سازکردنی: سەردەم

 

لە ماوەی ڕابردوودا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی نووسەر و ڕۆشنفکری ئێرانی (داریووش ئاشووری) چاپ و بڵاوکردەوە، ئەم کتێبە لە کۆمەڵێک وتاری داریووش پێکهاتووە و هەڵبژاردەیەکە لە نووسینەکانی، کە لە ماوەی بیستوپێنج ساڵی کاری نووسینیدا ئەنجامی داون، (هیوا عەزیزی) وەرگێڕی کتێبی (ئێمە و مۆدێرنە) لەم گفتوگۆیەدا باس لە چۆنێتی وەرگێڕان و گرنگیی کتێبەکە و ئاست و پێگەی فیکریی ئاشووری دەکات لەسەر نەخشەی ڕۆشنبییی و کولتووری ئێران.

سەردەم: لە شوێنێکدا دەڵێیت، ئەم کتێبە چارەنووسێکی کافکایی هەبوو. دەکرێت مەبەستت لە چارەنووسی کافکایی ڕوون بکەیتەوە؟

هیوا عەزیزی: من ساڵی ٢٠٠٦ بۆ یەکەمجار ئەم کتێبەم بۆ وەرگێڕان گرتە دەستەوە. ئەودەم ئەو کتێبەی بۆ وەرگێڕان هەڵمبژاردبوو، هی چاپی ساڵی ١٣٧٧ی هەتاویی بوو. بە هەموو کۆڵەواریم لە زمانی کوردیدا، خۆم خستە گێژاوی وەرگێڕانی ئەم کتێبەوە. دەفتەرێکی گەورەشم هەڵبژارد کە ڕۆژانە لاپەڕەکانم تێدا بە دەست دەنووسی. تەواوکردنی یەکەم دەستنووسم پێموایە ساڵ و نیوێکی خایاند. دواتر لەبەر ئەو هەموو ڕەشکردنەوەیەی لە دەفتەرەکەدا کردبووم، هەمیسان کەوتمەوە سەرلەنوێ نووسینەوەی و پێموایە ئەمیشم لە ماوەی شەش مانگێکدا تەواو کرد، دیارە ئەمەش لەبەرئەوەی ئەودەم هێشتا کۆمپیۆتەرم نەبوو. دواتر کەسێکم لە سنە دۆزییەوە و دەقی وەرگێڕانەکەم بۆ تایپ ڕادەست کرد کە ئەویش چوار مانگێکی خایاند. کاتێک دەقی تایپەکەم لەو تایپیستە وەرگرتەوە، بەداخەوە هێندە هەڵەی تیابوو کە ئەتوانم بڵێم نەخۆشی خستم. لەم قۆناغەشدا کە پێموایە ساڵی ٢٠٠٨ بێت، توانیم بە هەموو دەردیسەرییەک کۆمپیۆتەرێک بکڕم. لەبەر هەڵە زۆرەکانی دەقە تایپکراوەکە، بۆ ماوەیەک دەستم بە ئیش نەدەڕۆییشت، ئەمە جگەلە کێشەی زۆری دیکە کە ململانێم لەگەڵ دەکردن، لەوانە باری نالەباری ئابوریی و شەڕ و کێشە فیکرییەکانم لەگەڵ خۆم و هاوڕێ و دەروبەر و هیتر. بەهەرحاڵ دوای ماوەیەک لەسەر کۆمپیۆتەرەکەم کەوتمە هەڵەچنیکردنەوەی دەقی تایپکراوی وەرگێڕانەکە و یەکەم هەڵەچنیکردنم پێنج مانگێکی خایاند. ئیدی ئەم کتێبە وەک مۆتەکەیەکی لێهاتبوو. بەڕاستی هەراسانی کردبووم. تا ئەو ئاستەی خەوی ناخۆشم پێوە دەبینی. چەند جارێک ویستم وازی لێ بهێنم. شەو و ڕۆژ ختورەی ئەم کتێبەم هەبوو. گرفتەکانی زمانی کوردیشم هەبوو کە دوای هەر سەیرکردن و پێداچوونەوەیەکی کتێبەکە بۆم دەردەکەوت. دوای هەر چاوپیاخشانێک پێموابوو وەرگێڕانەکەم لاوازە و بۆ چاپ ناشێت. پاشان کە یەکەم هەڵەچنیکردنی سەر کۆمیپۆتەرەکەم تەواو کرد، پرینتم لێ گرت و لێرە و لەوێ لە چەند کۆڕ و کۆبونەوەیەکدا خوێندمەوە و دوای هەر خوێندنەوەیەکیش هەمیسان هەستم بە کێشە و کەموکوڕییەکانی دەکرد. ئیتر جار دوای جار پێداچوونەوەم بۆ کرد کە پێکڕا پێموایە حەوت ـ هەشت جارێک پیایدا چووبێتمەوە کە هەموو جارێکیش دوو ــ سێ مانگێک ئیشم لەسەر دەکرد. ئیتر وردە وردە، بە حوکمی هێزگرتنی زمانەکەم هەستم کرد خەریکە کۆتا شێوەی خۆی وەردەگرێت و ئەکرێت هیوا لەسەر چاپکردنی هەڵبچنم. لەم فەترەیەشدا چاپی تازەی ٢٠٠٤ی کتێبەکەم بە دەست گەییشت کە وتوێژێکی زۆر گرنگ و دوو وتاری پێ زیاد کرابوو. یەکێک لە وتارەکانیش ئەو وتارەی لەسەر ئەحمەدی فەردیدە کە پێموایە بۆ خوێنەری کورد زۆر جێبایەخە و دەشێت لەڕێی ئەم وتارەوە گرفتە گەورە ئەخلاقی و فیکریی و کولتوریی و سیاسیەکانی نێو فەزای ڕۆشنبیریی ئێرانیی بناسێت و جوان لێی تێبگات، ئەویش لەبەر ئەو پاشاگەردانییەی بۆ ساڵانێکی درێژ باڵی بەسەر ئەم فەزایەدا کێشابوو. دوای وەرگێڕان و هەڵەچنیکردنی ئەو وتوێژ و جووت وتارە، کتێبەکەم لەلای خۆم هەڵمگرت و کەوتمە وەرگێڕانی کتێبی نوێی دیکە. تا ئەوەی ساڵی ٢٠١٤ دەرفەتم بۆ ڕەخسا و توانیم سەردانی سلێمانی بکەم کە بەداخەوە لەگەڵ هاتنم بۆ سلێمانی هێرشی ڕەش و نەگریسی داعش دەستیپێکرد. لە سەفەرەکەمدا چوار کتێبی وەرگێڕدراوم لەگەڵ خۆم هێنابوو کە بریتی بوون لە: ئازادیی و ژیانی تراژیدیانە، دۆستۆیۆفسکی و سلین و ئەم کتێبەی ئێمە و مۆدێرنە. هەر چوار کتێبەکەم وەک پێشتر بڕیارم دابوو، بۆ سەردەم هێنا و پێشکەشم کردن. ئەوانیش پێیان وتم، ئەبێت لیژنە بیبینێت و دواتر بڕیار لەسەر چاپکردن یان نەکردنی بدرێت. ئازادیی و ژیانی تراژیدیانە و دۆستۆیۆفسکی دوای ماوەیەک چاپ کران، بەڵام کتێبەکەی سلین و ئێمە و مۆدێرنە تا ساڵی ٢٠٢٠ دواخران. لە دوا سەفەری ساڵی ٢٠١٩شم بۆ سلێمانی، هەواڵی هەر دوو کتێبەکەم گرتەوە و گوتیان ئاگایان لێ نەماوە. منیش هاتمەوە و سەلەنوێ دەقەکەم بۆ هەناردنەوە و ئەوانیش بە سوپاسەوە دوای ئەنجامدانی ئیشە سەرەتاییەکانی، دەقەکەیان بۆم هەناردەوە هەتا جارێکی تر ئەو هەڵانە چاک بکەمەوە کە سەردەم بۆی دەستنیشان کردبووم. منیش جارێکی دیکە پیایدا چوومەوە تا ئەوەی دواجار ساڵی ٢٠٢٠ چاپ کرا. مەبەستیشم لە چارەنوسی کافکایی ئەو هەموو ئازار و ڕەنج و ماندوبوونە پڕوکێنەرە یەک لە دوای یەکانەی تا ئاستی شێتگیریی ئەم کتێبەیە کە لەو چەند ساڵەدا تووشی بووم. بەڵام هەر چۆنێک بێت بەو هەموو ململانێیەی لەگەڵ ئەم کتێبەدا کردم، وردە وردە دەرچەیەکم بۆ تێگەییشتن لە ستراکتور و ئیدیۆمی زمانی کوردی و شێوازی وەرگێڕان بۆ کرایەوە کە بوو بە کۆڵەکەیەک بۆ ئیشەکانی داهاتووم. ئەوەی گرنگ بوو، بە هەموو ئەم چەرمەسەرییانەی تووشی بووم، کۆڵم نەدا و توانیم ئەم قۆناغەی ئیشکردنی خۆم بە سەرکەوتوویی (دیارە بە قەناعەتی خۆم) تێپەڕێنم کە ئێستاش بۆتە سامانێک بۆ داهاتووی کار و چالاکیەکانم لە بواری وەرگێڕاندا. ئێستاش بەپێی ئەزمون و خیبرەی خۆم، ئەزانم ئیشی وەرگێڕان ئیشێکی چەند سەخت و ناسکە و پێویستی بە کۆڵنەدان و هەوڵی بێوچان هەیە و لەم ڕێگایەشدا دەشێت زۆر مەینەت و ئازارت بێتە ڕێ و دەبێت شێلگیرانە باوەش بۆ هەموو زەحمەت و دەردیسەرییەکی ئەم ڕێگا پڕ هەورازە بکەیتەوە تاوەکوو بتوانیت لە داهاتودا ئیشی باشتر و بەپێزتر بکەیت.

سەردەم: چۆن باس لە پێگەی فیکریی و دونیابینی و ئاستی فیکریی داریووشی ئاشووری بۆ خوێنەری کورد دەکەیت؟

هیوا عەزیزی: ئاشووری لەسەر چەند تەوەرێک ئیش دەکات. یەکەم لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ڕەخنەگرانە لەسەر شیعر و ئەدەب و کولتور و جڤات و مێژو و سیاسەت و نووسینی وتاری فیکریی و فەلسەفی بە ڕوانگەیەکی سەردەمیانە و هاوچەرخ کە خۆی لە چەندین وتار و کتێبی گرنگدا دەبینێتەوە. دوهەم: ئیشکردنی شێلگیرانە لەسەر کێشەی زمانی فارسی بە داتاشینی چەمک و وشە و دەستەواژەی نوێ لە بواری زانستە مرۆییەکاندا و نوسین و دانانی فەرهەنگ بۆ گەشەپێدانی زمانی فارسی هەتاوەکوو بتوانێت وەک زمانانی زیندوی دونیا لە بوارە جیاوازەکانی زانستدا تەعبیر لە خۆی بکات. سێهەمیش ئیشی وەرگێڕان کە خۆی لە چەندین بەرهەمی گرنگ و ناوازەی فەلسەفی و ئەدەبی و سیاسیدا دەبینێتەوە. بە بۆچوونی من هەر سێی ئەم بابەتانە بۆ خوێنەری کورد زۆر گرنگن و دەشێت بە هەندی وەربگرێت.

سەردەم: گرنگی کتێبی ئێمە و مۆدێرنە بۆ کورد چییە و ئەم کتێبە چۆن دەتوانێت کۆمەک بە هزر و فیکری تاکی کورد بکات بۆ تێگەییشتن لە چەمکی مۆدێرنە؟

هیوا عەزیزی: یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی نێو کتێبی ئێمە و مۆدێرنە کە بۆ کۆمەڵگە و خوێنەری کورد هێجگار گرنگە، ناسینی کێشە و فەزای پڕ ئیشکالییەتی ڕۆشنبیریی ئێرانییە. بە بۆچوونی من، یەکێک لە شتە بنەڕەتییەکانی ئێمەی کورد کە دەشێت بایەخی زۆری بدەینێ، ناسینی هەر سێک دراوسێی فارس و تورک و عەرەبی خۆمانە، ئەویش بەپێی ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزەی بە درێژایی سەد و پەنجا ساڵی ڕابردو و تەنانەت پێشتریش لەگەڵ ئەم نەتەوانەدا هەمانبووە. ئەم پرسە بۆ من پرسێکی بنەڕەتییە و پێموایە دەشێت بە دیدێکی ڕەخنەگرانەی جیاوازەوە فیکر و هزر و گۆشەنیگا و دونیابینی بیرمەندانی ئەم وڵاتانە بناسین، دیارە ئەمەش تەنها لەڕێی وەرگێڕانەوە مەیسەر دەبێت. لایەنێکی گرنگی دیکەی نێو ئەم کتێبە قسە کردنە لەسەر هۆکارە مێژوویی و کولتوریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی گەشەنەسەندن و دواکەوتنی کۆمەڵگا جیهانسێهەمیەکان پەیوەست بە مۆدێرنە و گیر و گرفتە ئاڵۆزەکانی ئەمڕۆی تێنەگەییشتن لە جیهانی مۆدێرن و چەمک و پرەنسیپ و ئایدیاکانی کە بێگومان ئێمەش دەگرێتەوە.

سەردەم: ئەو شتانە چی بوون کە تۆی ناچار بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە کرد؟

هیوا عەزیزی: یەکەم هاندەری من بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە ناساندنی فەزای ئاڵۆز و پڕ ململانێی ڕۆشنبیریی چەند دەیەی ڕابردوی ئێران بوو کە لە دوو وتووێژ و چەند وتارێکی نێو ئەم کتێبەدا ڕەنگیداوەتەوە. هەروەها ئەو باس و تەوەرانەی لەسەر کێشەکانی وڵاتانی جیهانیسێ و لێکدانەوەی پەیوەندیی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و گرفتی وڵاتانی ڕۆژهەڵات پەیوەست بە مۆدێرنە و لێکەوتەکانی و ئەو ڕەوتەی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەم پێنج سەدەیەی ڕابردودا بۆ پێشکەوتن و پەرەسەندن و سەروەربوونی یاسا و سەقامگیرکردنی سیستەمی پەرلەمانیی و دیمۆکراسیەت و هیتر گرتیانە بەر و هۆکارەکانی دواکەوتنی وڵاتانی ڕۆژهەڵات کە هەموویان لەدووتوێی ئەم کتێبەدا قسەیان لەسەر کراوە. دواجار زۆرانگرتنی خۆمیش لەگەڵ زماندا هەبوو.

سەردەم: ڕەنج و زەحمەتیەکانی ئەم کتێبە چی بوون و چۆن توانیت بەسەر کێشەکانیدا زاڵ بیت؟

هیوا عەزیزی: بەوەی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی فێربوون و مەشقی نووسین بە زمانی کوردیی بووم، لە وەرگێڕانی ئەم کتێبەدا کێشە و تەحەدای زۆرم تووش بوو. ململانێم لەگەڵ زمان و دۆزینەوەی تەکنیک و شێوازی وەرگێڕان و ناسینی وشە و دەستەواژەکان و گەییشتن بە زمانێک شەقڵ و مۆرکی خۆمی پێوە بێت، یەکێک لەو کێشانە بوو کە ختورە و کەڵکەڵەی سەرەکی منیان پێکدەهێنا. بۆ ئەم مەبەستەش دەبوو هەوڵێکی زۆرم دابا. وەک لە وەڵامی پرسیاری یەکەمیشدا ئاماژەم پێدا، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە دەمزانی خۆم خستۆتە گێژاوی چ بەحرێکەوە و دەشێت بۆ گەییشتن بە ئاستێکی باش بە هەموو شێوەیەک باوەش بۆ هەموو ئازار و ئاستەنگێک بکەمەوە و شێلگیرانە و بەهێز مەلەی تێدا بکەم. دیارە بەهۆی مشتومڕ و ململانێم لەگەڵ ئەم کتێبەدا، ئێستا ئەتوانم بڵێم بەو شوێنە گەییشتووم کە بۆ داهاتوو ئیشی باشتر و گرنگتر بکەم. ئەمەش لەبەر ئەو کۆڵنەدان و بەردەوامییەتە بوو کە پێموایە بۆ هەموو ئەو کەسانەی دێنە نێو ئەم مەجالەوە، شتێکی پێویست و چارەهەڵنەگر بێت.

سەردەم: ڕات چییە لەسەر دەزگای سەردەم کە گرنگی بەجۆرە کتێبانە ئەدات؟

هیوا عەزیزی: گرنگیدانی دەزگای سەردەم بە کتێب و بابەتی لەم چەشنە گەلەک پێویستە و دڵنیاشم بەگوێرەی ئەزمون و خیبرەی ستاف و کاربەدەستانی ئەم نێوەندە، بایەخ بە ختورەتە ئەمڕۆییەکانی ئێمە دەدرێت و بەو ئاراستەیە و بۆ پێشکەوتنی هەموو بوارەکانی فیکر و مەعریفە هەنگاو هەڵدەگیردرێت. لە کۆتایی قسەکانمدا با ئەمەش بڵێم کە سەرباری تێکڕای کەموکوڕییەکان کە هەموومان دەیزانین و دەیناسین، دەشێت ئیشی شێلگیرانە بکرێت و لە هەموو ڕوویەکەوە پاڵپشتی ئەم جۆرە دەزگا و ناوەندانە بین کە من بە سامانی نەتەوەییان دەزانم. هیوای سەربەرزیی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

ناردن: