یاداشتەکانی هاوسەرەکەی دۆستۆیڤسکی

هاوسەرەکەی دۆستۆیڤسکی ئەوەی هەیەتی و ئەوەی لەسەریەتی، پێشکەشی خوێنەری دەکات

یاداشتەکانی لایەنێکی دیکەی خاوەنی تاوان و سزا ئاشکرا دەکات

نووسینی: ڕەشا ئەحمەد

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: باوکی ڕەهەند

ئەم کتێبە: “یاداشتەکانی هاوسەرەکەی دۆستۆیڤسکی” لایەنێکی دیکەی ئەدیبە بەناوبانگەکەی ڕوسیا دەردەخات؛ کە یەکێکە لە گرنگترین ئەو نوسەرانەی، زۆرترین کاریگەریی لەسەر ئەدەبی مرۆڤایەتی هەبووە. ئەم کتێبە تازەکی لەلایەن “المرکز القومی للترجمە”ی میسر بڵاوبووەتەوە و چاپی دووەمیەتی و 634 لاپەڕەی قەبارە گەورەیە. ئەنوەر محەمەد ئیبراهیم لە ڕووسییەوە کردوویەتی بە عەرەبی. وەرگێڕی کتێبەکە لە پێشەکی کتێبەکەدا، ئاماژە بەوە دەکات “ئانا جریجۆرفیا” تەنها ژنی دووەمی دۆستۆیڤسکی نەبوو، بەڵکو عاشقێکی بە بەزەیی بوو، خۆشی و کامەرانی بە دۆستۆیڤسکی بەخشی و یارمەتی و کۆمەکێکی زۆری دۆستۆیڤسکی کرد، تاکو بەسەر بارگرانی نەخۆشییەکەیدا زاڵبێت.

یەکەمین پزیسک

ئانا جریجۆرفیا لە 30 ئابی ساڵی 1846، لە خێزانێکی سادەی شاری بترسبۆرگ، هاتووەتە دونیاوە. باوکی کەسێکی ڕوخۆش بووە و ژیانی خۆشویستووە. لە گەنجیدا حەزی لە شانۆ و ئەدەب بووە. لەپاڵ ئەمەشدا، یەکێک بووە لەوانەی زۆر سەرسام بووە بە کارەکانی دۆستۆیڤسکی. ئانا لە تەمەنی شانزە ساڵیدا، بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا گوێی لەم ناوە بووە “دۆستۆیڤسکی”، ئەویش ئەو کاتە بووە کە تاقیکردنەوەی لە چیرۆکی “نیتۆتشکا نیزفانۆڤا”ی دۆستۆیڤسکی کردووە. ئانا هێندە کەوتبووە ژێر کاریگەری چیرۆکەکەوە، خێزانەکەی لەو کاتەدا ناوی لێدەنێن “نیتۆتشکا”. هەروەها ئانا سەروەختێک ڕۆمانی “بیرەوەرییەکان لە ماڵی مردووەکان” دەخوێنێتەوە، زۆر دەگری. ئەو ڕۆمانە باس لە ناخۆشی و نەهامەتی کەسێکی دەکات کە لە دەشتاییەکانی سیبریا زیندانی کراوە و پلەی گەرمای ناوچەکە لە ژێر سفرەوەیە. ئا بەم شێوەیە ئانا هەر لە منداڵییەوە، دۆستۆیڤسکی دەبێت بە نووسەرە دڵخوزەکەی.

ئانا دەیزانی لەسەر ئامێری تابیعە کار بکات و بنووسێت، هەر بۆیە دوای کۆچی دوایی باوکی و گۆڕانی بارودۆخی خێزانەکەی، ئەم پیشەیە یارمەتی دا لە پاشکۆیەتی مادیی دایکی ڕزگاری ببێت. بە ڕێکەوت کەسێک بە دۆستۆیڤسکی دەڵێت کە با ئەو کچە کاری لەگەڵدا بکات. بەم شێوەیە لە 4 تشرینی یەکەمی ساڵی 1866، ئەم دوانە یەکتر دەناسن. دواتر دۆستۆیڤسکی داوای هاوسەرگیری لێدەکات و ئەویش یەکسەر ڕازیدەبێت. ئانا ماوەیەک بوو خۆی بۆ ئەو مەسەلەیە ئامادە کردبوو، لەمەشدا گوێی بە ئامۆژگاری خزمەکانی نەدا کە ناڕازیبوون لەسەر ئەنجامدانی ئەم هاوسەرگیرییە ناهاوسەنگە. چونکە دۆستۆیڤسکی دوو تەمەنی ئانا-ی هەبوو، هەروەها بێوە پیاو بوو، قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە ببوو. ئا لەم بارەیەوە، خاوەنی ئەم یاداشتانە، بەسەرهاتێکی خۆش دەگێڕێتەوە. دۆستۆیڤسکی داوای لێ دەکات ڕێگای بدات تاکو سەردانی خانەوادەکەی بکات. ئەمە لە کاتێکدا بوو دۆستۆیڤسکی تازە لە نووسینی ڕۆمانی “المقامر” ببوەوە، هەروەها پەیوەندی کارکردنی ئانا لەگەڵ دۆستۆیڤسکی، لەسەروبەندی تەواو بووندا بوو. هەر بۆیە دۆستۆیڤسکی پێشنیاری بۆ دەکات پێکەوە، دواهەمین بەشی ڕۆمانی “تاوان و سزا” بنووسن. ئانا دەستبەجێ ڕازیدەبێت، چونکە وەک ئەوەی ئانا وەسفی دەکات دۆستۆیڤسکی: ” زۆر سەرنجڕاکێش بووە”. لە کاتی کارکردندا، شەوێکیان دۆستۆیڤسکی داوا لە ئانا دەکات، لەگەڵیدا بەشداربێت لە گرێچنی ئەو ڕۆمانە تازەیەی کە لە خەیاڵیدایە و بەنیازە بینووسێت. قەناعەت بە ئانا دەکات، پێویستی بە ئامۆژگارییەکانی هەیە، تاکو لە دەروون و ناخی مێینە تێبگات.

لەو ڕۆمانە خەیاڵئامێزەدا کە لە مێشکی یدیستۆڤیسکدایە، پاڵەوانەکە وێنەکێشێکی/ ڕەسامێکی پیری بەساڵاچووە، دەڕواتە داخوازی کچێکی منداڵ کە ناوی ئانیایە. ئا لێرەدا دۆستۆیڤسکی پرسیار لە ئانا دەکات: ئاخۆ دەکرێ کچێکی تەمەن بچووکی خاوەن کەسایەتی جیاواز، وێنەکێشێکی پیری بەساڵاچووی خۆشبووێت؟ ئانا وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت بەڵێ دەکرێ و زۆر ئاساییە. دۆستۆیڤسکی ڕاستەوخۆ بە ئانا دەڵێت: “باشە بۆ چرکەیەک خۆت بخە شوێنی ئەو کچە، وایدانێ من وێنەکێشەکەم. من ددانی پێدا دەنێم و داوات لێدەکەم ببیت بە هاوسەرم، وەڵامی تۆ چی دەبێت؟”. ئانا وەڵامی دەداتەوە: “دەڵێم من تۆم خۆشدەوێت و تا هەتا هەتایە خۆشمدەوێیت”.

-دیوەکەی دیکە

ئا بەم شێوەیە، یارییەکە سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. ئیدی کرێکاری تابیعەکە، دەبێتە هاوسەری یەکێک لە ناودارترین ڕۆماننووسەکانی جیهان و بە درێژایی 14 ساڵ، هەمیشە خۆشەویستییەکی گەورەی بۆ ئانا هەبووە و غیرەشی لێکردووە. تەنانەت خانەوادەکەی ئانا، بەو ئەزموونە ڕازیبوون، ئەگەرچی جیاوازییەکی زۆری تەمەن، لە نێوان هەردوکیاندا هەبوو. ئا لێرەوە و بەهۆی ئەم سەقامگیرییە خێزانییەوە، دۆستۆیڤسکی فێلێهاتنەکانی کەمبوەوە کە بەدەستییەوە دەیناڵاند، هەروەها خووگرتنە زۆرەکەی بە قورمار کردنەوە، ئەویش کەمدەبێتەوە.

دانەری کتێبەکە، باس لەوە دەکات کە دۆستۆیڤسکی، لە زۆربەی کاتەکاندا خەمبار بووە، ڕۆمانەکانی بەدڵ نەبووە. چونکە بەشێکی زۆری ڕۆمانەکانی، لەژێر بارگرانی قەرزە زۆرەکانی و خەمی دانەوەی قەرزەکانی دەنووسی. دانەری کتێبەکە لەم بارەیەوە دەڵێت: “سەروەختێک بەشێکی ڕۆمانەکەی تەواو دەکرد، یەکسەر دەینارد بۆ دەزگای بڵاوکردنەوەکە، تاکو دەزگاکەش لەلایەن خۆیەوە، بڕێک پارەی بۆ بنێرێت و هەندێک لە قەرزەکانی پێبداتەوە. پاشان دەستی دەکردەوە بە نووسینی بەشەکانی دیکەی ڕۆمانەکە، جار هەبوو هەستی دەکرد هەڵەیەک لە زنجیرەی ڕووداوەکاندا هەیە. ئیدی دووچاری خەمۆکی دەبوو، چونکە نەیدەتوانی بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە چاکبکاتەوە و گۆڕانکاری تێدا بکات کە چاپکرابوو، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاوببوەوە. ئەگەر چارەنوس بەدەم دۆستۆیڤسکی مەزنەوە بهاتایە و بارودۆخی مادیی باشتر بوایە. ئەوا بەرهەمەکانی جوانتر و نایابتر دەبوو لەوەی ئێستا هەیە”.

یاداشتەکان بەردەوام دەبن لە وێناکردن و وەسفکردنی دیوی دووەمی ئەم ئەدیبە بەناوبانگە. لەم ڕووەوە دەڵێت جارێکیان، دۆستۆیڤسکی چی پارە و پوولی هەیە، هەر هەموی لە یاری “ڕۆلێت” دەدۆڕێنێت. لێرەوە ئانا بڕیار دەدات، کۆی مەسەلە داراییەکان و سەرجەم کاروبارەکانی دۆستۆیڤسکی لەگەڵ دەزگاکانی بڵاوکردنەوە، بگرێتە دەستی خۆی. دوای ئەمە، ئانا سەرکەوتوو بوو لە ڕزگارکردنی هاوسەرەکەی لە سەرجەم ئەو قەرزانەی لەسەری بوو. جگە لەوە توانی ساڵی 1871 دۆستۆیڤسکی لە خوگرتنی بە قومارەوە ڕزگار بکات.

مانگەکانی سەرەتای ئەو هاوسەرگیرییە سادە و خاکی و هێمنە، ئاسان نەبوو، وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا. چونکە زەحمەت بوو لەگەڵ کەسێکدا ڕابێیت و بگونجێیت کە جار جارە فێی لێدەهات. ئانا لەم بارەیەوە دەڵێت: “خۆشەویستییەکەم بۆ دۆستۆیڤسکی، خۆشەویستییەکی عەقڵی بێگەرد و نمونەیی بوو، یان ڕاستتر پەرستن بوو، کڕنووش بردن تا دوا سنور لەبەردەم مرۆڤێکی بلیمەت، مرۆڤێک خاوەنی خەسڵەتی دەروونی باڵا بوو. لەبەر ئەوە ڕۆحی من، بەزەیی بەم پیاوەدا دەهاتەوە کە نەهامەتی زۆر بینیبوو، هەرگیز کامەرانی و دڵخۆشی نەبینیبوو. بە ڕاستی زۆر بە گەرموگوڕی خۆشمویست. بەڵام کبریائم ڕێگەی نەدەدا لەگەڵی بمێنمەوە، ئەگەر دڵنیابومایە لەوەی ئەو چیتر منی خۆشناوێت”.

-لە ئاوێنەی هاوسەردەمەکانیدا

یاداشتەکان پانتاییەکی فراوان، بۆ پەیوەندی دۆستۆیڤسکی بە هاوسەردەمەکانییەوە تەرخان دەکات، لە نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و زاناکان و کەسایەتییە گشتییەکان. ئەو پەیوەندییانە جار هەبوو ئاڵۆز و جاری دی هەبوو هەڵە تێگەشتن ڕوویدەدا. لەوانە پەیوەندییەکانی لەگەڵ “نیکراسۆڤ، تۆرگینێڤ، ئۆجاریڤ، مایکۆڤ، ستراخۆڤ”. بۆ نمونە ڕەخنەی لە نیکراسۆڤ دەگرت و لەسەر ئاستی مرۆڤایەتی، هیچ پەرۆشییەکی بۆی نەبوو. بەڵام کاتێک نیکراسۆڤ نەخۆشکەوت، دۆستۆیڤسکی زۆر ترسا و بەردەوام سەردانی دەکرد. خۆ ئەگەر لەو سەردانانەیدا بیبینیایە نووستووە، داوای لە خێزانەکەی دەکرد خەبەری نەکەنەوە و تەنها سڵاوی ئەمی پێبگەیەنن.

دۆستۆیڤسکی ساڵی 1867، لە یەکێک لە وتارە بەراییەکانیدا کە بۆ هاوسەرەکەی نووسیوە، دەڵێت: “زۆرجار بە خەمباری و گرژ و مۆنی دەمبینیت، ئەمە هیچ نییە جگە لە مەسەلەیەکی ڕوکەشی دیار، ڕەنگە من هەمو کاتێک بەو شێوەیە دەربکەوم، بەدبەخت و بێچارە. بەڵام ناوەوەم شتێکی دیکەیە، باوەڕم پێبکە!”. ئەم شتە “ناوەکییە ڕاستەقینەیە” کە بە تایبەت لە دۆستۆیڤسکیدا هەبوو، ئەوە ئانا جریجۆرفیا ڕێزی دەگرت و خۆشیدەویست، هەر ئەو شتە ناوەکییە بوو کە ئانا، لە یەکەم چاوپێکەوتنی لەگەڵ دۆستۆیڤسکی دا، هەستی پێکرد.

یاداشتەکان وێنەیەکی دۆستۆیڤسکی لە کۆتاییەکانی شەستەکانی تەمەنیدا دەکێشێت، لەو کاتەدا دۆستۆیڤسکی لە خراپترین ڕۆژەکانی و شکستەکانی و هەژارییەکەی و نەهامەتییەکانیدا بووە. ئەگەرچی نە ئەناقەتی خۆی لەدەست دابوو، نە هەستکردنی بە کەرامەتی کەسایەتییەکەی. وەک ئەوەی هاوسەرەکەی دەڵێت: ” ئەمەیە ئەو پیاوەی خاوەنی زەوق و سەلیقەیەکی بەرزە و ڕێزی شتە جوانەکان دەگرێت. ئەگەر بچوکترین دەرفەتی بۆ دڵخۆشکردنی کەسە نزیکەکانی بۆ بڕەخسێت، هەست بە خۆشییەکی گەورە دەکات. هەرچەندە ئەو کەسێکە چارەنووس، ژیانێکی پڕ نەهامەتی و ناخۆشی پێ سپاردووە. ئەو مرۆڤێکە زیاد لە جارێک، لە لێواری کەوتنە خوارەوە بۆ نێو خەرندەکە نزیک بووەتەوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە تووندی ژیانی خۆشویستووە. ئەوەتا ئەو وەک باوکی خێزانێک کە بەرپرسە لە ژمارەیەکی زۆری خزمەکانی، بە هەمو پەشێوییەکانی دڵییەوە، ئاهەنگ بۆ ژیان دەگێڕێت، وەک منداڵێک بەدەوری درەختی لەدایکبوون سەما دەکات….”

یاداشتەکان تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان دۆستۆیڤسکی و منداڵ و باس لەوە دەکات، دۆستۆیڤسکی لە نامەکانیدا بۆ هاوڕێکانی، لەبارەی منداڵەوە قسە دەکات و بەوە وەسفیان دەکات کە “بوونێکی مرۆییانە بە بوون دەبەخشن، بە هەمو ئەو مانایانەی ئەم وشەیە دەیبەخشێت. ژیانی بێ ئەوان، هیچ ئامانجێکی نییە”

-ددانپیانانی عشقێک

ئانا لە یاداشتەکانیدا، شتێک وەک جۆرێک لە ددانپیانان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “بەڵێن نادەم بەوەی یاداشتەکانم سەرنجڕاکێش دەبێت. بەڵام دڵنییایی ئەوە دەدەم کە لە وەسفکردنم بۆ هەڵوێستی هەندێک لە کەسایەتییەکان، بە تەواوەتی ڕاست و بێلایەنانەیە. ئەم یاداشتانە لەسەر بنچینەی ئەو نووسراوانە بونیاد نراوە کە لە نامە و وتاری ڕۆژنامەکان و گۆڤارەکاندا بڵاوکراونەتەوە. من بەو پەڕی ڕاشکاوی، ددانی پێدا دەنێم یاداشتەکانم هەڵەی ئەدەبی لەخۆگرتووە، وەک درێژدادڕی لە گێڕانەوە و جیاوازی لە نێوان قەبارەی بەشەکان و شێوازە کۆنەکە. ئاخر بۆ کەسێک تەمەنی گەشتبێتە 70 ساڵ، زەحمەتە شتی تازە فێرببێت. بەڵام دڵسۆزیم و حەزکردنم لە دڵەوە، بۆ ئەوەی دۆستۆیڤسکی، وەک خۆی و وەک ئەوەی هەبووە، پێشکەش بە خوێنەر بکەم و ئەو وێنەیەی بخەمە ڕوو کە لە ژیانی شەخسی خۆی و خێزانەکەیدا هەیبووە، ئەوا لەو هەڵانەم خۆشدەبن”.

دانەری کتێبەکە لە بەشێکی دیکەی یاداشتەکانیدا دەڵێت: “من و هاوسەرەکەم، خۆمان بە خەڵکانێک دادەنا کە دوو مەزاجی تەواو جیاوازیان هەبێت، هەریەکەیان سروشت و دیدێکی دیکەی هەیە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەمیشە بە بێدەنگی و ئارامی ماینەوە و کەسمان دەستی لە کاروباری ئەوی دیکەمان وەرنەدەدا، هەستمان بە ئازادی ڕۆحمان دەکرد. دۆستۆیڤسکی بە تەنها هەر خۆی، زۆر بیری لە پرسیارە قووڵەکانی دەروونی مرۆڤ دەکردەوە. ئەو ڕێزی ئەوەی لێ دەگرتم کە دەستم نەخستووەتە ناو ژیانە دەروونی و عەقڵییەکەیەوە. لەبەر ئەوە زۆرجار بە منی دەوت: تۆ تاقە ئافرەتیت کە لە من تێگەیشتوویت! ئەمە بۆ ئەو گەورەترین شت بوو کە بەلایەوە گرنگ بوو. پەیوەندی ئەو بە منەوە، وەک دیوارێکی پتەو وابوو، دەیتوانی پشتی پێببەستێت و هەست بە گەرمی بکات. لە دیدی منەوە، هەر ئەمەش بوو، وایکرد هاوسەرە باشەکەم، ئەو متمانە سەرسوڕهێنەرەی بە سەرجەم ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی من هەبێت. ئەگەرچی ئەوەی من ئەنجامم دا، هەرگیز سنوری مەئلوفی تێنەپەڕاند. ئەم پەیوەندییە دوولایەنە، توانای ئەوەی پێبەخشین بۆ ماوەی 14 ساڵ، لە ژیانی هاوسەرگیریمان بەردەوامبین، ژیانێکی خۆشی سەر زەوی کە بۆ هەر کەسێک بیەوێت لەبەردەستە”.

بەڵێ پێدەچێت ئانا بەڕاستی شایەنی ئەو متمانەیە بووە، چ لە ژیانی دۆستۆیڤسکی دا و چ لە مردنەکەشیدا. دوای مردنی دۆستۆیڤسکی، ئانا تەمەنی 35 ساڵ بوو، هەمو وزە و توانای خۆی خستەگەڕ، بۆ پاراستنی میراتە ئەدەبییەکەی و نۆژەنکردنەوەی. ئانا هەستا بە کۆکردنەوەی دەستنووسەکانی و نامەکانی و بەڵگەکانی و وێنەکانی، ساڵی 1906 لە مۆزەخانەی مێژوویی دەوڵەت، ژوورێکی تایبەتی بۆ فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی دامەزراند.

سەرچاوە: الشرق الاوسط، 30 ئازار، 2021.

ناردن: