منداڵی و ئێستاتیکای سەدەکانی ناوەڕاست

گۆڤاری پاریس ریفیو/ هونەری خەیاڵ

سازکردنی گفتوگۆ: : ليلى عزام زانجانيه

و. لە عەرەبییەوە: هیوا قادر

بەشی یەکەم:

خانمە شاعیری ئەمەریکی ئیمیلی دکنس دەڵێت: “هیچ شتێک ناگات بە نووسین، وەک کەشتییەک وایە، دەمانبات بۆ سەر زەمینە دوورەکان”،  لەبەرئەوەی منداڵیش ئەو زەوییەیە یەکەم شەتڵی هوشیاری تیادا دەچێنرێت. بۆیە هەر نووسەرە و بۆخۆی ئەزموونێکی تایبەتی لەگەڵ خوێندنەوە و نووسیندا هەیە. وەک ئەوە وایە نووسەر وەستای دروستکردنی کەشتی بێت لە وەرەقە و خوێنەرەکانی بۆ سەرچڵییە سەیر و سەمەرەکان ببات لەگەڵ خۆی، بەڵام هەموو نووسەرێک وەستای شارەزای کەشتی نییە، کەمیان دەتوانن دوای تەواوبوون لە خوێندنەوەی کتێبەکانیان ئەو کاریگەرییە لە دەروونی خوێنەرەکانیاندا بەجێبهێڵن بێ ئەوەی بەسەربچێت؛ چونکە کاتێک خوێنەرەکان دەگەنە سەرزەمینە دوورەکان تەنیا شەیدای شوێنەکان نابن، بەڵکە شەیدای شێوازی دروستکردنی کەشتییەکەش دەبن. ئەمبرتۆ ئیکۆ وەستای دروستکردنی کەشتی ئیتالییە، عەشقێکی تایبەتی بۆ سەفەر بەرەو سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا هەیە، چەندان تێزی نووسیوە، بەناوبانگترینیان لەسەر فەیلەسوف و لاهوتی تۆما ئەکوینی ـ یە، لە ساڵی ١٩٥٤ دکتۆرای لە فەلسەفەدا هێناوە، وەک موحەرری ڕۆشنبیریی لە تەلەفزیۆن کاری کردووە، لەسەر سیمائیات و هونەری جوانی نووسیوە و کاری وەرگێڕانی کردووە، لەپاڵ ئەوانەشدا چەندان لێکۆڵینەوەی مێژووی لەسەر سەدەکانی ناوەڕاست نووسیوە. لە ساڵی ١٩٨٠دا لە تەمەنی چل و هەشت ساڵیدا، ڕۆمانی یەکەمی “ناوی گوڵ”ی بڵاوکردەوە کە بوو بە خەون و خولیای هەموو وەشانخانەکانی جیهان بۆ بڵاوکردنەوەی، زیاد لە دە هەزار ملیۆنی لێ فرۆشدا و دواتریش پێنج ڕۆمانی سەرکەوتوی تری بەدوودا هات، کە وایان کرد ئەمبرتۆ ئیکۆ بکەن بە گرنگترین نووسەری زیندووی ئیتالیا هەتا ئەو ڕۆژەی لەتەمەنی هەشتاو چوار ساڵی لە ١٠ی فەبروەری ٢٠١٦ دا دەمرێت.

لە بەشی یەکەمی ئەم گفتوگۆیەدا ئەمبرتۆ ئیکۆ باس لە خانەوادە و ئەو ڕووداوە زۆر گرنگانەی سەردەمی منداڵی خۆی دەکات، لەوانە جەنگی جیهانی دووهەم،  هەروەها ئەو هۆکارانەی پاڵیان پێوەناوە بیکەن بە پسپۆڕ لە بواری لێکۆڵینەوە لەسەر سەدەکانی ناوەڕاست و دواتر بەجێهێشتنی کاریگەری ئەو قۆناغە لەسەر خۆی وەک ڕۆماننوسێک.

 ـ لە کوێ لە دایک بوویت؟

بەناوبانگە. ـ لە شارۆچکەی ئەلیسەندریا، بە شەپقەی بورسالینو

 ـ لە چ جۆرە خێزانێکەوە هاتوویت؟

ـ باوکم ژمێریاربوو و دایکیشم خۆشنووس. باوکم برا گەورەی سیانزە برا بووە. منیش کوڕی یەکەمم. خۆشم یەک کوڕم هەیە و ئەویش یەکەم منداڵی کوڕە. خۆ ئەگەر بە ڕێکەوت یەکێکیش بۆی دەربکەوێت ئەوا خانەوادەی ئیکۆ سەر بە ئیمپراتۆریەتی بێزەنتییە، کوڕەزاکەشم (دوفینیا، ئەبێت بە یەکەم کوڕی پاشای فەرەنسا).

باپیرم کاریگەری گرنگی لەسەر ژیانم هەبوو، لەکاتێکدا زۆر سەردانیشم نەدەکرد، چونکە ئەو نزیکەی سێ میلێک لە شارۆچکەکەمانەوە دووربوو،  کاتێکیش مرد من تەمەنم شەش ساڵان بوو. باپیرم کونجکوڵییەکی ڕیزپەڕی بۆ دنیا هەبوو، کتێبگەلێکی زۆری خوێندبووەوە. ئەوەی سەیر بوو کاتێک ماڵنشینکرا دەستی کرد بە تەجلیدکردنی کتێب. ژمارەیەکی زۆر لە کتێبی تەجلیدنەکراوی لە سوچ و قوژبنی شوقەکەیدا هەبوو  ـ لەوانە نوسخەی کۆنی ڕۆمانە بەناوبانگەکانی سەدەی نۆزدەی گۆتە و ئەلکسەندەر دۆما، بە وێنەی جوان ڕازێنرابوونەوە. ئەو کتێبانە ئەوانە بوون کە من بۆ یەکەمین جار لە ژیانمدا چاوم پێیان کەوت. کاتێک باپیرم لە ساڵی ١٩٣٨دا مرد، زۆرێک لەو خاوەن کتێبانە دوای مردنی باپیرم داوای کتێبە تەجلید نەکراوەکانیان نەکردەوە، خێزانەکەشی هەموو کتێبەکانیان خستبووە ناو سندوقێکی گەورەوە.

بە ڕێکەوتێکی سەیر ئەو سندوقە ئەمسەروئەوسەر پێکەرە کەوتە ناو ژێرزەمینەکەی ماڵی باوکم، جار جارە دەیان ناردم بۆ ئەوێ تاکو هەندێک خەڵوز یان شوشەیەک شەراب بهێنم، ڕۆژێکیان ئەو سندوقەم کردەوە، سەروەت و سامانێکی شاراوەم لە کتێب لە ناویدا دۆزییەوە. لەو دەمەوە بە بەردەوامی دەچوومە ژێر زەمینەکەوە، بۆم دەرکەوت باپیرم ژمارەیەکی زۆر لە گۆڤارێکی وێنەداریشی کۆکردوونەتەوە

” Giornale illustrato dei viaggi e delle avventure di terra e di mare”

کە باسیان لە سەفەر و سەرکێشییەکانی ناو دەریا و سەر وشکانی دەکرد ـ تایبەت بوون بەو چیرۆکە سەیر و سەمەرانەی لە سەرزەمینە سەیرەکاندا ڕوویان دەدا. ئەوە یەکەم داگیرکردنی من بوو بۆ سەر خاکی چیرۆکەکان. بەداخەوە هەموو ئەو کتێب و گۆڤارانەم لەدەستچوون، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵەکاندا وردە وردە نوسخەیانم لە لای کتێبفرۆشە کۆنەکان و بازاڕە گەڕۆکەکان دەست کەوتەوە.

ـ ئەگەر تا ئەو کاتەی سەردانی باپیرت نەکردبێت و لەوێ کتێبت بینیبێت،  مانای وایە دایک و باوکت هیچ کتێبێکیان لەلا نەبووە؟ 

ـ شتێکی سەیرە، باوکم لە گەنجیدا خوێنەرێکی بەپەرۆش بووە. بەڵام لەبەرئەوەی باپیرم خاوەنی سیانزە کوڕ بووە، خێزانەکە بۆ دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکان جەوری زۆری کێشاوە، باوکم نەیتوانیوە کتێب بکڕێت. بۆیە تەنیا چووە لەبەردەمی شۆسکی کتێبفرۆشییەکاندا لەسەر شەقامەکان بە پێوە وەستاوە و کتێبەکانی خوێندووەتەوە. کاتێکیش خاوەن شۆسکەکە بەبینینی قەڵس و بێزاردەبێت، ناچار باوکم دەچێت بەشی دووهەمی کتێبەکە لە شۆسکێکی تر دەخوێنێتەوە، بەم شێوەیە لەم شۆسک بۆ ئەو شۆسک دەڕوات و دەخوێنێتەوە. ئەم گەڕانە لەیەکبینەیە لە پشتی کتێبەکانەوە وێنەیەکە من زۆر شانازی پێوە دەکەم. کاتێک هەرزەکار بووم باوکم هیچ کاتێکی بەتاڵی نەبوو جگە لە ئێواران، زۆرینەی کاتیش بە خوێندنەوەی گۆڤار و کتێبەکان بەسەری دەبرد. لە ماڵی ئێمە ڕۆمانی کەمی لێ بوو. کتێبەکان لەسەر ڕەفە دانەدەنران و دەخرانە ناو سندوقەوە. هەندێک جار باوکم دەبینی خەریکی خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانانەیە کە لە هاوڕێکانی قەرزی دەکردن.

ـ سەرنجی باوکت چی بوو لەسەر ئەوەی  لەتەمەنێکی زۆر زووەوە بوویت بە لێکۆڵەر؟  

ـ باشە، باوکم زوو مرد، لە ساڵی ١٩٦٢، پێش مردنی هەندێک کتێبم بڵاوکردبوونەوە. کاری ئەکادیمی بوون، پێ دەچوو لەو جۆرانە بن باوکم حەزیان پێ نەکات، بەڵام بۆم دەرکەوت شەوان درەنگ خەریکی خوێندنەوەیانە. کتێبی “کاری کراوە” پێش سێ مانگێک لە مردنی بڵاوکرایەوە. شاعیری گەورە ئەیجینیۆ مونتالی پێدچوونەوەی بۆ کردبوو لە ڕۆژنامەی  “پەیامنێری ئێوارەدا” لەسەری نووسی، پێداچوونەوەکەی تێکەڵەیەکی ـ سەیربوو، دۆستانە و لێدەرانەش بوو. بەڵام ئیتر ئەوەش بۆخۆی  پێداچوونەوەی ئیجینتۆ مونتالی بوو، پێموایە ئەوەش بەلای ئەوەوە پێشبینیکردنێک بوو لە مەحاڵەوە نزیک بوو. مانای وابوو من کاری خۆم کردبوو، هەستم دەکرد هەموو ئومێدەکانی ئەوم هێناونەتە دی، بەڵام من پێموایە باوکم چێژی زیاتر دەبینی ئەگەر ڕۆمانەکانی منی بخوێندایەتەوە. دایکم دە ساڵ زیاتر دوای ئەو ژیا، ئەو دەیزانی من ژمارەیەکی زۆر کتێبی ترم نووسیوە. لەلایەن زانکۆ بیانییەکانەوە داوەت دەکرێم. دایکم زۆر نەخۆش بوو، بەڵام زۆریش دڵخۆش بوو، پێموانییە درکی تەواوی بەوە کردبێت کە چ باسە. بەڵام وەک دەزانیت، دایک هەمیشە شانازی بە کوڕییەوە دەکات، تەنانەت ئەگەر کوڕەکەی بێ عەقڵێکی هیچ تیابەسەرنەبووش بێت.

 

ـ منداڵ بوویت کاتێک فاشییەت دەستی بەسەر ئیتالیادا گرت، ئەو کاتە تۆ چۆن هەستت بە دەستپێکردنی جەنگ کرد؟

ـ سەردەمێکی سەیر بوو. مۆسۆلۆنی کەسایەتییەکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو. منیش وەک هەموو قوتابییە ئیتالییەکانی ئەو سەردەمە، لە جوڵاندنەوەی گەنجانی فاشیدا ناوم تۆمار کرابوو، ئێمە هەموومان دەبوو جلوبەرگی یەکڕەنگی لەبەربکەین کە جۆرە جلوبەرگێکی سەربازی بوو، دەبوو هەموو ڕۆژێکی شەممانیش ئامادەی ڕێپێوانەکان بین، بەو کارە هەستم بە دڵخۆشییەکی بێ ئەندازە دەکرد. وەک کوڕێژکەیەکی ئەمەریکی ئەمڕۆ کە جلوبەرگی سەربازی هێزی دەریایی لەبەردەکات ـ کە هەست دەکات شتێکی خۆشە. بۆ ئێمەی منداڵیش هەموو بزوتنەوەکە هەر وەک بەفری زستان و گەرمای هاوین کارێکی سروشتی بوو،. توانای بیرکردنەوەی شێوە ژیانێکی ترمان نەبوو. بەهەمان خۆشی جارانەوە وەک هەرشتێکی تری منداڵی ئەو سەردەمەشم بیردەکەوێتەوە،  تەنانەت کاتی تەقوتۆقی شەوانەشم بەخۆشییەوە بیردەکەوێتەوە کە لە ژێرزەمینەکاندا بەسەرمان دەبرد. دوای ئەوە لەگەڵ یەکەم کەوتنی فاشیدا هەموو ئەو شتانەش لە ساڵی ١٩٤٣ تەواو بوون.

لە ڕێگای ڕۆژنامە دیموکراتەکانەوە بوونی بیروڕای جیاواز و حیزبی سیاسی ترم بۆ دەرکەوت. لە ترسی تەقینەوەکانی نێوان سێپتەمبەری ١٩٤٣ تاکو ئەپریلی ١٩٤٥ ـ کە هەرە ساڵە هێدمەگرتووەکان بوون لە مێژووی میللەتەکەمدا ـ من ودایکم و خوشکەکەم ڕامانکرد و چووین بۆ گوند ژیاین. سەرکەوتین بۆ گوندی بیدمونسیە کە بە کانگای بەرگریکردن دادەنرا.

ـ هیچ بەیەکدادانێکت بینی؟

ـ پێکداپژانی قسەکردنم لە نێوان فاشییەکان و دیموکارتەکاندا بینیوە، تاڕادەیەک تەمەنام دەکرد لەو شەڕە قسانەدا بەشدار بم. بیرمە لە یەکێک لەو جارانەشدا لە ترسی گوللەی ویڵ لە جێیەکی بەرزەوە خۆم هەڵدایە خوارەوە و خۆمدا بە ئەردا بۆ ئەوەی بەرم نەکەوێت. لەو دێیەشی کە تیایدا دەژیاین، لە ئەلیساندریا تەقینەوەیەکم بیرە لە شوێنی کارکردنەکەی باوکم، ئاسمان وەک پرتەقاڵێک شەقی برد و تەقییەوە. هێڵەکانی تەلەفوون پچڕان، بەناچاری چاوەڕوانی هاتنی پشووی هەفتەمان کرد تا باوکمان بە زیندووی یان بە مردووی بگەڕێتەوە. لەو سەرەوەختەدا، گەنج دەبوو فێری ئەوە بێت چۆن ژیانی خۆی ڕزگار دەکات.

 ـ ئایا جەنگ هیچ کاریگەری لەسەر بڕیاری خۆتەرخانکردنت هەبوو بۆ نووسین؟

ـ نەخێر، هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی نەبوو. پێش جەنگ من دەستم بە نووسین کردبوو. دوورەپەرێز لە جەنگ. لە هەرزەکاریمدا چیرۆکی وێنەدارم دەنووسی، چونکە زۆر لەو چیرۆکانەم خوێندبوونەوە، چیرۆکی خەیاڵیم دەنووسی ڕووداوەکانی لە مالیزیا و ئەفەریقای ناوەڕاست ڕوویان دەدا. من مەیلم بەلای کامڵیدا هەبوو دەمویست چیرۆکەکان وا دیاربن وەک ئەوەی چاپکرابن، بۆیە بە پیتی گەورە دەمنووسین، ناونیشانم بۆ دروست دەکردن، کورتکراوەکانیانم دەنووسییەوە، وێنەم بۆ دەکێشان، کارێکی قورس و پڕوکێنەر بوو. تەنانەت هیچ کام لەو چیرۆکانەشم تەواو نەکرد. ئەو دەمە من وەک نووسەرێکی مەزنی ئەو بەرهەمانە دەردەکەوتم کە تەواونەکرابوون. بەڵام کاتێک دەستم بە نووسینی ڕۆمان کرد، یادەوەریم لەسەر جەنگ ڕۆڵێکی سنوورداری بینی، بەڵام هەموو کەسێکیش مەیلی زیاتر بەلای یادەوەرییەکانی گەنجێتی خۆیدا هەیە.

ـ ئەو کتێبانەی لەو سەروەختە زووەدا نووسیتن پیشانی کەست دان؟

ـ پێ دەچوو باوکم ئاگاداربووبێت خەریکی چیم، بەڵام پێموانییە دابێتم بە کەسێک سەیریان بکات. نووسینی ئەو کتێبانە بۆ من کارێک بوو بۆ خۆدوورەپەرێز کردن.

 

ـ لە وتارێکتدا لەسەر نووسین باس لەو قۆناغە دەکەیت کە دەستت بۆ نووسینی شیعر بردووە، دەڵێت: “شیعرەکانم هەمان ئەندامی زیندوو و هەمان ڕوخساری گشتی هەرزەکارێکیان هەبووە کە دەموچاوی بە زیبکە داپۆشراوە”.

ـ پێموایە لە تەمەنێکی دیاریکراودا بوو، لە دەوربەری پانزە شانزە ساڵیدا بوو شیعرم دەنووسی. شیعر وەک شەهوەت وایە. شاعیرە باشەکان دواتر ئەو نووسینانەی سەرەتایان دەسوتێنن، بەڵام شاعیرە خراپەکان بڵاویان دەکەنەوە. منیش بۆ بەختی باشی خۆم  هەر زوو دەستبەرداری نووسینی شیعر بووم.

ـ کێ هانی هەوڵە ئەدەبییەکانتی دەدایت؟

ـ نەنکم، دایکی دایکم. خوێنەرێکی هەڵپەکەر بوو. تەنیا تا پۆلی پێنجی ئامادەیی خوێندبوو، بەڵام ئەندام بوو لە کتێبخانەی شارەوانی، هەفتانە دوو سێ کتێبی بۆ ماڵەوە بۆ دەهێنام. ڕۆمانی ڕۆمانسی و هەرزان یاخود ڕۆمانەکانی بەلزاک بوون ـ بەلای ئەوەوە ڕۆمانەکان هیچ جیاوازییەکیان نەبوو ـ هەموویان سەر بە یەک خێزان بوون. لە بری ئەو کتێبانەش دایکم وانەی پێ دەوتەوە و ئامادەی دەکرد بۆ ئەوەی ببێت بە زانایەکی دکتیالی لە دواڕۆژدا (خوێندن لەسەر شوێنەوارناسی و ناسینەوەی). دەستی کرد بە فێربوونی فەرەنسی و ئەڵمانی، لەگەڵ ئەوەی لە تەمەنی گەنجێتیدا زۆری خوێندبووەوە بەڵام تەسلیمی جۆرێک لەو تەممەڵییە بووبوو کە لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا توشت دەبێت. ئەو خۆی بۆ خوێندنەوەی ڕۆمانە ڕۆمانسیی و گۆڤارە ژنانەکان تەرخان کردبوو. بۆیە ئەوانەی ئەو دەیخوێندەوە من بەلایاندا نەدەچووم. بە زمانێکی پارا و ئیتالییەکی باش دەدوا، بەشێوازێکی هێندە جوان دەینووسی هاوڕێکانی ڕوویان لێ دەنا نامەیان بۆ بنووسێت. لەگەڵ ئەوەی لە تەمەنێکی زۆر زووەوە قوتابخانەی بەجێهێشتبوو بەڵام هەستێکی بەرزیی زمانەوانی هەبوو. پێموایە منیش لەوەوە ئەو زەوقە ڕەسەنەم بۆ ماوەتەوە.

ـ تا چ ڕادەیەک ڕۆمانەکانت ڕۆڵی ژیاننامەی خۆت دەبینن؟

ـ پێموایە هەموو ڕۆمانێک بە جۆرێک لە جۆرەکان وایە. کاتێک کەسایەتییەک لە خەیاڵی خۆتدا دروست دەکەیت، بەشێکی لە یادەوەری خۆتەوە دێت و بەشێکی تریشی قەرزدەکەیت. بەشێک لە کەسایەتی خۆت و بەشێکیشی لە کەسایەتی یەکێکی ترەوە وەردەگریت. من هیچ جۆرێک لە ژیاننامە نانووسمەوە، بەڵام ڕۆمانەکان خۆیان ژیاننامەن. بەڵام بە جیاوازییەوە.

بندولی فۆکۆ

 

 ـ ئایا هیچ وێنەیەکت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ گواستۆتەوە؟ من بیر لە کەسایەتی بلبۆی  ناو ڕۆمانی “بەندۆلی فۆکۆ” دەکەمەوە کە لە قەبرسانەکەدا ڕۆڵی ترومپێت دەبینێت.

ـ بێگومان ئەو هەستە هەڵگری جۆرێک لە ژیاننامەیە. من بلبو نیم، بەڵام ئەوە بەسەر خۆمدا هاتووە و زۆریش گرنگە، تەنانەت من ئێستا شتێکت بۆ دەگێڕمەوە پێشتر باسم نەکردووە. پێش سێ مانگێک لەمەوبەر ترومپێتێکی زۆر باشم کڕی بایی نزیکەی هەزار دۆلارێک دەبوو. بۆئەوەی ترومپێت بژەنیت دەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر ڕاهێنان بە لێوەکانت بکەیت. کاتێک لە نێوان تەمەنی یانزە و سیانزە ساڵیدا بووم  ژەنیارێکی زۆر باش بووم. بەڵام ئەو توانایەم لەدەستدا و ئێستا بە شێوەیەکی زۆر خراپ مۆسیقا دەژەنم. لەگەڵ ئەوەی من ڕۆژانە مۆسیقا دەژەنم. هۆکەشی ئەوەیە دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ منداڵیم. بەلای منەوە، ترومپێت ئەمکاتەوە بەو گەنجەی کە هەبووم. هیچ مەیلێکم بۆ ئامێری کەمان نییە، بەڵام کاتێک چاوم بە ترومپێتێک دەکەوێت هەست بە جوڵەی دنیا دەکەم لە دەمارەکانمدا دێت و دەچێت.

ـ ئەوەت بۆ دەرکەوتووە کە دەتوانیت ئاوازەکانی منداڵیت بژەنیت؟

ـ تا زیاتر مۆسیقا بژەنم زیاتر ئاوازەکانم بەشێوەیەکی ڕوونتر بیردەکەونەوە. بێگومان پارچە مۆسیقای درێژ و زۆر قورس هەن، چەندان جار دووبارەیان دەکەمەوە، بەڵام دەزانم لێوەکانم ناتوانن بەشێوەیەکی باش ئیشی خۆیان بکەن.

ـ هەمان شتیش بۆ یادەوەریت ڕاستە؟

ـ سەیرە، تا تەمەنت گەورەتر بێت، یادەوەرییەکانت زیاتر بیردەکەوێتەوە. نموونەیەکت دەدەمێ: دیالێکتی قسەکردنی عامی من ئەلیساندروییە، تێکەڵەیەکە لە بیادمونتیزی لەگەڵ شتێک لە لومباردیی و جینوفیزیی. من بە دیالێکتی عامی قسەم نەکردووە چونکە خێزانەکەم سەر بە توێژی برژوازی بچووکن، باوکم پێیوابوو من و خوشکەکەم دەبێت تەنیا بە ئیتالی قسەبکەین. بەڵام باوکم و ئەوان لەنێوان خۆیاندا بە عامی قسەیان دەکرد. من باش تێی دەگەیشتم بەڵام نەم دەتوانی قسەی پێ بکەم. دوای نیو سەدە بەڕێکەوت، لە ئەشکەوتی سکمدا یان لە لاشعورمدا دیالێکتی عامییە سەوزبووەوە. کاتێک هاوڕێ کۆنەکانی ئەلیساندرا دەبینم بەو دیالێکتە قسەیان لەگەڵ دەکەم! بە تێپەڕبوونی کات نەک ئەو شتانە گەڕانەوە بۆم کە بیرم چووبوونەوە، بەڵکە ئەو شتانەشم بۆ گەڕایەوە کە فێریان نەبووبووم.

ـ بۆچی خوێندنی ئێستاتیکای سەدەکانی ناوەڕاستت هەڵبژارد؟

ـ من خوێندنی کاسۆلیکیم خویندووە، لە سەروەختی ساڵەکانی زانکۆشدا بەرپرسی ڕێکخراوی کاسۆلیکی نیشتیمانی قوتابیان بووم؛ چونکە شەیدای  بیروڕای سەدەکانی ناوەڕاستی سکولائیە و ئەفسانە مەسیحییەکان بووم. دەستم بە نووسینی تێزەکەم لەسەر ئێستاتیکای توما ئەکوینی کرد، بەڵام پێش تەواوبوونی یەکسەر بەر هێدمەیەکی عەقائیدی کەوتم. ئەوەش بۆخۆی پەیوەندییەکی سیاسی ئاڵۆز بوو. من سەر بە بەرەی هەرە موحافزکارەکانی ڕێکخراوی قوتابیان بووم. مانای وا بوو کە گرنگی بە مژارە کۆمەڵایەتییەکان و یەکسانی کۆمەڵایەتی دەدەم. حیزبی ڕاستڕەوی ئەو کاتە لەژێر دەستەڵاتی پاپا بیوسی دوانزەهەمیندا بوو. ڕۆژێکیان حیزبەکەی بە هەرتەقە و شیوعییەت تاوانباریان کردین. تەنانەی ڕۆژنامەی فەرمی فاتیکانیش هێرشی کردە سەرمان. ئەم ڕووداوە پێویستی بە پیاچوونەوەیەکی فەلسەفی هەبوو سەبارەت بەوەی من باوەڕم پێی بوو. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ڕێزێکی گەورەوە بەردەوام بووم لە خوێندن لەسەر سەدەکانی ناوەڕاست و فەلسەفەکانی، بێ ئەوەی پێویستیش بکات باس لە خۆشەویستی خۆم بۆ توما ئەکوینی بکەم.

 

ـ لە پەراوێزێکی “ناوی گوڵ”دا ئەو قۆناغە لە هەموو جێیەکدا دەبینم کە چۆن بە ڕوونی بەسەر خەمی ڕۆژانەدا کشاوە،  لە سەدەکانی ناوەڕاست ناچێت و کەچی واشە، خەمی ڕۆژانەی تۆ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا چۆنن؟

ـ بە درێژایی ژیانم بەناو بێ ژمارە ئەزموونی سەدەکانی ناوەڕاستدا تێپەڕیووم و بە تەواوەتی لەناویاندا قوڵبوومەتەوە. بۆ نموونە لە کاتی ئامادەکردنی تێزەکەمدا. بە دوو مانگ دەچووم بۆ سەفەر بۆ پاریس، دەچووم لە کتێبخانەی نیشتیمانی لێکۆڵینەوەم دەکرد. بڕیارم دەدا لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا بەتەواوەتی لەناو سەدەکانی ناوەڕاستدا بژیم. ئەگەر نەخشەی پاریس بچکۆلە بکەیتەوە، بۆ هەندێک شەقامی دیاریکراو، ئەو کاتە دەتوانیت بە ڕاستی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بژیت. لەوێوە دەست دەکەیت بە بیرکردنەوە و هەستکردن وەک مرۆڤێکی سەدەکانی ناوەڕاست. بۆ نموونە بیرمە خانمەکەم کە سەرقالی باخەکەی بوو شارەزایی لە هەموو ڕووک و گوڵێکی دنیادا هەبوو. ڕەخنەی لێ دەگرتم لەسەر “ناوی گوڵ” لەبەرئەوەی من لە سروشتدا نەمدیبوون. جارێکیان لە گوند، کورەیەکمان ئاگردا، لەو کاتەدا وتی، سەیری ئەو بزیسکە باڵگرتووانەی نێوان دارەکان بکە. بێگومان من گرنگیم پێ نەدا، بەڵام دواتر کە کۆتا بەشی “ناوی گوڵ”ی خوێندەوە، شتێکی هاوشێوەی ئەوەم بینی بوو، پێی وتم، کەوایە تۆ سەیری بزیسکی ئاگرەکەت کردبوو! وتم، نەخێر سەیرم نەکرد بەڵام دەزانم کە چۆن قەشەیەکی سەدەکانی ناوەڕاست سەیری پشکۆی کردووە.

ـ پێتوایە بە ڕاستی بتوانیایە لەزەت لە ژیانی سەدەکانی ناوەڕاست ببینیت؟

ـ لە ڕاستیدا ئەگەر تیایدا بژیامایە نەدەگەیشتمە ئەم تەمەنەی ئێستام و دەمردم، بێ شک بیرکردنەوەم بە شێوەیەکی تراژیدیایانە جیاوازدەبوو ئەگەر لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بژیامایە. بۆیە پێمباشە تەنیا بیهێنمە بەرچاوی خۆم.

 

ـ  بۆ کەسێکی ئاسایی سەدەکانی ناوەڕاست بە کەشێکی پەنهان و مەودایەکی قوڵ داگیرکراوە، چی تۆ بەرەو ئەوێ ڕاکیشا؟

ـ زەحمەتە بڵێی بۆچی عاشق دەبین؟ ئەگەر ناچار بە ڕوونکردنەوە بکرێم. ئەوا دەڵێم هۆی ئەوەیە کە ئەو قۆناغە زۆر جیاوازترە لەوەی خەڵکی بیری بۆی دەچێت. بەلای منەوە، ئەو سەدانە تاریک نین. سەدەی ڕووناک بوون، ئەو زەویە بەیارە بوو کە سەدەی ڕۆشنگەریی تیادا شین بوو. قۆناغێک بووە لە هەراو گۆڕانی کتوپڕ ـ لەدایکبوونی شاری نوێ، یاسایی بانکی، زانکۆکان، بیرۆکەی تازە لەسەر ئەوروپا بە هەموو زمان و نەتەوە و ڕۆشنبیرییەکییەوە.

 

ـ تۆ دەڵێیت کتێبەکانت هۆشیارییەکی هاوتەریب لە نێوان سەدەکانی ناوەڕاست و سەدە نوێکاندا دروست ناکات، بەڵام لەوەش ناچێت تۆ لەو کەمەنکێشییە بکات بەرەو ئەو قۆناغە.

ـ بەڵێ، بەڵام، پێویستە مرۆڤ وریابیت لە پێوەرەکاندا. جارێکیان وتارێکم نووسی تیایدا باسی هەندێ خەمی هاوشێوەی سەدەکانی ناوەڕاست و سەدەی ئێستای خۆمانم کردبوو. بەڵام خۆ ئەگەر پەنجا دۆلارم بدەیتێ ئەوا وتارێکت بۆ دەنووسم لەسەر ئەو خەمە لەیەکچووانەی سەدەی ئێستای خۆمان و سەدەی مرۆڤی بەرایی. زۆر ئاسانە لێکچوونەکان بدۆزیتەوە. لەگەڵ ئەوەی من دەزانم کە تۆ گرنگی بە مێژوو دەدەیت ئەمەش مانای وایە هەڵدەستیت بەراوردکردنێکی بەربڵاو و هەمەلایەن لەگەڵ سەردەمی ئێستاماندا. من دان بەوەدا دەنێم کە بەشێوەیەکی ترسناک سەر بە دنیای کۆنم. بەڵام وەک دەڵێن من تاکو ئێستاش باوەڕم بەوەیە کە “مێژوو مامۆستای ژیانە”.

.

ناردن: