ڤۆڵتێر؛ لێکبوردن لە بەرامبەر دەمارگیریدا

(لە ئەنسکلۆپیدیای فەلسەفی، بەرهەمی ڤۆڵتێر، وتاری لێکبوردن)

و. ڕێبین هەردی

خەباتی ڤۆڵتێر دژی دەمارگیری دەرئەنجامی ڕوداووە دادگایەکانی ساڵانی ٧٠-١٧٦٠ (کالاس[1]، سیرۆن[2] و یا بەتایبەتی رودای دولاباری سوارچاک[3])ە. گەرچی هەموو بیرکردنەوەی ڤۆڵتێر لە ساڵی ١٧٦٢دا ڕوو لە لێکبوردن دەکات، بەڵام وتارێک لەبارەی لێکبوردنەوە ١٧٦٣ بەرنامەیەکی درێژخایەنە بۆ وروژاندنی ڕای گشتی بە قازانجی دژایەتی دەمارگیری. ڕووداوەکانی کالاس کە ڕونکردنەوەی لەسەرەتای ئەم وتارەدا هاتووە و لەکۆتایشدا باسکراوەتەوە، تەنیا پەیوەندی بەیەک کەس یان یەک خێزانەوە نیە. تەنیا ڕووداێکی دادگایی نیە، بەڵکو پەیوەندی بەهەموو مرۆڤایەتیەوە هەیە. ڤۆڵتێر لەم ووتارەدا بەتوندی هێرش دەکاتە سەر کەنیسەی کاسۆلیکی و بە خوازیاری دەسەڵاتی ئەم دنیاییە و دروستکەری تیۆلۆجیای بێهودەی دەزانێت. دەرئەنجامی ئەم بۆچونە کە چەند ڕستەیەکی کورتدا دەربڕاوە: مەسیحیەتی مێژووی شانزە سەدە بەربەریەتە. ئەو ڕستەیەی تریش دەناسین کە بۆڵتێر لە نامەیەکدا بەکاری هێناوە: خەبات لەپێناوی لێکبوردندا دەبێت “ئەم نەنگیە لەناوببات”، مەبەست لە نەنگی لەم ڕستەیدا دەمارگیریە لەهەموو شکڵەکانیدا، بەتایبەتی دەمارگیری لە مەسیحیەتدا.

مەبەست لە دەماریگری بە وردی چیە؟ وتاری دەمارگیری لە ئەنسکلۆپیدیای فەلسەفیدا (١٧٦٤) وەک کڵپەگرتنی خورافەت پێناسی دەکات: “پەیوەندی نێوان دەمارگیری و خورافات وەک پەیوەندی نێوان وڕێنە و تا، یان توڕەبوون و ڕق وایە”. دەمارگیری نەخۆشیەکە بۆ چوارچێوەی کۆمەڵگا. توندڕەویەکە کە هەڕەشەی لەناوچوون لە کۆمەڵگا دەکات. ئەم پێناسەیە ڕێک دژی ئەو نەریتەیە کە لادانی دینی بە نەخۆشی، نەخۆشیەک کە بڵاودەبێتەوە، دەزانێت. لەم پێناسەیەدا لادانی دینی نەخۆشی نیە، بەڵکو دەمارگیری خۆی نەخۆشیە. دەمارگیری دەرئەنجامی ئەو تیۆلۆجیانە و دۆگما زۆرانەیە کە خورافات، هەستی مەزهەبی و سەرکوتکردن درووست دەکەن. مەزهەبە پۆزەتڤیزمەکان جگە لە (مەزهەبی حەکیمانەی چینیەکان)، بۆگەنکردنی هەقیقەت و کۆمەڵێک فێڵن بۆ هەڵخەڵەتاندن و کۆیلەکردنی خەڵک. بەڵام گەر ڤۆڵتێر لەو دەرئەنجامانەی وەریدەگرێت جیاکاری لە نێوان دەمارگیری و لادانی دینیدا دەکات، لادانی دینی بە بێ هۆی سروشتی نازانێت: ناسەقامگیری ڕەگەزی مرۆڤ و کەمی دامێنی دانایی مرۆڤ، بە ناچار وا لە مرۆڤەکان دەکات هەندێک بیرورای نایەقینی قەبوڵ بکەن. لەسەرو ئەو ڕاستیە سنووردارانەوە کە ئێمەی مرۆڤ دەتوانین دەستمان پێی بگات، شتێک جگە لە بڕواکان، حیزبەکان، گروپەکان و کۆمەڵێک گومان بوونی نیە (وتاری گروپەکان). لادانی دینی شتێکی سروشتیە، چونکە دەرئەنجامی ماهیەتی سنوورداری زیهنی ئێمەیە، و هەر بەم مانایەش شایستەی لێبوردنە. بە پێچەوانەی دەمارگیریەوە کە دەبێتە هۆی نەخۆشی، چونکە تەنیا  بڕوای خۆی بە هەقیقەت دەزانێت و بۆ بەرگری لێکردنی(ئەو بڕوایەش) دەست بۆ چەک دەبات. تەنیا دەرمانی ئەم نەخۆشیە زیهنی فەلسەفیە کە لە نزیکەکانەوە بۆ نزیکەکان دەگوێزرێتەوە، سروشت و خوی خەڵک نەرم دەکاتەوە و توندڕەویە ناشایستەکان قەدەغە دەکات. بەرگری لە لێکبوردن دەکرێت لەبەر ئەو “قازانجە گشتیەی”. هەیەتی، نەک وەک ئازادی بیروڕا و باوەڕ، یان وەک مافەکانی ویژدانی هەڵەکەر: بەرژەوەندی نەتەوەکان، پێویستی بە لێکبوردنە، چونکە ئەو نەتەوانەی کە لێبوردنیان هەیە، ئەوانەن کە ئاشتی و لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا هەیە، و سامانی زۆریش بەدەست دێنن. ئیمپراتۆریە گەورەکان چەندان بیروڕایان تێدایە و لێکبوردوونی تێدایە. بیروڕا مەزهەبی و دینیە جیاوازەکان، بە دەرکەوتنی یەکتاپەرستی و ڕێکخستنی لەناو یەک کەنسیەدا، لەناو نەچوو. دینە یەکتاپەرستیەکان هەریەکایان دابەش بوون بۆ کۆمەڵێک گروپ و ئەم گروپانەش بەرگری لە هەقیقەتی جیاجیا دەکەن، لەبەرئەوە دەبێت هەمووان بۆ لێکبوردن بانگ بکەین. ڤۆلتێر پەند لە مێژوەوە وەردەگرێت: “ئەم جیاوازیە ترسناکانە کە چەندان سەدەیە بەردەوامە،  وانەیەکی کاریگەرە بۆ ئەوەی دەبێت هەڵەکانی یەکدی دولایەنە ببەخشین. جیاواز بوون، بەدبەختی گەورەی ڕەگەزی مرۆڤە و تەنیا چارەی لێکبوردنە. لێکبوردن فەزیڵەتێکی مرۆیی و هەروەها فەزیڵەتێکی کۆمەڵایەتیە. وتاری لەبارەی لێکبوردنەوە بە:”خەسڵەتی سروشت”ی دەزانێت. لەکاتێکدا لە ئەنسکلۆپیدای فەلسەفیدا بە خەسڵەتێکی مرۆڤایەتی دانراوە. لێکبوردن هەروەها فەزیڵەتێکی ئەخلاقیە، و لێرەوە هاوتای ئاسانگیری و دڵفراوانی و دڵسۆزی پێناس دەکرێت. بەڵام گەر لێکبوردن تا ئاستی ڕەچاوکردن (موراعات)ی هەڵەکەر بهێنینە خوارێ، کە واز لێهێنانی هەمیشە وەک ئەگەرێک هەیە، ئایا نەمانگەڕانۆتەوە بۆ مانا کۆنەکەی. ڤۆلتێر ئەم مانایەی بۆ لێکبوردن وەرنەگرتووە: چونکە نەزانین، بەهرەی هەمووانە، کەوابوو دەبێت هەر مرۆڤێک لەگەڵ سەرجەم ئەوانی دیدا لێبوردە بێت. وتاری لێکبوردن بەمشێوەیە کۆتای دێت: بەڵام دیارە ڕوونە کە دەبێت ئێمە هەموومان بەرامبەر بەیەک لێبوردە بین، چونکە هەموومان بێ توانا و سادەئەندێش و توشی گۆران و هەڵە دەبین. ئایا چڵێک نەی کە ڕەشەبا خستوێتیە ناو قوڕولیتەوە، دەتوانێت بە نەیەکەی تەنیشتی کە بە پێچەوانەی ئەوەوە کەوتووە، بڵێت  “وەک من پێشکەوە، ئەگینا دەمەوێت لە زەوی هەڵتکەنن و بتسوتێنن”. لێبوردن لەبەرئەوەی دوولایەنەیە، هاوڕێی چاوپۆشینەو دەرخەری پەیوەندی دەسەڵاتی لێبوردوو و ئەو کەسەی لێی بوراوە نیە. لێکبوردن بە ڕیشەکێشکردنی دەمارگیری، دەبێتە فەزیڵەتێک کە زنجیرەیەک ئەرکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی درووست دەکات، و لە هەندێک پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا دەردەکەوێت، کە بەرژەوەندی تاکەکان لە ئاڵوگۆڕی سامان، واتە لە بازرگانیدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لەمڕوەوە بۆرسای لەندەن یەکێک لەناوەندە گرنگەکانی لێکبوردنە: بۆرساکە بە ئاسانکردنی ئاڵوگۆڕی سامان، ئازادی بیروڕا، واتە هاوتابوونیان بڵاو دەکاتەوە. ڤۆڵتێر بۆ سەقامگیری لێکبوردن پێشنیاری دوو ڕێگە دەکات: یەکێکیان چالاکی لەبواری ڕای گشتیدا، و ئەوی دی کاری میرەکانە کە بەڕێگەدان بە بیرورای جۆراوجۆر لە وڵاتدا، هێواش هێواش هەستە مەزهەبیەکان خامۆش دەکەن.  ڤۆڵتێر دەوری بڕاوەی بۆ ڕاگەیاندن یان ئاگادارکردنەوەی خەڵکی داناوە: ڕەوانی و فراوانی ئەو نوسینانەی پەیوەندیان بە ڕوداوە داگایەکانەوە هەیە، دەبێت رای گشتی بگۆڕن، و ئەم بیروڕایانە فۆرمەلە بکەن، ڕوونیان بکەنەوە، دەرگیریان بکات و ناچار بە داوەری کردنیان بکات. “تەنیا ئومێدی من بە هاواری هەمووانە”(نامەیەک بۆ کۆنت دارژانتاڵ، ٧ی ئوتی ١٧٦٢). خەڵک بەرهەمی ڕۆشنگەرین و لە خەباتی لێکبوردن دژی دەمارگیری دەکرێت بیانهێنینە مەیدانەوە. دەوری میرەکان ڕێگریە لە هەستە توندەکانی خەڵکی، و ئەمکارەش بە دانانی یاساگەلێک بۆ دەربازبوون لە ئاژاوە مەزهەبیەکان، و کۆتایهێنان بە خورافات دەکرێت. باسی قەدەغەکردنی مەزهەبەکان لە ئارادا نیە. ڕێگە چارەی ڤۆڵتێر لەناوبردنی مەزهەبەکان ناگرێتەوە. ڤۆلتێر خوانەناس نیە. خوانەناسی “دێوێکی ترسناکە” (وتاری خوانەناس، خوا نەناسی)، کە وەک دەمارگیری سەرجەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لەیەک دەپچڕێنێت، و بەهێزترین پایەی ئەخلاقی وێران دەکات. میرەکان دەبێت خواناسی بڵاوبکەنەوە کە سەلمێنەری بوونێکی باڵاتر، خوڵقێنەر، فەرمانڕەوا، پاداش دەرەوە و توڵەکەرەوەیە. لەدیدی مەزهەبە پۆزەتڤیزمەکانەوە خواناسی تاکە مەزهەبی پەتی و لێکبوردووە. میرەکان بەمشێوەیە دەبێت چاودێری دین و مەزهەبەکان بکەن: “لەهەرکوێیەک میر فەرمانڕەواو ڕەهای سیستەمی کەنیسەیی بووە، تەنانەت یەک حاڵەتی ئاژاوە و پەشێویش نەبینراوە. هەرکاتێکیش کەنیسەییاکان بەتەواوی پێیڕەوی میرەکان نەبوون، جگە لە ئاژاوە و کارەسات هیچی دی بەرهەم نەهاتووە”. لێبوردن بەرهەمی درێژخایەنی میرەکانە، ئاماجی ڕێگریە لە مەزهەبە پۆزەتڤیزمەکان، و مەرج نیە هاوکاتی چەمکی نادینی بوونی دەوڵەت بێت. دەوڵەت نابێت بێلایەن بێت، بەڵکو دەبێت هاوکاری دینی هەقیقی واتە خواناسی بکات. لێکبوردن دەبێت بە گروپە جیاوازەکان (بێگومان ئەوانەی وەفادارن بۆ دەوڵەت) ئەو توانایە ببەخشێت کە سەرەتا هەموو بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەیەکەوە بژین، و پاشان بە ناچارکردنیان بە پێکەوەژیان لەژێر چاودێری میردا، هێواش هێواش  تەفرقە لەناو ببات. ڤۆڵتێر بە پێچەوانەی بیلەوە دەورێکی کۆمەڵایەتی بە دین دەبەخشێت لەحاڵەتێکدا کە لێکبوردن بڵاو دەکاتەوە، و بە پێچەوانەی لۆکەوە خوازیاری پەیڕەوی کەنیسەیە لە دەوڵەت و ئەمەش بەتاکە زامنی لێکبوردن دەزانێت. وتاری لەبارەی لێکبوردنەوە بە “دوعاکردن بۆ خوا” کۆتای دێت، دوعایەک کە خودا لەبەرامبەر “هەموو بوونەوەرەکاندا، هەموو جیهانەکان و هەموو زمانەکان” ولەبەرامبەر مرۆڤەکاندا دادەنێت کە”بوونەوەرانی سست و سەرگەردانن لە فەزای بێکۆتای و نادایار لە دیدی بوونەوەرەکانی ترەوە.”

ئەم دوعایە پەنابردن بۆ خواناسیە، واتە بۆ یەکەم دینی مرۆڤەکان کە عەقڵانیەتی پەتیە و دینە  پۆزەتڤیزمەکان لەڕێگەی زانستە مەزهەبی و میتافیزیکیەکانەوە لە شانۆ کردویانەتە دەرەوە. بەڵام هێشتا پاشماوەکانی لە بڕواهێنانی بە خودای مەزندا لای نەتەوە خاوەن شارستانیەکان دەبینرێت. لێکوبردن بەرەو ئەم دینە سروشتیە دەڕوات، کە ناوەڕۆکەکەی یەکێتی و برایەتی جیهانیە. لێکبوردن لەگەڵ ڤۆڵتێردا مانای پێشووی خۆی بەشێوەیەکی ڕەها لەدەست دەدات: چیدی لێکبوردن نیشانەی لاوازی یان بێ هیمەتی گوناه ئامێز لەبەرامبەر خراپیدا نابێت، تاکو دوورکەوتنەوە لێی پێویست بێت، بەڵکو دەبێت بە فەزیڵەتێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی کە ئەنجامی ئاشتیخوازانەی هەیە، و بەشێوەیەکی ناکۆک ئامێز گومانکاری و خۆشبینی تێکەڵ دەکات: تواناکانی مرۆڤ سنووردارە، بەڵام لێکوبردن و خوداناسی دەبێت پێشکەوتنی مێژوویی بە ئاراستەی پێشخستنی عەقلانیەت، ئامادە بکات.

دەق:

لێکوبردن چیە؟ لێکبوردن خەسڵەتی تایبەتی مرۆڤە. ئێمەی مرۆڤ هەموومان پڕین لە لاوازی و هەڵە، کەوابوو با بەشێوەیەکی دوولایەنە گەمژەیی یەکدی ببەخشین، کە ئەمە یەکەم یاسای سروشتە.

لە بۆرسای ئەمستردام یان لەندەن یان گوجارات[4] یا بەسرە کە زەردەشتی، بانیان[5]، یەهودی، موسڵمان، چینی خواپەرست، بەرهمەن، ئەرسۆزۆکس، کاسۆلیک، پرۆتستانت، هەموان پێکەوە مامەڵە دەکەن، خەنجەر لەڕووی یەک هەڵناکێشن، بۆ ئەوەی هەریەکێک ئەوی دی بۆ دینی خۆی بهێنێت. لەبەرئەوە بۆچی ئێمە (مەسیحیەکان)  پاش ئەنجومەنی نیقیە بەردەوام خەریکی کوشتاری یەکدین. کۆنستانتین لەسەرەتادا فەرمانێکی دەرکرد و سەرجەم دینە و مەزهەبەکانی بە ڕێگەپێدراو ناسی، بەڵام لە کۆتاییدا هەمووی سەرکوتکرد. بەر لەو، مەسیحیەکان تەنیا لەبەرئەوەی هێواش هێواش دەبوون بە حیزبێک لەناو وڵاتدا، دەکەوتنە بەر هێرش و گرتن. رۆمیەکان سەرجەم دینەکانیان تەنانەت دینی یەهود و تەنانەت دینی مسریەکان کە سوکایەتیان پێدەکرد، بە ڕێگەپێدراو دەزانی. بۆچی رۆم لەگەڵ ئەم دینانەدا لێکبوردوو بوو؟ چونکە مسریەکان و تەنانەت یەهودیەکانش نەیان دەویست دینی کۆنی ئیمپراتۆری رۆم لەناو ببەن، زەوی و دەریاکانیان نەدەبڕی، بۆ ئەوەی خەڵکی بۆ دینی خۆیان ڕابکێشن. تەنیا بیریان لای پارە پەیداکردن بوو. بەڵام مەسیحیەکان بێگومان دەیانویست دینەکەیان، فەرمانڕەوا بێت. یەهودیەکان نەیاندەویست پەیکەری ژۆپیتەر (خوای خواکانی رۆم) لە ئۆرشەلیم (بیت المقدس) بێت، بەڵام مەسیحیەکان نەیاندەویست ئەم پەیکەرە لە کاپیتۆلی[6] رۆمیشدا ببینن. سن تۆماس بە نیەتێکی باش دان بەوەدا دەنێت کە ئەگەر مەسیحیەکان ئیمپراتۆریەکان لەناو نابەن، لەبەرئەوەیە کە توانای ئەوەیان نیە. مەسیحیەکان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە سەرجەم خەڵکی سەر زەوی دەبێت ببنە مەسیحی، لەبەرئەوە دوژمنایەتیان لەگەڵ سەرجەم خەڵکی سەر زەویدا هەبوو، تا ئەو کاتەی باوەڕ دێنن.

جیاوازی مەسیحیەکان هەرچیەک بوایە، لەناوخۆشیاندا دوژمی یەک بوون. یەکەم جیاوازی لەوەدا بوو کە ئایا دەبێت عیسا مەسیح بە خودا بزانین یان نا؟ ئەوانەی نکوڵی لەمە دەکەن وەک ئیبۆنی[7] تەکفیر دەکران، و ئەمانیش ئەوانەی مەسیحیان دەپەرست تەکفیر دەکرد. هەندێک لە مەسیحیەکان خوازیاری هاوبەشی سامان بوون و بڕوایان وایە ئەم هاوبەشیە لەسەردەمی حواریەکاندا هەبووە. نەیارەکانیان ناویان دەنان نیکۆلایی[8] و ناشرینترین تاوانەکانیان دەخستە پاڵیان. گروپێکی دی بانگەشەی عیرفان دەکەن و ناویان دەنێن غنوسیەکان و بەتوندی دژایەتیان دەکەن. مارسیۆن[9] باسی تەسلیس دەکات، بە بتپەرست ناوی دێنن. ترتیلۆن، پراکساس، ئاوریژن، نووات، نو واتی، سابیلۆس، دۆنات[10] بەر لە کۆنستانتین بە دەستی برا دینیەکانی خۆیان سەرکوت کران، سەردەمێکی زۆر بەسەر حوکمڕانی مەسیحیەت بەهۆی کۆنستانتینەوە نەڕۆیشتبوو کە ئاتاناسێۆسەکان[11] و ئۆسیبەکان[12] کەوتنە گیانی یەکدی و لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ هەمیشە کەنیسەی مەسیحیەت غەرق بووە لە خوێندا.

ئەوەم قەبوڵە کە گەلی یەهود گەلێک دڕندە بوون. دڵڕەقانە سەرجەم دانیشتوانی سەرزەمینێکی بچوکیان سەربڕی کە هیچ مافێکی زیاتر لە پاریس و لەندەنیان تیا نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک نوعمان حەوت جار خۆی لە ڕوباری ئەردندا شت و نەخۆشی گولەیەکی چاک بۆوە، و بۆ قەدرزانی لە یەسوع کە ئەم نهێنیەی بۆ ئاشکرا کردبوو، پێی گووت کە خوای یەهودیەکان بۆ سوپاسکردنی ئەو دەپەرەستێت، بەڵام ئازادە کە خوای پاشای وڵاتەکەشی بپەرستێت و ئەم مۆڵەتەی لە یەسوع داواکرد، ئەو پێغەمبەرش بێ هیچ دوودڵیەک مۆڵەتیدا. یەهودیەکان خوای خۆیان هەبوو، بەڵام هەرگیز سەریان لەوە نەدەسوڕما کە هەر نەتەوەیەک خوای خۆی هەبێت. بەکارێکی باشیان دەزانی کە شامۆس[13] زەوییەکی بە موابیتەکان[14] داوە، بەو مەرجەی خواکەی ئەوانیش لەبەرامبەردا هەمان شت بکات. یەعقوب بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ کچانی بتپەرستدا هیچ دووڵیەکی نەبوو. لابان[15] خودای خۆی هەبوو، وەک چۆن یەعقوب خوای خۆی هەبوو. ئەمانە نموونەی لێکبوردنن لەلایەن نالێبوردەترین و ڕەقترین خەڵکی دێرینەوە: ئێمە لاسایی توندوتیژەیە توندەکەی ئەوانمان کردەوە، نەک لێبوردەی و چاوپۆشینەکانیان. ڕوونە کە هەرکەسێک مرۆڤێک، واتە برای خۆی لەبەر ئەوەی هاوڕای ئەو نیە سەرکوت بکات، دێوێکی ترسناکە. کێشەکە لەمەدا نیە، بەڵام بۆچی حکومەت، دادوەران و میرەکان کەسانێک کە لەگەڵ ڕێبازەکەی ئەواندا نین سەرکوت دەکەن؟ ئەگەر ئەم کەسانە بەهێز بن، بێگومان میر لەگەڵیاندا هاوپەیمانی دەکات. فرانسوای یەکەم (شای فەڕەنسا) کە زۆر مەسیحی بوو، دژی شارلی پێنجەم (ئیمپراتۆری ژەرمەن، شای ئیسپانیا و سیسیل و…) کە زۆر کاسۆلیک بوو، لەگەڵ موسڵمانەکاندا یەکی گرت، بۆ پشتگیری لۆسەریەکانی ئەڵمانیا لە یاخیبونیان دژی ئیمپراتۆرەکەیان(شارلی پێنجەم) پارەی پێدان، بەڵام بەپێی نەریتی باوی سەردەمەکەی، لۆسەریەکانی وڵاتی خۆی لە ئاگردا سوتان. لە ساکسدا لەبەر هۆی سیاسی پارەی بە پرۆتستانەکان دەداو لە پاریسیش بەهۆی سیاسی ئاگری تێ بەردەدان. بەڵام لە کوتایدا چی ڕوویدا؟ سەرکوتکردنەکان، دەمارگیریەکانی درووستکرد. زۆری پێ نەچوو فەڕەنسا پڕ بوو لە پرۆستانتی تازە. ئەمان یەکەم جار ژێرکەوتن، بەڵام دواتر سەرکەوتن. جەنگە ناوخۆیەکان بەرپا بوو، پاشان سن بارتملی[16] هاتە پێشەوە و دواجار ئەم گۆشەیەی جیهان خراپتر لەهەردۆزەخێکی لێهات کە پێشینان و هاوچەرخان وەسفیان کردووە.

ئەی بێ عەقڵەکان، کە هەرگیز بۆ پەرستنی خودا کە ئێوەی درووستکردووە، دینێکی دروستان نەبووە، ئەی بێنەوایان کە پەندتان لە نۆئاشیدەکان، حەکیمە چینیەکان، و دانایان وەرنەگرت! ئەی ئەو دێوانەی پێویستان بە خورافاتە، ….پێشتر ئەوەم پێ گووتن و لەمەش زیاتر شتێکمان بۆ گووتن پێ نیە: ئەگەر لە وڵاتی خۆتاندا دوو دین و مەزهەب هەبوو، سەری یەکتر دەبڕن، بەڵام گەر سی دین و مەزهەب هەبێت، هەموو لە ئاشتیدا دەژین، تەماشای تورکی گەورە (سوڵتانی عوسمانی) بکەن: ئەو بەسەر زەردەشتیەکان، بانیەکان، مەسیحیەکانی یۆنان، نستوریان و رۆمیەکاندا حوکم دەکات. یەکەم کەس کە ئاژاوە دروست بکات شیشێک دەخەنە کۆمیەوە[17]، و هەمووان ئارام دەبنەوە.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

[1] کالاس (٦٥-١٧٦٢) ڕووداوێکی دادگای بەناوبانگە کە کەسێک بەناوی ژان لاکاس قوربانیەکەی بوو. ئەو پرۆتستانت بوو نە ناهەق تاونبار کرا بەوەی کورەکەی خۆی کوشتوە کە ویستوێتی بێت بە کسۆلیک. ڤۆڵتێر بەرگری لێدەکات تا دواتر لە ساڵی ١٧٩٥ دا و پاش مەرگی، ڕێزی بۆ گەڕێنرایەوە.

[2] ۔ Pierre؛ Paul Sirven پرۆتستانتێکی فەرەنسی کە بەهۆی لێکنەبوردنی کاسۆلیەکەکانەوە، تاوانبار کرا بەوەی کچەکەی خۆی کوشتووە بۆ ئەوەی نەبێت بە کاسۆلیک. بەڵام بە هەوڵ و خەباتی ڤۆڵتێر ڕێزی بۆ گەڕێنرایەوە

[3] SÜSsli (Chevalier de la Barre) Jean Francois le Fevry لە نەجیبزادەکان بوو کە بە بێ دینی تاوانبار کرا وسەریان لە لەشی جیاکردەوە. لە ئەنجامی خەباتی ڤۆڵتێروو، ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەڕەنسا، ڕێزی بۆ گەرانەوە.

[4] گوجرات یەکێکە لە هەرێمەکانی هندستان.

[5] یەکێک لە کاستە هدنیەکان کە بازرگانیە گورەکانیان لەدەستدا بوو.

[6] Capitol یەکێک لە حەوت گردەکەی شاری ڕۆما کە پەرستگای ژوپیتەری لەسەر دروستکراوە. (و،ف)

[7] Ebionile  ناونیشانێکی گشتیە بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی کە دەبوون بە ئەندامی یەکێک لە گروپە مەسیحیەکان (بەتایبەری لەسەدەی دوهەم و سێهەم لە ئاسیای بچوکدا). (و،ت)

[8] Nicolaisme ئاینێکی عیرفانی کە لەسەدەکانی سەرەتای میلادیدا لایەنگرانی هەبوو. (و.ف)

[9] Marciom (١٦٠-٨٥) زانایەکی مەسیحی کە بە هۆی تێزەکانیەوە تەکفیر کرا و لە مەسیحیەت دەرکرا. (و.ف)

[10] هەموو ئەمانە لە گەورەکانی مەسیحیەت بوون کە بە هۆی بڕواکانیانەوە تەکفیر کران و ئازار و ئەشکەنجە دران. (و،ف)

[11] Saint Athanase (٣٧٣-٢٩٥) پێشەوای کەنیسەی مەسیحی ێۆنانی. (و،ف)

[12] Euseb Cesaree(٣٤٠-٢٦٥) نوسەر و لە گەوەرەکانی مەسیحیەت. (و.ف)

[13] Chamos خوای عیبرانیەکان. و،ف

[14] Moabites خەڵکی چادرنشینی خۆرهەلاتی دەریای مردوو (سەدەی هەشتی پێش میلاد) کە خزمایەتیان لەگەڵ عیبرانیەکاندا هەبو، بەڵام هەمیشە لە ناکۆکیدا بوون. و.ف

[15] laban  خاڵی یەعقوب.

[16] کوشتاری سن برتلی کوشتاری دەستەجەمعی پرۆتستانەکان کە دەگوترێت نزیک ٧٠ هەزار لە چەند رۆژێکدا کوژران.

[17] سزادانێکی ذرندانە وترسانک بوو کە شیشێکیان یان دارێکیان دەهێنا و لەکۆمیەوە دەیانبردە ژورێ تا ئەو کاتەی گیانی لەدەست دەدا. و،ف،

ناردن: