رۆسۆ ؛ ڕێبازی مرۆڤ، ڕێبازی هاوڵاتی، ڕێبازی مەدەنی

(لە پەیمانی کۆمەڵایەتیەوە، بەرهەمی ڕۆسۆ)

و. ڕێبین هەردی

 

هەندێک لە تیورە دێرینەکانی لێکبوردن بەهۆی ئەوەوە کە هیچ کەس ناتوانێت دڵنیا بێت لەوەی بڕواکانی خۆی هەقیقەتە، پێشنیاری لێبوردن بەرامبەر بیروڕای ئەوانی دی و ئازادهێشتنیان بۆ هەلبژاردنی ڕێبازی خۆیان دەکەن. چونکە کاتێک هیچ هەقیقەتێکی بێگومان بوونی نەبێت، هیچ ڕەهایەک نیە بۆ ئەوەی بەسەر خەڵکیدا بیسەپێنیت. ڕۆسۆ بنەمای یەکەم قەبوڵ دەکات،بەڵام گومان لە دووهەم دەکات: ئازادی ڕێبازو مەزهەب دەشێت دەرئەنجامی کارەساتاوی بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی هەبێت، ڕێکخستنی سیاسی پێویستی بە ڕێباز و مەزهەبێکی هاوبەشی گشتی هەیە. ڕۆسۆ بەپێچەوانەی لۆکەوە دین بە بەشێک لە بواری تایبەتی نازانێت. دین مەسەلەیەکی گشتیە، چونکە بەرپرسیاری کرداری ڕاستی هاوڵاتیانە: دین بە پێکەوەگرێدانی مرۆڤەکان لەسەر بناغەی شێوە خەیاڵی و سۆزداریەکان بەشێوەیەکی هەستپێکراو، مۆری سەلماندن لەو ڕێکەوتنە عەقڵانیانە دەدات کە پەیمانی کۆمەڵایەتی درووست دەکەن. دین ڕەهەندی پیرۆزی پەیمانی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات. دەوری سەرەکی دین خزمەتکردنی مەدەنیەتە، لەڕێگەی هاندانی هاوڵاتیانەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکە ئەخلاقیەکان.

بەڵام سەرەتا دەبێت ببینین مەبەست لە مەزهەب یان ڕێباز چیە؟ ڕۆسۆ چەندجۆرە ڕێبازێک دەناسێت: ڕێبازی مرۆڤ، ڕێبازی هاوڵاتی و مەسیحیەت. ئەم دابەشکردنە سەیر دێتە پێش چاو. ئایا ڕۆسۆ فەرامۆشی ڕێبازەکانی دی دەکات؟ لەڕاستیدا ئەو پێشتر ئەو ڕێبازانەی تاوتوێ کردووە: ئەگەر چەند خوا پەرستی نەریتی (پۆلو تئیسم) دەرئەنجامی دابەشبونی نەتەوەییە، چەند خوا پەرستی دوایی (پاگانیسم)یش تەنیا ڕێبازە نەتەوەییەکان بە ڕێگەپێداراو دەناسێت و لەنێوان خواکان و یاساکاندا جیاوازی ناکات. لە ئەنجامدا جەنگی سیاسی دەگۆڕێت بۆ جەنگی دینی، چونکە بۆ بڕواپێهێنانی نەتەوەکانی دی بە ڕێبازی خۆت، ئامرازێک جگە لە زاڵ بوون بەسەریاندا نیە: مانای ئەم قسەیە ئەوەیە ڕێباز و مەزهەبە نەتەوەیەکان لێبوردنیان نیە. ڕۆسۆ دەڵێت لەبارەی حەزرەتی محەمەدیشەوە هەروایە. ئەو توانی ڕژێمە سیاسیەکەی لەگەڵ دیندا بەیەکەوە گرێ بدات، بەڵام دواجار لەگەڵ دابەشبوونی سەرزەمینەکەیدا، دابەشبوون مەزهەبی لەو ڕژێمەدا ڕوویدا.

لەبنەرەتدا ئەوەی لەم شیکردنەوانەدا گرنگە، شێوازەکەیەتی. شێوەی لێکۆڵینەوەی ڕۆسۆ لەبنەڕەتدا شێوەیەکی پراکتیکیە: ڕۆسۆ دینەکان بەپێی دەوری کۆمەڵایەتیان تاوتوێ دەکات، نەک بەپێی بەهای ڕاستەقینە بوونیان. پێوەرەکەی ڕۆسۆ سوودمەندیانە. بە بڕوای رۆسۆ دەکرێت مەزهەبەکان بە پێی ئەوەی ئایا پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانیان بە بەهێزکردنی هەستی نیشتیمانپەروەری، پتەو کردووە یان نا، تاوتوێ بکرێت.  نوێکردنەوەی پراکتیکی (دەوری مەزهەبەکان، کۆمەلایەتیە) دەبێتە جێگرەوەی ڕەدکردنەوەی تیوری (دەوری مەزهەبەکان، پێشاندانی هەقیقەتی خودا نیە). ڕۆسۆ مەسەلەی هەقیقەتی مەزهەبەکان دەخاتە لاوە، چونکە ئەوەی گرنگی زۆرتری هەیە، دەرئەنجامەکانی بیروڕای هاوڵاتیانە بەسەر ڕەفتار و کرداریاندا، نەک ناوەڕۆکی حوکمەکان و دۆگماکان. رۆسۆ لە کتێبی ئەمیلا[1] پێچەوانەی ئەمە شتێک ناڵێت: “من هەموو مەزهەبەکان بە چاوی دەزگایەکی ڕزگارکەر سەیر دەکەم کە لەڕێگەی یەک ڕێبازەوە، شێوەیەکی یەک ڕیتم بۆ ستایشی خودا، لەهەر وڵاتێکدا بەرپا دەکەن”. هەر ڕژێمێکی سیاسی مەزهەبێکی فەرمی بۆ خۆی هەیە: لەبەرئەوە دینی فەرمی “شتێکە پاوانی ڕێکخستنی سیاسی وڵاتە”.

هەنوکە دەتوانین باشتر لە مانای ڕێبازی مرۆڤ و ڕێبازی هاوڵاتی تێبگەین. رێبازی مرۆڤ”پەرستگاو میحراب و ڕێوڕەسمی نیە”،”سنوردارە بە پەرستنی دەروونی خودای مەزن و ئەرکە نەمرە ئەخلاقیەکان”. ڕێبازی مرۆڤ خوا پەرستیە، ژمارەیەکی کەم حوکمی دۆگمای هەیە: پلەی جێگری قەشە (لەم مەزهەبەدا) وا فێردەکات کە بوونێکی باڵا هەیە کە ئیرادەکەی بە ڕێکخستنێکی عاقڵانە، بوونەوەرەکان ئەخاتە جوڵە و سروشت ئەخاتە جموجۆڵ، و دادپەروەری خودایی و دەروونی مرۆڤ کە جیا لە جەستەیە و نەمرە، لە جیهانێکی تردا پاداش دەکات یان سزا دەدات. کەوابوو ئەم ڕێبازە لەبنەڕەتدا چەمکێکی ئەخلاقی هەیە، چونکە “ئەرکە ئەخلاقیەکان دەستنیشانی دەکات”. ئەمە بە چ مانایەکە؟ بەمانای ئەوەیە ئەرکەکان نوێنەری ئەخلاقیاتێکن کە کەس ڕاینەگەیاندووە، دەرئەنجامی پەیمانی کۆمەڵایەتی نیە، بەڵکو سروشتیە، واتە لەخودی مرۆڤدا هەیە. لێرەوە رێبازی مرۆیی ڕێبازێکە سەرتاپاگیر و گەردوونی کە لەناو دەروونی ویژداندا فێرکراوە. ویژدانی مرۆڤ ئەخلاقیاتێکی خۆڕسکی لەگەڵ خۆیدا هەیە کە ڕێگەی گواستنەوەیەی بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی خۆش دەکات. جێگری قەشە پشتراست دەکاتەوە: “کەوابوو لە قوڵایی دەروندا بنەمای خۆڕسکی دادپەروەری و پاکژی بوونی هەیە”، و بناغەی ڕێبازی مرۆڤ هەمان شتە. “ویژدان! ویژدان! غەریزەیەکی خودایی، بانگێکی نەمر و ئاسمانی…” ئەگەر سروشت بنەمای ئەخلاقە، ویژدانی ئەخلاقی وەک غەریزەکەی خودایی دەردەکەوێت. جێگیربوونی لە جەستەدا، مرۆڤ لە حاڵەتی ئاژەڵی ڕزگار دەکات و بەرزی دەکاتەوە بۆ بەرزترین حاڵەتی ئەخلاقی.

ڕۆسۆ ڕێبازی مرۆڤ لەگەڵ مەسیحیەتدا بەیەک شت دەزانێت. تێبینی ئەوە دەکات لەنێوان ڕێبازی مرۆیی و مەسیحیەتی مێژوویدا یان “دینی قەشە” جیاوازی هەیە: ڕێبازی سروشتی هەمان مەزهەبی ئەنجیلەکانە، بەو مانایەی ئارەزووی گەردوونی بوون و سەرتاپاگیری هەیە. چونکە لەم دینەدا هەموو مرۆڤەکان کە مناڵی یەک خودان، یەکتر بە برا دەزانن. بەڵام ئەم دینە لەخزمەتی سیاسەتدا نیە: “دەسەڵاتی بەرهەمهاتووی یاساکان، بۆ یاساکان بەجێدێڵێت”. ڕۆسۆ ڕەخنەی بەها بەرگریەکانی مەسیحیەت لەسەر بناغەی پێوەری سودمەندی دەکات. کە پێشتر دەستنیشانی کردووە: مەسیحیەت لەبەرئەوەی مەدەنی نیە، مەحکومە، چونکە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەهێز ناکات. “دینێکی تەواو ڕۆحانیە”، ئەو فەزیڵەتانەی فێری خەڵکی دەکات، ئەنداماکانی بێتوانا دەکات بۆ بەرگریکردن لە نیشتیمانی خۆیان، و “پابەندی و پێکەوە بەستن” درووست دەکات. ڕۆسۆ ڕەخنەکانی بیل لە مەسیحیەت دووبارە دەکاتەوە، بەڵام دەرئەنجامی جیاوازی لێ وەردەگرێت. ناسوودمەندی فەزیڵەتە ئەخلاقیەکانی مەسیحیەت، نابێت هاوکاری ئەو بیرۆکانە بکات کە خوانەناسییش دەتوانێت پایەیەک بێت بۆ کۆمەڵگا. ڕۆسۆ بە پێچەوانەوە دەڵێت دەبێت شێوەیەکی تری دین قەبوڵ بکرێت کە لەگەڵ ڕێبازی سروشتی و ڕێبازی مەدەنیدا بگونجێت.

ڕۆسۆ جیاوازی لەنێوان ڕێبازی هاوڵاتی و ڕێبازی مەدەنیدا دەکات. ڕێبازی هاوڵاتی کە گەل بە نیشتیمانەوە گرێ دەدات، ڕێبازێکی نیشتیمانیە. دۆگماکان و ڕێوڕەسمەکانی لە یاسا مەدەنیەکاندا دێت. ئەگەر ئەو سوودەی هەیە کە هاوڵاتیان بە یاساکانەوە پابەند بکات، ئەو عەیبەی هەیە کە هەرچیەک بێگانە بە نەتەوە بێت، بە دڕندانە دەناسێنێت. تەنیا بۆ هاوڵاتیان ئەرک دیاری دەکات، نەک بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی. بە دەربڕەنێکی تر پێچەوانەی مەسیحیەتە کە بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی ئەرک دیاری دەکات، بەڵام لەناوەڕۆکدا خەڵکی لە بەرگریکردن لە نیشتیماندا بێ توانا دەکات.

رێبازی مەدەنی باشیەکانی هەردوو رێبازەکەی هەیە. وەک ڕێبازی مرۆیی بەرگری لە ” بوونی خودای بەتوانا، هوشیار، چاکەکار، پێشبینیکەر و خۆشبەختی چاکەکاران، سزای گوناهباران، پیرۆزی پەیمانی کۆمەڵایەتی و یاساکان” دەکات. حوکمەکانی کە کورت بۆتەوە بۆ کۆمەڵیک دۆگمای کەم، لەلایەن میرەوە دانراوە. دەسەڵات و سەلاحیاتی میر مەزهەبی نیە، بەڵکو سیاسیە، تا ئەو جێگەیەی کە ڕێبازی مەدەنی تەنیا سەرنجی لەسەر ڕەفتاری کەسەکانە، نەک بیروڕایان (لانیکەم تا ئەو جێگەیەی کاریگەری لە کردارەکانیان نەبێت). پەیمانی کۆمەڵایەتی و دەوڵەت وەک شتی پیرۆز بە هاوڵاتیان دەناسێنێت، و پەیڕەوانی خۆی لەپەیوەندیەکی هاوبەش و دیاردا بە بەرژەوەندی مەدەنیەوە دەبەستێتەوە. ڕێبازی مەدەنی بەم مانایە نوێنەری ” هەستە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤەکانە کە بێ ئەو مومکین نیە هاوڵاتیانی باش یان پەیڕەوانی وەفادار بن”. ڕێبازی مەدەنی نیشتیمان پەروەری لە هاوڵاتیاندا درووست دەکات، کە ئەمیش دەیانبەستێتەوە بە یاساکانەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی ئەرکە مەدەنی و ئەخلاقیەکانی خۆیان خۆش بوێ. بێ ئەوەی ویژدانەکان ناچار بکات، دڵەکان یەکدەخات، چونکە پێی لەناو ڕێبازی سروشتیدایە[2].

ئەگەرچی ڕێبازی مەدەنی لێکوبردنی هەیە (چونکە هەمان هەمەکی و سەرتاپاگیری ڕێبازی مرۆیی هەیە- بەڵام سنوورێک بۆ لێکبوردن لەبەرچاو دەگرێت. ڕۆسۆ بڕوای وایە دەوڵەت مافی ئەوەی هەیە کەسانێک کە نایەنە ناو ڕێبازی مەدەنیەوە، نەک وەک بێ باوەڕ، بەڵکو وەک ئاژاوەگێر و ناکۆمەڵایەتی لەوڵات دوور بخاتەوە. خوانەناس ناتوانێت هاوڵاتیەکی باش بێت. ئەو کە لەدادپەروەری خودا نەترسێت و بەهۆی ڕێبازی مەدەنیەوە خۆشەویستی نیشتیمان، یاسای مەدەنی و ئەرکەکانی خۆی نەناسێت، ئەوا تەنیا بەدوای بەرژوەندیەکانی خۆیەوە دەبێت و تەنیا سزا مەدەنیەکان دەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات. ئەم بەڵگاندنە پێشینەی هەیە: لەبەرئەوەی خوانەناس ئەخلاقی نیە، ناتوانێت پابەند بێت بە پەیمانەکانیەوە وەک شتێکی پیرۆز، لەکاتێکدا پەیمانەکان بناغەی پەیمانی کۆمەڵایەتین. بەڵام ڕۆسۆ ئەم ئەرگومێنتە چاک دەکاتەوە و دەڵێت دەبێت هەستێکی هاوبەش کە خۆشەویستی ئەنجامدانی وەزیفە دەوروژێنێت، بۆ عەقڵانیەتی پەیمانی کۆمەڵایەتی زیاد بکرێت. ڕۆسۆ لەنێوان لێکبوردنی زەمینی و لێبوکردنی دینیدا جیاوازی ناکات: ئەم دووانە لەیەک جیا نابنەوە، چونکە دین سەرچاوەیەکی گرنگی بڕواهێنانە بە یاسا دەوڵەتیەکان وناسینی ئەرکە مەدەنی و ئەخلاقیەکان. ڕۆسۆ بەمشێوەیە دەیەوێی لە بیل و ویلیام ڤاربرتۆن دوور  کەوێتەوە: لە بیل لەبەر ئەو هۆیە کە دەوری کۆمەڵایەتی دین قەبوڵ ناکات، لەکاتێکدا بە بڕوای ڕۆسۆ هیچ دەوڵەتێک بێ بناغەیەکی دینی دانەمەزراوە، و لە ڤاربرتۆن لەبەرئەوەی مەسیحیەت بە سەقامگیرترین پایەی دەوڵەت دەزانێت، و سەرنج لەوە نادات کە یاسای مەسیحی لەڕاستیدا بەرلەوەی بۆ درووستبوونی دەوڵەت سودمەند بێت، زیانبەخشە.

دەق:

بەڵام تێبینیە سیاسیەکان بخەینە لاوە، باسی مافەکان بکەین و بۆ ئەم مەسەلە گرنگە بنەماگەلێک دابڕێژین. مافێک کە پەیمانی کۆمەڵایەتی بە میری دەدات لەبەرامبەر پەیڕەوانی خۆیدا، وەک گووتم لە سنووری سودمەندی گشتی تێناپەڕێت. لەبەرئەوە ئەندامانی کۆمەڵگا ناچار نین لە بواری بیروڕاکانی خۆیاندا جگە لەوانەی کە گرنگی بۆ کۆمەڵگا هەیە، لەبەردەم میردا لێپرسینەوەیان هەبێت. بەڵام بۆ دەوڵەت گرنگە هەر هاوڵاتیەک ڕێبازی خۆی هەبێت کە عەشق بۆ ئەنجامدانی ئەرکی تیا درووست بکات. بەڵام حوکمەکانی ئەم ڕێبازە جگە لەو جێگەیانەی کە پەیوەندی بە ئەخلاق و ئەرکەکانەوە هەیە کە پەیڕەوان لەبەرامبەر ئەوانی دیدا هەیانە، پەیوەندی بە دەوڵەت و ئەندامانی دەوڵەتەوە نیە. هەرکەس دەتوانێت هەر باوەڕێکی دەوێت هەیبێت ، و مافی میر نیە ئاگادار بێت لێی. چونکە میر هیچ دەسەڵاتێکی لە جیهانەکەی تردا نیە، کەوابوو چارەنووسی هاوڵاتیان لە ژیانی ئایندەدا هەرچیەک بێت، بەو مەرجەی لەم جیهانەدا هاوڵاتی باش بن، پەیوەندی بەوەوە نیە. کەوابوو تەنیا یەک جۆر دانپیانانی بیروڕای مەدەنی بوونی هەیە کە میر دەبێت ڕێساکانی دابنێت، ڕێساگەلێک کە نەک رێک وەک دۆگما دینیەکان، بەڵکو وەک جۆرێک هەستی کۆمەڵایەتیە کە بێ بوونیان ناکرێت هاوڵاتیەکی باش یان هاونیشتیمانیەکی وەفادار بن. میر دەتوانێت هەرکەس بڕوای پێ نەبێت لە وڵات دەربکات و نەفی بکات، نەک وەک بێ باوەر، بەڵکو وەک کۆمەڵایەتی نەبوون، وەک ناشایستەیی لە عەقشقی ڕاستەقینە بۆ یاساکان، بۆ دادپەورەری و لە حاڵەتی پێویستدا خۆفیداکردن لەپێناوی ئەنجامدانی ئەرکدا. ئەگەر کەسێک پاش قەبوڵکردنی ئەم حوکمانە، ڕەفتاری بەشێوەیەک بێت کە گوایە قەبوڵی نەکردووە، سزای مردنی هەیە، کەسێکی وا گەورەترین تاوانی کردووە، لەبەرامبەر یاساکاندا درۆی کردووە.

دۆگماکانی ڕێبازی مەدەنی دەبێت سادە، کورت، ڕوون و بێ ڕوونکردنەوە و تەفسیر بن. بوونی خودایەکی بەتوانا، هۆشمەند، چاکەکار، ئایندەبین، ئامادەکەری ژیانی ئایندە، خۆشبەختی چاکەکاران، سزادانی خراپەکاران، پیرۆزی پەیمانی کۆمەڵایەتی و یاساکان و حوکمە پۆزتەیڤەکانە. بەڵام من حوکمە نیگەتیڤەکان تەنیا کورت دەکەمەوە بۆ یەکێک کە ئەویش نەبوونی لێکبوردنە. نەبوونی لێکبوردن لەو شێوانەیە کە ئێمە ڕەدی دەکەینەوە.

بە بڕوای من کەسانێک کە جیاکاری لە نێوان نەبوونی لێبوردنی مەدەنی و نەبوونی لێبوردنی دینیدا دەکەن، هەڵەن. ئەم دوو لێبووردنە لەیەک جیانابنەوە. ژیانی بە ئاشتیانە و ئارامی لەگەڵ کەسانێکدا کە بە مەلعون دەناسرێن، مومکین نیە. خۆشویستنیان نەفرەت دەبێت لەخودایەک کە سزایان دەدات. دەبێت ئەوانە یان بگەڕێنرێنەوە بۆ ڕێگەی ڕاست، یان سەرکوت بکرێن. لەهەرشوێنێک نەبونی لێبوردنی دینی قەبول بکرێت، مەحاڵە دەرئەنجامی مەدەنی نەبێت، و هەرکەواش بوو، میر چیدی میر نابێت، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورتیش: هەر لەو ساتەوەختەوە ئیدی قەشەکان دەبنە سەرداری ڕاستەقینە و شاکان دەبنە خزمەتکاریان. هەنوکە کە چیدی ڕێبازێکی نیشتیمانی یەکتا بوونی نیە و بوونی نابێت، دەبێت لێبووردە بین لەگەڵ سەرجەم ئەوانەی لێبوردوون بەرامبەر کەسانی دی، تا ئەو شوێنەی حوکمە مەزهەبیەکانیان ناکۆک نیە بە ئەنجامدانی ئەرکەکانی هاوڵاتیان. بەڵام هەرکەس جورئەتی ئەوە بکات بڵێت: “لەدەرەوەی کەنیسە ڕزگاری نیە، دەبێت لە وڵات دەربکرێت، مەگەر ئەوەی دەوڵەت و کەنیسە و شازادە، ئەسقەف بێت. حوکمێکی وا دۆگمایی تەنیا لە یەک حکومەتی مەزهەبیدا ڕاستە و لەهەر حکومەتێکی تردا زیانبەخش و ترسناکە. ئەو هۆیەی بۆ باوەڕهێنانی هانری چوارهەم[3] بە مەزهەبی کاسۆلیکی دەیهێننەوە، دەبێت وا لە هەموو مرۆڤێکی شەرافەتمەند و بەتایبەتی هەر شازادەیاک بکات کە توانای ئەرگۆمێنتی هەیە واز لەو دینە بهێنێت

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

[1] Emile لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی ڕۆسۆ.

[2] لەبارەی پەیمانی کۆمەلایتیەوە، بەشی جوارهەم، ٧.

[3] هانری چوارهەم (١٦١٠-١٥٥٣) پاشای فەڕەنسا. پێش گەیستن بە پاشایاەتی سەردەمی کوشتاری پرۆتساتنەکان بە دەستی کاسۆلیکەکان، نکۆڵی لە مەزهەبی خۆیکرد  کە پرۆستتانت بوو ، و دانی بەوەدا نا کە کاسۆلیکە. بەڵام ئەم نکۆڵی و دان پیانانە ڕاستگۆیانە نەبوو، کە دواتر پاش راکردنی ڕابەرایەتی پرۆستتانەکانی لە ئەستۆ گرت. بەڵام جارێکی تر لە ساڵی ١٥٩٣ لەبەر هۆی سیاسی وازی لە مەزهەبەکەی خۆی هێنا و بۆ گەیشتن بە پاشایەتی فەڕەنسا بوو بە کاسۆلیک. (و.ف)

ناردن: