و. ڕێبین هەردی

(لە: نامەیەک لەبارەی لێکبوردنەوە، بەرهەمی لۆک)

لۆک پاش دیاریکردنی سنوری دەستێوەردانی حوکمڕان، تاوتوێی ئەو ئامرازانە دەکات کە کەنیسەکانیش وەک حوکمڕانان دەتوانن بە گونجان لەگەڵ ئەو ئامانجانەدا کە لەپیانویدا درووست بوون، لەبەردەستیاندا بێت. کەنیسە ئەنجومەنێکی ئیرادیە، پێكهاتووە لەو مرۆڤانەی کە بۆ جێبەجێکردنی ئەو شتانەی بە ئەرکی خۆیانی دەزانن و بۆ ڕزگاری ڕۆحی خۆیان، بە پەیوەستبون بە چەند بیروڕایەک و بۆ ئەنجامدانی پەرەستنی دەستەجەمعی، تیاییدا کۆبونەتەوە. ئەگەر بڕیارە لێبوردوو بین بەرامبەر ئەو بیروڕایانەی کە زیانی بۆ بەرژەوندی دنیایی نیە، کەوابوو دەبێت لەگەڵ کەنیسەکانیشدا وا ڕەفتار بکرێت: واتە دەوڵەت دەبێت لە کەنیسەکان ببورێت تا ئەوکاتەی کە رێگر نین لە بەرژەوەندی دنیایی.

لۆک جیاکاری لەنێوان دەزگا دەوڵەتی و کەنیسەیەکاندا دەکات، بە بڕوای لۆک ئامانجی دەوڵەت جگە لە بەرژەوەندیە دنیاییەکانی هاوڵاتیان شتیکی تر نیە، لە کاتیکدا کەنیسە ڕزگاری رۆحی هاوڵاتیانی لەبەرچاوە. لەتیورەکەی لۆکدا ئەو ئامراز و سنورانەی بۆ هەر یەکێکیان دانراوە، بە ڕوونی دیاریکراوە. ئەگەر دەوڵەت یاسا دنیاییەکان و سزادان و هێزی خەڵکی لەبەردەستدایە، ئەوا کەنیسە ناتوانێت جگە لە ئامرازە مەعنەویەکان هیچی تری هەبێت. کەنیسە دەتوانێت فێر بکات، قانع بکات، ئەندامەکان هان بدات یان تەکفیر بکات، بەڵام بە هیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نیە هاوڵاتیان بەجۆرێک سزا بدات کە ئاراستەی بەرژەوەندیە مادیەکانیان بێت: نە دەتوانیت دەست بەسەر دارایەکانیاندا بگرێت و نە گیان یان ئازادییان زەوت بکات. ئەم ئامرازانە تەنیا و بەشیوەیەکی ڕەوا لەدەستی فەرمانڕەوایاندان. کەنیسە ناتوانێت خەڵک ناچار بکات کە ئەوەی خۆی بە هەقیقەتی دەزانێت، ئەوانیش ڕاستگۆیانە وەک هەقیقەت قەبوڵی بکەن. ڕێگاکانی رزگاری ڕۆحی هەمیشە لە بواری هەڵبژاردنی مرۆڤدایە، چونکە تەنیا بڕوای ڕاستەقینە، دەتوانێت ببێتە هۆی ڕزگاری رۆحی. لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت لەهەر کەنیسەیەکدا جیاکاری لەنێوان نەریتە ڕوکەشیەکانی مەزهەب و بنەماکانی باوەڕدا بکرێت، کە ئەندامانی کەنیسە قەبوڵی دەکەن. حوکمڕان ناتوانێت جگە لە بواری شتە بێلایەنکاندا، واتە لەو شتانەدا کە خودا حوکمی نەداوە، یاسا دابنێت. مانای ئەم قسەیە ئەوە نیە کە حوکمی ویژدان باڵاترە لە ئەرکی فەرمانوەرگرتن لە یاسا دنیاییەکان. لەڕاستیدا حوکمڕان دەتوانێت دامێنی شتە بێلایەنەکان بە مەبەستی پاراستنی قازانجە دنیاییەکانی هاوڵاتیان تەنگ بکاتەوە. بێگومان مافی ئەوەی نیە لەبارەی رێوڕەسمی مەزهەبیەوە بڕیار بدات (لە ڕووی بەرژەوەندی دنیاییەوە هیچ گرنگ نیە مرۆڤ لە رێوڕەسمی پەرەستندا، نان و شەراب سەرف دەکات، یان کڕنوش دەبات یان تەعمید دەکرێت) بەڵام دەتوانێت کاتێک زیانی بۆ هاوڵاتیان هەبێت، سنوورداریان بکات (دەتوانێت قوربانیکردن قەدەغە بکات، ئەگەرچی ئەندامانی کەنیسە بڕوایان وابێت کە ئەم قەدەغەکردنە زیان بە ئازادی باوەڕ وبیروڕای ئەوان دەگەیەنێت). کەوابوو سنوری ئازادی مەزهەب پەیوەندی بە سنوور و ئازادی هاوڵاتیانەوە هەیە کە دیاریکردنی لە دەسەڵاتی حوکمڕاندا دەبێت. لەبەارمبەر ئەمەدا حوکمڕان ناتوانێت لەبارەی ڕێ و ڕەسمی ڕوکەشیانەی مەزهەب تا ئەو جێگەیەی زیان بە بەرژەوەندی دنیایی ناگەیەنێت، یاسا دابنێت. لۆک لێرەوە ئەنجامگیری چەند رێسایەک دەکات: لەلایەکەوە ئەوەی لە مەزهەبێکدا زیان بە ئازادی و دارایی ئەندامانی دەوڵەت ناگەیەنێت، دەبێتت ئازاد بێت. لە لایەکی دیەوە ئەوەی بۆ دەوڵەت ڕێگە پێدراوە، دەبێتت بۆ کەنیسەش ڕێگە پێدراو بێت (وەک خواردنی نانی پیرۆز، کڕنوش بردن، شۆردن و ئەوانی دی). لەبەرامبەردا ئەوەی لە کۆمەڵگای دنیایدا قەدەغەیە، دەبێت بۆ کەنیسەش قەدەغە بێت (کوشتنی هاوڕەگەز، سەندەنەوەی ئازای لە مرۆڤ، دەستبەسەراگرتنی داراییەکانی و ئەوانی دی). بەمشێوەیە بەرژەوەندی هاوڵاتیان، پێوەری لێبوردنە سەبارەت بە مەزهەبەکان، لێرەوە لەگەڵ هەموو ئەو مەزهەبانەدا لیبوردە دەبین کە لەگەڵ یاسا دنیایەکان و بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا دەگونجێت.

لەبارەی ووردەکاری حوکمە دۆگمەکانی شەرعەوە، مەسەلەکە ئاڵۆزترە. ئەگەر حوکمڕان ناتوانێت لەبارەی هەقیقەتی دۆگمەکانەوە بۆچونی خۆی بڵێت، ئەوا بیروباوەڕی وا هەن کە کاریگەری لەسەر ئیرادە و ئەخلاقیاتی هاوڵاتیان و لەئەنجامدا لەسەر کارەکانیان دادەنێت. ئەمانە دوگمی تیوری پەتی نین: بڕوابوون بە ئاڵوگۆڕی نان و شەراب[1] (بە جەستە و خوێنی مەسیح)، بڕوابوون بە بەهەشت یان سێگوشە، گۆڕان لە شێوەی ژیان هاوبەشی تاکەکاندا ناکات. تاکەکان ئازادی تەواویان هەیە ئەو شتانە فێر بن و بڵاو بکەنەوە کە بەبڕوای خۆیان ڕاستیە. کێشەکە ئەوکاتە دێتە پێشێ کە بیرباوەڕی کاریگەر لە ئەخلاقیات دەهێنرێتە ئاراوە کە هەم لە سنووری دەسەڵاتی حوکمڕانە و هەم لە بواری ئازادی بیروباوەڕ و کەنیسەکان. حوکمڕان دەتوانێت دەستێوەردان لەو بیروباوەرانەدا بکات، کە پەیوەندیان بە خراپە و چاکیەوە هەیە، و بۆ پاراستن و پاریزگاری لە کۆمەڵگای مەدەنی چاوپۆشی لێناکرێت.  و ئەم دەستێوەردانەش سنووردار نەکات بە سزادانی بەرهەمی ئەم بیروباوەرانە. بەڵام حوکمران ناتوانێت فەرمانەکانی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ خودا: سنووری دەستێوەردانی حوکمڕان بە ووردی و تەنیا دنیاییە. کەوابوو دەبێتت خۆی بپارێزێت لە دانانی یاسا بۆ عەیبەی ئەخلاقی کە زیانی بۆ بەرژەوەندیە مەدەنیەکان نیە (وەک زۆرخۆری یان خواردنەوە). بە کورتی حوکمڕان دەتوانێت هەندێک ڕێسا بۆ عەیبەی ئەخلاقی و چاکیە سودمەندەکان بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا دەربکات. لەگەڵ ئەوەشدا کە دەبێت فرەیی دۆگمەکان و مەزهەبەکان لە کۆمەڵگادا بە ڕێگەپێدراو بزانێت، بە پێچەوانەوە دەتوانێت ئەو کەنیسانەی هانی کاری دژ بە بەرژەوەندی گشتی دەدەن، بۆ نموونە ئەوانەی ئەندامەکانی خۆیان هان دەدەن وەفایان بۆ پەیمان نەبێت یان پەێڕەوینەکردن لەو میرانە دەکەن کە بە کافری دەزانن، قەدەغە بکات. ئەم ئەرگۆمێنتە تەواو گونجاو دەردەکەوێت و تەنانەت لۆک سنووری لێبورن لەم بنەمایەوە دەردەهێنێت: حوکمڕان ناتوانێت لێبوردوو بێت بەرامبەر بە کاسۆلیکەکان کە پەیرەوی پاپا، واتە میری بێگانە دەکەن، نەک پەیڕەوی حوکمڕانی وڵات. چونکە ئەمە وەک درووستکردنی دەوڵەتە لەناو دەوڵەتدا، نە لێبوردوو بێت بەرامبەر بەو بێ دینانەی نکوڵی لە بوونی خودا دەکەن و ناتوانن وەفادار بن بۆ ئەو پەیمانانەی خۆیان کە ژێرخانی کۆمەڵگای مەدەنیە.

دەق:

هەنوکە ببینین کەنیسە چیە؟ بە بڕوای من کەنیسە کۆبونەوەی ئازادی مرۆڤەکانە کە بە ئیرادەی خۆیان کۆبونەتەوە تا پێکەوە خودا بەوشێوەیەی کە بیر دەکەنەوە دەبێتتە هۆی رزگاری رۆحیان،  بپەرستن.

دەڵێم  ئەمە کۆبونەوەیەکی ئازاد و ئیرادی مرۆڤەکانە. هیچ کەس لەکاتی لەدایکبووندا ئەندامی کەنیسە نیە، و ئەگینا مەزهەبی باوک و باپیران، وەک میراتێکی وەک زەوی، بۆ نەوەکان ئەگوێزرایەوە و هەموو کەس لە لەدایکبونیەوە، دین وبڕوایەکی دەبوو. دیارە لەمە قسەی بێهودەتر نیە. کەوابوو دەبێت مەسەلەکان بەمشێوەیە ببینرێت، مرۆڤ بەسروشت مەحکوم بەوە نیە ئەندامی کەنیسەیەک دیاریکراو بێت یان بەسترابێتەوە پێوەی. بە ئیرادەی خۆی پەیوەست دەبێت بە کۆمەڵەیەکەوە کە هەست دەکات لەو کۆمەڵەیەدا مەزهەبی هەقیقی و رێبازێک کە خودا قەبوڵیتی، فەرمانڕەوایە. هۆی مانەوەی لە کەنیسەیەکدا، هیوای ڕزگاری رۆحیە کە بیردەکاتەوە تەنها هۆیە بۆ چونە ناوئەو کەنیسەیە. ئەگەر دواتر هەڵەیەک لە ڕێوڕەسم یان ناڕێکی لەو ڕێبازەدا ببینێت، دەبێت بتوانێت بەهەمان ئەو ئازادیەی چۆتە ناویەوە، لێی بێتە دەرەوە. لە ڕاستیدا هیچ پەیوەندیەک نەمر و قابیلی نەپسان نیە، جگە لەو پەیوەندیانەی کە هاوڕێی چاوەڕوانی ژیانی نەمرە. هەموو کەنیسەیەکیش ئەندامەکانی خۆی کە بە ئیرادەی خۆیان لەناویدا کۆبونەتەوە، بەم ئامانجە بەیەکەوە گرێ دەدات.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

[1] – دوا خواردنی نانی ئێوارە کە مەسیح پێش گرتنی لەلایەن رۆمیکانەوە لەگەڵ پەیڕەوانیدا دەیخوات. لەم نان ئێوارەیەدا نان و شەراب دەخورێت و لەو کاتەوە ئەم نانخواردنە، وەک نەریتێکی پیرۆز تەماشا دەکرێت. (و.ک)

ناردن: