بیل؛ هەر مانایەکی زمانەوانی کەهەڵگری ناچارکردن بە ئەنجامدانی تاوان بێت، هەڵەیە

(لە کتێبی لەبارەی لێکبوردنەوە، بەرهەمی بیل)

و. ڕێبین هەردی

کتێبی تەفسیری فەلسەفی بەرهەمی پییر بیل (کە دواتر بەناونیشانی لەبارەی لێکبوردنەوە چاپی تازە کرایەوە)، ساڵێک پاش هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی نانت و مەرگی براکەی پستۆر ژاکۆب بیل، بڵاوکرایەوە.بیل لەم کتێبەدا بابەتی لێکبوردنی کەمتر لەبەرچاوە تا نەریتی تیۆلۆجیانەی کە گوایە بناغەی سەرکوتکردنە لە ڕووی مێژوویی و مەزهەبیەوە. بیل بە مەحکومکردنی پشت بەستن بە ئەنجیل بۆ پاساو هێنانەوە بۆ ناچارکردن بە بڕواهێنانی ریفۆرمخوازانی مەزهەبی، هێرش دەکاتە سەر جەرگەی بونیادی تیۆلۆخیانەی کە پاساو بۆ سەرکوتکردنی لاداەرانی دین و نالێکبوردن دەهێنێتەوە. ئامانجی ئەم مەحکوم کردنە بەپلەی یەکەم تەفسیری سن ئۆگستینە بۆ نمایشی میوانداری مەسیحیەت کە بە ئامرازێکی دەزانێت بۆ ڕەوایەتیدان بە ناچارکردن لە بواری مەزهەبدا. لەبەرئەوە میتۆدی تەفسیری نمایشەکانی کتێبی پیرۆز دەستنیشانکەری ڕەوایەتی یان مەحکومیەتی لادەرانی دینە. بیل ڕوانینێکی تایبەتی بۆ تەفسیری کتێبەکانی پیرۆز نیە (کە دەکرێت نمونەکانی لای سپینۆزا ببینرێت)، دواجار ئەو دەیسەلمێنێت کە ڕەهەندی تیۆلۆجیانەی تەفسیری کتێبی پیرۆزی خستۆتە لاوە. ڕەسانەیەتی کاری بیل ئەوەیە کە دەیەوێت (باوەڕدروستکەران بلەرزێنێت، لە شتی پڕوپوچی دوبارە دەریان بێنێت و ڕوبەڕووی کێشەکانیان بکاتەوە)، ئەمەش جۆرە لێکۆڵینەوەیەکە کە چیدی تەنیا تیولۆجیانە نیە، بەڵکو بەتەواوی فەلسەفیە و لە ناونیشانی کتێبەکەشدا ئاماژەی بۆ کراوە: تەفسیری فەلسەفی ئەم قسانەی عیسا مەسیح کە دەڵێت ”ناچاریان بکە بێنە ژوورەوە“ تەفسیرێکە کە زۆر بەڵگە دەسەلمێنرێت کە کارێکی ناشرینتر لە باوەڕپێهێنانی کەسەکان بە زۆر نیە، لەم تەفسیرەدا سەفسەتەکانی باوەڕدرووستکەران بە زۆر و بەرگری سن ئەگۆستین لە کرداری سەرکوت ڕەد دەکرێتەوە. بیل دەڵێت: ”شێوازی نوێی تەفسیری) ئەو پشتی بە “بنەمای هەمەکی و بێ کێشەترین تەفسیرێکە لەو تەفسیرانەی کە زمانناسیەکان، ڕەخنەکان و شتە پڕوپوچە دوبارەبووەکان دەیانخستە بەردەمم (…) من بە ڕەدکردنەوەی مانای زمانەوانی کە سەرکوتکەران تەفسیری بۆ دەکەن، خۆشحاڵم”. بەمشێوەیە “هەر مانایەکی زمانەوانی کە هەڵگری ناچارکردن بێت بە ئەنجامدانی تاوان، هەڵەیە”. بڕوادروستکەران تاوانەکانی خۆیان بە پشت بەستن بە مانای ووشەیی نمایشەکان پاساو دەدەن. بیل ئەوان حەواڵەی کرداری خۆیان بە مانای زمانەوانی سەرکوتکردنیان دەکات. کەوابوو تەفسیری کتێبە پیرۆزەکان دەبێت بە سەرنجدان لە دەرئەنجامە پراکتیکیەکانی میتۆدی هەڵبژێراوە،  ئەنجام بدرێت.

لێرەوە بنەمای بەدیهی میتۆدۆلۆجی کە بیل قەبوڵی دەکات، بنەمایەکی ئەخلاقی هەیە. بیل حوکمە دۆگماکان و بایەخەکانی ئەو بەهایانە دەخاتە لاوە، ئەرگۆمێنتی تیۆلۆجیانەی باوەڕدروستکەران بەهەڵە دەزانێت، و خەسڵەتی ئەخلاقی هەر کردارێک بە پێوەری ڕەوایەتی دەناسێت. دەستوری ئەخلاقی باڵادەست بەسەر مانای کتێبی پیرۆزدا، لە عەقڵەوە سەرچاوە دەگرێت، لێرەوەیە کە شێوازی ئەو فەلسەفیە، نەک تیولۆجیانە. دەکرێت ئەوە بڵێین کە ئەم تەفسیرە فەلسەفیە بەشێوەیەکی شاراوە تەفسیرێکی مێژوویە: بیلیش وەک باسناژ دۆبۆڤال بەپیشاندانی ئەو توندوتیژییانەی کەنیسەی رۆم ڕێگەی پێداوە، کاری مێژوونووس ئەنجامدەدات.

بنەمای جێگەی سەرنجی بیل بۆ تەفسیری کتێبی پیرۆز چیە؟ بەشی کۆتای ئەوە دەقەی لەو هێنامانەوە، دەریدەخات کە ئەم بنەمایە بریتیە لە بابەتگەلێکی بەدیهی کە کتێبی پیرۆز ناتوانێت پێچەوانەکەیان بڵێت. بە دەربڕینێکی دی بەدیهیاتی عەقڵی دەرئەنجامی ڕوناکی سروشتیە کە تەنانەت خوداوەندیش مومکین نیە دژی بێت. کەوابوو وەحی دەبێت لەگەڵ بەداهەتی سروشتیدا بگونجێت، چونکە خۆی شتێکی خوداییە. تیشکێکی خۆڕسکی (درەوشاوە و دیارە) کە بەسەر هەرمرۆڤێکدا پەخش دەبێتەوە، هەقیقەتی خۆی بۆ ئاشکرا دەکات: خودا خۆی “ ئەوکاتە ڕاستەوخۆ مرۆڤ ڕووناک دەکاتەوە و لە خودی خۆیدا بیرۆکەکانی هەقیقەتی نەمر کە ناوەڕۆکی بنەما یان زیهنیاتی هاوبەشی میتافیزیکیە، بۆ ئێمە دەردەخات”. بەمشێوەیە خودا “ناتوانێت ئیلهامی ئەوەمان بداتێت کە هەموو بەهەمەکی بەشێکە لە بەشێکی بچوکتر” و یان “بەبەرزتر زانینی خراپە بەسەر باشەدا کاڕێکی شەرفەتمەندانیە”. بیل بە تێکەڵکردنی بەدیهاتی ئەندازیاری و بەیهیاتی ئەخلاقی دەریدەخات بەداهەتی سروشتی لە بواری ئەخلاقدا وەک ئەندازیاری، یەقینییە. بەداهەتی سروشتی پێوەرێکی تۆکمەیە کە دەبێت مانای زمانەوانی کتێبی پیرۆز لەگەڵیدا بگونجێت: هەر مانایەک کە پێچەوانەی بەدیهیاتی ئەخلاقی عەقڵانی بێت، هەڵەیە و دەبێت ڕەد بکرێتەوە.

بیل بایەخ بە بەداهەتی سروشتی زیاتر لە بەداهەتی کتێبی پیرۆز دەدات: “هەر حوکمێکی دۆگمایی کە نەسەلمێنرێت یان بە دەربڕینێکی تر لە ئەنجومەنی باڵای عەقڵ و بەداهەتی سروشتیدا نەسەلمێنرێت و سەقامگیر نەبێت، وەک شۆشەیەک مانایەکی لەرزیو و شکێنەری هەیە”. تێزەکانی کتێبی پیرۆز تەرازووی مەزهەبی سروشتی، واتە ئەو تێزانەی بەهۆی عەقڵەوە ئامادەکراوە و بێ ئیکهامە خواداییەکانی تر هەڵدەسەنگێنرێت، لێرەوە عەقڵ دەتوانێت وەک پێوەر یان وەک یەکەم ڕێسای هەمەکی بێت بۆ هەڵسەنگاندنی هەق و هەڵە و خراپە و باشی. عەقڵ لە پێشینەیە، چونکە خوداییە: ایلهامێکی دەروونی و بێ زیانە کە خودا لە ڕێگەیەوە بنەماکانی سەرەتا فێری مرۆڤ دەکات. دەرئەنجامی ئەمەش ئەوەیە کە گۆناه دژی عەقڵ وەک گوناه وایە دژی ئەنجیل و دژی خودا. مەزهەب بە بڕوای بیل ، پێکهاتەیەکە لە قەناعەت پێکردنی دەروون و دەرکەوتە دەرەکیەکانی بەهۆی هێماکانەوە: کەوابوو گەر کرادرە دەرەکیەکان “هاوکاتی حاڵێکی دەروونی گونجاو نەبێت لەگەڵیدا، یان هاوکاتی دۆخێکی دەروونی دژ بێت لەگەڵیدا”، جگە لە ڕیاکاری ، بەد نیەتی، و یاخیبوون لەبەرامبەر خودا و ویژداندا هیچی دی نیە. بیل بەمشێوەیە دیدەکان هەڵدەگەڕێنێتەوە: بڕوا دروستکەران کە بەکارهێنانی زۆر بەرەمبەر بەو کەسانەی بە لادەری دینیان دەزانن، لەڕاستیدا خۆیان لادەری دینی ڕاستەقینەن. کەوابوو دەستبردن بۆ زۆر لە بواری مەزهەبدا، بێ سوود وناڕەوایە: ویژدانی مرۆڤ نەک جگە لەوەی بە جیا لە زۆر بە سەربەخۆیی بە هەقیقەتی دەزانێت، بە هەقیقەتی قەبوڵ ناکات، بەڵکو خوداش فەرمانی بەناچارکردنی کەس نەکردووە، چونکە ناچارکردن کردارێکی بەتەوای نامەزهەبیە، بڕوای ڕاستەقینە دروست ناکات.

بیل بەمشێوەیە مانای زمانەوانی نمایشی میوانداری مەسیح بە هەڵە دەزانێت، “لە هەنوکەوە کۆتەکێکی کوشەندەمان لە مانای زمانەوانی نمایشدا” چونکە “هەرمانایەکی زمانەوانی کە هەڵگری ناچارکردن بە ئەنجامدانی تاوان بێت، هەڵەیە”.

دەق:

خودی مەزهەب جۆرێک بڕوای دروونیە لە پەیوەندی مرۆڤ بە خوداوە، کە عەشق و ڕێز و ترسێکی شایستەی خودا لە ئیرادەی مرۆڤدا و لەنیشانەی گونجا لەگەڵ ئەم بڕوایە و ئامادەیی ئیرادەیی لە جۆڵەکانی جەستەیدا درووست دەکات. بە جۆرێک کە گەر نیشانە دەرەکیەکانی هاوڕێی دۆخی دەرونی گونجاو نەبێت لەگەڵیدا، یان هاوڕێی دۆخی دەروونی دژ نەبەێت لەگەڵیدا، دەبن بە کرداری ڕیاکارانە و یان بەد نیەتی و یان یاخیووبن لەبەرامبەر ویژدانی خودا.

لەبەر ئەوە گەر دەمانەوێی بە پێی پێداویستی سروشتی شتەکان بە حوکمی عەقڵی تەندروست و عەقڵی هەمەکی کە خوداش حەزی پێ دەکات،  کار بکەین، هەرگیز نابێت لەڕێگەی بڵاوپێکردنەوەی مەزهەبدا ئامرازێک بەکار بهێنین کە لەلایەک توانای قەناعەتپێکردنی دەروونی مرۆڤ و جێگیرکردنی عەشق و ترس لە خودای لە دڵیاندا نەبێت. و لەلایەکی دیشەوە ببێتە هۆی کرداری دەرەکی لە جەستەی مرۆڤدا کە نیشانەی ئمادەیی مەزهەبی دەروون نیە و یان نیشانە ئامادەگی نەبوونی دەروونی مرۆڤە.

(ناچار کردن ناتوانێت کەس بکات بە دیندار) کەوابوو توندوتیژی لەلایەک توانای ئەوەی نیە عەشق و ترسی خودا لە دڵی مرۆڤدا جێبکاتەوە، و لەلایەکی دی توانایەکی زۆر هەیە بۆ ورژاندنی کرداری دەرەکی لە جەستەی مرۆڤدا  کە لەگەڵ واقعی دەرونی ئەودا ناگونجێت، یان نیشانەی دەررەکی زۆر جیاوازە لە ئامادەگی واقعی ئەو، واتە ئەم کرادارە دەرەکیانە یان ڕیاکارانە و لە ڕووی بەدنیەتیەوە یان یاخیبوونێکە لە ویژدان.

کەوابوو بەکارهێنانی توندوتیژی لەڕێگەی قەبوڵاندی مەزهەب بە کەسانی دی، بە ئاشکرا دژی عەقڵی تەندورست و بەداهەتی سروشتیە، و بەپێچەوانەی عەقڵی هەمەکی و بەیەک ووشە دژی بە ڕێسای یەکەم و سەرەتایی جیاکاری نێوان ڕاست و هەڵە، باشەو خراپەیە.

لەبەرئەوە چونکە وێنا دیاریکراوەکانی ئێمە بۆ جەوهەری هەندێک شت، بەشێوەیەکی بڕاوە قەناعەتمان پێدەکات کە هەرگیز ناشێت خودا ئیلهامێکمان پێ بدات کە پێچەوانەی ئەو وێنایانە بێت (بۆ نموونە ئێمە دڵنیاین کە خودا ناتوانێت ئێلهامان پێ بکات کە هەمەکی لە بەش بچوکترە، یان بەبەرزتر دانانن ناپاکی بەسەر باشیدا شەرافەتمەندانەیە، یان دەبێت سەگەکەی خۆمان لە هاوڕێیان و نیشتیمان لا گرنگتر بێت، یان بۆ ڕۆیشتن لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەکی تر لە ڕێگەی دەریاوە، بە ئەسپ غار بدەین. یان بۆ ئەوەی زەویەک ئامادە بکەین بۆ بەرهەمهێنانی زۆر، نابێت هیچ کارێکی تیا بکەین). بەدیهیە کە لە قسەکانی خودادا ئەو حوکمە نەهاتووە کە کەسێک بە کۆتەک و دار، یان توندوتیژی لەمجۆرە، ناچار بە قەبوڵکردنی ئەنجیل بکەین. بەهەمان شێوە گەر لە ئەنجیلدا بەر دەستەواژەیەک کەوتین، کە هەڵگری فەرمانێکی پێچەوانەی ئەمەیە، دەبێت دڵنیا بین کە ئەو فەرمانە بە مانای مەجازی بەکارهاتووە، نەک بە مانای واقعی، بەگشتی وەک ئەوەی لە کتێبی پیرۆزدا بەر دەستەواژەیەک بکەوین کە فەرمان دەکات دەبێت لەهەموو زمان و سەرجەم لقەکانی زانستدا زانا بین، بێ ئەوەی هیچمان خوێندبێت، کە دیارە ئەمجۆرە فەرمانە بە مانای مەجازی وەردەگرین.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: