خۆشەویستی لە ئاوێنەی گەورەکاندا

شکسپیر، بلزاک، سەتەندال، هیگۆ، تاگور، فرۆید

نووسینی: هاشم ساڵح

و. لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

ئایا دەکرێت جەژنی خۆشەویستی (ڤالانتاین) تێپەڕێت، بەبێ ئەوەی یادی نەکەینەوە؟ بەڵام ئەو شتەی لەم ڕۆژەدا بێزارم دەکات، ئەوەیە ئەوان بۆ یادکردنەوەی ئەم جەژنە، رۆژی 14 شوبات-یان دەستنیشان کردووە. نازانم بۆ ئەم ڕۆژەیان داناوە؟ دەبوایە ڕۆژی 14 ئازار یان 14 نیسان بوایە. واتە لە هەڕەتی بەهار نەک لە هەڕەتی زستان. ئەو گەمژەیە کێیە کە بڕیاری 14 شوباتی داوە؟ بە ڕاشکاوی نازانم کێیە. وەلێ با ئەم مەسەلە ڕوکەش و بێمانایانە واز لێبێنین و کەمەکێک فەلسەفیانە، لە دەوری بابەتەکە بسوڕێینەوە، کە هەمو فەلسەفەیەک و هەمو چەمکێک و هەمو عەقڵێکی تێپەڕاندووە.

ئاشکرایە یەکەم سیفەت لە سیفەتەکانی خۆشەویستی، ئەوەیە عەقڵ ناهێڵێت. هەر هێندەی ئافرەتێکت خۆشویست، ئیدی ئەو ئافرەتە، لای تۆ دەبێت بە پیرۆزترین پیرۆزییەکان و هەمو عەقڵ و هۆشت لەدەست دەدەیت. چیتر ناتوانیت ئافرەتەکە وەک خۆی ببینیت: واتە ئافرەتێک لە نێوان ئافرەتەکانی دیکەدا. بەڵکو ئەو ئافرەتە بە تەنها لە لایەک دەبێت و هەمو ئافرەتانی دیکەی جیهان، لەلایەکی دیکە دەبێت. دروست ئا لەو کات و ساتەدا، گەمژەیت دەگاتە لوتکە و پێتوایە، خودا تەنها ئەوی دروست کردووە و جگە لەو کەسی دیکەی دروست نەکردووە و لە هەمو کەموکورتی و عەیب و عارێک بەدەرە. ڕەنگە لە گەمژەییەکەتدا زیاتر قووڵبیتەوە و پێتوابێت خۆشەویستەکەت، لەسەرو ئاستی مرۆڤەوەیە. لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا، ئافرەتەکە شایەنی ئەوەیە. بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، شایەنی ئەوە نییە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانیت پاشەکشە بکەیت یان بێیتەوە سەر خۆت. یاخود دوای ئەوەی کەوتیتە داوی خۆشەویستییەکەیەوە، ناتوانیت دڵی خۆت وەربگریتەوە. زۆر بە سادەیی تۆ دەبیت بە کۆیلەی ئەو. لەبەر ئەوەیە لە کۆندا وتویانە: خۆشەویستی ڕیسوات دەکات.

ئەمە سیفەتی دووەمە لە سیفەتەکانی خۆشەویستی: خۆشەویستی بێ ڕیسوایی/ذل بوونی نییە، بێ ملکەچی و کڕنوشبردن ڕوونادات. خانمی عاشق، خۆشەویستەکەی خۆی ملکەچ دەکات و لەبەرچاوی هەموان، چێژ لە ڕیسوابوونەکەی وەردەگرێت. بگرە پیاوە گەورە و مەزنەکان، تەنانەت ناپلیۆن پۆناپارت، کڕنوشی بۆ ئەو ئافرەتە برد کە خۆشیدەویست. ئەمە لە کاتێکدا بوو، ناپلیۆن وڵاتان و کیشوەرەکانی داگیر دەکرد و پاڵەوانەکان ملکەچی دەبوون. وەلێ جۆزفین، ناپلیۆنی هەم ڕیسوای کرد و هەم ئیهانەی کرد. بگرە ناپلیۆن-ی تێکوپێک شکاند، کاتێک لەگەڵ ئەفسەرێکی گەنجی قۆزدا، دەستی تێکەڵ کرد و خیانەتی لە هاوسەرەکەی کرد. ناپلیۆن نازیهەڵدەگرت، لێیدەپاڕایەوە، داوای ڕازیبوونی لێدەکرد. بەڵام ناپلیۆن دواتر تۆڵەی خۆی لێدەکاتەوە، ئەویش ئەو کاتە بوو کە هاوسەرگیریی لەگەڵ شازادەیەکی بچوکدا کرد کە لە تەمەنی کچەکەی خۆیدا بوو، بگرە تەمەنی لە تەمەنی کچەکەی بچوکتر بوو. لەبەر ئەوەیە دەکرێت بڵێن، پەیوەندییەک لە نێوان خۆشەویستی و تۆڵەکردنەوەدا هەیە، ئەی ئێوە فیلمی: خۆشەویستی و تۆڵە/ غرام و انتقام-تان نەبینیوە؟

فەیلەسوفی هاوچەرخی فەرەنسا “ئەندرێ کۆنت سبۆنڤیل” دەڵێت: خۆشەویستی ئەو بابەتەیە کە زۆر بایەخدارە. لە هەمو بابەتە فەلسەفییەکانی دیکەی وەک ئەخلاق، سیاسەت، مەعریفە، ئازادی، بێباوەڕی/ ئیلحاد، هونەر، کات، بێگومان مردن، گرنگتر و بایەخدارترە. بۆچی دەڵێن لە هەمویان بایەخدارترە؟ چونکە تا بڵێی خۆش و نایاب و گەرموگوڕە. پاشان دەڵێت: مادام خۆشەویستی دەکەین و ئازار دەچێژین و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەین، کەواتە هیچ کێشەیەک بوونی نییە. ئەی باشە کێشەکە لە کوێدایە؟ لەوێدایە کە ناتوانین خۆشەویستی بکەین. ئەمە مانای وایە، ئێمە ئیدی کۆتایمان پێهاتووە. هەر لەبەر ئەوەیە، فرۆید لە وتەیەکی بەناوبانگیدا دەڵێت: “نەخۆشی دەروونی، لەیەک شتی سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە، ئەویش بریتییە لە لەدەستدانی توانای خۆشەویستی، لەوانە لە دەستدانی خۆشەویستی خودی خۆت”.

کاتێک خەمۆکیت دەگاتە ئەم ئاستە، ئەمە مانای وایە، تۆ شۆڕبویتەتەوە بۆ خواری خوارەوە و دونیاش هێمن و ئارامە. ئەوەی ناتوانێت عاشق بێت، خۆشەویستی بکات، پەرۆش و شەیدا بێت، کەسێکی مردووە و دونیا لە دوای خۆیەوە بەجێیهێشتووە. بەڵام لێرەدا ئەوە گرنگ نییە، ئاخۆ دەگەیت بە مەحبوبەکەت یان بە مەعشوقەکەت؟ نەخێر هەرگیز ئەوە گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە لە ناوەوە گڕت تێبەردا و بتسوتێنێت. تەنانەت ئەگەر ڕەفزیشی کردیت، پێویستە سوپاسی بکەیت. چونکە پیرۆزترین سۆزی سەر زەوی، لە تۆدا بەخەبەر هێناوەتەوە. واتە سۆزی خۆشەویستی. بە مانایەکی دی، گرنگ نییە بگەیت بە خۆشەویستەکەت، گرنگ ئەوەیە لە حاڵەتی خۆشەویستیدا بیت، توانات هەبێت خۆشەویستی بکەیت. خەیاڵی ئەوە بکە خۆشەویستت نییە، خەیاڵی ئەوە بکە دڵت بیابانێکی کاکی بە کاکییە، وەک بیابانی “الربع الخالی”…

سوپاس بۆ تۆ خانمەکەم کە هەیت، من ئەوەندەم بەسە. سوپاس چونکە خودا تۆی دروست کردووە و وێنەی گرتوویت، من جگە لەوە هیچ شتێکی دیکەم ناوێت. ڕەنگە لەبەر ئەم هۆکارە بێت، فەیلەسوفی گەورەی ئەڵمان “لایبنتیز” ئەم پەرەگرافەی وتووە: “کاتێ خۆشەویستی دەکەیت، مانای وایە، هەوڵدە ژیانی ئەو ئافرەتە خۆش و بەختەوەرکەیت کە خۆشتدەوێت”. باشە تێگەشتین. وەلێ ئەی چی بکەین، ئەگەر ئەو نازەنینە، لە ئامێزی پیاوێکی دیکەدا بەختەوەر بوو؟ ئایا لەم حاڵەتەشدا، هێشتا دڵخۆشبین بە دڵخۆشبوونی ئەو؟ من بۆ خۆم، دەبمە بەدبەخترین مرۆڤ و هەزار و یەک وشە بە خۆشەویستی و عەشق و مەعشوقەکان دەڵێم. بەڵام لەبەر هۆکارێکی سادە، من لایبنتیز نیم، ئەویش ئەوەیە: ئەو فەیلەسوفێکی گەورەیە و منیش کابرایەکی لوتبەرز و بەغیل و کیناویم.

هەرچی ڕۆماننووسی ناوداری فەرەنسی “بلزاک”ە، ئەم پەرەگرافە دەڵێت کە نمونەی نابینم و لەو بڕوایەدام قووڵترین پێناسەیە بۆ خۆشەویستی: خۆشەویستی وەک دەریا وایە، بەڵام بێ کەنار! بە مانای ئەوەی خۆشەویستی وەک دەریا فراوانە، بگرە ملیۆنانجار لە دەریا فراوانترە، بۆچی؟ چونکە دەریا هەرچەندە فراوان و مەزنە، بە کەنار دەورە دراوە. وەلێ خۆشەویستی هیچ کەنارێکی نییە، خۆشەویستی بێ سنورە، نا کۆتایە، غایەتی ڕەهایە.

فیکتۆر هیگۆ کە هیچ ئافرەتێکی لە کیس خۆی نەدەدا، دەڵێت: “خۆشەویستی وامان لێدەکات خەون ببینین و بژین و باوەڕداربین”، ئا ئەمەیە خۆشەویستی: ڕۆح زیندوو دەکاتەوە، تواناکان دەتەقێنێتەوە، پەڕجوو دەخولقێنێت. پاشان دەڵێت: “پیاو دەیەوێت یەکەم خۆشەویست بێت لە ژیانی ئافرەتدا، ئافرەتیش دەیەوێت دواهەمین خۆشەویست بێت لە ژیانی پیاودا”. بەو مانایەی: شەیتان! نەکەی دوای من عاشق بیت و خۆشەویستی بکەیت، دوای من با تۆفان هەڵکات. یان ئەمە باشترە: نە پێش من و نە دوای من خۆشەویستی نەکەیت.

سەبارەت بە نووسەری بەناوبانگ سەتەندال، خاوەنی ڕۆمانی (سور و ڕەش)، خۆشەویستی لە کرۆکی بایەخدانەکانی بوو. بگرە سەبارەت بە بابەتی خۆشەویستی، کتێبێکی قەبەی نووسی، تێیدا ڕۆچووە نێو وردەکارییەکانەوە، یان وردەکاری وردەکارییەکانەوە. ئەمە مانای وایە ئەو شێت و شەیدای خۆشەویستی بوو. ئەی ئەوە نییە دەڵێت: “خۆشەویستی کێشە سەرەکییەکەیە، لەوانەیە تاقە کێشەی ژیانم بێت”. ئاشکرایە خانمێکی ئیتالی شۆخ و شەنگ، عەقڵ و دڵی بردبوو، لەبەردەم خەڵکدا ڕیسوای کرد و وای لە سەتەندال کرد، چەندین ساڵ لە بەردەم دەرگاکان چاوەڕوان بێت. لەگەڵ ئەوەشدا سەتەندال دڵخۆش و کەیفساز بوو. پێدەچێت کەس بەرگەی خۆشەویستی کچە ئیتالییەکان نەگرێت، ئەی دەبێت بۆ کچە عەرەبەکان چی بڵێین؟ خۆشەویستەکەی سەتەندال لە کۆتایدا هیچی نەبەخشی بە سەتەندال. وەلێ بووە ئیلهامبەخشی یەکێک لە ڕۆمانە هەرە جوانەکانی کە ڕۆمانی لەو جۆرە، زۆر کەم و دەگمەنە. جا نووسەر لەوە زیاتر چی دیکەی دەوێت؟ ئەدەب نەمریی و جاویدانی دەبەخشێت! ئەی پێم نەوتن ئەدەب، گەشەناکات، تەنها لەسەر داروپەردووی خۆشەویستییەکی وێرانکەری تێکشکاو نەبێت؟

سەتەندال لەم بارەیەوە دەڵێت: “مەزنترین دڵخۆشی کە دەکرێ خۆشەویستی بیبەخشێت، ئەوەیە بۆ یەکەمجار، تەوقە لەگەڵ ئافرەتە خۆشەویستەکەتدا بکەیت”، پاشان دەڵێت: “بەتایبەت ئەگەر ئافرەتەکە بە مەبەست، دەستە نەرم و ناسکەکەی، بۆ ماوەیەکی درێژ، لەناو دەستە گەورە و زبرەکەتدا هێشتەوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەکات تاکو گڕت تێبەردات و زیاتر وێرانت بکات”، پاشان دەڵێت: “خۆشەویستی پەرجووی/ موعجیزەی شارستانییەتەکانە”، ئەم وتەیە زۆر نایابە.

هەرچی ئەو پیاوە سپڵەیەیە کە ناوی شەکسپیرە، شتێکی ئاوا دەڵێت: “خۆشەویستی بە چاو نابینرێت، بەڵکو بە دڵ و بە ڕۆح دەبینرێت”. بە مانایەکی دی، خۆشەویستی زمانێکی تایبەتی هەیە کە لەسەرو هەمو زمانەکانی دیکەوەیە. هیچ پێویست بەوە ناکات، زمانێکی هاوبەش لە نێوان خۆت و دڵدارەکەتدا هەبێت، تاکو لەسەر سەرین لەیەکتر تێبگەن. زمانی خۆشەویستی بەسە.

ئێدگار ئالان پۆ دەڵێت: “لەسەرەوە گوێم لە قیڕەقیڕە، لە ئاسماندا گوێم لە دەنگە دەنگە، ئەوە فریشتەکانن لە نێوان خۆیاندا گۆرانی دەڵێن و سەما دەکەن. ئەوان هیچ وشەیەکی خۆشەویستی شکنابەن، لەم وشەیە مەزنتربێت: دایکە/ ماما!”. دەتوانین سەبارەت بەو وتەیە چی بڵێین؟ هیچ. هیچ شتێک ناگاتە ئاستی، ئەوە لەسەرو هەمو کۆمێنتێکەوەیە.

ئێستا دەڕۆمە سەر شاعیرە گەورەکەی هند “ڕابندرانات تاگور” کە لەبەرامبەریدا هەست بە سەرسامییەکی زۆر دەکەم، سەرسامییەک خەریکە دەگاتە ئاستی پیرۆزکردنی. تاگور سەبارەت بە بابەتی خۆشەویستی چی دەڵێت؟ ئەو دەڵێت: “خۆشەویستی بریتییە لە دواهەمین و کۆتا مانا، بۆ هەمو ئەو شتانەی لە دەوروبەرماندایە. خۆشەویستی بە تەنها بریتی نییە لە هەست و سۆزێکی تایبەتی نێوان پیاو و ئافرەت. بەڵکو خۆشەویستی ئەو هەقیقەتەیە کە دوای ئەو، هیچ هەقیقەتێکی دیکە بوونی نییە. خۆشەویستی ئەو دڵخۆشییەیە کە بنچینەی هەمو داهێنان و ئەفراندێنێکە لەسەر ئەم گۆی زەوییە” . دیسانەوە هیچ کۆمێنتێکمان نییە، نا کۆمێنتێکی سادەمان هەیە:  هەمو دەستکەوتە مەزنەکانی شارسستانییەت، یەک هەست و سۆز لە پشتییەوەیەتی، ئەویش خۆشەویستییە. مەبەستم ئەو خۆشەویستییەیە کە دڵ گەنج دەکاتەوە، خەمەکان کاڵدەکاتەوە، لە خاکی دێم و بەیار گوڵ و گوڵزار دەڕوێنێت. ڕق و کینە بە درێژایی ژیانی، نەیتوانیوە زەڕەیەک شارستانییەت بەدیبێنێت. هەر بۆیە ئەگەر هەزار جار لە خۆشەویستیدا سەرنەکەوتن و شکستتان هێنا، دیسانەوە دەست پێبکەنەوە!

سەرچاوە

الشرق الاوسط، یەک شەممە، 14 شوبات، 2021

ناردن: