جه‌نه‌راڵی سوپای مردوو؛ یه‌کێک له‌و هه‌زار رۆمانه‌ی که پێش مردن ده‌بێت بخوێنرێته‌وه
جه‌نه‌راڵی سوپای مردوو
یه‌کێک له‌و هه‌زار رۆمانه‌ی که پێش مردن ده‌بێت بخوێنرێته‌وه
ئیدریس عه‌لی
هه‌میشه ئه‌و ڕۆمانانه جێگای سه‌رنج و سه‌رسامیی منن، که تێماکانیان نزیکایه‌تییان هه‌یه له ژیانی تاکه‌که‌سیی خۆم و هه‌لومه‌رجی سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی وڵاتەکەمەوە، ئه‌مه به‌و مانایه نییه که لایه‌نی زمان و ته‌کنیک و شێوازی گێڕانه‌وه و ڕووداوه‌کانم بۆ گرنگ نه‌بن، به‌ڵام گرنگه خوێنه‌ر خۆی وه‌ک به‌شێک له ڕووداوه‌کان و وه‌ک یه‌کێک له کاره‌کته‌ره‌کانی ناو ڕۆمانه‌که ببینێته‌وه، له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانرێت زیاتر به ڕه‌هه‌ند و کۆد و پانتاییه شاراوه‌کانی ئه‌و ڕۆمانه بگات و مانا و چێژێکی زیاتر به‌ده‌ست بێنێت له پڕۆسه‌ی خوێنده‌وه‌که‌یدا.
جه‌نگ یه‌کێکه له‌و بابه‌تانه‌ی که بووه‌ته هه‌وێن و که‌ره‌سته‌ی چه‌ندین ڕۆمان و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی و هونه‌ری، ره‌نگه جه‌نگ و ئاکامه ترسناکه‌کانی جه‌نگ یه‌کێکبن له‌و بابه‌تانه‌ی که ئه‌گه‌ر له‌به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بیدا ته‌وزیف بکرێت ئێمه‌ی کورد به حوکمی ئه‌وه‌ی مێژوومان له ناو ته‌پوتۆزی جه‌نگه‌کاندا غه‌رق بووه ئاکام و ده‌ره‌نجامه‌کانی ئه‌و شه‌ڕانه له ئێستاشماندا ره‌نگیداوه‌ته‌وه و کاریگه‌ری خۆی هه‌یه، زۆر زیاتر له‌هه‌ر میلله‌تێکی دیکه چێژیان لێببینین و تێ‌یان بگه‌ین، من پێموایه به‌شێکی ئه‌م تامهزرۆییهمان بۆ ئه‌و جۆره ئه‌ده‌بانه بۆ ئه‌وه بگهڕیهتوه که ئه‌ده‌بی خۆمان تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر خاڵییه له‌م جۆره بابه‌تانه و که‌متر جه‌نگ و تراژیدیا و کاره‌ساته‌کانی نه‌ته‌وه له دووتویی به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی به‌رز و جوان‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، ئه‌و ڕۆمان و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیانه‌ی له‌جه‌نگ و تراژیدیاکان ده‌دوین، ئهدهبیکن تا سه‌رمۆخ ئینسانی و ژیاندۆست، چه‌نده باس له ترسناکی و بێهیوایی ده‌که‌ن هێنده‌ش ئومید و هیوا و ژیانێکی باشترمان پێدهناسینن، ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی باس له قێزه‌ونی جه‌نگ ده‌کات، هاوکات باس له جوانی ژیان و پیرۆزی و به‌های به‌رزی مرۆیی ده‌کات بۆ نموونه ده‌بێت بپرسین بۆچی به‌شێک له شاکاره‌کانی ئه‌ده‌بی ڕووسی وه‌ک ( تۆلستۆی و دۆستیۆفیسکی) به نه‌مری ماونه‌ته‌وه؟ بێ‌شک به‌شێکی په‌یوه‌ندی به بابه‌ت و تێمای ڕۆمانه‌کانیانه‌وه هه‌یه که ده‌رخه‌ری ناشرینییه‌کانی جه‌نگ و ڕۆحیه‌تی شه‌ڕخوازانه‌یه.
بێگومان ( ئیسماعیل کادارێ)ش، یه‌کێکه له‌و نووسه‌رانه‌ی که له‌زیاد له بوارێک‌دا ده‌نووسێت و له ههربوارێکیشیاندا به ئه‌ندازی خۆی سه‌رکه‌وتووه، ئه‌م نووسه‌ره ئهلبانییهش به تایبه‌ت له دوو ڕۆمانی خۆیدا ( ته‌پڵی باران و جه‌نه‌راڵی سوپای مردوو) که هه‌ردووکیان کراون به کوردی، به شێوه‌یه‌کی جوان و سه‌رنجراکێش قسه له‌سه‌ر مه‌ترسی و ئاکامه‌کانی جه‌نگ ده‌کات، چه‌قی ڕووداوه‌کانیش له وڵاته‌که‌ی خۆیدا واته له ئه‌لبانیا ڕویانداوه و به‌شێوه‌یه‌ک ده‌توانین بڵێین زیره‌کانه سوودی له واقیع و ئه‌و فه‌زا سیاسی و کولتووریه‌ی وڵاته‌که‌ی خۆی وه‌رگرتووه، به تایبه‌ت له جه‌نگه جیهانییه‌کاندا که وڵاته‌که‌ی کادارێ واته ئه‌لبانیا وه‌ک زۆرێک له وڵاته‌کانی دیکه، ده‌که‌ونه به‌ر په‌لاماردان و داگیرکاریی سوپای سه‌ربازی ده‌وڵه‌ته داگیرکاره‌کانه‌وه.
ڕۆمانی ( جه‌نه‌راڵی سوپای مردوو) یه‌کێکه له ڕۆمانه جوان و سه‌رنجڕاکێشه‌کانی (ئیسماعیل کادارێ) که به‌هۆی وه‌رگێڕانییه‌وه بۆ سه‌ر زیاتر له سی زمانی جیهانی ناوبانگێکی زۆری به‌ده‌ست هێناوه، ئه‌م ڕۆمانه له‌لایه‌ن نووسه‌ر و وه‌رگێڕ ( محه‌مه‌د که‌ریم)ه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی و یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ده‌زگای چاپ و پهخسی سه‌رده‌م، له ڕاستیدا کاک محه‌مه‌د له وه‌رگێرانی ئه‌م ڕۆمانه‌دا، وه‌ک کاره‌کانی پێشوتری، سه‌رکه‌وتوانه و به زمانێکی پاراو و جوان کۆی ڕووداوه‌کان و دیالۆگه‌کانی وهرگێڕاوته سه‌ر زمانی کوردی، به‌تایبه‌ت که ڕۆمانی (جه‌نه‌راڵی سوپای مردوو) به سروشتی خۆی ڕۆمانێکی سه‌ربازییه و سیخناخه له‌چه‌مک و ده‌سته‌واژه و موفره‌داتی سه‌ربازی، زۆر جوان له وه‌رگێڕانه‌که‌یدا ئه‌و چه‌مک و موفره‌داته سه‌ربازیانه‌ی بۆ سه‌ر زمانی کوردی چاره‌سه‌ر کردوون و وشه‌ی گونجاو و هاومانای بۆ داتاشیون، که ئه‌مه‌ش ئاستی سه‌رکه‌وتوویی و شاره‌زایی و بهرپرسیارێت خودی وه‌رگێر به‌رزتر ده‌کاته‌وه و متمانه‌ی زیاتری خوێنه‌ری به‌ده‌ست هێناوه، ئه‌م وه‌رگێڕه پێشتریش له هه‌ردوو ڕۆمانی( ساڵی ئاشوب) ی عه‌باسی مه‌عروفی و ( خۆشه‌ویستی له زه‌مه‌نی کۆلێرادا) ی مارکیزدا، که دوورۆمانی قورس و ئاڵۆزن هه‌م له‌ڕووی ته‌کنیک و هه‌م له‌ڕووی زمان و شێوازی گێڕانه‌وه و چڕوپڕی ڕووداو و بهسهرهاتهکانیانهوه، به‌لام له‌وێشدا توانیویه‌تی زاڵ بێت به‌سه‌ر گرفته‌کانی وه‌رگێڕاندا و به‌رهه‌مێکی بێکێشه و بێ‌گرفت بخاته به‌رده‌ستی خوێنه‌ری کورد.
ڕووداوه‌کانی ناو رۆمانی ( جه‌نه‌راڵی سوپای مردوو) ی ئیسماعیل کادارێ، راسته‌وخۆ له‌دوای بیست ساڵ کۆتاییهاتنی جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه ده‌ست پێده‌کات، ئه‌وکاته‌ی سوپای سه‌ربازی ئیتاڵیا ده‌چنه خاکی ئه‌لبانیا و جه‌نگێکی سه‌خت په‌رپا ده‌که‌ن، له پاش خۆیان ته‌رمی هه‌زاران سه‌ربازی کوژراو به‌جێده‌هێڵن و له‌ناو خاکی ئه‌و ولاته‌دا و له چه‌ند چاڵیکی تاکه‌که‌سی و به کۆمه‌ڵدا ته‌رمی سه‌ربازه ئیتاڵییه‌کان ده‌شارنه‌وه، پاش چه‌ندین ساڵ له کۆتایی هاتنی جه‌نگی نێوان ئه‌و دوو وڵاته و به‌پێی ڕێکه‌وتنی هه‌ردوولا، له ئیاڵیاوه جه‌نه‌راڵێک و قه‌شه‌یه‌ک ده‌نێردرێت بۆ ئه‌لبانیا بۆ ئه‌وه‌ی ته‌رمی سه‌ربازه کوژراوه‌کانیان بدۆزنه‌وه و به‌ڕێزه‌وه بیانبه‌نه‌وه بۆ وڵاته‌که‌ی خۆیان و له‌خاکی خۆیاندا، ئه‌و خاکه‌ی له‌پێناویدا جه‌نگاون و گیانی خۆیان پێبه‌خشی، نزیک له که‌س و کاریان بنێژرێن، گه‌ڕانی جه‌نه‌راڵ و کابرای قه‌شه له‌گه‌ڵ وه‌فدێکی باڵای حکومی و تیمێکی شاره‌زای هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕ و چه‌ند کرێکارێکی شاره‌وانیدا هیچ ئاکامێکی ئومێدبه‌خشی وای نابێت و ڕۆژ به‌ڕۆژ کێشه و گرفتی زیاتر دێته به‌رده‌میان، هه‌ر له‌و ساته‌دا نوینه‌ری وڵاتێکی تریش که‌ئه‌ویش جهنهراڵێکه دێته ئه‌لبانیا و ئه‌ویش به‌هه‌مان مه‌به‌ست سۆراغی ته‌رمی سه‌ربازه کوژراوه‌کانی وڵاته‌که‌ی ده‌کات، لێره‌وه کادارێ پێمان ده‌ڵێت وڵاته‌که‌ی له ڕابردوودا له چ دۆزه‌خێکی سه‌نگی و داگیرکاری‌دا ژیواوه و هاوکات قاره‌مانێتی و به‌رگری هاونیشتمانه‌کانی خۆیمان پێده‌ناسێنێت که چۆن بۆ زیندوو مانه‌وه‌ی وڵاته‌که‌یان جه‌نگاون و به‌رگرییان کردووه و به‌گژ داگیرکاری‌دا چونه‌ته‌وه.
جه‌نه‌راڵه ئیتاڵییه‌که ئه‌گه‌رچی هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا هه‌ست به بێهوده‌یی کاره‌که‌ی ده‌کات، به‌ڵام وره به‌رنادات و له هه‌وڵه‌کانی به‌رده‌وام ده‌بێت، چونکه ئه‌و پێش ئه‌وه‌ی بێته وڵاتی ئه‌لبانیا که‌س و کاری سه‌ربازه کوژراوه‌کان ڕۆژ به‌رۆژ به‌کۆمه‌ڵ ده‌هاتنه ماڵه‌که‌ی و ده‌پارانه‌وه که به‌جدی بۆ ته‌رمی ئازیزه‌کانیان بگه‌ڕێت، هه‌موان ده‌هاتن و درێژی باڵا و مواسه‌فاتی کوژراوه‌کانیان بێدهدا بۆ ئه‌وه‌ی بیانناسێته‌وه، جه‌نه‌راڵ به لیستێکی دوورودرێژی پڕ له‌ناوی سه‌ربازی کوژراوه‌وه و به‌پێی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی له وه‌زاره‌ته‌وه پێی درابوو هه‌موو ئه ده‌شت و گوندانه‌ی ئالبانیا گه‌ڕا و هه‌موو ئه‌و شوینانه‌ی کهگومانی ئه‌وه‌ی لێده‌کرا گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی سه‌ربازه ئیتاڵییه‌کانی لێبێت هه‌ڵدایه‌وه، به‌ڵام جگه نا ئومیدی هیچی تری ده‌ست نه‌ده‌که‌وت.
به‌گشتی ئه‌م ڕۆمانه به‌قوڵی ڕۆچووه‌ته ناو فه‌زای جه‌نگ و ئاکامه ترسناکه‌کانی جه‌نگه‌وه، گه‌لێ زانیاری له‌سه‌ر کو‌لتوور و باری سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تی وڵاته‌که‌ی خۆی ده‌خاته ڕوو، بۆ نموونه خه‌ڵکی ئه‌لبانیا هه‌میشه گوی له هه‌واله‌کانی رادیۆ ده‌گرن.. خه‌ڵکی ئه‌لبانیا هه‌میشه ده‌بێت یان که‌سیک بکوژن یان که‌سێک بیان کوژێت، ئه‌م ڕۆمانه گه‌لێ په‌ند و حیکمه‌تی بۆ ئینسان تێدایه، به جوانی وێنای ئه‌و مرۆڤانه‌ی کێشاوه که بوونه‌ته قوربانی جه‌نگ و به‌رژه‌وه‌ندی جه‌نگخوازان، حه‌سره‌ت و هه‌ناسه‌ی ساردی ئه‌و دایک و باوک و منداڵ و دهسگیرانانهی که بێهیوا بوون له هاتنه‌وه‌ی ئازیزه‌کانیان به‌ڵام به‌بوونی ئیسک و پروسک و پاشماوه‌ی ته‌رمه‌کانیان سه‌بورییان بۆ دێت، ئه‌م ڕۆمانه پێمان ده‌ڵێت جه‌نگه‌کان ته‌نها له لووله‌ی تفه‌نگه‌کان و ته‌قاندنی گوللهکاندا وه‌ستاوه، به‌ڵام ئاکامه‌کانی به‌سه‌ر گیان و بژێوی و باری ده‌روونی ئینسانه‌کانه‌وه هێشتا زیندووه و کاریگه‌ری قووڵی وه‌ک برینێکی سارێژ نه‌بوو ماوه‌ته‌وه، ئه‌م ڕۆمانه به‌وردی جووه‌ته ناو هه‌موو ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیانه‌وه، خوێنه‌ر له‌م رۆمانه‌دا گوێ بیستی گۆرانییه‌کان ده‌بێت که جۆن پڕن له حه‌سره‌ت و گیانی تۆڵه‌کردنه‌وه، مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵک له گه‌ڵ جه‌نه‌راڵی ئه‌و سوپایه‌دا که ڕۆژێک له‌ڕۆژان هاتوون وڵاته‌که‌یان داگیر بکه‌ن و مرۆڤه‌کانیان بکوژن و ئاو و خۆراکیان به‌تاڵان به‌رن، ئه‌و جاوهروانییه دوور و درێژه‌ی له‌م ڕۆمانه‌دا هه‌یه هه‌ر ده‌بێت به‌و کۆتاییه بێهیواییه بگات که جه‌نه‌راڵ بهمهستییهکی هه‌میشه‌یی ده‌گه‌یه‌نێت و به ده‌روونێکی شێواوه‌وه له‌گه‌ڵ قه‌شه‌ی هاورێیدا ده‌یکاته شه‌ڕ و نه‌خشه و لیستی ناوی کوژراوه‌کان فڕێ ده‌دات.
ئه‌م کورته نووسینه ته‌نها هه‌وڵێکه بۆ هاندانی خوێنه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له چێژ و جوانی ئه‌م ڕۆمانه بێبه‌ش نه‌بن، هه‌وڵێکی خاکیانهیه بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کێک له ڕۆمانه به‌نرخ و گرنگه‌کان به خوێنه‌ر بناسێنین و شانازی بکه‌ین به‌وه‌ی شاکارێکی دیکه‌ی جیهانیی ده‌چێته ناو لیستی کتێبه خوێندراوهکانمانهوه.
بێگومان کادارێ ساڵی 1936 له وڵاتی ئه‌لبانیا له دایک بووه، کۆلێژی ئادابی له زانکۆی تیرانا ته‌واو کردووه، له په‌یمانگای گۆرکی بۆ ئه‌ده‌بی جیهانی خوێندوویه‌تی، ساڵی 2005 خه‌ڵاتی پۆکه‌ری وه‌رگرتووه که یه‌کێکه له خه‌ڵاته گرنگه و به‌ناوبانگه‌کان، له دوای نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕۆمانی جه‌نه‌راڵی سوپای مردوو ناوبانگێکی زۆری له جهیاندا په‌یداکردووه و له‌وکاته‌وه پاڵێوراوه بۆ وه‌رگرتنی خه‌لاتی نۆبڵ، ناوی ئیسماعیل کادارێ له‌ریزی ئه‌و هه‌زار کتێبه‌دا هاتووه که پێویسته پێش مردن بخوێنرێته‌وه.