دوای 130 ساڵ لە مردنی… گۆڕەکەی ڕامبۆ مشتومڕی لێدەکەوێتەوە

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: باوکی ڕەهەند

هیچ گومانی تێدانییە، خەڵکانێکی زۆر لە وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت ئەوانەی سەردانی قوتابخانەکانی فەرەنسایان کردووە، دەزانن ئارسەر ڕامبۆ کێیە، شاعیرە “یاخییەکە”. (بێگومان لای ئێمەش، خەڵکانێک هەیە کە ئەم شاعیرە مەزنە دەناسن و ژیان و دیوانەکانی کراوون بە کوردی-وک). ڕامبۆ هەرچەندە زوو مرد، تەمەنی 37 ساڵ بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کۆڵەکەیەک بوو لە کۆڵەکەکانی (قوتابخانەی سیمبولیزم)ی فەرەنسی. ئەو لە 20 تشرینی یەکەمی ساڵی 1845 لە شاری شارلڤێل میزییر، لە ناوچەی ئاردین “باکوری خۆرهەڵاتی فەرەنسا”، هاتووەتە دونیاوە. زۆر زوو، هەر لە تەمەنی 15 ساڵییەوە، دەستیکرد بە نووسینی شیعر. ئەو هەرچەندە تەمەنی کورت بوو، هەروەها لە تەمەنی 20 ساڵیدا وازی لە نووسینی شیعر هێنا. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، ناوێکە لە ناوە درەوشاوەکانی شیعر. جێگا دەستی خۆی لەسەر شێوە و ناوەرۆکی شیعر بەجێهێشتووە.

نووسەری گەورەی فەرەنسا “ئەلبێرت کامۆ” سەبارەت بە ڕامبۆ دەڵێت: “ڕامبۆ لە دەروونی خۆیدا، ڕووناکی و دۆزەخی هەڵگرتبوو، لەیەککاتدا ڕقی لە جوانی و دروستکەری جوانی بوو، هێند دژیەکی بەرهەمهێناوە کورتناکرێنەوە. ئەو گۆرانییەکی دوو سەرەی بەدوای یەکداهاتن بوو. شاعیرێکی یاخی بوو. ئەو شاعیرێکی مەزن و سەرسوڕهێن بوو، گەورەی سەردەمەکەی خۆی بوو”.

ڕامبۆ لەدوای خۆی، کۆمەڵێ دیوانی شیعری بەجێهێشتووە، لە دیارترینیان: “بەلەمە سەرخۆشەکە” و “وەرزێک لە دۆزەخ” و “ئیشراقات” و “دروشمە بووەیهیمییەکان”. وەلێ ڕامبۆ تەنها لە شیعردا، سەرمەشق نەبوو، بگرە لە ژیانیشدا سەرمەشق بوو. زۆرن ئەو کەسانەی ئاگاداری ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییەن کە “ڕامبۆ”ی دەبەستەوە بە “پۆل ڤێرلین”ی شاعیر، ئەم پەیوەندییە بەدرێژایی دوو ساڵی ڕەبەق بەردەوام بوو. ئەمە سەرەڕای ژیانە پڕ سەرکێشییەکەی کە لە زیاد لە وڵاتێک و شارێکدا ژیا، لەوانە وڵاتی عەدەن “ئەو خانووەی لە عەدەن تێیدا ژیابوو، تا ئێستاش هەر ماوە”، قاهیرە، ئەسکەندەرییە، ئەدیس ئەبابا و کۆمەڵێ ناوچەی دیکەش کە پێیدەوترێت “حەبەشە”.

ڕامبۆ لە گەڕان و گەشتەکانیدا، دەستیکرد بە کاری بازرگانی “لۆکە و قاوە و وردەواڵە”، بەڵام بازرگانی بە چەکیشەوە کردووە. هەندێک تۆمەتباری دەکەن بەوەی لە قوبرس تاوانی کوشتنی ئەنجامداوە، دواتر قوبرس، بەرەو دەریای سور بەجێدەهێڵێت، بە تێپەڕین بە کەناڵی سوێس دا. ئەو سەرکێشێکی/ موغامرێکی ڕاستەقینە بوو، حەزی لە فێربوونی زمانەکان بوو، لەوانە زمانی عەرەبی.

ئەم قسەکردنەی ئێستا لەسەر ڕامبۆ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مشتومڕەی لە فەرەنسا هاتووەتە ئاراوە، لە نێوان ئەوانەی دەیانەوێت و ئەوانەی نایانەوێت، تەرمەکەی ڕامبۆ لە گۆڕستانی “پانسیۆن/ pantheon” بنێژرێت. ئەم گۆڕستانە بە “گۆڕستانی مەزنەکان”ی فەرەنسا بەناوبانگە و دەکەوێتە سەر گردۆڵکەی “سانت جنڤیاڤ” کە بە تەنیشت گەڕەکی لاتینییەوەیە لە پاریس. لەڕیزی پێشەوەی ئەوانەی نایانەوێت تەرمەکەی ڕامبۆ لەو گۆڕستانە بنێژرێت، کوڕەزایەکی خوشکەکەیەتی کە ناوی جاکلین تیسییە ڕامبۆیە، واتە هەمان ناوی ڕامبۆی هەڵگرتووە. ئەم کەسە لە مانگی ئەیلولی ڕابردوو، ڕایگەیاند خانەوادەی شاعیر، بەو گواستنەوەیە ڕازینین.

مشتومڕەکە لەو کاتەدا سەریهەڵدا کە بەیاننامەیەک بڵاوکرایەوە، تێدا داوا دەکرێت تەرمی ڕامبۆ و تەرمی خۆشەویستەکەی پۆل ڤێرلین، هەردووکیان ببرێنە گۆڕستانی “پانسیۆن”. بەیاننامەکە لەلایەن دەیان کەسایەتی ڕۆشنبیریی و ئەدەبی و میدیایی، واژو کراوە، لە نێویاندا 10 وەزیری ڕۆشنبیریی هەیە، دواهەمینیان ئەم وەزیری ڕۆشنبیرییەی ئێستایە “ڕۆزلین باشلۆ”. ئەوانەی هەوڵدەدەن ڕوفاتی ڕامبۆ ببرێتە گۆڕستانی “پانسیۆن”، دەیانەوێت خەڵاتی بلیمەتییە شیعرییەکەی و ئەوەی پێشکەشی کردووە بە ئەدەب و زمانی فەرەنسی، بکەن. وەک ئەوەی پێشتر بۆ کۆمەڵێ ئەدیبی دیکە کراوە، بەوەی ڕوفاتەکانیان گواستراونەتەوە بۆ “گۆڕستانی مەزنەکان”. ئەمە سەرەڕای قەرەبووکردنەوەی ئەو ناحەقییەی لە ژیانیدا دووچاری بوو، بەهۆی پەیوەندییە سۆزدارییەکانییەوە. وەلێ هەندێکی دیکە پێیانوایە، دەستپێشخەرییەکی لەم شێوەیە، مانای بەستنەوەی ئەو دوانەیە “ڕامبۆ و ڤێرلین”بۆ هەتا هەتایە بە یەکەوە. کەچی لە واقیعدا، پەیوەندی نێوان ئەو دووانە، تەنها بۆ ماوەی دوو ساڵ بوو.

لە کۆماری فەرەنسادا، تەنها سەرۆک کۆمار بۆی هەیە بڕیار بدات، کێ دەچتە “پانسیۆن” و کێ لە دەرەوەی دەمینێتەوە. دواهەمین کەس کە سەرۆک “ئیمانوێل ماکرۆن” بڕیاریدا، تەرمەکەی بگوازرێتەوە بۆ گۆڕستانی مەزنەکان، بریتی بوون لە تەرمی خانم “سیمۆن ڤای” و هاوسەرەکەی “ئەنتوان ڤای”. سیمۆن لە ساڵی 1974 بۆ 1979 وەزیری تەندروستی حکومەتەکەی ئەو کاتەی فەرەنسا بووە. وەلێ ئەم خانمە بەهۆی ئەوەی جوولەکە بووە، ساڵی 1944 ڕەوانەی سەربازگەکانی مەرگ کراوە کە نازییەکان بۆ جوولەکاکانیان کردبوەوە. ماوەیەکی کەم لەوێدا دەمێنێتەوە و پاشان ڕزگار دەکرێت. ساڵی 1946 هاوسەرگیری لەگەڵ ئەنتوان ڤان دەکات و دەبنە خاوەنی ٣ منداڵ. هاوسەرەکەی ساڵی 2013 و لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات. دواتر سیمۆن ڤای لە 30 تەموزی ساڵی 2017 و لە تەمەنی 89 ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان دەکات. سەرۆکی فەرەنسا ماکرۆن، بڕیار دەدات تەرمی هەردووکیان بگوازرێنەوە بۆ گۆڕستانی مەزنەکان.

بەڵام سەبارەت بە گواستنەوەی ڕوفاتی ڕامبۆ بۆ ئەو گۆڕستانە بەناوبانگە، ماکرۆن نامەیەک بۆ پارێزەری خانەوادەکەی ڕامبۆ دەنووسێت، ئاژانسی ڕۆژنامەگەریی فەرەنسی، دەقی نامەکەیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: “پێمخۆش نییە پێچەوانەی ویستی خانەوادەی کۆچکردوو، ڕەفتار بکەم. لەبەر ئەوە، ڕوفاتی ئارسەر ڕامبۆ، لە شوێنێی بەخاک سپاردنی ئێستایدا، دەمێنێتەوە و ناگوێزرێتەوە”. هەنووکە گۆڕەکەی ڕامبۆ، لە گۆڕستانە سادە و هاکەزاییەکەی خێزانەکەیدایە لەو شارەی تێیدا لەدایکبوو، واتە شاری شارلڤێل میزییر. سەرۆکی فەرەنسا لە درێژەی نامەکەیدا دەڵێت: “ڕوفاتی ئەم شاعیرە، لە تەنیشت ڕوفاتی ئەندامانی خێزانەکەی دەمێنێتەوە و ئەوێ دوا مەنزڵگایەتی”.

ئەو فاکتەرانەی وایکرد سەرۆک ماکرۆن، ئەم بڕیارە بدات، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پێیوایە، ئامانج لە گواستنەوە بۆ پانسیۆن: “ڕێزگرتنە لە کەسایەتییەکان، ئەو کەسایەتیانەی وا سەیر دەکرێن کە بەشدارن لە گواستنەوە و بەردەوامیدان بە بەهاکانی کۆمار”. چونکە ئەو ئارامگایەی ئاماژەی بۆ کراوە، واتە پانسیۆن: “ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت  لە دروستکردنی کۆ یادەوەریی نیشتیمانی”. بەڵام ڕازینەبوونی خانەوادەی ڕامبۆ، بەو ئاراستەیەدا نییە. ڕێزگراتن لە ناڕازیبوونی خانەوادەی ڕامبۆ، وا دەکات سەرۆک ماکرۆن دەستبەرداری پرۆژەی رێزلێنانەکەی بۆ ڕامبۆ ببێت. لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆکی فەرەنسا، ئاوا ستایشی ڕامبۆ دەکات و دەڵێت: “وێنەیەکە لە وێنە سەرەکییەکانی ئەدەبی فەرەنسی، شاعیرێکە ناکرێت پێشگوێبخرێت و ڕۆحێکی یاخییە و ناوی لە ڕێڕەوی مێژووی فەرەنسیدا دەمێنێتەوە”.

سەبارەت بە نامەکەی ماکرۆن، پارێزەری خانەوادەکەی ڕامبو دەڵێت: “سەرۆکی فەرەنسا، ڕێزی لە ویستی خێزانەکەی ڕامبۆ گرت؛ کە چاوەڕوانی بڕیارێکی لەم جۆرە نەبوون. هەر بۆیە ڕێزیان بۆ سەرۆک ماکرۆن هەیە. چونکە ماکرۆن توانی سەرکەوێت بەسەر حەز و ویستی لۆبی ڕۆشنبیرانی پاریسدا”.

لەناو ئەوانەدا کە دەیویست ڕوفاتی ڕامبۆ لە گۆڕستانی مەزنەکان بێت، وەزیری ئێستای ڕۆشنبیریی بوو، ئەم وەزیرە پێیوایە ڕامبۆ شاعیرێکی ناوازەیە، هەروەها بەهۆی هاوڕەگەزبازییەکەیەوە، دەبێتە سیمبولێک بۆ ئازادیی هەڵسوک و ڕەفتار. دواجار لە نێوان بەرەی ئەوانەی دەیانویست و ئەوانەی نەیاندەویست، بەرەی دووەم سەرکەوتنی بەدەستهینا.

سەرچاوە

میشال ئەبو نجم، الشرق الاوسط، 16 کانوونی دووەم، 2021

ماڵپەڕی ar.wikipedia.org

ناردن: