خانمانی سیبریا

ڕۆمانی (خانمانی سیبریا) یەکێکە لە کتێبە نوێیەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ئەم ڕۆمانە لەلایەن نووسەری ڕووسی (هێنری ترۆیا) نووسراوە و (جەلیل کاکەوەیس) وەک یەکێک لە ناودارترین و باشترین وەرگێڕکارەکانی کورد، کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە، هاوکات لەلایەن (ئاکار جەلیل)ی کوڕی وەرگێڕەوە، دیزاینێکی جوان و سەرنجڕاکێشی بۆ کراوە.

خانمانی سیبریا، ڕۆمانێکی پڕ لە ڕووداو و سەرکێشییە، توانای مرۆڤ دەردەخات بەرامبەر سەختییەکانی ژیان و ئەو ململانێ مێژوویی و قووڵە بەرجەستە دەکات، کە لە نێوان سروشت و مرۆڤدا، مرۆڤ و دەسەڵاتدا هەیە، ئەم ڕۆمانە بەشێوەیەکی هێند سیحری چنراوە، خوێنەر لە ساتی خوێندنەوەیدا هەست دەکات یەکێکە لە کارەکتەرەکان و بەشێکە لە ڕووداوەکانی، چونکە تێمای ڕۆمانەکە بێئەنداز لە خەم و خەونی مرۆڤەوە نزیکە و تەواو تیکەڵاوی ژیانی ڕۆژانە و قوربانی و بەرخودانی بووە لەپێناو ئازادی و گەیشتن بە بەختەوەری.

ڕۆمانی خانمانی سیبریا، باس لە کودەتاکەی ساڵی ١٨٢٥ ی ڕووسیا دەکات، لەلایەن کۆمەڵێک ئەفسەر و سەربازی دەوڵەوەتەوە دژ بە دەسەڵاتدارێتی قەیسەر، کودەتاکە بە مەبەستی لەکارخستن و کەنارگیرکردنی قەیسەری دەسەڵاتدارە، کە تەواوی جومگەکانی دەسەڵاتی کۆنترۆڵ کردووە و سنوورەکانی ئازادی و دیموکراسی و مافی چاپ و ڕادەربڕینی بەرتەسک کردۆتەوە و بووەتە بەشێک لەو جەنگە گەورە و خوێناوی و دارگیرکارییەی، لە ئەوروپا سەریهەڵداوە، بەتایبەت لە سەروەختی کودەتاکەدا، قەیسەر و هێزە سەربازییەکەی لە جەنگێکی خوێناویدان بەرامبەر تورکیا و هەوڵ دەدات بەشێک بێت لەو زلهێزەی هاوکێشە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەوروپا، بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی خۆیام بەڕێوەدەبەن، ئەوروپایەک کە وەک پاپۆڕێکی بێ خاوەن بەسەر دەریای بێ سنووری مەعریفە و فکر و ڕۆشنبیریدا دێت و دەچێت، لەو سەروەختەدا ئەوەی هێزی هەبێت، داگیرکاری دەکات و وڵاتە گچکە و بێهێزەکان دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.

هێنری ترۆیای نووسەری ئەم ڕۆمانە، بە شێوەیەکی ورد کاری لەسەر ئەو دەوران و قۆناغە کردووە و سوودێکی زۆری لەو ڕووداوە مێژوویانە وەرگرتووە و تێکەڵی خەیاڵ و ئەندێشە و فەنتازیای خۆی کردووە، هاوکات لە ڕێی ئەم ڕووداوانەوە نووسەر گوتاری خۆی بەیان دەکات، کە بریتییە لە ئازادی و سەربەستی و ژیانێکی شرەفمەندانەی دوور لە دەستێوەردان و سنووردارکردنی ئامانجە مرۆییەکان.

ئەو کودەتایەی ئەفسەرەکانی سوپا دژی قەیسەر بەرپای دەکەن، سەرکەوتوو نابێت و پاش ئاشکرابوونیان هەموویان دەستگیر دەکرێن، بە بڕیاری قەیسەر دوور دەخرێنەوە بۆ سیبریا و لەوێ سەرباری زیدانی کردنیان بە تاوانی خیانەتی نیشتمانی، مەحکووم دەکرێن بە کاری تاقەتپڕوکێن، لە ڕۆمانەکەدا هێندە جوان و سەرنجڕاکێش و هونەریانە، دیمەنی زیندانەکە و زیندانییەکان و کەشی غەمگین و پڕ لە فەلاکەتی زیندانییەکان کێشراوە، خوێنەر هەر زۆر زوو ئاشنای کونوقووژبنی شوێنەکان و خەم و ڕەنج و ماندوێتی زیندانییەکان دەبینێت.

ئەم ڕۆمانە بە شێوەیەکی ورد، وەفای ئافرەتی بەرامبەر عەشق و بەرخودان و خۆشەویستی مێردە زیندانییەکانیان پیشان داوە، بەوەی هاوسەری زیندانییەکان داوا دەکەن لەگەڵ مێردەکانیان بڕۆن و نزیک ئەوان بژین و مەینەتییەکانیان لەگەڵدا بەش بکەن، لەو گوندەی زیندانە گەورەکەی لێیە، خانوو بە کرێ دەگرن و واز لە ژیانی شاهانە و دەوڵەمەندانەی شار دەهێنن و ژیانی کولەمەرگی و ژێردەستەیی نزیک مێردە زیندانییەکانیان هەڵدەبژێرن، بەو پێیە سزا دراوەکان کەسانی چینی خانەدان و ئەفسەری دەستڕۆیشتوون، بڕێک کارئاسانییان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی جار جار بتوانن لە درزی دیوارێکی ئەستوورەوە، لە دوورەوە تەماشای هاوسەرەکانیان بکەن، جار جاریش لە نزیکەوە، بە یاوەری دوو پاسەوان بچنە خانووەکان و لە نزیکەوە هاوسەرەکانیان ببینن و قسەیان لەگەڵدا بکەن و بەخێرایی سەرجێییان لەگەڵدا بکەن، هەندێ لە ژنەکان هەر لەوێ دووگیان دەبن و منداڵیان دەبێت، هەندێکی دیکەیان هاوکاری پیاوە زیندانییەکان دەکەن و بە ناوی ئەوانەوە نامە بۆ کەسوکاریان دەنێرن، چونکە سزادراوەکان مافی ئەوەیان نییە خۆیان نامە بنێرن، نامەکانیش لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی جەنەراڵێکی پیر، کە سەرپەرشتیاری زیندانەکەیە دەنێردرێت.

ڕۆمانەکە بەپێی ڕووداوەکان، پڕە لە کارەکتەری جۆراوجۆر، شاری و لادێی، ژندار و سەڵت، دەوڵەمەند و هەژار، یاخی و ملکەچ، ئاییندار و بێباوەڕ، بەڵام (نیکۆڵا و سۆفیا) دوو بەرجەستەترین کارەکتەری نێو ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەن، ئەم دوانە ژن و مێردی یەکدین و پەیوەندییەکان بەپێی هەڵچوون و داچوونی ڕووداوەکان و ڕۆژگار، گۆڕانکاری بەسەردا دێت، تای عەشقەکەیان بەرز دەبێتەوە و نزم دەبێتەوە، خۆشەویستی و سێکس دەکەن و هەندێ جاریش دڵئێشان و دابڕان دروست دەبێت، بەڵام لە ناخی هەر یەکێکیاندا ئەوینێکی شاراوە هەیە و هەمیشە خۆشەویستییەکان زاڵ دەبێت بەسەر ڕق و گومان و تووڕەییەکانیاندا، باشترین نموونەی ئەم حاڵەتەش ئەو کاتەیە کە نیکۆڵا نیوەشەوێک هەڵدێت و زیندانەکە جێدەهێڵێت، پاش ماوەیەک دەستگیری دەکەن و بە نیوەگیانی دەیگەڕێننەوە بۆ زیندانەکە، دۆخی خراپی تەندروستی نیکۆڵا، وا لە سۆفیا دەکات بە درێژایی چەندین ڕۆژ و شەو چاودێری بکات  ودەرمانی بداتێ و پیسایی ژێری پاک بکاتەوە، بە چاکبوونەوەی نیکۆڵا و ئەو کاتەی زیدانییەکان بە ڕێگەیەکی دوور و درێژ و پڕ لە مەترسیدا دەگوێزنەوە بۆ زیندانێکی دیکەی نوێ، ئەوینی ئەو ژن و پیاوە زیندوو دەبێتەوە و خۆشەویستییەکەیان زاڵ دەبێت بەسەر ڕق و نیگەرانی و تووڕەییەکانیاندا.

سەرەنجامی ڕۆمانەکە و ڕووداوەکان، تا ئەندازەیەکی زۆر غەمگین و تراژیدییە، بەڵام وەفا و بەرخودان و خۆشەویستی ژنەکان وەک پەیامێکی زەق و بەرجەستە پیشان دەدات، هاوکات دەشێ لایەنێکی دیکەی جوانی و سەرنجڕاکێشی ئەم ڕۆمانە ئەوە بێت کە وانەیەکمان سەبارەت بە شۆڕش و سیاسەت و بەرخودان و قوربانی پێشکەش دەکات، وێنەیەکی ڕوون و واقیعی ئەو ڕۆژگارەمان بۆ دەکێشێت، کە تەنها لۆژیکی هێز و زوڵم و خوێنڕشتن ڕۆڵ دەگێڕێت، ئەو ڕاستییە پاتە دەکاتەوە کە جەنگ و داگیرکاری دەست دەخاتە ڕۆح و خەون و ژیانی مرۆڤەوە و لە بونەوەرێکی بیکەرەوە و ژیرەوە، دەیکات بە کەسێکی دڕندە و بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازییەکان دەکات بە پێوەر و بنەمای هەڵسەنگاندنی مرۆڤ، بەمەش ئەو دیدگا ئینسانییە لەنێو دەبات، کە خوازیاری ژیانێکی باشترە، تا لە سایەی ئاشتیدا گەشە بە هزر و چالاکییە مرۆییەکانی بدات.

ئەم نووسینە هەوڵێکی گچکەیە بۆ ناساندنی ئەم شاکارە جوانە و دەخوازم خوێنەر خۆیان لە چێژ و جوانی ئەم ڕۆمانە بێبەش نەکەن، بەتایبەت کە یەکێک لە باشترین وەرگێڕەکانی کورد (جەلیل کاکەوەیس) بە کوردییە جوانەکەی، هێندەی تر ژیان و زیندوێتی بە ڕۆمانەکە بەخشیوە.

ناساندنی: سەردەم

ناردن: