توندوتیژیی پیرۆز؛ لە پەراوێزی سەردانەکەی پاپادا بۆ عێراق

Loading

نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق مستەفا کازمی، لەسەر خاکی فڕۆکەخانەکە، بە خەندەیەکی ڕاستەقینەوە، پێشوازی لە پاپا کرد. هەروەها دواتر سەرۆک کۆمار بەرهەم ساڵح، بە هەمان شێوە، لە کۆشکی کۆماری پێشوای لێکرد. یەکەم وتەی پاپا ئەمەی خوارەوە بوو: توندوتیژی بەسە! پەڕگیری بەسە! دەمارگیری بەسە!

ئەمە ئەو وشانەیە کە لە واقیعدا، کۆی دانیشتوانی ناوچەکە، نەک تەنها دانیشتوانی عێراق، چاوەڕوانی دەکەن. هەروەها یەکەمین وتەکانی پێش ئەوەی ئاراستەی مەسیحییەکانی بکات، ئاراستەی ئێزیدییەکانی کرد. لەبەر ئەو توندوتیژییە هەمەجی و بێوێنەیەی لەسەر دەستی داعشە تاوانبارەکان، بەسەر ئێزیدییەکاندا هات. هەروەها لەبەر ئێش و ئازارەکانیان و ئێش و ئازاری ژنەکانیان و منداڵەکانیان کە بە هیچ شێوەیەک وەسف ناکرێت. زۆر بەداخەوە بەشێکی گەورەی ڕۆشنبیرانی عەرەب، لە هەمبەر ئەو مەینەتی و ئێش و ئازارانەدا، بێدەنگییان هەڵبژارد و پێیانوابوو شتێکی لاوەکی و هاکەزاییە. ڕەنگە بەلای ئەوانەوە، لە ڕووی تیۆلۆژییەوە یان ئاینییەوە، پاساوی خۆی هەبووە. من کە ئەم قسانە دەنووسم، خەریکە لەرز دامدەگرێت و هیوادارم قسەکانم ڕاست نەبێت.

کەواتە ئەم پاپایە، هەر لە سەرەتاوە، دەیزانی چی دەوێت و لە وتنی ڕاستی سڵی نەکردووەتەوە و گوێی بە لۆمە و گازەندەی گازندەکاران نەداوە. هەر لە سەرەتاوە، پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی بەرپرسی سەرەکی لە ناوەی شەڕ و ئاژاوە کرد کە عێراق و ناوچەکە و جیهانی خەڵتانی خوێن کردووە. پاپای ڕۆما زۆرباش دەزانێت ئەم شەڕە لە زانستی ئاینەکاندا، یەک ناوی هەیە: توندوتیژی تەکفیری تیۆلۆژی/ لاهوتی، واتە ئەو توندوتیژییەی ڕەوایەتی ئیلاهی دەکەن بە بەردا. جا هیچ ڕەوایەتییەکی دیکە، لەسەرو ئەو ڕەوایەتییەوە هەیە، یان ڕەوایەتییەک هەیە لەو بەرزتر و باڵاتر بێت؟ هەر بۆیە ئەوە ترسناکترین جۆرەکانی توندوتیژییە کە مرۆڤایەتی، بە درێژایی مێژووە دوور و درێژەکەی، بەخۆیەوە بینیویەتی. من دەتکوژم و زۆر دڵنیام، بە کوشتنی تۆ، لە یەزدان نزیکدەبمەوە، بگرە بە سەربڕینی تۆ، دەڕۆمە بەهەشت. ئا ئەمەیە “توندوتیژی پیرۆز” یان ئەوەی بە هەڵە پێیانوایە پیرۆزە.

ترسناکی ئەم توندوتیژییە کە ناوچەکەی لە زەواق ناوە، ئا لێرەوەیە. تۆ تەنها لەبەر ئەوەی لەسەر ئاینێکی دیکە، یان لەسەر ئاینزایەکی دیکەی جیاواز لەدایکبوویت، کەواتە تۆ کافریت و حەڵاڵە بە شێوەیەکی شەرعی سەرببڕدرێیت. تۆ بۆچی لە شوێنێکی گونجاودا لەدایک نەبوویت، لە شوێنە  ڕاست و دروستەکەدا؟ بۆچی لە شوێنە هەڵەکەدا لەدایکبوویت؟ سەیری لایەنی کوێرانە یان ناڕەوای پرسیارەکە بکەن. ئەمە ئەو تیۆلۆژیا ڕەشەیە کە لە ئێستادا، حوکمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهانی ئیسلامی دەکات. لەبەر ئەم هۆکارەیە، پاپا هەر هێندەی پێی خستە سەر “خاکی شەهیدکراو/ الارض الشهیدة” بە گوزارشتی خۆی، واتە خاکی عێراق، جەختی لەم خاڵە کردەوە. پاپا پیاوێکی ئاینی گەورەیە و دەزانێ بە دیاریکراوی قسە لەسەر چی دەکات.  ئەو دەزانێ کێشەکە و نەخۆشییە درێژخایەنەکە لە کوێدایە کە تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی داڕزاندووە و دەیکات بە بەرمیلێک باروتی گڕگرتوو. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بوو، ئێزیدییە بەڕێزەکانی شاخی شەنگالی بە “قوربانیانی بێتاوانی دەستی بەربەریەتی شێتانە و نامرۆڤانە” وەسفکرد. ئەوە نامەیەکە تەنها ئاراستەی داعشەکان نەکراوە، بەڵکو بۆ هەمو ئەوانەشە کە بە نهێنی یان بە ئاشکرا، هاوسۆزن لەگەڵ داعشەکان. بەداخەوە ئەوانەش ژمارەیان زۆرە، تەنانەت لە نێو ڕۆشنبیران یان بەناو ڕۆشنبیرانیش ژمارەیان زۆرە.

پاپا لە کتێبە گفتوگۆ ئامێزەکەیدا سەبارەت بە “سیاسەت و کۆمەڵگا”، کە کتێبێکی گەورەیە، شتێکی ئاوا بە بیرمەندی فەرەنسی دۆمنیک ۆڵتۆن دەڵێت: ئەنجامدانی توندوتیژی بە ناوی خودا، هەڵەیەکە و لێخۆشبوونی نییە. خودای گەورەو میهرەبان، بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان، هەرگیز پاساو بۆ توندوتیژی کوێرانە، ناهێنێتەوە. خودا خۆشەویست و لێبوردەیە. توندوتیژی و خودا، دوو هێڵی تەریبن و هەرگیز بەیەک ناگەن. بە مانایەکی دی، ئاین ئەگەر بە شێوەیەکی ڕاست و دورست لێی تێبگەین، پاساو بۆ توندوتیژی ناهێنێتەوە. کاتێک ئەنجامدەری چاوپێکەوتنەکە ڕەخنەی لێدەگرێت و بە پایا دەڵێت: بەڵام ئەمەیە بە ڕاست و دروستی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لەسەر دەستی گروپە توندڕەوەکان ڕوودەدات؟ ئەو گروپانە پێیانوایە توندوتیژی حەڵاڵە، بگرە پیرۆزە/ موقەدەسە، بگرە ئەرک و واجبە. ئا لەو کاتەدا، پاپا وەڵامی دەداتەوە و پێی دەڵێت: ڕاستەکەیت و حەق لای تۆیە. لەبەر ئەم هۆکارەیە، ئامۆژگاری برایانی موسڵمان دەکەم، لەبەر ڕۆشنایی ئێستا و زانستی هاوچەرخ، سەرلەنوێ تێکستەکانیان بخوێننەوە. ڕێنماییان دەکەم میتۆدی ڕەخنەی مێژویی، بەسەر تێکستە پیرۆزەکانیان پراکتیک بکەن، وەک ئەوەی ئێمە لەگەڵ تێکست و کتێبە پیرۆزەکانمان ئەنجاماندا. ئەگەر نا، ئەوا هەرگیز لەم تەڵزگەیە ڕزگارمان نابێت. هەندێک تێکستی لاهوتی هەیە، ڕێگە بە توندوتیژی و شیکردنەوەی و ئەنجامدانی دەدات، بکرە پێیوایە توندوتیژی پیرۆزە! پێویستە ڕوبەڕوو لە بەرامبەر ئەو جۆرە تێکستانەدا ڕاوەستین. پاپا ڕاست دەکات. بە دیدی ئێمە، ئەمە کێشەی سەردەمەکەیە. هەر ئەمەشە بەدرێژایی ئەم  بیست ساڵەی دوایی، عێراقی خەڵتانی خوێن کردووە، لە ئەبو موسعب زەرقاوییەوە بۆ داعشەکانی ئێستا. ئەسڵی بەڵاکە ئا لێرەدایە. پاپا دەستی خستووەتە سەر برینەکە. هەر بۆیە مەسەلەکە بە تەنها، مەسەلەیەکی سیاسی ڕووکەش نییە، بە پێچەوانەی ئەوەی تێیگەیشتووین. ئەگەر وا بوایە، ئەوا چارەسەری ئاسان بوو. بەڵام ئەم مەسەلەیە زۆر لەوە مەترسیدار ترە: بە پلەی یەکەم مەسەلەیەکی ئاینی لاهوتییە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، بەشی زۆری ڕۆشنبیرانی عەرەب، هەر کە دەگەنە سەر مەسەلەکە، پاشەکشە دەکەن و بێدەنگی هەڵدەبژێرن.

بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری ئەم خاڵە، هیچ شتێک هێندەی زانستی بەراوردکاریی ئوسوڵییەکان باشتر نییە. مادام ئێمە لەناو یەک کەلەپوردا بەسەر خۆماندا داخراوین، یان لەناو یەک ئاینزادا خۆمان قەتیس کردووە، ئەوا ناتوانین لە هیچ شتێک تێبگەین. پێویستە لە دیدێکی فراوان و پان و پۆڕەوە، سەیری مەسەلەکان بکەین. بەراوردکاریی بنچینەی تێگەشتن و تێڕوانینە و بەوەوە شتەکان دەردەکەون. ئا لێرەدا خودی پاپا یارمەتیمان دەدات. پاپا لە شوێنێکی دیکەی ئەم کتێبە ناوازە و بەهادارەدا دەڵێت: کاتێک منداڵێکی بچوک بووم، پێیان دەوتین سەرجەم پرۆتستانتەکان، ڕەوانەی دۆزەخ دەکرێن. هەر هەمویان، لە بچوکیانەوە بۆ گەورەیان، لە یەکەم کەسیانەوە بۆ دواهەمین کەسیان(لێرەدا پاپا لەبەرامبەر ئەو کەسەی گفتوگۆکەی لەگەڵدا سازکردوە، دەست دەکات بە پێکەنین، بگرە هەردوکیان پێدەکەنن)، ئەمە لەبەر ئەوە بوو، ئێمەی کاسۆلیکەکان، پێمانوابوو پرۆتستانتەکان، خەڵکانی گومڕا یان زەندیق بوون و لەسەر ڕێگای ڕاست لایانداوە: واتە لەسەر ئاینی مەسیحی ڕاست و دروست لایانداوە. ئێمە تەواو بڕوامان بەوە بوو، لە مەسیحییەتدا، تەنها یەک ئاینزای ڕاست یان یەک گروپی فریادڕەس هەیە: ئەویش گروپی کاسۆلیکە.  ئا ئەوە بوو بڕوای ئێمە لە نێوان ساڵانی 1940 – 1942، واتە ئەو کاتەی تەمەنم تەنها چوار یان پێنج ساڵ بوو. پاشان گۆڕاین و گەشەمان کرد و چیتر هیچ کەسێکمان لە نیعمەتی خودا بێبەش نەدەکرد.

دوای کۆڕبەندی ڤاتیکانی دووەم کە تیۆلۆژیای کاسۆلیکی، بە شێوەیەکی زۆر نایاب، تازە کردەوە و ئاینزا مەسیحییەکانی لەیەکتر نزیک کردەوە، بگرە ئاینی مەسییحی لەگەڵ موسڵمانەکان و ئاینەکانی دیکەی جیهان نزیک کردووە، وازمان لە عەقیدەی تەکفیرکردن هێنا و دەستبەرداری بووین. ئا لەو کات و ساتەدا و دوای جەنگێکی توولانی، مەسیحییەت لەگەڵ خودی خۆی و لەگەڵ مۆدێرنە، ئاشتبووەوە.

هەنوکە ئەم پرسیارە دەخەینەڕوو: ئایا پاپا قسە لەسەر مەسیحییەت دەکات یان لەسەر ئیسلام؟ لە ڕاستیدا ورد و درشتی قسەکانی، بەسەر بەرەی ئیسلامیشدا پراکتیزە دەکرێت، لەگەڵ بوونی جیاوازییەکی بنەڕەتی، ئەو جیاوازییەش ئەمەیە: ئەوان بە تەواوەتی دەستبەرداری تیۆلۆژیای تەکفیر بوون و تیۆلۆژیای ڕۆشنگەرییان هەڵبژارد. کەچی ئێمە تا حاڵی حازریش، دەستمان بە تیۆلۆژیای تەکفیرەوە گرتووە و جگە لەو، هیچ جێگرەوەیەکی دیکەمان قبوڵ نییە. بگرە ناتوانین خۆمانی لێ دەرباز بکەین. ئێمە لە ناویدا و لە هەمو لایەکییەوە، دەورمان بە تەلی دڕکاوی چنراوە و تێیدا زیندانی کراوین. بگرە لەوەش زیاتر، ئێمە چێژێکی زۆر لەو داخرانە تیۆلۆژییەی ناو قەفەزە زێڕینەکەمان وەردەگرین. بۆچی؟ چونکە وامان لێدەکات هەست بکەین، ئێمە جیاوازین و لەسەرەوەی هەمو ئاینەکانی جیهان و گەلانی گۆی زەوین. دڵنایی و ئارامیمان پێدەبەخشێت، بگرە ئەو هەستەمان لا دروست دەکات کە تەنها ئێمە، دەچینە بەهەشت و سێ بەشی دانیشتوانی دونیا دەچنە دۆزەخ. تەنها ئێمە ئیماندارین و سەرجەم ئەوانی دیکە کافرن. ئەم هەستە چەند جوانە! چەند بەهێزە!

ئێمە ناتوانین لەو تەقینەوانە تێبگەین کە لەسەر دەستی زەرقاوی و ئەوانی دوای ئەو ڕوویاندا و عێراقیان خەڵتانی خوێن کرد، ئەگەر تیۆلۆژیای تەکفیر و فەتوا ناسراوەکانیان، لەبەرچاو نەگرین. لەبەر ئەوەیە، دەڵێم مەسەلەکە، لە سەرەتادا تیۆلۆژییە پێش ئەوەی سیاسی بێت. یان بڵێ مەسەلەکە تیۆلۆژی- سیاسییە، ئەگەر زاراوەکەی سپینۆزامان وەرگرت. ئەو شتەی لە ئێستادا، خۆرهەڵاتی عەرەبی دەتەقێنێتەوە و وێرانی دەکات، بریتییە لە تیۆلۆژیای سیاسی تەکفیری تاریکبین. نوقتە سەری دێڕ. ئەو شتەی بەهاری عەرەبی لەباربرد، بەهارێک لە سەرەتادا تەوژمێکی ڕزگاریخوازی ڕاستەقینە بوو، بریتییە لە دەستبەسەراگرتنی لەلایەن تاریکبینەکان و ئیخوان موسلمینەوە. بەم جۆرە بەهاری عەرەبی، لە بری ئەوەی بەرەو پێشەوە بمانبات، چەندین سەدە گەڕاندینییەوە بۆ دواوە. تائیفییەت و مەزهەبییەت، بە درێژایی ژیانی خۆیان، وەک ئێستا نەبوژاونەتەوە و نەشونمایان نەکردووە. تەنانەت لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، وەک ئێستا نەبووە و کاریگەری کەمتر بووە. وەلێ لەگەڵ ئەوەشدا، بەناو ڕۆشنبیرانی عەرەب، سوورن لەسەر ئەوەی بڵێن لە جیهانی عەرەبیدا، کێشەی ئاینی یان تائیفی بوونی نییە!

خۆشبەختانە پاپا کەسێکی ڕۆشنبیرە، لە ئەرجەنتین دۆستی عەرەبە و زۆرباش دەزانێت کێشەکە و نەخۆشییە درێژخایەنەکە لە کوێدایە. لەبەر ئەم هۆکارەیە، سەردانەکەی، هەم لە عێراق و هەم لە تەواوی ناوچەکە، پێشوازی لێکرا. ئەو پزیشکە و تیماری برینەکان دەکات. جگە لەوە، پاپا کەسێکە لێوان لێوە لە نییەتی باش و بێگەرد و بە ڕاستی خێر و چاکەی خۆشدەوێت.

کۆبوونەوەی پاپا لە شاری نەجەف لەگەڵ ئایەتوڵا سیستانی، کە ترۆپکی کۆبوونەوەیەکی ڕۆحی بوو، بەرهەمی هەمو ئەوانە بوو. ئەو کۆبونەوەیە دژ بە داعش و هێزە توندڕەو و تاریکگەراکان بوو کە لە ساڵی 2014وە، تا ساڵی 2017 مێژوی هەرەسهێنانی خەلافەتە ڕەشەکە، بە عێراقدا بڵاوببوونەوە. ئاشکرایە فەتوا بەناوبانگەکەی سیستانی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2014، ئەو بوو گوڕ و تینی داعشی ڕاوەستان کە پاپا بە هەمەجی و وەحشی و بەربەری وەسفی کردن. ئەوە فەتوایەکی پیرۆز بوو، ڕێڕەوی مێژوی گۆڕیی.

ئا بەم شێوەیە دەتوانین، ئەوە ببینین کە ئاین دەکرێت لە ڕێگای خێر و خۆشی (سیستانی) یان لە ڕێگای شەڕ و خراپەکاریی (داعش) بەکاربهێنرێت. ئەمەش شتێکە پاپا لە هەمو کەس زیاتر دەرکی پێکردووە. هەروەها پاپا زۆرباش دەزانێت ئەو ململانێیەی هەنووکە بەرقەرارە، تەنها لە عێراقدا نییە، بگرە لە تەواوی ناوچەکەدایە. ململانێکە لە نێون دوو جۆر تێگەشتنە بۆ ئاین: تێگەشتنێکی پێکەوەژیانی مرۆییانەی لێکبوردەیی، لەگەڵ تێگەشتنێکی تەکفیری داعشی دەمارگیر. یەکەمیان پارێزگاریی لە یەکێتی نیشتیمانی و ئەگەری پێکەوە ژیان دەکات، کەچی دووەمیان یەکێتی نیشتیمانی لەبەریەک هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەگەری پێکەوە ژیان دەکات بە دۆزەخێک کەس بەرگەی ناگرێت!

سەرچاوە:

االشرق الاوسط، سێ شەممە، 9 مارس، 2021

ناردن: