ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ؛ مافی مرۆڤ و ئازادیی بیرکردنەوە

ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ

مافی مرۆڤ و ئازادیی بیرکردنەوە

(ڕاگەیاندنی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی- ساڵی ١٧٨٩، مادەکانی ١٠،١١. ١٧٣٩، مادە ٧، ١٩٤٨، مادەکانی ١٨ و ١٩)

و. ڕێبین هەردی

لە نیسانی ١٧٩٣دا بەڕێز ڕۆم هەواڵدەری کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی (ئەنجومەن) خاڵە ڕەخنەهەڵگرەکانی ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتی دەژمێرێت و دەڵێت: “زۆرتر ناوی ئازادی مەزهەب وەک نەهێشتنی سەرکوتکردن دەهێنرێت، نەک وەک ماف”. ئەو ڕستەیەی لە مادەی ١٠ ڕاگەیاندنی ساڵی ١٧٨٩دا بەکارهاتووە، لەڕاستیدا جۆرێک سوکایەتی تیا بوو: “هیچ کەس نابێت  لەبەر بیروڕاکانی نێگەران هەبێت، تەنانەت بیروڕا مەزهەبی و دینیەکانی، بەو مەرجەی ئاشکراکردنی زیانێک بە ئاسایشی گشتی جێگیر بەهۆی یاساوە نەگەیەنێت. لەو مادەیەدا کە تایبەتە بە دیاریکردنی سنووری ئازادی ، نەک هەر باسی ئازادی ڕێباز و مەزهەب نەکراوە، بەڵکو تەنانەت ئازادی مەزهەب وەک جۆرێکی سنوورداری ئازادی ناسراوە. لەلایەکی دیەوە مادەی ١٠ تەنیا مادەیەکی ڕاگەیاندنی ١٧٩٨ە کە ئاماژە بۆ “ئاسایشی گشتی” دەکات. دواجار جیاوازی نێوان مادەی ١٠و ١١ سەرسوڕهێنەرە: لەکاتێکدا مادەی ١٠ دوو ڕەهەندی نێگەتیڤی هەیە و ئاماژەیەک بۆ ئازادی دین و مەزهەب ناکات، مادەی ١١ دوبارە باسی دەکاتەوە.

بۆ تێگەیشتن لە مادەکانی ١٠و١١ دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پرۆژەی ڕاگەیاندنی بازنەی شەشەمی ئەنجومەن کە بناغەیەک بوو بۆ وتووێژ لەبارەی ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنەکەوە. بەڵام لەمادەی ١٦ی ئەم پرۆژەیەدا باسی مەزهەب وەک هۆکاری ئەخلاقی هاوڵاتیان کراوە، کە بۆ بەرژەوەندی وڵات بە پێویست زانراوە: “لەبەرئەوەی یاسا ناتوانێت پەی بە تاوانە شاراوەکان ببات، مەزهەب یان ئەخلاق دەبێتە جێگرەوەی. لەبەرئەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگا، زۆر گرنگە یەکێک لەم دووانە ڕەچاو بکرێت”. کەوابوو جێگەی سەرسوڕمان نیە لە مادەی دوای ئەمەدا، بابەتی ڕێباز و مەزهەبی هەمووان بە ناچاری دەهێنرێتە پێشێ: “پاراستنی مەزهەب و دین پێداویستی بوونی ڕێبازێکی گشتیە. لێرەوە ڕەچاوکردنی ڕێبازی گشتی ناچاریە”. لە مادەی ١٨ دا ئازادی مەزهەب

بەشێوەیەکی نێگەتیڤ دەردەبڕێت: “هەر هاوڵاتیەک خراپەکاری لە مەزهەبی فەرمیدا نەکات، نابێت هیچ نیگەرانیەکی هەبێت. کەوابوو مادەکانی ١٠و١١ی ڕاگەیاندنەکە لەسەر ئەو مەسەلەیە دامەزراوە کە ببینین ئایا بەرپاکردنی مەزهەبێکی مەدەنی پێویستە یان نا؟.

مەسەلەکە تازە نیە نوێنەران پێشتریش ئەم پرسیارەیان هێنابۆوە پێشەوە کە ئایا لە پێشەکی ڕاگەیاندکەدا دەبێت ناوی خودا بێنین یان نا. ئابێ گرگوار لە ڕۆژی هەژدەی نیساندا ڕایگەیاند: “ڕێکەوت مرۆڤی بۆ ئەم کونجەی زەوی هەڵنەداوە. ئەگەر مرۆڤ مافگەلێکی هەیە، دەبێت باسی کەسێک بکرێت کە ئەم مافانەی هەیە، و ئەگەر مرۆڤ ئەرکگەلێکی هەیە، دەبێت باسی کەسێک بکرێت کە ئەم ئەرکانەی داڕشتووە. چ ناوێک مەزنتر و پڕ شکۆتر لەناوی خودا هەیە تا لەسەرەتای ڕاگەیاندنەکە دابنرێت، هەمان ئەو ناوەی لەسەرجەم سروشت و لەسەرجەم دڵەکاندا درەوشاوەتەوە، هەمان ئەو ناوەی لەسەر زەوی نوسراوە و دیدی ئێمەش بۆ ئاسمان چاوی بڕیوەتە ئەو؟”. ڤیکۆنی دۆ میرابۆ (برای مێرابۆی بەناوبانگ) دەیوسیت دە فەرمانی حەزرەتی موسا لە سەرەتای دەستوردا دابنرێت. زۆرێک لە نوێنەران پێداگریان لەوە دەکرد کە ئەم ڕستەیە لەسەرەتای دەستوردا بێت: “لەبەردەم و لەژێر بەزەیی خودای مەزندا”، لەکاتێکدا گروپێکی تر دەیانگووت خودای مەزن لەهەموو شوێنێکدا ئامادەیە و پێویست ناکات ئاماژەی بۆ بکرێت. بەڵام ئەمکارە، پراکتیک کرا، ئەوەش بڵێین ئەو دەستەواژاەیەی بەکار هات هەم کاسۆلیکەکانی خۆشحاڵ کرد، هەم خواپەرستانی نادینی، و لەوڕووەشەوە کە ئالۆز بوو، هیچکەس دژی نەوەستا.

لەلایەکی دیەوە نوێنەران ئەو پرسیارەیان هێنایە پێشە ئایا دەبێت لە ڕاگەیاندنەکەدا ئاماژە بە مەسەلەی جیاوازی ڕێباز و مەزهەبەکان بکرێت یان لە دەستوردا. لایەنگرانی کەنیسەی سەربەخۆ (سەربەخۆ لە ڤاتیکان) فەڕەنسی کە دەیانویست بونیادی کەنیسە گشتی بکەن، کە دەسەڵاتی سیاسی مافی دەستوەردانی تیایدا هەبێت، خوازیاری ئەوە بوون ڕێساکانی پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە لە دەستوردا جێگیر بکرێت. مەسەلەی جیاوازی ڕێباز و مەزهەبەکان بەو شێوەیەی لە ١٧٨٩دا پێشکەش کرا، لە قوڵایدا دەبێتە هۆی دیاریکردنی سنووری بواری گشتی و تایبەتی، و هەروەها پەیوەندی تاکەکەکان لە جێبەجێکردنی ڕێوڕەسمە دینیەکان.  ئایا دەبێت ئازادی بڕواهێنانی مرۆڤ بە مەزهەبی هەڵبژێراوی خۆی قەبوڵ بکرێت، یان دەبێت ئازادی گشتی جێبەجێکردنی ئاشکرای ڕێوڕەسمەکانی مەزهەبی هەڵبژێراو قەبوڵ بکرێت؟ ڕابۆ سن ئاتین وەک بینیمان ڕێگەی دوهەمی پێ باشە. لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ڕێکخستنی کۆتای ڕاگەیاندەکەدا ئاماژە بۆ مەزهەبی مەدەنی (نەک بوونێکی باڵا) سڕایەوە، بەڵام لە مادەی ١٠دا فەرامۆشیان نەکرد. مەبەست لە “ئاسایشی گشتی” لەڕاستیدا چیە؟  ئاسایشی گشتی  هەمان بیری مەزهەبی مەدەنی و ڕێبازی گشتی سەرلە نوێ دەهێنێتە پێشێ. مەبەست هەمان مەزهەبی مەدەنی نەبوو کە رۆسۆ مەبەستی بوو، بەڵکو مەزهەبی  کاسۆلیکی بوو کە کەنیسەییەکان وەک مەزهەبی فەرمی، مەزهەبی پارێزەری (ئاسایشی گشتی) بەرگریان لێدەکرد. نوێنەری کەنیسەییەکان بۆ ئەم ڕێگەیە تێکۆشان. فرانسا دبۆڤالی ئەسقەفی شاری کلرمۆن کە هەڵبژێراوی کەنیساییەکان بوو، دەیویست مەزهەب وەک ڕێبازێکی گشتی زامنی ئەخلاق بێت، ئابێ دیماریش دەیویست بەرگری (لە مەزهەب) بکات. بەگشتی لایەنگرانی کەنیسەییەکان لەبەر سودەکانی مەزهەب، بەرگریان لێدەکرد. لە بەرامبەر ئەماندا کاستلانی ئازادیخواز پێشنیاری پرۆژەیەکی کرد کە وتوێژی خستەوە: “هیچکەس نابێت لەبەر بیروڕای مەزهەبی توشی نیگەرانی بێت یان بەهۆیەوە ئازارێکی توش بێت” ئەوەش بڵێین کە هەندێک لە نوێنەران نە پشتبەستن بە ڕێباز و مەزهەبی گشتی و نە سنووردارکردنی ئازادیان بۆ کرداری دینی قەبوڵدەکرد. لەوانە ڕابۆ سن ئاتین جیاکاری نێوان مەزهەب و بڕوای ڕەد دەکردەوە و دەیگوت ئەگەر وا بێت ئەو مەترسیەی هەیە بە ناوی ئاسایشی گشتیەوە لەبنەرەتدا ڕێبازەکە بخرێتە ژێر پرسیار.

لایەنگران “لێکبوردن” بەپێچەوانەی کەنیسەیەکانەوە دەیانویستی مەزهەبو مەدەنی تەنیا لە دەستوردا جێگیر بکرێت، نەک لە ڕاگەیاندنی مافەکانی مرۆڤدا کە خۆبەخۆ سەرتاپاگیر و گەردوونیە. وتوێژ لەبارەی مەسەلەی لێکبوردنی مەزهەبیەوە، سەریکێشا بۆ جێگەی هەستیار. میرابۆ و ڕابۆ سن ئاتین دژی بەکارهێنانی ئەم ووشەیە بوون، چونکە وەک لوتفێک بەرامبەر ئازادی بیرکردنەوە و ئازادی دەربڕین تەماشایان دەکرد کە میر لەبەرامبەر هاوڵاتیاندا دەیکات.  میرابۆ دەگەڕایەوە بۆ شێوەی یاسایی ڕاگەیاندنەکە و دەیگووت: ڕێزگرتن لە مەزهەب و دین ئەرکێکە کە نابێت بەمشێوەیە لە ڕاگەیاندنەکاندا بێت کە سەبارەت بە مافی مرۆڤە(هەق ئەوەیە کە هیچ کەس بە هۆدی مەزهەب و دینی خۆیەوە توشی نیگەرانی نەبێت). ئەرگۆمێنتێکی دیش کاریگەری هەبوو لە وازهێنان لە مادەکانی ١٦ و١٧: لەگەڵ ئەوەشدا کە ئەم دوو مادەیە باسی ڕێباز و مەزهەبی گشتی دەکەن، مادەی ١٨ ئازادی بیروڕا دەهێنێتە پێشێ. ئەمانە دوو مەسەلەی جیاوازن: یەکێکیان دەرئەنجامی (ئازادی بیروڕایە) و ئەوی دی سەبارەت بە مافی مەدەنیە، چونکە کارکردن بە ڕێباز و مەزهەب و ڕێکخستنیەکانی دیاری دەکات. ئەم جیاوازیە، گرنگیەکی بڕاوەی هەیە: لەرۆژی ٢٣ ئۆگستۆسدا مادەی ١٦ و ١٧ لە ،مادەی ١٨ جیاکرایەوە و تەنیا ئەم مادەیە مایەوە و خرایە ناو وتووێژەوە.

پێشنیاری کاستلان کە دواتر وتوێژەکان لە دەوروبەری ئەو پێشنیارەدا دەسوڕێنەوە، ڕێبازی کارپێکراو دەهێنێتە پێشێ (مادەی ١٨ی دەورەی شەشەمی ئەنجومەن باسی ڕێبازی جێگیر دەکات). میرابۆ بەشی کۆتای پێشنیارەکەی قەبوڵ نەدەکرد:”نابێت لەبەر پراکتیک کردنی ڕێباز و مەزهەبەکەی خۆی ئازار ببینێت”،چونکە بە بڕوای میرابۆ مەترسی ئەوەی هەبوو ببێتە هۆی چاودێری دەوڵەت بەسەر کردارە مەزهەبیەکانەوە. میرابۆ دەیویست مەزهەب بە بەشێک لە بواری مافە تایبەتیەکان بناسرێت، نەک وەک مافێکی گشتی یان لەو سەروتر وەک مەزهەبی فەرمانڕەوا. قسەکانی میرابۆ توند بوو: “بەردەوام باسی ڕێبازی فەرمانڕەوا دەکرێت! بەڕێزان من لەم دەستەواژەیە ناگەم (…) ئایا مەبەست لەم دەستەواژەیە ڕێبازی سەرکوتکەرانەیە؟ ئاخر ئێوە ئەم دەستەواژەیەتان فڕێدابوو. و کەسانێک کە مافی ئازادیان دەستەبەر و زامن کردووە، ئازادی سەرکوتکەرانەیان ناوێت(…) بیروڕایەک کە هی زۆرینەیە، مافی حوکمرانی نیە. ئەمە دەسەتەواژەیەکی ستەمکارانەیە و دەبێت لە یاساکانی ئێمە بکرێتە دەرەوە. پێشنیاری ڕابۆ سن ئاتینیش هەر بەم ئاراستەیە بوو: “هەموو کەس ئازادە چ بیروڕایەکی دەبێت. هەموو هاوڵاتیەک لەسەرشانێتی ئازادانە ڕێبازی خۆی ئاشکرا بکات، و هیچ کەس نابێت لەبەر مەزهەبەکەی خۆی توشی هیج نیگەرانیەک بێت، و بەمشێوەیە ئازادی یاسایی ڕێباز و بیروڕا کە پەیوەستە بە ئەرکی هەر مرۆڤێکەوە بۆ پەیڕەوی کردن لە ویژدانی، لە پێش هەموو شتێکی دیەوەیە. نوێنەرانی ئەنجومەن دابەش بوون بۆ دوو گروپ: گروپێک کە بەرگریان لە مەزهەبی کاسۆلیکی وەک (مەزهەبی فەرمانڕەوا) و لە لێکبوردن دەکرد، ئەوانەش کە وەک ڕابۆ سن ئاتین و میرابۆ تەنانەت ووشەی لێکبوردنیان بەناوی شایستەیی یەکسانی پەیڕەوانی مەزهەبە جیاوازەکانی کاسۆلیکی، پرۆتستانی و یان یەهودی ڕەد دەکردەوە.

پێشنیاری دەورەی شەشەم کە مەزهەبی وەک ڕێبازێکی گشتی بە زامنی ئەخلاق دەزانی، ڕەد کرایەوە. بەڵام پێشنیارەکەی ڕابۆ سن ئاتینیش قەبوڵ نەکرا. ئازادی بیروڕا و بڕوا لە دەقی مادەکاندا نوسرا، بەڵام ڕانەگەیەنرا کە ئایا ئەم ئازادیە مافی مرۆڤە بەگشتی یان مافی هاوڵاتیانە. پاشان لەو دەقانەدا ئاماژە بۆ ئاسایشی گشتی کرا کە زۆر مانای ئاڵۆزی هەبوو. لایەنگرانی ئازادی مەزهەب دانانی مادەی ١٠یان بە شکستێک بۆ بینینی خۆیان دانا: لەگەڵ ئەوەشدا کە ئازادی ڕێباز و مەزهەب قەبوڵکرا، ڕستەی کۆتای ئەم مادەیە وەک رابۆ سن ئاتین گوتبووی، ئەو مەترسیەی هەبوو کە ئازادی بڕاوەی مەزهەب بەبەهانەی تێکدانی ئاسایشی گشتی بخاتە ژێر پرسیارەوە. لەڕاستیدا ئەشێت ئەو وێنایە بێتە پێشێ کە دەستور پایەیەکی بەرزتر بۆ مەزهەبی کاسۆلیکی لەبەرامبەر مەزهەبەکانی تردا دادەنێت. ئەو بیرۆکەیەی کە ئاشکراکردنی بیروڕای مەزهەبی و دینی ناتوانێت ئاسایشی گشتی تێکبدات، وەک سەرکەوتنێک بۆ کەنیسەیەکان ناسرا، چونکە ئەمە پێویستی بەوەیە وەک میرابۆ دەڵێت مەزهەبی فەرمی، مەزهەبی فەرمانڕەوا یان هەمان مەزهبی کاسۆلیک بێت.

لەگەڵ ئەمەشدا نابێت مادەی ١٠ لە مادەی دوای جیابکرێتەوە کە وەک سازشکردنی دوولایەنەکە، ئازادی مافەکانی قەبوڵ دەکرد. پێشنیاری خوولی شەشەم بەمشێوەیە بوو: “هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە بیری خۆی بەکاربهێنێت و بیروڕاکانی خۆی بە ئاشکرا دەرببڕێت، تەنیا بەو مەرجەی زیان بەوانی دی نەگەیەنێت”. ئەم مادەیە وتووێژی لەبارەی لێکبووردنەوە هێنایە پێشێ دۆک دۆرۆشفۆکۆ ئازادی چاپەمەنی بەمشێوەیە هەڵسەنگاند: “هەر ئەم ئازادی چاپەمەنیە بوو کە ستەمکاری لەناو برد، هەر ئەم ئازادیەش بوو کە پێشتر دەمارگیری لەناوبرد بوو”. بەڵام پرۆژەکەی ئەو لەگەڵ پرۆژەکەی خوولی شەشەمدا جیاواز بوو: ئازادی ئاڵوگۆڕی بیروڕا و بۆچونەکان یەکێک لە بەنرخترین مافەکانی مرۆڤ بوو. لەبەرئەوە هەموو هاوڵاتیەک دەتوانێت (بیروڕای خۆی) بە ئازادانە بڵێت، بنووسێت و بڵاوبکاتەوە، تەنیا دەبێت وەڵامدەرەوەی دەستدرێژی لەم ئازادیەوە بۆ چوارچێوەی دیاریکراو بە هۆی یاساوە بێت. ئەم دوو گروپە لەبارەی ناوەڕۆکی مادەی ١١وە ڕووبەڕووی یەکدی بوونەوە:  هەندێک پێویستی سنووردارکردنی ئازادی چاپەمەنیان داواکرد(ڕۆشفۆکو و میرابۆ) و هەندێکی دی بێ سنووری ئازادیان دەویست (ڕابۆ سن ئاتین و رۆبسپێر) و دەیانگووت ڕێک بەهۆی ئەم سنووردارکردنەی ئازادیە کە دەستدرێژی بۆ ئازادی ڕوودەدات. ئەم گروپە جگە لە ڕەچاوکردنی مافەکانی ئەوانی دی، هیچ سنوورێکیان بۆ ئازادی قەبوڵ نەدەکرد. دواجار دیدی یەکەم قەبوڵکرا و وەک مادەی ١١ی ڕاگەیاندنەکە، دەنگی بۆدرا.

کەوابوو جێگەی سەرسوڕمان نیە کە سنوورداری ناوبراو لە مادەی ١١دا وەک کەموکوڕیەک بۆ ئازادی بیروڕا و تەنانەت بیروڕای مەزهەبی و دینی تەفسیر نەکراوە. بۆچی سنورداری ئازادی بیروڕا کە لەمادەی ١دا قەبوڵ نەکرا، لەمادەی ١١ دا قەبوڵکرا؟ ئەم مادەیە لەبارەی دەربڕینی هەر بیروڕایەکەوەیە، لەبەرئەوە ناکرێ ئازادی ڕاستەقینە بە بێ سنوور قەبڵ بکرێت. مادەی ٤ بەمشێوەیە پێناسی ئازادی دەکات: “ئەگەری ئەنجامدانی هەر کارێک کە زیان بە کەسانی دی نەگەیەنێت، لەبەرئەوە مافە سروشتیەکانی مرۆڤ هیچ سنوورێکی نیە جگە لەو شوێنانەی کە ناکۆک دەبێت بە مافەکانی کەسانی دی. ئەم سنووورەش تەنیا یاسا دەتوانێت دیاری بکات”. هەموو نوێنەران جگە لە ڕابۆ سن ئاتین و رۆبسپێر دەیانویست ئازادی سنووردار بێت، بۆ ئەوەی کاریگەر و پراکتیکی بێت، و بڕوایان وابوو ئازادی ڕەها لەگەڵ ئەگەری پراکتیک بوونیدا ناگونجێت. لەبەرئەوە بۆ ئەوەی ئازادی مافێکی گشتی و سەرتاپایی بێت، دەبێت کارەکە بە سنووردارێتی دەست پێبکات. ئەم سنووردارێتیە ڕەوا دەبێت کاتێک یاسا دیاری دەکات، کە ئامانجی بەرژەوەندی گشتی و یەکسانی ئازادیەکانە بۆ هەموو هاوڵاتیان. لەگەڵ ئەوەشدا کە هەردوو مادەی ١٠ و ١١ ڕاگەیاندنەکە لەبارەی ئازادی بیروڕا و دەربڕینەوەیە، لە دیدی نوێنەرانی ئەنجومەنەوە بابەتەکانیان بەتەواوی جیاوازە لە یەکدی: لەکاتێکدا دەشێت مادەی ١٠ ئەم ئازادیە بە بەرپاکردنی ڕێبازی ناچاریانە و بەدەزگایبووی مەدەنی سنووردار بکات، مادەی ١١ بەپێچەوانەوە ئازادی بیروڕا وەک مافێک دەناسێنێت کە دەبێتە شتێکی واقعی، چونکە سەرەتا یاسای مەدەنی سنوورەکەی دیاریکردووە.

ئەو مادەیەی سەبارەت بە ئازادی بیروڕا وبڕوا و ئازادی دەربڕینە، لە ڕاگەیاندنی ساڵی ١٧٣٩دا چیدی مەسەلەی ڕێبازی گشتی ناچاریانە ناهێنێتە پێشێ. ئەگەرچی سەردەمی (تیرۆر) ڕێبازی بوونێکی باڵا ووروژاندبووی، بەڵام ئامانجەکان جیاواز بوو: چیدی مەسەلەکە ئەوە نەبوو کە “مەزهەبێکی فەرمانڕەوا” واتە مەزهەبی کاسۆلیکی، بسەپێنرێت. ئازای بیروڕا یان بڕوای دینی بۆ یەکجار بە ماف بناسرێت، کە لە مافی دەربڕینی جیا نەدەبۆوە. جگەلەمەش ڕاگەیاندنی ١٧٩٣ ئەو خەسڵەتەی هەبوو مافی کۆمەڵایەتی و لەوانە مافی هاوکاری کۆمەڵایەتی و مافی خوێندن و فێربوونی دەهێنایە پێشێ. ڕاگەیاندنی ١٨٤٨ بە ڕاشکاوی باسی مافی درووستکردنی کۆمەڵە و مافی کارکردن دەکات. و ڕاگەیاندنی ١٩٦٦ بنەما سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و هەروەها یەکسانی ژن و پیاو دەسەلمێنێت. مافەکانی وەک یەکێتیەکانی کرێکاران، مافی مانگرتن لە دیاریکردنی هەلومەرجی کار، مافی هەبوونی کار و مافی دابینکردنی تەندروستی و هاوکاری کۆمەڵایەتیش لەو ڕاگەیاندنەدا دەربڕا. ئاراستەی گشتی ئەم بزووتنەوەیە ئەوەیە وێنای مرۆڤی کەمتازۆر تەنیا و ئەبستراکت، جێگەی خۆی دەدا بە مرۆڤێکی بابەتی و کۆمەڵایەتی. مافی گروپەکان هەنگاو بەهەنگاو لەگەڵ مافە فەردەیکاندا لەدایک دەبێت.

ڕاگەیاندنی ساڵی ١٩٤٨ ئازادی بیرکردنەوە و باوەڕ و مەزهەب و دینیشی بۆ ئەو مافانە زیاد کرد. قەبوڵکردنی مافی باڵاتربوونی ویژدانی تاکەکەکسی و هەروەها ناوەڕوکی بەیانەکە کە ڕووی لە کەسە، شایانی سەرنجدانە. پاشان مادەکانی ١٨ و ١٩ی ڕاگەیاندنەکە ووشەی “بیروڕا”ی بۆ ووشەی “بیرکردنەوە” زیاد کردووە و بەمشێوەیە ناسینی خوداناسینیشی هێناوەتە پێشێ. لە پێناسکردنی ئازادیدا ڕێگەکانی پراکتیک کردنیشی لەبەرچاو گیراوە: مافی ئاشکرا کردن و فێربوونی بیرکردنەوەکان، لەوانە بۆ ئەو کەسانەی پەیڕەوی لێناکەن، بە ڕاشکاوی ڕادەگەیەنێت. بەمشێوەیە مافی جێبەجێکردنی ئاشکرای ڕێباز و مەزهەب بە تایبەتی گۆڕینی قەبوڵ دەکرێت: نکولێکردن لە دین یان ئیلحاد بە تەفسیرێک ڕەوایەتی پەیدا دەکات. مادەی ١٩ ڕاگەیاندنەکە مافی ئاگاداربوون، مافی لێکۆڵینەوە، مافی قەبوڵکردن و بڵاوکردنەوەی بیرەکان داوا دەکات، نەک تەنیا ئازادی دەربڕین ، بەڵکو پێشنیاری ئاشکراکردن لەبەردەم هەموو جۆرە شاردنەوەیەکدا دەکات. خەسڵەتی گشتی و گەردوونی ئەم مافانە (کە سنوورەکان نابێت رێگر بن لێی)، هاوکاتە لەگەڵ لابردنی ئەو سنووردارێتیانەی کە لەبەرامبەری ئازادی بیروڕادا لە ڕاگەیاندنی پێشوودا دانراوە. ڕاگەیاندنی ١٩٤٨ تەنیا لە مادەی ٢٩دا بەمەرجی سنووردارێتی ئازادی دەربڕین ڕاشکاوە. (بەندی ٢: “هەموو کەس لە بەکارهێنانی مافەکانی خۆیدا و بۆ سوودوەرگرتن لە ئازادیەکانی خۆی، تەنیا ملکەچی ئەو سنووردارێتیانەیە کە یاسا بەمەبەستی دابینکردن ئەگەری قەبوڵکردن و ڕەچاوی مافەکان و ئازادیەکانی کەسانی دی، بەمەبەستی بەکارهێنانی زەرورەتە ئەخلاقیە پەسەندکراوەکان، ئاسایشی گشتی و خۆشگوزەرانی هەمووان لە کۆمەڵگایەکی دیموکراتدا دایناوە”). ئازادی بیروڕا و دەربڕین تەنیا بۆ جۆرێکی تایبەتی حکومەت، واتە حکومەتێکی دیموکراسی پێناس کراوە و چەمکی لێکبوردن بە ڕاشکاوی لەمادەی ٢٦دا بەکار هاتووە: ” فێرکاری و پەروەردە دەبێت (..) لێکتێگەیشتن، لێکبوردن و هاوڕێیەتی نێوان هەموو گەلەکان، و هەموو گروپە نەژادی و مەزهەبیەکان ڕەواج پێبدات”. دەبێت لێکبوردن فێری هەموو مرۆڤەکان بکرێت، چونکە ئەرکی یەک بەیەکی تاکەکانە، و پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە ئازادی هەمووانەوە هەیە.

 لە کۆتایدا ئاماژە بۆ ژمارەیەک پەیمان و ڕاگەیاندن دەکەم کە لەساڵی ١٩٦٦وە تا ساڵی ١٩٨١ چەمکی یاسایی ئازادی بیروڕاکان و هەروەها ئازادی دەربڕینیان رێفۆرم و کامڵ کردووە. پەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافە مەدەنی و سیاسیەکان کە لەساڵی ١٩٦٦دا پێشنیار کرا و لە ساڵی ١٩٧٦دا دەنگی بۆدرا، ئازادی هەڵبژاردنی مەزهەبی بۆ هەمووان ڕاگەیاند. ئەوەمان بە بیر بێت کە مەبەست لەمە ئازادی (چونە) ناو مەزهەبێکی تازەیە و (دەرچوون )لێی پێشبینی نەکراوە. ڕێکەوتننامە سەبارەت بە سڕینەوەی سەرجەم شێوەکانی نالێکبوردن و چەوساندنەوەی مەزهەبی یان بیروڕای ١٩٧٢، تەنیا وەک ڕاگەیاندنێک ناسرا کە لە ڕووی یاساییەوە ناچاری نیە.  ڕاگەیاندنی ١٩٨١ دژی نالێکبوردن وا دەڵێت: ” هەموو کەس خاوەن ئازادی بیرکردنەوە، بیروڕا و مەزهەبە. ئەم مافە ئازادی بڕواهێنان بە هەر مەزهەب یان بیروڕایەک بە هەڵبژاردنی خۆی و هەروەها ئازادی ئاشکراکردنی مەزهەب یان بیروڕا دەگرێتەوە”. مەسەلەکە ئەمجارە تەنیا باوەڕهێنان بە مەزهەبێک، واتە ئازادی چوونە ناو یان چوونە دەرەوە لە مەزهەبێک نیە. لە بەندی دووهەمی مادەی یەکەمدا تەنیا بە مەحوکمکردنی ناچارکردن واز دەهێنرێت، ئایا ئازادی هەڵبژاردنی مەزهەبێک ئەگەری گۆڕانی ئەو مەزهەبەش ناگرێتەوە؟.

دەق:

ڕاگەیاندنی ساڵی ١٧٨٩

مادەی ١٠: هیچ کەس نابێت لەبەر بیروڕا و تەنانەت بیروڕای مەزهەبی و دینی خۆی، نیگەرانی هەبێت. بەو مەرجەی دەرخستنی ئەو بیروڕایە ئاسایشی گشتی جێگیر بەهۆی یاساوە نەخاتە مەترسیەوە.

مادەی١١: ئاڵوگۆڕی ئازادانەی بیروڕا و بیرکردنەوەکان لەمافە گرانبەهاکانی مرۆڤە. لێرەوە هەموو هاوڵاتیەکە دەتوانێت ئازادانە قسە بکات، بنوسێت و بڵاوبکاتەوە، جگە لەو حاڵەتانەی دەبێت وەڵامدارەوەی زیادەڕەوی لەم ئازادیە بێت کە یاسا دیاریکردووە.

ڕاگەیاندنی ١٧٩٤

مادەی٧. مافی ئاشکراکردنی بیرکردنەوە و بیروڕاکان چ لە ڕێگەی چاپەمەنی و چ لەهەر ڕێگەیەکی ترەوە بێت، مافی درووستکردنی کۆمەڵە و ڕێکخراوی ئاشتیخواز، مافی جێبەجێکردنی ئازادانەی ڕێوڕەسمەکان نابێت قەدەغە بکرێت. زەرورەتی ڕاگەیاندنی ئەم مافانە دەرئەنجامی بوونی ستەمکاری یان یادەوەری ڕابردووە نزیکەکانە.

ڕاگەیاندنی ١٩٤٨

مادەی ١٨. هەموو مرۆڤێک مافی ئازادی بیرکردنەوە، باوەڕ، بیروڕا و دینی هەیە. ئەم مافە ئازادی گۆڕینی دین و مەزهەب یان بیروڕا و هەروەها ئازادی ئاشکراکردنی مەزهەب یان بیروڕا بە تەنیا یان بە کۆمەڵ، لەبەردەم هەمووان یان بەشێوەی تایبەتی، لەڕێگەی پەروەردە و بەکارهێنانی مەزهەب و جێبەجێکردنی ڕێورەسمەکانیش دەگرێتەوە.

مادەی ١٩. هەموو مرۆڤێک مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی هەیە، و ئەم ئەم مافەش نیگەران نەبوون لە بیروڕاکان و هەروەها مافی ڵێکۆڵینەوە، وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی هەواڵ و بیرکردنەوەکان بەهەموو ئامزازێکی دەربڕین، بە بێ سەرنجدان لە سنوورەکان دەگرێتەوە.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: