میل؛ ستەمکاری زۆرینە

(لە: لەبارەی ئازادیەوە، بەرهەمی میل)

کتێبی لەبارەی ئازادیەوە هەم لە ستایش و هەم لە ڕەخنەگرتنی ئازادیدایە. دیموکراسی وەک حکومەتی خەڵکی بە دەربڕینی جۆن ستیوارت میل، دەتوانێت “ستەمکاری زۆرینە”بەرهەم بهێنێت: کاتێک گەلێک بە زۆرینە دەبێتە خاوەن دەسەڵات لەبەرامبەر کەمایەتیدا، دژی خراپ بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتە ئامادە نیە. جۆن ستیوارت میل دوابەدوای بنژامین کۆنستان و تۆکڤیل “ئەم سەرکوتکردنە کۆمەڵایەتیە کە توندیەکەی تازەیە” و ڕۆدەچێتە ناو بچوکترین بەشەکانی ژیان و تەنانەت دەروونەکان دەخاتە خزمەتی خۆیەوە، مەحکوم دەکات. لەبەرئەوە خۆپاراستن لەبەرامبەر ستەمکاری حوکمڕان بەس نیە. ئەگەر سنوردارکردنی دەسەڵاتی حکومەت بەسەر تاکەکاندا هەمیشە گرنگی پلە یەکی هەبێت، ئەوا دەبێت لەبەرامبەر ستەمکاری بیروڕا و هەستەکانی حوکمڕانیشدا، دژی ئارەزووی کۆمەڵگا بۆ شیکاری بیروراکان و کردارەکانی خۆی، بە ئامرای تر وەک شێوەکانی ڕەفتار، لەگەڵ کەسانێکدا کە هاوڕای نین. بەرگری لە خۆی بکات. بە کورتی دەبێت بەرگری لە ئازادی تاکەکەسی بکرێت لەبەرامبەر ئارەزووی کۆمەڵگا بۆ ڕێگرتن لە پەرەسەندنی هەرجۆرە تاکایەتیدا(فردیت). سەرقاڵی جۆن ستیوارت میل ئەوەیە سنورێک بۆ دەستتێوەردانی بیروڕای هەموان لە سەربەخۆی تاکەکەسدا دابنێت، و لە سنووری ئەم بیرکردنەوەدایە کە بیرکردنەوە لە لێکبوردن پەرە پێدەدات. ئەم بیرکردنەوەیە چیدی وەک مەسەلەیەکی دینی نامێنێتەوە، و سەرجەم پەیوەندیە گشتی و تایبەتیەکان دەگرێتەوە. ووتوێژ لەبارەی لێکبوردنەوە زەمینی ودنیایی دەبێت و لەدوو دیدی تاکگەری و سوودگەریەوە، کە جۆن ستیوارت میل پەرەی پێدەدات، سەراتەیەکی نوێ پەیدا بکات.

پێوەری جیاکاری نێوان بواری گشتی و بواری تایبەتی، سودمەندیە بۆ مرۆڤ بە چەمکە بڵاوەکەی و هەروەها بە چەمکە سنووردارەکەی. دەبێت بەرژەوەندەیە بەردەوامەکانی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی شایستەی پێشکەوتن و هەروەها بەرژەوەندیە تایبەتیەکان کە تەنیا تاکەکەس نوێنەرێتی، بەیەکەوە رەچاو بکرێت. بەمشێوەیە جۆن ستیوارت میل جیاکاری دەکات لە نێوان ئەو کارانەدا کە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندیەکانی ئەوانی دی هەیە، و ئەو کارانەی کاریگەری لەسەر ئەو بەرژەوەندیانە نیە. تاکەکەس لە پەیوەندیدا بەوانی دیەوە بەڕاستی لەبەرامبەر کەسانێکدا بەرپرسە کە بەرژەوەندیان لە ئارادا بێت. لەبەرئەوە تاکەکس بە تاکی یان بە کۆمەڵ بۆ پاراستنی خۆیان، مۆڵەتی ئەوەیان هەیە ڕێگری لە ئازادی تاکەکەسێک بکەن. ئامانج لەم ڕێگرتنە نابێت دەستێوەردان بێت لە ژیانی تاکەکەس، بەڵکو تەنیا دەبێت ڕێگری لەوە بکرێت زیان بەکەسانی دی بگەیەنێت. سەرەڕای ئەمە دەبێت هەندێک پابەندێتی کۆمەڵایەتی بە ووردی دیاری بکرێت. یەکەم پابەندێتی ئەوەیە کە نابێت زیان بە بەرژەوندیەکانی کەسانی دی، یان بە ووتەی جۆن ستیوارت میل بە هەندێک لەو بەرژەوەندیانە بگەیەنێت کە بە حوکمی یاسا دانراووە ڕاشاکاوانەکان یان بەپێی پەیمانە شاراوەکان، دەبێت وەک ماف قەبوڵ بکرێن. هەموو کەسێک دەبێت بەشداری لە بەرژەوەندی گشتیدا بکات و بەرپرسیاری کاری خۆی قەبوڵ بکات، و بۆ بەرگری لە کۆمەڵگا لەگەڵ ئەندامەکانیدا لەبەرامبەر ئەو زیانانەی کە ڕەنگە توشیان ببێت، فیداکاری پێویست بکات: لەبارەی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی هاولاتیانیشەوە، هەمان شت ڕاستە.

بەپێچەوانەوە بواری تایبەتی دەبێت بۆ تاکەکەس، واتە بۆ پەرەپێدانی تاکایەتی بمێنێتەوە. بواری تایبەتی بوارێکی پراکتیکیە کە کارەکانی تاکەکەس تیایدا تەنیا کاریگەری لە خۆی دەکات، و لەئەنجامدا کۆمەڵگا ناتوانێت ڕاستەوخۆ دەستی تێوەردات. تاکەکەس لەم بواردا باڵادەستی هەیە و دەتوانێت ئازادانە هەڵبژادنەکان، بیروڕا، کردار و شێوەکانی ژیانکردنی کە خۆی دەیەوێت، دیاری بکات. جۆن ستیوارت میل بیرۆکەی مافەکان سەر لە نوێ تاوتوێ دەکات. بەبڕوای ئەو ماف رێسایەکی باڵای زیهنی نیە، بەڵکو ئازادیەکی قەبوڵکراووە لەبواری تایبەتیدا و بەدیهاتنی لەناو شێوە جیاوازەکانی ژیاندا. تاکەکان بەهەمانشێوە کە بواری تایبەتیان هەیە، تا ئەو شوێنەی لەگەڵ پێداویستیە هاوبەشەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بگونجێت، خاوەن مافن. بنەمای ماف ڕێسای دەستوەرنەدانە لەکاری کەسانی دی و دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی تاکەکانە. بەمشێوەیە بناغەی لێکبوردن سنووردارکردنی دەسەڵاتی زەمینی و هەروەها سنووردارکردنی دەستێوەردانی کۆمەڵگایە لە کارە تایبەتیەکاندا. ئازادی دەبێت وەک لەو دەقەی میلدا هاتووە کە هێناومانەتەوە، لەسێ ئاستی جیاوازدا لە دەستێوەردان پارێزراو بێت: یەکەم لە ئاستی ئازادی بیروڕادا یان ویژدان کە مافی دەربڕینی ڕا بە ئاشکرای شێوە دەرەکیەکەیەتی. دووهەم ئاستی ئازادی تێرکردنی زەوقەکان، ئازاد هەڵبژاردنی ئەو بەرژەوەندیانەی بەدوایدا دەچین، و شێوەی ژیانکردن بەوشێوەیەی مرۆڤ خۆی دەیەوێت، بێ ئەوەی ئەوی دی بتوانێت گەر تەنانەت لە دیدی ئەوەوە ڕەفتاری مرۆڤەکە بێمانا، ناشایستە یان خراپ بێت، دەستی تێبخات. سێهەم لە ئاستی ئازادی هاوبەشیکردن لەگەڵ کەسانی دیدا کە بە دوای بەرژوەندی هاوشێوەوەن.  ئەم ئازادیانە پەیوەندی بە بواری تایبەتی و لەهەمەمانکاتدا سوودی گشتیەوە هەیە. هیچ کۆمەڵگایەکی ئازاد نیە، مەگەر ئەم ئازادیە تایبەتیانە ڕەچاو بکات، واتە ئەگەری ڕاستەقینەی پەروەردە کردنی تاکانەیەتی(فەردانیەت) بڕەخسێنێت. سوودمەندی تاکەکەسی لەگەڵ سوودمەندی کۆمەڵایەتیدا گونجاوە، بە مەرجێک سەربەخۆیی ئەخلاقی تاکەکەس، ئامانجی کۆتایی ژیانی ئەخلاقی کۆمەڵگا بێت.

ئەم ئازاادیانە پێویستی بە قەدەغەکردنی ژمارەیەک کارە. بەمشێوەیە هیچ کەس ناتوانرێت لەبواری بەرژەوەندی تایبەتیدا ناچار بەشتێک بکرێت (لەوانە هەرکەس ئازادە چەندی دەوێت بنۆشێت، بەو مەرجەی ژیانی کەسانی تر نەخاتە مەترسیەوە). ئەرکەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە خۆی، ناچارکردنی کۆمەڵایەتی نیە. یاسا ناتوانێت بیروڕا یان گەندەڵیە ئەخلاقیەکان مەحکوم بکات (تا ئەوکاتەی زیان بە بەرژەوەندیەکانی ئەوانی دی ناگەیەنێت). چونکە ئەمانە دەرئەنجامی هەڵبژاردنی تاکەکەسە. ئەگەر ئەخلاقیات کاری یاسا نیە، بە پێچەوانەوە ڕەنگە بیروڕای گشتی شێوە ڕەفتارەکانی کەسەکان بەشێوەی سزای ئەخلاقی مەحکوم بکات. بەڵام بیروڕای گشتی ناتوانێت بەهای دەستوری ئەخلاقی یان سەنگی مەحەکی هەقیقەت بێت. بیروڕای گشتی ڕەنگە ڕاست یان ناڕاست بێت، و بیروڕای باڵادەست هەمیشە دەتوانێت ستەمکارانە بێت. جۆن ستیوارت میل بۆ چارەسەری ستەمکاری بیروڕا، ئازادی ڕادەربڕین دەهێنێتە پێشێ. ئەم ئازادیە لەگەڵ بنەمای سوودمەندیدا دەگونجێت، وەک چۆن جیاکاری و هەڵبژاردن (سانسۆر و پیاچونەوە)ی بیروڕاکان وەک (دزی لە مرۆڤایەتی) وایە، چونکە گەر بیروراگەلێک ڕاست بێت، نەیارەکانی لەئەگەری گۆڕانی هەڵە بە ڕاست مەحروم دەبن، و ئەگەر هەڵەش بێت، ئەوانەی ئەم هەڵەیەیان هەیە لە تێگەیشتینی ڕوونتر و زیندوتری هەقیقەت کە ڕووبەڕووبونەوەی لەگەڵ هەڵەدا درووستی دەکات، مەحروم دەبن.

  تا ئەو کاتەی نازانین کام بیروڕا ڕاستە، ڕووبەڕوو بوونەوەی بیروڕاکان بە قازانجی هەمووانە و ئیمتیازێکە بۆ هەقیقەت، و پێشکەوتنی مرۆڤیش بەستراوە پێوەی. بەمشێوەیە سوودمەندی چ بەمانا بەرڵاوەکەی و چ بەمانا سنووردارەکەی، بەرگریە لە ئازادی تاکەکەسی. بنەمای بیرکردنەوەی جۆن ستیوارت میل لەبارەی لێکبوردنەوە، تاکگەری و ڕێژەیی بوونی بەهاکانە کە چیدی تەنیا پەیوەست نیە بە بیرورا دینیەکان و بە شێوەیەکی گشتی بە بیروڕاکانەوە، بەڵکو بواری ئەخلاقیاتیش دەگرێتەوە.

دەق:

بوارێکی کردار هەیە کە کۆمەڵگا وەک شتێکی جیا لە تاکەکەس، تەنیا سوودێکی ناڕاستەوخۆی تیایدا هەیە، و ئەوەش بەشێکە لە شێوەی ڕەفتاری شەخسی، کە تەنیا پەیوەندی بە خودی خۆیەوە هەیە. یان گەر کاریگەری لەسەر کەسانی دی هەیە لەبەرئەوەیە کە ئەوان خۆیان ئازادانە و بەمەبەست و هوشیاری تەواوەوە، حەزیان بەو بوارە کردووە و بەشداریان تیا کردووە. کاتێک دەڵێین “خودی خۆی” مەبەستمان شتێکە کە ڕاستەخۆ و بێ ناوەندگیری پەیوەندی بەخودی خۆیەوە هەیە، چونکە هەرچیەک کاریگەری لە مرۆڤێک بکات، دەتوانێت لەڕێگەی ئەوەوە کار لەوانی تریش بکات. ئەو ڕەخنانەی لەم ئەگەرە دەگیرێت، بابەتی بیرکردنەوەکانی دوایمان دەبێت. کەوابوو ئەم مەیدانە تایبەتە، ئازادی مرۆڤە کە سەرەتا بواری ویژدان بەمانا فراوانەکەی دەگرێتەوە: ئازادی بیرکردنەوە و هەستکردن، ئازادی ڕەهای بیروڕا و هەستەکان لەهەر بابەتێکدا، چا چ پراکتیکی یان تیوری، زانستی، ئەخلاقی یان دینی. ئازادی بیروڕا دەربڕین و بڵاوکردنەوەی بیروڕا ڕەنگە سەر بە بنەمایەکی دی بێت، چونکە بەستراوە بەو بەشە لە شێوەی ڕەفتاری تاکەوە کە پەیوەندی بەوانی دیەوە هەیە: بەڵام لەبەرئەوەی بەهەمان ئەندازە گرنگە کە ئازادی بیرکردنەوە بەڕادەیەکی بەربڵاو پشتی بەهەمان ئەرگۆمێنت بەستووە، لەبەرئەوە ئەم دوو جۆرە ئازادیە لە ڕووی کرداریەوە لەیەک جیا نابنەوە. جگە لەمەش ئەمە بنەمایەکە پێوسیتی بە ئازادی زەوقەکان و سەرقاڵیەکان، ئازادی نەخشەکێشان بۆ ژیان کە گونجاوە لەگەڵ خەسڵەتەکاندا، ئازادی کارکردن بە ئارەزووی خود، قەبوڵکردنی ئەو مەترسیانەیە کە دەشێت لەگەڵیدا بێت. هەموو ئەمانە هەن بێ ئەوەی هاورەگەزەکان- تا ئەوکاتەی زیانمان پێ نەگایاندوون- ڕێگریمان لێبکەن، تەنانەت گەر شێوەی کاری ئێمە بە بێ مانا، ناشایستە و خراپ بزانن. دواجار ئازادی کۆبونەوەی تاکەکان: ئازای درووستکردنی یەکێتی بۆ هەر ئامانجێک، بەو مەرجەی دەستدرێژکارانە نەبێت، هاوبەشەکان گەورە و بەتەمەن و  بن بۆ قەبوڵکردنی ئەندانمێتی تیایدا هیچ فڕتوفێل و ناچاریەک لە ئارادا نەبێت، لەهەمان دەرئەنجامی ئازادی تایبەتی تاکەکان و لەهەمان سنووردا دەبێت.

 هیچ کۆمەڵگایەک – بەهەرجۆرە حکومەتێک- ئازاد نیە، مەگەر ئەوەی سەرجەم ئەم ئازادیانە ڕەچاو بکات، و هیچ کۆمەڵگایەکیش بەتەواوی ئازاد نیە، ئەگەر ئەم ئازادیانە تیایدا ڕەها و بێ قەید و شەرت نەبێت. تەنیا ئازادیەک کە شایستەی ئەم ناوەیە، ئازادی پێشکەوتنی مرۆڤ بە خواستی خۆی، تا ئەوکاتەیە کە نەیەوێت ئەوانی دی لە پێشکەوتن مەحروم بکات، یان لەڕێگەی هەوڵدانیاندا بۆ گەیشتن پێی، ڕێگرێیک درووست بکات. هەر مرۆڤێک پاسەوانی تەندروستی جەستە و تەندروستی زیهن و دەروونی خۆیەتی. مرۆڤایەتی شتی زۆر زیاتری دەست دەکەوێت، ئەوکاتەی مرۆڤەکان ئازاد بکات کە هەرجۆرێک بە ڕاستی دەزانن، بژین، نەک بەوجۆرەی خەڵکی دی بە ڕاستی دەزانن.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: