پاشکەوتنی ڕوخسار و ناوەرۆک لە شیعری نوێدا

دیدار لەگەڵ ئەدۆنیس

و. لە عەرەبییەوە: پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر دانا ئەحمەد مستەفا

لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر شعری نوێی عەرەبیدا هاتن، هێشتا زۆربەی ئەو بابەتانەی پەیوەستن بەو شیعرەوە بواری مشتومڕن، لە هەموو ساتێکدا بابەتە بنەرەتییەکانی ئەم شعرە باس دەکرێ. چونکە ئەوانەی سەرەتا ئاڵای ئەو مەسەلەیەیان هەڵگرتبوو، سووربوون لە پارێزی بەرگریکردن لە خۆیان بەوەی کە ئەوان چەمکگەلێکی نوێیان پێیە لەمەڕ ڕوخسار و ناوەرۆکەوە وەک یەک.

دەبێت ماوەیەکی تەواو هەبێ بۆ ئەو شاعیرانە بۆ ئەوەی کە گوزارشت لەوە بکەن کە بە تازەی دەزانن، بەو شێوازەی بۆیان دەگونجێت، بە جۆرێک پاش تەواوبوونی ئەو ماوەیە، یان لە میانەی ئەو ماوەیەدا، پرۆسەی جەرد ئەنجام بدەین هەتا پەی بەرین بەو شتە تازەیەی کە پێشکەشیان کردووە، بۆئەوەی لە میانەی ئەوەوە توانستی ئەم چەمکە شیعرییە ببینین لەمەڕ پێشخستنی و بەهانەی بوونی خۆی و داڕشتنی یاسای قۆناغەکەی.

لە میانەی قسەکردن لەمەڕ ئەم مەسەلانە، ئەدۆنیسی شاعیر وتی:

بەرهەمی شعری عەرەبی هاوچەرخ هیچی کەمتر نییە لە هەر بەرهەمێکی شیعری لە جیهاندا، ئەم شیعرە توانیوێتی خۆی دەوڵەمەند بکات و بەردەوام خۆی پێش بخات و بەهای نوێ وەدەست بخات، بەڵام ئەم دیدە تێکڕاییە بەس نییە، پێویستە مەسەلە شیعرییە بنەواشەییەکانمان بە وردی باس بکەین، بۆئەوەی ئەو فەزایە ببینین کە بڕیوێتی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو. لە لێکۆڵینەوەیەکی ورددا دەگەینە ڕایەک کە ڕەنگە نامۆ بێت بەڵام واقیعیە. وێڕای ئەوەی کە شیعری نوێمان بابەتی پێشخستنی ڕوخسار بە یەکێک لە بابەتە بنەڕەتییەکانی خۆی داناوە بەڵام ئەم ڕوخسارە پێشخستن نەبووە بە واتا ڕاستەکەی، هەتا ئێستاش ڕوخسار لە قەسیدە هاوچەرخەکاندا، وێڕای ئەو ئازادییەی دەستەبەری کردوە، کەچی لە چوارچێوەی سنوورگەلێکی زۆردا کۆتکراوە، هێشتا نەیڕوانیوە بەسەر ئەو ئاسۆیەدا کە دەکرێ بیانگێڕێتەوە.

لە ناو کەلەپووری ئێمەدا ئەوەمان هەیە کە پەرە بدەین بە ڕوخساری شیعری بە شێوەیەکی ناکۆتا و بەردەوام، خۆ ئەگەر لەم بوارەدا لە شتێک بترسین ئەوا بە پلەی یەکەم لە نەریتپارێزی نوێ دەترسین کە بمانگێڕێتەوە بۆ رووخسارگەرییەک کە تووندتربێت لە رووخسارخوازیی کۆن. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەم کە هەندێ لە شاعیرە نوێیەکانمان هەموو دیوانەکانیان لە چوارچێوەی ریتمێک یان دوو ریتمدا دەنووسن، ئەوەی ئەم جۆرە لەم دیوانانە وردبێتەوە و بەراووردی بکات بە دیوانە عەرەبییە کۆنەکان دەبینێت کە دیوانە نوێیەکان سەقامگیرتر و ڕوخسارگەرترن لە دیوانە کۆنەکان. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە برەودان بە رووخساری شعریی ناکرێ تەنها قەتیس بکرێ لە یاریکردن بە تەفعیلەکانەوە، بەڵکو دەبێت ئەوە تێپەڕێنێ بەرەو تەقاندنەوەی ئەو رووخسارە ناسراوە لە بنەواشەوە، ئەمەش تەنها بۆ ئەو شاعیرانە دەست دەدات کە لە ئەزموونێکی تەواو نوێدا دەژین.

هەتا هەندێ لە شاعیرە نوێیەکان هێشتا کەم پڕکێشتر و کەم سەرکێشترن لە زۆرێک لە شاعیرە کۆنەکان لە ڕووی ئەزموونی ڕوخسارگەرییەوە.

لێرەوە دەکرێ بڵێین کە بەردەوامبوون لەسەر ئەم شێوازە لە دەربڕیندا دەمانبات بەرەو جۆرە ڕوخسارگیرییەک لە شیعری نوێدا کە مەترسیداترە لە ڕوخسارگیریی شیعری کۆن. ناشتوانم دەرچەیەک بدۆزمەوە بۆ ڕزگاربوون لەو توناوتوونە تەنها بەوە نەبێت کە شاعیری نوێ بە تەواوی ڕوو بکاتە ڕیتمی ئازاد… و بە تەواوی عەرووزی یەک ڕوخسار لە قەسیدەدا رەت بکاتەوە… و کار بکات بۆ ئەوەی هەر قەسیدەیە و ڕوخسار و ریتمێکی تایبەت بە خۆی هەبێت.

بێگومان ئەمە ئەرکێکی گرانە، بەڵام شاعیر نابێتە شاعیرێکی مەزن هەتا ڕێگە و ڕوخساری تایبەت بە خۆی دانەهێنێت، ناکرێ کە پێشکەوتن لە شعردا ڕووبدات هەتا رووخساری دەربڕینەکە نەگۆڕێ، لەم گۆشەنیگایەوە لە کۆتایدا جەوهەری هونەر بریتییە لە ڕوخسار، بەڵام رووخسار واتای نییە ئەگەر بێت و ئەزموون و ناوەرۆک نەگوازێتەوە. دانانی رووخسار بە جەوهەری هونەر، بە واتای رووخسارخوازی ڕەها نایەت، هیچ ئەزموونێکی نوێش بوونی نییە بەبێ رووخسارێکی نوێ.

هەروەها لە ناوەرۆکیشدا:

هەرچی ناوەڕۆکیشە ئەوا من بە لای ڕایەکی هاوشێوەدا دەرۆم، خۆ ئەگەر سەیری کەلەپوری سۆفییان بکەین، بە شێوەیەکی گشتی و هەروەها تەماشای هەندێ لە نووسینە سۆفیگەرەکان بکەین بەتایبەتتر وەک نووسینەکانی (النفری) دەبینین زۆربەی شاعیرە نوێیەکانمان بە شێوەیەکی ڕوون پاشکەوتەن لەسەر ئاستی سەرکێشییە شعرییەکان. چونکە سۆفی بە ئازادیەکی تەواوەوە گوزارشت لە هەست و ئایدیا و هەڵویستەکانی دەکات چ لە ڕوخسار و چ لە ناوەرۆکدا، هیچ دوودڵ نابێت لە وەی دەیڵێت ئەگەر باوەڕی پێی هەبێت با پەیوەندیشی بە خوا و واتا مرۆییە خێرەکانەوە هەبێت. کەچی دەبینین کە زۆربەی شاعیرەکانمان لە هەموو ئەمانەدا دوودڵن. یان لەبەر گونجاندنیان لەگەڵ هەلومەرجەکە یاخود دەستەوستانن، بەم شێوەیە بۆمان دەردەکەوێ کە شیعری نوێمان هێشتا پێویستی بە راچەنینی گیانی گەورەیە لەسەر هەردوو ئاستی کۆمەڵایەتی گشتی و کەسی تایبەتی هەیە، چونکە نمونەی ئەم راچەنینە هونەرییە ئازادەیە بە تەنها دەتوانێ کە بەهاگەلێکی هونەری نوێ، جۆرایەتی هونەری نوێ و دنیابینی شعری نوێ دروست بکات.

گەڕانەوە بۆ کەلەپوور

یەکێک لە گرنگترین چاوگەکانی ئەو راچەنینە گیانیە کە رەگی داکوتیوە لە کەلەپووری عەرەبیماندا، بەڵام بەگیانێکی نوێوە کە پەی بە لایەنە هونەرییەکانی دەبات و لە دوو دید رزگاری دەکات، کە رەسەنایەتیان دەشارێتەوە.

دیدی یەکەم بریتییە لە دەمارگیریی نەفامی، کە تەنها نموونە ڕوونێژییەکەیی و دیدە مەدەنییە دەمارگیرییە نەفامیەکەی دەبینرێ، کە ئەویش هەمدیسان نەخۆشە بە نەخۆشی پاشەکشەکردن بە هەموو ڕەگەزێکی بیانی.

ئەوکاتە بۆمان دەردەکەوێ کەلەپوورمان دەوڵەمەند و قووڵە و هەمە لایەن و هەمە هێز و هەمە وزەیە هەتا ئەو ئاستەی هەندێجار دەگاتە پلەی دردۆنگی، ئەم ڕەگداکوتینە بە هیچ جۆرێ بە واتای بەپیرۆز ڕاگرتنی ڕابردوو نایەت لە ناو خۆیدا، بەڵکو بە دەرچوونە لە ڕابردووەوە بەرەو ئێستا و ئنجا بۆ داهاتوو. چونکە بەبێ ئەم دەرچوونە، شاعیر داماڵراو دەبێت، بەڵام بەبێ رەگداکوتین لە ئێستا و ئایندەدا. بە هەمان شێوە وەک ڕووەکێکی مردوو وایە، چونکە هیچ شاعرێکی نوێی گەورە نییە کە ڕەگی دانەکوتیبێت لە بنچینەی کەلەپووری کلاسیکی خۆیدا.

ئەوەی ئێمە بۆی دەڕوانین بەم واتایە بریتییە لە تازەگەری کلاسیکی، شاعیری گەورەمان ئەوەبوو کە شیعرەکەی ڕێگەیداین بۆ ئەوەی ناوزەندی بکەین بە شاعیرێکی نوێی کلاسیکی.

لە نێوان ناوەرۆک و بابەتدا

بەڵام لێرەدا پێویستە لە شیعری نوێدا جیاکاری بکەین لە نێوان ناوەرۆک و بابەتدا چونکە زۆرێک هەن جیاوازی ناکەن لە نێوانیاندا، چونکە ناوەرۆک شتێکە و بابەت شتێکی ترە.

شیعر بە شێوەیەکی ئیحائی ناڕاستەوخۆ ناوەرۆکت پێ دەبەخشێت، شیعری بابەت رێگەیەکی کۆنە و تەواو بووە. شیعر ئەزموونە، شاعریش بە بابەت ئەزموونگیر ناکرێ، بەڵکو هەستە ناکۆک و لێک دوورەکان دەگرێت و دایدەڕێژێتەوە، شیعری ڕەسەن لە بابەت دوور ئەکەوێتەوە، چونکە ئەو شیعرەی کە کەسێتی شاعیرەکە نەگوازێتەوە ئەوە واتای نییە. من نامەوێ بیرۆکەکانی شاعر بخوێنمەوە، دەمەوێ کەسێتی و هەست و خەمەکانی بخوێنمەوە، بەوەش ئەزموونی شیعرییەکەیم دەداتێ کە بە پلەی یەکەم ئەزموونی کەسێتییە.

چونکە شیعر هێز و جوانیەکەی لە کەسێتییەکی داهێنەر و قووڵی ئەزموونەکەیەوە وەردەگرێت، هەروەها لە بەهرە و فراوانیی دنیابینیی شاعیرەکەوە، نەک لە بابەتەوە، با گەورە و مەزنیش بێت. بەم واتایەش دەکرێ بڵێین شیعر نییە، بەڵکو شاعیر هەیە. من باوەڕ ناکەم داهێنانی شیعریی دابەش بکرێ بۆ دوو بەش: شاعیرێک کە تێڕائەمێنێ، بابەتێکیش لەبەردەمیدایە کە پەرچڤەی دەکات. بەڵکو ئەزموونی شیعریی لە ساتی ئامادەگیی کیاندا دەژی، کە تیایدا خود و جیهان بە تەواوەتی بوونەتە یەک یەکە، ئەو شاعیرەی لە نێوان خۆی و جیهاندا لە کاتی شیعر نووسیندا پانتاییەک دەهێڵێتەوە، نابێتە شاعیر، بەڵکو دەبێتە پەسنکار و پەسنی دیمەن و بیرۆکەکان دەکات. بەم شێوەیە ئەم دوالێتییە دەستکردە کە کۆتایی دێت لە راڤەکردنی هەست بۆ پلەکان. چونکە مەزەنەی شعریی،  ئەویش یەکەیەکە هەموو قەوارەی شاعیر لەخۆ دەگرێ، بە هەموو وزە هەستی و ناهەستییەکانەوە.

پرۆسەی هەڵسەنگاندن

ئەم تێگەیشتنە بۆ شیعر بێگومان وا لە پرۆسەی هەڵسەنگاندن دەکات کە پرۆسەیەکی گران بێت، ئەوەی حوکم دەدات تەنها بەهرەی شیعری و رەخنەییە، بەبێ پێودانگی کۆتایی ئامادە بە هیچ جۆرێ، چونکە هیچ پێوەرێکی پێشوەختەمان نییە ئەگەر شیعرێکی تازەی سنووربەزێنمان بوێ. تەنها شارەزاییە کە باش لە خراپ جودا دەکاتەوە لە شیعردا، کە ئەویش تاکە پێوەرە..

کەواتە، من کە دیوانی شاعرێک دەخوێنمەوە، یەکەم شت داوای ئەوەی لێدەکەم کە نە بیرۆکەکانی و نە بە شێوازەکەی هیچ شتێکم بیرنەخاتەوە لەوانەی پێشوو، داوای لێدەکەم کە خاوەنی دەربڕینێکی تایبەت بە خۆی بێت، داوای لێدەکەم کە شتێک بخاتە سەر ئاسۆی شیعری و ئەو بەها هونەرییانەی پێی گەیشتووین. لە کۆتاییشدا داوای لێدەکەم خاوەنی گیانبازیی بێت بە هێزی تێپەڕاندنی چاوکراوە بۆ ئایندە، بە ئەندازەی ئەوەی ئەم شتانەی تیا ئەبینم ئەوەندە بە شاعری ناوزەند دەکەم، چونکە بەهاکەی وەک شاعیر لەو شتە نوێیەدایە کە دەیخولقێنێ.

تەوژمەکان

بەپێی ئەم چەمکە هەتا هەنوکە ناتوانم باس لە تەوژمە ڕوونەکانی شیعری عەرەبی نوێ بکەم، هەندێ لە شاعیران هەڵویستگەل و ئاراستەگەلێکیان هەیە کە لە قۆناغی گەشەکردندایە، بە هیچ جۆرێک ئەم ئاراستانە پێنەگەیشتوون، و هێشتا کاڵایەکن بۆ پەرەسەندن، و چوونە ناو ئاسۆگەلێکی نوێوە، بەڵام ئەمە هەرگیز ئەوە ناگەیەنێ کە گرنگیی کەمە، بەڵکو واتای وایە کە بازنەی دەبڕینی شیعری نوێ هێشتا کامڵ نەبووە. شاعیری راستەقینە لە پێشکەوتنی بەردەوامدا دەژی و پێویستی بە قۆناغێکی دوروودرێژە پێش ئەوەی ئاراستەکەی روون بکاتەوە. رەنگە ئەو قۆناغەی شاعر پێویستییەتی بۆ ڕوونکردنەوەی ئاراستەکەی قۆناغێکی دوورودرێژ بێت، هۆکاری ئەوەش من وای بۆ دەچم کە هۆکارگەلێک بێت، رەنگە سیاسی یان کۆمەڵایەتی بێت، بەربەست بن لە نێوان ئەم وڕێنەکردنی لەگەڵ ئارەزووی شیعری ئەمدا وەک ئەوەی دەیەوێ، ئەم لەبەر دەم ئەو کۆتوبەندانەدا بەردەوام بە شێوەیەک لە شێوەکان وابەستەی نەریتەکانە، کە لە کۆتایدا دەیبات بەرەو گرژبوون لە چوارچێوەی سنووری رووخساردا لە جیاتی ئەوەی رەهەندە روحییەکانی شیعری خۆی فراوان بکات.

زمانێکی بێ وێنە

بەڵام لە کۆتاییدا ئەم لێکدانەوەیە رێگەم لێناگرێ کە گەشبین بم، بە تایبەت کە شاعیری عەرەبی مامەڵە لەگەڵ زمانێکی بێ وێنەدا دەکات، زمانێکی سروشتی، غەریزی، ریتمی، لکاو بە زەوییەوە. هەرکات هەستی مرۆیی لەگەڵ وزەکانی ئەم زمانەدا بە یەک گەیشتن تێکەڵەیەکی سەیر دروست دەبێت، هەر وشەیک کەشێکی تایبەتی دەبێت، توانستەکانیش دەکرێنەوە بۆ دروستکردنی بەکارهێنانی نوێی وشە و ئاسۆگەلێکی نوێی شیعر.

دیمانەیەکی ئەدەبییە بلال الحسن ئامادەیکردوە.

گۆڤاری (الحریە) ژمارە 263، دوو شەمە 6 حوزەیرانی 1965

ناردن: