مارکۆزە و پۆپەر؛ شۆڕش یان ڕیفۆرم

بابەتی ئەم کتێبە فکرییە جگە لە پێشەکییەکی تێروتەسەل و دەوڵەمەندی وەرگێڕ، گفتوگۆیەکی فیکری تایبەتیش لەخۆ دەگرێت لەگەڵ هەر دوو بیرمەند (مارکۆزە و پۆپەر) سەبارەت بە چەمکی شۆڕش و ڕیفۆرم، ئەم کتێبە یەکێکە لە بەرهەمە باش و دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کتێبی (مارکۆزە و پۆپەر) لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (ئازاد بەرزنجی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفۆرشییەکانی کوردستان بەردەستە.

هەر وەک لە دەروازەی کتێبەکەدا وەرگێڕ ئاماژەی پێ کردووە: (هێربرت مارکۆزە و کارڵ پۆپەر) دوو گەورە بیرمەندی سەدەی بیستن، کە بە درێژایی ئەم سەدەیە و تاکو ئێستاش کاریگەرییەکی دیاریان لەسەر ڕەوتی فیکری خۆرئاوایی هەبووە و هەیە.

ئازاد بەرزنجیی وەرگێڕی ئەم کتێبە، لە پێشەکییەکی چڕوپڕدا بە قووڵیی ڕۆچووەتە نێو جومگە سەرەکییەکانی فیکری ئەم دوو فەیلەسووفەوە: تا هیچ نەبێ خوێنەر بەر لە خوێندەوەی گفتوگۆکە زەمینەیەکی لا هەبێت، زیاتر بە بیروبۆچوون و ئایدیاکانی ئەم دوو بیرمەندە ئاشنا بێت، چونکە بە بۆچوونی وەرگێڕ وەک لە دەروازەی کتێبەکەدا ئاماژەی بۆ کردووە، خوێنەری کورد لەبەر نەبوونی سەرچاوە بە کوردی، دەربارەی ئەم دوو کەڵە بیرمەندە، ئاشناییەتییەکی وەهای فیکرییان نییە و وێنەیەکی گەرچی ناکامڵیش بێت، سەبارەت بەم دوو بیرمەندەی لا دروست نەبووە، هاوکات جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە: ئەگەرچی ئەم گفتوگۆیە ساڵی ١٩٧٠ ئەنجام دراوە و لەوساشەوە تا ئێستا دەیان گۆڕانکاری بەسەر جیهان و فیکر و فەلسەفەدا هاتووە، بەڵام لە ڕاستیدا گفتوگۆکە تا هەنوکەش، نەک بەنیسبەت ئێمەی کوردەوە، بەڵکو بە نیسبەت خۆرئاواشەوە لە ڕووی ئەو مەسەلە و گرفتانەوەی وروژاندوویانە، هێشتا هەر زیندوێتی خۆی پاراستووە، ئەمە جگە لەوەی هەردوو ئەم فەیلەسووفە، دوای ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیەش، لەسەر هێڵە سەرەکییەکانی فیکری خۆیان ماونەتەوە.

بە بڕوای وەرگێڕی ئەم کتێبە، هەر کە باس لە شۆڕشی خوێندکاران لە هاوینی ساڵی ١٩٦٨ دا لە پاریس دەکرێ، ڕاستەوخۆ ناوی فەیلەسووفی ئەڵمانی (هیربرت مارکۆزە) مان دێتەوە یاد، کە بە باوکی ڕۆحیی ئەو شۆڕشە دەژمێردرێ: ڕۆڵی مارکۆزە و فەلسەفەکەی لەسەر نەخشەی فیکری خۆرئاوا و ژیاری خۆرئاوا، ڕۆڵێکی دیار و ئاشکرایە، فەلسەفەی ماکرۆزە فەلسەفەیەکی ڕەخنەییە و بە یەکێک لە بیرمەندانی (قوتابخانەی فرانکفۆرت) دەژمێردێ.

بە بڕوای (ئازاد بەرزنجی) وەرگێڕی ئەم کتێبە، مارکۆزە باوەڕی وا بووە کە دەکرێ کۆمەڵگەیەکی خاڵی لە چەپاندن و سەرکوتکردن بێتە ئاراوە، تیایدا مرۆڤ ئازاد بێت، غەریزەکانی تێر بن و لە کۆتوبەندەکانی کار ڕزگاری بێت، بەڵکو لە تەواوی ئەو کۆتوبەندانەی کۆمەڵگەی تەکنەلۆژیی هەنوکەیی لەبەردەمیدا قوتی کوردوونەتەوە.

سەبارەت بە (کارڵ پۆپەر)یش، کە ناوی (ئەقڵانییەتی ڕەخنەگرانە)ی لە فەلسەفەکەی نابوو، یەکێک بوو لەو فەیلەسووفانەی بەردەوام پرسیاری تازەی لە بواری زانستدا دەوروژاند، بە بۆچوونی ئازاد بەرزنجی، ئەو لەو باوەڕەدا بوو هیچ ڕاستییەک (تەنانەت ڕاستیی زانستیش) نییە قابیلی بەدرۆخستنەوە نەبێت و پێویستە ئەقڵ هەمیشە عەوداڵی حەقیقەت و گەڕان بە دوای حەقیقەتدا بێت، لەم ڕووەشەوە باوەڕی وا بوو ڕێگەیەکی میانڕەوانە لە نێوان شێوازی پۆزەتیڤیستی و شێوازی نیسیبگەرا بە گوماندارەکاندا هەیە.

ئازاد بەرزنجی لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا سەبارەت بە پۆپەر دەڵێت: دەتوانین بڵێین پۆپەر فەیلوسووفێک بوو دژ بە دۆگماتیزم و لایەنگرانی پلۆرالیزم بوو، چ لە بواری فیکر و چ لە بواری سیاسەتدا، هەروەها باوەڕی وا بوو حەقیقەت موڵکی تاکە کەسێک نییە و ئادەمیزادەکان دەبێ هەوڵ بدەن لە ڕێی گفتوگۆ و وتووێژەوە لەیەک بگەن و بە ڕاستییەکان بگەن، نەک لە ڕێی توندوتیژییەوە.

لە یەکێک لە پرسیارەکانی نێو گفتوگۆکەدا، لە مارکۆزە دەپرسن: ئایا ئەمڕۆ شۆڕش لە چییەوە سەرهەڵدەدات؟ چونکە لەوە ناچێ ئیدی لە هەژارییەوە سەرچاوە بگرێت، لانی کەم لە وڵاتە پیشەسازییە پێشکەوتووەکاندا؟

مارکۆزە لە وەڵامی ئەم پرسیارەی گفتوگۆکەدا پێی وایە کە ئەمە مەسەلەیەکە بەپێی وڵاتە جیاوازەکان دەگۆڕێ، ئەو وای بۆ دەچێت لەو وڵاتانەدا کە هەژاری تیایاندا باڵادەستە، بێگومان هەژاری ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت و دەشڵێت: دەشێ سروشتی دیاریکەری شۆڕشی سەدەی بیست، یان بیستویەک، سەرەتا وا دەربکەوێ لە هەژارییەوە سەرهەڵنادات، بەڵکو لە نائینسانیەتەوە، لە بێزاری، لە سامانبەفێڕۆدان و فرەییەوە، بەو مانایەی لە کۆمەڵگەی بەرخۆردا باوە، لە ڕقهەڵسان، لە دڵڕەقی و ستەم و نەزانیی مرۆڤەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، هەر لەبەر ئەمەش خواستی سەرەکیی ئەم شۆڕشە، بۆ یەک جاریش لە مێژوودا ئەمە دەبێت: ئامادەکردنی بوونێک کە بەڕاستی شایانی مرۆڤ بێت و بیناکردنی شێوەیەکی تەواو جیاواز لە ژیان.

کەسی پرسیارکەر دەپرسێت: شۆڕشێک کە لە زۆرکردن و بێزارییەوە سەرچاوەی گرتووە، ئایا ئەمە تێزێکی ناماکرسیانە نییە؟ بە بڕوای مارکۆزە بە هیچ کلۆجێک نامارکسیانە نییە: چونکە بێزاری خۆی هۆی بابەتی و کۆمەڵایەتی زۆر بەهێزی هەیە، بێزاری خۆی نیشانەی ناکۆکییە، ناکۆکییەک خۆی بەردەوام لە زیادبووندایە بەسەر سەرتاپای کۆمەڵگای سەرمایەداریدا زاڵە، واتە ناکۆکیی نێوان سامانی کۆمەڵایەتی  مەزن و بەکارهێنانی خراپ و وێرانکەر، هەمان ئەو ناکۆکییە وەختێ ئاستی هۆشیاری بەرز دەبێتەوە، لە شێوەی (بێزاری لە کۆمەڵگە)دا، بەرجەستە دەبێت.

یەکێک لە پرسیارە گرنگەکانی نێو ئەم کتێبە، کە لە کارڵ پۆپەر دەکرێت ئەمەیە: لەو بڕوایەدا نین بونیادی سیاسیی دیموکراسییانەی ڕووکەش، وەختێ سەردەگرێت، لە قەڵەمڕەوی ئابووریشدا هاوتای خۆی ببینێتەوە؟ پۆپەری بیرمەند سەبارەت بەم پرسیارە پێی وایە، بونیادی سیاسیی دیموکراسییانەی ڕووکەش، وەختێ سەردەگرێت کە لە قەڵەمڕەوی ئابوورییشدا هاوتای خۆی ببینێتەوە و دەشڵێت: ڕێم بدەن ئەو پرسیارەی ئێوە بە زمانێکی سادەتر دەرببڕم، ئایا بوونی سەروەت  و هەژاری لەپاڵ یەکدا بەدبەختیەکی کۆمەڵایەتی نییە کە تەحەمول ناکرێ؟ وەڵامی من بەم جۆرەیە: هەژاری بەدبەختییەکی گەورەیە و کاتێک بەرامبەر بە سەروەتێکی گەورەش دەوەستێتەوە، ئەو بەدبەختییە گەورەتر دەبێت، بەڵام بەدبەختی لەوە گەورەتر، ململانێی نێوان نائازادی و ئازادییە، ململانێی نێوان چینێکی نوێ، دیکتاتۆرییەتی حکومڕان و هاوڵاتیانی ستەمدیدەیە بۆ بەندینخانەکان، یان شوێنانی دیکە دوور دەخرێتەوە.

ئەوەی لەم چاوپێکەوتنەدا بە ڕوونی دیدی کارڵ پۆپەر سەبارەت بە شۆڕش دەخاتە ڕوو، بریتییە لەوەی کە بە ڕای پۆپەر ئێمە دەبێ جیاوازی بکەین لەنێوان شۆڕشێکدا کە بەسەر سیستەمی دیموکراسیدا دەکرێ، ئەوەی مارکسیستەکان تەنها بە دیموکراسیەتێکی ڕووکەشی لەقەڵەم دەدەن، هەروەها شۆڕشێک کە دژ بە دیکتاتۆریەتێکی ڕاستەقینە دەکرێ و دەشڵێت: بەداخەوە بە دەگمەن دیکتاتۆریەت لەناو دەبات، وشەی شۆڕش دەشێ بە مانای گۆڕانێکی توندوتیژانە بێت، مارکسیزم هەردوو ماناکەی بە کراوەیی جێهێشتووە.

بۆ زیاتر ئاشنابوونی خوێنەر بەم دوو بیرمەند و فەیلوسووفە هاوچەرخە: هێربرت مارکۆزە ساڵی ١٨٩٨ لە بەرلین هاتووەتە دنیاوە، پڕۆفیسۆری خانەنشینی زانستە سیاسییەکان بووە لە سان دیاگۆ کالیفۆرنیا، لە بەرلین و فرایبۆرگ فەلسەفەی خوێندووە، ساڵی ١٩٢٢ دکتۆرای وەرگرت، شەش ساڵ دواتر بوو بە یاریدەدەری مارتین هایدگەر.

کارڵ پۆپەر ساڵی ١٩٠٢ لە ڤیەننا لەدایک بووە، پرۆفیسۆری خانەنشینی فەلسەفەیە لە زانکۆی لەندەن، ساڵی ١٩٣٧ مامۆستای زانکۆ بووە لە نیوزلەند و پاشان لە چەندین زانکۆی دیکەی بەناوبانگدا مامۆستایی کردووە، ئەندامی ئەکادیمیای نێودەوڵەتیی زانستە فەلسەفییەکان و کۆڕی بەریتانیی بۆ فەلسەفەی زانستەکان و مەڵبەندی لۆجیکی ڕەمزییە.

ئەم نووسینە هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی بچووکی کتێبەکە و بە دڵنیاییەوە خوێنەری وریا لە کاتی خوێندنەوەیدا بەر ڕەهەند و قوڵایی پتر دەکەوێت، ئاشنا بوونی خوێنەری کورد بە فیکر و بۆچوونی ئەم دوو فەیلەسووفە جیهانییە سەبارەت بە چەمکی شۆڕش و ڕیفۆرم، یارمەتیدەر دەبێت بۆ فراوانکردنی ئاسۆکانی بینین و هزری سیاسیی و فیکریمان.

ناساندنی: سەردەم

ناردن: