سلفادۆر دالی و ستیڤان زیڤایچ؛ خۆشەویستی و داهێنانی سەرشێتانەی بلیمەتیانە

چیرۆکە بەناوبانگەکانی خۆشەویستی لە مێژووی ئەدەبی ئەوروپیدا

نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورمان وریا قانع

لە مێژووی ئەورپیدا، چەندین چیرۆکی خۆشەویستی بەناوباگ هەیە، لەوانە چیرۆکی “ئەبیلار و هیلۆیز”، “دانتی و بیاتریس”، بێگومان “ڕۆمیۆ و ژۆلێت”یش…هتد. بەڵام لای ئێمەی عەرەب، کۆمەڵێ چیرۆکمان هەیە کە لە جوانیدا، هیچی لەوەی ئەوروپییەکان کەمتر نییە، ئەمە ئەگەر زیاتر نەبێت. لەوانە “جەمیل و بوسەینە”، “ذو الرمة و مەعشوقەکەی می”، “مەجنونی لەیلا” کە وەک ئێمە ئازاری نەچەشت… هتد. بەڵام با بزانین سەبارەت بە سلفادۆر دالی چی هەیە؟ ئایا تامی خۆشەویستی کرد؟ ئەمە تەواوی چیرۆکەکەیەتی، بە ورد و درشتییەوە و دەیخەمە بەرچاوتان:

هاوینی ساڵی 1929، هاوینێکی تا بڵێی گەرم و تاقەت پڕوکێنەر بوو. لەبەر ئەوە، سلفادۆر دالی وێنەکێش، بانگهێشتی هاوڕێ پاریسییەکانی کرد، بێن بۆ گوندەکەی کە دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی ئیسپانیا، تاکو پێکەوە لە گوندەکەیدا، پشوی هاوین بەسەربەرن. بەڵام زۆر بەداخەوە، میوانەکان هەر کە گەشتنە ئەوێ، شۆک بوون. چونکە بینیان خاوەن ماڵ- سلفادۆر دالی- بەهۆ بێت یان بەبێ هۆ، شێتانە یاخود بە شێوەیەکی هێستریایی، داویەتییە قاقای پێکەنین. تا ڕادەیەکی زۆر، بەدرێژایی کات پێدەکەنی. شێتییە سوریالییەکەی، زۆر لەخۆی بەهێزتر بوو. میوانەکانیش تەنها لەبەر ئەوەی ئەو پێدەکەنێت، ئەمانیش دایانە قاقای پێکەنین، بێ ئەوەی هۆکاری ئەو پێکەنینە بزانن. هەندێکجار لەبەر بەرزبوونەوەی قاقای پێکەنینەکانی دالی، میوانەکان ترس دایدەگرتن و زەندەقیان دەچوو.

لەناکاو، مەسەلەکە گۆڕا، ئەویش ئەو کاتە بوو کە “پۆل ئیلوار”ی شاعیر و “گالا”ی هاوسەری، گەیشتنە میواندارییەکە. گالا خانمێکی ڕوسی، خاوەن شۆخ و شەنگییەکی سلاڤی تا بڵێی جوان بوو. ئەو ژن و مێردە، وەک دوو میوان، لە ئێوارەدا گەشتنە ماڵەکەی دالی، بۆ ئەوەی چەند ڕۆژێکی هاوین لە کەناری دەریاکە بەسەربەرن. گالا ماڵەکەی بەدڵ نەبوو، لە سەرەتادا حەزی بە چارەی دالی نەبوو، بگرە لێی دەترسا. لەبەر ئەوە گالا، بۆ ئەوەی ڕوخساری ئەم کەسە بێزارکەر و ڕەفتار سەیرە نەبینێت، بڕیاریدا بەیانی ڕۆژی دواتر، ماڵەکە بەجێبێڵێت. خۆ ئەگەر ماندبوون و شەکەتی سەفەرەکەی نەبوایە، ئەوا لەوانە بوو، هەر بەو شەوە، ماڵەکە و ناوچەکە بەجێبێڵێت. بەڵام بەهۆی ماندووبوونی سەفەر و گەشتە دوور و درێژەکەیەوە، خەوێکی قووڵی لێکەوت. لە بەیانی ڕۆژی دواتردا، کاتێک لە خەو هەستا، بەرەبەیان لەگەڵ هاوسەرە شاعیرە بەناوبانگەکەی و میوانەکانی دیکەدا، ڕۆشت بۆ ئەوەی ڕووناکی پەروەردگار و دەریا ببینێت. هەرچی سلفادۆر دالی بوو، ئەو بەیانییە، درنگ لە خەو هەستا، بەتایبەتی لە پۆشینی جلوبەرگدا زۆری پێچوو. چونکە دەیویست بە دیمەنی جلوبەرگە بریقەدار و ئاڵوواڵاکەی و ڕوخسارە دەرەکییەکەی، سوپڕایز بۆ هەموان بکات و سنوری مەعقول و نامەعقول تێپەڕێنێت.

بەڵام دالی پێش ئەوەی لە ماڵەوە بێتە دەرەوە، لە دواهەمین چرکەدا، لە بەلەکۆنەکەوە، سەیرێکی لای دەریاکەی کرد، تاکو بزانێت میوانەکان چییان بەسەرهاتووە. کت و پڕ، چاوی کەوتە سەر گالا، یان ڕاستتر ناوشانی “گالا”ی بینی کە بە تەواوی ڕووت و قووت بوو. ئا لەوێدا دەمودەست، کەوتە داوی خۆشەویستی گالاوە. کێ دەتوانێت شیکردنەوە بۆ گڕی خۆشەویستی بکات و چۆن بۆ یەکەمجار ڕوودەدات؟ کاتێک دالی گەشتەوە بە میونەکان، پێکەنینەکانی کەم ببوون. ئاخر خۆشەویستی بروسکەئاسا، خۆی و دەسەڵاتی خۆی، تەنانەت بەسەر کەسێکی شێت و کەمتەرخەمی وەک سلفادۆر دالی-یشدا دەسەپێنێت. سەروەختێک گالا هەستی کرد دالی خۆشیدەوێت، ئەویش دالی خۆشویست و یەکسەر بڕیاریدا لە پۆل ئێلوار جیابێتەوە. ئەگەرچی هاوسەری ئێلوار و منداڵێکیشی لێی هەبوو. ئەویش بە شێوازی تایبەتی خۆی، خانمێکی شێت بوو. یان زۆر بە سادەیی بڵێ خۆشەویستی مرۆڤ شێت دەکت.

کیمیای داهێنان

هەرچۆنێک بێت، ئا بەم شێوەیە، یەکێک لە چیرۆکە گەورەکانی خۆشەویستی سەدەی بیستەم، دەستیپێکرد: خۆشەویستی سلفادۆر دالی و ئیلهامبەخشە ڕوسییە شۆخەکەی، گالا. دالی لەو کات و ساتەدا، تا ڕادەیەکی زۆر کەس نەیدەناسی، هێشتا ناوبانگی دەرنەکردبوو، ئەو جارێ هەر وێنەکێشێکی تەواو نەناسراو بوو. ڕاستە ئاگری بلیمەتی، لە ناوەوەیدا گێنگڵی دەدا، وەلێ جارێ نەکرابوەوە. ئەم خۆشەویستییە کتوپڕ و خێرایە، لەکات و ساتی گونجاوی خۆیدا هات، تاکو هەمو توانا و وزە داهێنەرانەکەی دالی بتەقێنێتەوە. ئیدی لە بەیانییەوە تا ئێوارە، خەریکی وێنەکێشان بوو. ئا لەو کاتەدا، میتۆدە بەناوبانگەکەی بەناوی “میتۆدی دێوانەیی- وڕێنەکاریی- ڕەخنەیی” داهێنا. سەیری ئەو زاراوەیە بکەن: ئەوە مەزنترین زاراوەی فیکرییە بە درێژایی مێژوو. ئەوە بە مانای تەواوی وشە، زاراوەیەکی ڕزگاریخوازانەیە. ئاخر ناتوانیت داهێنەر بیت، ئەگەر یەک ناوکی شێتی یان چەند ناوکێکی شێتیت، تێدانەبێت! ناتوانیت داهێنەربیت، تەنها دوای ئەو کاتە نەبێت کە خۆت فڕێدەدەیتە قوڕگی ئەژدیهاکەوە، یان خۆت دەدەیتە دەست تەمتومانە نادیارەکان. ئەی فرۆید ئەم وتە کاریگەری نەوتووە: (من نە زانام نە فەیلەسوفم نە ڕۆشنبیرم، من تەنها داگیرکەرێکی پەلاماردەرم و هیچی تر). بەم مانایە و بەم جۆرە، سلفادۆر دالی، جڵەوی بۆ شێتییەکەی خۆی شلکرد، بەمەش تابلۆ هونەرییە نەمرەکان، لەدایک بوون. ئەو تابلۆیانە تا حاڵی حازریش، سەرسامان دەکەن، خەریکە دەڵێم تا ئەم چرکە ساتەش، تووشی سەرەخولێمان دەکەن.

بەم شێوەیە، دالی لە دۆخی هەژارییەکی کوشندە کە شەرمی لێدەکرد، هاتە دەرەوە و چووە ڕیزی دەوڵەمەندە گەورەکان. دەوترێت پێشتر، کاتێک دالی بە ساڵۆنە ئەرستۆکراتییە فەرەنسییەکانی پاریسدا دەڕۆشت، پێی لە مافورەکان گیردەبوو، خەریک بووە لە شەرما و لە داماویی، بکەوێتە سەر زەوییەکە. بەڵام هەنووکە، هەمو شتێک گۆڕاوە. هەموان بەرەو ڕووی ڕادەکەن و داوای لێدەکەن لێیان ڕازیبێت. هەر هەمویان هیوا و ئاواتیان، ئەوەیە وێنەی لەگەڵ بگرن یاخود واژۆیان بۆ بکات. هەر هەمو ئەوەش، بەهۆی گالاوە بوو کە خۆشیویست و وایلێکرد متمانەی بە خۆی بێت و بەردەوام هانیدەدا. دالی دواتر ددان بەوەدا دەنێت و دەڵێت گالا، هۆکاری کرانەوەی بلیمەتیەکەی بووە، ئەگەر ئەو نەبوایە، نەدەبووە شتێک شایەنی باسکردن بێت. ئەی پێتان ناڵێم خۆشەویستی پەرجوو دروست دەکات؟

ئا بەم شیوەیە، دالی و “گالا”ی هاوسەری، ژیانی نێو کوخ و خانووە پیسەکان، جێدەهێڵن و دەگوێزنەوە بۆ ژیانی نێو کۆشکە پاریسییەکان. ئەمە دوای ئەوەی تابلۆکانی هاوسەرەکەی، بە دەیان و سەدان و ملیۆنان دۆلار دەفرۆشرا. بگرە تابلۆکانی نرخیان نەبوو: واتە لەسەرووی هەمو نرخێکەوە بوون. بوونە موڵکی مۆزەخانە گەورەکانی فەرەنسا و مۆزەخانە بیانییەکان. بەڵام زۆر بەداخەوە، کۆتایی ئەم خۆشەویستییە، هەمان ئاستی دەستپێکردنەکەی نەبوو. ڕاستە هەمو خۆشەویستییەک، بە تێپەڕینی کات و دروستبوونی ئولفەت و ژیانی هاوبەشی پێکەوەیی، وردە وردە نامێنێت. ڕاستە خۆشەویستیش ئەگەر بەدیهات و سەرکەوتنیشی بەدەستهێنا، هەر هەڵدەوەرێت، وەک چۆن گوڵێکی جوان هەڵدەوەرێت. تەنها خۆشەویستی نامورادە، بە بەهێزی و گڕگرتنەوە دەمێنێتەوە. بەم مانایە، خۆشەویستی فاشیل، گەورەترین خۆشەویستی سەرکەوتووە لە مێژوودا!

دەگەڕێینەوە بۆ لای لەیلێ و مەجنون یان بۆ لای ذی الرمة:

خۆشەویستیەکەی بۆ من ڕەشایی شەوێکی گڕگرتووە

وەک ئاگرێک دەکوژێتەوە و پاشان دادەگیرسێتەوە

ستیڤان زیڤایج… خۆکوشتنی بە کۆمەڵ

ئێستا دەچینە سەر چیرۆکی خۆشەویستییەکی دیکە، بەڵام بە خۆکوشتنی بە کۆمەڵ کۆتایی پێهاتووە. ئەگەر ئەو دەربڕینە گونجاوبێت. لێرەدا دەمەوێت قسە دەربارەی خۆشەویستی نووسەری نەمسایی بەناوبانگ “ستیڤان زیڤایج” بۆ هاوسەرەکەی “شارلۆت زیڤایج” بکەم. ستیڤان هێندە هاوسەرەکەی خۆی خۆشدەویست، ڕازیکرد پێکەوە خۆیان بکوژن! ئایا خۆشەویستی لەمە گەورەتر هەیە؟ ئاشکرایە ئەوان، لە ساڵی 1942 لە بەرازیل و لە گەرمەی جەنگی دووەمی جیهانیدا، پێکەوە خۆیان کوشت.

ستیڤان زیڤایچ لە ماوەی نێوان هەردوو جەنگە جیهانییەکەدا، بەناوبانگترین نووسەری ئەوروپا بوو. سەر بە خێزانێکی دەوڵەمەند بوو، تا دوا سنور ژیانێکی پڕ خۆشی و کەیف و سەفا دەژیا. لێرەوە ئەم دەوڵەمەندە، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا، خۆی بۆ نووسین و نووسینەوەی ژیاننامەی کەسە مەزنەکان تەرخان بکات، لە نمونەی بلزاک، دیستۆفیسکی، تۆڵستۆی، نیتچە، فرۆید، ریلکە و… هتد. من ددان بەوەدا دەنێم، بە هەڵپە بەرهەمە ناوازەکانیم خوێندووەتەوە و زۆرباش چێژم لێوەرگرتووە. چونکە ئەو بە پلەی یەکەم، نووسەری نووسینەوەی ژیاننامەکانە. بە کورتی، ئەم پیاوە، نەمری، لە هەردوو سەرەوە بەدەستهێناوە یان تەنانەت لە هەمو لایەکییەوە. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیاریدا خۆی بکوژێت. ئاخۆ دەبێت هۆکارەکەی چی بێت؟

ئاشکرایە “تۆماس مان” کاتێک گوێی لە بیستنی خۆکوشتنەکەی دەبێت، سەرەتا باوەڕی نەکردووە. بەڵام دوای دڵنیابوونی لە ڕاستی هەواڵەکە، هێندە خەمبار نەبوو، هێندەی ئەوەی لێی تووڕە بوو، وروژانێکی گەورە وروژا و بە نزیکەکانی دەوروبەری خۆی وت: ئەو کە کەسێکی دەوڵەمەندی خۆشگوزەرانە، چۆن خۆی دەکوژێت؟ ئێمەی نووسەر کە بە هۆی جەنگەوە، لەسەر لێواری هەژاری و برسییەتی دەژین، دەکرێت خۆمان بکوژین؛ بگرە ئەگەر خۆمان کوشت، مێژوو بە تەواوەتی لێمان خۆشدەبێت، بەڵام ئەو؟!

لە ڕاستیدا شیکردنەوە بۆ ئەم خۆکوشتنە لەناکاوە ناکرێت، کە ڕۆشنبیرانی ئەڵمانیای داچڵەکاند، ئەگەر ئەم کۆمەڵە فاکتەرە لەبەرچاو نەگرین:

یەکەم: ستیڤان زیڤایج، گەشبین بوو بەو گەشەکردنە زۆرەی شارستانییەتی ئەوروپی ئەو ڕۆژگارە. تا دوا سنور متمانەی بەو شارستانییەتە هەبوو. بەڵام سەرکەوتن و هەڵکشانی هێتلەر، لە ڕاقیترین وڵاتی جیهانی، بۆ ئەو شۆکێکی هێجگار گەورە بوو، نەیتوانی بەرگەی بگرێت و کەوتە پرسیار کردن: چۆن وڵاتێک کانت و هیگڵ و گۆتە و باخ و مۆزارت و دەیان بلیمەتی دیکەی بەرهەمهێناوە، نازییەت هەڵبێنێت؟ ئیدی ئا لەو کات و ساتەدا، دونیا لەبەرچاویدا ڕەش داگەڕا.

دووەم: لەو بڕوایەدا بوو هێتلەر، لە جەنگەکەدا سەر دەکەوێت، لێرەوە هیچ هیوایەک بۆ ئایندە نییە، هەلومەرجەکە داخراوە. وەلێ ئەگەر تەنها یەک ساڵی دیکە یان چەند مانگێکی دیکە، چاوەڕوانی بکردایە کە شکست و دۆڕاندنەکانی هێتلەر، لە ئاسۆوە دەردەکەوتن، خۆی نەدەکوشت. بەڵام لێکدانەوە و شیکردنەوەیەکی دیکە بۆ بابەتی خۆکوشتنەکەی هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی ستیڤان زیڤایج، دووچاری نەخۆشییەکی دەروونی قووڵ هاتبوو، نەخۆشییەک چارەسەری نەبوو. ئەو نەخۆشییە بوو، لە ساتەوەختێکی نائومێدی و قەترانی کوشندەدا، وایلێکرد بڕیاری خۆکوشتن بدات. بەڵام بۆچی ئەم بڕیارەی بەسەر هاوسەرە گەنجەکەشیدا سەپاند کە هێشتا تەمەنی لە 34 ساڵ تێنەپەڕی بوو؟ ئاخۆ بۆچی هەر بە تەنها خۆی نەکوشت؟ لە ڕاستیدا کەس هۆکاری ئەم بڕیارە لەناکاوە نازانێت کە ستیڤان زیڤایچ لە 22 شوباتی ساڵی 1942، ئەنجامیدا. هەمو ئەوەی دەیزانین، ئەوەیە هەندێک لە نووسەرە گەورەکان، جار بە جار، دووچاری قەیرانی دەروونی تیژ دەبن، ڕەنگە وایان لێبکات، کارێک ئەنجامبدەن کەس نەزانێت ئاکامەکەی چییە. بۆچی ئارنست هێمنگوای، دوای ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ و ناوبانگ و نەمری بەدەستهێنا، خۆی کوشت و تەمەنیشی تۆزێک لە سەرو 60 ساڵەوە بوو؟ ئەی بۆچی نیتچە لە هەڕەتی گەنجییەتیدا (45 ساڵ)، شێت و هار بوو؟ ئەی سەبارەت بە جێرار دۆنیرڤاڵ بڵێین چی کە لە گۆڕەپانی شاتیلییەی ناوەڕاستی پاریس، خۆی بە عەمودێکی کارەباوە هەڵواسی؟ کێ و کێ و کێ تریش؟

سەرچاوە:

الشرق الاوسط، دوو شەممە، 18 کانوونی دووەم، 2021

ناردن: