گوانتانامۆی قوتابخانەکانی سوریا؛ یادگارییەکانی خوێندن و توندوتیژی

دەوترێت یادگارییەکانی منداڵی، بەدرێژایی ژیان کاریگەریی لەسەر مرۆڤ دەبێت. ژیانی کۆمەڵایەتی منداڵ، زرۆجار لە کاتی ڕۆشتنی بۆ داینگە و پاشان بۆ قوتابخانە دەستپێدەکات. وەلێ بڵێین چی، کاتێک قوتابخانە، بۆ منداڵ، دەبێت بە شێوەیەک لە شێوەکانی ئەشکەنجە، منداڵێک نازانێت بۆچی سزا دەدرێت و ناتوانێت لە ترس تێبگات؟ لێرەوە ئەو منداڵە گەورە دەبێت و پێیوایە خوێندن و فێرکردن، پەیوەستە بە سزا و لێدان و دڵڕەقییەوە.

لێرەدا من بە دیاریکراوی، باس لە نەوەی ساڵی 1997 و نەوەکانی پێشتر دەکەم لە سوریا، نەوەکانی دواتر خۆشبەخت بوون، بەوەی یاسای قەدەغەکردنی لێدان لە قوتابخانەکان دەرچوو. بەڵام ئەم یاسایە هەرچەندە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەرچووە، کەچی جێبەجێ نەدەکرا، تەنها ئەو کاتە نەبێت کە لە یاساکەدا بڕگەیەکی ڕاشکاوانە دانرا، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات سزای مامۆستای توندوتیژ و غەدار دەدرێت بە لێبڕینی 5% موچەکەی. بەداخەوە لەگەڵ بوونی ئەم جۆرە یاسایانەدا، کەچی تا حاڵی حازر، چیرۆکی توندوتیژی ترسناک لە قوتابخانەکانی سوریادا ڕوودەدات، چیرۆکێک هیچی لەو چیرۆکانە کەمتر نییە کە من و هاوڕێکانم، لە قوتابخانەکانی سوریادا ڕوبەڕووی بووینەوە.

یەکەمین شەپازلە

من وەک قوتابییەکی گوێگر، لە پۆلی یەک دادەنیشتم، ڕۆژێکیان لە پڕێکدا، لەناو کورسییەکەم هەستامە سەر پێ و لەبەردەم مامۆستاکەمدا هاوارم کرد: (دار، دارا، دارا، دار)، چەند چرکەیەک تێنەپەڕی، مامۆستا تا گرتی شەپازلەیەکی لێدام. هەستم کرد ڕوومەتم سڕ بوو، شوێنەواری پەنجەکانی لەسەر ڕوومەتم دەرکەوتن. لەسەر کورسییەکەم دانیشتمەوە و بێدەنگییەکی ترسناک، باڵی بەسەر پۆلەکەدا کێشا. ناوی مامۆستاکەم زۆرباش لەبیرە، مامۆستا تەڵاڵ. لەو سەردەمەدا گوندەکەمان باخچەی ساوایانی تیانەبوو، باوکم حەزیکرد بۆ پۆلی یەک، ئامادەم بکات. بۆیە داوای لە کارگێڕی قوتابخانەکە کرد، وەک گوێر وەرمگرن و لە پۆلی یەک دامبنێن. ئەمە مانای وا بوو، من تاقە کەسێک بووم، تەمەنی پێنج ساڵ بێت و لە پۆلی یەک بێت، پێویست بوو من ساڵێکی دیکەش هەر لە پۆلی یەک بمێنمەوە. لەو ڕۆژەدا مامۆستا فێری وتنەوەی وشەکانی: (دار، دارا، دارا، دار)ی دەکردین. یەک یەک قوتابییەکانی هەڵدەساند تا ئەو وشانە بڵێنەوە، بەڵام مامۆستاکە منی هەڵنەساند، هەرچەندە من دەستم بە تەواوەتی بەرز کردبوەوە و هاوارم دەکرد: “مامۆستا، مامۆستا”، هەمو قوتابییەکان، کاتێک پەنجە بچووکەکانمان بەرەو ئاسمان بەرزدەکردەوە، هاوارمان دەکرد: مامۆستا، مامۆستا.

من کێشەم لەگەڵ شەپازلەکە و ڕیسوابوونم لەبەردەم قوتابییەکاندا نەبوو، بگرە کێشەم لەگەڵ ئەوەدا بوو، مامۆستاکە بۆچی منی پشتگوێخست، لەبەرچی منی هەڵنەساند، ئەو باش دەیزانی کە دەتوانم بە جوانی وشەکان بخوێنمەوە و لە هەموان باشتر بیانخوێنمەوە. دوای ئەوەی باوکم لە کارگێڕی قوتابخانە گلەیی لەو مامۆستایە کرد، مامۆستاکە ناردی بە شوێنمدا و وەک ئەوەی بیەوێت ڕازیم بکات و هۆکاری شەپازلەکەم پێ بڵێت، وتی نابێت لە خۆتەوە و بێ وەرگرتنی مۆڵەت، هەستیتە سەر پێ و بە دەنگی بەرز هاوار بکەیت. بێگومان من تا ڕۆژی ئەمڕۆش، لەو مامۆستایە خۆشنەبووم.

بەستنەوەی خوێندن و فێربوون بە لێدانەوە، مەسەلەیەک بوو هیچ گفتوگۆیەکی هەڵنەدەگرت. مەحاڵە منداڵ، بەبێ لێدان فێرببێت، هەموان وایان دەوت. هەموان دەیانوت: “منداڵ لە هیچ ناترسێت لە پێستی نەبێت”. بە ڕاستیش ئێمە لە جەستەی خۆمان دەترساین، چونکە بچوک بووین و لێدان، ئازاری زۆری پێدەگەیاندین و زۆرینەی مامۆستاکان، شانازییان دەکرد بەوەی لە قوتابییەکان دەدەن. هەرچی دایکان و باوکان بوو، ئەوا ژمارەیەکی زۆر کەمیان، لایەنگری منداڵەکانیان بوون، لەو زنجیرە بێکۆتاییەی لێدان و سوکایەتی کردنە. کاتێک دەپرسم، کەی هەموان بڕوایان بەوە کرد کە خوێندن پەیوەستە بە لێدان و توندوتیژییەوە، مەسەلەکە وا دەردەکەوێت هەم شێوێنراوە و هەم زۆر کۆنیشە. لەو بڕوایەدام ئەم وڵاتە، هەر لە کۆنەوە بڕوای بەوە هێناوە، بە لێدان و توندوتیژی، دەتوانێت کۆنترۆڵی میللەتەکەی بکات. لە بچوکیدا لە قوتابخانەکان، سەروەەختێکیش گەورە بووین، لە گرتووخانە و زیندانەکاندا.

شوێنەوارێک ناسڕێتەوە

شوێنەواری لێدان و ئەشکەنجە، لە قۆناغی سەرەتایی، بە درێژایی ژیانم، بەردەوام بوو. من ئەگەر لە قۆناعی ناوەندی، ڕێکەوتی/ سودفەی ژمارەیەک مامۆستای باش و ڕووخۆش نەبومایە کە پەیوەندییەکی زۆرباشم لەگەڵیان هەبوو، ئەوا بۆ هەتا هەتایە ڕقم لە خوێندن دەبوەوە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە، توندوتیژی لەو قۆناغەدا بوونی نەبووە. ئەوان لەو بڕوایەدابوون توندوتیژی، ڕێگایەکی نمونەییە بۆ ئەوەی ئێمە بکات بە قوتابی ژیر و سەرکەوتوو.

لە یەکێک لە پۆلەکاندا، مامۆستا منی لە تەنیشت قوتابییەکی تەمەڵ دانا، چونکە من قوتابییەکی زیرەک بووم. مامۆستا ناچاریکردم، ئەو قوتابییە هەر کە لە خوێندنەوە هەڵەی دەکرد، من دبوایە گوێچکەی ڕاکێشم. زۆرباش گوێچکەیم لەبیرە لە نێوان پەنجەکانم، هەروەها لەبیرمە هەوڵمدەدا، لە کاتی ڕاکێشانی گوێچکەیدا، ئازاری پێنەگەیەنم. من هەستم بە ترس و بە شەرم دەکرد، شەرمێک ساڵەکان نەیانتوانی بیسڕنەوە. ئەمە چیرۆکێکە لەو چیرۆکە زۆرانەی کە مامۆستاکان، قوتابییە زیرەکەکان ناچار دەکەن، هاوڕێکانیان بشکێننەوە یان سزایان بدەن. هەندێک لە مامۆستاکان، ناچاریان دەکردین، لە نزیک سەبەتەی خۆڵەکەوە، بە چیچکانەوە دانیشین. بەڵێ هەمو ئەوانە لە قوتابخانەکانی سوریا ڕوویاندەدا و تا ڕۆژی ئەمڕۆش هەر ڕوودەدەن.

ئێستا دوای ئەو هەمو کاتەی کە تێپەڕی، دوای ئەوەی لە مانای توندوتیژی و مانای ئازاردانی دەروونی منداڵ تێگەیشتین. دوای خوێندنەوەی کتێبەکان، پێدەچێت ئەو قۆناغەی ژیانمان، درۆیەکی گەورە بووە کە بە جوانی ڕازێنرابوەوە، درۆیەک گونجاو بوو لەگەل منداڵییە ترساوەکەمان. ڕەنگە لە قوتابخانەکانی ئەمڕۆدا، لێدان و توندوتیژی ڕوون و ئاشکرا نەمابێت، هۆکارەکەشی تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە مامۆستاکان لە خۆیان دەترسن، نەک شتێکی دیکە. لەپاڵیدا میتۆدی پەروەردە، هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە و میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵ، وەک خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە. لەبەر ئەوەیە دەنگی مامۆستاکان دەبیسیت، چۆن بەسەر قوتابییەکاندا هاوار دەکەن و هەڕەشەیان لێدەکەن، گوایە ئەو قوتابیانە چیتر لە هیچ شتێک ناترسن.

گوانتانامۆی قوتابخانەکانی سوریا

بۆ نووسینی ئەم بابەتە، پێویستم بەوە نەبوو، پرسیار لە خەڵکی بکەم، تاکو باس لە یادگارییەکانی ڕۆژانی قوتابخانەیان بکەن. چیرۆکی هاوڕێکانی خۆم و ئەندامانی خێزانەکەم بەس بوو، بۆ گێڕانەوەی یادگارییە ترسناکەکانیان. هاوڕێکەم سارە، “سارە ناوێکی خواستراوە”، باسی یادگارییەکانی خۆی بۆ کردم لە قوتابخانەکەیان کە بەوە ناسراوە قوتابخانەیەکە تێیدا لە قوتابی دەدرێت. مامۆستا لەو قوتابخانەیەدا، بە دار لە دەستی قوتابییەکانی دەدا. ژمارەی دارەکان، یەکسان بوو بە ژمارەی ئەو نمرەیەی بۆ دەرچوون لە تاقیکردنەوەدا پێویستی پێبوو. بۆ نمونە کاتێک قوتابییەک 6 لە 10 وەردەگرێت، 4 داری لێدەدرێت. ئەگەر 9 هێنابێت، 1 داری لێدەدرێت. ئەو هاوڕێەم باس لەوە دەکات، جارێکیان مامۆستاکەیان ناچاریان دەکات بڕۆن لە دەرەوە، دەست بخەنە ناو ئەو تۆپەڵە بەفرە گەورەیەی لە دەرەوە کۆکرابوەوە، پاشان دەگەڕێنەوە بۆ پۆل و مامۆستا دارکاریان دەکات. سارە لێرەدا دەست دەکات بە پێکەنین و دەڵێت: “ئەو مامۆستایە نەیزانی، ساردی بەفرەکە، دەستمانی سڕ کردبوو، بۆیە هەستمان بە ئازاری لێدانەکانی ئەو نەکرد، وەک ئەوەی جارەکانی دیکە هەستمان پێدەکرد”.

بیرمە قوتابییەک کتێبی زانستی بیرچووبوو، مامۆستاکەی کە بەوە ناسرابوو قژی قوتابییەکان ڕادەکێشێت، قژی ڕاکێشا و لەگەڵیدا کەوتە خولانەوەی قوتابییەکە، ئەو قوتابییە دواتر وتوویەتی: “لەو کاتەدا هەستم کردووە لە سۆزانیخانەدام/ مەلهادام”. بەداخەوە تا ئێستاش هەندێک لە خێزانەکان، هانی مامۆستاکان دەدەن بۆ لێدانی قوتابییەکانیان و باوەڕیان بەو ڕستە ئاڵتونییەیە کە دەڵێت: “گۆشتەکەی بۆ ئێوە و ئێسقانەکەی بۆ ئێمە”. من پێموایە ئەو خێزانانە، لە ماڵەوە، زۆر لەوە خراپتر، بە منداڵەکانیان دەکەن.

لە پۆلی سێ بووم، بە هۆی نەخۆشییەوە، مامۆستاکەمان مۆڵەتی وەرگرتبوو، مامۆستایەکی غەدار شوێنی گرتەوە، ئەو بە مانای وشە، حەزی لە سزادانی قوتابی بوو. ڕۆژێکیان من و هەندێک لە قوتابییەکانی سزادا. سزاکە بەم جۆرە بوو: قەڵەمەکەی لە نێوان پەنجەکانم دەدەنا، جارێک لە بنەوە و جارێک لە سەرەوەی پەنجەکانم، ئێنجا ناچاری کردم پەنجەکانم بنووشتێنمەوە، ئەویش قەڵەمەکەی بۆ پێشەوە و بۆ پشتەوە دەجووڵاند، ئازارەکەی لە ڕادەبەدەر بوو. خۆشبەختانە ئەو مامۆستایە زۆر لامان نەمایەوە و تەنها یەک جار بەو شێوەیە سزایدام. من بە باوکم نەوت، ئەو مامۆستایە بەو جۆرە سزایداوم. لەو بڕوایەدام زۆرینەی قوتابییەکانیش بە دایک و باوکی خۆیان نەوتووە. ئێمە پێمانوابوو، لێدانمان بەشێکە لە قوتابخانە، هەستمان دەکرد ئێمە خەتاباراین. قوتابی سزا نادرێت، ئەگەر هەڵەیەکی نەکردبێت، لێیاندەداین چونکە ئێمە زیانەخرۆ و تەمەڵ بووین. چونکە ئێمە لە چاوی ئەواندا، منداڵە باش و سەرکەوتووەکان نەبووین.

بەم جۆرە ترس لەگەڵماندا گەورە دەبێت، لەگەڵ یەکەم وشە کە فێریدەبین: “دار، دارا، دارا، دار”، ئیدی لەو کاتەدا نرخی هەڵەکردن دەزانین. ئایا دەتانەوێت بزانن گەلان، چۆن دەبن بە گەلانی ترسنۆک و ڕاڕا و بە کەم ڕازیدەبن؟ ئایا دەتانەوێت بزانن بۆچی لەم ڕژێمە دەترسین و پێش ئەوەی تەنها بۆ یەک جار بیروڕای خۆمان دەربڕین، هەزار جار بیردەکەینەوە؟ ئەوەندە بەسە بزانین، هەر منداڵێک، لە قوتابخانەکەیدا، چەند دار لە دەستەکانی دراوە. ئەوەندە بەسە شێوازی ئەو سزایانە بزانین کە لە میانەیەوە، ئێمەییان چەواشە دەکرد گوایە نەوەیەک پەروەردە دەکەن. ئایا ئەوان نەوەیان پەروەردە دەکرد، یان هەر لە منداڵییەوە، کەلتووری ترسیان لە ناخماندا دەچاند؟

سەرچاوە

وەرگێرانی بۆ کوردی بە کەمەکێک دەستکارییەوە: باوکی ڕەهەند

نووسینی: کارمن کریم، خانمە ڕۆژنامەنووسی سوری، الدرج، 30 تەموزی، 2020

ناردن: