سن ئەگۆستین؛ خۆشبەخت ئەوانەن کە سەرکوت دەکرێن

(لە نامەیەک بۆ بونیفاس (١٨١٥)،  کتێبی نامەکانی سن ئەهۆستین)

و. ڕێبین هەردی

سنت ئەگۆستین لەنامەیەکدا بۆ کونت بونیفاس دەنوسێت پەنابردن بۆ هێزی نادینی بۆ گەڕاندنەوەی لادەرانی دین بۆ باوەشی کەنیسە ، بە پاساودار دەزانێت. لێرەوە بە بەوێ دەگات کە لە ڕووی شەرعی و سیاسیەوە پاساو بۆ سەرکوتکردن بهێنێتەوە بە پشت بەستن بە کتێبی پیرۆز. ئەگەرچی سەرکوتکردنی مەسیحیەکان کارێکی خراپە (وەک سەرکوتکردنی مەسیحیەکانی سەرەتا لەسەردەستی کافران)، بەڵام کاتێک ئەم سەرکوتکردنە لە خزمەتی دینی ڕاستدا بێت کارێکی باشە (لەبەرئەوە دەستبردنی کاسۆلیکەکان بۆ سەرکوتکردن لە بواری مەزهەبدا و لەم سەردەمەدا ڕەوایە). کەوابوو جۆرێک سەرکوتکردن هەیە کە ڕاستە و لەخزمەتی هەقیقەتدایە و پاڵنەرەکەی مرۆڤدۆستیە: “ئەگەر سەرکوتکردن هەمیشە بە ئیسیهقاقێک بزانرایە، عەیسا مەسیح تەنیا دەیگوت: خۆشبەخت ئەوانەن کە سەرکوت دەکرێن و دەستەواژەی لەپێناوی دادپەروەریدا بۆ زیاد نەدەکرد(…) لەبەرئەوە هەندێکجار ڕوودەدات کە هەق سەرکوت دەکات و ناهەقیش سەرکوت دەکرێت”.

سەرکوتکردن لەدیدی سن ئەگۆستینەوە بریتیە نیە لە ناچارکردن بە بڕواهێنان، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئامرازێکە بۆ دەستگەیشتن بە ئازادی. سن ئەگۆستین بە پشت بەستن بەوەی عادەت و پەروەردە چ دەورێکیان لە دروستبوون و فۆرمەلەبوونی مرۆڤ و بیروڕاکانیدا هەیە، سەرنج دەدات کە قەبوڵکردنی مەزهەبێک، دەرئەنجامی ڕەوتێکی ناویستی مێژوو و ئەو عادەتەیە کە کەسێک بە هۆیەوە مەزهەبی باوانی خۆی قەبوڵ دەکات. ڕەگ داکوتانی هەستپێکراوی بڕواکان، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو عادەتانە زۆرتر دیاریکەری ئێمە بن، تاکو ئێمە هەڵیان بژێرین. کەوابوو دەبێت لەبەرامبەر عادەتدا سەرکوتکردن بەکاربهێنین: “عادەت زنجیرێکە کە ئەوان (لادەرە دینیەکان) ئەگەر لە دەسەلاتی دنیایی نەدەترسان، و ئەگەر ئەم ترسە ڕزگارکەرە، دەرونیانی بەرەو هەقیقەت پاڵ پێوە نەدەنا، هەرگیز نەیان دەپچراندا”. سەرکوتکردن دەورێکی فێرکاری هەیە، ڕێگری ئازادی نیە، بەڵکو ڕێگرەیە دەروناسیەکانی بەکارهێنانی کامڵی ئازادی لەناو دەبات، و چالاک و کاریگەری دەکات. دەسبردن بۆ درووستکردنی (ترس لە یاساکان) تەنیا ئامرازی کاریگەرە بۆ دژایەتی عادەت و خووگرتن و فێرکاری و بەمشێوەیە گەیشتن بە باوەڕی ڕاستەقینە. بەڵام گەر بمانەوێت سەرکوتکردن کاریگەر بێت، و ستەمکارانە نەبێت، دەبێت ترس کە لەناوبەری زنجیری عادەتەکانە، لەگەڵ فێرکاریدا کە تاریکیەکانی لادانی دینی لەناو دەبات، تێکەڵ بکەین. بەکارهێنانی دروستی زۆرکردن و ناچارکردن، ئامادەمان دەکات بۆ ئەوەی لەهەقیقەت بگەین و خوازیاری ڕێکخستن و دادپەروەری خوادا بین.

ڕەوایەتی سەرکوتکردنی لادەران ڕەگی لە سروشتی دەسەڵاتی میرەکانیشدا هەیە. سن ئەگۆستین چەمکی دەسەڵاتی سیاسی لە دیدی سن پۆلەوە کە بڕوای وابوو هەموو دەسەڵاتەکان لە خوداوەیە، درێژە پێدەدات، و ئەوە دەسەلمێنێت کە هەموو دەسەڵاتە فەرمانڕەواکان لە دەستی خودادان و لەبەرئەوە دەستێوەردانیان لە مەسەلە شەرعیەکاندا، کارێکی تەواو ڕەوایە. تەنانەت دەکرێت بگوترێت ئەم دەسەڵاتانە جێبەجێکەری بەڵێنی خودان، کە پاش ناچارکردنی پاشاکان بۆ ملدان بە بەندایەتی مەسیح، دەسەڵاتی ئەوان بۆ هێنانە ژوورەوەی مرۆڤەکان بۆ ناو گروپی کەنیسە بەکاردێنێت.

سن ئەگۆستین لەم دەقەدا سەرکوتکردنی لادەرانی دین بە پشت بەستن بە نمایشی میوادنداری مەسیح پاساو دەداتەوە:  میواندار خزمەتکارەکەی خۆی بەدوای میوانەکاندا دەنێرێت، بەڵام هیچیان بۆ میوانیەکەی ناچن. میوادندار کەسانێکی دی بۆ ماڵی خۆی دەهێنێت و جارێکی دی خزمەتکارەکە بە دوای میوانەکاندا دەنێرێت، فەرمانی پێدەکانی ئەمجارە بە زۆر و بە ناچارکردن بیانهێننێت. بە بڕوای سن ئەگۆستینن مانای ئەم نمایشە بەمشێوەیەیە: ئەو میوانداریەی مەسیح مەبەستێتی بەرجەستەبوونی هەیئەتی کەنیسایە، کە مرۆڤەکان دەبێت بە ویستی خۆیان بچنە ناوی، ئەگەر قەبوڵی نەکەن، ئەوا ڕەوایە کە بە زۆر بیانهێننیە ژوورەوە. بەمشێوەیە ڕەخنە لە سن ئەگوستین دەگرن: ئەو ناچارکردنەی مەسیح باسی دەکات بەبەکارهێنانی زۆر و ناچارکردن نیە، بەڵکو پیشاندانی مۆجیزەکانە بۆباوەڕاپێهێنانی  نامەسیحیەکان (یان لادەرانی دین) بە لەسەر ڕاستبوونی کەنیسە، لەبەرئەوە سەرکوتکردن ناڕەوایە. بەڵام سن ئەگۆستین وەڵام دەداتەوە کە یەکەم باوەڕپێهێنەران، واتە یەکەم باوەڕ پێهێنەران کە یەهودیەکان بوون، کێشەیان درووست نەکرد، بە ویستی خۆیان باوەڕیان هێنا، بەڵام بە بڕوای سن ئەگۆستین ئەوان زۆرتر پێویستیان بە مۆجیزە بوو، بۆ ئەوەی بڕوا بکەن. بە دەربڕینێکی تر ئەگەر مەبەست لە ناچارکردن مۆجیزە بوایە، مەسیح دەبوو ئەو مۆجیزەیە پیشانی یەکەم میوانەکانی بدات، نەک بە گروپی دووهەم کە هیچ پێویستیان نەبوو. گروپی دووهەم هەمان لادەران و جیابوەکانن کە پێشتر هەقیقەتی مەسیحیان دەزانی. سن ئەگۆستین بەمشێوەیە ئەو ئەنجامگیریە دەکات کە مەسیح فەرمانی بە سەرکوتکردنی لادەرانی دین داوە، ئەوم سەرکوتەش دەستی دنیایی (ناڕۆحانی) بەشێوەیەکی ڕەوا و کاریگەر جێبەجێی دەکات.

دەق:

کاتێک ئەم کەسانە ناچار بە گەڕانەوە بۆ کەنیسە دەکەن، لەبەرئەوەی ناتوانن بڵێن ناچار بە کارێکی خراپ کراوون، دەڵێن ئەمکارە چەند باشیش بێت، نابێت ناچار کرێن پێی. بەڵام ئێمە بۆیان دەسەلمێنین لەبەرئەوەی عیسا مەسیح سن پۆلی ناچارکرد، کەوابوو کەنیسە لە ناچارکردنیاندا لاسایی پێشەواکەی خۆی دەکاتەوە، ئەگەرچی لە سەرەتادا کەسی ناچار نەکردووە، چونکە چاوەڕوان بووە ئەوەی پێغەمبەران لەبارەی باوەڕهێنانی میر و نەتەوەکانەوە پێشبینیان کردووە، بێتە دی.

بەمشێوەیە دەتوانین لەو قسانەی سن پۆل تێبگەین کە هەنوکە دەیهێنینەوە: ئێمە توانای ئەوەمان هەیە هەموو یاخیبووەکان سزا بدەین، سەرەتا دەرفەتتان دەدەینێ بۆ ئەوە ببینین مل بۆ پەیڕەوکردنی چاوەڕوانکراو دەدەن، ئەوکات ئێمە لەم کارە خۆمان غەفڵەت نابین. لێرەوەیە کە شا* لە نمایشی میوانداریدا، سەرەتا هیچی نەویست جگە لەوەی میوانداران بێنن، بەڵام پاشان فەرمانی کرد ناچاریان بکەن. چونکە شا پاش ئەوەی پێیان ڕاگەیاند فەرمانەکەی جێبەجێ کراوە، بەڵام هێشتا جێگەی ئەوانی دی چۆڵە. گووتی: بڕۆن هەرکەسێکتان لەبەردەم پەرژینی خانوەکان و لە شەقامەکاندا بینی، بەناچار بیانهێنن. لەبەرئەوە لە گروپی یەکەمدا کە بێ توندوتیژی هێنراوون، پەیڕەوکاریەک کە سن پۆل باسی دەکات، و لەوانەشدا کە ناچارکران، سزایەکیش کە ئاماژەی بۆ دەکات و دەبێت لەبەرامبەر یاخیبوونەکاندا بەکار بهێنرێت، هەردووکی دەبینرێت. گەر وا نابێت لەبەرچی شا پاش ئەوەی زانی فەرمانەکەی جێبەجێ کراوە و هێشتا جێی ئەوانی دی خاڵیە، فەرمانی بە پەیڕەوانی کرد هەرکەسێکیان بینی بە زۆرر بیهێنن، نەک لەگەڵ خۆیاندا بیهێنن؟. ئەگەر مەبەست لە توندتیژی و زۆرکردن کە شا دەیویست بەرامبەر بەوانی دی بەکاری بهێنێت، کاریگەری زۆری مۆجیزەکان بوایە، دەبوو ئەمکارەی زۆر زوتر بەرامبەر میوانەکانی یەکەمی و بەتایبەتی لەبەرامبەر یەهودیەکاندا کە بە ووتەی سن پۆل زۆر تامەزرۆی مۆجیزە بوون، و هەروەها لەبەرامبەر کافراندا بکردایە: چونکە لەبەرامبەر ئەواندا ئەمکارە هەرگیز بە ئەندازەی سەردەمی (حواریەکان) بە قازانجی کەنیسە ئەنجام نەدرابوو. ئەگەر مەبەست لەو توندوتیژیەی مەسیح باسی دەکات، تەنیا مۆجیزە بوایە، دەبوو یەکەم میوانەکانیان بە فەرمانی شا ناچار بە قەبوڵکردنی کەنیسە بکردایە. کەسانێک کە کەنیسە لە پاڵ پەرژینی خانوو و شەقامەکاندا، واتە لە پێگەی مونشەق و لادەری دینیدا دەیاندۆزێتە، بە دەسەڵاتێک کە خودا بە میرە دیندار و باوەڕدارەکانی داوە  بۆ جێبەجێکردنی پێداویستیەکانی، ناچار بە قەبوڵکردن دەکات، نابێت هاوار بکەن کە بۆچی ناچاریان کردوون، تەنیا دەبێت لەوە تێبگەن کە ناچار بە چ کارێک کراوون. دەکرێت بگوترێت ئەوان ڕێک پەندەکەی خۆیان جێبەجێ دەکەن کە بەپێی ئەم پەندە هیچ کەسێک نابێت ناچار بە کارێکی باش بکەیت، چونکە ئەوان هەرکاتێک کەسێکیان ناچار کردبێت، بۆ کاری خراپ بووە.

* شا مەبەست حەزرەتی مەسیحە.

سەرچاوە:

ژولی سادا- ژاندرون: تساهل در تاریخ اندیشە غرب. ترجمە: عباس باقری. تهران، نشر نی . ١٣٧٨

ناردن: