیرەکان.

هەر بۆ نمونە، بیرمە لە منداڵیمدا، جارێکیان دایکم لەگەڵ خۆی بردمی، تاکو سەردانی باوکم بکەین کە ساڵی 1953 زیندانی کرابوو، من و دایکم لە ژوری مەئمورەکە دانیشتبووین، باوکم هات بۆ لامان، بینیم دەستی بە کەلەپچە بەستراوە بە دەستی پۆلیسەکەوە، سەروەختێک باوکم منی بینی بە حەپەسانەوە سەیری کەلەبچەکە دەکەم- من تەمەنم حەوت ساڵ بوو- دەستی ڕاوەشاند و بۆ سەرەوە بەرزیکردەوە و بە پێکەنینەوە وتی: “دەبینی من چۆن ئەم پیاوەم زیندانی کردووە! ئەم کەلەپچەیەش بۆ ئەوەیە لێم ڕانەکات!”. باوکم تەماشای پۆلیسە بەستەزمانەکەی کرد و داوای لێکرد قسەکانم بە ڕاست وەربگرێت. پۆلیسەکە بڵمە بڵمێکی سوکی لێوەهات تاکو مەئمورەکە گوێی لێنەبێت و وتی: “زۆر دەمێکە ئا بەم شێوەیە منی حەپسکردووە”. لەو کاتەدا باوکم خەندەیەکی بۆ کردم تاکو دڵنیابێت لەوەی ئەو حیکایەتە، دڵنایی پێداوم یان نا. منیش لای خۆمەوە خەندەیەکم بۆ کرد و تێمگەیاند کە باوەڕم بە قسەکانی کردووە. دواتر یەکەم هەوڵی نووسینی چیرۆکم، دەربارەی ئەم ئەزمونە بوو بە ناونیشانی “دوو خەندە”.

سەرچاوە:

الشرق الاوسط، 7 نیسان، 2021

ناردن: