بەناوبانگترین نامەکانی مێژوو؛ لە پێش زاینەوە تا سەدەی بیستەم

Loading

نووسینی: ڕەشا ئەحمەد

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: باوکی ڕەهەند

کتێبی (بەناوبانگترین نامە جیهانییەکان) کە لە قاهیرە و لەلایەن دەستەی گشتی بۆ تەلاری کەلتووریی بڵاوکراوەتەوە، 128 نامەی ناودارترین سیمبولە مێژوویییەکان لەخۆدەگرێت، لە پێش زاینەوە تا سەدەی بیستەم. ئەم کتێبە، چاپێکی تازەی کتێبێکی قەبارە گەورەیە کە یەکەمجار لە جەزائیر و لەڕێگەی وەرگێڕی کۆچکردوو “محەمەد بەدران” بڵاوکراوەتەوە. محەمەد بەدران لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت: “ئەگەر ژیاننامە، خۆشترین  و چێژبەخشترین ژانرەکانی ئەدەب بێت، ئەوا ئەوەی وا دەکات ژیاننامەکە زیاتر سەرنجڕاکێش بێت، نامە کەسییەکانە کە لە دووتوێی کتێبەکەدا نووسراونەتەوە. نامە کەسییەکان، بریتییە لە ڕۆحی کەسی گەشتیار و ئاوێنەی دڵە پاک و ڕاستگۆکەیەتی، ڕەنگدانەوەی هەمو ئەو شتانەیە کە لە خەیاڵیدا دێن و دەچن، ڕەنگدانەوەی هەمو ئەو حاڵەتانەیە کە لە قووڵایی دەروونیدا پەنهانە و  شارودویەتییەوە. وەلێ لە نامەکاندا زۆر بە ڕوونی، حەقیقەتی خۆی، بێ دەستکاریکردن و شێواندنی دەردەخات. ئەگەرچی مێژوونووسان زیاتر گرنگی و بایەخ بە هەواڵی پاشاکان و جەنگەکانیان دەدەن. بەڵام ئەوە نامە شەخسییەکانن، کە دەبێت مێژوونووسان بۆی بگەڕێنەوە، تاکو حەقیقەتی خەڵکیان بۆ دەرکەوێت و ئەو شتانەیان بۆ ئاشکرا ببێت کە خەڵکی لە ئەخلاق و ڕەفتار و کارەکانیان، لە چاوی ئەوانی دیکە و لە ژیانی گشتیدا شاردوویانەتەوە”.

نامەکانی نێوان ئەسکەندەری گەورە و پادشای فارس

بەپێی دانەری کتێبەکە، ژیانی “ئەسکەندەری گەورە”، وەک ئەوەی لە کتێبە مێژووییەکاندا دەیخوێنینەوە، تێکەڵەیەکە لە حەقیقەت و وەهم کە بە ئاسانی ناتوانرێت لەیەکتر جیابکرێنەوە. ئەوەی وایکرد ژیانی ئەو بەو جۆرە بێت، درەوشانەوە خۆرهەڵاتییەکەی و دڵڕەقییە زۆر تووندەکەی و ژیانە کورتەکەی و مردنە زووەکەی بوو. ئەو لە تەمەنی ٣٢ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. کتێبەکە کۆمەڵێ نامەی ئەم سەرکردە مەزنەی لەخۆگرتووە کە لەگەڵ پادشای فارس”دارای سێیەم” ئاڵوگۆڕی کردووە و لایەنێکی ڕاستەقینەی کەسایەتی ئەم سەرکردەیە دەردەخات. ساڵی 336 پێش زاین، پادشای فارس دارای سێیەم، عەرشی دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەمە هەمان ئەو ساڵە بوو کە ئەسکەندەری گەورە، چووە سەر تەختی دەسەڵاتی مەقدۆنیا.

لە نامەیەکی “دارا” کە بۆ “ئەسکەندەر”ی نووسیوە، دڵڕەقی و لوتبەرزی ئەم سەرکردە فارسەمان بۆ دەردەکەوێت کە نازناوی (پادشای پادشکانی جیهان)ی بەخۆی بەخشیوە. بۆمان ڕووندەبێتەوە چۆن بەزیادەڕەوی وێنای هێزی خۆی دەکات، بە ڕادەیەک زۆر دوورە لەوەی لەسەر ئەرزی واقیع هەیە. ئەوەتا دەڵێت: (لە پایتەختی پادشای پادشاکانی جیهانەوە، با ئەسکەندەری دز بزانێت، مادام خۆر لەسەر سەرت هەڵدێت، ئەوە بزانە خاوەنی ئاسمان، پادشای سەر زەوی بەمن بەخشیوە. یەزدان کە توانای ئەنجامدانی هەمو شتێکی هەیە، چوار ڕوکنەکەی زەوی بەمن داوە. چاودێریی ئیلاهی، نەمری و بڵندگەرایی و شکۆمەندی پێبەخشیوم، ژمارەیەک کە لە ژماردن نایەت، لایەنگر و هاوپەیمانی پێبەخشیوم.

من ئاگادارم تۆ، کۆمەڵێک دز و جەردە و هیچ و پووچت، لەدەوری خۆت کۆکردووەتەوە. زۆری ژمارەیان، سەرسامی کردویت و لە خشتەی بردوویت. تۆ هەوڵتداوە پەنا بۆ هەمویان ببەیت، بۆ ئەوەی تاجێک و عەرشێکت هەبێت و عەرش و سەرزەمینی ئێمە وێران بکەیت و و گەلەکەمان بە فەتارەت بدەیت. بەهۆی ئەو جووڵە تاوانکارییەی پێیهەستاویت، مەترسە. لە سەرەڕۆیی و سزای ئێمە مەترسە. چونکە تۆ چیتر لە ڕیزی ئەو کەسانەدا نیت کە شایەنی توڕەبوون و تۆڵەکردنەوەی ئێمەن. ئەوەتا من سندوقێکی پڕ لە زێڕ و گەوهەرت بۆ دەنێرم، لەگەڵ گوێدرێژێک کە بارێک کونجی لێنراوە، تاکو بزانیت چەند پارەم هەیە و خاوەنی چ دەسەڵاتێکم. لەگەڵ ئەم دیارییەدا، قامچییەک و تۆپێک هەیە. تۆپەکە بۆ ئەوەیە ئەو یارییەی پێبکەیت کە شایەنی تەمەنی تۆیە، بەڵام قامچییەکە، بۆ ئەوەیە ئازار و ئەشکەنجەی خۆتی پێبدەیت).

سەروەختێک ئەم نامەیە دەگاتە دەستی “ئەسکەندەر”، فەرمان دەکات هەڵگرانی نامەکە، دەستگیر بکرێن و سەریان بپەڕێنن. بەڵام پیاوانی دارو دەستەکەی، مەسەلەکەیان بەلاوە مەترسیدار بووە. تکای لێدەکەن تا لێیان خۆشبێت، ئەویش بە داواکارییەکەیان ڕازیدەبێت. ئەسکەندەر ئەم نامەیەی خوارەوە بۆ دارا دەنووسێت: (لە خاوەنی دوو قۆچەکەوە/ ذی القرنین، بۆ ئەو کەسەی خۆی بە پادشای پادشاکان دادەنێت و خودی سوپاکانی ئاسمان، لێی دەترسن و هەر هەمو دانیشتوانی زەوی، بە ڕووناکی ئەو ڕووناک دەبنەوە. باشە مرۆڤێکی لەم جۆرە، لایەقی ئەوەیە لە دوژمنێکی ڕیسوای وەک ئەسکەندەر بترسێت؟ تۆ لەگەڵ نامەکەتدا کە تێیدا زۆر شانازیی بە هێز و بازوی خۆتەوە دەکەیت، قامچییەک و تۆپێک و سندوقێکی پڕ زێڕ و گوێدرێژێک کە بارێک کونجی لێنراوە، بۆ ناردووم.  سندوقەکە و بارە کونجییەکە، دوو شتی باشن. بەڵام قامچییەکە، بەڵگەی ئەوەیە من دەبمە ئامرازێک بۆ تەمێکردنی تۆ. هەروەها من دەبم بە حاکم و مامۆستا و هیدایەتی تۆ. هەرچی تۆپەکەیە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی زەوی و ئەوەی لەسەر زەوییە، ملکەچی پیاوەکانی من دەبن. زێڕەکە کە بریتییە لە بڕێک لەو زێڕ و زیوەی تۆ هەتە، بەڵگەی ئەوەیە سەرجەم پارەکانت، بۆ ئێمە دەگوێزرێتەوە. کونجییەکەش، بەشی هەرە زۆری دنکەکان نەرمن و باشترین خۆراکە و کەمترین زیانی هەیە. ئەوەتا من چنگێک لە تۆوی گوڵە زەردە/ حب الخردل ت، بۆ دەنێرم، تاکو تامی تاڵاوی سەرکەوتنەکانی من بکەیت).

چیرۆکی خۆشەویستییەکی غەمبار

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، “پیتەر ئەبیلار” کوڕی خێزانێکی شەریف و خانەدانی فەرەنسا بوو. کاتێک ساڵی 1116، تەمەنی دەبێت بە ٣٧ ساڵ، هێندە زانست و زانیاری بەدەست دەهێنێت، کوڕ و کاڵی هیچ خێزانێکی خانەدان، بەدەستی نەهێناوە. ئەو لە زانکۆی پاریس، مامۆستای لۆژیک بوو. هەروەها لە کڵێسای نۆتردام، یەکێک بوو لە گەورە پیاوانی ئاینی. خوێندکاران لە سەرتاپای ئەوروپاوە، دەهاتن بۆ لای، تاکو گوێ لە دەرسگوتارە/ محاضراته فەلسەفییە قووڵەکانی بگرن. لەو کات و ساتەدا، “هلواز”ی کچ، دێت بۆ ماڵی “فلبێرت”ی مامی، تاکو گوێ لەو دەرسگوتارە خۆشانە بگرێت. فەیلەسوف زۆر سەرسام دەبێت بە جوانی و زیرەکییەکەی، ئیدی هەوڵیدا ببێت بە مامۆستای “هلوز” و وانەی فەلسەفەی پێبڵێتەوە. بەم جۆرە هەر دەبوا لە نێوان ئەم دووانەدا، پەیوەندی خۆشەویستی بێتەئاراوە.

لێرەوە چیتر “ئەبیلار” نەیدەتوانی بێ بینینی “هلواز” بژی. هەر بۆیە بە دزی و نهێنییەوە، چاویان بە یەک دەکەوت. پاشان “ئەبیلار” دەستی خۆشەویستەکەی دەگرێت و ڕادەکەن بۆ شارێکی تەنیشت خۆیان و زۆری لێدەکات تاکو هاوسەرگیری بکەن. بەڵام خۆشەویستەکەی بۆ ئەوەی پلە و پۆستەکەی کڵێسا لەدەست نەدات، بە هاوسەرگیییەکە ڕازینابێت و بە “ئەبیلار” دەڵێت: (ئەی خۆشەویستی لە هاوسەرگیری بەهێزتر نییە، بۆ بەستنەوەی دڵی هەردووکمان بەیەکتر؟). وەلێ لە کۆتایدا هاوسەرگیری دەکەن و پێکەوە دەگەڕێنەوە بۆ پاریس. “فلبێرت” هەواڵی هاتنەوەیان دەبیسێت و تۆڵەیەکی تووند لە “ئەبیلار” دەکاتەوە. “فلبێرت” دەمی کۆمەڵێ چەتە و ڕێگر چەور دەکات و هانیان دەدات، لەشەودا پەلاماری “ئەبیلار” بدەن و هەندێکی ئەندامی جەستەی لێبکەنەوە. دوای ئەوە “ئەبیلار” لە پاریس هەڵدێت و داوا لە “هلواز” دەکات بڕواتە دێرەکەوە. ئەویش دەڕواتە دێرەکە و پاش ماوەیەک، دەبێتە سەردەستەی ڕاهیبەکانی دێرەکە. هەرچی “ئەبیلار”ە، دوژمنەکانی بەردەوامن لە ڕاوەدوونانی، ئەویش لە دێرێکەوە ڕادەکات بۆ دێرێکی دیکە. لەم ئازار و ناخۆشییەیدا، هیچ شتێک نەبوو، دڵی بداتەوە و لە نەهامەتییەکانی کەمکاتەوە، تەنها ئەو نامانە نەبێت کە لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕیان پێدەکرد.

“هلواز” لە یەکێک لە نامەکانیدا، بۆی دەنووسێت و دەڵێت: (هیچ شتێک نییە ڕێگە لە گۆڕینەوەی نامەکانی نێوانمان بگرێت. چونکە ئەم نیعمەتە پاک و بەریئە، خەڵکی ناتوانن لێمانی قەدەغە بکەن. هەر بۆیە پێویستە لەسەرمان، بە تەمەڵی و خاو و خلیچکی خۆمان، ئەو خۆشبەختییە، لەدەست نەدەین کە تاقە خۆشبەختییەکە بۆمان ماوەتەوە. ڕەنگە ئەوە تاقە خۆشبەختییەک بێت کە ڕق و کینەی دوژمنەکانمان، ناتوانێت لاقەی بکات و لێمانی وەرگرێتەوە. لە نامەکانتدا دەیخوێنمەوە تۆ هاوسەری منی و منیش ژنی تۆم. تۆ لەم نامانەدا، دەبیت بەو کەسەی کە خۆت پێتخۆشە وابیت. مادام تۆ ئەو کامەرانییە مەزنەت لەدەستداوە، کامەرانی ئەوەی سەیرت بکەم و دەستبگرم بەسەرتا. ئەوا لانی کەم قەرەبووی ئەوە، بەو چێژە دەدەمەوە کە لە نامەکانتەوە وەریدەگرم).

نامەکانی نێوان ناپلیۆن و جۆزفین

ناپلیۆن پۆناپارت، وەک سەرکردەیەکی سەربازی، نەمری و ناوبانگی بەدەستهێنا. بەڵام ئەو شکستە گەورەیەی بەسەریدا هات، لە خۆشەویستییەکەیەوە بوو بۆ “جۆزفین”، هەرچەندە ناپلیۆن لە کاتی جەنگەکاندا، مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی هەبوو. لێ لەگەڵ ئەوەشدا، هاوسەرگیری لەگەڵ “جۆزفین” ئەنجامدا. سەرەتای ئەم خۆشەویستییە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی ناپلیۆن، ئەفسەرێکی بچووک بوو، “جۆزفین”یش بێوەژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵە بوو. جۆزفین هەرچەندە زۆر شۆخ و شەنگ نەبوو، بەڵام خاوەنی جەستەیەکی ڕێک و ڕەشیق بوو. لەگەڵ بوونی مەترسییەکانی جەنگ و سەرقاڵبوون بە ڕاییکردنی کاروبارەکانی حکومڕانییەوە، بەڵام نامەکانی ناپلیۆن، بۆ جۆزفین، بێدابڕان هەر بەردەوام بوو. دواتر ئەم خۆشەویستییە گۆڕا بۆ بەزەیی، ئەویش ئەو کاتە بوو کە ناپلیۆن بە ناچاری لە جۆزفین جیابوەوە و تەلاقی دا.

ناپلیۆن لە یەکێک لە نامەکانی بۆ جۆزفین دەڵێت: “تۆم خۆشناوێت، هەرگیز تۆم خۆشناوێت، بگرە من ڕقم لێتە! تۆ کچێکی نەگریس و بەد و گەمژەی. تۆ نامەم بۆ نانووسیت و هاوسەرەکەی خۆت خۆشناوێت. تۆ زۆرباش دەزانیت نامەکانت، چ خۆش و شادییەک بە دڵم دەبەخشن. کەچی لەگەڵ ئەوەشدا، تۆ شەش دێڕت بۆ دڵم نەنووسی! خانمەکەم بە درێژایی کات، تۆ خەرکی چیت و چ مەسەلەیەکی ترسناک سەرقاڵی کردوویت، تا ئاوا کاتت نەبێت، نامەیەک بۆ خۆشەویستە دڵسۆز و وەفادارەکەت بنووسیت؟ باشە ئەوە چ هەست و سۆزێکە تۆی داگیر کردووە، تاکو سەرکەویت بەسەر ئەو خۆشەویستییە پاک و هەمیشەییەدا کە بەڵێنیم پێتدابوو؟”.

دیستۆفیسکی ڕوبەڕووی مەرگ دەبێتەوە

نووسەری ناوداری ڕوس “فیدرۆ دیستۆفیسکی”، لەسەرەتای گەنجییەتیدا، چووە ڕیزی کۆمەڵێ گەنجی ڕوسی تووندڕەوەوە، ئەم گەنجانە کەوتبوونە ژێر کاریگەریی بەرهەمی نووسەرانی سۆشیالیزمی فەرەنسی، سەبارەت بەو ڕێگایانەی پێویستە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە سیستمی حوکمڕانی وڵاتەکەیاندا بیگرنەبەر. کاتێک دیستۆفیسکی تەمەنی دەبێت بە ٢٨ ساڵ، دەستگیر دەکرێت و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەکرێت. چەند چرکەیەک پێش ئەنجامدانی بڕیارەکە، پێی ڕادەگەیەنن بڕیاری لەسێدارەدانەکەی گۆڕاوە بۆ زیندانیکردنی و دوورخستنەوەی. ئەو چەند چرکە کەمەی تێیدا، دیستۆفیسکی لە نێوان ژیان و مردندا بوو، کاریگەرییەکی گەورە لەسەر ژیانی جێدەهێڵێت. ئەوەتا ئەم کاریگەرییە لەو نامەیەدا دەبینین؛ کە دوای تەنها یەک ڕۆژ لەو تراژیدیایە، بۆ براکەی دەنووسێت و دەڵێت: “براکەم و هاوڕێ ئازیزەکەم: هەمو شتێک کۆتایی پێهات، بڕیاردرا لە قەڵاکە، بۆ ماوەی چوار ساڵ، کاری تاقەت بڕوکێن ئەنجام بدەم. دوای ئەوە دەبمەوە بە سەربازێکی ئاسایی. ئێمەیان برد بۆ گۆڕەپانی مەشقەکە، فرمانی لەسێدارەدانی هەمومان خوێندرایەوە. ئەمریان پێکردین خاچەکە ماچ بکەین و کەوتینە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەوەی بە شمشێرەکانمان، سەرمان لێبکەنەوە. پاشان فەرمان درا ڕاوەستن و ئەو کەسانە بکەنەوە کە بە عامودەکانەوە بەسترابوون. ئینجا پێیان ڕاگەیاندین، ئیمپراتۆریەتی خاوەن شکۆ، ژیانی بە ئێمە بەخشیوەتەوە!”.

شۆک و خۆکوشتنێکی هێمن

ئەگەر دیستۆفیسکی بە زمانی ئاشتبوونەوە لەگەڵ خود، قسە لەگەڵ براکەیدا دەکات. ئەوا “ئەنتوان چیخۆف”ی بلیمەتی کورتە چیرۆک، بە زمانی گلەیی و سەرزەنشت کردن، قسە لەگەڵ “نیکۆلای” برایدا دەکات. ئەوەتا ئامۆژگاریی براکەی دەکات و دەڵێت: ” تۆ هەمیشە و بە درێژایی کات، گلەیی ئەوە دەکەیت کە خەڵکی لێت تێناگەن، کەچی گۆتە و نیتچە، گلەییان لەوە نەکردووە. تۆ ئەگەر لە خودی خۆت تێنەگەیشتبیت، ئەوا بۆ ئەمە خەڵک خەتابار مەکە. من پێموایە تۆ تا ئاستی لاوازیی، خاوەنی دڵ و دەروونێکی باش و نەرم و نیانیت. تۆ کەسێکی میهرەبانی و زۆر دووریت لەوەی تەنها خۆت خۆشبووێت. دوو دڵ مەبە لەوەی، دواهەمین دینار کە پێتە، لەگەڵ ئەوانی دیکە بەشبکە. لەبەر ئەوەی تۆ کەسێکی دڵ و دەروون باشیت، بۆیە ئیرەیی بەخەڵک مەبە یان ڕقت لێیان نەبێتەوە. من بۆ ئەوەی ڕاستگۆبم لەگەڵتدا، کێشەی تۆ ئەوەیە ڕۆشنبیرنیت”.

لەلایەکی دیکەوە، لە مانگی ئازاری ساڵی 1941، خانمە نووسەری بەناوبانگ “فێرجینیا ۆڵف” کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، (تێبینی: ئەم خانمە لە ٢٨ مانگی ئازاری ساڵی 1941، پاڵتۆکەی لەبەر دەکات و گیرفانەکانی پڕ دەکات لە بەرد و خۆی فڕێدەداتە ناو ڕووباری Ouse کە نزیکە لە ماڵەکەیانەوە. لە بەرواری ١٨ مانگی نیسانی هەمان ساڵ، واتە دوای سێ هەفتە لە خۆکوشتنەکەی، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە تەرمەکەی دەدۆزنەوە. هاوسەرەکەی لە باخچەی مۆکنس و لە ژێر ئاڵایەکدا، تەرمەکەی فێرجنیا ۆڵف دەنێژێت.و-ک).

بەڵام فێرجنیا ۆڵف چەند کاتژمێرێک، پێش ئەوەی خۆی بکوژێت، دانیشت تاکو دواهەمین دوو نامە بۆ “ڤانسا” و هاوسەرەکەی خۆی کە ناوی “لیۆنارد ۆڵف” ە و زانایەکی بواری ئابوری بوو، بنووسێت. لەو نامەیەی بۆ هاوسەرەکەی نووسیوە دەڵێت: “من هەست دەکەم، شێت دەبم. لە توانامدا نەماوە، لەم کات و ساتە تۆقێنەرەدا، لەسەر زەوی بمێنمەوە. من گوێم لە کۆمەڵێ دەنگە، ناتوانم بیرکردنەوەم لەسەر کارەکەم چڕکەمەوە. بەرهەڵستی ئەم هەستکردنەم کرد، بەڵام ناتوانم لەم تێکۆشانەدا بەردەوام بم. بۆ ئەو خۆشییەی لەم ژیانەدا بەدەستم هێنا، قەرزارباری تۆم، تۆ زۆرباش بوویت لەگەڵمدا، من ناتوانم بمێنمەوە و ژیانی تۆ وێران بکەم”.

سەرچاوە

ڕۆژنامەی الشرق الاوسط، 12 کانوونی دووەم، 2021

ناردن: