دەربارەی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی

دەربارەی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی

کتێبی (دەربارەی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی) یەکێکە لەو کتێبە دەوڵەمەند و پڕ لە زانیاریانەی کە تاکو ئێستا لەسەر کورد، بە ڕەهەندە مێژوویی و سیاسیی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان و خودی چەمکی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە نووسراوە، ئەم کتێبە دەکرێت وەک سەرچاوەیەکی بەنرخ و گرنگ بخوێنرێتەوە و بۆ زۆر بابەتی نەتەوەیی و شرۆڤەی چەمکی ناسیۆنالیزمیی کوردی و کێشە و قەیرانە جۆراجۆرەکان، لە مێژووی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینەکانی کوردەوە تاکو ئێستا بۆ بکرێت، چونکە ئەم کتێبە جگە لە ئاڕاستە جۆراوجۆرە فیکرییەکانی بۆ شۆڕبوونەوە بەنێو ڕیشەی کێشەکاندا، گەشتێکیشە بە کۆمەڵێک وێستگەی مێژووی و ئاشنابوونە بە ڕەهەندەکانی کۆمەڵێک فیگۆری سیاسی و شۆڕشگێڕی کورد، هاوکات ورد و قووڵ قسەکردنە لەسەر بونیادی نەتەوەیی و پێگەی کورد و سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیزمی لەنێو نەتەوەی کورددا.

کتێبی (دەرباری کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی) لە کۆمەڵێک بابەتی فیکری پێکهاتووە، هەر یەک لە بابەتەکانیش لەلایەن کەسانی پسپۆڕ و شارەزای بیانییەوە، بە زمانی ئینگلیزی نووسراون و نووسەر و وەرگێڕ (عەتا قەرداغی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەریگێڕاونەتەوە سەر زمانی کوردی، هاوکات لە ماوەی ڕابردوودا، ئەم کتێبە لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە، چاپ و بڵاوکراوەتەوە و ئیستا لە کتیبفرۆشییەکاندا بەردەستە.

نووسەرەکانی ئەم بابەتە فیکریانەی دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: مارتین ڤان برۆنیسین، ڕۆبێرت ئۆڵسن، جۆن بلاچ، هارڤی مۆریس، هوینز مورات، لە ڕاستیدا هەر کام لەم نووسەرانە خاوەند باگراوندێکی ڕۆشنبیری و قووڵە و ئاشنایەتی  وشارەزاییەکی هەمەلایەنیان لەسەر کۆی ڕووداوە مێژووییەکانی نەتەوەی کورد و چەمکی ناسیۆنالیزمیدا هەیە.

بابەتەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە بریتین لە: پێشەکیی وەرگێڕ، ڕەگوڕیشەی کورد، ڕێگەکانی کورد بۆ بوون بە نەتەوە، دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردی و ڕاپەڕینی شێخ سەعید، سەد ساڵ هەوڵدان بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ، کۆماری کوردستان لە مەهاباد، ئایا دەتوانین مێژوویەکی نوێ بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی بنووسین؟ ناسیۆنالیزم و شوناسی کوردی، کورد و مافی خۆبەڕێوەبردن.

هەر وەک لە پێشەکیی کتێبەکەدا (عەتا قەرەداغی) ئاماژەی پێ کردووە، ئاخاوتن لە بارەی پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبوون لای لکورد، هێشتا لەبەردەم گوماندایە، بە مانایەکی تر هێشتا لە ڕووی زانستییەوە ئەوە یەکلا نەبووەتەوە ئایا کورد وەکو پێکهاتەیەکی ئیتنیکی لە جووڵەیەک بەردەوام و فرەئاڕاستەی ئەوتۆدا بووە کە پرۆسێسی کۆمەڵایەتیبوون لە دەرەوەی بنەما میتافیزکییەکان تێیدا ڕووی دابێت؟ هاوکات وەرگێڕی ئەم کتێبە لە پێناسەی کتێبەکەدا باس لەوە دەکات کە ئەم چەند باسەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدایە، باسی کورد و نەتەوەییبوونی کورد و بە نەتەوەییبوونی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن: کە ئەوانیش لە ڕوانگەی جیاوازەوە سەیری بەنەتەوەییبوونی کورد و ئەو بزووتنەوانەی کورد دەکەن، کە ئەوان بە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردییان داناون، ئاڕاستەیەکی دیار لە کتێبەکەدا لە ڕوانگەی ڕەگوڕیشە و بنەچەوە سەیری نەتەوەییبوونی کورد دەکات.

لە باسەکەی (جۆن بلەچ و هارڤی مۆریس) دا بە ناوی (ڕەگوڕیشەی کورد) باس لەوە دەکات کە کوردەکان لە ئەفسانەکانیاندا و لە مێژووی نووسراویشیاندا، بە شێوەیەکی پەسەند وەکو پێکهاتەیەکی سەربەخۆ دەردەکەون، سەرباری هەوڵدانی ئەو دەوڵەتانەی کە ئێستا فەرمانڕەواییان دەکەن و نکوڵی لە ناسنامەی تایبەتی کوردەکان دەکەن، نووسەر لە درێژەی باسەکەیدا دەڵێت: تەنانەت لەم سەردەمەدا تورکیا نکوڵی لە بوونیان دەکات و ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە کوردەکان گەلێکی جیاواز بن، بەڵکو پێیان دەڵێت (تورکی چیایی) و ڕێگە لە زمان و نووسینیان دەگرێت و هەوڵی تواندنەوەی کلوتوورەکەیان دەدات.

ئەم نووسەرە لە باسەکەیدا نایشرێتەوە کە سەرباری ئەو هەموو هەوڵانەی کە بۆ سڕینەوەی کولتووری کوردی دراوە، کوردەکان هێشتا بە بەردەوامی وەکو نەتەوەیەک سەیری خۆیان دەکەن کە مافی ئۆتۆنۆمی و لە دوای ئەوەش مافی سەربەخۆییان هەیە و ئەو چیا بەرزانەیش بەربەستێکی سروشتی پێکدەهێنن لە بارمەبەر دراوسێ دەستدرێژیکەرەکانیاندا کە بریتین لە عەرەب و تورک و فارس: کوردەکان مێژوویەکی کولتووریی دەوڵەمەندیان هەیە کە گەورەترین پەرەسەندنی بە خۆیەوە بینیوە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا و لە سەردەمی دامەزراندنی بەهێزترین بنەماڵەی دسەڵاتداریی کوردیدا، لە ناویاندا سەڵاحەدین کە ڕیچاردی شێردڵی سەرکردەی خاچپەرستانی آکاند و جارێکی تر فەلەستینی خستەوە ژێر سایەی دەوڵەتی موسڵمانان.

لە باسێکی دیکەی دووتوێی ئەم کتێبەدا بە ناوی (ڕێگەکانی بۆ بوون بە نەتەوە) کە (مارتن ڤان برۆنسن) نووسیویەتی، باس لەوە دەکات کە هیچ هەڵسەنگاندنێکی بڕواپێکراو بۆ ژمارەی کورد لە هیچ کام لەو وڵاتانەدا نییە کە کوردیان تێدا دەژیی، ئەمەیش دەگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵێکل هۆکار: یەکێکیان مەسەلەی سیاسەتی فەرمانڕەواییە، لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی یەکێتیی نەتەوەییەوە، ئەو حکومەتانەی پەیوەدنییان بەم مەسەلەوە هەیە ئاسایی نایانەوێت سەرژمێری گورووپە جۆراوجۆرە زمانی ئایینییکان بە جیا بکەن.

نووسەری ئەم باسە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە بە سادەیی، ئێمە لە نێو کوردەکاندا (هەر وەک لە نێو هەر گرووپێکی ئینتیکی تردا) کاکڵەی شوناسی ئیتنیکی کوردی لە تەمومژ و لێڵی دەدۆزیەوە، کە لە لایەن زۆر گورووپی پەراوێزییەوە دەورە دراوە کە هاوجووتبوونیاب لەگەڵ ئیتنیکی کوردیدا زۆر ترمومژاوییە و بۆ ئەوان شوناسی کوردی تەنها یەکێکە لە چەند هەڵبژاردەیەک.

نووسەر لە باسەکەیدا دێتە سەر بابەتێکی دیکە و دەڵێت: ئایین کە یەکێکی ترە لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی کولتوور، دیسان ئەویش وا دەردەکەوێت کە کورد دابەش بکات زیاتر لەوەی یەکی پێ بگرێت، زۆرینەی کودەکان موسڵمانی سوننەن  شوێنکەوتووی مەزهەبی شافیعین لە وردەکارییەکانی پەیوەستبوونە ئایینییەکانیاندا، بەڵا ژمارەیەکی گەورە لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان (لە عێراق و ئێران) موسڵمانی شیعەی دوازدە ئیمامین، هەمان شێوەی زۆرینەی دانیشتوانی ئێران و باشووری عێراق.

یەکێکی تر لە بابەتەکانی نێو ئەم کتێبە (دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردی و ڕاپەڕینی شێخ سەعید)ە، کە لە لایەن (رۆبێرت ئۆڵسن)ەوە نووسراوە، نووسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕاپەڕینی شێخ سەعید، یەکەم ڕاپەڕینی ناسیۆنالیستی کوردی بوو لەسەر ئاستێکی فراوان، ڕۆڵی ئازادیی ڕیشەیی بوو لە سەرهەڵدانیدا، ڕۆشنبیرانی کورد و ئەفسەرانی سوپا، لە ڕووی ڕێکخستن و چوونە ناو ڕاپەڕینەکەوە لە ناوجەرگەی بزووتنەوە ناسیۆنالیستییە کوردییە زیاتر عەلمانییەکان یان نائایانییەکان پێویستە جیا بکرێتەو لە ڕاپەڕینەکە خۆی و لە سەرکردایەتییە شێخایەتییەکەی.

نووسەری لەم باسەیدا نایشارێتەوە کە ڕاپەڕینکەی شێخ سەعید خێڵایەتی بوو، ڕێژەی پیاوانی خێڵە کۆچەرییەکان کە بەشدار بوون لە ڕاپەڕینەکەدا زۆر بەرزتر بوو لە بەشداربوونی کۆچەرییەکان لە ڕاپەڕینەکانی جەنگالی و عێراقیدا: ژمارەیەکی کەم کشتیارانی خێڵ یان جوتیاران وەکو شەڕکەر بەشدارییان لە ڕاپەڕینەکەدا کرد.

بە بۆچوونی نووسەر، ئەم ڕاپەڕینە گونجانی زۆری خێڵایەتی لەگەڵ دانیشتوانی شاریدا نیشان نەدا، دیار بەکر، کە تەواو شارێکی کوردییە، پشتگیرتی ڕاپەڕیوانی نەکرد، خەڵکی ئەلازیگ هەر لە سەرەتاوە بەبێ شەڕکردن خۆیان بە دەستەوە دا، بۆ دژایتی کردنی ڕاپەڕیوان بە هۆی تاڵانکردن و ڕاوڕووتکردنی لە ئەندازەبەدەریانەوەجارێکی تر بەشداریکردنی شاری یان خەڵکی شار لە ڕاپەڕینەکانی عێراق و جەنگالیدا گەورەتر بوو لەچاو بەشدارییان لە ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیددا.

دواتر دێتە سەر ئەوەی کە ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعید، لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و سیاسی، لاوازی زۆری کوردەکانی دەرخست، وەکو دەرئەنجامی ئەوەی مەرامبەر ئەرمەن کردیان لە کۆچپێکردن و دەرکردن و دانانی قەسابخانە بۆیان لە ماوەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا: سڕینەوەی ئەرمەنەکان دیسان ئەو بەربەستانەی پاراستنی سڕییەوە ک ئامادەبوونی ئەوانی تێدا بوو و ناسیۆنالیزم پێشکەشی کوردیان کردبوو، بارودۆخی کوردەکان و سەرکەوتنی ناسییۆنالیزمەکەیان تەنانەت شتێکی زۆر گاڵتەجاییە لەبەر ڕووناکی پەرۆشی ئەوان بۆ بەشداریکردن لە دەرکردن و قەسابخانەی ئەرمەنەکاندا.

لە ڕاستیدا ئەم نووسینە هەوڵێکی خاکەڕایانەیە بۆ ناساندنی لایەنێکی کەمی ئەم کتیبە گرنگە و هاندانێکە بۆ ئەوەی خوێنەر خۆی بە قووڵی ڕۆبچێتە ناو لایەنە سەرەکیی و بەشە جۆراوجۆرەکانی کتێبەکەوە، بێگومان ئەم کتێبە لە جۆری ئەو کتێبانەیە کە پاش خوێندنەوەی، خوێنەر هەست دەکات خەزنەی زانیارییەکانی پتر بووە و بە کۆمەڵێک لایەن ئاشنا بووە، کە پێشتر نەیبووە.

ناساندنی: بارین عەلی

ناردن: