ئەدەب بە کەڵکی چی دێت؟

تزڤێتان تۆدۆرۆڤ

لە ئینگلیزییەوە: زاموا محەمەد

بۆ ئەوانەی کە سەروکاریان لەگەڵ ڕەخنە و تیۆریی ئەدەبدا هەیە، تۆدۆرۆڤ ناوێکە پێویست بە هیچ ناساندنێک ناکات. کتێبەکانی ئەو، لە نمونەی “ئەدەبی فەنتاستیک: دیدگایەکی بونیادی بۆ ژانرێکی ئەدەبی”، “پۆیەتیکای پەخشان” و “میخائیل باختین: بنەڕەتی دیالۆگی”، وایان کردووە بوارەکانی ڕەخنە و تیۆری ئەدەبی و پۆیەتیکا، چ لە نیوەی دووەمی سەدەی بیست و چ لە سەرەتاکانی سەدەی بیستویەکیشدا، هەرگیز چەند بوارێکی چەقبوستوو و دووبارە نەبن؛ تەنانەت لە فەزایەکی کولتووریی پڕ جموجووڵ و پێشکەوتووی وەک ئەوەی فەرەنسایشدا، تۆدۆرۆڤ هەردەم نوێگەر و خوڵقێنەری ئاراستەی نوێ بووە. بە هەرحاڵ، ئەم وتارەی هاوشێوەی کارەکانی دیکەی نییە، لەم نووسینەیدا نە ئەو تۆنە مەحکەم و زانستیەی نووسین دەستباڵایە کە تۆدۆرۆڤی پێ دەناسرێتەوە(شێوازێک کە وەک خۆی لە زۆر جێگادا دەڵێت، سەرچاوەکەی خەونی دامەزراندنی سەرەتای زانستێکی سەربەخۆیە تایبەت بێت بە توێژینەوەی ئەدەب)، نە ئەو توانا و هۆشیارییە نائاساییەی مامەڵەکردن و پۆلێنکردنی دەقیش بە ڕوونی ئامادەگیی هەیە؛ ئەم نووسینەیانی زیاتر کارێکی بیۆگرافیە و لە سێ بەش پێکهاتووە(ئەمی خوارەوە بەشی یەکەمە)، کە ئەم بەشەیانی تەرخانە بۆ باس و گێڕانەوەی درووستبوون و پەیدابوونی خۆی وەک ڕەخنەگر و تیۆریسیانێکی ئەدەبی و گەشتەکەی، لە تۆتالیتاریانیزمی بولگاریاوە بۆ دیموکراسیی فەرەنسا؛ گرنگیی ئەم نووسینەیش هەر لەم جیاوازیەیدایە، کە دەشێ یەکێک وەک جینالۆجیایەکی کورت بیخوێنێتەوە، جینالۆجیای پەیدابوون و ڕسکانی هۆشیاریی ئەدەبیی تۆدۆرۆڤ.

(زاموا محەمەد)

 

تا ئەو جێیەی ڕابوردووم کە دێتەوە یادم، من خۆم لە نێوان کتێبەکاندا دەبینم، خۆم دەبینم کە بە کتێب دەورە دراوم. دایکم و باوکیشم لە کتێبخانەدا کاریان دەکرد؛ هەمیشە ماڵەکەی ئێمە زیاد لە پێویست لیوڕێژی کتێب بوو؛ هەمیشە دایک و باوکم خەریکی پلان و ڕێوشوێنی نوێ بوون بۆ دابینکردنی تاق و شێڵڤی نوێ، تاکو ئەو هەموو کتێبەی تێدا هەڵبگیرێت. ئەوسا کتێبەکان لە ژوورەکانی نووستن و ڕاڕەوەکانی ماڵەکەماندا کەڵەکە دەبوون، منیش دەبوایە بە نێوان ئەو کەڵەکە کتێبانەدا گاگۆلکێ بکەم. هەر زوو فێری خوێندنەوە بووم و دەستم کرد بە لووشدانی چیرۆکە کلاسیکیەکان، لەو نوسخانەیاندا کە کورتکرابوونەوە و بۆ منداڵان ئامادە کرابوون: هەزارویەک‌شەوە، حیکایەتەکانی گریم و ئەندرسۆن، تۆمسوێر، ئۆلیڤەر تویست و بێنەوایان. ڕۆژێک لە ڕۆژان، وەختێک کە هەشت ساڵان بووم، یەک ڕۆمانی تەواوم خوێندەوە؛ دیارە پاشتر زۆریشم شانازی بە خۆمەوە کردووە، چونکە لە دەفتەری یاداشتەکانمدا، ئەو ڕۆژە نووسیومە: “ئەمڕۆ لەسەر ڕانی باپیرە-م خوێندەوە، کتێبێکی ٢٢٣ لاپەڕەیی، لە یەک سەعات و نیودا!”.

وەک خوێندکاریک، لە قۆناغی ئامادەیی و پێش ئامادەییشدا بەردەوام بووم لە خۆشویستنی کتێب. هەردەم لەرزی خۆشی و خرۆشان دەیگرتم بە چوونە نێو جیهانی نووسەرەکانەوە -جا کلاسیک بوونایە یان هاوچەرخ، بولغاری بوونایە یان بیانی-، ئەو نووسەرانەی کە ئیدی نوسخەی تەواوی کتێبەکانیانم دەخوێندەوە، نەک کورتە و نوسخەی سادەکراوە بۆ منداڵان. دەمتوانی کونجوکۆڵیم تێر بکەم، لە سەرکێشیەکاندا بژیم و ترس و خۆشی ئەزموون بکەم، بەبێ ئەوەی تووشی ئەو گیرەوکێشانە ببم کە نەیاندەهێشت هەڵسوکەوتم لەگەڵ کچان و کوڕانی هاوتەمەنی خۆمدا بچێتە سەر؛ واتە ئەو خەڵکانەی لە نێوانیاندا دەژیام. نەمدەزانی لە گەورەبوونمدا دەمەوێت چی بکەم، بەڵام دڵنیا بووم کە هەر شتێک دەبێت وابەستەی ئەدەبیات. داخۆ خۆیشم دەبوومە نووسەر؟ هەوڵێکم لەگەڵ دا: چەند شیعرێکی ئاست نزمم نووسی بە کێشی شل و شێواوەوە، شانۆنامەیەکیش لە بارەی ژیانی قەزەمەکان و دێوەکانەوە لە سێ دیمەندا، تەنانەت دەستم کرد بە ڕۆمانێکیش؛ بەڵام نەمتوانی زیاتر لە لاپەڕەی یەکەم بنووسم. ئیدی هەر زوو بۆم دەرکەوت کە ئەم جۆرە نووسینە بۆ من نابێت. بەبێ ئەوەی بزانم لە دواتردا چیم دێتە ڕێ، بواری سەرەکیی خوێندنەکەم لە زانکۆ هەڵبژارد: ئەدەبیاتم خوێند. لە ١٩٥٦دا چووم بۆ زانکۆی سۆفیا، پیشەکەشم لە داهاتوودا بوو بە قسەکردن لە بارەی کتێبەوە.

ئەوسا بولگاریا بەشێکی بلۆکی شیوعی بوو، هەموو زانستە مرۆییەکانیش بەپێی ئایدۆلۆژیای ڕەسمیی وڵات داڕێژرابوون. کۆرسەکانی ئەدەب نیوەیان خوێندن بوون و نیوەکەی دیکەیشیان پڕوپاگەندەی کۆمۆنیستی: کارە ئەدەبیەکان، بەوانەی ئێستا و ڕابوردوویشەوە، بە پێی ستانداردەکانی مارکسیسزم-لینینزم دەکێشران و دەپێوران. ئێمە داوامان لێ کرابوو کە نیشانی بدەین کتێبەکان چۆنچۆنی نوێنەرایەتیی ئایدۆلۆژیای ڕاست دەکەن، یان چۆنچۆنی شکستیان هێناوە لە نوێنەرایەتیکردنیدا. من کە نە باوەڕم بە کۆمۆنیزم هەبوو و نە بە جۆرێکی تایبەتیش شۆڕشگێڕ بووم، پاشەکشەیەکم کرد کە زۆرێک لە هاووڵاتیەکانم کردبوویان: لە دەرەوە، بێدەنگبوون یان گوتنەوەی ناچارانەی درووشمە ڕەسمیەکان؛ لە تەنیاییشدا، ژیانێکی چڕ لە کۆبوونەوە و دەرسگوتار، بەتایبەتیش تەرخان بۆ ئەو نووسەرانەی کە کەس گومانی ئەوە ناکات دەمڕاستی عەقیدەی کۆمۆنیستی بن، ئەوانەی بەشی ئەوە خۆشبەخت بوون بەر لە سەپاندنی عەقیدەی مارکسیزم-لینینیزم بنووسن؛ یان ئەوانەی کە لە وڵاتانێک دەژیان تێیاندا مرۆڤ دەیتوانی بە ئازادی بنووسێت.

بۆ تەواوکردنی زانکۆ، دەبوایە لە ساڵی پێنجەمماندا تێزێکی ماستەر بخەینە ڕوو. چۆن دەمتوانی لە بارەی ئەدەبەوە بنووسم، بەبێ ئەوەی ملکەچی ئایدۆلۆژیای زاڵ ببم؟ یەکێک لەو ڕێگا کەمانەم هەڵبژارد کە نەدەچوونەوە سەر ئۆرتۆدۆکس. سەرنجم خستە سەر توێژینەوەی ئەو شتانەی کە خۆیان لە خۆیاندا هیچ بەهایەکی ئایدۆلۆژییان نییە. بۆ نمونە لە ئەدەبیاتدا، سرووشتی کێشی دەقێک، یان شێوە لینگویستیکیەکەی. بێگومان بەتەنیا نەبووم لەمەدا: فۆڕمالیستە ڕووسەکانی ١٩٢٠ ئەم ڕێگایەیان داهێنابوو، دواتر زۆر کەس شوێنی ئەوان کەوت. بۆ نمونە لە زانکۆ، سەرنجڕاکێشترین پرۆفیسۆرمان تەخەسوسەکەی لە لەتکردن و دابەشکردنی بەیتەکانی شیعردا بوو. بۆ تێزەکەم، بەراوردکارییەکم لە نێوان دوو نوسخەی نۆڤێللایەکی درێژی نووسەرێکی بولگاریی سەدەی بیستدا کرد، خۆیشمم لەو گۆڕانە ڕێزمانیانەدا کورت کردەوە کە لە نێوان نوسخەیەک و ئەوەی دیکەدا ڕوویان داوە: ئەو کارە تێپەڕانەی جێگەی کاری تێنەپەڕیان گرتبووەوە، تافی جیاجیای کار کە لە تەواوەوە ببووە ناتەواو و … بەم جۆرە هەرچیم نووسی لە سانسۆر دەرچوو، هیچ سەرکێشیەکیشم نەبوو بۆ لادان لە تابووەکانی ئایدۆلۆژیای پارتە حوکومڕانەکە.

هەرگیز نازانم ئەم یاریی مشکوپشیلەیەی من و دەسەڵات چۆن تەواو دەبوو- مەرج نەبوو تەواوبوونەکەیش لە بەرژەوەندی مندا بوایە. هەلێک ڕێکەوت تا بۆ ماوەی ساڵێک بچمە “ئەورووپا”، بچمە “ئەودیوی پەردە ئاسنینەکە”، وەک خۆمان لەو سەردەمەدا دەمانگوت(وێنەیەک کە پێمان وا نەبوو زیادەڕەویی تێدایە، چونکە بڕینی ئەو پەردەیە تا رادەیەک مەحاڵ بوو). پاریسم هەڵبژارد، چونکە درەوشانەوەی ناوبانگی ئەوێ وەک شاری هونەر و ئەدەبیات بە شەوارەی خستبووم! ئەوێ جێیەک بوو کە تێیدا دەمتوانی بەبێ سنوور شوێن حەزی خۆم بۆ ئەدەب بکەوم، جێیەک بوو کە تێیدا دەمتوانی کەڵکەڵە شەخسیەکانم و کارکردنم لە دەرەوە بکەم بە یەک؛ واتا لەو شیزۆفرینیا دەستەجەمعیە هەڵبێم کە ڕژێمی تۆتالیتار بڵاوی کردبووەوە و من لە ناویدا دەژیام.

دەرکەوت شتەکان کەمێک لەوە قورسترن کە من بیرم لێ کردبوونەوە. لە ماوەی خوێندنی زانکۆمدا، ڕاهاتبووم سەرنج بخەمە سەر ئەو خەسڵەتانەی کاری ئەدەبی کە لە ئایدۆلۆژیا دەردەچوون: شێواز، داڕشتە، دۆخەکانی گێڕانەوە- یان بە کورتی، تەکنیکی ئەدەبی. چونکە لە سەرەتادا دڵنیابووم کە تەنیا بۆ ماوەی یەک ساڵ لە فەرەنسا دەمێنمەوە، بەو پێیەی کە ئەو پاسپۆرتەی پێم درابوو تەنیا ماوەکەی یەک ساڵ بوو، دەمویست هەموو شتێک لە بارەی ئەو بابەتانەوە فێر ببم کە لە زانکۆ خەریکیان ببووم. ئەو بابەتانە لە بولگاریا فەرامۆش کرابوون و پەراوێز خرابوون، چونکە بەحاڵ خزمەتی بنەما کۆمۆنیستیەکەیان دەکرد، بەڵام لە فەرەنسای سەرزەمینی ئازادی، دەبێت بە قووڵی بخوێنرێن! وا نەبوو. لە زانکۆکانی پاریسیشدا بۆ دۆزینەوەی کۆرسی ئەم بابەتانە تووشی کێشە بووم. لەوێ، خوێندنی ئەدەبیات بەپێی وڵاتان و سەدەکان دابەش کرابوو؛ نەشمدەزانی چۆن پرۆفیسۆرێک بدۆزمەوە تۆزێک گرنگی بەو شتانە بدات کە سەرنجی منیان ڕاکێشاوە. بێگومان قورسیش بوو خوێندکارێکی بێگانەی وەک من، لە ناو ئەو وێڵگەی ئەکادیمیا و مەنهەجانەدا ڕێگای خۆی بدۆزێتەوە.

نووسراوێکی سەرۆکی بەشی پێوەندی و نامەکانی زانکۆی سۆفیام پێبوو، کە دەبوا بدرێت بە هاوتا پاریسیەکەی. ئیدی لە ڕۆژێکی مانگی مەیی ١٩٦٣دا، لە دەرگای نووسینگەیەکی زانکۆی سۆربۆنم دا(تاکە زانکۆی پاریس بۆ ئەوسام)، دەرگای سەرۆکی بەشی پێوەندی و نامە، دەرگای نووسینگەکەی ئیماردی مێژوونووس. کاتێک نامەکەی خوێندەوە، لێی پرسیم کە بە شوێن چیدا دەگەڕێم. پێم گوت کە دەمەوێت بە گشتی بەردەوام بم لە خوێندنی شێواز، زمان و تیۆری ئەدەبی. “بەڵام ناتوانیت ئەم شتانە بە گشتی بخوێنیت! دەتەوێت لە چ ئەدەبیاتێکدا تایبەتمەند ببیت؟”. لە کاتێکدا کە هەستم دەکرد زەویەکە لە ژێرپێمدا دادەڕمێت، بە تەرزێکی بەزەییبزوێنەوە گوتم کە “ئەدەبی فەرەنسی عەیبی نییە”. هەر لەو کاتەشدا بۆم دەرکەوت کە زمانی فەرەنسیم تێکەڵوپێکەڵە؛ فەرەنسیم ئەوسا تۆزێک شل و شێواو بوو. سەرۆکەکە نیگایەکی بەرزەدەماغانەی کردم و پێشنیاری کرد کە باشتر دەبێت گەر لەگەڵ پرۆفیسۆرێکدا ئەدەبی بولگاری بخوێنم: خۆ هەر دەبێت پرۆفیسۆرێک بەو تایبەتمەندیەوە لە فەرەنسادا دەست بکەوێت.

کەمێک ورەم دابەزی، بەڵام هەر بەردەوام بووم، دەمپرسی و سۆرغام لە لای ئەو چەند کەسە دەکرد کە دەمناسین. ئیدی ڕۆژێک پرۆفیسۆرێکی دەروونناسی کە هاوڕێی هاوڕێیەکم بوو، دەمێک گوێی لێم بوو باسی کێشەکەم دەکەم، گوتی: “کەسێکی دیکەیش دەناسم کە سەرنجی لەسەر ئەم بابەتە سەیروسەمەرانەیە، ئەو مامۆستای یاریدەدەرە لە سۆربۆن، ناوی جێرار جینێیە”. لە ڕاڕەوێکی تاریکی ڕو سێرپینتدا لەگەڵ جینێ یەکمان ناسی، لەوێ کە یەک دوو پۆلی خوێندنیشی لێبوو؛ هەر لەوێ و لەوساشدا، یەکسەر بووینە ئاشنا. لە پاڵ چەندین پرسی دیکەدا، تێیگەیاندم کە پرۆفیسۆرێک لە ئیکۆل دێس هاتس ئێتدس سیمینارێکی هەیە و دەکرێت لەوێ جارێکی دیکە یەک ببینین. سیمینارەکە هی پرۆفیسۆرێک بوو کە هەرگیز ناویم نەبیستبوو: ڕۆلەند بارت.

دەستپێکردنی ژیانی پیشەییم لە فەرەنسا، پێوەندیی بە ناسینی ئەم دوو کەسەوە هەیە. هەر زوو بۆم دەرکەوت کە یەک ساڵ لە پاریس بەس نییە و دەبێت زیاتر لە فەرەنسا بمێنمەوە. هەر زوو بۆ یەکەمین دوکتۆرام چوومە لای بارت، نامەی ئەو دوکتۆرایەمم لە ١٩٦٦دا ڕادەست کرد. پاش ماوەیەکی کەم لە CNRS (سەنتەری نەتەوەیی توێژینەوەی زانستی) دامەزرێنرام و هەموو ژیانی پێشەییم لەوێ بەسەر برد. هاوکاتیش، لەسەر پێشنیاری جینێ، کاری فۆرمالیستە ڕووسەکانم وەرگێڕایە سەر زمانی فەرەنسی، فۆرمالیستەکان کە ئەوسا لە فەرەنسادا بەحاڵ ناسراوبوون؛ وەرگێڕانەکە لە ژێر ناونیشانی “تۆریی ئەدەب”دا، ساڵی ١٩٦٥ بڵاو بووەوە. دواتر، من و جینێ گۆڤاری پۆیەتیکس و زنجیرە مۆنۆگرافێکی پاشکۆی ئەویشمان بەڕێوە برد. هەوڵمان دا کاریگەریی لەسەر خوێندنی زانکۆ دابنێین، واتا مەنهەجی خوێندنی ئەدەب لە زانکۆدا؛ تاکو ڕزگاری بکەین لە پارچەپارچەبوون لە نێوان نەتەوەکان و سەدەکاندا و بە ڕووی ئەو شتانەیدا بکەینەوە کە لە نێوان هەموو کارە ئەدەبیەکاندا هاوبەشن.

لە ساڵانی دواتردا، هێدی هێدی چوومە نێو ژیانی فەرەنسیەوە. هاوسەرگیریم کرد، منداڵم بوو، بوومە هاووڵاتیەکی فەرەنسی. بەشداریی دەنگدانم کرد و دەستم کرد بە خوێندنەوەی ڕۆژنامە. زیاتر سەرنجم چووە سەر ژیانی گشتی، چونکە بۆم دەرکەوت کە ئەو ژیانە گشتیە لە لایەن دۆگمای ئایدۆلۆژیەوە دەستی بەسەردا نەگیراوە، وەک ئەوەی لە وڵاتە تۆتالیتاریەکان بەرقەرارە. بەبێ ئەوەی بکەومە ناو سەرسامبوونێکی ناپێویستەوە، دڵخۆش بووم بەوەی ببینم کە فەرەنسا خاوەن دیموکراسیەکی پلوڕاڵییە و ڕێزی ئازادیی هەر تاکێک دەگرێت. ئەم کەشفە کاریگەریی خستە سەر ڕەفتارم بەرانبەر بە میتۆدەکانی شیکردنەوەی ئەدەبیش: هزری ناو هەر کارێکی ئەدەبی، ئەو بەهایانەی کە دەیانخاتە ڕوو، چیدی پێویست نەبوو بئاخنرێنە چەند قاڵبێکی ئایدیۆلۆژیەوە، بۆیە منیش ناچار نەبووم وەلایان بنێم و فەرامۆشیان بکەم. ئەمە وای کرد “شیکردنەوەی بونیادی”ی کارە ئەدەبیەکان ڕەد نەکەمەوە، بەڵکو لە هەنگاونان بە شوێن مانای گشتیی کارە ئەدەبیەکەدا، شتە بەسوودەکانی ئەم جۆرە شیکردنەوەیەیش بخەمە پاڵ شێوەکانی دیکەی لێکۆڵینەوەوە. شیکردنەوەی بونیادی ببووە شتێک هاوشێوەی فیلۆلۆجی: شتێک کە کەس هێرشی ناکاتە سەر، بەڵام کەسیش بەپێویستی نازانێت بەرگریی لێ بکات. لەوساوە و تا ١٩٧٠کان من سەرنجم لەسەر شیکردنەوەی خودی میتۆدەکانی شیکردنەوە نەماوە و سەرقاڵی شیکردنەوەی ئەدەبیات خۆیم. بە دەربڕینێکی تر، خۆمم بۆ دۆزینەوەی نووسەرانی ڕابوردوو تەرخان کردووە.

لەوساوە، ئیدی خۆشویستنی من بۆ ئەدەب وابەستەی خوێندنم نییە لە وڵاتێکی تۆتالیتاردا. بۆیە پێویستم بە پەیداکردنی ئامرازی نوێ بوو بۆ کارەکەم: هەستم کرد پێویستە لە بارەی دۆزینەوە و تێگەکانی دەروونناسی، مرۆڤناسی و مێژووەوە فێر ببم. ئەوسا ئیدی بیرۆکەکانی نووسەر هاتبوونەوە ناوەڕاستی شانۆکە، منیش دەمویست باشتر تێیان بگەم، بۆیە بڕیارم دا بە نێو مێژووی بیرۆکەکاندا لەمەڕ مرۆڤ و کۆمەڵگاوە ڕۆبچم، بە ناو فەلسەفەی ئاکار و فەلسەفەی سیاسیدا ڕۆبچم.

هاوکاتیش خودی بابەتی توێژینەوەم، ئەدەب، ڕەهەندی دیکەی پەیدا کرد. ئەدەب لە نەبوونەوە نایەت، بەڵکو لە ژینگەیەک لە درکەی زارەکی و قسەوە دێت کە لەگەڵ ئەدەبدا چەندین خاڵی هاوبەشی هەیە. ڕێکەوت نییە کە سنووری نێوان ئەدەب و گوتارەکانی دیکە زوو زوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەم شێوانەی دیکەی دەربڕینیش منیان کێش کرد، هەڵبەت لەسەر حیسابی ئەدەب نا، بەڵکو هاوڕێ لەگەڵیدا. لە داگیرکردنی ئەمریکادا، تاکو باشتر تێبگەم کلتوورە جیاجیاکان چۆن ڕووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، یاداشتی گەڕیدە و داگیرکەرەکانی سەدەی شانزەیەمم خوێندەوە، هاوکات لەگەڵ هاوچەرخە ئەزتیکی و مایاییەکانیاندا. لە میانی بیرکردنەوەمدا لە بارەی ژیانی ئاکاریمانەوە، بە نێو نووسینی ئەو خەڵکانەدا ڕۆچووم کە بە دیلی ڕاپێچی کامپە زۆرەملێکانی ڕووسیا و ئەڵمانیا کران؛ هەر ئەمەیش وایکرد ڕووبەڕووبەنەوەی ئەوپەڕگیری بنووسم. نامەی چەند نووسەرێک وای کرد بتوانم لە کتێبی سەرکێشیەکانی ڕەهاییدا تەماحێکی بوونگەرایانە بخەمە ژێر پرسیارەوە: ئەوەی کەسێک ژیانی لە پێناو خزمەتکردنی جوانیدا دابنێت. ئەو دەقانەی من دەمخوێندنەوە -گێڕانەوەی شەخسی، یادەوەری، کاری مێژوویی، شەهادە، تێڕامان، نامە و ئەو دەقە فۆلکلۆریانەی خاوەنیان ناسراو نییە-، وەک ئەدەب لە پلەی خەیاڵدا نەبوون، چونکە ڕاستەوخۆ وەسفی ئەزموونی ژیانیان دەکرد؛ بەڵام هاوشێوەی ئەدەب، ڕێیان دام ڕەهەندی نەناسراو و نەزانراوی جیهان بدۆزمەوە، زۆر هەستمیان بزواند و زۆر خستیانمە بیرکردنەوەوە.

بە دەربڕینێکی تر، بواری ئەدەب لە بەردەممدا فراوانتر بوو، چونکە ئێستا لە پاڵ شیعر، ڕۆمان، چیرۆک و درامادا ئەو بوارە بەرینەی گێڕانەوەیش لەخۆ دەگرێت کە بۆ بەکارهێنانی گشتی و تایبەتییش نووسراوە: وتار و تێڕامان. ئەگەر یەکێک لێم بپرسێت کە بۆچی ئەدەبم خۆشدەوێت، ئەو وەڵامی ڕاستەوخۆ بیری لێ دەکەمەوە، ئەوەیە کە ئەدەب یارمەتیم دەدات بژیم. ئێستا وەک گەنجیم لە ئەدەب ناڕوانم، وەک گەنجیم بۆ خۆلادان لەو برینانەی کە دەکرێت خەڵک تووشم بکەن، لە ئەدەب نزیک نابمەوە؛ ئەدەب جێگەی ئەزموونی ژیان ناگرێتەوە، بەڵکو بەردەوامیەکی لەگەڵدا درووست دەکات و یارمەتیم دەدات باشتر تێی بگەم. ئەدەب چڕترە لە ژیانی ڕۆژانە، بەڵام بە تەرزیکی بنەڕەتی جیاواز نییە لێی. ئەدەب گەردوونمان فراوانتر دەکات، وامان لێ دەکات شێوازی دیکە بۆ بینین و ڕێکخستی ئەو گەردوونە پەیدا بکەین. ئێمە هەموومان بەرهەمی ئەوەین کە خەڵکانی دیکە دەماندەنێ: سەرەتا باوانمان و دواتر خەڵکانی دیکەی نزیکمان. ئەدەب ئەم دۆخی هەڵسوکەوت و خەڵکناسینە تا ناکۆتا دەکاتەوە و بێکۆتا دەوڵەمەندمان دەکات. هەستی ئەوتۆمان بۆ دێنێت کە جێگرەوەی نییە و لە ڕێیەوە جیهانی ڕاستەقینە مانادارتر و جوانتر دەکات. دوور لەوەی سەرقاڵییەکی سادە بێت، دوور لەوەی کەیفوسەفایەک بێت تایبەت بە خوێندەواران، ئەدەب ڕێگە دەدات کە هەریەکمان توانا و ئیمکانیەتی خۆی وەک مرۆڤێک، بە تەواوی بەدیبهینێت.

ناردن: