ڕابۆ سن-ئاتین؛ ئازادی لەبەرامبەر لێکبوردندا

و. ڕێبین هەردی

(لە کۆمەڵە بەرهەمەکانی ڕابو سن-ئاتین)

ئازادی لە بواری دیندا دەرئەنجامی بینای مێژووی چەمکی لێکبوردنە کە بە شێوەیەکی ناکۆک ئامێز، شتێکی بە ئازادی داوە کە لە لێکبوردنەوە وەرگیراوە: چونکە لێکبوردن لەگەڵ جۆرێک لۆتف و گەورەییدا هاوشێوە بوو کە مرۆڤ لەبەرامبەر کەسانی دیدا بەکاری دێنێت، بەڵام هەموو ساتێک دەتوانێت لێی پاشگەز بێتەوە. لێکبوردن بۆخۆی بەهایەک نیە بەرگری لێ بکرێت و ئازادی دەبێت جێگەی بگرێتەوە. ئەمە تێڕوانینێکە کە رابۆ سن ئاتین لە دانیشتنی ٢٢ ئەگۆستۆسی ١٧٨٩یدا لە ئەنجومەنی نەتەوەیی (شۆڕشی فەڕەنسا) بەرگری لێدەکات، ئەمەش لەکاتی دەنگدان بۆ مادەکانی ١٦ و ١٨ پرۆژەی ڕاگەیاندنی”خولی شەشەم” (کە پاشتر گۆڕرا بۆ مادەکانی ١٠ و ١١ ی بەیاننامەی ١٧٨٩. تەماشای ئەو دەقە بکەن کە پاشتر دەینهێنیەنەوە)، لەبارەی ئازادی دینی و رێزگرتنە لەمەزهەب و ڕێبازی هەمووان.

تا ئەو رۆژە مەزهەبی کاسۆلیکی مەزهەبی فەرمی فەڕەنسیەکان بوو. یەهودی و پرۆتستانەکان گەرچی زۆر بوون، بەڵام هیچ پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیان نەبوو. دیارە فەرمانی ساڵی ١٧٨٧ لەبارەی لێکبوردنەوە، بوونی پرۆتستانەکانی قەبوڵ کردبوو: ئەوان دەیانتوانی لەدایکبوونی خۆیان تۆمار بکەن، هاوسەرگیریەکانیان شکڵێکی یاسایی وەرگرتبوو، و دەیانتوانی بەگشتی هەموو پیشەیەک بکەن، بەڵام هەر هاوڵاتی پلە دوو مابوونەوە، تەنیا لێبوردوو بوون بەرامبەریان. لێکبووردن کە شتێک نیە جگە لە بێ توانایی لە دەرکردن یان قەدەغەکردن، دەرئەنجامی لوتفی میر یان هۆکاری دووربینی سیاسیە و ناوەرۆکێکی تەواو نێگەتیڤی هەیە. چونکە هیچ مافێکی بەڵگەنەویست ناسەلمێنێت یان زامن ناکات. تەنانەت پێدەچێت زامنی ئیمتیازاتی (خاوەنانی ئیمتیاز)یش بێت. ئەو کۆمەڵە دینیە شاراوانەی رابۆ سن ئاتین باسیان دەکات، دەرئەنجامی نایەکسانی هاوڵاتیانە لەبەرامبەر یاسادا، لەکاتێکدا دەبێت یاسا سەرجەم مرۆڤەکان وەک هاوڵاتی ئازاد و یەکسان بناسێت، ئەم ئازادی و یەکسانیان لێ زەوت دەکرێت، گەرکاتێک بیانەوێت بەپێ دین ومەزهەبی هەڵبژێراوی خۆیان کاربکەن. ڕابۆ سن ئاتین بەپێچەوانەوە بڕوای وایە لە ڕاگەیاندنی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتیدا، دەبێت یەکسانی واقعی مەزهەبی و دینی دانی پیا بنرێت. ئامانج لە یاسایەکی وا نابێت تەنیا ئەوە بێت کە تاکەکان مافیان هەیە هەرجۆرە بڕوایەکیان هەبێت کە حەزیان پێیە: ئەم مافە کرداری نابێت مەگەر لە شێوەی ئازادی سیاسی بۆ دروستبوونی کۆمەڵەکان بە بێ سانسۆری پێشەوەخت، و توانای دین و مەزهەبەکان بۆ درووستکردنی دەزگا تایبەتیەکانی خۆیان، دەرکەوێت. نابێت لەنێوان بیروڕا و ڕێبازی کەسەکاندا جیاوازی بکرێت. فرەیی مەزهەب و دینەکان لە وڵاتدا واقعێکە کە ماف ویاسا دەبێت قەبوڵی بکات، ئەگینا نایەکسانی ئاشکرا لە بواری بیروڕا و مەزهەبدا هەروا بەردەوام دەبێت. بەڵام ڕێک بەناوی هەمان ماف و ئازادیەوەیە، کە رابۆ سن ئاتین بیرۆکەی لێکبوردن ڕەد دەکاتەوە. لێکبوردن و نالێکبوردن چیدی بایەخی نیە. لێکبوردن ئاماژەی دادپەرەری نیە، بەڵکو ناکۆکە لەگەڵیدا و ووشەیەکە بۆ نالێکبوردن، چونکە جۆرێک خۆ بەگەورە زانینە لەبەرامبەر بیروڕای ئەوانی دیدا ، چونکە بناغەکەی لەسەر ئەوە دامەزراوە ئەوانی دی هەڵەن و دەکرێت مەحکوم بکرێن، کەوابوو پەیوەندیەکی نایەکسان (لەنێوان مرۆڤەکاندا) بەرپا دەکات. کەسێک کە لێدەبورێت، هەموو کاتێک دەتوانێت چیدی وانەکات. تێڕوانینەکان ناگۆڕێن، چونکە نایەکسانن. بیل ئارەزووی ئەوەی دەکرد ئەگەری گۆرانی تێڕوانینەکان لەبواری بیروڕای دینی ومەزهەبی و هەروەها لە بواری دەسەڵاتدا بسەلمێنێت، بەڵام لە دیدی رابۆ سن ئاتینەوە ووشەی لێکبوردن چیدی بایەخی نیە. لەو کاتەوەی نەتوانرێت ناونیشانی تاوان بۆ جیاوازی بیروڕا و باوەر دابنرێت، چیدی لێکبوردن لە ئارادا نابێت. میرابۆش[1] هەمان تێڕوانینی هەبوو. مێرابۆ دەڵێت:”من نامەوێت پێشنیاری لێکبوردن بکەم. لە دیدی منەوە بێ سنوورترین ئازادی مەزهەبی هێندە مافێکی پیرۆزە کە گەر ووشەی لێکبوردن بیەوێت دەربڕی بێت، بە بروای من خۆی جۆرێک ستەمکاریە، چونکە تەنیان بوونی دەسەڵاتێک کە بتوانێت لێبوردە بێت، لەبەرئەم لێبوردنەی کە دەتوانێت بیکات و بێگومان دەتوانێت نەشیکات، لەگەڵ ئازادی بیرکردنەوەدا ناکۆکە”. (میرابۆ، وتاربێژی لە ئەنجومەنی “نیشتیمانی فەڕەنسا” دانیشتنی ٢٢ ئەگۆستۆسو ١٧٨٩).

لەڕاستیدا چەمکی لێکبوردن بە گونجانی وتەزاکانی ڕاست دینی و لادانی دینی کە ملکەچی پێوەری کەنیسەیە دیاری دەکرێت. پشتیوانی لە یەکسانی هاوڵاتیان، سەندنەوەی ئیمتیازاتی پاوانخاوازانەی دیاریکردنی پێوەرە بۆ هەقیقەتی مەزهەبی و سزادان یان لێکبوردن بەرامبەر دوورکەوتنەوە لەو هەقیقەتە دیارە، لە مەرجەعەکانی دەسەڵاتی مەزهەبی و دینیە. ئەرگۆمێنت رابۆ سن ئاتین لەگەڵ ڕێژەیی بوونی دوالیزمی ڕاست/ هەڵەدا، هەرەوەها لەگەڵ بڕوای دینی و مەزهەبی لە دیدی مرۆڤناسیدا جیا نابێتەوە: مرۆڤەکان دوابەدوای ڕێکەوتی لەدایکبوونی خۆیان لە فەزایەکدا بە فڵان یان فیسار دین و مەزهەبەوە، خۆبەخۆ دین و مەزهەبی باوانیان وەردەگرن، ئەمەش ڕێک وەفاداربوونە بە ویژدانی خۆی. ئەم بیرۆکەیە تازە نیە، بەڵام کارکردنی بە ڕاستی، نکوڵیکردنە لە لێکبوردن بەناوی ئازادی و مافێکەوە کە دەبێت لەیەکسانی هاوڵاتیاندا بەرجەستە بێت. مەسەلەکە تەنیا پەیوەندی بە ئازادی دین ومەزهەبەوە نیە، بەڵکو داواکاری مافی جۆراوجۆرە بۆ ئازادی بیرکردنەوە بەشێوەیەکی گشتی و بۆ ئازادی چاپ و بڵاوکردنەوەش بایەخی هەیە. هەروەها دەبێت ئەم ئازادیە بۆ یەهودیەکانش هەبێت. وتارێک لەبارەی بونیادنانەوەی جەستەیی و ئەخلاقی و سیاسی یەهودیەکان، بەرهەمی ئابێ گرگوار[2] یش هەر بە دوای هەمان مانا و شتەوەیە. ئەگەرچی فەرمانی ١٧٨٧ دەربارەی سەرجەم (ناکاسۆلیکەکانە)، بەڵام لای دەزگای ئیداری پاشایەتی (فەڕەنسا) بێ هیچ دوودڵەیەل تەنیا پرۆتستانەکانی دەگرتەوە. وتارەکەی ئابێ گرگوار کە ئەکادیمیای شاری میتز لە ساڵی ١٧٨٨دا ڕێزی لێنا، بەشداری لە بزووتنەوەیەکدا کرد، کە ئەوەی ڕەخساند لە ساڵی ١٧٩١دا ناونیشانی هاوڵاتیبوون بە یەهودیەکان ببەخشرێت.

دەق:

“ناکسۆلیکەکان” (ڕەنگە هەندێک لەئێوە نەیزانن) لەفەرمانی ساڵی ١٧٨٧وە هیچیان دەستنەکەوت، جگە لەو شتانەی کە نەدەکرا لێیان مەحروم بکرێت، بەڵێ جگە لەوەی نەدەکرا لێیان مەحروم بکرێت. لە دوبارەکردنەوەی ئەم ڕستەیە شەرم ئەکەم، بەڵام ئەمە تۆمەت نیە، بەڵکو ڕێک دەربڕینەکانی دەقی فەرمانەکەیە. ئەم یاسایە کە بەرلەوەی دادگەرانە بێت، بەناوبانگە، ڕێساکانی تۆمارکردنی لەدایکبوون و هاوسەرگیری و مەرگیان دیاری دەکات و لەبەرئەوە مۆڵەتیان دەدات سوود لە دەرئەنجامە مەدەنیەکانی وەربگرن و دەست بەکار و پیشەیەک بکەن..هەرئەوەندە و بەس.

بەڵێ بەڕێزان وایە، کە لە فەڕەنسای سەدەی حەڤدەدا پەندی سەردەمی بەربەریەتی بەکارهێناوە و کۆمەڵگای بۆ دوو چینی دەستکاری نەکراوی بەهرەداران و بێ بەهرەکان دابەش کردووە، و ئەمەشیان بەپێشکەوتنێکی یاسایی زانیووە کە مۆڵەت بە فەڕەنسیەکان بدرێت -شتێک کە سەدساڵ بەسەر قەدەغەبوونیدا تێدەپەڕێت- کاروپیشەیەکیان هەبێت و مناڵەکانیان چیدی بە ناشەرعی نەزانرێن. بەڵام ئەو ڕێ ڕەسمانەی کە یاسا دایناوە ڕووبەڕووی دژواری و ڕێگرانێکە و جێبەجێکردنی لەو قەزایانەی پرۆتستانەکان تیایدا دەژین، هاوکاتی ڕەنج و ئازار و ناڕێک و پێکی بووە. کاتێک خوێندنەوەتان بۆ مادەکانی یاساکە دەست پێکرد، باسی ئەم بابەتە دەکەم. لەگەڵ ئەمشدا بەڕێزان (بەمشێوەیەیە ئەو جیاوازیەی لەنێوان فەڕەنسی و فەڕەنسیەکاندا هەیە) پرۆتستانەکان لە زۆرێک لە ئیمتیازەتە کۆمەڵایەتیەکان مەحرومن: بەدەستهێنانی ئەو هەڵبژاردنانەی کە بەهای دلێری و خزمەتکردناینە بە نیشتیمان، لێیان سەندراوە، چونکە بۆ مرۆڤە شەریفەکان، بۆ فەڕەنسیەکان بەدەستهێنانی ئەم بەهایە بە ڕیاکاری لە حوکمی مەحروم بوونە لێیان. دواجار بەڕێزان، ئەوانەی سوکایەتیان پێکراوە و ستەمیان لێکراوە، بیروڕاکانیان قەدەغەکراوە و لەبەر بیرورای خۆیان، بەگوناهکار دەناسرێن، و ئازادی بیروڕایان بۆ ڕێبازەکەی خۆیان نیە. یاساکانی سزادان دژی ڕێبازەکەیان لانەبراوە، لە قەزایەکی زۆر ناچارن ڕێوڕەسمی دینی خۆیان لە خاڵە دوور لە ئاوەدانی و لە کەشوهەوایەکی نەگونجاوی هەر وەرزێکدا ئەنجام بدەن، وەک تاوانباران لە ستەمکاری یاسا ڕابکەن، یان باشتر بڵێم یاسا لەبەر ستەمکارانە بوونی بخەنە ژێر پێوە و، هەموو ڕۆژێک سەرپێچی لێبکەن.

بەمشێوەیە بەڕێزان! پرۆتستانەکان هەموو کارێک بۆ نیشتیمان دەکەن، و نیشتیمانیش سپڵە دەبێت لەگەڵیان: وەک هاوڵاتی خزمەت بە نیشتیمان دەکەن، نیشتیمانیش وەک بێزراوێک مامەڵەیان دەکات. ئەوان وەک ئەو مرۆڤاناەی ئازادتان کردوون، خزمەت دەکەن، بەڵام وەک کۆیلەکان ڕەفتاریان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام دواجار گەلێکی فەڕەنسی هەیە و کە منیش لەگەڵ ئەو گەلەمە. من داوای یارمەتی لەوان بۆ دوو ملێۆن هاوڵاتی سودمەند دەکەم. ئەوان ئەمڕۆ خوازیاری مافی فەڕەنسی بوونی خۆیان دەوێت. من ئەم نادادپەروەریە لەبەرامبەر گەلدا بەڕەوا نازانم، کە هەستدەکەم تەنانەت ڕەنگە دەستەواژەی نالێکبوردن بهێننە سەر زمان، ئەم وشەیە لە زمانی ئێمە دەرکراوە یان گەر ماویشەتەوە وەک یەکێک لە ووشەکانی بەربەریەت و بەسەرچوو کە چیدی بەکار ناهێنرێت، چونکە بیرۆکەی ناوەڕەڕۆکی ئەم ووشەیە لەناوچووە، بەڵام بەڕێزان، من خوازیاری لێبوردن نیم، من خوازیاری ئازادیم. لێبوردن، تەحەمول، چاوپۆشی، هەموو ئەمانە بیرۆکەیەکی دەسەڵاتاوی و نادادپەروەرانەن لەبارەی لایەنگرانی گروپە مونشەقەکان، تا ئەوکاتەی ئەو ڕاستیە دەسەلمێت کە جیاوازی مەزهەب و جیاوازی بیروڕا قەدەغە نیە. لێکبوردن! من لەو بڕویەدام هەنوکە دەبێت لێکبوردنیش ڕەد بکرێتەوە، ئەم ووشە نادادپەروەرانەیە کە ئێمەی هاوڵاتی تەنیا وەک کۆمەڵێک حوکمدراو دەناسێنێت، کە شایەنی لێبوردنن، حوکمدراوانێک کە زۆرجار ڕێکەوت و پەروەردە و فێرکاری وای لێکردوون بەجۆرێکی جیاواز لە ئێمە بیربکەنەوە. بەڕێزان، هەڵەکردن، تاوان نیە. کەسێک کە هەڵە دەکات، هەڵەیەک بە هەقیقەت دەزانێت. بۆ ئەو ئەو هەڵەیە، هەقیقەتە و ناچارە بڕوای پێبکات. هیچ مرۆڤێک، هیچ کۆمەڵگایەک مافی ئەوەی نیە لەو بڕوایە قەدەغەی بکات.

 بەڕێزان لەم پۆلێنکردنەی هەڵەکان و ڕاستیەکەان کە مرۆڤەکان لەناو خۆیاندا دایان ناوە، بۆ یەکی دەگوێزنەوە یان لەبارەیانەوە دەمەقاڵێ دەکەن، چ کەسێک شەهامەتی ئەوەی هەیە بە دڵنیاییەوە بڵێت هەرگیز هەڵەی نەکردووە و هەمیشە هەقیقەت لای ئەو و هەڵەش بەردەوام لای ئەوان دی بووە؟.

لەبەرئەوە بەڕێزان لە ئێوە بۆ پرۆتستانە فەڕەنسیەکان، بۆ هەموو ناکاسۆلیکەکانی ئەم وڵاتە، هەمان شتم دەوێت کە ئێوە بۆ خۆتان دەتانەوێت: ئازادی و یەکسانی مافەکان. من ئەمەم بۆ ئەو خەڵکەش دەوێت کە لە کیشوەری ئاسیاوە ڕایان کردووە و نزیک هەژدە سەدە پێشتر هەمیشە سەرگەردان، هەمیشە دەرکراو و هەمیشە لێقەوماو بوون، و ئەگەر بەپێی یاساکانی ئێمە لەگەڵمان تێکەڵ دەبوون، (ئەوا) داب و نەریت و ئەخلاقی ئێمەیان وەردەگرت. ئێمە نابێت لەبەر ئەو ئەخلاقیاتە تایبەتیەی کە هەیانە سەرزەنشتیان بکەین، چونکە ئەمە ئاماژە بۆ بەربەریەتی وسوکایەتیەکی ئێمە دەکات کە بە ناهەق بەرامبەر بەوان بەڕەوامان زانیووە.

بەڕێزان! من شتێکم دەوێت کە ئێوە بۆ خۆتان دەتانەوێت. دەمەوێت هەموو ناکاسۆلیەکەکانی فەڕەنسا لەهەموو بابەت و بێ هیچ ئاوارتنێک، وەک هاوڵاتیانی تر بن، چونکە ئەوانیش هاوڵاتی ئەم وڵاتەن و یاساکان و ئازادی کە هەمیشە بێلایەنن، هەرگیز دادپەرەوەری بە نادادپەورەرانە دابەش ناکات.

کێش لە ئێوە بەڕێزان (ڕێگەم بدەن لێتان بپرسم) کێ لە ئێوە جۆرئەت دەکات یان دەیەوێت یان شایستەن کە لە ئازادی بەهرەمەند بن، لەهەمانکاتدا بەڵگەی دیلێتی دوو ملێۆن هاوڵاتی و شکۆی فێلئامێزی ئەو ئازادیە بن، کە چیدی ئازادی نابێت، چونکە بەشێوەیەکی نایەکسان دابەش بووە. چی بەوان دەڵێن گەر سەرزەنشتیان کردن کە دەروونیانتان کۆیلە کردووە، لەکاتێکدا ئازادی خۆتان پاراستووە؟ و داواکارم لێتان بڵێن کە ئەم ئەرستۆکراتیەتی بیروڕایە، کە دوو ملێۆن هاوڵاتی بە کویلەیەتی مەحکوم کردووە، کە هەمان خودای ئێوە بە شێوەیەکی دیکە ستایش دەکەن، چیە؟.

من بۆ هەموو ناکاسۆلیکەکان هەمان شتم دەوێت کە ئێوە بۆ خۆتانتان دەوێت: یەکسانی مافەکان، ئازادی، ئازادی دینی و مەزهەبی ئەوان، ئازادی ڕێبازەکەیان، ئازادی ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی دینیەکانیان لە جێگەکانی تایبەت بەو کارانە، دڵنیابوون لەوەی لە مەسەلەی مەزهەب و دینی خۆیاندا چیدی کێشەیان نابێت، وەک چۆن ئێوە نیتانە، و زامنکردنی ئەوەی یاسایەکی هاوبەش و گشتی، بەرگری لەوان وەک ئێوە، بە ئەندازەی ئێوە و بەشێوەی ئێوە دەکات.

(…) دواجار بەڕێزان من دەگەڕێمە بۆ بنەماکانی خۆم، بنەماکانی ئێوە، چونکە ئەم بنەمایانە لە ئێوەوەن. ئێوە ئەم بنەمایانەتان بە ئازایەتیەکی بێوێنەوە بەدەستهێناوە، و بەڕاگەیاندنی بۆ هەموو جیهان کە هەموو مرۆڤەکان بە ئازادی و یەکسانی لەدایک دەبن و دەمرن، جێبەجێتان کردووە.

مافەکانی سەرجەم فەڕەنسیەکان یەکسانە، هەموو فەڕەنسیەکان مافی یەکسانیان هەیە. لەبەرئەوە من هیچ هۆیەک نابینم کە بەشێک لە فەڕەنسیەکان بە بەشەکەی تر بڵێن: مافی ئێمە و ئێوە یەکسان نیە، ئێمە ئازادی بیروڕامان هەیە، بەس ئێوە نیتانە، چونکە ئێمە نامانەوێت کە هەتان بێت.

من هیچ هۆیەک نابینم کە بەشی ستەملێکراو نەتوانێت وەڵامیان بەمشێوەیە بداتەوە کە ڕەنگە ئێوە گەر گروپێکی بچوکتر بوونایە، بەمجۆرە قسەتان نەدەکرد، ئیرادەی پاوانخوازی ئێوە شتێک نیە جگە لە یاسای بەهێزەکان، ئەرکی منیش نیە پەیڕەوی لێبکەم. یاسای بەهێزەکان لەسەردەمی حکومەتی ستەمکاری یەک کەسدا کە ئیرادە و تاکە یاسا بوو، دەیتوانی بوونی هەبێت. بەڵام لای گەلێکی ئازاد، گەلێک کە ڕێز لە یەک بەیەکی تاکەکانی دەگرێت، ناتوانێت بوونی هەبێت.

بەڕێزان منیش زیاتر لە ئێوە نازانم کە مافی پاوانخوازی چیە. من ناتوانم ئیمتیازی پاوانخوازی لەهیچ شتێکدا قەبوڵ بکەم، بەڵام بە بڕوای من پاوانخوازی بیروڕا و مەزهەب و دین، لوتکەی نادادپەروەریە. ئێوە ناتوانن تەنانەت یەک مافتان هەبێت، کە من نەمبێت. ئەگەر ئێوە مافێکتان هەیە، منیش دەبێت ئەو مافەم هەبێت. ئەگەر ئێوە ئازادن، منیش دەبێ ئازاد بم. ئەگەر ئێوە دەتوانن بڕواتان بە ڕێبازی خۆتان هەبێت، منیش دەبێ بتوانم بڕوام بە ڕێبازی خۆم هەبێت.  ئەگەر نابێت ئێوە لە دڵەڕاوکێدا بژین، منیش نابێت دڵەراوکێم هەبێت.   ئەگەر لەگەڵ ئەم بنەما ڕوونانەشدا، ئێوە ڕێگری لەوە بکەن ئێمە بروامان بە ڕێبازی خۆمان هەبێت، بەو بیانووەی کە ئێوە زۆرینەن و ئێمە کەمینە، ئەمە رێک هەمان یاسای بەهێزەکانە، گەورەترین نادادپەورەریەکانە و ئێوە بەرامبەر بنەماکانی خۆتان، گوناهتان کردووە.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

[1] Mirabeau (٩١-١٧٤٩) سیاسەتمەداری فەڕێنسی، شۆڕشگێر و وتاربێژی مەزن کە گەرچی لە ئەرستۆکراتەکان بوو، بەڵام نوێنەرایەتی چینی سێهەمی دەکرد. و.ف

[2] Abbe ئابێ ناونیشناێکی کەنیسەییە بۆ بڵندترین پلەی ڕۆحانی خەڵوەتگە  مەسیحیەکان کە راهیبەکان تیایدا دەژین و دەخوێنن. ئابێ گرگوار ڕۆحانیەکی ئازادیخواز و دژی بە کویلەیەتی و ستەمکاری، و لەراستیدا شۆڕشگێڕێکی فەڕەنسیە. (و.ف)

ناردن: