نووسینی: هاشم ساڵح

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

لەبەر ئەوەی ژیانی من، هەر هەموی مۆتەکە و کابوسە (تەنانەت پێش هاتنی کۆرۆناش)، بۆیە من شەیدای ئەو نووسەرانەم، ژیانێکی کابوسئاسا ژیاون، بەتایبەت لە قۆناغی منداڵییاندا. لە نمونەی کافکا، بۆدلێر، دیستۆفسکی، ریلکە و …هتد. بەڵام هەنوکە با کابوس بخەینە ئەولاوە و قسە لەسەر شتی دیکە بکەین. بۆ نموونە من زۆر حەزم دەکرد، بیروڕای ریلکە، سەبارەت بە ئیش/ العمل، بزانم. چونکە ئەو لە ژیانیدا، ڕۆژێک لە ڕۆژان ئیشی نەکردووە. مەگەر سووڕانەوەکانی بە شەقەمەکانی میونخ دا، یان پیاسەکردنی لەگەڵ کچێکی شۆخ و شەنگ، لە باوەشی سروشتدا، بە ئیش بزانین، ئیشێکی قورس و تاقەتپڕوکێنەر.

بەڵام ئاخۆ دەبێت ئەم ریلکەیە کێ بێت؟ ئایا دەزانن بیست هەزار نامەی بۆ یەک ئافرەت نووسیوە کە هاوسەریشی نەبووە، با بە گریمانە وایدانێین هاوسەریشی بووە. لەو ڕۆژگارەدا ئینتەرنێت و ئیمێڵ نەبووە کە بەخێرایی بروسکە، دەڕۆن و دەگەنە دەست خاوەنەکانیان. خەڵکی لەو ڕۆژگارەدا، نامەکانی بە دەست دەنووسی، لەمەشدا چێژێکی زۆر خۆشی وەردەگرت، بەتایبەت ئەگەر نامەکە بۆ ئافرەتێک نووسرابێت.

رێنییە ماریا ڕیلکە، ساڵی 1875 لە شاری پراگ، لە خێزانێکی پڕ کێشە و هاتوهاوار، خێزانێکی لەبەریەک هەڵوەشاوەی پڕ کێشە و گرفت، هاتووەتە دونیاوە. زۆرجار تەقینەوەی کێشە و ناکۆکییە تووندەکان و قاوقیژەکانی نێوان دایکی و باوکی، وایدەکرد ڕیلکە، ئەم منداڵە بچوک و نازدارە، بترسێت و زەندەقی بچێت. ئەمە لەسەر دەروونە تەڕو پاراوەکەی، شوێنەوارێکی بەجێهێشت کە سڕینەوەی نەبوو. دەکرێت بڵێین کابوسە ترسناکەکەی منداڵی، تا کاتی مردنیشی، لێی جیانەبوووەوە. بەردەوام ڕاویناوە و بەدوایەوە بووە و خەوی لێتێکداوە. کەس لە منداڵییەکەی ڕزگاری نابێت، وەک ئەوەی زانستی دەرونشیکاری دەڵێت.

ڕیلکە بە درێژایی ژیانی، دژ بەم کابوس و مۆتەکە ترسناکە تێدەکۆشا. هەرچۆنێک بێت، ڕیلکە هەر لە سەرەتاوە، لەگەڵ ژیان نەگونجا بوو. تا مردنیشی هەر بەو شێوەیە مایەوە و نەیتوانی خۆی لەگەڵ ژیان بگونجێنێت. دواتر ئەوە ڕەنگدانەوەی لەسەر شیعر و پەخشانەکانی دەبێت. ئاشکرایە دەروونی ڕیلکە، پڕ بوو لە دڵەڕاوکەیەکی گەورە و ترسێکی ناوەکی کە تێگەشتن لێی ئاسان نەبوو. ڕەنگە ئەوە، ئەو سوتەمەنییە بووبێت، کە بەردەوام ببوە زادێک بۆ شیعرەکانی. خۆ ئەگەر ڕیلکە خۆی لەو دڵەڕاوکە وجودییەی ڕزگار بکردایە، ئایا لە نووسینی شیعر بەردەوام دەبوو؟

ڕیلکە بەهۆی کێشەکانی یان بەهۆی گرێ دەروونییەکانییەوە، ژیانێکی گۆشەگیر و تەژی لە تەنهایی و تێڕامان و ڕوانینی ناوەکی ژیاوە. تا دوا سنور حەز لە تەنهایی بوو، وەک پەرستن تەنهایی دەپەرست. لەم لایەنەوە، لە فەیلەسوفی دانیمارکی کیر کیجارد، یان لە فەیلەسوفی ئەڵمانی نیتچە، یاخود لە شاعیری گەورە هۆڵدەرلین دەچوو. ئەوانە هەر هەمویان، بە شێوەیەک لە شێوەکان، شێت بوون. هەمویان لەگەڵ سەردەمەکەی خۆیاندا ناتەبا بوون، بەتایبەتی لەگەڵ خودی خۆشیاندا ناتەبابوون. هەمویان مازۆشی بوون، ڕۆژانە ملیۆن جار لە خودی خۆیان دەدا.

باشە، ئاخۆ دەبێت گرنگترین چاوپێکەوتن لە ژیانی ڕیلکەدا چی بێت؟ ئەوە بەدیاریکراوی لە ساڵی 1897 لە بەرلین ڕوویدا. ئەم شاعیرەمان، ئا لەو کات و ساتەدا، بۆ یەکەمینجار چاوی بەو خانمە ئەدیبە شۆخ و شەنگە دەکەوێت، کە پێشتر عەقڵی کۆمەڵێ خەڵکی بردبوو: لۆ ئەندریا سالومی. ئاشکرایە، ئەم خانمە، بە دە ساڵ پێش ئەو بەروارە، چاوی بە نیتچە کەوتبوو. نیتچە خۆشیویست، نیتچە لەبەر ئەوەی لۆ سالومی ڕەفزی کردبوو، خەریک بوو لە پێناویدا خۆی بکوژێت. بەڵام کەسێکی دیکە هەیە بە ڕاستی و دروستی، لە پێناو ئەو خانمە، خۆی کوشتووە، ئەویش هاوڕێکەی نیتچە، پۆل ڕی فەیلەسوف بوو. لەسەر بەرزاییەکانی شاخەکانی سویسراوە، خۆی هەڵدابووە خوارەوە. ڕەنگە خەڵکانێکی دیکەش هەبێت، لە پێناو لۆ سالومی خۆیان کوشتبێت، وەلێ مێژوو ناوەکانیانی تۆمار نەکردووە.

ڕیلکە تا دوا ساتەکانی ژیانی، بیری ئەو خانمە دەکات و نامەی بۆ دەنووسێت. ئەمە دوای ئەوەی پەیوەندییە سۆزدارییەکەیان، ساڵانێک لەوەوبەر بە تەواوەتی کۆتایی پێهاتبوو. ئەو خانمە لە ڕووی دەرونی وویژدانی و ژیانییەوە، کاریگەرییەکی هێجگار گەورەی لەسەر ڕیلکە هەبوو. ڕیلکە تاڕادەیەکی زۆر، بۆ هەمو شتێک پرس و ڕای پێکردووە. پێکەوە لە چەندین گەشتی دڵداری و مرۆییدا، سەردانی ئیتالیا و روسیایان کردووە. لە ڕوسیا هەردووکیان سەردانی تۆڵستۆی دەکەن کە بە شێوەیەکی خراپ و سارد و سڕ، پێشوازیان لێدەکات. چەندین هۆکار لە پشت ئەو پێشوازییە خراپەوەیە، لەوانە تۆڵستۆی ناکۆکییەکی زۆر تووندی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەبوو، ڕەنگە هەمان ئەو ناکۆکییەی، لەگەڵ خودی خۆشیدا هەبووبێت. ئاخر ئەویش شێتێکی گەورە بوو.

دەوترێت ڕیلکە نزیکەی بیست هەزار نامەی بۆ ئەندریا لۆ سالۆمی نووسیوە! شتێکی ترسناکە، شتێکە عەقڵ باوەڕی پێنکات… ئەو تاقە کەسێک بووە، بێ پێچ و پەنا و بەو پەڕی ڕاشکاوییەوە، نامەکانی بۆ نووسیوە. سالۆمی بۆ ڕیلکە، ببوە پەناگایەکی گەورە، پەناگایەک لە ئازارە ئاڵۆزەکانی یاخود لە دڵەڕاوکە بکوژەکەی کەم دەکردەوە. لە دیوانەکەیدا کە ئەم ناونیشانە لەخۆدەگرێت: کتێبی هەژاریی و مەرگ، ئەم چەند دێڕە دەنووسێت:

خودایە

هەر کەسێک، مردنی تایبەت بە خۆی پێببەخشە

مردنێک بە ڕاستی دەرئەنجامی ژیانی بێت

ژیانێک خۆشەویستی و مانا و ئازاری لەخۆگرتبێت

ئێمە هیچ نین

جگە لە تۆکڵێک، لە پارچە کاغەزێک نەبێت

هەرچی بەرەکەیە/الثمرة کە لە ناوەندی هەمو شتێکدایە

ئەوە مردنە گەورەکەیە کە هەر یەکێک لە ئێمە

لەناوەوەی خۆیدا هەڵیگرتووە.

ئێمە ئەگەر شایەنی ژیان نین، ئایا مافی ئەوەمان نییە، مردنێک بمرین لە خۆمان بچێت؟ ئایا بۆ ئەوە لە دایکنابین تاکو دواجار بمرین؟ مەگەر مردن بەرەکە/ الثمرة نییە، مەگەر مردن حەقیقەتە جەوهەرییەکە نییە، حەقیقەتە تاق و تەنهاکە؟ ئیدی بۆچی ڕقمان لێیبێت، مادام هەر دەبێت بەرەو ڕووی بڕۆین، تاکو ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئامێزی دەگرین؟ بۆچی ئاهەنگی بۆ ناگێڕین و بە هاوڕێیەکی کۆنی خۆمانی نازانین کە لەکۆتایدا پێی شادبووینەتەوە؟ وەلێ ئەگەر بە شێوازێک مردین لە خۆمان نەچێت، شیاوی ئێمە نەبێت. ئەمە ئەو تاقە شتەیە کە مافی ئەوەمان پێدەدا گلەیی لێبکەین.

ڕیلکە ساڵی 1902، ڕۆشت بۆ پاریس، تاکو هونەرمەندی بەناوبانگ ڕۆدان ببینێت و تێزی زانکۆکەی لەسەر ئەو بنووسێت. بەڵام لە ساتەوەختی یەکەمدا، پاریسی خۆشنەویستووە، هەستی بە بێزار و ناڕەحەتی کردووە. بۆیە دەڕوات بۆ ئیتالیا. لەوێ ئیلهامی شیعری بۆدێت و لەمیانەی تەنها یەک هەفتەدا، بەشی سێیەم لە کتێبی کاتژمێرەکان دەنووسێت کە بریتییە لە: کتێبی هەژاریی و مەرگ. ئاشکرایە ڕیلکە بە درێژایی ژیانی، لە هەژاریی و نەبوونییەکی کوشندەدا ژیاوە. خۆزگە لانی کەم، خەڵاتی نۆبڵ-یان پێدەبەخشی؟ ئایا دەزنن ساڵی 1901، بۆ یەکەمجار، خەڵاتی نۆبڵ درا بە کێ؟ درا بە شاعیرێکی فەرەنسی بەناوی: سولی برۆدۆم. ئێوە دەیناسن و دەزانن کێیە؟ تەحەداتان دەکەم کە پێشتر هەرگیز ناوتان نەبیستووە. ئەو شاعیرە فەرەنسییە سەرکەوت بەسەر تۆڵستۆی دا! ئا لەو کات و ساتەدا، ئەدیبەکانی سوید، هەستیان بە شەرمەزارییەکی گەورە کرد. نامەیەکیان بۆ نووسەرە مەزنەکەی ڕوسیا تۆڵستۆی نووسی. تێیدا داوای لێبوردنیان لەو هەڵە ئابڕوبەرانەیە کرد کە لێخۆشبوونی بۆ نییە و پیر و پەکەوتەکانی نۆبڵ، ئەنجامیان دابوو، ئەوانەی هیچ شتێک لە ئەدەب تێناگەن. تۆڵستۆی بە نامەیەکی بلیمەتانە وەڵامیان دەداتەوە و دەستپێکی نامەکە بەم شێوەیەیە: هاوڕێیانی ئازیز، زۆر دڵخۆشم بەوەی خەڵاتی نۆبڵ بە من نەدرا. من چی لە نۆبڵ بکەم؟ چ پەیوەندییەکم بە نۆبڵەوە هەیە!

دواتر ڕیلکە، لە هەمو شوێنێک، ژیانی دەربەدەریی و وێڵگەردیی بەسەر دەبات. باشە ژیانێک هەیە لەوە جوانتر؟ ئایا جگە لەو ژیانە، ژیانێکی دیکە هەیە، لایەقی شاعیر بێت؟ شاعیر بۆ ئەوە لەدیکبووە تاکو لەم جیهانەدا دەربەدەر بێت. شاعیر کەسێکە، سەری خۆی هەڵدەگرێت، بێ ئەوەی بزانێت بە دیاریکراوی بۆ کوێ دەڕوات و بێ دیاریکردنی هیچ ئامانجێک، هەنگاو دەنێت. ناشزنێت بۆچی هەنگاو دەنێت و بۆ کوێ دەڕوات و ناشیەوێت هەرگیز بگاتە مەنزڵ؟. وەلێ ڕیلکە هەمیشە دەگەڕایەوە بۆ پاریس، لەوێ کتێبە پەخشانە بەناوبانگەکەی نووسی: دەفتەرەکانی مالت لۆریدز بریچ، واتە بیرەوەرییەکانی گەنجێک زۆر لەو دەچوو. دوای ئیشکردن بۆ نزیکەی دە ساڵ لەو کتێبەدا، ساڵی 1910 تەواوی کرد.

پاش تەواو بوونی لەم کتێبە کە ڕیلکەی بە تەواوەتی گوشی و بڕستی لەبەر بڕی بوو. ڕیلکە تووشی حاڵەتێکی ترسناکی تێکچونی دەروونی دەبێت. ئا لەو کاتەدا، بیر لەوە دەکاتەوە خۆی پیشانی پزیشکێکی دەروونی بدات، تاکو هۆکاری ئەو دڵەڕاوکە ناوەکییە و ئەو کابوسانە بزانێت کە بەردەوام بەدواوەیەتی. بەڵام لە دوا ساتدا، لەژێر کاریگەری خاتو لۆ ئەندریا سالومی پەشیمان دەبێتەوە. ئەم خانمە شتێکی ئاوای پێدەڵێت: نەکەی، نەکەی کارێکی وا بکەیت. چونکە ئەگەر گرێ دەروونییەکانت نەمان و چارەسەر کران، ئەوا بلیمەتییە شیعرییەکەت لەدەست دەدەیت. ئەوە تاقە گەنجینەی تۆیە.

لە کۆتایدا ڕیلکە لە ساڵی 1925، سەروەختێک خەریکی لێکردنەوەی چەپکێک گوڵە، تاکو وەک دیاری پێشکەشی خانمێکی بورجوازی یان ئەرستۆکراتی بکات، دڕکی گوڵێکی سور دەستی بریندار دەکات. شاعیرێک گوڵ برینداری دەکات: شتێکی جوانە. گوڵێک پێشکەش بە خانمێک دەکرێت. یان بڵێ گوڵێک پێشکەشی گوڵێک دەکرێت، شتێکی جوانترە. ئا لەو کات و ساتەدا، پزیشکەکان بۆیان دەردەکەوێت، ڕیلکە تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی خوێن بووە. ئەم نەخۆشییە لە کۆتایی ساڵی 1926 دەبێتە هۆی مردنی ڕیلکە کە تەمەنی تەنها پەنجا ساڵێک بوو. ئاشکرایە ڕیلکە تا بڵێی شەیدای گوڵی سور بوو، لە شیعرەکانیدا زۆر باسی لێوە دەکات. ئا بەم جۆرە ئەو گوڵە کوشتی کە لە هەموو شتێکی ئەم بوونە، زیاتر خۆشیدەویست. ئاخۆ دەبێت بۆچی شەیدای گوڵی سورین؟

ئەم شاعیرە لە شیعرێکیدا بە ناونیشانی: “ڕۆژێک لە ڕۆژەکانی پایز” دەنووسێت:

خودایە

ئەجەل نزیکە، هاوین زۆر خۆش بوو

سێبەرەکەت، بخەرە سەر کاتژمێرەکان

بیخەرە سەر گردەکان و ڕەشەباکان

فرمان بدە بە دواهەمین بەرەکان، زوو پێبگەن

مۆڵەتی دوو ڕۆژی دیکەیان بدەرێ

تاکو باشتر پێبگەن

پەلە بکە لە تەواوبوونیان

شەربەتەکەیان بگوشە ناو بەرمیلە قورسەکانی شەرابەوە

ئەوەی ماڵی نەبێت، لەمڕۆوە چیتر ناتوانێت دروستی بکات

ئەوەی تەنهایە، بە درێژایی ژیانی بە تەنهایی دەمێنێتەوە

نامەکانی دەخوێنێتەوە و شەونخونییەکەی درێژە دەکێشێت

وەک ونبوویەکی نامۆ

لێرە و لەوێ دەست بە گەڕان دەکات

بە ڕاڕەوەکاندا دەڕوات کە گەڵاکانی پایز دەوەرێن و

با لەگەڵ خۆیدا دەیانبات.

سەرچاوە

الشرق الاوسط، سێ شەممە، 5 کانوونی دووەم، 2021

ناردن: