سپینۆزا؛ ئازادیی بیرکردنەوە، ئازادیی دەربڕین

(لە وتارێکی مەزهەبی- سیاسی، بەرهەمی سپینۆزا)

ئەگەرچی سپینۆزا هەرگیز لێکبوردنی بەو چەمکە بەکارنەهێنا کە دەبوو بەکاری بهێنێت، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە دەکرێت ئازادی بیرکردنەوە قەبوڵ بکرێت نەک تەنیا لەبەرئەوەی هیچ زیانێکی بۆ ئاشتی لە وڵاتدا نیە، بەڵکو جگە لەمە بۆ ئەم ئاشتیە پێویستیشە. ڕەسانەیەتی سپینۆزا لەوەدایە دەریدەخات جیاوازی بیروڕاکان، دەرئەنجامی سیستەمی زەروری هەست و سۆزەکان و سروشتی تاکەکانە: لێرەوە بنەمای مافی ئازادی بیرکردنەوە لە دوا شیکردنەوەدا، کارلێکبونی مرۆڤ و مافە سروشتیەکانە. بەڵام مافە سروشتیەکان چیە؟ مافە سروشتیەکان شتێکە کە هیچ سنورێکی نیە، جگە لە دەسەڵاتی تاکەکەس. مافە سروشتیەکان، یاسا گشتیەکانی سروشتە کە تایبەتە بە تاکەکەس و هەموو بوونەوەرێک لە ئەنجامی ئەو یاسایانەدا بوونی هەیە، کردارگەلێک ئەنجام دەدات و پارێزگاری لە بوونی خۆی دەکات. ماف سەربەخۆ لەهەر ئامانج یان تێبینیەک، پەیوەندی بەو وەزیفانەوە هەیە کە دەرئەنجامی پابەندبوونی ئەخلاقی و عەقڵانیە بۆ پەیڕەوکردن لە یاساکان. بەپێچەوانەوە مافی تاکەکەس بەپێی هەست و سۆزەکانی دەگۆڕێت: ئەگەر ئەم هەست و سۆزانە نیگەتیڤ بن، لە دەسەڵاتی کەم دەکەنەوە، ئەگەر چالاک یان پۆزتەیڤ بن، زیادی دەکەن. بەڵام  بەیەک شت زانینی ماف و دەسەڵاتی تاکەکەس ، لە دۆخی سروشتیدا دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندان پێکدادان. ئەو پەیمانەی کۆتایی بەم پێکدادانە دەهێنێت، بەرهەمی ئەژمارکردنی سوودێکە کە تاکەکان بەهۆیەوە بڕیار دەدەن دەسەڵاتەکانی خۆیان بۆ پاڕاستنی ئاشتی، لە شوێنێکدا کۆبکەنەوە. ئەم پەیمانە بەڵگەیەکە کە بەپێی ئەو پەیمانە حوکمڕانیەتێکی ڕەها درووست دەبێت، کە مافە سروشتیەکان یان دەسەڵاتی تاکەکانی لەخۆیدا هەڵگرتووە و تاکەکان دەبێت بێ چەند و چوون پەیڕەوی لێ بکەن. بەڵام ئایا ئەم پەیڕەویە لە حوکمڕانێتی ڕەها لەلایەکەوە لەگەڵ دەسەڵاتی تاکەکان کە بەشێکە لە خودی خۆیان و لەبەرئەوە ناتوانن چاوپۆشی لێبکەن و لەلایەکی تریشەوە لەگەڵ ئازادی بیرکردنەوەدا نەگونجاو نیە؟. سپینۆزا قەبوڵی دەکات کە تاکەکان لێرەدا بەڕاستی لەمافە سروشتیەکان واتە لە دەسەڵاتی خۆیان چاوپۆشی ناکەن. بنەمای پەیمانی کۆمەڵایەتی گواستنەوەی مافی تاکەکانە بۆ دەزگای دەوڵەت، بەوشێوەیەی کە چیدی هیچکەس بەپێی خەسڵەتی خۆی لەبارەی ئەوەی چ شتێک ڕەوا یان ناڕەوایە، داوەری ناکات، بەڵکو تەنیا لەسەربناغەی فەرمانەکانی حوکمڕان ئەمجۆرە داوەریانە دەکرێت. بەڵام هەندێک ماف هەیە کە تاکەکەس ناتوانێت بیگوێزێتەوە بۆ یەکێکی دی: “هەرگیز هیچ کەس ناتوانێت هەرئەندازە لە دەسەڵاتی خۆی و لەئەنجامدا لە مافی خۆی بەوی دی بسپێرێت، واز لە مرۆڤ بوونی خۆی بهێنێت”. بەڵام مرۆڤ بوون چیە؟ سپینۆزا دەڵێت مرۆڤ بوون  کارکردنە بە حوکمی خود و ئەمەش پێویستی بە چەند دیاریکردنێکی سۆزداری بێ چەند و چون هەیە. بەمشێوەیە “هیج دەسەڵاتێک ناتوانێت فەرمان بە هاوڵاتیەک بکات کە ڕقی لە کەسایەتی چاکەخوازی خۆی بێت، (یان) کەسێکی خۆش بوێت کە خراپەی لەگەڵ کردووە، لەبەرامبەر سوکایەتیەکاندا بێزار نەبێت، نەیەوێت لە ترس و تۆقین ڕزگاری بێت و زۆرێک لەمجۆرە شتانە کە لە سروشتی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت”. تاکەکەس ناتوانێت چاوپۆشی لەهەست و سۆزەکانی بکات، چونکە ئەمانە لە خودی خۆیدایە و دەرئەنجامی سیستەمی کۆی سروشتە. ماف و دەسەڵات ناوەڕۆکێکی سۆزداریان هەیە کە دەرئەنجامی ناچاریانە دیاریکردنی سروشتین. هەندێک لە سۆزەکان بەشێوەیەکی سروشتی ڕووبەڕووی حوکمڕان دەبنەوە، و گواستنەوەی ماف بۆ ئەوی دی ناتوانێت لەناوی ببات.

کەوابوو ئازادی بیرکردنەوە کە تاکەکان خاوەنین، لەپلەی یەکەمدا دەرئەنخامی جەوهەری مافی سروشتی و بێ توانای حوکمڕانە لە حکومەتکردن بەسەر هەست و سۆزەکانی مرۆڤدا. بێگومان حوکمڕان وەک هەر تاکەکەسێکی تر ئارەزووی ئەوە دەکات دەسەڵاتی خۆی زیاد بکات: “ئەو حوکمڕانەش زۆرترین دەسەڵاتی هەیە کە حوکمڕانی بەسەر دەروونی پەیڕەوەکانیدا بکات. خاوەن دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی سروشتی خوازیاری فەرمانکردنن بە زمان و دەروونی  پەیڕەوەکانیان”، چونکە “پەیڕەوکردن بەر لەوەی پەیوەندی بە کردارە دەرەکیەکانی دەروونی مرۆڤەوە بێت، پەیوەندی بە کردارە ناوەکیەکانی دەرونەوە هەیە”. بەڵام دەسەڵاتی حکومەت کردن بەسەر دەروون و هەروەها گووتارەکاندا مۆڵکی حوکمڕان و لەبنەڕەتدا موڵکی هیچ کەس نیە. هەموو کەسێک بە حوکمی سروشت و لێرەوە بە حوکمی پێویستی سیستەم، پەیڕەوی لە سروشتی خۆی دەکات. کتێبی ئەخلاقیش بەدوای ئەم مانایەدا دەڕوات. ئەگەر مرۆڤەکان تەنیا ئەوەیان لە دەسەڵات کەم بێت کە زمانی خۆیان بپارێزن، و بەسەر ئارەزووەکانی خۆیاندا کەمتر لەهەر شتێکی دی باڵادەست بن، کەوابوو ئێمە ناتوانین بەسەر گوتارەکانی خۆماندا زاڵ بین و هەروەها ناتوانین لە هەست و سۆزەکانی خۆمان ڕزگارمان بێت. گوتار بە سروشت ئازادە، بەو مانایەی دەرئەنجامی دەسەڵاتی جەستەیی مرۆڤە و هیچ تاکەکەسێک ناتوانێت ئەم ئازادیە لە خۆی قەدەغە بکات و مرۆڤ بمێنێتەوە. هیچ تاکەکەسێک ناتوانێت چاۆپۆشی لەم ئازادی گوتارە بکات. کەوابوو ئازادی بیرکردنەوە بەرهەمی دوو بێ تواناییە: یەکەم نەتوانی مرۆڤ لە باڵادەستی بەسەر جەستە و گووتاری خودا، لە ئەنجامدا و دوهەم- نەتوانینی خودی حوکمڕان لە حکومەتکردن بەسەر گووتار و هەست و سۆزەکانی مرۆڤەکاندا.  ئازادی بیرکردنەوە نە دەرئەنجامی مافی نەمری تاکەکەسە، نە مافی ڕاوەستانی تاکەکەس لەبەرامبەر حوکمڕاندا، بەڵکو دەرئەنجامی نامومکین بوون واتە بێ توانایی سروشتیە: گوتار لە جەستەوە دێتە دەرێ و وەک هەست و سۆزەکان نوێنەری سروشتی تاکەکەسە کە ناتوانێت چاوپۆشی لێبکات. ئەو خاڵە دەمێنێتەوە کە ئازادی بیرکردنەوە بناغەیەکی عەقڵانیشی هەیە. دیارە حومکمڕان دەسەڵاتی ڕەهای هەیە لەسەر ئەو بنەمایەی هیچ رێسایەکی یاسایی کە پێش ئەو بێت یان باڵاتر لەو بێت، سنوورداری ناکات. بەڵام حوکمڕان لەحاڵەتێکدا دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت، کە خۆی سنووری دەسەڵاتەکەی ڕەچاو بکات. مانای ئەم قسەیە چیە؟ ئەگەر تاکەکان ناتوانن چاوپۆشی لە دەسەڵاتی خۆیان بکەن، هەر حوکمڕانێک بەتوندوتیژی حوکمڕانی بکات، و بانگەشەی حوکمڕانێتی بەسەر دەروون و گوتاری هاوڵاتیانیدا بکات، بەناچار ڕوبەڕووی شۆرش و یاخی بوونی خەڵکەکەی دەبێتەوە. یاخیبوون دەرئەنجامی مافی خۆڕاگری نیە: بەدەربڕینێکی تر دەوڵەتێک کە بانگەشەی حوکمڕانی بەسەر دەروون و گوتاری خەڵکیدا دەکات، جگە لە لەناوچوون چارەنووسێکی تری نیە. سپینۆزا زۆرتر جەخت لە ناعەقڵانی بوونی زۆرکردن و ناچارکردن لە بواری مافی دەربڕیندا دەکات، نەک ناڕەوایەتی زۆرکردن و ناچارکردن. ئاشتی مسۆگەر نابێت مەگەر ئەوکاتەی دەوڵەت بتوانێت ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکات کە لەپێناویدا درووست بووە (نەهێشتنی ترس و تۆقین کە مرۆڤەکان لە دۆخی سروشتیدا هەیانبووە، و بەدیهاتنی ئازادی سروشتیان لەڕێگەی دەسەڵاتی یاساوە). گەر دەوڵێت بە دای ئامانجێکدا بڕوات کە بۆ ئەوە درووست نەبووە، ئەوا بە کردەوە بەدۆخێکی ناعەقڵانیانە دەگات کە چیدی مرۆڤەکان پابەند نابن بە هیچ یاسایەکەوە. کەوابوو ئازادی بیرکردنەوە و دەربڕین وەک شتێکی سوودمەند بۆ حکومەت، بە هاوڵاتیان دراوە. بەڵام مانای ئەم قسەیە ئەوە نیە مرۆڤەکان ئازادی بەپێی سروشتی خۆیان بژین: ئازادی بیرکردنەوە مەرجدارە بە جیاکاری لەنێوان کردارەکان و بیرکردنەوەکان. کەسێک کە کردارەکانی لەگەڵ یاسادا گونجاو بێت، ئازادی بیرکردنەوەی هەیە. ئەگەر تاکەکان ” لەمافی پەیرەویکردن لە بیرکردنەوەی خۆیان چاو نەپۆشن، ژیان لە ئاشتیدا مومکین نەبوو. لێرەوە تاکەکەس تەنیا لەمافی کارکردن بە حوکمی بیرکردنەوەی خۆی چاوپۆشی دەکات(…) لەڕاستیدا هیچ کەس ناتوانێت، بێ ئەوەی مەترسیەک ڕوو لە مافی حوکمڕان بکات، دژی فەرمانی ئەو (واتە فەرمانی حوکمڕان) دەست بۆ کارێک بەرێت، بەڵام دەتوانێت بە ئازادیەکی تەواو بیروڕا دەربڕێت و داوەری بکات و هەروەها لەئەنجامدا قسە بکات”. جیاکاری لەنێوان کردار و ڕەفتاردا ئەو هەلە بۆ سپینۆز دەڕەخسێنێت کە ئازادی تەواو بۆ گووتار قەبوڵ بکات (بە مەرجێک کێشە نەنێتەوە). بەڵام بۆ کردار، سنوورێک لەبەرچاو دەگرێت: ڕەخنەی بێ پەردە لە یاساکان دەتوانێت بۆ یاساکان سوودمەند بێت، بەڵام هەموو لەسەرشانیانە تا ئەو کاتەی حوکمڕان یاساکانی نەگۆڕیوە، پەیڕەوی لێبکەن. مافی حوکمڕان بۆ جیاکاری لەنێوان گوتار و کرداردا وەک هۆکاری ئاشتی لێدێت. هاوڵاتیان دەتوانن مافی داوەریکردن و دەربڕینی ئاشکرای داوەریەکانی خۆیان بپاڕێزن، بەو مەرجەی ناکۆک نەبێت بە ئاشتی. ئەو مەرجەی دوایی ئازادی دەربڕین سنووردار دەکات، بەڵام لەهەمانکاتدا سنووری دەوڵەتیش دیاری دەکات: هەر قسەیەک کە زیان بە دەوڵەت بگەیەنێت، دەبێتە هۆی لێک هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی و مەترسی گەڕانەوە بۆ دۆخی سروشتی لەگەڵدایە.

دواجار دەبێت ئەوە زیاد بکەین دەبێت جیاکاری لەنێوان گووتار و کرداردا بکرێت. نەک لەنێوان گووتار و بیرکردنەوەدا: ناچارکردنی مرۆڤەکان بەوەی کە ئەو شتانە نەڵێن کە بیری لێدەکەنەوە، شاردنەوەی هەقیقەت دەکات بەرێسایەکی سیاسی. کەوابوو ئازادی دەربڕین لەناوەڕۆکدا فەزیڵەتێکی ئەخلاقیە: ئەم ئازادی دەربڕینە ڕێگە بە مرۆڤەکان دەدات کە بە هۆی بەرکەوتنی بیروڕاکان و بە بەدیهاتنی هەرچی زیاتری ئامانجەکانی دەوڵەت- کە یەکێک لە هۆکانی درووستبوونی ئەگەری بیرکردنەوەی ئازای مرۆڤەکانە- هێزی تێگەیشتنی خۆیان پەرە پێ بدەن. لەوکاتەوەی ئازادی بیرکردنەوە چیدی تەنانەت وەک مەرجی سیاسەت دەردەکەوێت، ڕژێمێک درووست دەکات کە هاوڵاتیانی لەو ڕژێمەدا بەشێوەیەکی گشتی حومکمڕانیان هەبێت. بەمشێوەیە دیموکراس (حکومەتی خەڵک) شێوەیەکی حکومەتە کە باشتر لەهەر حکومەتێکی تر، ئەو ئامانجانە بەدی دێنێت کە لە درووسکردنی دەوڵەت چاوەڕێ دەکرێت.

ئەرگومێنتەکەی سپینۆز لای لۆکیش دەبینین: نەک هەر حوکمڕان مافی ئەوەی نیە بیروڕاکانی بەسەر هاوڵاتیانی خۆیدا بسەپێنێت، بەڵکو تەنانەت توانای ئەمکارەشی نیە. لەبەرئەوە بیروڕاکان بەشێوەیەکی سروشتی ئازاد دەمێننەوە. لەمڕوەوە سپینۆزا و لۆک ئەو شتەی بیل ناوی دەنێت مافی بەڵگەنەویستی ویژدان، بە “دەسەڵاتی سروشتی” ناو دەبەن. لەگەڵ ئەوەشدا کە لۆک وەک بیل بەرگری لە ئازادی ویژدان دەکات، بەڵام لای ئەو ئازادی ویژدان بنەمایەکی سەرەتا نیە، بەڵکو دەرئەنجامی ڕەخساندنی کۆمەڵێک هەلومەرجە کە پێشتر بونیاد نراوە. سپینۆزاش بنەمای ئازادی بیرکردنەوە بەمافی نەمری تاکەکەس و یان مافی ویژدان نازانێت، و بڕوای بەوە نیە ویژدان مەسەلەیەکی ناچاریانە بێت. دواجار بەبیر دێنینەوە کە بەپێچەوانەی دیدی لۆکەوە، ئەو جیاکاریەی سپینۆزا لەنێوان کردار و گووتاردا دەیکات، شتە تایبەتی و گشتیەکان هەردووکی ناگرێتەوە. سپینۆزا پێشنیاری جیاکردنەوەی دین و سیاسەت ناکات، چونکە بەبڕوای ئەو مۆڵەتدان بە درووستبوونی دەزگایەکی سەربەخۆ و جیا لە دەوڵەت بۆ دەسەڵاتی ڕۆحانی، بەمانای درووستکردنی دەوڵەتە لەناو دەوڵەتدا، و لێرەوە لەناوبردنی حوکمڕانیە. مافی شتە پیرۆزەکان دەبێت موڵکی حوکمڕانی سیاسی بێت، کە ڕێکخستنی ڕێ و شوێنەکان بۆ دین بەڕەچاوکردنی ئاشتی و ئارامی لە ئەستۆی ئەوە.

دەق:

لێرەوە دەردەکەوێت لە وڵاتێکی ئازاددا، هەموو کەس ڕێگەپێدراوە چۆن بیر دەکاتەوە و بیر لە چیش دەکاتەوە بە ئازادانە بڵێت. ئەگەر فەرمانکردن بە دەروونەکان بەهەمان ڕادەی فەرمانکردن بە زمانەکان ئاسان بوایە، هیچ حوکمڕانێک نەبوو کە بتوانێت لە ئاسایشدا حکومەت بکات و حکومەتێکی دەستدرێژیکەریش بوونی نەبوو، چونکە هەرکەس بەپێی داواکاری دەسەڵاتداران دەژیا وجگە لەفەرەمانی ئەوان لەبارەی ڕاست یان ناڕاست، خراپ و باش، دادپەروەرانە و نادادپەروەرانە داوەری نەدەکرد.بەڵام (…) ئەمە رێگە پێدراو نیە. مومکین نیە دەوونی مرۆڤ بەتەواوی بخرێتە بەردەست کەسێکی تر. لەڕاستیدا هیچ کەس ناتوانێت مافە سروشتیەکانی خۆی یان ئامادەیی بەکارهێنانی ئازادانەی عەقڵی خۆی و داوەری خۆی لەبارەی هەموو شتێکەوە بۆ ئەوی دی بگوێزێتەوە، یان بە زۆر ناچار بکرێت کە چاوی لێ بپۆشێت. ئەگەر حکومەت بانگەشەی ئەوە بکات حوکمڕانی بەسەر دەروونەکاندا هەیە، بە حکومەتێکی دەستدرێژیکەر دەناسرێت، و ئەگەر میر یان حوکمڕانێک بیەوێت فەرمان بە هەمووان بکات کە چ شتێک وەک شتێکی ڕاست قەبوڵ بکەن یان وەک شتێکی ناڕاست ڕەدی بکەنەوە، یا چ بیروڕایەک دەبێت دەروونەکانیان بەپاکی و ڕاستگۆیی لەبەرامەبەر خودادا بوروژێنێت، ئەوا سەبارەت بە هاوڵاتیانی خۆی بێدادی کردووە و مافەکانی پێشێل کردوون. چونکە ئەمانە مافی تایبەتی تاکەکانە، مافگەلێک کەهیچ کەس تەنانەت گەر بیشیەوێت ناتوانێت لەخۆی بسێنێت. ئەوەم قەبوڵە زیهنی زۆرێک لە کەسەکان بەجۆرێکی باوەڕپێنەکراو لێوانڕێژە لە پێشداوەری تایبەتی، کە گەرچی ڕاستەوخۆ لەژێر فەرمانی کەسدا نین، بەڵام بەجۆرێک بەستراوون بە گوتاری ئەوی دیەوە کە بەتەوای ناتواننرێت بگوترێت ئایا وەک بوونەوەری بیرکەرەوە موڵکی ئەوی دی نین. بەڵام سەرەڕای گوێڕایەڵی کەسەکان تا هەنوکە هەرگیز نەبینراوە کە مرۆڤەکان لەو خاڵە نەگەیشتبن کە هەریەکە و بیروڕای خۆی هەیە و جیاوازی بیرەکانە هیچ لە جیاوازی چێژەکان کەمتر نیە. موسا نەک بە فرتوفێل، بەڵکو بە پاکژی “خودایی خۆی بەسەر هێزی داوەری کردنی گەلەکیدا زاڵ بوو، بەشێوەیەک هەموویان باوەڕیان کردبوو، ڕەفتار و گوتارەکانی ئیلهامیان لە خوداوە وەرگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا نەیتوانی خۆی لە پڕوپاگەندە و تەفسیری هەڵە بپارێزێت”. ئایا شاکانی تر دەتوانن خۆیانی لێ دەرباز بکەن. ئەگەر نەخشەی ئامرازێک بۆ پێشگیری لەم شتانە هەبوایە، لە حکومەتێکی پاشایدا زۆرتر ئەشێ هەبوایە، تا لە حکومەتێکی جەماوەریدا (دیموکراسی)دا کە سەرجەم یان لانیکەم بەشێکی گەورەی گەل بەشداری لە دەسەڵاتی گشتیدا هەیە، و من هەستدەکەم هەمووان بزانن بۆ.

کەوابوو چەند ئەو مافەی بە حوکمڕان دەدرێت لەهەر شتێک زیاتر بێت، و چەندیش دەسەڵاتی تەفسیری ماف و پاکژی پێ بسپێرین، هێشتا ناتوانێت ڕێگری لەوە بکات، مرۆڤەکان لەسەر بنەمای چارەنوسی خۆیان هەڵسەنگاندن بۆ هەموو شتێک بکەن، یان فڵان یان فیسار هەست کاریان لێنەکات. ڕاستە حوکمڕان دەتوانێت بەڕاست هەموو ئەو کەسانەی لە هیچ شتێکدا بەتەواوی وەک ئەو بیر ناکەنەوە، بە دوژمن بزانێت، بەڵام چیدی گفتگۆ لەبارەی مافی ئەوەوە نیە، بەڵکو لەبارەی ئەوەوەیە چ شتێک بۆ ئەو سودمەندە.

گریمان هەر حوکمڕانێک بەڕاستی دەتوانێت بە توندرین شێوەکان حکومەت بکات و هاوڵاتیان لەبەر بچوکترین ئارەزوو مەحکوم بە مەرگ بکات، بەڵام بەپێی داوەری عەقڵی تەندروست هیچ کەس قەبوڵی ناکات کە ئەم شێوە حکومەتە، تەندروست نامێنێتەوە.  تەنانەت لەبەرئەەی هیچ حوکمڕانێک ناتوانێت بە بێ ئەوەی هەموو وڵات بخاتە مەترسیەوە، بەمشێوەیە حوکم بکات، ناشتوانین ئەوە قەبوڵبکەین کە حوکمڕان دەسەڵاتی بەکارهێنانی ئامرازە ناوبراوەکانی سەرەوە  و هاوشێوەکانی هەیە، و لەئەنجامدا دەڵێن کە حوکمڕان مافی ڕەهای نیە، چونکە دەرمانخست مافی حوکمڕان سنووردارە بە دەسەڵاتەکەی.

لێرەوە گەر هیچ کەس ناتوانێت لە ئازادی هەڵسەنگاندن و و ئازادی بیروڕا چاوپۆشی بکات بەوشێوەیەی خۆی دەیەوێت، و گەر هەرکەس بەپێی مافە سروشتیە باڵاترەکان، سەرداری بیرکردنەوەکانی خۆیەتی، هەرگیز ناکرێت لە وڵاتێکدا هەوڵ بدرێت مرۆڤەکان بەو بیرورا جیاوازانەی هەیانە، هیچ شتێک نەڵێن بە فەرمانی حوکمڕان نەبێت. هەوڵێکی وا گەر سەرکەوتووش بێت، نەگونجاوترین سەرکەوتن دەبێت. واز لە ئاپۆرای جەماوەر بهێنە، زیرەکترین کەسەکانیش ناتوانن بێدەنگ بمێننەوە. سپاردنی چارەنوسی خود بەوی دی، تەنانەت گەر هاوڕێی بێدەنگی بێت، بۆ هەموو مرۆڤێک کەموکوڕی دەبێت. کەوابوو حکومەتێک تاکەکەس لە ئازادی گووتن و فێرکردنی ئەوەی بیر لێدەکاتەوە قەدەغە بکات، توندوتیژترین حکومەتەکانە. بەپێچەوانەوە هەر حکومەتێک ئەم ئازادیە بۆ تاکەکان قەبوڵ بکات، حکومەتێکی میانڕەوە. لەگەڵ ئەمەشدا ناتوانین نکوڵی لەوە بکەین کە میری حوکمڕان دەشێت لەم گوتار و ڕەفتارانە زیان بکات، لەم حاڵەتەشدا ئەگەر ئەگەری سەندنی تەواوی ئازادی هاوڵاتیان بەردەست نیە، بەڵام قەبوڵکردنی کامڵیشی چەندان مەترسی تێدایە. کەوابوو دەبێت بپرسین  تا چ ڕادەیەک دەکرێت و دەبێت ڕێگە بەم ئازادیە  بدرێت، بەبێ ئەوەی مەترسیەک بۆ ئاشتی و ئارامی وڵات و مافی حوکمڕان درووست بکات: ئەوەی بابەتی سەرەکی منە(…) هەر ئەمەیە. بێگومان ئامانج لە بونیادنانی دەوڵەت وەک پێشتر گووتمان، دەسەڵاتخوازی نیە. دەوڵەت بۆ ئەوە درووست نابێت مرۆڤ لەڕێگەی ترس و تۆقینەوە ملکەچی خۆی بکات و کارێک بکات کە بەسترا بێت بەوی دیەوە. بەپێچەوانەوە دەوڵەت بەو مەبەستە درووست دەبێت مرۆڤ لە ترس و تۆقین ڕزگاری بێت، تا ئەو پەری مومکین لە ئاسایشدا بژی، واتە تا ئەو شوێنەی دەتوانێت وبێ ئەوەی زیان بە کەسانی تر بگەیەنێت، مافە سروشتیەکانی بوونی خۆی و کار بۆ خۆی بپارێزێت. نا، دووبارەی دەکەمەوە ئامانجی دەوڵەت گۆڕینی چارەنووسی مرۆڤ نیە لە عەقڵانیبوونە بۆ چارەنووسی ئاژەڵ یان بوکەڵەیەکی قورمیشکراو، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەوڵەت درووست دەبێت بۆ ئەوەی گیان و جەستەی مرۆڤەکان ئەرکەکانی خۆیان لە ئاسایشی تەواودا ئەنجام بدەن، عەقڵی ئازادی خۆیان بەکار بێنن، هەرگیز بە ڕق و توڕەیی و فرتوفێڵ لەگەڵ یەکدا ململانێ نەکەن، بێ بەدخوازی تەحەمولی یەکتر بکەن. لەڕاستیدا ئامانجی دەوڵەت ئازادیە. هەروەها بینیمان بۆ درووستبوونی دەوڵەت تەنیا یەک شت پێویستە، ئەویش ئەوەیە دەسەڵاتی دانانی یاسا بەشێوەیەکی گشتی یان بە هەموان بە هاوبەشی یان بە گروپێکی تایبەت یان بە یەک کەس بسپێرێت.  چونکە لەوڕوەوەی داوەری مرۆڤەکان زۆر جیاوازە لەیەک، و هەرکەسێک وا دەزانێت کە تەنیا ئەوە کە هەموو شت دەزانێت، لەو ڕوەوە کە مەحاڵە هەموو یەک بیروڕایان هەبێت و یەک قسە بکەن، لەبەرئەوە گەر تاکەکەس لە مافی ڕەفتار بە حوکمی بیرکردنەوەی خۆی چاوپۆشی نەکات، ژیان لە ئاشتی و ئارامیدا بۆ مرۆڤەکان دەستەبەر ناکرێت. لێرەوە مرۆڤ تەنیا لەمافی ڕەفتار بە پێی حوکمی بیرکردنەوەی خۆی چاوپۆشی دەکات، نەک لەمافی ئەرگۆمێنت و داوەری خۆی. لێرەوە لەڕاستیدا هیچ کەس ناتوانێت بێ درووستکردنی مەترسی بۆ حوکمڕان، دژی فەرمانی ئەو کارێک بکات، بەڵام تەواو ئازادە لەوەی دەیەوێت بڕوای بە چی بێت یان لەبارەی هەموو شتێکەوە هەڵسەنگاندنی خۆی هەبێت و لەئەنجامدا قسە بکات، بەو مەرجەی لە قۆناغی قسەکردن یان فێرکردن زیاتر نەڕوات، و بە ئەرگۆمێنت بەرگری لە بیروڕای خۆی بکات، نەک بە فرتوفێل و ڕق و کینە، نەک بە مەبەستی گۆرانی دەسەڵاتی حوکمڕانی دەوڵەت.

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: